نــوێ
سەرەتا / ئەدەب / ڕۆمانی ڕوحە سەر وەشەکان و چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی

ڕۆمانی ڕوحە سەر وەشەکان و چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی

سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕۆمانی ڕوحە سەروەشەکان، گوزارشت لەو ڕووداوە سیاسی و تراژیدیایانە دەکات، کە لە سەردەمی بەعس و دەسەڵاتە شۆفێنییەکەی، لە ئەنفال و کیمیا باران و زیندە بەچاڵکردن، بە سەر گەلی کورد داھاتن. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، ناوی توانایە. توانا دوای ئەوەی لە سۆنگەی پەیوەندی سیاسی و نھێنییەوە دەگیرێت، ئیدی لە زیندان ھەڵدێت و ڕوو لە ھەندەران دەکات. دوای ساڵانێک دەگەڕێتەوە شارەکەی. کارەکتەری ڕۆمانەکە، چونکە سرووشتێکی سایکۆلۆژی ڕۆژئاوایانەی وەرگرتووە، ئیدی ساتەکانی ژیانی لە چوار دیواری ماڵەوەیان دەباتە سەر و لەگەڵ یادەوەرییەکانی ڕابردووی دەژیت. ئەم تەنیایە، گەرچی نامۆ و ڕانەھاتووە بە کولتوور و ژیانی کۆمەڵگەکەی ئەو، بەڵام چێژ لەو ژیانە وەردەگرێت. توانا، بە یادەوەرییەکانی ژیانی ڕابردووی کە وەک دیمەنێک دێنێتەوە بەرچاوی خۆی، لەگەڵ ئێستای دەژیت و لە ڕووی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی کەسی و خێزانییەوە، کەسێکی گۆشەگیر و دوورە پەرێزە. بە ھۆی بارودۆخی وڵاتەکەیەوە، ھاوڕێکانی ھەریەکەیان چاڕەنووسێکی نادیاریان دەبێت و لە یەکتری دادەبڕێن. لەو کاتەی کە توانا و خێزانەکەی ھەڵاتوون بۆ ھەندەران، جەمالی مامی، خانووەکەیان دەداتە پیاوانی ڕژێم، کە بە نھێنی کار بۆ ئەوان دەکات. بەم شێوەیە لەم خانووەدا، ئازار و ئەشکەنجەی گەنجانی کورد دەدرێت و دوای ڕاپەڕین کە توانا و خێزانەکەی دێنەوە و ئەو چیڕۆکە دەبیستن، ئەوەندەی تر توانا ھەست بە شکانەوە و ڕق بەرامبەر مامەکەی دەکات و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە وەک دۆڕاوێک خۆی دەبینێت. پاشانیش دەچێتە تیمی ھەڵگرتنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و کار لە ڕووفاتی بێ سەرو شوێنانی دەستی ڕژێمی بەعس دەکات. ئەم ڕۆمانە، ڕەنگدانەوە ئەو واقیعە سیاسی و نەتەوەیەیە کە گەلی کورد لە سەردەمی بەعسدا تیایدا ژیاوە و بە ھۆیەوە سەدان ھەزار گەنجی کورد، بوونە قوربانی دەستی ئەو ڕژێمە. ئەمە بە کورتی پوختەیەک بوو لە بارەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە و لێرەدا ئاماژە بە چەند لایەنێکی ھونەری ڕۆمانەکە دەکەین.

ھەڵە لە گوزارشتکردن و دەربڕین:_
لە ڕۆمانەکەدا، چەندین ھەڵە لە ڕووی گوزارشتکردن و دەربڕینەوە ھەن، کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەین:_
* لا ٧ نووسراوە:_(گیای زەرد) گیا کە زەرد بوو، دەبێتە پووش و پەڵاش، بۆیە پێی ناگوترێت گیای زەرد و ئەمە ھەڵەیە.
* لا ٧ نووسراوە:_(پەڕۆیەکی پێوە ھەڵواسراوە کە لەگەڵ شنە باکە دەخوولایەوە) خوولانەوە ھەڵەیە، جولانەوە دروستە.
* لا ٨ نووسراوە:_(دەرگای پەنجەرەکەم کردەوە) ئەمەش ھەڵەیە، چونکە پەنجەرە دەرگای نییە، دەکرا بنووسێت پەردەی پەنجەرەکەم، یان ھەر پەنجەرەکەم کردەوە و پێویست بە دەرگا ناکات.
* لا ١٦ نووسراوە:_(نەمتوانی خەوەکەمی بۆ بگێڕمەوە) مەبەست خەونە، بۆیە خەون و خەو، جیان لە یەکتری. لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەی ھەمان ھەڵەی چەند بارە کردۆتەوە.چونکە مەرج نییە ئەوەی خەوت، خەون ببینێت.
* لا ١٨ نووسراوە:_( گریان گەڵوی دەکوشیم) گەڵو ھەڵەیە، گەروو ڕاستە، وێرای ئەمەش گریان گەرووی گرتبووم دروستە.
* لا ٢٠ نووسراوە:_( ھیچ کات مانگ لە ژێر ھەور نامێنێتەوە) مەبەستی نووسەر ئەوەیە، کە ھەورەکان تا سەر مانگ ناشارنەوە، بەڵام گوزارشتکردنەکەی ھەڵەیە. چونکە ئەگەر بە گوتنی ئەو بێت، ھەورەکان لە سەرووی مانگن، کە ئەمەش لە ڕووی فەلەکی و سرووشتییەوە ھەڵەیە. چونکە مانگ لە ھەور بەرزترە.
* لا ٢٤ (کاتی توانا بەدەنگی تەقینەوەیەک لە خەو ڕادەچڵەکێت و دەچێتە نانەواخانەکە، کاتەکە شەوە، بەڵام نووسەر نووسیویەتی: چەند منداڵێکم بەجلی قوتابخانەوە دیت) ئەمەشیان نەگونجاوە، چونکە بەو درەنگە شەوە قوتابخانە نییە.
* لا ٣٩ نووسراوە:_(لە پشت جامی چاویلکەوە) جام پێویست نییە، مەگەر چاویلکە خۆی ھاوێنەی نییە؟
* ٣٠ نووسراوە:_( لە ناخم لەرزێک ھەبوو، زوو زوو کارەساتەکەی بە یاد دەھێنامەوە) لەرز نا، ھەستێک ڕاستترە، گەرچی مرۆڤ بەدڵ نا، بە مێشک ھەست دەکات، بۆیە مێشک گونجاوترە.
* لا ٣١ نووسراوە:_(دیسان لە نێو باخچە وشکەکە خۆم دۆزیەوە، زەویەکەی ژێر قاچم جوان و سەوز بوو، گیایەکە خوناوی بە ھاریان پێوە بوو) کە گیاکە سەوز و وەرزەکەش بەھار و زەویەکەش لیتاو بووە، ئیدی چۆن باخچەکە وشک بووە؟
* لا ٤٢ نووسراوە:_(ئێستا لەگەڵ دەستەی نەزاھەم بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان) ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، کاری دەستەی نەزاھە نییە، بەڵکو کاری تیمی گۆڕە بە کۆمەڵەکانە لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ھاوبەشی لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار بەو پرسە.
* لا ٤٤ نووسراوە:_( وەک داری ناو ئاو دەلەرزین) بی ناو ئاوە نەک دار.
* لا ٤٧ نووسراوە :_(دەترسم مامم ئەوەندە خراپ بێ شەرم لە خزمایەتی بکەم) مام خزم نییە، خزم بۆ پەیوەندییەکی کەمێک دوور بەکار دێت. بۆیە دەیتوانی بنووسێت:_(دەبێ ئەوەندە خراپ بێت، شەرم بکەم کە برازای ئەوم؟).
* لا ٥٠ نووسراوە :_( تریشقە بە سەرمانی دادەگرماند) تریشقە ناگرمێنی شریخە دەدات، ھەور دەگرمێنی.
* لا ٦٥ نووسراوە:_(ھیچ سۆزێک لە ڕووخساری نەدەبینرا) ھەستی پێ ناکرا گونجاوتر بوو، چونکە سۆز نابەرجەستەییە و نابینرێت.
* لا ٦٨ نووسراوە:_(ئاسمان بەرە و ساماڵ دەچوو تەمومژ ئاسمانی شارۆچکەکەی گرتبوو) تەمومژ ئاسمان ناگرێت، بەڵکو کەشێکی سرووشتییە لە نێو شار و لە نزماییدا بڵاو دەبێتەوە.
* لا ٦٨ نووسراوە:_(وەحشییانە و دڕندانە) ھەردووکییان ھاوواتان.
* لا ٦٩ نووسراوە:_(جۆگەڵەکە دابخەم تاکو ئاو بۆ باخچەکانی تر بڕوات) جۆگەڵە دەگیرێتەوە داناخارێت. بۆیە ئێمە ھەمیشە دەڵێین: ئاوەکەمان گرتەوە، جۆگەڵەکەمان گرتەوە.
*لا ٧٢ نووسراوە:_(دڵەڕاوکێیەک ھەموو جەستەی داگرتم) ھەموو جەستە ھەڵەیە، چونکە دیارە دڵەڕاوکێ واتا دوودڵی، پەیوەندی بە دڵەوە ھەیە. بۆیە دڵەڕاوکێیەک دایگرتم ڕاستترە.
* لا ٧٢ نووسراوە:_( بە حاڵ توانیم تووڕەی ناخم بشارمەوە) تووڕەی ناخ بە خۆی شاراوەیە و پێویستی بە شاردنەوە نییە، چونکە لە ناخدایە.
* لا ٧٨ نووسراوە:_( ناکرێ ئەمە شۆخی بێت و ھاتبێتە خەونم) توانا ئەمە لە کاتێکدا دەڵێت، کە ھێشتا لە خەو دایە، ئیدی نازانم چۆن ئەو پرسیارە دەکات؟ چونکە ئەو دوای ئەو پرسیارکردنە لە خەو ھەڵدەستێت.

* لا ٧٨ نووسراوە:_( بۆنی قژی کچەکە لە یاد بکەم) بۆن ھەرچەند ساتێکە، خۆ لە بیرەوەریدا ھەڵناگیرێت، تا دواتر لە بیری بکات.
* لا ٧٩ نووسراوە:_( چەند کەسێک لە ناو چاڵێکدا، ھێسک و پروسکییان دەردەھێناو پاشماوەی ھەژدە کەسییان لە پاڵ یەکتری ڕێز کردبوو) لێرەدا مەبەستی لە ڕوفاتی ھەژدەکەسە، بەڵام ئەو پاشماوەی نووسیوە کە ھەڵەیە. چونکە پاشماوە، واتا ئاسەوار و یاخود ئەو کەلوپەلانەی لەدوای ئەوان بە جێماون.

* لا ٨١ نووسراوە:_( دەنگی تەلەفۆنەکە قسەکانمانی پچڕاند) زەنگ گونجاوتر بوو لە دەنگ.
* لا ٨٥ نووسراوە:_( گەرچی نووسەر لە سەرەتادا باس لەوە دەکات کە مامی، خانووەکەیانی داوەتە عەقیدێک بە ناوی ڕەعد، بەڵام لە لاپەڕە ٨٥ دا، نووسیویەتی نەقیبێک، بێگومان ئەم دوو پلە سەربازییەش جیان لە یەکتری).
* لا ٨٧ نووسراوە:_(دەنگی قاچێک لە پشت سەرمەوە ھات)، چرپەی پێیەک جوانتر بوو.
* لا ٨٨ نووسراوە:_( بە ھۆی ئەو ھەنیسکانەی لە نێو دڵی قەتیس مابوو) ھەنسک، لە قورگدا قەتیس دەبێت دڵ نا.
* لا ٩١ نووسراوە:_( لە کاتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، بەر کیمیای کەوتووە و ڤایڕۆس لە نێو خوێنی ماون) کیمیا باران، پەیوەندی بە ڤایڕۆسەوە نییە، بەڵکو چەکێکە، کۆ ئەندامی ھەناسە دەپێکێت و کاردەکاتە سەرخانە دەمارییەکانی مێشک و جەستەش دەسووتێنێت.
* لا ٩٣ نووسراوە:_( بە ھۆی تەپ و تۆزەوە ئەوەندەی تر ڕەنگی ناخۆش ببوو) ڕەنگ بە تەپ و تۆز ناخۆش نابێت، بەڵکو تێکدەچێت، یان تۆزاوی دەبێت.

* لا ٩٤ نووسراوە:_(وەک چەکوچێکی ھەزار کیلۆیی، دەیاندا لە مێشکی سەرم) چەکوچی ھەزار کیلۆیی لە کوێ بوو؟ گریمان ھەشە؟ کەس دەتوانێ بەرزی بکاتەوە؟ ھەر بۆیە چەکوچەکە بەس بوو، پێویستی بە قەبلاندنی کێشەکەی ناکرد.
* لا١٠٠ نووسراوە:_( زەڕەیەک دڵم بۆی نەماوە، دەمەوێ زووتر بیبینم) کە دڵت بۆی نەماوە، چۆن ئارەزووی زوو بینینی دەکەی؟!
* لا ١٠٢ (کە مام و مامۆژن و شۆخی خۆشەویستی توانا سەردانی ماڵی توانا دەکەن، تا ئێوارە دەمێننەوە و پاشان دەڕۆن) کەچی دواتر لە لاپەڕە ١٢٣ نووسەر دەنووسێت:_( شەو درەنگی کردبوو، منیش بۆ ئەوەی دیارییەکە بدەمە شۆخی) ئەمەش مانای وایە، شۆخی و دایکی و باوکی، تا بەیانی ماونەتەوە نەک ئێوارە ڕۆیشتبن.
* لا ١٢٩ نووسیویەتی:_(دەشتایەکی وشک بوو، گیر و تەنگ بوو) کە دەشتایی بووە، مانای وایە گیر و تەنگ نابێت، چونکە دەشتایی بە مانای تەختایی.
* لا ١٤٢ نووسراوە:_( پیرە بە ساڵاچووەکان) پیر، خۆی ئاماژەیە کە مرۆڤ کەوتۆتە نێو ساڵان.
* لا ١٤٣ نووسیویەتی:_( چەند دەنکە فرمێسکێک) دڵۆپە فرمێسک ڕاستە.
* لا ١٤٤ نووسیویەتی:_(شۆخی جانتاکەی ھەڵگرت ووتی ئامۆژن من دەبێ بڕۆم میوانم ھەیە خواتان لەگەڵ) ئەمە مانای وایە، کە شۆخی لە ماڵی توانا نەماوەتەوە، کەچی ھەر لە ھەمان لاپەڕە و چەند دێڕێک دواتر، یەکڕاست دەنووسێت:_ (جلو بەرگم تۆزاوی بوو، خۆم گۆڕی و ھەر ئەو کاتە شۆخی ھاتە ژوورەوە) کەواتە شۆخی ھەر لەوێ بووە و نەڕۆیشتووە.
* لا ١٦٦ نووسیویەتی:_( ئەوەی بینیبووم، تەنیا خەیاڵێک بوو) خەیاڵ نابینرێت، بەڵکو وێنا دەکرێت. بۆیە تارمایی گونجاوتر بوو.
* لا ١٧٤ نووسراوە:_( پاشماوەی گۆڕی بیست و چوار کچ لە نێو چاڵەکە بوون) کەچی لە لاپەڕە ١٧٨ بۆتە بیست و پێنچ کچ!
* لا ١٩١ نووسراوە:_( خەنجەر) بەڵام لەلاپەڕە ٢٢٠ بۆتە (چەقۆ).
* لا ٢٠٢ نووسیویەتی:_(دەنکە بەفر) کڵوە بەفرە.
* لا ٢١٠ نووسراوە:_( پیاڵە ئاوێکم خوارد) خواردەوە دروستە، چونکە ئاو شلەیە و دەخورێتەوە.

چەند نموونەیەک لە ڕێنووسی ھەڵەلە کتێبەکەدا:_
بە گشتی ڕێنووسی ئەم ڕۆمانە، لە زۆر شوێن ھەڵەیە و نووسەر ڕەچاوی ھیچ ڕێسایەکی زمانەوانی نەکردووە. بە تایبەتی لە داڕشتنی ڕستە و گەیاندنی واتا و مانا. بۆیە ئێمە تەنھا چەند نموونەیەک لە ڕێنووسی ڕۆمانەکە وەردەگرین.
* لا ٢٩ نووسراوە:_(بۆ مانی باسی دنیا بکە) .
* لا ٥١ نووسراوە:_(لە داھاتوودا شتێک بنووسم کە باس لە نەھامەتییەکانم دەکا) سەرنج لە دەمەکانی کار بدەن لە ڕستەکەدا.
* لا ٧٤ نووسراوە:_(وتم یونس ئەحمەد چی بەسەر ھاتووە) لە ڕۆمانەکەدا، یونس و ئەحمەد، دوو کارەکتەری جیان، توانا پرسیار لە یونس دەکات، کە ئەحمەد چی بە سەر ھاتووە؟ بەڵام کاتێ سەرنج لە داڕشتنی ڕستەکە دەدەین، دەبینین تەنھا بە دانەنانی وێرگولێک (فاریزە) تەواوی مانای ڕستەکە گۆڕاوە. چونکە لە ڕستەکەدا وا دەردەکەوێت کە یونس ئەحمەد یەک کەسە. بۆیە دەبوو بەم شێوەیە بێت:_ یونس، ئەحمەد چی بەسەر ھاتووە؟
* لا ٧٥ نووسراوە:_(ئاخر ھەڵە بیرم نەبوو کە تەندروشتی باش نییە).
* لا ٨٢ نووسیویەتی:_(من ھەست بە نامۆیی خانووەکەی کردبێ).
* لا ٩٥ نووسیویەتی:_(گوێت لە ھاوار و ئازاری ھاووڵاتییانی خۆت بێ و نەتوانی ھیچی بۆ بکەی).
* لا ٨٣ نووسیویەتی:_( بۆ ئەوەی سەرنجی مامم بۆ لای خۆم ڕاکێشابێ).
* لا ٩١ نووسیویەتی:_( ئەو بیەوێ ئازایەتی خۆی بۆم دەرخات).
* لا ٨٥ نووسیویەتی:_( لەو کاتەی گەڕایەوە نەموت ھاتووچۆی خەڵکی ئێرە نەکەیت) دەبێ گەڕایتەوە بێت، چونکە لەگەڵ ئەو دەدوێت.
* لا١١٠ نووسراوە:_(کەسێکی کە ھیچ ھەست و نەستی نییە).
* لا ١٢٦ نووسراوە:_( من تاکو لە بەندیخانە ڕزگارمان نەبوو).
* لا٢٢١ نووسراوە:_( پزیشکەکان پێیان وتوە، دەبێ چەند ڕۆژێ لە ماڵ دەرکەوێ).

ھەر لە ڕۆمانەکەدا، گەلێک ھەڵەی تایپ ھەن، کە مانای وشەکانییان تەواو گۆڕیوە. بێگومان زمانی کوردی، لە زمانە ورد و دەوڵەمەندەکانە. زمانێکە بە گۆڕینی یەک نیشانە و پیت، مانا دەشێوێت. بۆیە دەبێت لە نووسیندا، بە ئاگاییەوە زمان بە کار بێنین. لەو ڕۆمانەدا، ھەڵەی لەم شێوەیە ھەن. بۆ نموونە:_ لە لا ١٧١ نووسراوە (چاودێرە پزیشکەکان) مەبەستی (چاودێری پزیشکییە) کەچی بە ھەڵە نووسراوە و ماناکەی تێکداوە. ھەروەھا لەلاپەڕە ٢٠٦، (حەب) کراوەتە (حەپ) بە ھەمان شێوە لە لاپەڕە ٢٢٣ وشەی (بە گوڕەوە دەگریا) بۆتە (بە گۆڕەوە دەگریا) دیسانەوە لەلاپەڕە ١٧٩ (بۆن و بەرام) بۆتە (بۆن و مەرام) لاپەڕە ٢٢٥ وشەی (دەگیرێت) بۆتە (دەگێڕێت).
دواجار دەتوانم بڵێم ئەم ڕۆمانە، گەرچی ھەڵەی زۆری تێدایە، بەڵام ئەگەر وەک یەکەم ئەزموونی نووسینی ڕۆمان تەماشای بکەین، بەتایبەتیش کە نووسەرەکی ژنەو یەکەم ئەزموونیشیەتی، ھەنگاوێکی سەرەتایی و باشە، بە ئاراستەی نووسینی ڕۆمانی جوانتر و ھونەریترلە داھاتوودا. بە تایبەتیش ئەگەر زاڵتر بێت بە سەر زمان و دەربڕین. چونکە ڕۆمان بە بڕوای من، بە مانای زمان دێت.

* پەراوێز:_ڕوحە سەروەشەکان: ڕۆمان، نووسینی: نازەنین ئیبراھیم، بڵاوکراوەی: خانەی موکریانی، ساڵی چاپ_ ٢٠٢٠.

*ئەم بابەتە لە ژمارە (١٨٧)ی گۆڤاری (خازر) حوزەیرانی ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی Sadiq Rwandze