سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / چەوسانەوەی زەکیە لە ژێر سایەی (زۆَڵبوون، شێتبوون، مێبوون)

چەوسانەوەی زەکیە لە ژێر سایەی (زۆَڵبوون، شێتبوون، مێبوون)

لە ڕۆمانی (لە بەرزایی شوراکانەوە)
یاسین برایم
بۆ چوونە نێو باسەکە، ھەر لەخودی ناونیشانەکە، ژمارەیەک لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی دەوێت ئەگەر لە دیدی کۆمەڵناسی و دەرووناسی سەیر بکەین. چەندین تیۆری جیاواز دێنە بەردەمان، قسەکردن لە ھەر لایەنێک، پرسیار و وڵامی جیاواز دەستمان دەکەوێت. بۆیە ئەم چەمکانە لە چەند پەیڤێکی کورت ئاماژەی پێدەدەین. زۆَڵبوون بەرھەمی کاری ھەڵە و ناشەرعی مرۆڤە ئاقڵەکان. تێڕوانین و خوێندنەوەی کۆمەڵگە لە دیدی یاسا و داب و نەریت و ئاین و کۆمەڵایەتیەوە، خەرمانێک خوێندنەومان بۆ کۆدەبێتەوە، ھەمدیسان دەبینین، تەژی لە نەفرەت و ڕق و بێرێزی کۆمەڵگەیە و خالیە لە ویژدانی مرۆڤایەتی. کۆرپەڵەیەکی بێتاوانی فڕێدراوی سەر شەقام و بەردەرگای پیرۆزی مزگەوت و کەنیسە، پیرۆزیی و گەورەیی مرۆڤ لەکەداردەکات. ئەو وەک مرۆڤ بێناسنامە و شوناس و پەروەردەیەکی پاک، دەیخەنە خانەی ڕق و رێسوایی و ھەرچی بەھای مرۆڤ بوونی ھەیە بۆ ژێر سفر دایدەبەزێنن وتا مردن باجی ھەڵەی ھەڵەکاران دەدات، کۆمەڵگەش بە ھەڵەی گەورەتر، ھێلی سوور بە سەرگشت بەھاکان دادەنێت. مۆری نەفرەتبوونی لە نێوچاوانی دەدات و لەگەڵ گەورە بوونی تەمەنیش، مۆری تاوان و ڕق و ریسوایی و بێرێزی کە ھەیە گەورەتر دەبێت. ئەی تێَڕوانینی کۆمەڵگە چەند بێت بەرامبەر بە کەسێک، (زۆڵ )بێت، لە ھەمان کاتیش (شێت) بێت !!. بە جارێک ناسنامەی مرۆڤبوونی لێدەسێندرێتەوە، بگرە وەک سەگی گڵاو سەیردەکەن و ھەرچی سوکایەتیی و بێرێزی و گاڵتەی دونیا ھەیە ئاراستەی دەکرێت و ڕۆژانە ڕۆح و دەروون وجەستەی وەک شووشە شکاو، زیاتر شکاوتری دەکەن! زۆڵی بەرھەمی کاری کۆمەڵگە و داب ونەریت و لادەر لە یاسا و ڕێساکانی خێزان و کاری سێکسیی ناشەرعییە. شێتیش بەرھەمی ناتەواوی جەستەی مرۆڤە لە ڕووی عەقڵی و دەروونیەوە. ئەم دوو وشەیە وەک دووانەیەک، دەبنە ناسنامەی کیژۆڵەیەک. لێرەشدا (مێبوون)یش، لە دیدە و تێڕوانینی ھەندێک کەس و کۆمەڵگە و نەتەوە و ئاین و ھۆز و خێزان، بە چاوێکی نزمتر لە پیاو یان لاوازتر و بێدەسەڵاتر و بێنرختر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، وەکو کالایەکی بێ بەھا، دەبێتە قوربانی حەزو ئارەزووە برسییەکانی پیاوسالاری و کۆیلەی دەستی داب ونەریت و یاسا و کۆت و بەندی کۆمەڵگە. لە ڕۆمانی (لە بەرزایی شوراکانەوە)(١) کەسایەتیی زوڵملیکراوی وەک (زەکیە) دەبێتە تۆپی یاریپێکردنی مرۆڤە ئاقڵەکان بە ھەموو ھێز و تەمەنەوە شوتی تێھەڵدەدەن. ( زۆڵبوون، شێتبوون، مێبوون) وەک سێگۆشەیەکی ئاگراوی ژیانی ئەم کیژۆڵەیە دەخەنە دۆزەخ. ڕۆژ بەڕۆژ دۆزەخەکەی گەرمتر دەکەن. ئاگری حەز و ئارەزووی پیاوە بە ئاقڵەکانیش کە لە دەوری دەسورێنەوە و چەندین زۆڵی تر بەرھەمدەھێنن. فڕەدانی منداڵ مێژووی دوور و درێژی ھەیە، بەتایبەت ڕەگەزی مێ. ئێستاش ئەم دیاردەیە ڕەگەزی کوڕیشی لێ بەری نییە. لە قورئانی پیرۆز نمونەی وەکو (یوسف) مان ھەیە، کە خاوەنی دایک و باوکی بوو، لە لایەن براکانییەوە فڕێی دەدەنە ناو بیرێک، دواتر رزگار دەبێت و لە ئایندەش دەبێتە پێغەمبەر!
زەکیە بە منداڵی فڕە دەدرێت، کە دەزانن لە ڕووی زمان و ئەقڵ وجەستەیەوە تەواو نییە، تا (میم خونچەی مامان) لە ڕووی بەزەییەوە لەخۆی دەگرێت و بەخێوی دەکات تا دەبێتە ھەرزەکار. بەڵام شێتی ئەم کیژۆڵەیە دەبێتە بەڵایەک ھەم بۆ ئەو و مامانەکە و بگرە بۆ ئەو کۆمەڵگەیەش کە ئەوی لە خۆ گرتووە. بێبەشبوون لە سۆزی خێزان و یاریکردن و خوێندن، بەسووک سەیرکردن و گاڵتە پێکردن و دەستدرێژکردنە سەری چەند جارێک و دووگیانکردن و لە دوماھیدا دەستیان چووە جەستەیان و بە چەقۆ دەیکوژن. جا تاوانەکان لە ڕووی کوشتن و سێکس و ئازاردان و گاڵتەپیکردن ولە ھەمان کاتیش پێشەڵکردنی مافەکانی ئەو ھەر لە منداڵییەوە دووگیان دەکرێت. دەبینین زۆڵێک ھەموو کەس نەفرەتی لێدەکات و ھەرئەوانەش دەبنە گورگی برسی و دەکەونە جەستەی ئەم زۆڵە، ھەر زوو ئەو منداڵە بە پێدانی پسکویت و مژمژۆکە و جوکلێت و شیرینی دەستەمۆیی دەکەن، وەک بڵێی تاقیکردنەوەی (بافلۆف و سەگەکەی) لە سەر جێبەجێدەکەن. ئەوەیش وەک بەرخۆلەیەک بەدوایان دەکەوێت. بۆیە دەبێتە سفرەیەکی چەورو بەلەززەتی ھەموو ئەوانەی حەزی نێرینەیان ھەیە! ئەو ھیچ ناسنامەیەکی نییە و کەس خۆی ناکاتە خاوەن، لە ھەمان کاتدا، ھەموو کەس بۆ جەستەی ئەو خۆی بە خاوەنی ڕەسەن دەزانێت. (منداڵ، ھەرزەکار، گەورە، پیر، بێ ژن و بەژن) دەبن بە خاوەن جەستەی شێتێک!
” ئەو پیاوانە بە نوقڵ و چوکلێت ئەویان بە کێش دەکرد، خودی کچەکەش ببووە جۆرە مژمژۆکەیەکی ئەو پیاوانە . بێ دەسەڵات، زەلیل و نازەلیلی دەستی شاڵاوی چرکەیەکی بێ ئارامی لەشیان بوو، ژندار و بێ ژن زەکیەیان بە موڵکی خۆیان دادەنا…. ل٤٦”
ھەموو ئەوانەی ھۆگری زەکیە بوون، عەشق و خۆشەویستی نەبوو، بەڵکو عەشقی جەستەی نەرم و گەرمی ئەوبوون. خەیاڵ و ھزر و گەیشتن بوو بە جەستەی خۆرایی ئەو، کە بە ئاسانی ھەمووان بە ماندووبوونێکی کەم دەستیان دەگەیشتێ.”کەسمان نەبوو زەکیە وەھا تەماشا نەکات کە ھەرچی ھێزی باڵایە لە نێولینگیدایە, ل٧٦”
زەکیە ھەر لە منداڵییەوە، لە لایەن منداڵانەوە گاڵتە و سوکایەتیی پێدەکرێت و بە شێت بانگی دەکەن و جنێوو و قسەی ناشیرینی پێدەدەن و لە جیھانی پاکی منداڵی بێبەش دەکەن، واتە ((شێت ) = بە گاڵتە پێکردن، جنێوو پێدان، بەرتێگرتن، دەستڵدان، سواربوون ….ھتد.). بۆیە زەکیە ببووە چەرخ و فەلەکی یاریکردن بە ئەقڵ و جەستەی ئەوەوە.”زەکیە ئەو ماڵەیە کە ھەموو کەس بۆی ھەبوو سەری پێدا بکات، بە نەعنایەک جاری واش ھەبوو بە لەتە پسکیتێک ئەوەی دەیان ویست پێیان ئەنجام دەدا، ئەوجا سواریشی دەبوون، تەنانەت ئەو مێرمنداڵانەی ھێشتا لەشیان نەھاتبووە سەر ئاو خۆیان بە زەکیە دەسووی…. ل٦٠”
جەستەی زەکیە بووە تاقیگەی ئەوانەی خۆیان تاقی دەکردەوە، تا لەدروست و باشی و بەھێزی ئەندامی نێرینەی خۆیان دڵنیا ببنەوە. دەبێتە پرۆڤەش بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ژن بھێنن، منداڵ بنێنەوە. بۆیە ھەر زوو زەکیەی مێرمنداڵ دووگیان دەکرێت، بێئەوەی بزانێ دووگیانبوون چییە ! دەبووە خاوەن مندالڕ. ئەو ھیچ لە جووت بوون چێژ وەر ناگرێت، کەچی ئەوانەی چێژ لە ئەو وەردەگرن ھەموو ئاقڵەکانی کۆمەڵگەن، کە بۆ چێژ وەرگرتن دەبنە کۆیلەی ھەموو شتێک بۆیە ھەر دەست گەیشتە بە جەستەی ئەو، ھەرزوو دەیکەن بە دایک !. “زەکیە بە چاردە ساڵیی سکی بەرزبۆوە. کەسیشمان نەمان دەزانی ئاوی ئەقڵی کێ بە ھێلکەی شێتی زەکیە تێکەڵ بووە! ل٧٥”
ھەرزەکاران، زووتر دەرفەتیان بۆ ھەڵدەکەوت و جیاواز لە خاوەن ژنەکان و گەورەکان، چونکە ئەوان کاتیان زۆر بوو، کەچی ئەوانی تر ترس لە مالڕ و مندالڕ و خێزانەکەی خۆیان ھەبوو، ئاشکرابن. بەڵام بەشی زۆریشیان دانیان بەوە دەنا کە جەستەی زەکیە بۆ ئەوان لە جەستەی خێزانەکانیان باشترە. ئەو دەبێتە کانیاوی خێرات و بە ئاسانی دەمیان پێدەگات و تێنویەتی خۆیان پێدەشکێنن. تەنانەت منداڵەکان لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیان زیاتر ئاشنا و شارەزایی نەخشەی جەستەی دەبوون، وەک شوێنەوارناسێک جەستەیان دەپشکنی .” کەبوینە ھەرزەکاریش دەرپێکەیمان دادەگرت، بە سێ و چوارمانەوە ھەرچی جوانیی لەشی بوو دەمان پشکنی و خۆمان پێی تێر دەکرد و کەسمان لە زەکیە تێر نەدەبووین. ل١٥٧”
ئەگەر چی زەکیە شێت بوو لە لایەن پێرەژنێکی دەستکورت و خەمخۆرو میھربان پەروەردەدەکرا، ئاگای لێ دەبوو . بەڵام زەکیە وەکو جوجەڵەیەک وابوو چەندین پشیلە بەدەوریدا زمانیان دەلێسیەوە. ھەموو ئەوانەی بەدوای زەکیەوە بوون کەسانی چین و توێژی جیاواز بوون. نەک کەسانی ھەژارو نەخوێندەوار، بگرە خوێندەوارانیش ئەسپی خۆیان تاودەدا. دوکاندار، دارتاش، سەرتاش، شاگرد، قوتابی، بەردەست، بگرە مامۆستایەکی وەکو (ئەوس مالح )کە مامۆستای ھونەر بوو، چەند جارێک لە رێگەی پێدانی (تەباشیر) لە نێو پۆلی قوتابخانە دەستدرێژی دەکردە سەری. بەشی زۆری ئەوانەی زەکیەیان دەناسی (ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ)گومانیان لێ دەکرا، ئەوانیش بەشداربن لە دەستدرێژە ھەمیشەیەکانی زەکیە.”بازنەی گومانی ئەو خەڵکە ھێندە سەیر تەشەنەی کردبوو ھەرکەسە گومانی لە کەسی دی دەکرد…. سکپڕبوونە بێژمارەکانی زەکیە و بێچووە ھەتیوەکانی ساڵ لە دوای ساڵ رێگای نەدەدا کەس لە لیستی دەستدرێژییەکان بۆ سەری بەدەر بێ…. ل ١٤٥”
ئەگەر لە فەلسەفەی شێتیی بڕوانیین مێژووی دوور و درێژی مرۆڤایەتی چەندین زانا و فەیلەسووفی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و ڕاو بۆچوون و تیۆری جیاواز ھاتونەتە ئاراوە تەنانەت ھەندێکیان ناودار و بلیمەتیش بوون بەو قۆناغە تێپەرین و شێت بوون *و تەمەنی ژیانیان لە شێتخانە وخانەی بەساڵاچووان و نەخۆشخانەی دەروونی بەسەر بردووە. بۆ شێتبوونیش ھۆکاری جیاواز ھەیە و دەستنیشانکردن و دۆزینەوەیان، پزیشک و کەسانی شارەزای ئەو بوارەی پێویستە.
لە ڕۆمانی (شەماعیە)(٢)دا باس لەو شێتانە دەکات لە شوێنێک کۆکراونەتەوە، زیاتر لە بەندیخانە دەچێت. تێدا ھەرچی بۆنی شێتی لێ ھات بێت لەوێ کۆیان کردۆتەوە، تەنانەت کەسانی وای تیدایە بە ئاقڵە و ھیچ کێشەیەکی نییە، کەچی بویتە ئەندامی ئەم شێتخانەیە! ھەندێکیان بە ھۆی سەرخۆشی و مرۆڤکوشتن و دەستوەشاندن و جنێودان، ھەندێکیشیان لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەدان شێتیان کردوون، بەتایبەتی ئەوانەی بۆنی سیاسەت و حیزبایەتیان لێ ھات بێت و نان و دانوویان لەگەڵ حکومەت و دەسەڵات نەکوڵیبێت. لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە و بینینی ڕووداوی سەیر و خەمھێنەر و دڵتەزێن. تەزووی ترس دەخاتە دڵی خوێنەر. ھەستدەکەین خۆمان وەک شێت دێتە بەرچاو و ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی ئێمەی تێدا دەژین ھەر لەو دۆزەخە و شێتخانەیە دەچێت.
زەکیە وەک شێت ئازاد و پاک، بێخەم و ترس دەژێت، کەچی ئاقڵەکان ھەمیشە خەم و ترسیان لە ئەو ھەیە و ئازاد و پاک نین و خاوەن دڵ و دەروونێکی ناتەندروست و بۆگەنن. ئەو بێ باکە لە شێت بوون کەچی ھەموو ئاقڵەکان بۆ ئەو شێت دەبن، ڕۆلی وەک زۆڵێک، چەندین زۆڵی تر دەسپێرێت بە کۆمەڵگە و خاوەن ئاقڵەکان. جەستەی ئەو کێڵگەیەگی بە پیتە ئەمەش وا دەکات ئێرەیی پێ ببەن، بەتایبەتی ئەو ژنانەی دەیانزانی زەکیە شێتە ھەمیشە دووگیانە و مەمکەکانی پڕ شیرە. بەم شێوەیەش ژنەکانیش دەستیان لەو دەستدرێژو گوناھانە ھەبوو ئەوانەی شیریان لە مەمکی کەم بوو ئەوا خۆیان دەگەیاندە زەکیە و مەمکەکانی ئەویان دەدۆشی بۆ منداڵەکانیان. بێجگە لەو گومانانەی ئەوان لە مێردەکانیان ھەبوو کە دەستیان گەیشتۆتە زەکیە.”لەو پیاوانەش بێ ڕەحمتر ئەو ژنانە بوون کە مەمکی خۆیان وشکی کرد بوو ئیدی پاش ئەوەی زەکیە منداڵی دەبوو شیری مەمکیان بۆ کۆرپەکانیان دەدۆشی، بەو شێوەیە زەکیە دایکی ھەموو ئەو منداڵانەش بوو کە شیری ئەویان خواردبۆوە…. ل٦٠_٦١”
مندالڕ و ھەرزەکار و پیاو و ژن ھەموویان شێتن بۆ گەیشت بە جەستەی شێتێک، ئەمەش نمونەیەکی تاڵی ئەم کۆمەڵگەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ شێت و زۆڵ لە ھەمووی تاوان گەورەتر وخەمناکتر، کوشتنی زەکیەیە. بەدەستی ئەوانەی شێتی زەکیە بوون، تەنانەت پرسە و ناشتنیشی لە پەنجەی دەست تێناپەرێت. لە لێکۆڵینەوەی حکومەتیشدا، وەک بڵێی مرۆڤ نییە بە چاوێکی سووک سەیری ئەم کوشتنە دەکرێت و لێپرسراوی پۆلیس ھەر بەگاڵتە و گوێ پێنەدان دۆسیەی تاوانەکەی بۆ پڕدەکاتەوە ” کەسێ ناوی نەبێ، خاوەنی نەبێ، شێت بێ چۆن کەسی لەسەر بگرن…. ل١٠٢”
لەم ڕۆمانە سێکس بابەتیکی گرنگی پێدراوە، لە لایەن بکەرە جیاوازەکانەوە کە ئەوانەی لە پێناوی حەزو ئارەزووەوە دەست لە ھیچ مێینەیەک ناپارێزن. ئەگەرچی قوربانی دەر (زەکیە) بە ئارەزووی خۆی نییە و ھەمیشە دەستدرێژی دەکرێتە سەر. کە چی لە ڕۆمانی (بەسەرھاتی خەزنە مملووک) (٤) ھەمان ڕۆماننووس ئەمجارە پیاوێکە ناوی (ھەزینە ) و ناوی دووەمی (خەزنە مەملووک)ە دەبێتە قوربانی حەز و ئارەزووەکانی پیاو و دەستدرێژی دەکرێتە سەر وەک کۆیلە، لێرەشدا لایەنیکی ناشیرینی مێژووی کویلەبوونی مرۆڤمان بۆدەخاتە ڕوو. دواتر خۆی بەم کۆیلەیە دەچیتە لای چەندین ئافرەت و کۆیلەی تر، سێکسیان لەگەڵ دەکات بە بێ حەز و خواست و ئارەزووی خۆی. چونکە لە لایەن ژنی ئاغاکەی خۆی رەوانەی لای ئەو کچ و ژن و کۆیلەکان دەکرێت وەک تۆڵەکردنەوە لە مێردەکەی، تەنھا جارێک بە ڕەزامەندی خۆی کە کچێک کە ناوی تاووس بووە دەچێتە لای. وەک خۆی دەڵێت (لە گەڵ ئەو ژنەدا ئەوەندە لەزەتم لێبینی و خۆشم رابوارد کە جێیەکی تری لە لە جوانیی لە ژیانمدا کردەوە…”(٥)
لەم خوێندنەوەدا ، ئەو بابەتە وەک قوربانی و چەوساندنەوە ودەستدرێژی کردنە سەر مامەڵەی لەگەڵ کراوە. واتە لایەنێک بوەتە ھۆکار بۆدامرکاندنەوەی حەز و شەھوەتی خۆی ولایەنێکی تریش قوربانی دەر و ڕیسوایی و ئەتکردن. لەم ڕۆمانە دیوێکی ناشیرینی کۆمەڵگە خراوەتە ڕوو، ئالوودەبوون و ڕوچوون لە دونیای شەھوەت و خیانەت و دەستدرێژیکردنە سەر رێز و شکۆ و گەورەیی مرۆڤ، لەکەدارکردنی سەرجەم جوانییەکان. ھەمدیسان دەستی باڵا و درێژو چەور، دەستدەکەن بە چەوساندنەوەی مرۆڤی بێتاوان و بێدەسەڵات. ئەگەر لە گۆشەنیگای فیمینزمی بڕوانیە فاکتەر وکێشە و ڕووداو و کارە قیزوەنەکان کە شێتێک قوربانیدەرە، ستەمێکی نێرسالاری زاڵە و چاو دەبرێتە جەستەی ڕەگەزی بەرامبەر و بۆ ئەم مەبەستەش داو و تەڵەی زیرەکانە دروستدەکەن بۆ بەدەستھێنانی نێچرەکانیان. پیاو لەم کردارەدا بکەری سەرەکی چەوساندنەوە و ناشیرینکردنی بەھاو جوانیەکانی ڕەوشت و شکۆی خێزان. لە لایەکی ترەوە خودی پیاویش ھەوێن و بەرھەمی خێزانن و ئەوانیش بە چەوساندنەوە فرچکیان گرتووە، ئێستاش دیلی دەستی کۆمەڵگە و داب و نەریت وخێزان و بیرە کۆنەخوازەکان و ژەنگرتووەکانن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بە سەر ژیان وھەڵسوکەوتی مرۆڤ ھەیە. بۆیەش ھەردوو ڕەگەز وەک پێکھاتەی خێزان و کۆمەڵگە ھەم بکەر و ھەم ستەملێکراو ماف خوراوی کولتوور وداب ونەریتەکانن. ناشکرێت ھەر لە دیوە ناشیرینەکە کۆمەڵگە بخەینە بەر گومان و پرسیار. کە ھەموویان بە دوای زەکیە لە بازنەیەکی خراپ و ستەمکراو دەسورێنەوە، کە بەدوای شتێکەوە وێڵن، کە لە کۆمەڵگە خۆی لێ بێبەشکراون. کەسانی تریش لە ڕوانگەی دڵسۆزی و مرۆڤدۆستی و پاکییەوە دەڕوانە ژیان و مرۆڤبوونی زەکیە . لەم پێناوەش قوربانی دەدات و دەیەوێت سوراخی ڕاستییەکان بزانێت و دیوی دەمامکداری مرۆڤەکان ھەڵبماڵێت و نیشانی کۆمەڵگەی بدات. وەک پێشینان وتەنی (گورگن لە پێستی مەڕدا). ئەوەتا لەم بارەوە رۆڵی (مامۆستا وردی ) وەک دادوەرێکی پاک و حەقبێژ و ڕاستگۆ دێتە مەیدان و بە دوای ئاشکراکردن و دۆزینەوەی سەرەداوەکان و ئەو زوڵم و تاوان و دەستدرێژیانەی بەرامبەر بە زەکیە کراون. لە بەرگی فرۆشیاری شێتی خۆی نمایش دەکات. ئیدی ھەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا، خۆیان دەمامکداوە، ڕاستی ڕووەکانیان ئاشکرا دەکات کە چۆن تاوان و کردەوە ناشیرینەکانیان پێ ئەنجامداوە. بۆیە ئەوانەی لە دەوری زەکیە دەسورێنەوە ھەموو ئەو دەمامکدارانەن، کە ژیانی ئاسایی بەسەردەبەن و کۆمەڵگەشیان پڕکردووە لە چاندنی تۆی تاوان و چەوساندنەوە.
سەرچاوە و پەراوێز:
١. ڕۆمانی (لە بەرزایی شوراکانەوە )، بەیان سەلمان، بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی لەریا، سلێمانی، ٢٠١٣ .
* بۆ سوود وەرگرتن لەم بارەیەوە بڕوانە کتێبی(لە نێوان (بلیمەتی) و (شێتی)دا، ھاشم ساڵح ، و : نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، سلیمانی، ٢٠٠٢.
٢. ڕۆمانی (شەماعیە)، عەبدولستار ناسر، وەرگێڕانی : سەباح ئیسماعیل، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ھەولێر، ٢٠١٠.
٣. ڕۆمانی ( بەسەرھاتی خەزنە مملووک)، بەیان سەلمان، چاپخانەی یاد،٢٠١٢ .
٤. سەرچاوەی پێشوو، ل٩٤.

* لە گۆڤاری(ڕامان)، ژمارە(٢٧٣)، لە ٥ / ٢ / ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

کە ڕۆماننووس بێ ئاگا دەبێت لە مێژوو!

کە ڕۆماننووس بێ ئاگا دەبێت لە مێژوو! ڕۆمانی(من تامەزرۆی خۆشەویستیم بە نموونە) سەدیق سەعید ڕواندزی …