سەرەتا / وتار و بیروڕا / کڵاوشینەکان لە بەرگرییەوە بۆ پەلامار

کڵاوشینەکان لە بەرگرییەوە بۆ پەلامار

بورھان شێخ ڕەئوف
دوای ئەو شەپۆلە توندوتیژییەی کە عێراقی گرتەوە لە دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای مانگی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ەو ە تا ئەمڕۆ , سەرەڕای ئەو بەڵێن و داخوازییانەی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ھێزە نێودەوڵەتیەکان بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران .
گۆڕانکارییەکی سەیر لە ھەڵوێستی موقتەدا سەدرو تاقمەکەی کە بەسەرایا سەلامو کڵاو شینەکان ناسراوە ڕوویدا دوای ڕاسپاردنی موحەمەد توفیق عەلاوی بۆ پێکھێنانی کابینەی وەزاری نوێ ئەویش ھەوڵدان بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵک لە گۆڕەپانی تەحریرو ھەموو گۆڕەپانەکانی تر لە ڕێگەی بەکارھێنانی ھێزو و توندوتیژیو تۆقاندن, سەرەتا دەستیان گرت بەسەر باڵەخانەی ڕیستوڕانتی تورکی و سەکۆی ڕاگەیاندن و تریبوونی ئازادی گۆڕەپانەکە , ھەروەھا دەستیان گرت بە سەر خێمەی خۆپیشاندەران وھەروەھا ئەو لافیتەو دروشمانەیان ھێنایە خوارەوە کە دژ بەڕاسپاردنی عەلاوی نووسرابوون , ھەروەھا ھەموو ئەو ڕێگاو شەقامانەیان کردەوە کە خۆپیشاندەران دایانخستبوون , ھەروەھا ھەڕەشەیان لەو چالاکوانانە دەکرد کە داوای مانگرتن و خۆپیشاندانیان لە خەڵک دەکرد و دەوامی قوتابخانەو دامودەزگا حکومیەکانیان بەزۆر دەست پێکردەوە .
لەم پێناوەشدا بەریەککەوتنی زۆر و توندوتیژی بەدەمانچە و دارو چەقۆ ڕوویدا لە نێوان کڵاو شینەکانی سەربە سەدرو خۆپیشاندەراندا دواتر زیندانی کردنی چالاکوانان و ئەشکەنجەدان و سووکایەتی پێکردنیان بە مەبەستی تێکدانی یەکڕیزی خەڵک و و بڵاوە پێکردنیان و لادانی لە ئامانجە ڕەواو ڕاستەکانیان , دوای ئەوەی حکومەت ومیلیشا کان شکستیان ھێنابوو بە ھەموو شێوازەکانی کوشتن و بڕین و فڕاندن و بە شەیتان کردنیان بۆ ئەوەی عێراق بکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا.
بەڵی تاقمەکەی سەدر ھەر بە پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی بەغداوە نەوەستان و پەلاماری خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی تریشیان دا , مەیدانی حەبوبی لە ناسریە,گۆڕپانی پەروەردە لە کەربەلا ھەروەھا پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی نەجەف و بابل و بە ئامانجی لادانی خۆپیشاندانەکان لە ڕێگاڕاستەکەی خۆی کە چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی و کۆتایی ھێنان بە میلیشیات و بەڵکو کۆکردنەوەی خەڵکەکە لە شوێنێکی دوورە پەرێزو بێ کاریگەر و گۆڕینی دروشمەکان لە دژی گەندەڵی دژی دەستوەردانی ئێران بۆ دژی ھێزەکانی ئەمریکا , بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە شکست بە خۆپیشاندەران بھێنن .
ھەڵگەڕانەوەی سەدرو ھەڵوێستە نا جێگیرەکانی
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە ئێستادا بە قورسترین و سەخترین قۆناغەکانی ژیانی سیاسی خۆی و شوێنکەوتووانیدا دا گوزەر دەکات ئایا لەگەڵ بەرەی گەل و چاکسازییە یان پشتیوانی میلیشیات و گەندەڵکارانە , ئەوەی جێ ی سەرنج و سەرسووڕمانە سەدر ھەڵوێستەکانی زوو دەگۆڕێت بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی , سەرەتا بەشداری خۆپیشاندانەکانی نەکردو لە مانگی تشریندا دوای چەند ھەفتەیەک بڕیاری بەشداری داو کڵاو شینەکانی نارد پارێزگاری خۆپیشاندەران بکەن , دواتر دوای کوژرانی قاسم سلێمانی ھەڵوێستی گۆڕی کڵاوشینەکانی کشانەوە لە گۆڕەپانەکان , ئێستاش دوای ڕاسپاردنی عەلاوی بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومی گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانەکان و پشتیوانی عەلاوی دەکەن و بە تەمای پلەو پۆست و ئیمتیازن و پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن.
گۆڕەپانەکان عەلاوی ڕەت دەکەنەوە
سەدر لە کاتێکدا پشتیوانی عەلاوی دەکات کە ھەموو گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان بە توندی دژی کاندید کردنی عەلاوین لە بەرئەوەی ئەو مەرجانەی کە خۆپیشاندەران دایان نابوو بۆ سەرۆکی حکومەتی نوێ ھیچیان لە کەسایەتی عەلاویدا نیەو چونکە پێشتر وەزیر بووە و تێوەگلاوە بە گەندەڵی و تائیفیەو جدی نیە لە بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و بە تایبەتی کە لەلایەن فراکسیۆنی بیناوە پشتیوانی دەکرێت کە لە ئێرانەوە نزیکن و ئەمەش مایەی نیگەرانی زۆری خۆپیشاندەرانی تووڕەو بێزاری عێراقە .
لە کۆتاییدا ئەوەی دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە عەلاوی بژاردەی شەقامی عێراقی نیە کە ماوەی چوار مانگە ڕاپەڕیوون و نزیکەی ٧٠٠ کەس بووە بە قوربانی و ٢٥ ھەزارکەس بریندارەو بەڵکو بژاردەی ئەو حزب و لایەنانەیە کە خەڵکی عێراق لە دژیان ڕاپەڕیووە و خوازیارە سزایان بدات و پارووی دزراوی دەمی ھەژارانی عێراقیان لە گەروو بھێننە دەر .

دەربارەی Burhan Shex Reuf