سەرەتا / ئەدەب / ڕۆمانی تاجە گوڵینە و چەند سەرنجێک

ڕۆمانی تاجە گوڵینە و چەند سەرنجێک

سەدیق سەعید ڕواندزی

یەکێک لەوھۆکارانەی لە پشت بەدیاردەبوونی نووسینەوەیە،لە ئەمڕۆی دنیای نووسین و بڵاوکردنەوەی ئێمەدا، بە تایبەتیش ڕۆمان نووسین،نەبوونی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی دەقەکانە. بێگومان ئەگەردیدگایەکی ڕەخنەیی نەبێت کە دەقی داھێنەرانە و جوان لە دەقی کرچ و کاڵ و ناھونەری جیابکاتەوە، ئەوا دەرفەت لە بەردەم لێشاوێک لە بنووسان دروست دەبێت کە بە ئارەزووی خۆیان بنووسن و دواجاریش ھەرشوناسێک مەبەستییان بێت بیدەنە پاڵ نووسینەکانیان.ئەگەر ڕەخنەیەک نەبێت ئەو تێکستانە ڕەتنەکاتەوە، ئەوا نووسین دەبێتە دیاردە. ھەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕەخنە و دیدی ڕەخنەییانەی بابەتی نەبێت، بەڵام کاتێ ئەو ھەموو نووسینە بەراورد دەکەین بە ھەبوونی ڕەخنە، ئەوا بێگومان ناتوانرێت ھەموویان بەسەر بکرێنەوە. لەوسۆنگەیەشەوە خەریکە ڕۆمان نووسین ودەست بردن بۆ نووسینی ڕۆمان، دەبێتە دیاردە.بێ ئاگا لەوەی جیاواز لە ھەموو ژانرەکانی تر، ڕۆمان پاشخانێکی ھزری گەورە و ڕۆشنبیرییەکی فراوانی دەوێت. خوێنەر کە ڕۆمان دەخوێنێتەوە، ھەر تەنھا بۆ چێژ و جوانی نییە بگرە بۆ ئەوەشیەتی لە پەراوێزی ئەو ڕۆمانەوە، بە ژیانی سیاسی و کولتووری کۆمەڵگاکانیش ئاشنابێت . ڕۆمان ڕۆشنبیرییە، زانینی زمانە، بەرجەستەکردنی ھونەرێکی باڵایە لە گێڕانەوە و گوزارشتکردن.بەڵام کاتێ سەرنج لە بەشێکی زۆری بە ناو ڕۆمانی ئێستا دەدەین، دەبینین ئەو ئستاتیکا و ھونەرکارییە نییە کە دەبێ ڕۆمان ھەڵگریبێت. زۆرجار کە ڕۆمانێک دەخوێنینەوە، وا ھەست دەکەین وتارێک دەخوێنینەوە.بەشێکی زۆری ئەم ناھونەریی بوونە پەیوەستە بە نەبوونی ئەزموونی ڕۆمانەوە. واتە نووسەرلە بنەڕەتدا شاعیرە، بەڵام ڕۆمان دەنووسێت. دەروونناسە بەڵام ڕۆمان دەنووسێت. شانۆکارو دەرھێنەری شانۆییە، بەڵام ڕۆمان دەنووسێت.چاودێری سیاسییە بەڵام ڕۆمان دەنووسێت. ئەمانە و زۆر بواری دیکەش. کاتێ نووسەرێکیش ڕۆمان شوناسی سەرەکی و نووسەر بوونی نەبوو، یاخود ھەر بۆخۆدەرخستن ڕۆمانی نووسی، ئەوا ئەوەی دەینووسێت بە ناو ڕۆمانە. ڕۆمانی( تاجە گوڵینە تاجی دڕک) یەکێکە لەوجۆرە ڕۆمانانە.ئەو ڕۆمانە کە ماوەیەکی کەمە بڵاو بۆتەوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو، ھاوشێوەی ڕۆمانەکانی تر، بە ئاراستەی ستاییشکردن،لای خوێنەرە ھەمووەکی و بێ پاشخانەکانی شارەزا لە دەقی ڕۆمان.کەچی خوێنەر کاتێ ئەو ڕۆمانە دەخوێنێتەوە، وا ھەست دەکات وتارێک،یان گێڕانەوەی چیرۆکێکی میللی دەخوێنێتەوە، کە تەنھا بۆ گێڕانەوە دەگێردرێنەوە نەک تەنھا بۆچێژو مانا و جوانی.نووسەر ھەرچی بە خەیاڵی داھاتبێتت ئاخنیویەتە نێو کتێبەکەی و ناویشی ناوە ڕۆمان.ئەو لەوکتێبەدا، باسی(سۆسیالیزم ودونیای دووجەمسەری ، ھیتلەرو نازی و گەلی جوولەکە، دیواری بەرلین و و ئەلمانیای ڕۆژھەڵات، ترەمپ و جەنگی سوریا، خەباتی شاخ و زیندان،یاساکانی بەھەشت کۆرۆنا، ئاوارایی و ژیانی پەناھەندەیی، زیندان و گرتن، کەرەنتینە و تەکنەلۆژیا،حەوا و ئادەم، عیسا و مەریەم،مەحەمەد ودابەزینی سرووش بۆی،کلێسای نۆتردام، بە ھەشت و دۆزەخ، کریستیان و ئیسلام و بوودییەکان،خۆشەویستی و عەشقبازیی، ، میدیای ڕۆژئاوا،ھەژاریی و خەباتی چینایەتی،)ودەیان شتی دیکە دەکات. وەک ئەوەی ڕۆمان، جیکایەت بێت، ھەرشتێک نووسەر مەبەستی بوو، بە دوای یەکدیدا ڕێزیان بکات. کە ڕەنگە ھیچ پەیوەندیان بە یەکتریشەوە نەبێت.ئەمە ھەرتەنھا بۆ ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکانەو ھیچی تر. زمان لەو ڕۆمانەدا، ھەمان ئەو زمانە گشتی و جەماوەریەیە کە تاکەکان پێی دەدوێن. ئەگەر زمانی نووسینی دەقێکیش ھەمان زمانی خەڵکە ئاساییەکەی نێو کۆمەڵگە بوو، نازانم ڕۆمان نووسین ھونەرەکەی لە کوێدایە؟. زمانی ئەو ڕۆمانە زمانێکی ڕووت، واقیعی، سادە و سواو لە گێڕانەوە، نائستاتیکییە. زمان لەو ڕۆمانەدا، ھیچ ھونەرکارییەکی تێدانییە لە وەسفی جوان، لە شیعرییەت، لەچێژ، لە دەربرین و گوزارشتکردن. بگرە ھەمان ئەو زمانەیە کە ڕۆژانە لە بازاڕوشوێنە گشتییەکان بەریدەکەوین. بەرلەوەی گۆشە نیگایەک لەو زمانەوە دەربخەین، دەمانەوێت ناساندنێکی کورتی ڕووداوی ڕۆمانەکە بکەین. ئەم ڕۆمانە، کە بەشێوەی بەش بەش و لەڕێگەی مۆنتاژەوە دیمەنکانی دەبردرێن و بە یەکەوە دەبەسترێنەوە.ھەر دیمەنە و باسی ڕووداوێک دەکات، کە ھیچ پەیوەندییان بە یەکترییەوە نییە.بەڵام بەشی زۆری ڕووداوەکەی لە پەیوەندی نێوان لەیلاو ئەو کارەکتەرە پەککەوتەیە دەدوێت کە لەیلای خۆشدەوێت. ڕۆمانەکە کە لە سەردەمی کۆڕۆناو پێ دەچێت ئەم چەند مانگەی دوایی نووسرابێت، ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونی کۆمەڵایەتی وجەماوەریەیە، کە بە ھۆی کۆرۆناوە جیھانی گرتەوە و لێکەوتەی لە سەر ھەموو ئاستەکانی ژیان دروست کرد.ئەگەرچی ئەو ڕۆمانە، باس لەو واقیعە کۆمەڵایەتییە دەکات، کە ئەو ڤایرۆسە ھێنایە ئاراوە، وەلێ نووسەری ڕۆمان بە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات، ئاماژەی بە ھەندێک ڕووداو داوە، کە ھیچ پەیوەندییان بەو دۆخەوە نییە. ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکە نە لە ئاستی بینای ھونەری، نە لە ئاستی گێڕانەوە و گرێچندا، ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە پەیوەندییان بە یەکترییەوە نییە، بەڵکو پتر لە چیڕۆکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانە و ئاسایی دەچن، نەک گێڕانەوە لە ڕۆماندا، کە ھونەرکارییەکی زۆری دەوێت. بێگومان ئەمە ڕەنگە پەیوەندی بە نەبوونی ئەزموونی نووسینی ڕۆمانەوە ھەبێت لای نووسەر.چونکە کاتێ سەرنج لە زمانی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە دەدەین، ئەمەمان باشتر بۆ دەردەکەوێت لێرەدا، لە سەر ھەندێک لایەنی ھونەری ئەو ڕۆمانە دەوەستین.

زمان و گێڕانەوە:
گێڕانەوە یەکێکە لە کردارە سەرەکییەکانی زمان. بەڵام ئەوەی ئەو کردارە لە ڕۆماندا جیا دەکاتەوە، ئەو ڕەھەندە ئستاتیکی و ھونەریەیە کە بەشێکە لە ھونەری گێڕانەوە. واتا ڕۆماننووس چەند دەتوانێت لە ڕێی گێڕانەوە خوێنەر بباتە نێو قووڵایی ڕۆمانەکە. لە تاجە گوڵینەدا، زمانی گێڕانەوە، زمانێکی سادە و دووبارەیە و نووسەری ڕۆمانەکە نەیتوانیوە وێنەیەکی ھونەری جوان لە ڕێی زمانەوە بەرجەستە بکات. بۆنموونە:_
*لە لا (٩) تاکو لا(٢٣)، واتا بە درێژایی نزیکەی سیانزە لاپەڕە، نووسەری ڕۆمانەکە تەنھا ئەوە دووبارە دەکاتەوە((چی ڕوویداوە، دنیا بۆ چۆڵ بوو، خودایە قیامەت ھەستاوە، بەیەک شەو قیامەت ھەلدەستێت،چی ڕوویداوە؟.تد)).
*لا(٤٨)نووسیویەتی:((ھیچ گومانم لەوە نییە کە ئەو چرکەساتەی دەگاتەوە بە سنگی دایکی،ئیدی ناسینی بۆنی سنگی دایکی،تامی یەکەم مژینی مەمکی دایکی،یەکەم بەرکەوتەی ڕوخساری لەگەڵ سنگی دایکی،پەنجە ھیچ نەزان و تۆقیوەکانی لەگەڵ پێستی مەمکی دایکی،یەکەم بەرکەوتنی لەگەڵ ترپەکانی دڵی دایکی،ئەوکاتەی گوێی ناوە بەسنگی دایکی)). تەنھا بە سەرنجدانمان بۆ ئەو چەند پەڕەگرافە، دەزانین نووسەری ڕۆمان تا چەند شارەزایی لە زمانی نووسینی ڕۆمانی ھەیە. دووبارە کردنەوەی ئەو ھەموو وشە سواوانە، نیشانەی ھەژاری و نەبوونی زمانێکی تۆکمە و بە برشتی نووسینی ڕۆمانە کە یەکێکە لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی نووسینی ڕۆمان. نازانم ئەوانەی لە بەرگی دواوەی ئەو ڕۆمانە، پەسنی نووسەرو ڕۆمانەکەیان داوە، ئەو چەند دێڕەیان خوێندۆتەوە؟!.
*لا (٥٤)نووسیویەتی:((دەستم دایە لاپتۆپەکە کەلای سەرمەوە دانرابوو،فایلێکی وۆردم کردەوە و کەوتمە نووسین)). ئەم شێوازە لە زمانی دەربڕین، لە زمانی ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی دەچێت نەک ڕۆماننووس.
*لا(٦١)نووسیویەتی:((ئەوە دڕندەترین جەلادی دوژمنیش ئەو داوایەم لێ دەکات، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، لە جیاتی تەسلیمبوونم بە داواکەی، خستمیە بەردەم تە حەدایەکی ھێندە گەورە، کە تەنھا یەک ڕێگەی دەربازبوونی ھەبوو)).ئەم گێڕانەوەیە لە زمانی ڕۆژانە دەچێت نەک ڕۆمان.
*لا(٧٤)نووسیویەتی:(( جەنابی کاک ئادەم لە سەر قبولکردنی موسارەحەی لەلایەن حەواوە لە بەھەشت دەرکرا)). با لەوە گەڕێین کە نووسەر چۆن تێگەیشتووە کە حەواو ئادەم بۆ لە بەھەشت دەرکران، لە کاتێکدا خودا لە قورئانی پیرۆز ڕوونیکردۆتەوە کە ئەوان بۆچی دەرکران.تەنھا دەپرسین کەسێک ئەمە زمانی دەربڕینی بێت، نازانم چۆن بوێری ئەوەی ھەیە ڕۆمان بنووسێت!.کەس تا ئێستا بە حەزرەتی ئادەمی گوتووە:( جەنابی کاک ئادەم)!!.
*لا (٧٧)نووسیویەتی:(( بەڵام ئەگەر ئەو ئاستە ترسناکەی تەنیاییەش نەبێت،مومکین نییە بەو شێوازە دەگمەن وداھێنەرانەیە بھێنرێتە بوون).
ئەمانە چەند نموونەیەکن، لە زمانی نووسین و گێڕانەوەی ڕۆمانەکە، کە بێگومان نموونی دیکەش ھەن، ئەگەر باسییان بکەین.گێڕانەوەکان پتر لە زمانی ڕۆژ دەچن،نەک زمانی ھونەری ڕۆمان.

ھەڵە لە گوزارشتکردن و دەربڕین:
لە ڕۆمانەکە دا نووسەر لە زۆر شوێن کەوتۆتە ھەڵەوە، کە ئاماژە بە ھەندێکییان دەدەین:_
*لا(١٢)نوسیویەتی:_((جیھانی دوێنێ ئێوارە لە جێی خۆی دابوو،ھیچی تازە ڕووینەدابوو، نە جەنگی سووریا،نە خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان،نە تویتەکانی ترەمپ)).سەرنج بدەن،چۆن نووسەری ڕۆمانەکە جەنگی سوریا کە دە ساڵ لەمەو بەر ھەڵگیرسا، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان ، کە لە چەند مانگی ڕابردوو ڕوویاندا،تێکەڵ دەکات. ئەمە دەریدەخات کە نووسەر بێ ئاگایە لە مێژووی ڕووداوەکان.
*لا(١٦)نووسیویەتی:_(تا ھەزار ساڵی دیکە توند لە باوەشی دەکەم).ئەمە زێدەگۆیە لە گوتن و وەسفێک کە نەبابەتییە، نەلۆژیکی!
*لا(٣٩)نووسیویەتی:(مامۆستا ئایدن باوکی شیرین و مامۆستای یوسفی ھاوپۆلی شیرین، کاری کرێکاری بۆ یوسف دۆزییەوە). سەرنج لەو نەگونجاندن و بێ ئاگایە بدەن. مامۆستا چۆن ھانی قوتابییەکی بچووک دەدات کار بکات، مەگەر مامۆستا کاری پەروەردەکردنە، یان بەڵێندەرایەتی؟!.
*لاپەڕە(٣٨)نووسیویەتی:_((یوسف ھەموو ڕۆژانی ھەینی لەگەڵ وەستا خورشید دەچووە کاری کرێکاریی)). نووسەری ڕۆمان لێرەدا، شارەزایی لە پاشخانی ئایینی و میللی کۆمەڵگەکەی نییە. چونکە دەبوو ئەوە بزانێت، ڕۆژانی ھەینی، ڕۆژی پشووی موسڵمانانە و ھیچ کەسێک ناچێت بۆ سەر کار. کەسانی وەک یوسفی کارەکتەری بە ناو ئەو ڕۆمانە،بە ڕۆژ کار دەکەن و بەشەو دەخوێنن.
*لا (٤٠)نووسیویەتی:_((دایکم بە توندی پەتای سیلی گرت و لە ژێر چاودێری تەندروستی دابوو، بەڵام ھەر ئەو ڕۆژە بە یەکەوە سەفەرمان کرد)). نازانم کەسێک لە ژێر چاودێری ورد دابێت و نەخۆشی سیلیشی بە توندی گرتبێت، کە نەخۆشییەکی گوازراوەیە و بڵاودەبێتەوە، ئیدی چۆن سووک و ئاسان دەچێتە گەشت و سەفەر؟. ئەمە وەک ئەوە وایە بڵێین((لە چلەی تممووز بەفرێکی ئەستوور باری بوو)).
*لا (٧٧)نووسیویەتی:_((دیمەنێکی دەگمەن و دێرین)).نازانم کە دەگمەنە چۆن دێرینە، یاخود کە دێرینە چۆن دەگمەنە؟!
*ڵا (٨٦)نووسیویەتی:_((من دەزانم بە پێی یاساکانی بەھەشت،ھەموو مەلاو قەشە و حاخام و مۆنگەکانی ئایینی بوودیش سێوەکەیان لێ حەڕام کردووم). نووسەری ڕۆمانەکە، وا دەزانێت بوودییەکانیش وەک موسڵمانەکان باوەڕیان بە بەھەشت و زیندووبوونەوە ھەیە، لەکاتێکدا لای ئەوان، مرۆڤ کە مرد ڕوحی بە پێی کردەوەکانی دەچێتە جەستەی کەسێکی دیکە. واتا لای ئەوان(دۆنا دۆن)ھەیە.
*لا (٨٧)نووسیویەتی:_(( ئاسمان شینی شەفافی پۆشیوە)).شینی شەفاف ھیچ جوانییەکی تێدایە؟!
*ڵا (٨٧)نووسیویەتی:_(( ئاگرەکە لە گیانەلادایە)) وەک ئەوەی ئاگر مرۆڤ بێت، ئاوزینگ بدات. ئایا ئەمە واتاییە؟.
*لا(١١٦)نووسەر بیری چۆتەوە کە ئەوە ئیتاڵیا و ئیسپانیا بوون بەشێوەیەکی مەترسیدار کۆرۆنایان تێدابڵاوبۆوە،نەک فەرەنسا، کەچی ئەو لەو پەڕەیەدا وادەزانێت ئەوە فەرەنسا بوو کۆرۆنا سەدان ھەزاری کوشت.
*لا(١١٧)نووسیویەتی:_((سەیرکە کەنیسە سووتاوەکەی نۆتردام چی لێھاتووە،ئەو شاکارە گەورەیە چۆن سووتا،ئاخر ھەر ئەو کاتەی سووتا دەبوو ئاماژەکانی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە ببینین)).لێرەوە دەردەکەوێت کە نووسەری ئەو کتێبە، بێ ئاگایە لە زەمەنی ڕووداوەکان. چونکە کلێسەی نۆتردام لە پاریس، لە ١٥/٤/٢٠١٩ سووتا، بەڵام کۆرۆنا لە مانگی ١٢/٢٠١٩ سەریھەڵدا.ئیدی نازانم چۆن نووسەری ڕۆمانەکە،ھەشت مانگ پێشووتر زانیویەتی کۆرۆنا سەر ھەڵدەدات؟!.
*لا(١١٢)نووسیویەتی:_(مۆبایلەکەشم شەوی پیاسەکەم لەگەڵ خوداو باران و شەیتان پڕ ئاو ببوو)).بەستنەوەی(خودا)و(شەیتان)و (مۆبایل) و (باران)لەڕستەیەکدا بەیەکەوە، ئاماژەیە بۆ ھەژاریی زمان. چونکە ئەم وشانە، نەپەیوەندیی واتایی، نەپەیوەنیی بابەتی و زمانەوانی و فەرھەنگییان بە یەکترییەوە نییە، تەنھا بۆ درێژ دادڕییە..
*لا(١٣٠)نووسیویەتی:_((لەم لاپەڕەیەدا، نووسەر باسی منداڵێکی بچووک دەکات. تەمەنی ئەومنداڵە ھێندە بچووکە کە لە نێو عەرەبانەی دەست دەیگێڕن، کەچی سەیر لەوە دایە ئەو منداڵە، وەک ئەوەی قوتابی فرۆید بێت بەوشێوەیە بیر دەکاتەوە!. ئەومنداڵە لەلایەکەوە بۆشیری دایکی دەگریت، لەلایەکی دیکەوە، باسی سێکسی نێوان دایک و باوکی دەکات. لەلایەکەوە باسی گریانەکانی دەکات، لەلایەکی دیکەوە باسی ڕامووسانی نێوان دایک و باوکی دەکات. واتا ئەو منداڵە تەمەن و تێگەیشتنی نەک ھەر یەک ناگریتەوە، بگرە نیشانەن بۆ دوو کەسی جیا). نووسەری ڕۆمانەکە کارەکتەرێکی منداڵ دێنێت، بەڵام وەک فەیلەسوفێک وازی پێ ئەکات. لەوە سەیرتریش لەم بەشەدا گوایا بە زمانی منداڵەکە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام زمانێکی بێ ماناو دوور لە جیھانی منداڵە، ئەگەرچی لەو تەمەنەدا منداڵ ھەر قسەش نازانێت، چ جای ئەو قسە فەلسەفییانەش بکات!ئەم نەشارەزایی و نەزانینە لە پێدانی ڕۆڵ بە کارەکتەرەکان، سیمای دیاری ئەو نووسەرانەیە کە ھیچ شارەزاییان لە ھونەری نووسینی ڕۆمان نییە و بە داخەوە ڕۆمانیش دەنووسن. لەوە کارەساتریش، چەند قەڵم بە دەستێک کە نازانن بنەماکانی ڕۆمان چین، دەکەونە پەسنی نووسەرو بە ناو ڕۆمانەکەشی.ئەگەرچی ئەمە بەشێکی کورت بوو لە سەرنجەکانی ئێمە لە بارەی ئەو ڕۆمانەوە، کەچی سەیر لەوە دایە نووسەر بە شانازیی و خۆگەورەیەوە لەلاپەڕە(١٧٠)ی کتێبەکەی دەنووسێت:(لەو ڕۆمانەدا باسی مێژووی مرۆڤایەتی دەکەم).سەیرە نووسەرێک لە بە ناو ڕۆمانێکی سەدوو ھەفتا لاپەڕەییدا، لافی ئەوە لێ بدات کە مێژووی مرۆڤایەتی باس کردووە، کە بە دەیان نووسەرو بەسەدان بەرگ لە کتێبیش باس ناکرێت؟!دوا جار وەک خوێنەرێک ھیوادارم نووسەری ڕۆمانەکە، سەرقاڵی دنیای تایبەتی خۆی بێت کە سیاسەتە، چونکە ڕۆمان و سیاسەت دوودنیای لێک جیاوازن،ئاخۆ ھیچ سیاسییەکی دنیا ھێندەی مارکیز ناو ناوبانگی ھەیە؟!.

پەراوێز:_
*تاجە گوڵینە تاجی دڕک، ڕۆمان، نووسینی:سەردار عەبدوڵا، ساڵی چاپ ٢٠٢٠،بڵاوکراوەی دەزگای جەمال عیرفان.
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١١٣٧)ی ڕۆژی ٢٢/٧/٢٠٢٠بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze