نــوێ
سەرەتا / ئەدەب / کام فۆڕمی نوێ وکام زمانی نوێی بورھان بەرزنجی لە شیعردا؟!

کام فۆڕمی نوێ وکام زمانی نوێی بورھان بەرزنجی لە شیعردا؟!

سەدیق سەعید ڕواندزی

یەکێک لە خاسیەتە دیارەکانی تێکستی نەمر ئەوەیە،کە ھەمیشە خوێنەردەتوانێت بگەڕێتەوە سەری و بەر مانای دیکەی جیاوازتر بکەوێت.ئەم جۆرە دەقانە، سنووری زەمەن وشوێن دەبڕن ولە یەک کاتدا ھەم دەقێکی مێژوویین، ھەم ئێستایین.ئەم خاسیەتە بە شێوەیەکی دیار لە ئەزموونی شیعری کلاسیکی کوردی دەبینرێت، کە وێرای تێپەڕبوونی چەند سەدەیەک بە سەر نووسینیان، کەچی ھێشتا دەخوێنرێنەوە و بگرە ھەندێکییان شڕۆڤەش نەکراون!.بێگومان ھەر دەقێک نەیتوانی لەو چوارچێوە زەمەنی و مێژووییە دەرچێت کە دەقەکەی تیادا نووسراوە،ئەوا دەچێتە پەراوێزی مێژوو.بۆ ئەوەی دەقێکیش نەبێتە بەشێک لە مێژوو بەمانا ئەدەبییەکەی، ئەوا دەبێ وزە و ھێزی ئەوەی تێدا بێت بەردەوام بخوێنرێتەوە. دەکرێ ئەی ڕەقیبی دڵدار نموونەیەکی دیار بێت لەو تێکستە نەمرانەی کە سنووری مێژوو دەبڕن. ئەی ڕەقیب کە دەیان ساڵە نووسراوە، لە ئێستادا نەک ھەر دەخوێنرێتەوە، بگرە بۆتە ماڕشی نەتەوەیی ئێمە و بەشێکی دیار لە کۆنەستی میللی نەتەوەیی ئێمە.بێگومان، ھەموو دەوقێک ناتوانێت شوناسی نەمریبوون وەربگرێت و نەچێتە پەراوێزی مێژوو.لە ئێستادا گوتاری بە شێکی زۆری شیعری ئەو سەردەمە نەک ھەر نابنە جێگەی تێڕامان و خوێنەوەی خوێنەر، بەڵکو ھەر لەگەڵ نووسینیشیاندا دەقی مردوون. واتە ھەر ساتی یەکەمی خوێنەوەی دەقەکە، خوێنەر درک بەوە دەکات کە لە بەردەم تێکستێکدایە کە جگە لە یەکجار بینین و خوێنەوە، ناتوانێت کۆنتاکی لەگەڵ ھەبێت. چ جای ئەوەی دوای چەند ساڵێک وجارێکی تر بگەڕێتەوە سەری.بەشێک لە شیعری ئێستا، لەئاستی زمان و گوتاردا، ھێندە سادە و ڕووت دەکرێتەوە، وەک ئەوەی لە بەردەم دەقێکی میللی بین نەک شیعر. کە یەکێکە لەو ژانرە جوانانەی چێژو جوانی بەخوێنەر دەبەخشێت.ئەو سادەبوونە ھەر تەنھا لە ئاستی فۆڕمدا نییە، بگرە لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوەیە.زۆرجار ئەو سادەبوونەوەیە مانا ون دەکات و یان بەر مانایەک دەکەوین، کەخاڵی لە ھەموو جۆرە جوانی و شیعرییەتێک. شیعر یەکێکە لەو دەقانەی لە یەک کاتدا جوانی و چێژ، پەیام و مانا بە خوێنەر دەدات. لە خوێنەوەی شیعردا،خوێنەر دەبێ بەر ھەموو ئەو ڕەگەزانە بکەوێت. بەڵام لە شیعری بە شێکی زۆری نەوەی ئێستادا،خوێنەر نەک ھەر چێژ لە شیعرەکان نابینێت، بگرە وەک ئەوە وایە دەقەکەی ھەر نەخوێنبێتەوە. چونکە لە یەکەمین خوێنەوەدا دەقەکە کۆتایی دێت. ئەمە وێرای ئەوەی بەر ھیچ مانایەک، یاخود دژە ماناش دەکەوێت. بەشێک لە شیعری ئێستا، ئەوەندەی تر دنیا ناشرین و وێرانتر دەکەن لە کاتێکدا ئەو جوانیانەی خوێنەر لە وێنە شیعرییەکان دەیبینێت، لە ھیچ دەقێکی دیکەدا نایبینێت.چێژو جوانی، لە ڕووبەرێکی گەورەی شیعری ئێستادا ونە، ھەر بۆیە زۆر بەدەگمەن ئەو دەقانە لە ھزری خوێنەر دەمێننەوە،بگرە ھەندێکییان لە کاتی خوێنەوەیان و لەیەکەم بەرکەوتنی خوێنەردا، ھەست بە مردووی دەقەکە دەکەین وھیچ مانایەک لای خوێنەر جێناھێڵێت. بێگومان ئەم جۆرەشیعرانە، وزەو ھێزی مانەوەی مێژوویان نەک ھەر نییە، بگرە خوێنەوە و نەخوێنەوەیان وەک یەکە. زۆرجار، وەک خوێنەرێک لە میانەی باسکردن لە شیعرو گوتاری شیعری ئێستا، بەرچەمک و دەربڕینێک دەکەوین کە لەلایەن، بە شێک لە شاعیرانەوە دەر ئەبڕێت و بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئەویش داھێنانی زمانی تازە و فۆڕمی تازەی شیعرییە. کەچی کاتێ شیعرەکانییان دەخوێنینەوە،دەبینین ھەمان زمان و ھەمان فۆڕمی شیعرییە، کە نیو سەدە زیاترە، بینای ھونەری دەقی شیعری کوردی پێکدێنێت.نوێبوونەوەی شیعری لە ڕووی فۆڕم زمان و ناوەڕۆکدا، پێویستی بە داھێنانێکە کە مەودایەک لە نێوان خۆی و شیعری پێشووتر جێبێڵێت. بە درێژای چەندین ساڵ، شیعری کوردی، لە فۆڕمی شیعری کلاسیکی دابوو،کەچی گۆرانی نوێکەرەوەو پێشەنگی شیعری نوێی کوردی، دوای چەند سەدەیەک لە نووسینی شیعر بە فۆڕمی کلاسیکەوە، فۆڕمێکی دیکە و ئەزموونێکی دیکەی شیعری داھێنا، کە بە شیعری ئازاد ناو دەبرێت. گۆران، کە سەرەتاو دەسپێکی بە جۆرە شیعرێکی نوێ دەست پێکرد، پێشتر ھیچ بانگەشەیەکی نوێکرنەوە و داھێنانی شیعری نەکرد، تەنانەت گۆران بە بەراورد لە گەڵ شاعیرە ھاوتەمەنەکانی ئەوکاتی، بە شاعیرێکی کەم ئەزموون و سادە دەناسراو شیعرەکانی نە دەبوونە جێی سەرنج.بەڵام دواجار گۆران وەک داھێنەرێک و نوێخوزاێک، لە مێژووی شیعری کوردی دەرکەوت و توانی دابڕان لە نێوان خۆی و قۆناغەکانی شیعری پێشووترکە قۆناغی کلاسیکییە، بێنێتە ئاراوە. لەو ساتەوە تاکو ئێستا، گۆران بە نوێکەرەوەی شیعری کوردی لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و جێھێشتنی ئەزموونی شیعری کلاسیک دەناسرێت. بێگومان لە دوو توێی ئەزموونی شیعری کوردیدا، لەدوای گۆرانەوە ئەزموونی جیاواز دەبینین، بەڵام نوێکەرەوەی شیعری بەو ئاستەی گۆڕانکاریی لە بینای ھونەری دەقی شیعریی بھێنابێتە ئاراوە، بە بڕوای من وەک خوێنەرێک کە ساڵانێکی زۆرە شیعر دەخوێنمەوە، بوونی نییە. ھەرچەندە لە سەرەتای ھەفتاکان، گرووپی ڕوانگە و شاعیرانی کفری، ھەوڵی نوێکردنەوەیەکی شیعری و ئەزموونێکی جیاواز دەدەن، بەڵام دواجار ئەزموونی ئەوانیش، دەبێتە بە شێک لە گوتاری شیعری ئەو قۆناغە، کە قۆناغێکی سیاسی و شۆڕشگێرییە و شیعر دەبێتە چەکێکی دیکەی خەبات و تێکۆشان.بۆیە کاتێ دیمانەکەی(بورھان بەرزنجی)م لە ژمارە(١٦٩و١٧٢)ی گۆڤاری خازر خوێندەوە، کە باس لەوە دەکات، فۆڕمێکی نوێ و زمانێکی نوێی ھێناوەتە نێو ئەزموونی شیعری کوردی، وەک خوێنەرێکی شیعر بە پێویستمزانی ھەڵوەستەیەک لە ئاست ئەو بۆچوونە بکەم و دەریبخەین، کە کامەیە ئەو فۆڕم و زمانە نوێیەی ئەم شاعیرە بانگەشەی بۆ دەکات؟ لە کوێدا زمانێکی جیاوازە و لە کوێدا جیاواز دەکەوێتەوە لەگەڵ ئەزموونی شیعری شاعیرانی ئێمە بەگشتی؟. ئایا جیاواز کەوتنەوە، تەنھا بە دروشمە، یان بە ئەزموون و دنیابینی جیاواز؟.ئایا بەرپاکردنی شۆڕشی عیشق وەک ئەوەی ئەم شاعیرە دەیڵێت، مانای نوێکردنەوەی شیعرە لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە؟.ئەم دوو چەمکە چ پەیوەندییان بە یەکترییەوە ھەیە؟. بێگومان ھەموو نوێکردنەوەیەک، بە مانای تێکشکاندنی کۆنەکان و بیناکردنێکی جیاواز لە فۆڕم وناوەڕۆکدا. نوێکردنەوە، بەرھەمی بیر کردنەوە و ڕوانین و داھێنانێکی تازەیە، کە دابڕانێک لە نێوان خۆی و پێشووتر دێنێتە ئاراوە. نوێکردنەوەی شیعریی، کارکردنە لە سەر ھەموو ئەو ڕەگەزە ھونەرییانەی بینای شیعر پێکدەھێنن. ئەگەر زمان و دنیابینی شاعیرێک، درێژ کراوەی زمان و دنیابینی شاعیرانی پێش خۆی بوو، نازانم نوێکردنەوەی شیعریی لە کوێدایە؟.لە دوای گۆرانی شاعیرەوە، ئەزموونی جیاوازی شیعری دەبینرێت، بەڵام زۆر بە دەگمەن، زمان و فۆڕمی نوێی شیعری دێنە ئاراوە. تاکو ئێستا، ھیچ شاعیرێکی کورد، بە شاعیرە داھێنەرو دیارەکانی نێو ئەزموونی شیعری کوردیش لە دوای گۆرانەوە، بوێری ئەوەیان نەبووەوە ئەو مافەیان بە خۆیان نەداوە، کە بڵێن داھێنەری فۆڕمی نوێ و زمانی نوێین لە ئەزموونی شیعری کوردیدا. ئیدی نازانم بورھان بەرزنجی ئەو بوێرییە و ڕاشکاوییە بێ بنەما و بێ ئەرگۆمێنتانەی لە کوێوە ھێنا، تا بڵێت داھێنەری فۆڕمێکی نوێ و زمانێکی شیعری نوێیە؟!. داھێنانی فۆڕم و زمان لە شیعردا، قسە و دروشم نییە دەریببڕین و بەرزی بکەینەوە، بەڵکو ئەزموون و دەق و ھێنانە ئارای چەندین خاسیەتی ھونەری شیعرین، کە پێشتر بوونییان نەبێت. ئەزموونی (سەباح ڕەنجدەر) لە ڕووی زمان و فۆڕم و ناوەڕۆک و گوتاری شیعریشەوە، ئەزموونێکی نوێ و جیاوازە، لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی تر، تەنانەت زمانی شیعریشی زمانێکی تایبەتە. ئەم شاعیرە نوێ وجیاوازنووسە، تا ئێستا وێرای ئەو ھەموو جیاوازکەوتنەوەیە و نووسینی شیعر بە فۆڕم و ناوەڕۆکی جودا، نەمبیستووە خۆی بە داھێنەری فۆڕمی نوێ و زمانی نوێ لە شیعری کوردی بزانێت. داھێنەرەکان، بە بێ دەنگی دەنووسن و داھێنان دەکەن. ئەگەر داھێنان بە قسەو دروشم بێت، ھەمووان دەبنە داھێنەر.بۆیە داھێنان، بەرھەمی ئەزموونێکی دوورو درێژی خوێندنەوە و جیاوازکەوتنەوەیەکی گەورەی دنیابینی و گوتارو ئەزموونی شیعرییە. بۆیە نازانم چۆن و لە کوێ داھێنەری فۆڕمی شیعری تازەیە لە ئەزموونی شیعری کوردیدا. لە کاتێکدا ئەزموونە جیاوازەکان،لە نێو ئەزموونی دووبارە و باودا، وەک داھێنانێکی نوێ و نوێکەرەوەیەکی شیعری دەبینرێن و دەناسرێنەوە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە بورھان بەرزنجی کە لافی ئەوە لێ دەدات فۆڕمی نوێ و زمانی نوێی لە شیعری کوردی داھێناوە، بە یەک دە ق و بە یەک کۆپڵە شیعریش، لە گۆڤارەکەدا، نموونەی ئەو نوێکارییەی خۆی نەھێناوەتەوە تاکو ھیچ نەبێت منی خوێنەر، لە پەراوێزی بەراوردکردنی ئەزموونی ئەو بە ئەزموونی شاعیرانی دیکە، ئەو جیاوازییە و داھێنانەی ئەو بە تێگەیشتنی خۆی دەیڵێت بیزانین. جیاواز کەوتنەوە، دەبێ لە سەر ئاستی دنیابینی و زمان و فۆڕم و ناوەڕۆک و گوتاری شیعرییەوە ھەڵبسەنگیندرێت و شڕۆڤە بکرێت.بەرزنجی، لە درێژەی ھەردوو بەشی چاوپێکەوتنەکەیدا، بەیەک وشە و دەربڕینیش، ئاماژە بەو فۆڕمە نوێیە نادات و بە پێچەوانەوە وەڵامەکانی دوورو نزیک پەیوەندییان بەو پرسیارەوە نییە کە کامەیە فۆڕمی نوێی شیعر، کە ئەو بانگەشەی بۆ دەکات؟. بەڵکو وەڵامەکانی لە چوارچێوەی ھێندێک باس و بابەتی دووبارە و سواو دەخولێنەوە. کە پێشتر ھەمووان گوێبیستی ئەم جۆرە وەڵام و گوزارشتکردنانە بووینە. باسکردن لە عشق و خۆشەویستی و دنیای ڕۆمانسی، باسێکە کەم شاعیری کورد ھەیە بە نەوەی ئێستاشەوە، باسییان نەکردبێت.بۆیە ئەم چەمکانە، نە مانای فۆڕمی نوێ و نە مانای زمانی نوێش دەگەیەنن. بەشێکی زۆر لە نووسەرانی ئێمە، چونکە سەرپێی و ڕاگوزەر لە نوێگەریەتی و نوێکردنەوەی شیعر گەیشتوون، ئیدی بە داخەوە ھەر بەو تێگەیشتنە سەرەتاییەی خۆشیانەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فۆڕمی نوێ و زمانی نوێیان ھێناوەتە نێو ئەزموونی شیعری کوردی، بە بێ ئەوی بوێریی و توانای سەلماندنی ئەو بۆچوونانەی خۆیان ھەبێت. نوێکردنەوەی شیعر، بە ئەزموونی شیعری جیاوازو زمان و فۆڕمی جیاوازە، نەک بە دروشم و قسەی نێو چاوپێکەوتنەکان. دەبووایە بورھان بەرزنجی، کە ئەو بانگەشەیە دەکات، نموونەیەکیش لە شیعرەکانی خۆی بێنێتەوە، تاکو خوێنەران بەراوردی ئەزموونی شیعری شاعیرانی دیکەی پێ بکەن و لە پەراوێزیشەوە، ئەو فۆڕمە نوێیە ببینن، تاکو بزانن لە کوێدا نوێیە و لە کوێدا جیاواز کەوتۆتەوە لە گەڵ شاعیرانی تر. ھیوادارم نووسەرانی ئێمە، وردترو بەرپرسیاریانەتر،گوزارشت لە چەمک و دەربڕینەکان بکەن و ھەروەھا وەڵامەکانییان لۆژیکی و بڕواھێنەر بێت، کاتێ دیمانەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دەدەن.

• ئەم بابەتە لە ژمارە(١٧٥)ی گۆڤاری خازر تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠بڵاو کراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze