سەرەتا / ئەدەب / ڕۆمانی کتێبفرۆش و چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی

ڕۆمانی کتێبفرۆش و چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی

سەدیق سەعید ڕواندزی

گێڕانەوە، ڕەگەزێکی سەرکییە لە ڕۆمانداو بەشێکە لە پێکھاتەی بینای ھونەری دەق،ھاوشێوەی ھەموو ڕەگەزەکانی دیکە. بەڵام ئەوەی گێڕانەوە لە ڕۆمانداجیادەکاتەوە لە گێڕانەوەی مێژوو، ئەو بە ئەدەبیکردنەیە کە فۆڕمی گێڕانەوە، لە گێڕانەوەیەکی واقیعی و سادە، دەکاتە گێڕانەوەیەکی ھونەری جوان و سەرنج ڕاکێش، کە دواجار بە ھونەری گێڕانەوە لە ڕۆماندا، ناو دەبرێت.لە ڕۆماندا، چۆنییەتی گێڕانەوە، بەشێکە لە چێژی گێڕانەوە. ئێمە کاتێ یاداشتێک، یاخود بیرەوەرییەک دەخوێنینەوە، چییەتی گێڕانەوەمان لامەبەستە لەوەی چۆنییەتی گێڕانەوەی ڕووداوەکان. چونکەلێرەدا گەیشتن بە کۆتایی ڕووداوەکان و چییەتی ڕوودانییان دەبێتە جێی سەرنج، بەڵام لە ڕۆماندا، گێڕانەوە دەبێتە بەشێک لە چێژ و ئستایکا و ھونەرکاریی زمان کە دواجار ڕۆمان وەک ژانرێکی باڵا، لە بیرەوەری جیا دەکاتەوە.بۆیە ئەگەر ڕۆمان،ھونەرێکی جوانی گێڕانەوە و دەرخستنی ڕووداوی تێدا نەبوو،بێگومان زمانی گێڕانەوەی دەبێتە بەشێک لە ھەر گێڕانەوەیەکی دیکەی ئاسایی. ڕۆمانی (کتێبفرۆش) باس لە گەنجێکی کتێبفرۆش دەکات بە ناوی ئومێد ڕەشپۆش، کە لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ھەولێر کاری کتێبفرۆشی دەکات، بەڵام کەسێکە بە نھێنی کتێبە قەدەغە کراوەکان و ئەدەبیاتی شاخ، دێنێتە شارو بڵاویدەکاتەوە. لە پای ئەم کارەوە، ئاشکرا دەبێت و دوای زیندانیکردنی، بە ھۆی ئازارێکی زۆری جەستەییەوە، لەکرداریی جووتبوون وسێکسکردن دەکەوێت و بەو ھۆیەشەوە خاتوونی خۆشەویستی لێ جیا دەبێتەوە. ئەم ڕووداوە، بە شێوەیەک ئومێد دەڕووخێنێت، کە پەنا بباتە بەر خۆکوشتن و لەو کاتانەشدا، بیرەوەری دەگەرێتەوە ڕۆژانی ڕابردوو و باس لە ژیانی خۆی و ھاوڕێکانی و واقیعی سیاسی و کۆ مەڵایەتی ئەوکات دەکات. ئەمە ناوەڕۆکی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانە بوو بە کورتی. لێرەدا وەک خوێنەرێک چەند لایەنێکی ھونەری ڕۆمانەکە و چەند ھەڵەیەکیش دەستنیشان دەکەین کە بە سەر ڕۆماننووسدا تێپەڕیون.
گێڕانەوە._
گێڕانەوە لەو ڕۆمانەدا، لە فۆڕمێکی واقیعی سادە دایە، کە پتر لە گێڕانەوەی ڕووداوێکی ئاسایی نێو بازنەی کۆمەڵایەتی دەچێت، لەوەی گێڕانەوەی ڕۆمان بێت، بۆیە کە ڕووداوەکان دەخوێنینەوە،خوێنەر ھەست بە ھیچ جۆرە چێژو جوانکارییەکی زمان ناکات . ئەم شێوازە لە گێڕانەوە وایکردووە ڕۆمانەکە، ھیچ شیعریەتێکی گێڕانەوە و ھیچ ھونەرکارییەکی زمانی لە ئاستی دەربڕین و گوزارشتکردندا تێدا نەبێت. ئەم جورە لە گێڕانەوە، زۆرتر لە گێڕانەوەی بیرەوەری کەسێک دەچێت، بە زمانێک کە زمانی گێڕانەوە و گەیاندن بێت، نەک زمانی ڕۆمان کە ھونەرێکی باڵایە و ھونەرکارییەکی زۆری تێدایە. چونکە لەم جۆرە گێڕانەوەیەدا، ئەوەی بەلای خوێنەرەوە گرنگە، گەیشتنە بە کۆتایی ڕووداوەکان، وەک ھەر ڕووداوێکی دیکەی ئاسایی کە گوێبیستی دەبیت. نەک شێوزای گێڕانەوە. واقیعیەتی گێڕانەوە لەو ڕۆمانەدا، لە فۆڕمێکدایە، کە ڕۆمانەکە نزیک دەکاتەوە لە بیرەوەری کەسێک. واتا ئەوەی دەیخوێنینەوە، سەربوردەی ژیانی کەسێکی کتێبفرۆشە، کە چی لە ژیانیدا ڕوویداوە. بۆیە کتێبەکە بە بڕوای من، جۆرێکە لە بیرەوەری نەک ڕۆمان. ئەگەرچی گێڕانەوەی بیرەوەری وەک تیمەیەک لە ڕۆماندا بوونی ھەیە، بەڵام جیاوازییەکەیان لەو بە ئەدەبیکردنەیە کە لە ڕۆماندا ھەیە.بۆنموونە: کە ئەزموون و یاد دەخوێنیتەوە، یاخود ئەو ڕۆژانەی نیشتمان ھەی ھەمووان بوو، ھەست ناکەیت ئەمانە بیرەوەرین، بەڵکو واھەست دەکەین ڕۆمانێک دەخوێنینەوە، کە زمانێکی باڵای ھونەری و ئستاتیکییان ھەیە. بەڵام لە کتێبفرۆشدا، ئەو ئستاتیکایەی زمان ونە. ئەوەی ئەوەندەی تریش زمانی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ناھونەریتر کردووە،بەداخەوە ئەو ڕێنووس و ڕێزمانە نامۆیە و سەقەتەیە، کە بۆ ڕۆمانەکە کراوە و بڕوام وایە سێ بەشی ھەڵەکان پەیوەندی بەو پێداچوونە زمانەوانییەوە ھەیە کە بۆ ڕۆمانەکە کراوە. کە لە زۆر کاتدا، مانای وشەی شێواندوەوەلە دەرەوەی زمانی باوی نووسینی ڕۆمانە لە ئەدەبیاتی کوردیدا. بۆنموونە: ئێمە دەڵێین(ئێستا)ئیدی(وێستە) چ مانایەکی ھەیە و چ جوانییەک بە زمانەکە دەدات؟!.یاخود لە ڕۆمانەکەدا، ھەموو وشەیەکی(ڕق) کراوە بە(ڕک). لە کاتێکدا ئەم دوو وشەیە، دوو وشەی جیاوازن لە ڕووی واتاوە. ڕق بە مانای ڕق لێ بوونەوە، بەڵام ڕک بە مانای سەخت، ھەروازێکی سەخت، بۆیە لە بنەڕەتدا(ڕق و کینەیە) نەک(رک و کینە). یاخود بە درێژایی ڕۆمانەکە وشەی(ڤاڵا)بەگەلێک دەربڕین دەبینین، لە کاتێکدا زمانەوانی کتێبەکە نازانێت ڤاڵا یانی چی.چونکە ھەر جارە و بۆ مەبەستێک بە کاری ھێناوە.
ھەڵە لە گوزارشتکردن و دەربڕین:_
لە ڕۆمانەکەدا، چەندین ھەڵە، لە ڕووی گوزارشتکردن و دەربڕینەوە دەبینرێت، کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەین:_
* لا١٦نووسراوە:_(خۆشەویستی منت فڕێ نەداوە).خۆشەویستی فرێ نادرێت، بەڵکو کاڵ دەبێتەوە، یاخود نامێنێت.
* لا١٦ نووسراوە:_(من لە نێوان چواردیوارو ژوورو بنمێچی ئەم خانووەدا). تەنھا چوار دیوار، ھێمایە بۆ ھەموو ئاماژەکانی تر، ئیدی ئەو درێکردنەوەیە پێویست نییە.
*لا١٨ نووسراوە:_(چووک و ئەندامی نێرینە). ھەردووکییان ھاوواتان.
*لا٢٨ نووسراوە:_(بە سەر رک و تووڕەیی خۆیدا زاڵ بێت). ڕقە، نەک رک.
* لا٢٩ نووسراوە:_(ھەموو ئافرەتێک پێویستی بە دامڕکاندنەوەی حەزەکانی دەکات و دەبێ پیاوێکیش ھەبێت بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە). ڕستەکە جگە لەوەی لە ڕووی ڕێزمانییەوە ھەڵەی تێدایە، ھاوکات لە ڕووی بابەتیشەوە. ھەموو ئافرەتێک دروست نییە، بەڵکو ژن گونجاوترە. گریمان ئافرەتێک شووی نەکردبوو، ئەو تێزەی ڕۆماننووس دەیگرێتەوە؟.پاشان سێکس غەریزەیە، شەرمە پیاو وایببینێت کە دەبێ ئەو ئاگرە بکوژێنێتەوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا سووکایەتییە بە ژن، کە ڕاستە و خۆ لە ڕێی ئەو غەریزەوە لە کەسایەتییان دەدات.
*لا٣٠ نووسراوە:_( ڕۆژی موبایەعەی سەدام). لە مێژووی عێراقدا، نەمزانیوە موبایەعەی سەدام کرابێت لە ١٦/١١/١٩٨٢.چونکە چوار ساڵ بەرلەو بەروارە، لە ١٧/٧/١٩٧٩ سەدام دەسەڵاتی گرتە دەست.
* لا٤٦ نووسراوە:_( مرۆڤ دەتوانێت جارێکی دیکە گیانی خۆی زیندوو بکاتەوە).ئایا مرۆڤ دەتوانێت، ڕوح بێنێتەوە بەری خۆی؟!.بۆیە ھیوا گونجاوتر بوو.
* ٤٧ نووسراوە:_(جارێکی تریش لێکدانەوەکانی دڵی پێی دەگوت). ئایا مرۆڤ بە ئەقڵ یان بەدڵ، لێکدانەوە بۆ شتەکان دەکات؟!.
* لا ٤٧ نووسراوە:_(سنوور تخووب).ھەردووکییان ھاوواتان.
* ٤٩ نووسراوە:_(براکەی بە دیاریی و بەخشش دەمکوتی کردبوو). بە دیاری، دەم شیرین دەکرێ و بێدەنگ دەکرێ نەک دەمکوت، کە گوزارشتێکی زۆری لێکردنە، بەدەر لە خواستی کەسەکە.
* لا ٥٢ نووسراوە:_(تۆ جەستە و ئەندامی مێیینەت بۆ خەڵکی بووە). ئەندامی مێیینەش بەشێکە لە جەستە.
*لا ٥٩ نووسراوە:_(مێردەکەم پیاوەتی نەماوە). پیاوەتی ئاوەڵناوە، بۆیە توانای جووتبوونی نەماوە دروستە.چونکە ڕستەی یەکەم بە مانای ئەوە دێت، کە کەسێک ھیچ خاسییەتێکی کۆمەڵایەتییانەی پیاوەتی تێدا نەمابێت. بۆنموونە: وەک بەخشندەیی و سۆزو بە تەنگەوە ھاتن وئازایەتی و زۆر خاسیەتی دیکەش.
* لا٦٠ نووسراوە:_( دەبووایە ئومێد خانووەکە بۆ ڕێدار ڤاڵا بکات). ڤاڵا لێرە بە مەبەستی چۆڵکردن بەکارھاتووە.
* ٦١ نووسراوە :_(ھاوڕێ بە نیوە مرۆڤ ئەژمار دەکرا، چونکە ئیفلیح بوو). ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، ئەوانیش مرۆڤن. بۆیە نابێت لە دنیابینی نووسەرێکی دیاری وەک سابیرڕەشید، نیوە مرۆڤ بوونی ھەبێت!.
* لا ٦٤ نووسراوە :_( وەک مردووێک لە ئاوزینگدانێ دابێت). کە مرۆڤ مرد ئاوزینگدان نامێنێت، بۆیە سەرە مەرگ دروستە.
* لا٧٤ نووسراوە:_(یەکەم تیشکی ڕالێبوون) تیشکی ڕالێبوون چ مانایەکی ھەیە؟!.
*لا ٨٥ نووسراوە:_( لە ھێڕشێکی سوپای عێراق بۆ قەسری شیرین، خەڵکەکە ھەموو ئاوارە بوو تەنھا سەدا دەی خەڵک مایەوە). خەمڵاندنی سەدا دە، گوزراشتێکی بابەتی نییە لە ڕۆماندا، چونکە ڕۆمان ئامارو سەرژمێریی نییە، تاکو بە وردی ڕێژەی دانیشتووان دیاری بکات.
* لا٩١ نووسراوە:_(ئەو کچێکی باڵابەرزو بەژن زراڤ بوو). چ جیاوازییەکییان ھەیە ھەر کامێکییان بێت.
* لا٩٤ نووسراوە:_(ئومێد چیتر نەیتوانی لە ھەریر بمێنێتەوە). ئەوە کاروان و کاوەن، لەکارگەی شەرابی ھەریر بوونە نەک ئومێد .
* ٩٦ نووسراوە:_(وەک زارۆکێک و کۆرپەیەکی خۆی). ھەردووکییان ھاوواتان.
* لا١٢٥ نووسراوە:_(برنج و نیسکی لە ژێر دەرگاوە، بۆ ئاودیوا دەکرا). کە ئاودیو کراوە، نازانم چۆن خواردنەکە نەڕژاوە؟!.
* لا١٢٥ نووسراوە:_( بۆ ئاو دەستیش لە بیست و چوار کاتژمێردا ، تەنھا پێنچ چرکە بۆیان ھەبوو داوای خۆڤالاکردن بکەن). ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ کتێبەکە کردووە، نازانێ ڤالا یانی چی، دەنا کەس لە ئاودەست خۆی ڤاڵا دەکات؟!دواتر پێنچ چڕکە بەشی ھیچ دەکات؟!!.
* ١٢٧ نووسراوە:_(ڕەگەز عەرەب بوو). نەتەوە دروستە، نەک ڕەگەز.
* لا١٣٢ نووسراوە:_( ھەردوولایان، واتا ئومێد و ئەنوەر سەعید، بە نھێنی کارەکەیان دەکردوو کەس بە ئەویتری نازانی و کارەکەیان لە یەکتری دەشاردەوە، چونکە دەبوو زۆر بە نھێنی بێت لە بەر بەعس، ھەردوولایان پێیان وابوو تەنھا خۆیانن لای سەید عومەر ئەو کارە نھێنییە دەکەن). بەڵام پێشتر ڕۆماننووس لە لاپەڕە ١١٤ دا ئەمەی نووسیوە:_(ئەو کارە نھێنییەی ئومێد کردی بۆ شۆڕش(مەبەستی پێش ڕاپەڕینە) ئەگەر کەس نەیزانیبێت، بەڵام خۆ ئەنوەری سەعید عەوڵا دەیزانی؟). ئەمەش پارادۆکس و ھەڵەیەکی زەقە لە ڕۆمانەکەدا.گریمان ئەگەر مەبەستی ڕۆماننووس بە زانینی کارەکەی ئومێد، ئەو کاتە بێت کە ئەنوەر دەچێتە شاخ و دەبێتە پێشمەرگە، ئەمەشییان ھەر ھەڵەیە. چونکە لەلایەکەوە ئەوان پێشتر ھیچ یەکتر ناسینێکییان نەبووە، لەلایەکی دیکەشەوە ئاسان نەبوو متمانە بە کەسێک بکەیت لە کارێکی ڕێکخستنی و نھێنی ناو شاردا، ئەگەر ئەو کەسە نەناسیت وجێگەی بڕوادارییەکی قووڵ و پتەو و ھاوڕێیانە و مرۆییانە نەبا.
* لا ١٣٧ نووسراوە:_( ھەستە شاراوەکانی خۆی ڤەشارێت). کە شاردراوە بووە، چ پێویستی بە ڤەشاردنە؟!.
* لا١٤٢ نووسراوە:_(چیاد بە ھۆی ئومێدەوە لە ڕۆشنبیرییەکی سەرەتاییەوە فێری ڕۆشنبیرییەکی زۆر بوو). کەچی پێشتر لەلا ١٣٩ دا دەڵێت:_( دەبووایە دائیرەی ئەمن بیکاتە ڕۆشنبیرو پێشتریش ھەر خۆی لەڕۆمانەکەدا دەڵێت کە دەیان خول لەلایەن ئەمنەوە بۆ چیاد کرابووەوە). ئیدی خوێنەر نازانێت، کامەیان سەرچاوەی ڕۆشنبیریی چیاد بوونە، ئومێد یان دائیرەی ئەمن؟!.
*لا١٤٣ نووسراوە:_( ھەموو گیانی تێک قژقژا). ئەوە خەڵکە تێکدەقژێت، نەک گیانی مرۆڤ.
* لا١٤٣ نووسراوە:_(ئومێد داوای لە چیاد کرد دەستی نەگێڕێتەوە دواوە و بیکوژێت و لە کۆڵ خەمەکانی دنیای بکاتەوە). کەچی لە لا ١٤٥دا ئەمجارەیان ئومێد دەڵێت:_(سەختە تۆ ھەست بەوە بکەیت ھەر دەبێت بکوژرێیت، سەختە بە جێھێشتنی ژیان وئەم ڕوحە شیرینەی کە ھەموومرۆڤێک حەز بە مانەوەی دەکات). ئایا ئەم دوو ھەڵوێست و تێگەیشتنەی ئومێد لەگەڵ یەکتری یەکدەگرنەوە ؟.
* ١٤٦ نووسراوە:_( ڕووی دەمانجەی ئاراستەی سینگی کرد). ڕوو بە مانای لایەکی دەمانجەکە، بۆیە لوولە گونجاوترە.
* لا١٦٠ نووسراوە:_(ھەر دەڕۆیشت و دەیویست خۆی لەم ناوچە ترسناکە دوور بخاتەوە، ھەموو گیانی شەلالی ئارەقە بوو. دڵی بە سستی لێی دەدا و ھەناسە بڕکێی بوو). ئەگەر کەسێک ڕابکات و ھەناسە بڕکێی بێت، دڵی بە سستی لێ دەدات یان بە خێرایی؟!!.
* لا١٦٣ نووسراوە:_( ئەمجارەیان لە ژوورێکی تاکەکەسی ئەمن خۆی دۆزییەوە، ژوورەکە شوێنی ئاودەست بوو سیخناخ بوو،کردبوویانە شوێنی ئازاردانی زیندانییان). کە تاکە کەسی بووە، چۆن سیخناخ بووە؟.کە کراوەتە ژووری زیندانیش، واتا وەکو تواڵیت نەماوەتەوە. لە ھەردوو دەربڕینەکە سیخناخ ھەڵەیە.
* لا ١٦٧ نووسراوە:_(باران و سەرما جەستەیان خاپوور کرد). سەرما جەستە خاپوور ناکات، بەڵکو ڕەقی دەکاتەوە. کەس ناڵێت لە سەرما خاپوور بووم، بەڵکو دەڵێن: ڕەق بووم.
* لا١٨١ نووسیویەتی:_( ئومێدو دوو زیندانییەکەی تر، چاویان لە ھەموو شتێک دەکرد کاتێ بردرانە بەغدا لەلایەن دائیرەی ئەمنەوە). دەبوو ڕۆماننووس بزانێت، کە بەعس ھیچ زیندانییەکی بێ چاو بەستن نەدەبردە ھیچ شوێنێک. بە تایبەتی ئەگەر ئەو زیندانییە بە تۆمەتی سیاسی گیرابا و ئەحکام خاسە بیگربایەتەوە.
*لا ١٨٢نووسراوە:_( ڕەوە چۆڵەکە و مەل و ڕیشۆڵە و کۆترو تیترواسک و تەیرو تواڵ). تەنھا مەل، یاخود تەیرو تواڵ بەس بوو.
*لا ٢١٧ نووسراوە:_( تێنوەتی خۆی شکاند و خۆی ڤاڵا کرد). ڤالا لێرەدا بۆ مەبەستێکی دیکە بەکار دێت..
* لا ٢٠٩ و ٢١٢ نووسراوە:_( جار جارە خاتوون و نەسرین و دلاوەر دەھاتە دیدەنی ئومێد لە زیندانی ئەبو غڕێب).واتا تەنھا ئەمانە چوونە بۆ دیدەنی .کەچی لەلاپەڕە ٢٢١ ئەمجارەیان دەنووسێت:_(چیتر خاتوون و نەسرین و دلاوەرو کاوە و خزم و کەس و کارو برادەرەکانی ڕێی دووری بەغدا نابڕن و ناچنە دیدەنی ئومێد). ئەمە مانای وایە، ھەر تەنھا ئەو سێ کەسە دیدەنی ئەویان نەکردووە لە زیندان، ئەمەش ھەڵە و پارادۆکسی گێڕانەوەیە کە بە سەر ھەڵەبڕی کتێبەکەش تێپەڕیوە.
*لا ٢٢٠ نووسراوە:_(ئومێد دوای سێ ساڵ لە زیندانیکردن لە ٦/٩/١٩٨٨ ئازاد کرا) واتا لە ساڵی ١٩٨٥ بردراوەتە ئەبو غرێب و زیندانیکراوە. بەڵام ڕۆماننووس لە لا ١٨٥ دا، لە سەردەمی ئومێد ئەو کاتەی دەیبەن بۆ زیندان باسی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن دەکات، کە ئەو کارەساتانە دوای ئەو ساڵە بە سەر ئێمە داھاتن، جگە لە جینۆساییدی بارزانییەکان.
*لا ٢٣٢ نووسراوە:_( بە گەلەکۆمەکێی خەڵکی گوند خانووی بۆ چێکرا). لێرەدا گەلەکۆمەکێ بە مانای ھەرەوەزی بەکار ھاتووە، بەڵام ئەم دوو وشەیە ئاسمان و ڕێسمان جیان لە یەکتری، چونکە گەلە کۆمەکێ، ئەقڵێکی پیلانگێڕیی و نەیاری لە پشتە، بە پێچەوانەی ھەرەوەزی، کە مانای دۆستایەتی و گیانی ھاوکاری دەگەیەنێت.
*لا ٢٥١ نووسراوە:_( ١٣/٢/١٩٨٩ئەمە دوا لاپەڕەی یاداشتەکەمە، چونکە کاتژمێر دوانزە دەبێ بچمە لای ئومێد بە مەبەستی کوشتنی). بەڵام پێشتر ڕۆماننووس لەلاپەڕە(١٣٧)دا نووسیویەتی:( کاتەکە نزیک نیوەڕۆبوو) واتا نەبۆتە نیوەڕۆ، جگە لەمەش ڕۆمانووس دەڵێت:_( چەند قوتابییەک بۆ تاقیکردنەوەی بە کەلۆریای شەشەمی ئامادەیی، لە غاباتی کوران سەعییان دەکرد و کەسی تری لێ نەبوو). بەڵام بە پێی بیرەوەرییەکانی چیاد بێت، ئەو لە ١٣/٢/١٩٨٩ چووە بۆ کوشتنی ئومێد، کە ئەمەش ھاوکاتی تاقیکردنەوەی بە کەلۆریای پۆلی شەشی ئامادەیی نییە .چونکە ئەم تاقیکردنەوەیە لە وەرزی ھاوین و لە سێی شەش دەستی پێ دەکردوو مانگی دوو پشووی قوتابخانەکان بوو. ئەمەش ھەڵەیەکی دیکەیە.
دووبارەکردنەوە:_
بێگومان دووبارەکردنەوەی ڕووداوێک، ئەگەر بەمەبەستی پێشھات و ڕووداوی تازە بێت و گێڕانەوەیەکی جیاوازتر بە ڕۆمانەکە بدات، ئاساییە، بەڵام ئەگەر کاوێژکردنەوەی ھەمان ڕووداوو دەربڕینەکانی پێشووتر بێت، پێویست ناکات ھێندە پاتە بکرێتەوە، چونکە ھیچ سەرنجێکی خوێنەر ڕاناکێشیت.لە ڕۆمانی کتێب فرۆشیشدا، لە چەندین شوێن ھەست بە دووبارە کردنەوەی ھەمان بابەت و ڕووداو دەکەین: وەک:_
*لە لاپەڕەکانی ١٣٦ و ١٤١باسی عەباس سوڵتانی دەکات، کە ڕاسپێردراوە بۆ کوشتنی ئومێد.
*لە ڵاپەرشەکانی ١٢٧ و ١٣٩باسی ئەوە دەکات، کە چەندین خولیان بۆ چیاد کردۆتەوە، تاکو شارەزای ئیشەکەی بێت.
*لە لاپەڕەکانی ١٣٢ و١١٥ باسی ئومێدو دلاوەر دەکات کە دەچوونە بەستەستێن وبە نھێنی کتێبییان دەھێنا.
*لەلاپەڕەکانی ١٣٤ و ١٣٥ باسی مەترسی ئومێد بۆ سەر شۆڕشی چواردەی تەمموز دەکات.
* لەلاپەڕەکانی ١١١و ١٢٤ باسی کارگەی شیرەمەنی و ماستی کانوون دەکات.
لەگەلێک شوێنی دیکەی ڕۆمانەکشدا، دووبارە کردنەوە دەبینین. وەک ئەوەی بەردەوام باس لەوە دەکات کە ئومێد کتێبفرۆش بووە.

چەند نموونەیەک لە ڕێنووسی ھەڵەلە کتێبەکەدا:_
ئەم ڕۆمانە، گەرچی پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ کراوە، بەڵام بەگشتی ڕێنووس و زمانی نووسینی کتێبەکە، چەندین ھەڵەی لە ڕووی داڕشتن و ڕستەسازیی وکردارەکانی ڕێزمان تێدایە، کە مانای دەربڕینەکانی شێواندووە. وەک:_
*لا ١٦ نووسراوە:_(ئومێد کە یەکەمین جار بە نەمانی مەیلی خۆشەویستی خاتوونی زانی بۆ ئەو) لێرەدا، مەبەست لە ئومێدە، کە خاتوون خۆشەویستی بۆ نەماوە.کەچی تەنھا بە دانانی جێناوی کەسی سێیەمی تاک لە ڕستەکەدا، چۆن سەرتاپای مانای ڕستەکەی گۆڕیوە.
* لا ١٧نووسراوە:_(ددان بەوەدا بنێت).دان بەوە دابنێت دروستە.
*لا ٣٣ نووسراوە:_(ھاواری ئاوی کرد ئاوم دەنێ خنکام). سەرنج لەم جۆرە داڕشتنە بدەن؟ مرۆڤ کە تێنووی بوو ھاواری ئاو دەکات، یان داوای ئاو دەکات؟.
* لا١٢٤ نووسراوە:_(قووتویەک ماستی بچووک). ئەگەر بەپێی ئەم داڕشتنە بێت، دەبێ ماستی گەورەش ھەبێت!!.
* لا١٣٨ نووسراوە:_(نەیدەتوانی یەک پەیڤانیش بنووسێت). یەک تاکە، پەیڤان کۆیە.
*لا ١٤٩ نووسراوە:_( دەستم ناچێتە مامۆستاکەی خۆم بکوژم). سەرنج لەو داڕشتنە بدەن.
* لا١٦٩ نووسراوە:_(وردە تەکانی دایە ھزرو مێشکی خۆی). ئایا تەکان دەدرێتە بەر ھزرو مێشک؟.
* ١٧١ نووسراوە:_(کوڕی گو دانی پێدا بنێ).کوڕی گوو،چ جوانییەکی زمانەوانی تێدایە؟.
* لا١٨٦ نووسراوە:_(ھەڵمژینی ھەوای ئازادی چ تامێکی خۆشی ھەیە). زۆر لە نووسەرانی ئێمە، جیاوازی لە نێوان تام و چێژ ناکەن و پێیان وایە وەک یەکن. تام بەرجەستەیە و کردارێکە ھەستی پێ دەکرێت، بەڵام چێژ نابەرجەستەیە. کەس دەڵێ ئەو گۆرانییە ئەو ھەوایە کە نەدەبینرێت و نەھەستیشی پێ دەکرێت زۆر بەتام بوو؟.
*لا ١٩٩ نووسراوە:-( لەوێندەر چەند کەسێک زۆر سەرنجی ئومێدی ڕاکێشا). سەرنج لە کرداری تاک و کۆ بدەن لە ڕستەکە.
* لا٢١٧ نووسراوە:_( چۆن چاوەکانی تێر لە بینینی تێر بکات).
* لا ٢١٨ نووسراوە:_( جگە لە خەم و خەفەت و ئاخ ڕشتن ھیچی دیکەی پێوە نەمابوو). بۆ نەمابووەوە دروستە!.
* لا٢٣٢ نووسراوە:_(کاتی خۆی، بابی ژنی لەم گوندە بۆی ھێناوە). کورد وتەنی، زمانەکەی دووکەڵ دەکات.!
بێگومان دوای ئەوەی چیاد بۆ کوشتنی ئومێد دەچێتە غاباتی کوران، بەڵام دەستی ناگرێت ئەو بکوژێت، ئیدی خۆی دەکوژێت. ئەم ڕووداوە بە پێی گێڕانەوەکانی ڕۆمانەکە بێت، ساڵی ١٩٨٥ دەکات.چونکە لە سەر ئەو ڕووداوە، ئومێد دەگیرێت و سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و دواتریش لە ٦/٩/ ١٩٨٨ ئازاد دەکرێت. دوای خۆکوشتنی چیاد، دەفتەری بیرەوەرییەکانی دەکەوێتە دەست ئومێد و ئەویش دەیپارێزێت تا ئەو ساتەی لە زیندان ئازاد دەکرێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە چیاد چوار ساڵی دوای نەمانی، بیرەوەرییەکانی خۆی نووسیوەتەوە لە ساڵی ١٩٨٩.کە ئەمەش ھەڵەیەکی دیکەی زەقە. چونکە کەسێک کە لە ژیان نەما،چۆن بیرەوەرییەکانی دەنووسێتەوە؟! ڕەنگە ڕۆماننووس لێرەدا مەبەستی جۆرێک لە فەنتازییا و خەیاڵ سازیی بێت، بەڵام ئەمە لۆژیکی نییە. چونکە دواجار ئەو مێژوو دەگێڕێتەوە، باسی سەردەمێکی سیاسی و تێکۆشانی چەند کەسێک دەکات. بۆیە دەبێت زەمەن و مێژووی ڕووداوەکان، یەکبگرنەوە لە گەڵ گێڕانەوەی ڕووداوەکان. ھاوکات ھەر لە ڕۆمانەکەدا، چەند وشەیەکم کەوتنە بەرچاوکە لە دوای ڕاپەڕینەوە دێنە ناو فەرھەنگی کوردیی و بە بڕوای من بەرلە ڕاپەڕین بوونییان نەبووە. وەک_(دانوستاندن لا٧٧/کواڵیت لا١١٠/ کۆنتڕۆل لا١٣١/تواناسازیی لا٢٠٠/ تایفەگەریی لا ٢٠٠).دواجار بەڵامەوە وەک خوێنەرێک مایەی ھەڵوەستەکردن بوو، کە چۆن ئەو ھەڵانە بە سەر نووسەری ڕۆمانەکە تێپەڕیون، کە نووسەرێکی دیارو ئەزموونێکی زۆری نووسینی لەو بوارە ھەیە. ڕەخنەی یەکەمیش لەم ڕووەوە ئاراستەی زمانەوانی کتێبەکە دەکرێت، چونکە دواجار ئەو وەک فلتەرێک دەبووایە ئەو ھەڵانە ڕاست بکاتەوە، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە ڕێنووس و زمانەوە ھەیە. کە پێ دەچێت بەرلە چاپکردنی ڕۆمانەکەی بینیبێت و پێداچوونەوەی بۆ کردبێت چونکە من پێشتر وەک خوێنەرێک، ھیچ کتێبێکی ئەم نووسەرەم بەو ڕێنووس و زمانە سەقەتە نەخوێندۆتەوە!!.

*پەراوێز:_کتێبفرۆش، ڕۆمان، نووسینی:سابیر ڕەشید، ساڵی چاپ ٢٠٢٠.

*ئەم بابەتە لە ئەدەب وھونەری کوردستانی نوێ ژمارەکانی(١١٥٧-١١٥٨)ی ڕۆژانی ٢٤و٣١/١٢/٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze