سەرەتا / ئەدەب / وێژە / کام نەوە و کام شوناس؟

کام نەوە و کام شوناس؟

سەرنجێک لە بارەی وتارێکی محەمەد ڕەنجاو

سەدیق سەعید ڕواندزی

قسەکردن لەسەر شوناس و نەوەی شیعری کوردی، بە بێ دیاریکردنی چوارچێوەیەکی مێژوویی و زەمەنی، بێگومان قسەکردنێکی ناتەواو دەبێت. چونکە ھەموو شوناسێک و ھەموو نەوەیەک، بەرمەبنای قۆناغێکی دیاریکراوی ژیاری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و شیعرییە. نەوەیەک نییە، ئاسۆیی لەگەڵ زەمەنەکاندا ھاوتەریب بڕوات و بەردەوام بێت. بەڵکو ئەمە سرووشتی دینامیکییانەی ژیانە، کە نوێیەک دەردەکەوێت و دوای چەند قۆناغێک، دەچێتە پەراوێزی مێژوو، نوێیەکی تر دەردەکەوێًت. مەگەر گۆران بۆ ئێستا، بە نوێکەرەوەی شیعری کوردی دا ئەنرێت؟ بۆیە بەرلە ھەموو شتێک، دەبێ بزانین مەبەستمان کام نەوە و کام شوناسە و لە فۆڕمی زەمەنیدا، پۆلێنبەندی بکەین. دەستەواژەی نەوەی ئێستا، وەک کارێکی ڕانەبردووی بەردەوام، دەشێ لە ھەموو زەمەنێکدا، بەرجەستە بێت. لە کاتێکدا تەنانەت لە دوای ڕاپەڕینیشەوە، بە تەنھا نەوەیەکی شیعری نییە، چونکە ڕاپەڕین سێ دەیەیە ڕوویداوە، بۆیە لە ماوەی ئەو سێ دەیەدا، شیعری ئەو نەوەیە، لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە جیاواز دەکەوێتەوە. بە ڕادەیەک کە شیعری چرکە ساتەکانی دوای ڕاپەڕین، کە جۆش و خرۆشی ئازادی و شکاندنی کۆت و بەندی سەربەستی ھەیە، جیایە لەگەڵ دونیابینی ئەو نەوەیەی لە دوای دوو ھەزارەکانەوە شیعر دەنووسێت و شیعر لە بۆتەی قسەی ڕووت و بێ مانا کورت دەکاتەوە و دەبینێت. لە ڕاستیدا، ھەندێک دەستەواژەی ئەدەبی ھەنە، بە بڕوای من پێویستییان بەوەیە لە ڕووی مێژووییەوە زەمەنشوێنی بکرێن. کە دەڵێین شیعری کوردی، یاخود نەوەی ڕابردووی شیعری کوردی، ئەوا ئێمە لە بەردەم یەک نەوە و یەک ئەزموونی شیعری کوردی نین، بەڵکوچەندان ئەزموون و گوتاری شیعری جیاواز ھەن. بۆیە لە بەرایی ھەموو شتێکدا، بەرلەوەی باسی ھەر نەوەیەکی شیعری بکەین، دەبێ چوارچێوە مێژووییەکەی دیاری بکەین، ئەوکات لە پەراوێزی ئەو چوارچێوە مێژووییەدا، ئەدگارو خەسڵەتە ئەدەبی و ھونەریەکانی ئەو قۆناغە و شوناسی نەوەکەی دیاری بکەین. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، مەرج نییە ھەموو ئەزموونێکی شیعری، بچێتە نێو شوناسی نەوەیەکی شیعرییەوە. دەشێ ئەزموونی شاعیرێک لە ڕووی زمان و ناوەڕۆک و گوتاری شیعرییەوە، لە دەرەوەی شوناسی شیعری سەردەمەکە و قۆناغەکە دابێت (بۆ نموونە وەک ئەزموونی شیعری سەباح ڕەنجدەر) نەوە و شوناسی شیعری، چەمکێکی ئاڵۆز و نا ڕوونە و دەمانخاتە بەردەم ھەڵەی لێکدانەوە و شڕۆڤەکردن، ئەگەر لە بەراییدا نەزانین مەبەستمان کام نەوە و کام شوناسە، لە پەیوەندی ئەو نەوەیە بە قۆناغەکە و ئەزموونەکەشەوە. لەو ڕوانگەیەوە کاتێ وتاری ( نەوەیەکی بێ شوناس)م خوێندەوە کە (محەمەد ڕەنجاو) نووسیویەتی ولە دوا لاپەڕەی ڕۆژنامەی ھەولێر، ژمارە (٣٢٦٨) ڕۆژی ٩/١١/٢٠٢٠ بڵابۆتەوە، بە پێویستم زانی وەک خوێنەرێکی ئاسایی شیعر، ھەڵوەستەیەک لە ئاست ئەو وتارەدا بکەم. بێگومان بەرلە ھەموو شتێک ئەم وتارە، لە گۆشەیەک بە ناوی (چراوگەی ھەولێر) بڵاو کراوەتەوە. ھەمووشمان دەزانین سرووشتی ئەو بابەتانەی کە لە گۆشەدا بڵاو دەکرێنەوە ئەوەیە، کە دەبێ بابەتەکان کورت وپوخت و چڕ بن، بۆیە ڕەنگە گونجاو نەبێت لە گۆشەیەکی بچووکدا، قسە لە سەر نەوە و شوناسی شیعری بکرێت، ئەمە دەبوو لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و شڕۆڤە کردنێکی ورد بووایە. لێرەوەش ئەگەر بە وردی سەرنج لەو وتارە بدەین، دەبینین جۆرێک لە ناپەیوەندی بابەتی و بەستنەوەی نا زەمەنی تێدایە. لێکۆڵینەوە لە ھەر شوناس و نەوەیەکی شیعری کوردی، باسێکە لەوە زیاتر ھەڵدەگرێت کە لە گۆشەیەکدا بە خێرایی و ڕاگوزەر محەمەد ڕەنجاو باسی بکات. ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی دیکەوە، خودی ناونیشانی وتارەکەی ڕەنجاو، ئیشکالیەتی زەمەنی و مێژوویی و ئەدەبی گەورەی تێدایە. ھەموو نووسینێک، بە تایبەتیش کاتێ پەیوەندی بە خاسیەتە ژیاریی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکانی سەردەمێک ھەبێت، ڕەنگدانەوەی ئەو قۆناغە و ئەو سەردەمە خۆیەتی کە تیایدا دەنووسرێت. لەو ڕوانگەیەوە کاتێ نووسەر دەنووسێت (نەوەیەکی بێ شوناس)، ئەوا ئەم جۆرە لە گوزارشتکردن، ھەم جۆرێکە لە گشتگیریی و ھاوکات تێکەڵکردنی نەوەکانیشە بە یەکتری. چونکە نەوەی شیعری، بەرھەمی قۆناغێکی دیاریکراوە. بۆیە ئەو نەوەیەی ئێستا، مەبەستەکەی ڕوون نییە و خوێنەر لە پەراوێزی ئەو شوناسەوە نازانێت مەبەستی نووسەر کام نەوەیە؟ نەوەی دەیەی یەکەمی ڕاپەرٍِینە؟ نەوەی دووھەزارەکانە؟ یاخود نەوەی ئێستایە؟ بە بڕوای من لە ئێستادا، نەوەیەک نییە تاکو شوناسی ھەبێت. شتێکیش کە بوونی نەبێت، پێناسە و شوناسی نابێت، بە تایبەتیش لە ئەزموونی شیعریدا. چونکە ئەوەی مانا بە شوناس دەدات، ئەزموونە شیعرییەکەیە، نەک مێژوو و بیۆگرافیای نەوەکە. بەو مانایەی ئەو شوناسە ئەدەبییە لە پەراوێزی ئەزموونە شیعرییەکەوە دەناسرێتەوە و مانایەکی شیعری دەگەیەنێت. چونکە لە دوای ڕاپەڕینەوە و بە تایبەتیش لە دوای دەیەی دووھەزارەکانەوە، شیعری ئەم نەوەیە، ھەڵگری یەک گوتارو دنیابینی نییە، بەڵام ھیچیشیان دواجار نەیانتوانیوە ڕووبەرێک لە ئەزموونی شیعری کوردی بگرن کەبشێ وەک شوناسێک بیانناسینەوە. نووسەر لە سەرەتای وتارەکەیدا دەنووسێت:_( ئەم نەوەیەی لەم چرکە ساتەدا ھەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بەرھەمھێنانی ئەزموونێک لە شیعری جیاواز لە قۆناغی بەر لە خۆی، لەوە ناچێت لە ناو ئەزمووندا ھەوڵەکانی خۆی وەگەر خات و شتێ لە جیاوازی شیعری بخوڵقێنێ، چونکە ئەو گیرۆدەی ڕابردووە) ھیچ ئەزموونێکی شیعری نییە، بەرھەمی چرکە ساتێکی دیاریکراو بێت. ئەزموون لە ھەر بوارێکەوە بێت، دەرەنجامی کەَلەکەبوونێکی زۆر و کارکردنێکی بەردەوامە لە بوارەکەدا. ئەزموونی شیعری، دەرەنجامی کارکردنێکی بەردەوامە لە نێو فەزای شیعردا، تاکو دواجار شاعیرێک یاخو نەوەیەک بتوانێت ماکەکانی ئەو ئەزموونە بونیاد بنێت. ئەگەر سەرنج لە ئەزموونی شیعری شاعیران بدەین، دەبینین ھیچ کام لەم شاعیرانە، شوناسە شیعریەکانییان، بەرھەمی چرکە ساتێکی زەمەنی دیاریکراو نییە. بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەزموون و قۆناغێکی درێژکراوەی شیعرییە. ئەزموونی شێرکۆ بێکەس، لە تریفەی ھەڵبەستدا، وەک خاچ و مار نییە. ئەزموونی گۆران، لە سەرەتاکانی شیعریدا، وەک ئەو قۆناغە نییە کە چەند ساڵێک بەرلە مردنی شیعری تێدا نووسیوە. بۆیە ھیچ نەوەیەک ناتوانێت لە چرکەساتێکی دیاریکراودا ئەزموونێک بخوڵقێنێت ئەگەر ئەو پەڕی توانا و داھێنانی خۆشی بخاتە گەڕ. چونکە ئەزموون، چەمکێکە خۆی لە خۆیدا پێناسە و شوناسی دیارە، کە بە مانای تاقیکردنەوە و کارکردنی بەردەوام دێت. بە بڕوای من، ئەم نەوەیە خۆی لە خۆیدا ئەزموونی نییە تا شوناسی ھەبێت. بە دەربڕینێکی تر، ھەر ھەوڵ بۆ بونیادنانی شوناسێکی شیعری تایبەت بە خۆی نادات، چونکە لە بنەڕەتەوە نەیتوانیوە شتێکی دیکەی جیاواز لە ڕابردوو بڵێت. دەکرێ بپرسین، کامانەن ئەو ئەدگارە ھونەری و ئەدەبی و شیعرییانەی، گوتاری شیعری ئەو نەوەیەی پێ دەناسرێتەوە؟ بە پێچەوانەوە، ئەم نەوەیەی ئێستا، شیعری بە ئەندازەیەک بێ بەھا و بێ ناوەڕۆک و بێ کاریگەر کرد، کە تەنانەت سنوورێک لە نێوان شیعر و قسەی ئاسایی و دەردەڵی ڕۆژانە و میللی نەماوەتەوە. ئەمە وێرای ئەوەی کە شاشەی مۆبایل، بە ڕووبەر و تۆپۆگرافیای شیعری دەزانن و پێیانوایە دەتوانن لەو ڕێگەیەوە داھێنانی شیعری بکەن. ئەم نەوەیە، بوونی نییە تاکو ھەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ نووسینی ئەزموونێکی جیاوازی شیعری. نەوەیەکیش کە بوونی نەبێت، توانا و ھەوڵەکانیشی لە کوێ بوو تا بیخاتە گەڕ؟ شیعری ئەو نەوەیە، لە ھیچ ڕووێکەوە بەراورد بە شیعری ھەفتاکان و ھەشتاکان ناکرێت، کە شیعری کوردی ئەو کات پەیامێک و گوتارێک و مانایەکی ھەبوو. بە پێچەوانەی ئەو نەوەیەی ئێستا، کە ئەزموونی زۆریان، شایەنی ئەوە نییە ھەر ناوبنرێن شیعر. ئەم نەوەیە کە بێ شوناسە، لە بەر ئەوە نییە کە گیرۆدەی ڕابردووە، چونکە ھیچ نەبێت، ڕابردووی شیعری کوردی، ھەڵگری جۆرەھا شوناسی مرۆیی و سیاسی و شۆڕشگێڕییە، بەڵکو ھەر ئەزموون و گوتاری شیعرییان نییە، بۆیە بێ شوناسن، نەک گیرۆدەی ڕابردووبن. چونکە ئەوان ناتوانن وەک شاعیرانی قۆناغەکانی پێشووتری شیعری کوردی، شیعر بنوسن. ئیدی نازانم چۆن گیرۆدەی ڕابردوونە. نووسەر بەردەوام دەبێت و ئەمجارەیان دەنووسێت:_( ئەم نەوەیە دەبێ لەوە ڕابێت لەو قۆناغە بنووسێت کە تیایدا دەژیت، پێمان بڵێ ئەوە منم کە وەک ئێوە نانوسم چونکە سەردەمەکەم سەردەمەکەی ئێوە نییە) ئەم بۆچوونانەی ڕەنجاو، پارادۆکسێکی گەورەی واتایی زۆریان تێدایە. بە ڕادەیەک کە ئەو خۆی بۆچوونەکانی خۆی ڕەت دەکاتەوە، وەک ئەوەی ھەر مەبەستی بووبێت، گۆشەکە پڕبکاتەوە، ئیدی چی دەگوترێت گرنگ نییە. دەکرێ بپرسین، ئەگەر شاعیرێک وەک ھاوسەردەم و ھاو قۆناغەکانی بنووسێت، دەتوانێت ئەزموونێکی جیاواز پێشکەش بکات؟ ئەگەر شاعیرێک لەوە ڕابێت وەک سەردەمەکەی بنووسێت، ئەمە مانای وایە ھیچ پێویست بەوە ناکات ڕەخنەی ئەوەی لێ بگرین کە نەیتوانیوە شوناسێک بۆ خۆی بەرجەستە بکات. چونکە ھەموو جیاواز کەوتنەوەیەک، دابڕانێکە لەگەڵً واقیعی ھەبوودا. ھیچ شاعیرێک ناتوانێت جیاواز بنووسێت، ئەگەر لە دەرەوەی سەردەم و بیرکردنەوە و ڕوانینی گشتییانەی قۆناغەکە نەبێت. مانای چییە، شاعیرێک دەبێ لەوە ڕابێت وەک سەردەمەکەی بنووسێت و دواتریش بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەوە منم وەک ئێوە نانووسم و جیاواز دەنووسم؟ شاعیری جیاوازنووس، پێویستی بەوە نییە بانگەشە بۆ خوێنەر بکات کە شتێکی جیاوازی نووسیوە، ئەو ئەگەر توانی بە شێوەیەکی جیاواز لە ھاو شوناس و ھاوسەردەمەکانی بنووسێت، ئیدی ئەمە دەبێتە شوناس وتایبتمەندییەکی ئەزموونی کەسی کە بە ئاسانی دەناسرێتەوە. دەنا شاعیرێک لە یەک کاتدا وەک سەردەمەکەی بنووسێت و بانگەشەی منێتی شیعریش بکات، تێگەیشتنێکی ھەڵە و نا بابەتییانەی شیعرە. نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێت:_(لە سەرەتای ھەشتاکاندا چەند ھەناسەیەکی شیعری، ویستییان شتێکی تربن بۆ خۆڕاپسکاندن و لەو ئەزموونە شیعرییەی قۆناغی ڕوانگە، وەلێ کلۆلییەکە لەوەدایە، ھەوڵەکانی ئەم نەوەیە ھەوڵێکی پەرتەوازەبوون، ھەتا ئێستاش لە خۆی دەگەڕێ) یەکەم: نەمبیستووە لە ئەزموونی شیعری کوردیدا، نەوەی ھەشتاکان تا ئێستاش لە خۆی بگەڕێت، چونکە سەردەم و قۆناغی ئەوان، لە ڕووی ئەزموون و گوتاری شیعرییەوە بە سەرچووە. دووەمیان: نازانم بۆچی نووسەر بە بوێریی و بەو پەڕی ڕاشکاوییەوە، ناوی شاعیرانی ئەو ئەزموونە ناھێنێت کە تائێستاش بە دوای خۆیاندا دەگەڕێن؟ خۆ ئەم پرسیارە، بەرلە ھەموو کەسێک دەبوو ڕەنجاو ئاراستەی خۆی بکات. کە شاعیرانی تر نەیانتوانی ئەزموونێک بێننە ئاراوە و خۆڕاپسکاندنەکەیان کەڵکی نەبوو، ئەی ئەو چی کرد؟ ئەو تا چەند توانی ئەزموونێکی جیاوازمان پێشکەش بکات؟ بۆ ئەوەی ئەو دابڕانە لە ڕوانگەییەکان بێتە ئاراوە، کە ئەوە باسی دەکات. لە ڕاستیدا، خستنە نێو یەک ئەزموون و چوارچێوەی کۆی شیعری شاعیرانی ھەشتاکان، دیدێکی ھەڵەیە. لەوانەیە لە کۆی ئەو شاعیرانەدا، تیایدا بێت خۆڕاپسکاندنەکەیان ھیچی نوێی نەھێنابێتە ئاراوە، بەڵام ھەشیانە کە توانی بە ئەزموونێکی جیاواز لە ڕووی ناوەڕۆک و زمانی شیعریی و گوتاری شیعرییەوە، خۆی جیابکاتەوە و بە تەنھا وەک ئەزموونێکی کەسی و تایبەتی لە شیعری ھەشتاکاندا بمێنێتەوە. بۆ نموونە: دەکرێ ئاماژە بە ئەزموونی (سەباح ڕەنجدەر) بدەین کە لە زێوانەوە دەست پێ دەکات و تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە. ئەزموونی ئەم شاعیرە، لە ھەشتاکانەوە توانی ڕێچکەی خۆی بگرێت و وەک ئەزموونێکی تایبەتی خۆی شیعر بنووسێت. لە ئاستی ناوەڕۆک و گوتاری شیعریدا، ئەزموونی ڕەنجدەر ناچێتە نێو چوارچێوەی ھەشتاکان، بەڵکو ئەزموونێکی بەردەوامە، بە چاوپۆشین لەوەی کە کەسانێک چۆن لە گوتاری شیعری ئەو شاعیرە دەگەن و چۆنی ڕەتی دەکەنەوە و نایبینن. چونکە نابێ بیرمان بچێت، ھەرگیز شوێنی ئەزموونێکی جیاواز، بە ئاسانی لە نێو ڕووبەری شیعری باودا نابێتەوە. کە واتا باسکردن لەوەی نەوەی ھەشتاکان ھەموویان تا ئێستا بە دوای خۆیاندا دەگەڕێن، دیدێکی کورتبینانەی شیعرییە و پشتی بە ھیچ لێکدانەوە و ئەرگۆمێنتێک نەبەستووە. نابێ ئەوەمان بیربچێت، ھەموو ئەزموونە شیعرییەکان جیاواز ناکەونەوە.چونکە ئەگەر بەو پێوەرە بێت، ئیدی ئەزموونێکی شیعری نییە بە ناوی جیاواز و تایبەت. لە کۆتاییدا، دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە ئەم وتارەی ڕەنجاو، دیدێکی سەرپێی و ڕاگوزەرە بۆ نەوە و شوناسی شیعری کوردی. چونکە ئەم بابەتە، پێویستی بە شڕۆڤەکردن و لێکدانەوەی زۆر ھەیە و ڕووبەرەکەی لەوە قووڵتر و بەرفراوانترە، لەگۆشەیەکی بچووکدا باس بکرێت و خەسڵەتەکانی دیاری بکرێت.

* پەراوێز:_ نەوەیەکی بێ شوناس، نووسینی: محەمەد ڕەنجاو، ڕۆژنامەی ھەولێر_ ژمارە(٣٢٦٨) دووشەممە_٩/١١/٢٠٢٠

دەربارەی Sadiq Rwandze