سەرەتا / ئەدەب / وێژە / کتێبی (ئیدیۆم لە ڕواندزێ و دەوروبەری) چەند سەرنجێک

کتێبی (ئیدیۆم لە ڕواندزێ و دەوروبەری) چەند سەرنجێک

یاسین برایم
کۆکردنەوەی فۆلکلۆر، کارێکی پیرۆزە و جێگای بایەخە. بەداخەوە، ھێشتا ئێمەی کورد، وەکوو پێویست ئاوڕمان لەو گەنجینە زەنگینە نەداوەتەوە، لە لایێکی تریش، کەسانی دڵسۆز و خەمخۆریش بەم کارە ھەستاون و باوەشیان بۆ ئەم لایەنە کردۆتەوە. ھەر دەڤەرێکیش، ڕەنگە خاوەن تایبەتمەندی خۆی بێت و جیا بێت لە دەڤەرێکی تر، لەم ڕووە کورد دەوڵەمەندە لەو ئەدەبە زارەکییە. دەڤەری ڕواندزیش، وەک دەڤەرێک، ھەر لە کۆنەوە لانکەی شارستانیەت و مرۆڤایەتیی بووە، ڕەنگە بوونی ئەشکەوتی شانەدەریش، ڕاستییێکی حاشاھەڵنەگر بێت. بەدەر لەوەش شاری ڕواندز، شارێکی کۆن و خاوەن و مێژووە. لە ڕووی ئەدەبیی زارەکیش، ھەندێک داستان و حکایەت و شیعر و پەند و گۆرانی و حەیران و لاوک و مەتەڵ و پەند و ئیدیۆمی خۆی ھەیە. لێ تا نھۆش، دەست بۆ ئەم لایەنە نەبردراوە. ڕەنگە یەکەم کەس لەم دەڤەرە، دەستی بۆ برد بێت (مەعرووف جیاوۆک) بێت. ئەو کۆمەڵێک پەندی پێشینانی بە چاپ گەیاند، ئەگەر چی پەندەکان گشتی بوون، نەک تایبەت بە دەڤەرەکە. لە حەفتاییەکانیش، (عومەر شێخەڵڵا دەشتەکی)، کۆمەڵێک مەتەڵ و شیعر و چیرۆکی و پەندی پێشینانی ئەو ناوچەیەی کۆکردەوە و جێگای دەستخۆشییە. مەغدیش ڕواندزیش، دەستی بۆ ئەم لایەنە برد و ئەفسانەی (شێتۆکە و بەئاقڵۆکە)ی بە چاپ گەیاند، کە بۆن و بەرامەی شارەکەی لێ دەھات، بەڵام مەرگ خەونە جوانەکەی ئەو فۆڵکلۆردۆستەی نەھێشت.
کتێبی (ئیدیۆم لە ڕواندزی و دەوروبەری)، لە لایەن سەنتەری ھەندرێن بۆ زمان و توێژینەوەی کەلتووری لە زانکۆی سۆران. ھەولێکی تری خەمخۆرانەی ئەو دەڤەرەیە. لە یەکەم نۆبەرەیان لە پڕۆژەی ئەدەبی سەرزاری و فۆلکلۆرناسیدا، کتێبێکی جوان و نایابیان پێشکێش کردووە. وەک دەزانیین، کتێبێک لەو بوارە، کاری شەونخوونی و گەڕان و لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوەی دەوێت. بۆ ئەمەش، ھەر سێ مامۆستای بەڕێز، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە، بۆ ماوەیێکی زۆر کارکرن لەم کارە جوانە، خۆشبەختانە، بەرگی یەکەمیان پێشکێش بە کتێبخانەی کوردیی کردووە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە پێمان دەڵێن، ئەوە بۆ بەرگی دووەمیش، گەڕان و ماندووبوونی زێدەتر دەکەین تا ئەوانەی ماون، کۆبکرێنەوە و لە فەوتان ڕزگار بکرێن. لێرەشدا، ئەوانەی خەمخۆری کارەکەن و ئەوانەی حەز بە خزمەتکردنی فۆلکلۆر و خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە دەکەن، ئێوەش قۆڵی لێھەڵبماڵن و ھاوکاری ئەو سێ مامۆستا دڵسۆزە بکەن و کتێبەکە زەنگینتر بکەن. ھەر کەس لەلای خۆی دەستی خێر بۆ ئەم پڕۆژە جوانە درێژ بکات، کە خزمەتی ھەموومان دەکات.
د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف، لەسەر ئیدیۆم، دەبێژێت: ((ئیدیۆم دەربرە و پێکھاتەیێکی تایبەت و ئاڵۆزە لە بەیکگرتنی ھەندێک وشە و واتایێکی تایبەت پەیدا دەبێت کە لە مانا لە وشەکە نزیک دەبێتەوە. (١))) جا ئیدیۆمەکان، ئەگەر پەیڤێک بێ، گرێیێک، یان ڕستەیەکی جوان و بچووک و کورت و پوخت بێ. زۆر جار ئەو وتەیە، لە شێوەیی ئیدیۆم خۆی دەردەخات، وەک ڕستەیێکی ئیدیۆمی. جا ئەم دەربرینە کەسێک ئاڕاستەی کەسێکی دیکە دەکات، بۆ ئەوەی مەبەستێکی تر بە بەرانبەر بگەینێت. ھەر لە پێناسەی ئیدیۆمدا، (د. نەسرین)، دەڵێت: ((ئەوەیە کە ڕاستە و ڕاست ناوی شتێک نەبەیت، بەڵکوو ناوی شتێکی تر ببەیت کە پەیوەندیی بە مانای یەکەمەوە ھەبێت، بۆ ئەوەی پیاو لە مانا باسکراوەکە بۆ مانا مەبەستە ھێما بۆ کراوەکە بچێ… (٢)))
لە پێناسەیێکی ئاسان، زیاتر تێگەیشتن و زانیین، (عەبدولوەھاب کانەبی شەریف)، لەم بارەیەوە، دەڵێت: ((لە ئیدیۆمدا وشەیەک چەند وشەیەک یان ڕستەیەک، دوو مانا دەبەخشێ، یەکەمیان مانای ڕاستەقینەی خۆی، دووەمیان مانای (مەجازی) کە پێی دەڵێن ئیدیۆم. بۆ نموونە (کەر)، واتە: ١. ئاژەڵێکە. ٢. واتای بێ عەقڵی بەکاردێت. ئەمە دەبێتە ئیدیۆم. مەبەستمان مانا ڕاستەقینەکە نییە، بەڵکو بۆ سەلماندنی قسەیێک و کار و کردەویێک بە مانای مەجازی بەکاری دەھێنین…(٣))) مەرج نییە، ھەموو پەندێکیش بخەینە خانەی ئیدیۆم، ھەموو ئیدیۆمێکیش بە پەند لە قەڵەم بدەین. لەسەر ڕستەی ئیدیۆمی و پەند، ڕا و بۆچوونی زۆر لە خۆ ھەڵدەگرێت و لێکۆڵەران قسەیان بۆ ئەم جۆرە ڕستەیە ھەیە. ((ھەندەک قسە ھەنە لە ناو کوردەواری ھەر چەندە پەند نیینە، بەڵام لە پەند کەمتر نینە. ھەر قسە و لە کات و ساتی خۆی دەکرێت ھەر قسەیێک جێگا و ڕێگای تایبەتی خۆی ھەیە، ھەندەک ھەنە بۆ پێکەنین ھەیە بۆ تووڕەبوون ھەیە، ئامۆژگاریی ئەو قسە خۆشانەی لە ناو کۆڕ و کۆمەڵ دەکرێن، ھەریەکەی ئامانجی خۆیان ھەنە … (٤))) ڕەنگە مەبەستی ئێمەش ئەوە نەبێت ئیدیۆمەکان لە ڕووی پێکھاتە و دروستبوون و ئەو خەسڵەتانەی، کە ئیدیۆم لە خۆی دەگرێت، باسبکەین، بەڵکو دەمانەوێت وەک خوێنەرێک، ئاوڕ لەو کتێبە بدەینەوە، (ئیدیۆم لە ڕواندزێ و دەوروبەری(٥))، کە مەبەستی ئێمەیە. دوای خوێندنەوە و دڵخۆشبوون بە ھەبوونی ئەو جۆرە کتێبە. لێرەدا چەند سەرنج و تێبیینی خۆم، دەخەمە ڕوو، بە ئومێدی ئەوەی سوودبەخش بێت و جێگای خۆی بگرێت.
یەکەم: دەبوایە ناونیشانەکەی، پەند و ئیدیۆم لە ڕواندز و دەوروبەری بوایە، چونکە بەشی زۆری ئەم کتێبە پەندە یان ئیدیۆمی ڕستەیین، بە نووسینی ئەم وشەیە، دەبووە ناونیشانێکی دروست بۆ کتێبەکە. ناونیشانی سەر بەرگەکەی (ئیدیۆم لە
رواندزێ
و دەوروبەری) نوسراوە. وەکوو لاپەڕەی یەکەم و پێناسەی کتێبەکە بە دروستی نووسراوە. ڕواندزێ و دەوروبەری بەیەکەو بنووسرێت, لە بەرگەکە ( و دەوربەری). پێویست ناکات بەو شێوەیە بنووسرێت.
دووەم: دەبوایە سەرجەم پەندەکان بە ڕێزبەندی ئەبجەدی، بە پێی پیتەکان ڕیزکرابانە، وەکوو وشەکانی ناو فەرھەنگ. بۆ نموونە، ئەگەر لە ئیدیۆمی (ئاھیان نییە)، دەبوایە لە پیتی(ئ) بنووسرابایە، ئێستا دەبێ ھەموو پەرتووکەکە بگەڕیێت تا دەیدۆزیەوە، ئەم شێوازە ئاسانکاری بۆ خوێنەر دروست دەکات و یاسایێکی فەرھەنگیشە، دەکرا لەم کتێبەش پەندەکان و ئیدیۆمەکان لە یەکتر جیا بکرابانەوە. چونکە ھەموو پەندێک، ئیدیۆم نییە و ھەموو ئیدیۆمێکیش پەند نییە. نموونە: (کەری دێزە، چاولەدەر، کونەسە، چڕدۆ، حیزی حیلەی، … ھتد،) ئەمانە ئیدیۆمن، زۆر بە ئاسانی دەتواندرێت لە پەندەکان جیابکرێنەوە، پەندەکانیش دیارن.
سێیەم: ھەندێک ئیدیۆم و پەند، شێوەی شیعریان ھەیە، وەزن و قافیەیە، دەبێت وەکوو خۆی بنووسرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە، بە ئاسانی لەبەر بکرێت. بۆ نموونە:
پەندی١٠٤. دەڵێت: (ھەتا سەر بژی، قون عاجباتیا ئەبینی)، ڕاستەیەکەی: (تا سەر بمینێ، قوون عاجباتیا ئەبینێ).
پەندی١٧٠. دەڵێت: (در مێشە لە گوش ھەرەنیشی) ڕاستییەکەی: (در وەکی مێشێ، لە گوش ھەرەنیشێ). لە ڕووی واتاوە وەکوو یەکە، تەنھا ئاوازەکەی جیایە.
پەندی٢٠٣. دەڵێت: (مەیمون بەخۆ لە خۆ نەبوو، خوریکەشی لێ ھاتن)، ڕاستیەکەی: (مەیمون بە خۆ نەبوو، خۆریکەشی لێ ھاتبوو).
پەندی٢٢٩. دەڵێت: (فەقیر لۆ فەقیرە، با ھەر برنج بەشیری بخوات)، ڕاستیەکەی (فەقیر لۆ چی فەقیرە، با بخوات برنج بەشیرا). ھەریر و باتاس برنجیان لێ دەچاند و خەڵکی گوندەکانی دەوروبەریش ھەژاربوون. کاتێ ھاتنە لای خانزادی میری سۆران، ئەو قسەیەی بە خەڵکە ھەژارەکەی وتووە، وایزانیووە، وەکوو خەڵکی ھەریر و باتاس، برنجیان زۆرە و شیری حەیوانیشان ھەیە، با ھەر برنج بەشیری بخۆن. برنج بەشیر: خواردنێکی فۆلکلۆرییە.
پەندی٢٨٢. دەڵێت: (قالب مێشی دەنگ گامێش)، ڕاستیەکەی (لە قالبی مێشە، لە دەنگێ گامێشە).
پەندی ٣٧١. دەڵێت: (مەگەڕێن لە کەکاڤارا، ھەون لە چەقەرا)، ڕاستیەکەی (ڕامەمینێن لەڕەقەرا، یان (کەفەڕا_ کەفەڵ)، . وز ھەوە لە چەقەڕا).
زۆر پەندی تری تێدایە، ئەوە لە مانا و ناوەرۆکی پەندەکە کەم ناکاتەوە، بەڵام ئاوازی شیعری و کێش و سەروا بە پەندەکە دەبەخشێت، ئەمە ڕاستییەکەیە.
چوارەم: بەڕای خۆم ھەندێکیان نووسراون، ئەمە لە ڕاستیدا نە پەندن و نە ئیدیۆمن، بەڵکو قسەی ئاسایین و کەسێک لە گوندێک یان دانیشتنێک وای وتووە، یان مێژوویان زۆر دوور نییە، بۆ نموونە:
پەندی٢١٣. دەڵێت: (ئەرێی میسریە). ئەو قسەیە لە ھەشتایەکان پەیدابوو لە ڕواندزێ، کرێکارە میسریەکان زۆر کاسب بوون و دەھاتنە ڕواندز و ھەموو کارێکیان دەکرد. ئەمە لە نێو گوندەکان بە گاڵتە بە خەڵکی گوندی (سەران)یان دەوت: میسری! واتە کاسب و خاوەن کاری جوان و ڕێک و پێک.
پەندی: ٣١٩. دەڵێت: (ھەی پەکت خۆن). پارتی کرێکارانی کوردستان، لە دوای ڕاپەڕین لە دەڤەری ئێمە ھەبوون و لەشەڕی براکوژیش لە دەوروبەری ڕواندزی لە ١٩٩٣ بەسەرەوە، لە گوندەکانی ڕواندزی جموجۆلیان پەیدابوو. ڕاستییەکەی، ئەو قسەیە ھی مام قادۆی فەقیانەییە! کە پیاوێکی قسە خۆش بوو، بە گاڵتە ئەم قسەیەی کردووە.
پەندی٥١٧. دەڵێت: (ئەڵێی نەوەی پیرەخانێیە). پیرەخان: نەنکی منە و ناوی خانم جبرائیل (١٩٢٧_٢٠٠٣) بووە و لەو ساڵانە ئەمری خوای کردووە، ڕاستە ئەو مامانێکی چالاک و ژنێکی ئازا و دەستوبرد و بەکارە بووە. منیش شانازی بەو ئافرەتە دەکەم و خەڵک باسی سیفەتە جوانەکانی دەکەن. منداڵەکانیشی ناسراون، بە تایبەتی کوڕی گەورەی، وەستا جبرائیل. بەڵام ئەمەش نابێتە ئیدیۆم، ڕەنگە تەنھا لە ئاکۆیان بەکارھاتبێت، ئەویش زیاتر وەک و توانج تێگرتن و گاڵتە پێکردن بەکاردێت بۆ نەوەکانی ئەو!
پەندی ٣٠٧. دەڵێت: (سەرم بەخۆ سوڕاوە)، ڕووداوەکەتان نووسیوە، بەڵام ئەمە ئیدیۆم نییە، کەسێک لە ترسان ئەو قسەیەی کردووە، بەڵام کێ ئەو قسەیە بەکاردەھێنێت. ڕەنگە ئەم جۆرە قسانە زۆر بن، کەس ناڵێت.
پەندی ٩٣٩. دەڵێت: (بەرمیلی ھێنا سرەی)، ھەر لە قسەیەکی تەنز دەچێت. نەوت دابەشکردن و بەرمیل ڕیز کردنیش ھەر ئەم ساڵانە پەیدابووە.
پەندی ٩٥٥. دەڵێت: (ھەر کەس لە جێی خۆی)، دیارە ئەم ڕووداوە بە پێی نووسینی ئێوە، لە گوندی ئاکۆیان ڕوویداوە، پێش ساڵی ١٩٧٤. ئەمە نابێتە ئیدیۆم، ئەمە قسەیەکی خۆشە یەک لە شاییکەرەکە وای وتووە و ژنی لە دەست بووە. خۆتان دەزانن لە دەڤەری ئێمە خەڵکی ڕواندز و گوندەکانی حەزیان لە گاڵتە و قسەی خۆشە. وشە و ڕستەی تەنز و ناو و ناتۆرەی سەیر بە یەکتر دەڵێن، تەنانەت جنێودانیش کەلتوورێکی باوە. وەکوو قسەی (ڕواندزی کفتە دزی)، (ھەولێری بە مریشکە کورکێ نەویری). ئەمانە ناچێنە خانەی ئیدیۆم. بەڵام ئیدیۆمیش ھەیە تەنز و پێکەنیناوییە.
پێنجەم: ڕاستکردنەوەی چەند ئیدیۆم و پەندێک:
لە پەندی ٥٤. دەڵێت: (مار لە خۆنەبوو، میوانیش ھاتن)، ڕاستیەکەی (مار لە خۆ نەبوو، میوانیش سەربار).
لە پەندی ٢١٦. دەڵێت: (چێردۆشین و قەسکوان خواردن نەگۆترایە)، ڕاستیەکەی (چیردۆشین و قەسکوان کرۆشتن نەگۆترایە). قەسکوان دەکرۆشترێت ئەوجا دەخورێت.
لە پەندی ١٠١دەڵێت: (ژن ھەندووە، مێرد لە دووە)، ڕاستیەکەی (مێرد ھەندووە، ژن لە دووە).
لە پەندی٩٤. دەڵێت: (ئەوەی گەڕا درا) ئەمە تەنھا بۆ کیژەکی گەڕۆک بەکاردێت، نەک منداڵ و ئافرەت. زیاتر بۆ ئەوانەی پەردەی کچینیان ھەیە و ھێشتا ھەر کچن و شوویان نەکردووە، ئەگەر زۆر بگەرێن ڕەنگە تووشی ڕووداوی دەستدرێژی و شتی وا بن.
پەندی ١٢٩ دەڵێت: (خوا تا سەرا نەبینێ بەفرێ ناوێتی)، پەندەکە دروستە، بەڵام لە خوارەوە وشەی سەران ھاتووە، گوندێکە سەر بە قەزای ڕواندزە، لێرە مەبەستی گوندی سەران نییە، ئەم وتەیە لە بادینانیش ھەیە، واتە خوا تا سەری مرۆڤ و بارودۆخی کەسەکەی نەبینێت، تووشی ئەو بارودۆحە نەخوازراوە نایێت. خوا ھیچ کارێک بێ ھۆکار ناکات وەک خۆتان نووسیوە.
پەندی ٤١٧. دەڵێت: (ئەرێی عرووسە)، مەبەست کەسانی سوور و سپی و جوانە، بە تایبەتی ئافرەت، من بەم لێکدانەوەیە ناڵێم ھەڵەیە، بەڵام ڕاستییەکەی، بۆ کەسی بێدین و زۆردار و بێویژدان بەکاردێت، چونکە لە جەنگی یەکەمی جیھانی یەکەم، لە ساڵی ١٩١٦ عرووسەکان (ڕووسەکان)، کوشتار و خوێنڕشتنێکی زۆریان لە ڕواندز کردووە، ئەو پەندە لەو کوشتن و کۆشتارییە ھاتووە!
پەندی ٥٣٧. دەڵێت: (خۆ مارێ ئەحمەد قەدۆی نییە)، ئەم پەندە ڕاستیەکەی ئەوھایە: (خۆ ئەحمەد قەدۆی موسڵێ نیم).
لە پەڕاوێز نوسراوە: ئەحمەد قەدۆ دەوڵەمەندێکی خەڵکی ڕواندز بووە. ئەگەر بڕوانینە ڕاستی پەندەکە دەردەکەوێت، کوردە وخەڵکی موسڵە و کەسێکی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتی موسڵ بوو. ناوی محەمەد عەبدولقادر بووە، خانەی ئەحمەد قەدۆی لە موسڵ بەناوبانگ بووە و مزگەوتێکیشان بنیات ناوە و لەشەڕی داعش، بەداخەوە تەقێندراوە. گویە یەکەم ترومبێلیش ئەوان ھێناویانەتە موسڵ!(٦)
خاڵێکی تر، وشەی قەدۆ لەنێو ڕواندزییەکان نییە، لە سلێمانی، کورتکراوەی قادر (قاڵە)یە و لە ڕواندزێ (قادۆ)یە، لە لای موسڵ و برا شەبەکەکان (قەدۆ)یە.
لە پەندی ٥٤٠. دەڵێت: (شێتیان کرد و بە شێتیشیان باکردێ)، پەندێکیش ھەیە، لە ڕاستیەکەی، ئەو زیاتر بەکاردێت، دەڵێت: (کەریان پێگا و بانگیشان لێ ڕاھاوێشت).
پەندی٦٨٥. دەڵێت: (ئەرێی لە ھەندوات ڕەبا دایە)، ئێوە نووسیوتانە: (ئەنجامی کارێکی جوانە لە لایەن کەسێک، دەبێتە ھۆی سەرنجڕاکێشانی ئەوانی تر، کە لایان چاوەڕوان نەکراو بووە، بۆیە باوەڕی پێ ناکەن و بۆ کەسی تر دەگێڕنەوە). ڕاستیی ئەم پەندە، بە کەسێک دەوترێت: چەقۆ یان داسولکە و داسی تیژ بێت، لە تیژیان موو بکات، ئەمەی پێدەڵێن!
لە پەندی١٤٣. دەڵێت: (ماری لە بنەی ھەریرە، جەم جەمەی نان و شیرە، ئەوی قامکانی…ە.)
ئەمە دەمەتەقێیەکە لە نێوان کوڕە شوانێک و بێریێک لە کاتی کوێستان و گەرمیان لە شوێنێک بە یەک دەگەن، مەڕ و ماڵاتەکەیان بەیەک دەگەن و تێکەڵاو دەبن. بە قسەی (حاجی ساڵح حەسەن ئاکۆیی) بێت کە بەشی زۆری تەمەنی خۆی بە شوانی بردۆتە سەر، ئەو بەسەرھاتە لە گەردەگەردێ ڕواندزێ بووە.
کوڕە شوانەکە، کیژێک دەبینێت و بەم شێوەیە دەڵێت:
مارم لە بنەی ھەریرە
جەم جەمەم نان و شیرە
ئەوەم قاتۆری . یرە
کورەکە ئاماژە بۆ دەستی ڕاست دەکات و نیشانەی کیژەکە دەدات. کیژەکەش یەکسەر بە تەنز، وەڵامی کوڕە شوانەکە دەداتەوە:
مارم لە بنەی ڕواندزە
جەم جەمەم نان و گۆرمزە
ئەوەم قاتۆری . وزە
ئەویش پەنجەکانی ھەردوو دەستی بە شێوەی بازنەی پێشیانی شوانەکە دەدات.
ئەو کوڕو کیژە، ھی ڕەوەندەکانی ھەریر و ئەو دەڤەرە بووینە، کە کۆچیان دەکرد، ھەواریان لە گەردەگەرد و بێرۆ و ڕووباری کاولۆکان ھەڵدەدا، وەکوو پشووێک دوای سەردەکەوتن. ساڵانە ڕەوەندەکان کوێستان و گەرمیانیان دەکردن، ئەمە ئەو بەلۆرەیە بووە ھیچ لەگەڵ ئیدیۆمەکە و شرۆڤەکردنی ئێوە ناھێتەوە. ئەو جۆرە دەمەتەقێیانە لە نێوان، کوڕ و کچ لە شیعری فۆلکلۆری کوردی زۆرە و جنێو و تەنزیشی تێدایە.
پەندی٦٦. دەڵێت: (خۆ زەویێ لەعلی خانێ نییە). ڕاستییەکەی: (خۆ میراتێ لە علی خانێ نییە). چونکە (عەبدوڵڵا پاشا)، ھەموو میرات و سامان و زەوییەکانی دەشتی دیانا و ھەریری، بۆ (سەعید بەگی) بەجێ ھێشتن، کە ئەویش کوژرا، ھەمووی بۆ ئیسماعیل بەگی تاقانە مایەوە، کاتێ ئەویش تیرۆر کرا، بۆ لەعلی خانێ و مستەفا ئاغا و ئەوانە بەجێ ماوە. حکوومەتیش دەستی بەسەر ھەندێکی داگرت و زوو زووش ھەندێک کەس پەیدا دەبن و داوای ئەو بەشە میراتە دەکەن.
پەندی٤٩٢. دەڵێت: (کلی لە چاوێ مرۆیا کاتۆ) ڕاستییەکەی: (کلی لە چاوێ مردیا ئەکاتۆ).
لە پەندی١٢٤. دەڵێت: (ێەی خۆ لێ بدات، ئاوەگرە بیت)، لە پەندی ٥٢٣. دەڵێت: (ێەی ھار)، لە پەندی ٧٣٧. دەڵێت: (سەگ ساحێبی خۆ نەناسیتۆ)، لە پەندی ٧٩٣. (کونە ێە)، لە پەندی ٦٥٩. دەڵێت: (ھێسکا بشکێنن گو کسۆکی تێدانە). من تەنھا قسە لە سەر وشەی (ێە، سەگ، کسۆک) دەکەم. ڕواندزی وشەی (سەگ) بەکار ناھێنن، وشەی (کسۆک) یان (سە) نەک (ێە)، نازانم بۆچی بە (ێ) عەربییتان نووسیوە، ((لە کوردیدا پێویست بە بەکارھێنانی (ێ) نییە، ئەگەرچی لە ھەندێ وشەی کوردیش وەک ئاخاوتن ھەبێت، وەکوو: ێباح و ێوبحی و ێاڵح و پاێ و چۆندە… لە دەربڕیندا لە ھەندێک وشەدا دەنگی (س) بووە (ێ)، وەکوو: ێۆدە و ێەگ و ێەڵتەنەت و ێەڵەتە و ێوڵتان و ێاڵ… پێویستە ھەموو ئەوانە، وەکوو(س) بنووسرێن و وەکوو ئەلەفۆنی دەنگی (س) مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.(٧))) خو ئەگەر بڵێین (سە) کێشە نییە. لە ساغکردنەوەی وشەکان زۆر جار ئەو کەسەی دەڵێت وشەکان دەگۆرن، یان بە شێوەی زمانی نووسین دەڵێن.
لە پەندی ٣١٢. دەڵێت: (ژنێ ئەگە مێرد بەدرێ نەبی، قونێ لە بە نانی دینی و ئەبا) و لە پەندی دواتر دەڵێت: (ئەگەر پیاو ھەنجەتی بە ژنێ گرت، ئەرێ لە بەر نانی قونا داوێی). ئەو دوو پەندە پێچەوانەی یەکن و جارێک بۆ ھەنجەتی پیاو، جارێک بۆ ھەنجەتی ژن، من ناڵێم، ئەوی ھی ئێوە ھەڵەیە، لە پەندی دووەم (لە بەر نانی قونا داوێی). بۆ زانییاری قوون ناھاویشترێت، بەڵکوو بادەدرێت, زیاتر ئەوەی من بیستوومە و ئەوەیە: (خەسوێ کەیف بە بووکێ نەدەھات، دەیگۆ قوونا لەبەر نانی بادەدا). ئەم پەندە ڕەنگە بۆ ھەردووکی سەرەووە گونجاوتر بێت.
زۆر پەندی تر ھەیە لە ڕووی نووسینەوە یان لە ڕووی لێکدانەوەی ماناکانیان کەموکورتی تێدایە.
شەشەم: لە دوا لاپەڕەی کتێبەکە نوسراوە: (جەواد محەمەد نەورۆز، لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٣) ڕاستیەکەی: (جەواد ساڵح نەورۆزە، باوکی ناوی محەمەد نییە، ساڵی لە دایکبوونی بریتییە لە ١٩٥٧)(٨).
حەوتەم: ئەو وشانە دەبێت لێکدراو بن، نەک بە جیا بنووسرێن، یان بۆشایی لە نێوانیاندا ھەبێت:
شیر پیس : شیرپیس
دەست دۆ: دەستدۆ
لاق تیرۆک: لاقتیرۆک
چاومەلە بۆق: چاو بەلە بۆق، نەک مەلە بۆق!
پشیلەی حەفت ڕۆح: پشیلەی حەفتڕۆح
ڕدێن جوو: ڕدێنجوو
بنە پیتۆر: بنەپیتۆر
کەپ زورنا: کەپزوڕنا
پێ ڕەش: پێڕەش
وەجاغ کۆر: وەجاغکۆر
بابان کۆر: بابانکۆر
قوون فرە: قوونفرە
کدو شامی : کدوشامی
قوونکە جێسک: قوونکەجێسک
بێ ودم: بێودم
پێ حەبەش: پێحەبەش
پێ پان: پێپان
داوێن پیس: داوێنپیس
زۆر وشەی تریش بەم شێوەیە بەرچاو دەکەون و لە ئیدیۆمەکانیش زۆر وشە پێکەوە نووساون.
ھەشتەم: پەندی ٢٩٥ و ٣٩٦ دووبارەیە (بووە گێرەی ئۆمەرە کۆری).
نۆیەم: ھەندێک وشە ھەیە لە ڕووی نووسین و ھەڵەی تایپ و ھەتا خاڵبەندیش زۆر کەموکورتی تێدایە، واتە ھەڵەی ھەڵەچن و رێزمانی وخاڵبەندی. لە کاتێکدا، لە بەرگی کتێبەکە نووسراوە، سێ کەس ھەڵەچنی بۆ کردووە، یەکێکیان خۆی خاوەنی کتێبی خاڵبەندییە، لەو بارەیەوە ئەزموونی ھەیە، بۆیە نەدەکرا ئەو ھەموو ھەڵەیە ڕووبدات. لە خوارەوە ئەو وشانەم دەستنیشان کردوون، بەڵکو بۆ کتێبیی (pdf)، یان بۆ چاپی داھاتوو ھەڵەکان ڕاستبکەنەوە.
پ١٠. ھەڵە و نەنگی و ناتەوایی: لێرەدا وشەی(نەنگی) واتە شەرم، دەبوایە (لەنگی) نووسرابوایە واتە ناتەواویی.
پ ٢٩. دەخەنە دەخەڕوو: دەخەنەڕوو.
پ ٣٥. کە لە کوردیدا، ئەو (کە)یە، زیادە.
پ ٥. سروستی: سروشتی.
پ٦٥. سوپاسگوزران: سوپاسگوزارن.
پ ٦٥. پەشمانی: پەشیمانی.
پ٦٦. مراتگری: میراتگری.
پ٧٠. قەسە: قسە.
پ٩١. لە گەڵی دەڕۆن: لەگەڵی دەڕۆن. بە ھۆی لێکجیاکردنەوەی ( لە، گەڵی) ئەم ڕستەیە وەک جنێو لێھاتووە.
پ٩٢. بەڕستەوخۆ: بەڕاستەوخۆ.
پ٩٧. بە ھیچ شتێک ڕازی نین، لە نێوان دوو بژاردەشدا بە ھیچیان ڕازی نین. کە وتت بە ھیچ ڕازی نین، کەواتە ڕستەی ( لەنێوان دوو بژاردە بە ھیچیان ڕازی نین)زیادە.
پ ١١٦. ڕحەتە: ڕەحەتە.
پ١٢٠. سەرکەو توو: سەرکەوتوو.
پ١٢٦. گفتگۆی: گفتوگۆی.
پ١٤٦. پێوەر پێوەر نییە. پێوەرێک زیادە.
پ١٥٠. بەغداێش: بەغدایێش.
پ١٥٤. نا ڕحەتن : ناڕەحەتن.
پ١٥٨. ھەڵسوکەتیان: ھەڵسوکەوتیان.
پ١٧٠. پێیوانەیەکی: پێوانەیەکی.
پ١٧٦. ھاتەووە: ھاتووە.
پ١٧٧. بارامبەر: بەرامبەر، بەرانبەر.
پ١٩١. قازانیان: قازانجیان.
پ١٩٢. ناگونێن: ناگونجێن.
پ٢٠٥. ھەڵسووکەوت: ھەڵسوکەوت.
پ٢٢٠. بزنی گڕ و: بزنی گڕوو.
پ٢٢١. پێی ئەویش پێی دەڵێت: وشەی (پێی)ی یەکەم زیادە.
پ٢٢٧. کارکردن زۆر کەسێک: کارکردنی زۆری کەسێک.
پ٢٢٨. دوایان: داوایان.
پ٢٤٩. خواردێک: خواردنێک.
پ٢٥٢. لە دەنیشتن و کوڕ: لە دانیشتن و کۆڕ.
پ٢٥٥. ھەڵدژبێرێت: ھەڵدەبژێرێت.
پ٢٦٢. ناھێڵنێنەوە: ناھێڵنەوە.
پ٢٨٥. ئامۆژژگارییە: ئامۆژگارییە.
پ٢٩٣. دەوسڕێن: دەسوڕێن.
پ٣٠٠. سوژن: سووژن. لە پەندی ٥٩٠. سووژن: سوژن. ئەگەر چی ئەم کێشەیە، ھی دوو (وو) ڕووبەڕووی زۆربەمان دەبێتەو. بە ڕای خۆم بۆ ھەندێک وشە لە ڕووی واتاوە کێشە دروست ناکات، وەکوو(سوژن و سووژن)، بەڵام بۆ ھەندێکی تر ھەڵەی مانای لێدەکەوێتەوە. لەم کتێبە، ئەم وشانەش بەرچاو دەکەون. وەکوو: (شو: شوو، قوت: قووت، توڕە، تووڕە، قون: قوون … ھتد.) ماناکەیان دەگۆڕێت بە ھۆی زیاد و کەمی پیتێک.
پ٣١٢. نزیی یەکترن: نزیکی یەکترن.
پ٣١٨. زیادەڕوەییە: زیادەڕەوییە.
پ٣٤١. ئەو کەسانەی کە لە کاتی خۆی، (کە) زیادە.
پ٣٤٣. تفتی ناو دەمیان: تفی ناو دەمیان. بڕوانە (تفت و تف)، چەن مانای وشەکەی گۆڕیووە.
پ٣٥١. ڕووحگەورەیی: ڕۆحگەورەیی، ڕوحگەورەیی.
ھاتە ھاتێ بەرازی: ھاتە ھاتێ بەزاری.
پ٣٦١. بەرژەوندی: بەرژەوەندی.
پ٣٦٥. برینج: برنج.
پ٣٦٥. کەرێ یان: کەرێیان.
پ٣٧٧. زانروە: زانراوە.
پ٤٠٠. ئەکسانە: ئەو کەسانە.
پ٤١٩. کە کەتونەتە: کەوتونەتە.
ڕیبواران: ڕێبواران.
پ٤٣١. ھەلۆسکەوت: ھەڵسوکەوت.
مامەڵ: مامەڵە.
پ٤٣٦. بۆ ئاوو: بۆ ئاو.
پ٤٤٢. ساحبە: ساحێبە.
پ٤٤٧. دەیبنی: دەیبینی.
پ٤٥٢. دوست: دۆست.
پ٤٦٢. داچروو: دارچروو.
پ٤٦٨. ئاڕەستە: ئاڕاستە.
پ٤٧٢. دەوڵمەند: دەوڵەمەند.
پ٤٧٥. پیاوتیان: پیاوەتیان.
ھێلە: ھێلکە.
پ٥٧٤. کونە فرە: قوون فرە.
پ٥٨٣. کەسێکەکەدا: کەسێکدا.
پ٥٨٥. دەربڕنی: دەربڕینی.
پ٦٠٢. بە ئاڕاستە: بەو ئاڕاستە.
کە کەسەکە: (کە) زیادە.
کاریگەریگەر ترە: کاریگەرترە.
پ٦٠٥. تووش: تووشی.
پ٦٠٧. ئامەژەیە: ئاماژەیە.
پ٦٠٨. گونھات دەگات: گوناھت دەگاتێ.
پ٦١٧. ھەل و دەرفتەێک: ھەڵ و دەرفەتێک.
پ٦٢١. نە بارن: نە باران.
پ٦٢٤. بەرنبەر: بەرامبەر. وشەی (بەرانبەر) دروسترە!
پ٦٤٠. قەڵە و : قەڵەو.
پ٦٤٢. کەتۆتە: کەوتۆتە.
پ٦٦٧. توانانی: توانای.
پ٦٧٧. شەیان: شەیتان.
پ٦٧٧. سستت: سست.
پ٦٨٦. ئەستمە: ئەستەمە.
پ٦٩٩. دەسکەتێکیان: دەستکەوتێکیان.
پ٧٢٤. بەڵنیان: بەڵێنیان.
پ٧٣٥. بزمان: ڕەنگە مەبەستی بزمار بێ، لەگەڵ قافیە پەندەکەش دێتەوە!
پ٧٩٠. چاو مەلە بۆق: چاو بەلەبۆق. بەل: مانای فرە و گەورە. مەبەستی مەلەبۆق نییە، کە جۆرێکە لە مەلەوانی!
پ٨٠٧. بێسەرووبەر: بێسەروبەر.
پ٨٠٩. قۆڵ: مانای قۆڵی کراس دێت، باسک. نەوەک کە ئێوە نووسیوتانە بۆ قۆڵایی. قووڵ: واتە قۆڵایی.
پ٨١٩. زەیا: زەلیل.
پ٨٤٥. قزەون: قیزەوەن.
پ٨٥٧. نانی ئیللەلڵایێی، نانی ئیلاھییێ. ئیلایێ.
پ٨٦٩. لەناو خەڵیدا: لەناو خەڵکی دا.
پ٨٧٩. لەو قورشیەی: لەو قوڕەی.
پ٩٢١. سە بە بەڵا: سەر بەبەڵا.
پ٩٥٥. قازانێکیان: قازانجێکیان.
پ٩٧٢. گفتە: کفتە.
پ٩٧٦. ھوڵدەقورتێنن: ھەڵدەقورتێنن.
پ٩٩٢. نا ڕکییە: ناڕێکییە.

دەیەم: ھەڵەی پەڕاوێزوکان
سماسل: سمایل ل١٧.
ئەسعد حدۆ: ئەسعەد عەدۆ.
(لەعلی خان لە دوای مردنی کوڕە تاقانەکەی خۆشی بۆ ماوەیەکی کەم، کۆچی دوایی کرد.) لەعلیخان لە ساڵی ١٩٦٨ کۆچی دوایی کردووە، ماوەیێکی زۆرە، (٣٥)ساڵ دەکات. ئەم ماوەیەش کەم نییە بەقەد تەمەنی کوڕەکەیەتی.
پێی ە وەی: بێئەوەی، ل٢١.
گوزە: گۆزە، ل٢٧.
تەڵاْ قێ: تەڵاقی، ل٧٠.
کەرترینی: کەرتڕینێ.
ھەوارزی کەرترٍینێ: ھەروازی کەرترینێ. ل١٣٥.
ئ ا کۆیان: ئاکۆیان. ل١٥١.
ناحیەی وەتێی: ناحیەی وەرتێی. ل١٥٦
ڕەنگە زۆر وشە و گڕێ و شتی تر ھەبێت، ھەڵەی تێکەوتووە، من ھەر ئەوەندەم دەستنیانکردووە.

سەرچاوەکان:
١. ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا، جەلال مەحمود عەلی، بەغدا، ١٩٨٢، ل١٦.
٢. ھەمان سەرچاوە پێشوو. ل١٦
٣. فەرھەنگی ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا، عەبدولوەھاب کانەبی شەریف، سلێمانی، ٢٠٠٥، ل٥.
٤. پەندی کوردی، حەمید ڕەشاش، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، ھەولێر، ٢٠٢٠، ل٧.
٥. ئیدیۆم لە ڕواندزێ و دەوروبەری، ھەڵمەت بایز، ڕێبوار عەبدوڵڵا، ھێمن ڕەقیب، بەرگی یەکەم، سەنتەری ھەندرێن بۆ زمان و توێژینەوەی کەلتووری، چاپی یەکەم، ٢٠٢٠.
٦. حەمەد قەدۆی موسڵ، داناز عەبولڕەحمان، دیپلۆماتیک مەگەزێن، ١٢/١/ ٢٠١٩.
٧. ڕێنووسی خاڵبەندی، د. ھەڵمەت بایز، سەنتەری ھەندرێن بۆ زمان و توێژینەوەی کەلتووری/ زانکۆی سۆران، ٢٠٢٠، ل٢١_٢٢.
٨. وەستا ڕەجەب چەکسازی بلیمەت. جەواد ساڵح نەورۆز، ساڵی یەکەم، ٢٠١٨، ل ٢٦٣.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.