سەرەتا / ئەدەب / کتێبی_شیعری دوای ڕاپەڕین وچەند سەرنجێک

کتێبی_شیعری دوای ڕاپەڕین وچەند سەرنجێک

سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان ڕاپەڕین، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو لە ژیانی ئێمەدا.کە تیایدا کۆتایی بەو ستەمە سیاسی و نەتەوەییە ھێنا، کە ساڵانێکی زۆربوو ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بەرامبەر بە کورد پەیڕەویان دەکرد.بۆیە کە باسی دوای ڕاپەڕین دەکەین، ئەوا بەرقۆناغێکی جیاواز لە ھەموو ڕووێکەوە دەکەوین، کە دابڕانێکی مێژوویی و فەرھەنگی و ژیارییە، لە قۆناغەکانی پێشووتر.دوای ڕاپەڕین ھەر تەنھا ڕەھەندێکی مێژوویی و سیاسی نییە، بەڵکو کولتووری و فەرھەنگیشی ھەیە. بۆیە دەکرێ بپرسین کامانەن ئەو سیما ئەدەبی و کولتوورییانەی دوای ڕاپەرین، کە کۆمەڵگەی کوردی پێ دەناسرێتەوە؟ ئەدەبی دوای ڕاپەڕین، بە ھەموو ژانرەکانییە لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە، بە چی جیا دەکرێتەوە لە ئەدەبی قۆناغەکانی دیکە.بۆنموونە: کە باسی ڕوانگە دەکەین، دەزانین مەبەست لە سەرەتای ھەفتاکانی سەدەی ڕابردووە، کە باسی سیبمولگەرایی و قۆناغی تەلیعییەکان دەکەین، ئەوا دیارە کە مەبەستمان شیعری سەرەتای ھەشتاکانە. بەڵام کە باسی ئەدەب یان شیعری دوای ڕاپەڕین دەکەین، ئەوا تا ڕادەیەک ئێمە لە بەردەم ناسینەوەی قۆناغ و چەمکێکی ئاڵۆزداین. ئەمە وێرای ئەوەی کە دەبێ ھەموو ئەو سیما ھونەرییانە دیاری بکەین کە ئەو قۆناغەی پێ دەناسرێتەوە. بۆیە یەکێک لەو گرفتانەی لە ناسینەوە و ڕاڤەکردنی ئەو قۆناغە ڕووبەڕووی دەبینەوە ئەوەیە، کە مەبەستمان لە شیعرەکانی دوای ڕاپەڕین چییە. کام قۆناغ و مێژوومان مەبەستە. چونکە زەمەنی دوای ڕاپەڕین، نزیک دەبێتەوە لە سێ دەیە، واتا سی ساڵ. ئەگەر ھەریەک لەو دەیانە، بخەینە نێو کۆنتێکسێکی مێژووییەوە، ئەوا ئێمە لە بەردەم سێ قۆناغی جیاوازداین. دەیەی یەکەم ساڵانی نێوان(١٩٩١-٢٠٠١)دەگرێتەوە. دەیەی دووەم دەکەوێتە نێوان ساڵانی(٢٠٠١_٢٠١١) دەیەی سێیەمیش، ساڵانی نێوان(٢٠١١ تاکو ئێستا ٢٠١٩دەگرێتەوە). کەواتە شیعری دوای ڕاپەڕین، بە تەنھا شوناسەکەی لە قۆناغێک و زەمەنێکی دیاریکراودا بەرجەستە نابێت.ھاوکات لە ھەریەک لەو قۆناغانە، کۆمەڵێک شاعیرو دەقی شیعری دەرکەوتوون کە دەبێ لە ئاستی فۆڕم و ناوەڕۆکدا، لە یەکتریان جیابکەینەوە. شیعری دوای ڕاپەڕین، دەستەواژەیەکی ئەدەبی گشتگیرە. واتە ئەو شیعرانەی دوای ڕاپەڕین نووسراون، کەواتە ئەو شیعرانە، دەقی ئەو شاعیرانەش دەگرێتەوە کە شاعیری بەرلە ڕاپەڕینن بەڵام شیعری دوای ڕاپەڕینیان ھەیە. ھەرچی شاعیرانی دوای ڕاپەڕینە،ئەوا مەبەستەکە ڕوون و دیارە، کە ئەو شاعیرانە دەگرێتەوە، کە دەرکەوتە و بەرھەمی زەمەنی دوای ڕاپەڕینن.بۆیە گرنگە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە شیعری ھەر قۆناعێکدا، پۆڵینبەندییەکی مێژوویی و زەمەنی بکەین، بۆ ئەوەی ببێتە دەروازەیەک بۆ ناسینەوەی ئەدگارە شیعرییەکانی ئەو قۆناغە.کتێبی(شیعری دوای ڕاپەڕین) ناونیشانی کتێبێکی (ئەحمەدی مەلا)یە و لە بارەی شیعری دوای ڕاپەڕینەوە نووسراوە. یەکێک لەو پرسیارانەی خوێنەر بەرلە خوێنەوەی کتێبەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەوەیە، کە مەبەست کام شیعرە لە دوای ڕاپەڕین. چونکە وەک باسمان کرد، ڕاپەڕین نزیک دەبێتەوە لە سێ دەیە، ئاخۆ لە ماوەی ئەو سێ دەیەدا، شیعری دوای ڕاپەڕین، ھەموویان لە ڕووی ناوەڕۆک و گوتارو ئەزموونی شاعیرانەوە، ھاوشێوە و وەک یەکترین؟ یان لە ھەر قۆناغێک لەو قۆناغانە، ئێمە بەر شیعری جیاوازو دەقێکی تر دەکەوین.ئایا شیعری سەرەتای نەوەدەکانی دوای ڕاپەڕین، کە قۆناغێکی خڕۆشاوی سیاسییە و گوزارشت لە ئازادبوونی مرۆڤی کورد دەکات، وەک شیعری دەیەی سێیەمی قۆناغی ڕاپەڕینە کە تەکنەلۆژیا ھەموو جوانییەکانی کاڵکردۆتەوە؟ بۆیە ناونیشانی کتێبەکە، ناونیشانێکی گشتگیرە، بەڵام دەلالەتێکی ڕوونی نییە. چونکە وەک لە سەرەتای ئەم وتارەوە ئاماژەمان پێکرد، شیعری دوای ڕاپەڕین، واتا کۆی ئەو شیعرانە دەگرێتەوە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە نووسراون، لە نێو شیعری دوای ڕاپەڕینیشدا، دەکرێ شیعری شاعیرانی دیکەش ھەبن.ھاوکات ئەگەر بە پێوەری بۆچوونەکانی نووسەر بێت کە لە کتێبەکەیدا خستوویەتییە ڕوو کە دەڵێت:_(شیعر زەمەنی نییە) ئەوا نەدەبوو ئەوکتێبە ئەمە ناونیشانەکەی بووایە، چونکە شیعری دوای ڕاپەڕین،واتا زەمەنی دوای ڕاپەڕین، بێگومان مەبەستمان لە زەمەنی مێژووییە نەک فیزیکی، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، ناوەڕۆکی کتێبەکە، لە بارەی ئەزموونی ھەفت شاعیری گەنجی دوای ڕاپەڕینە. کەواتە ئێمە لێرەدا لە بەردەم شیعری شاعیرانی دوای ڕاپەڕینین، نەک شیعری دوای ڕاپەڕین، کە دوو دەستەواژەی جیان لە یەکتری و ھەریەکەیان ئاماژەیەکی سەربەخۆ دەگەیەنێت.چونکە کتێبەکە، تەنھا خوێنەوەیە بۆ ئەزموونی ئەو چەند شاعیرە کە نەوەی دوای ڕاپەڕینن.بۆیە دەبوو ناونیشانی کتێبەکە، بە بڕوای من بە جۆرێکی دیکە بووایە. وێرای ئەمەش، دەکرێ بپرسین ئایا دەتوانین ھەموو شیعری دوای ڕاپەڕین لە ئەزموونی ھەفت شاعیرکۆبکەینەوە؟ کە ھەندێکییان لە ڕووی زمانی شیعریی و دنیابینی شیعریشەوە، ئەزموونێکی سادە و ساکاریان ھەیە؟ئایا ئەمە پێوەرێکی ئەدەبی گونجاوە، بۆ ھەڵسەنگاندنی شیعرەکانی قۆناغێکی دیاریکراو کە ئەویش دوای ڕاپەڕینە؟خوێنەر کاتێ ناونیشانی کتێبەکە دەبینێت، بیری بۆ ئەوە دەچێت کە ناوەڕۆکەکەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ئەدگارەکانی شیعریی دوای ڕاپەڕینە لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆک و دونیابینی شاعیرانەوە. کەچی کاتێ کتێبەکە دەخوێنینەوە،دەبینین تەنھا لە بارەی ئەزموونی ھەفت شاعیرەوە دواوە.بۆیە دەبوو سەرەتا نووسەری کتێبەکە، ئەزموونی شیعری دوای ڕاپەڕین ئاماژە پێ بدات و سیماکانی ئەو قۆناغە دیاری بکات، ئەوکات لە بارەی شیعری ئەو شاعیرانە دوابا. بۆ ئەوەی خوێنەری کتێبەکە بەرچاو ڕوونییەکی ھەبێت، کە چۆن شیعری دوای ڕاپەڕین لە قۆناغەکانی دیکە جیا بکەینەوە.یاخود کامەیە ئەو دابڕانە زمانی و بابەتی و مەعریفییەی، شیعری دوای ڕاپەڕین، لە شیعری قۆناغەکانی ترجیا دەکاتەوە. بێگومان وەک خوێنەرێک لەو کتێبەدا، بەر ھەندێک بۆچوونی ڕەھا کەوتم، کە بۆمن جێگەی پرسیارو گومان بوون لەوەی کە چۆن نووسەری کتێبەکە( کە نووسەرو شاعیرێکی دیارە) بۆچوونی لەو شێوەیە بێ ھەموو ساغکردنەوەیەکی زانستی و شڕۆڤەیەکی شیعرییانە لە ھەموو ڕووێکەوە دەردەبڕێت.بەراوردکردنی دوو قۆناغ، دوو ئەزموونی شیعری، لە پەراوێزی بۆچوونێکی ڕاگوزەر نابێت، بەڵکو دەبێ بە پێی میتۆدێکی بەراوردکاری شیکاری دەق، ئەو جیاوازییانە دەربخەین. بەشێک لە بۆچوونەکانی ئەحمەدی مەلا لەو کتێبەدا، بۆمن وەک خوێنەرێک جێگەی لە سەر وەستان و سەرسوڕمان بوون، کە چۆن ئەمە دەنووسێت! بۆنموونە:_لەلاپەڕە ٩٠ی کتێبەکەیدا نووسیویەتی:_( بانگەشەکردنی شەو وەک چارەسەرێک خەونی زۆربەی شاعیرانی کلاسیکە، بەڵام شاعیر غەمگین بۆڵی دێت بە زمانێکی نوێ باسی شەو دەکات، کاتێ دەڵێ:_(نیوە شەوان بە شووشەی پەنجەرەی ژوورەکەمەوە دەنووسێیت). تاکو ئێستا، لە مێژووی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردیدا، نەمبینیوە ھیچ نووسەرێک بوێری ئەوەی ھەبێت، زمانی شیعری شاعیرێکی گەنجی سادە نووسی دوای ڕاپەڕین، بە جیاوازتر لە زمانی شیعری کلاسیک بزانێت. بیرمەندی گەورەی کورد(مسعود محمد) دەڵێت:(ھەر دێڕە شیعرێکی نالی ئەوە دەھێنێت چەندین ساڵ لێی بکۆڵیتەوە). شیعری کلاسیکی کوردی، نەک ھەر پێوانە و بەراورد ناکرێت بە شیعری دوای ڕاپەڕین، بەڵکو کلاسیک لە مێژووی شیعری کوردیدا، قۆناعێکی دووبارە نەبووەوەیە.دەیان شاعیر دەتوانن لاسای شێرکۆ بێکەس و پەشێو و بکەنەوە، بەڵام کێ دەتوانێت وەک نالی و مەحوی بنووسێت؟ پاشان دەکرێ بپرسین، لەو دێڕە شیعرییەی غەمگیندا، زمانی نوێ لە کوێدایە؟ مەگەر ئەو موفرەدانەی ئەو لەو دێڕە شیعرە و شیعرەکانی دیکەشیدا بەکاریان دێنێت، سەد ساڵ نییە بەشێکن لە زمان و شیعری کوردی؟ئەم دێڕە، چ داھێنان و جوانییەکی تێدایە، کە وەک داھێنان و نوێگەریەک لە زمانی شیعری شاعیرانی کلاسیک بیبینین؟لەو کۆمەڵە شیعرەی شاعیر کە ئەو وەک نموونەی ڕاڤەکردنی شیعری لە کتێبەکەی خۆی ھێناویەتییەوە،نەک ھەر زمانێکی نوێیان تێدانییە، بەڵکو ھەمان زمانی شاعیرانی دیکەیە، کە گۆرانی شاعیرنیو سەدە زیاتر لە مەو بەر، زۆرھونەرییانەتر شیعری پێ نووسیوە.ھەروەھا نووسەر لەلاپەڕە٨٤ی کتێبەکەیدا، نووسیویەتی:_(یەکێک لە ڕەگەزەکانی شیعری دوای ڕاپەڕین سەرھەڵدانی منە.ئیتر دەق دەیەوێت گوزارشت لە ڕوحی تاک بکات،نەک ڕوحی میللەت کە لە شیعری شەست و ھەفتاکان دەبینرێت). ڕوون و دیارە کە شیعری دوای ڕاپەڕین بە گشتی،ئەزموونێکی خود گەراییە لەوەی بابەتی بێت. دیارە ئەمەش بۆ گۆڕانکاری لە ھەڵومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سایکۆلۆژی مرۆڤی کورد دەگەڕێتەوە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، منی دوای ڕاپەڕین، لە چیدا جیاواز دەکەوێتەوە لە منی قۆناغەکانی دیکەی شیعری کوردی؟ھیچ نەبێت من لە قۆناغەکانی دیکەی شیعری کوردیدا، پەیامێک و گوتارێکی ھەبووە، بەڵام کام پەیام لە گوتاری بەشێکی زۆری شاعیرە گەنجەکانی دوای ڕاپەڕین ھەیە؟. ئێمە لێرەدا، نموونەیەک دێنێنەوە. گۆرانی شاعیر نیو سەدە زیاتر لەمەو بەردەڵێت:
ھەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی کە پێی مەستم.
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستم..
غەمگین بۆڵیش دەڵێت:_
بمخەنە ناو قۆدییەک..
سەرم لە سەر داخەن..
ئەگەر بە وردی سەرنج لەو دوو کۆپلە شیعرییە بدەین(بە مانای بەراوردکردن نا)، ئایا ھەست بەوە ناکەین کە منی گۆران، منێکی چەند داھێنەرتروجیاوازترە لە منی دوای ڕاپەڕین؟ کە نووسەری کتێبەکە لای وایە ڕەگەزێکی نوێیە لە شیعر.ئایا گۆران لێرەدا بانگەشەی ڕوحی میللەت دەکات، یان وەک سایکۆلۆژستێک دەیەوێت ئەو دیو خەیاڵەکانی بخوێنێتەوە؟پاشان نووسەر ھەر خۆی لە کتێبەکەیدا بۆچوونەکانی خۆی ڕەتدەکاتەوە و دەکەوێتە پارادۆکسی واتاوە.چونکە لەڵاپەڕ ٩٣ی کتێبەکەیدا، ئەمجارەیان دەنووسێت:_(لە شیعری غەمگین بۆڵیدا کە (شیعری دوای ڕاپەڕینە) شتێک ھەیە پێی دەڵێن واقیع و بانگەشە دەکات).دەکرێ بپرسین ئەگەر شیعرێک وەک دروشم بانگەشەی واقیع بکات، جا ھەر جۆرە واقیعێک بێت، شیعرێکی(خودی ومن)یە یان(کۆمەڵی و حەشاماتی)؟ لەکاتێکدا ئەحمەدی مەلا ڕەخنە لە شیعری ھەفتاکان دەگرێت کە ڕوحی میللەت دەدوێنن. بە مەرجێک شاعیرانی ھەفتاکان، ئەگەر ئەو بانگەشەشیان کردبێت،پەیام و ئامانجێکی دیاریکراویان ھەبووە کە خۆی لە ڕیفۆرمکردنی کۆمەڵگە و خوێندەواریی و وستانەوە لە دژی ئەقڵی دەرەبەگایەتی و ئایدۆلۆژییەوە بینیوەتەوە. بەڵام شاعیرێک ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکات(لە نێو قۆدییەکدا)بیشارنەوە! دەتوانێ چی لە ژیانی خۆی و ئێمەش بگۆڕێت؟ لە کاتێکدا نووسەری کتێبەکە، باسی یاخیبوون لە شیعری گەنجانی دوای ڕاپەڕین دەکات! یاخیبوونێک ئەگەر دەرەنجامەکەی داھێنان و گۆڕینی واقیعێکی کۆن بە نوێ نەبێت، جگە لە دروشم کە دەشێ خوێنەران فریو بدات، ھیچی ترە؟ئاخۆ ھیچ شتێکیش ھێندەی دروشم و دروشمکاری، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بوونی ھەیە و باوە؟ئەو لەکاتێکدا باسی واقیع لە شیعری غەمگین دەکات، ھەرخۆی لەلاپەڕە ٣٠ی کتێبەکەدا دەنووسێت:(خودی واقیع شوێنێکی شیعری نییە). بێگومان لە زۆر شوێنی کتێبەکەدا، نووسەر بۆچوونی دژ بەیەک دەردەبڕێت. ڕەنگە بەشێکی ئەو ھاودژییە لە گەیاندنی مانادا، پەیوەندی بەوەوە ھەبێت کە نووسەر ئەم وتارانەی لەکات و ساتی جیاوازدا نووسیوە. چونکە ئەگەر ھەڵەنەبم، ناوەڕۆکی ئەو کتێبە، پێشتر بە شێوەی وتاری جیاجیا لە گۆڤاری(ئەدەبی سەردەم) بڵاوکراونەتەوە کە من خۆم خوێندوومنەتەوە. بەڵام کاتێ لە دووتوێی کتێبێکدا کۆی وتارەکان بە یەکەوە بڵاودەکرێنەوە، ئەوا خوێنەر باشتردەتوانێت بەراوردی ناوەڕۆکی نووسینەکان بکات. چونکە ھەمووی لە بەردەست و دیدەن.نووسەر لە شوێنێکی دیکەی کتێبەکەیدا دەنووسێت:(نەوەی شیعری دوای ڕاپەڕین، ھەست دەکات سنوورێک لە نێوان ئەوان وڕابردوو ھەیە.کەلەپووری باوک فریای ئەوان ناکەوێت و ڕەتیدەکەنەوە).بە بۆچوونی خۆم، شتێکی نوێمان نەگوتوە، ئەگەر بڵێین سنوورێک لە نێوان نەوەی پێش و پاش ڕاپەڕین ھەیە.ئەو سنوورە لە یەک کاتدا، سنوورێکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ژیارییە.ئەو سنوورە، بەرمەبنای ئەو گۆڕانکاریەیە کە ڕاپەڕین لە ژیانی ئێمەی دێنێتە ئاراوە.کە وەرچەرخانێکی گەورە بوو.بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە،لەو دیو سنووری دوای ڕاپەڕینەوە، ئەو نەوەیە توانی چی بکات؟ چ داھێنانێک بکات جیاوازتر لە پێشووتر؟توانی ئەزموونێکی دیکە و گوتارێکی دیکەی شیعری جیاواز دروست بکات.یاخود ئەزموونی بەشێک لەو شاعیرانە کەلەپووری باوکییان ڕەتدکردۆتەوە.لە کاتێکدا نووسەری کتێبەکە نموونەی لە شیعری شاعیرێکی گەنجی دوای ڕاپەڕین ھێناوەتەوەکە(ڕێبین ئەحمەد خدر)ە و لە شیعرەکەیدا دەڵێت:_
باپیرم خەونێکی دی..
باوکیشم ھەمان خەونی دی.
منیش ھەمان خەونە ئێستا دەیبینم..
ئەگەر شاعیرێک، ھەمان خەونی باوک و باپیرانی ببینێت،ئاخۆ دنیای گەورەکانی ڕەتکردۆتەوە، یان لەبەریگرتۆتەوە؟بینینی جیاوازییانەی شاعیرێک لە ڕابردوودا،تێپەڕاندنی ژیانی باوک و باپیران، بە کەسێک دەکرێت کە دوای سەد ساڵ ھەمان خەونی ئەوان ببینێتەوە؟یان دەبێ خەونێکی جیاوازتر ببینێت؟مەگەر نوێ لە کوێ دایە؟ دابڕان لە ڕابردوو چۆنە؟ ئەگەر جیاوازتر لە ڕابردوو بیرنەکەینەوە و دنیا نەبینین؟ئاخۆ دنیابینی ئەو شاعیرە، ئەو گوتارەشی کە لەو شیعرەدا بوونی ھەیە، ھاوتەریبە و یەکدەگرێتەوە لە گەڵ بۆچوونەکانی نووسەری کتێبەکە؟ لە کاتێکدا ڕێبین ئەم شیعرە دەنووسێت، ئەحمەدی مەلا، پەسنی دەدات ودەڵێت:_(ڕێبین نایەوێ ئاور لە کەلەپووربداتەوە،بەڵکو ئەو شاعیرە جیھانی گەورەکان ڕەتدەکاتەوە).بە مەرجێک ئەمە شیعری ئەو شاعیرەیە کە ھیوادارم خوێنەران سەرنجی بدەن، ئەوکات دەردەکەوێت، کە بە ڕاست ئەو شاعیرە گەنجەی دوای ڕاپەڕین، جیھانی گەورەکانی ڕەتدکردۆتەوە؟!! بە داخەوە ئەم بۆچوونانە، لە گوتاری نووسەرێک ناچێت، کە خۆی شاعیرە و لە بارەی شیعری کوردیشەوە، ئاگایەکی زۆرو وردی ھەیە.باسێکی دیکە لە کتێبەکەدا، کە بۆ من جێگەی سەرنج و پرسیاربوو ئەوەیە، کە نووسەر لە لاپەڕە ٦٧دا دەنووسێت:(ئەو شیعرانەی کە لە ھەولێر دەنووسرێن شیعری تاریکییەکانن،شیعری سێبەرەکان وشیعری ژێر زەمین و خۆشاردنەوەن) بەڵام (ئەو شیعرانەی لە سلێمانی دەنووسرێن شیعری ڕووناکین،شیعری فڕین و حەوشەکانن). وەکو خوێنەرێک، نازانم مەبەستی نووسەر لە(تاریکی ھەولێر) و(ڕووناکی سلێمانی)چییە؟!. جگە لەوەی دەلالەتێکی سیاسی ھەیە کە کەسانێک بڕوایان وایە، سلێمانی ئازادترە لە ھەولێرو دەبێ لەوی َ لە ژێر زەمینەکانەوە بنووسی. ئەم بۆچوونە، بۆچوونی ئەدیبەکان نییە، بەڵکو بۆچوونی سیاسی و ئایدۆلۆژستەکانە، بۆچوونی ئەوانەیە، کە زۆرجار ھەولێروسلێمانی بە کۆریای باکوورو باشوور دەناسێنن.شیعری ژێر زەمینی لە ھەولێردا،دەستەواژەیەکی نوێیە لە پاش ڕاپەڕینەوە بۆ من وەک خوێنەرێکی بەردەوامی شیعرکە گوێبیستی دەبم.من وەک خوێنەرێک حەزمدەکرد، بە میتۆدێکی شیکاری و ڕاڤەکاری، نووسەری کتێبەکە ئەوەم بۆ شیبکاتەوە، کە چۆن شیعرە تاریکەکانی ھەولێر، لە شیعرە ڕووناکەکانی سلێمانی جیابکەینەوە؟ کام ئەدگارو خاسییەت لە یەکتریان ھەڵاوێرد دەکات.بۆ ئەوەی باشترو ڕوونتر ئەو بۆچوونەی بپێکابا. دواتر ئێمە شیعرێکی غەمگین بۆڵی، کە شاعیرێکی ھەولێرییە، لەگەڵ شیعرێکی شاڵاو حەبیبە، کە شاعیرێکی سلێمانییە، بە یەکەوە دەنووسین، بزانم ھیچ جیاوازییەکییان ھەیە؟.شاڵاوحەبیبە دەنووسێت:_
پەردەکە جوان دەپشکنم..
ژنەکەم نووستووە ناھێڵم ھەتاو بانگی کا…
غەمگین بۆڵیش دەنووسێت:_
بەم نیوە شەوە.. دەنگی گوللەیەک
ژوورەکەمی پر کرد لەگومان..
گریمان، ئەگەر ناوی ھەردووشاعیرەکە، لە سەر شیعرەکانییان بسڕینەوە، کێ دەزانێت کامەیان ھەولێری و کامەیان سلێمانییە؟ئایا جیاوازییەکی ئەو تۆ لە نێو ئەو دوودەربڕینە سادە و ساکارە ھەیە؟ئەی نووسەری کتێبەکە خۆی جەخت لەوە ناکاتەوە، کە خودی واقیع شوێنێکی شیعری نییە، مەگەر سلێمانی و ھەولێر، تۆخکردنەوەیەکی دیموگرافی و کۆمەڵایەتی و واقیعی نێوان دوو شار نییە؟. من دەزانم نووسەر مەبەستی لە تاریکی ھەولێرو ڕووناکی سلێمانی میتافۆرە بۆ بابەتێک،بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە ئەو خاسییەتانە ونن لە شیعرەکان، بۆ ئەوەی بەرمەبنای ئەو خاسییەتانە، جیاوازی لە نێوان شاعیرێکی ھەولێری و سلێمانی بکەین.لە کاتێکدا دەقێک نییە بە ناوی شیعری ھەولێرو ڕانیە و سلێمانی، چونکە شیعر(ئەگەر شیعر بێت!) دواجار ھەر شیعرە. تەنانەت لە کوردستانی باشووردا، سەد ئەوەندەی سنە و شنۆ، ھێمن و شیعرەکانی ناخوێنرێنەوە و خۆشەویست نین؟دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە شیعری دوای ڕاپەڕین، شوناسێکی گەورە و ئاڵۆزە و لە ئەزموونی سادەی چەند شاعیرێک کورت ناکرێتەوە وەک ئەوەی لەو کتێبەدا باسکراوە.

*پەراوێز: ناوی کتێب:شیعری دوای ڕاپەرین، نووسینی:ئەحمەدی مەلا، زنجیرەی دۆسییەکانی سەردەم_ژمارە _ ٥١_ساڵی ٢٠١٩.

*ئەم بابەتە لەژمارە(٢٧٤)ی گۆڤاری ڕامان لە ٥/٣/٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze