نــوێ
سەرەتا / چاند و هونەر / شانۆ / کارۆخ ئیبراهیم شەقامى 60 مەترى دەکاتە شانۆ

کارۆخ ئیبراهیم شەقامى 60 مەترى دەکاتە شانۆ

بۆ یەکەم جار لە کوردستان پرۆژەى (وێستگە)، کە پرۆژەیەکى هونەرى شانۆییە بە درێژایى شەقامى 60 مەترى، لەلایەن شانۆکار کارۆخ ئیبراهیم و گرووپەکەى نمایش دەکرێت.

بڕیارە کاتژمێر 3ى نیوەڕۆى رۆژى چوار شەممە 9/2/2011 لە شوێنى وەستانى ئۆتۆمبێلى (پارکى سامى عەبدولڕەحمان) دەست بە نمایشى پرۆژەى (وێستگە) بکرێت، کە سەرەتا بە شانۆى (قەبرستان) دەست پێدەکات و بە درێژایى شەقامى 60 مەترى لە شارى هەولێر نمایش دەکرێت.

(کارۆخ ئیبراهیم) نووسەر و دەرهێنەرى شانۆى (قەبرستان) و خاوەن پرۆژەى (وێستگە) رایگەیاند، “وێستگەى قەبرستان دەستپێکێک دەبێت بۆ قسەکردن لە ئێستا و پێشبینى کردن بۆ داهاتوو، قەبرەکان لە دەورى مرۆڤ و مرۆڤیش بە دیار شوراکانى دەسووڕێتەوە، سووچەکانى ئەمڕۆمان رووداوى گەورەى لێ روودەدات، کەچى هێشتا قسەى زۆر و ماناى کەمى بۆ کراوە”.

نووسەر و دەرهێنەر، کە هاوکات سەرۆکى (گرووپى گەنج بۆ شانۆ)یە رایگەیاند، کە نمایشى (قەبرسان) لە پرۆژەى (وێستگە) “بۆ یەکەم جارە لە کوردستان ئەنجامدەدرێت، لە داهاتووشدا ئاستى پرۆژەى وێستگە فراوانتر دەکەین و دەیگوازینەوە بۆ کارکردن لەسەر مەوداى دوورى نێوان شارەکان”.

لە (وێستگە)ى ئەم جارەدا  هەر یەک لە ( هەردى ئەنوەر شێخانى، بژار سەعدى، سایە حوسێن، ئاشتیڤان سەلام کۆیى، سامان هیدایەت، ئەرسەلان یاسین، گەردى جیهانگیر، مەحمود نەجمەدین، لادێ تاهیر، هەستى جەمال، جوتیار رەفعەت، شوان کاوە، پەیام کاکل) رۆڵ لە (قەبرستان) دەبینن. هەروەها (رەگەز ئیسماعیل و کاریان شێرکۆ) یاریدەدەرى دەرهێنەرن و (کاروان زامدار) دیزاین و پۆستەرى ئەنجامداوە.

سەرۆکى (گرووپى گەنج بۆ شانۆ) لە بارەى ناوەڕۆکى نمایشەکە وتى “هەردى بە درێژایى شەقام بە دواى قەبرستان دەگرێت، دایکێک لە قەبرستان نێژراوە، کەواتە قەبرستان ماڵى هەردى و قەبریش مەنزڵگاى دایکى، ئیتر دەبێت بگەڕێین، تەنها بگەڕێین، تا بزانین هەردى بە دواى چیدا دەگەڕێت”.

راگەیاندنى پرۆژەى (وێستگە)

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.