سەرەتا / ئەدەب / ڕووبەرێکی خاڵی لە ڕەخنە

ڕووبەرێکی خاڵی لە ڕەخنە

سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕەخنە بە گشتی و ڕەخنەی ئەدەبیش بە تایبەتی، یەکێکە لەو بوارە گرنگ و ھەستیارانەی، کە دەبێ بەو پەڕی ڕاشکاویی، پیشەیی، بێ لایەنی و دادوەرییەوە، کاری تێدا بکەیت.چونکە کاتێ ڕەخنەگر دەکەوێتە ژێر کاریگەریەتی دید و ئایدۆلۆژیا، یاخود پاشخانێکی سیاسی ، ئیدی ڕەنگدانەوەی لەسەر خودی ئەو ڕەخنەگرتنە دەبێت و ناتوانێت لە نووسینەکانیدا لە ژێر ئەو کاریگەریەتییە دەرچێت. لە نێوەندی ڕۆشنبیری کوردیدا، چەمکی ڕەخنە بە گشتی، لە ژێر کاریگەریەتی گەلێک خاسیەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرھەنگی و شارچییەتی دەنووسرێت. تەنانەت زۆرجار ئەوەی دەنووسرێت، تەنھا ناوی ڕەخنەیە، دەنا زۆر بە ڕوونی خوێنەر دنیابینی و ئەو کینە سیاسیی و ئایدۆلۆژییە دەناسێتەوە، کە لە پەراوێزی بە ناو ڕەخنەیەکی ئەدەبی یان ھونەری، ڕەخنەگر دەیکاتە بابەت و لە پێناو مەرامێکی سیاسی ڕەخنەی لێ دەگرێت. لەو ڕوانگەیەوە، کتێبی (ڕووبەرێکی ڕەخنەیی) کە (د_فوئاد ڕەشید) نووسیویەتی و لە کۆمە ڵە وتارێکی سادە، بە ناوی ڕەخنەکردن لە کایەی ھونەری و ئەدەبی کوردی پێکھاتووە، نموونەیەکە لەو جۆرە ڕەخنانە. چونکە ئەویش لەو کتێبەیدا، بە شێوەیەک خوێندنەوەی بۆ درامایەکی داھێنەرانەی وەک گەردەلوول کردووە، کە خوێنەر سەیر دەکەوێتەوە لای کە چۆن کەسێکی ئەکادیمی کە پسپۆڕایەتییەکەی بواری ڕەخنەیە، ھێندە بە میللی و سادە لە گەردەلوول گەیشتووە. ئەم کتێبە، ئەوەندەی دیدێکی ڕاگوزەر و ڕووکەشە بۆ خوێندنەوەی بەشێک لە کایەی ئەدەبی و ھونەری ئێمە، ئەوەندە ناچێتە نێو چوارچێوەی شڕۆڤەیەکی ئەدەبی و ھونەری، یاخود ڕەخنەی لۆژیکی و مەعریفییانە. بێگومان، بنەمای ڕەخنە گرتن، دیاریکردن و سەرلە نوێ بیناکردنەوەی ئایدیاو تێگەیشتنێکی ھەڵەیە، ئەگەر بوونی ھەبێت. بەڵام کاتێ ڕەخنەگر بە دیدگایەکی سیاسی وئایدۆلۆژییانە، یاخود ھەر تەنھا لە پێناو نووسینی شتێک بە ناوی ڕەخنە، ڕەخنە لە ھونەرو ئەدەبی نەتەوەکەی دەگرێت بە نموونە، بێگومان ئەمانە ناچنە چوارچێوەی ڕەخنەوە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، پیشەیی بوون و بێ لایەنیبوون، خەسڵەتێکی ھەرە سەرەکی کارەکتەری ڕەخنەگرە. ھەر ڕەخنەگرێکی ئەدەب، لە پەراوێزی بە ناو ڕەخنەکەیەوە، تیری بە نموونە لە شۆڕش، خەباتی شاخ، شۆڕشی نوێ و یاخود یەکێتی و پارتی گرت، بە دڵنیاییەوە دنیابینی ھەزار فرسەخ لە ڕەخنەگرتنەوە دوورە. چونکە ئەمە کاری سیاسییەکانە، نەک ڕەخنەگری ئەدەبی. یەکێک لەو وتارانەی لە دووتوێی ئەو کتێبەدایە، وتارێکی نووسەرە بە ناوی(لە گەردەلوولەوە بۆ گەندەڵبوون). بێگومان بە تەنھا سەرنجدانمان لەو ناونیشانەدا، بەسە بۆ ئەوەی بزانین نووسەری کتێبەکە مەبەستی ڕەخنەگرتن لە گەردەلوول چییە. یاخود چۆن لە ڕەخنەی ھونەری گەیشتووە. بەرلەوەی لەسەر دیدگای نووسەر بوەستین لە بارەی ئەم درامایەوە، بە پێویستی دەزانم ئاوردانەوەیەکی مێژووی بکەین. لە دوای درامای ژاڵەوە کە لە ناوەڕاستی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرھەم ھێنراوە، تا دەگاتە گەردەلوول، ھەر کەسێک کەمێک شارەزایی لە بواری ھونەری درامای کوردی ھەبێت، دەزانێت بۆشایەکی ھونەری گەورە لە بواری زنجیرە درامای تەلە فزیۆنی، لای بینەری کورد دێتە ئاراوە. ئەم بۆشایە بەردەوام دەبێت تاکو درامای گەردەلوول بەرھەم دێت و جارێکی دیکە بینەرو درامای کوردی، دەکەونە نێو چوارچێوەی فەزایەکی ھونەری تازە، لە بواری زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا.گەردەلوول نەک ھەر ھەنگاوێکی تازە بوو، بگرە بە بڕٍوای من، داھێنانێکیش بوو لە بواری ھونەری درامادا لە مێژووی ھونەری کوردی. چونکە لە دوای ژاڵەوە، کە ھی قۆناغ و نەوەیەک بوو، تاکە درامای کوردییە لە ئاستی جەماوەریدا، بینەرێکی زۆری لە ھەموو توێژەکانی کۆمەڵگە ھەبێت. ئەمە ڕاستییەکە و بۆتە مێژوو، ئیدی کەسانێک نایبینن، یاخو مەبەستییانە لە بایەخی ئەو داھێنانە ھونەرییە کەمبکەنەوە، تەنھا لە پێناو شکاندنی دەسەڵات، ئەمەیان پەیوەندی بە تێگەیشتنی خۆیانەوە ھەیە. گەردەلوول لە بەرایی ھەموو شتێکدا، مێژووێک دەگێڕێتەوە، کە سەرمایەکی ڕەمزی گەورەی نەتەوەیی ئێمەیە و بەرھەمی ئەو سەرمایە ڕەمزییە، ڕووبارێک لە خوێنی شەھیدان و مێژووێک لە داستانی قارەمانییەتی و نەبەردییە. کەچی نووسەری ئەو کتێبە، گەردەلوول کورت دەکاتەوە بۆ ھەندێک لێکدانەوەی سادە و میللی، کە ڕۆژانە ئێمە لە شەقام وشوێنە گشتییەکان، گوێبیستی ئەمجۆرە پەلارە سیاسی و ڕۆژانەییانە دەبینەوە. بۆ نموونە نووسەردەنووسێت درامای گەردەلوول ئەمەمان پێ دەڵێت:_
(ئێمە دوێنێ ماندووبووین، بۆیە ئەمڕۆ دەبێ بە کەیفی خۆمان و بە دڵی خۆمان بژین. لا١٢٢).
(دراماکە دەڵێت دەبێ سوپاسگوزرابن، کە لە کۆڵ بەعس و ملازم موحسینمان کردنەوە. لا ١٢٢).
( دراماکە پێمان دەڵێت ئێمە بەو شێوەیە لە شاخ ژیاوین، بۆیە مافی خۆمانە لە شاردا ھەرچیییەک بکەین. لا١٢٢).
( ئەمە چ گەردەلوولێک بوو، گەندەڵی بەرھەم ھێنا. لا١٢٤).
لە ڕاستیدا، کارەساتە پسپۆرێکی بواری ڕەخنەی ئەدەبی، ئەمە زمانی گوزراشتکردن و تێڕوانینی بێت بۆ گەردەلوول. لە کاتێکدا ڕەخنە گرانی دەرەوەی بواری ئەکادیمیەکەی خۆیان، بە نەزان و نەخوێندەوار دەناسێنن. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، چ بێ ئاگایەکی گەورەیە لە بواری ھونەردا، کە درامایەکی پڕ بینەرو بە چێژو داھێنەرانەی وەک گەردەلوول، لەو دەربڕینە سادە و کینە ئامێزانە کورت بکەیتەوە. گەردەلوول، کە بووە بەشێک لە مێژووی ھونەری کوردی، ڕەھەندەکانی نەک ھەر لەوانە کورت نابنەوە، بگرە ئەمانە ھیچ پەیوەندییەکییان بە تیمە و ناوەڕۆکی ئەو درامایەوە نییە. لە بەر ئەوەی گەردەلوول، ھەر تەنھا یەک چیڕۆک و تیمەی تێدانەبوو، بگرە بواری کۆمەڵایەتی، ڕۆمانسی، ئایینی، سیاسی، ھاوڕێیەتی، شارو جوانییەکانی دوێنێ، دەیان خاسیەتی دیکەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەسی و فەرھەنگی تێدابوو. نازانم نووسەر کە دراماکە لەو وتانە دا کورت دەکاتەوە، کارەکتەرەکانی وەک(باران و ھەنارو وەنەوشە و چرۆ و فاتح) و دەیان لایەنی دیکەی ڕۆمانسی ئەو درامایەی بینیوە؟. بە ھەزاران لە بینەرانی دراماکە، ئەولایەنانەیان ھەر بە خەیاڵیش دانەھاتووە، کە نووسەر باسی دەکات و تەنھا فۆکسییان لەسەر چیڕۆکی خۆشەویستی و ڕۆمانسی ئەو کارەکتەرانە بووە، کە بەشێکییان دواتر بوونە ئەستێرەی ھونەری کوردی. ئەم جۆرە بینینانە بۆ درامای گەردەلوول، بینینی نا ھونەری و بێ ئەرزش و دوورن لە بنەمای ڕەخنە گرتن. گەردەلوول، لە ڕووی ناوەڕۆک و گوتاری ھونەرییە، زۆرە لەو پڕ مانماترو گەورەترە، لەو قسە سادەو دەردەدڵانەی کەسەکان کورت ببیتەوە. پەیامی ئەم درامایە، پەیامێکی مێژوویی و مرۆییە. پەیامێکە، نیشانی دەدات کە چۆن گەلێک، بە دەستی دەسەڵاتێکی ستەمکارو چەوسێنەر، چەوساوەتەوە ھەموو مامەڵەیەکی نامرۆییانەی لەگەڵ کراوە. پەیامی ئەم درامایە، ھەرگیز بەو مانایە نییە، کە ڕەوایەتی بدرێتە ھەڵە و کێماسی و کەمو کورتییەکانی دەسەڵات و حوکمڕانییەتی کوردی. ئەگەر نووسەر وەھا لە گەردەلوول گەیشتووە، بە دڵنیاییەوە من بەو شێوەیە لەو درامایە ناگەم، کە تا مێژوو ماوە، لە یادەوەری من وەک بینەرێکی ئاسایی دەمێنێتەوە.بە پێچەوانەوە، گەردەلوول جارێکی تر، بینەرودرامای کوردی ئاشت کردەوە، کە بۆ ساڵانێکی دوورو درێژ بوو، لە ئاستی ھونەریدا، دابڕانێکی گەورە لە نێوانییان ھەبوو. مانەوەی ئەو درامایەش لە ھزرو بیرەوەری مرۆڤی کورد، خۆی لە خۆیدا پشتڕاستی ئەو بۆچوونەی ئێمە دەکاتەوە.

پەراوێز* ڕووبەرێکی ڕەخنەیی، نووسینی: د_فۆئاد ڕەشید، لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد_کەرکووک_٢٠١١

ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١١٥٤) ڕۆژی ٣/١٢/٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە….

دەربارەی Sadiq Rwandze