سەرەتا / ئەدەبی / کە ڕۆماننووس بێ ئاگا دەبێت لە مێژوو!

کە ڕۆماننووس بێ ئاگا دەبێت لە مێژوو!

کە ڕۆماننووس بێ ئاگا دەبێت لە مێژوو!
ڕۆمانی(من تامەزرۆی خۆشەویستیم بە نموونە)

سەدیق سەعید ڕواندزی

لە دوای ڕاپەڕینەوە بەگشتی و لەم ساڵانەی دواییش بە تایبەتی، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆمان کەوتوونەتە بەر دیدەی خوێنەران. بەشێکی یەکجارکەمیان لێ دەرچێت، دەنا زۆربەی ئەو ڕۆمانانە نەخوێنراونەتەوە و پشت گوێ خراون. ئەم پشتگوێ خستنە، پەیوەندی بەوەوە نییە کە ڕەخنەگری ئەدەبیمان نییە وەک ئەوەی زۆرجاردەگوترێت، کە بۆ چوونێکی لاوازو و بێ ئەرگۆمێنتە، پەیوەندی بەوەوەش نییە کە خوێنەری جدی ڕۆمانمان نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە ھەیە، کە لە ڕاستیدا زۆربەی زۆری ئەوانە، بە ناو ڕۆمان بوونە. دەنا ھیچ ڕەگەزێکی ھونەری نووسینی ڕۆمانیان تێدانییە. چونکە ڕۆمان، ژانڕێکی قوڕس و ئاڵۆزە و نووسینی پێویستی بە پاشخانێکی گەورەی ڕۆشنبیری لە ھەموو ڕووێکەوە ھەیە. تاکو ڕۆماننووس نەکەوێتە ھەڵەی جۆراو جۆرەوە.کەچی بە پێچەوانەوە بە شێکی زۆری ئەوانەی ئەزموونی ڕۆمان تاقیدەکەنەوە و لە بنەڕەتدا ڕۆماننووس نین و لە بارەی نووسینی ڕۆمانەوە شارەزایەکی ئەوتۆیان نییە، لە ڕۆمانەکانیاندا ھەڵەی زەق دەکەن و بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن بە سەریاندا تێپەڕدەبێت.بەشێک لەو ھەڵانە، پەیوەندییان بەوەوە ھەیە، کە ئاگاداری ڕووداوە مێژووییەکان، زەمەن و قۆناغەکان نین. بۆیە کە دەگەڕێنەوە سەر ڕووداوێک،ئەوا بە دیدگای ئێستا ڕووداوەکانی ئەو کات دەبینن و دەخوێننەوە. لە کاتێکدا ھەموو ڕووداوێک، پەیوەستە بە قۆناغ و زەمەنێکی دیاریکراو. ڕۆمانێکم خوێندەوە، نووسەرەکەی باسی ساڵی کۆچڕەوی کوردان لە ساڵی ١٩٩١ دەکات، کەچی نووسیویەتی:_(باران لە پێنچ ملیۆن مرۆڤی کوردی دەدا).واتە ھێندە بێ ئاگابووە لە نووسینی ڕۆمانەکەی، درکی بەوە نەکردووە کە ساڵی کۆچڕەوەکە، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێم، پێنچ ملیۆن کەس نەبووە. وەلێ چونکە ئەو بە دیدگای ئێستا مێژووی ئەوکات دەبینێت، ئیدی ھەر وادەزانێت کۆچڕەوەکە ئێستا ڕوویداوە. بۆیە یەکێک لەو ڕەگەزە گرنگانەی کە دەبێت ڕۆماننووس بە ئاگاییەوە بەرجەستەی بکات مێژووە.چونکە ھەموو ڕووداوێکی مێژوویی، پەیوەندی بە قۆناغێکەوە ھەیە.ناکرێ ڕۆماننووس قۆناغەکان لە یەکتری جیانەکاتەوە، کەچی ڕووداوەکان بگێڕێتەوە. لەو سۆنگەیەوە ڕۆمانی(من تامەزرۆی خۆشەویستیم) یەکێکە لەو ڕۆمانانەی چەندین ھەڵەی زەقی مێژوویی تێدایە، کە دەریدەخەن نووسەری ڕۆمانەکە ئاگاداری ھیچ شتێک نییە و تەنھا بە مەبەستی درێژکردنەوە ئەو ڕووداونە باس دەکات. بەرلەوەی ئەو ھەڵانە بە دەق دیاری بکەین، کورتەیەک لە بارەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەبۆ خوێنەران دەخەینە ڕوو. ئەم ڕۆمانە، باس لە کچێک دەکات کە ناوی(ھەژێن). ئەم کچە، باوکی پێشمەرگەبووەوە لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی تردوای گەڕانەوەیان لە چاڵاکییەک شەھید دەکرێن. دوای شەھید کردنی باوکی،دایکیشی شوودەکاتەوە. سەرەنجام داپیرە و باپیرەی ھەژێن، واتا دایک و باوکی( شێرزاد بازگر)ی پێشمەگەر، ھەژێن گەورە دەکەن و لە قۆناغی ناوەندیدا داپیرە و باپیرەشی یەک بە دوای یەک دەمرن. ھەژێن بۆ ئەوەی بێ لانە و سەرپەرشت نەمێنێتەوە، مامۆستا بەنازی مامۆستای قوتابخانەکەی لەگوند، دەیگرێتە خۆی و دەرەنجام قۆ ناغەکانی خوێندن تەواو دەکات.کوڕێکیشی خۆشدەوێت بە ناوی لاوێن و ئەویش جێی دێڵێت و بەمەش جارێکی تر ھەژێن بێ بەش دەبێت لە خۆشەویستی. دواجاریش ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە کۆتاییان دێت. ئەمە پوختەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەیە، وەلێ نووسەری ڕۆمانەکە لە چەندین لایەنی مێژوویی، بابەتی و ھونەری کەوتۆتە ھەڵەوە، کە لە خوارەوە دەیانخەینە ڕوو:_
یەکەم:_ھەڵەی ڕوداوو مێژوو:_
بێگومان، مەرج نییە زەمەنی نێو دەق، ھەمان زەمەنی مێژوویی واقیع بێت و کرنۆلۆژیای ڕووداوەکان بە دوای یەکتری دابێن، وەلێ کاتێ باسی ڕووداوێکی مێژوویی دەکەین، یان دیاردەیەکی سەردەم، ئەوا دەبێت مێژوو وەک ئەوەی کە ھەیە ئاماژەی پێ بدرێت. بۆنموونە:_ کە باسی ئەنفالەکان دەکەین، ئەوا ناتوانین بڵێین ئەنفالەکان لە ھەفتاکان ڕوویداوە، چونکە مێژووی ئەو کارەساتە ساڵی(١٩٨٨)ە. ئەگەر باسی ئەنفالیش بکەین ، ئەوا ھەموومان دەزانین کە ساڵ ١٩٨٨و پێویست بە ھیچ ئاماژەکردنێک ناکات. نووسەری ئەو ڕۆمانە، چەندین ڕووداوی داونەتە پاڵ یەک بە بێ ئەوەی لە ڕووی زەمەنی و مێژووییەوە ھەر پەیوەندییان بە یەکترییەوە ھەبێت،بەمەش کەوتۆتە ھەڵەی وا کەخۆشی ھەستی پێ نەکردووە وەک:_
*کە شێرزاد بازگری پێشمەرگە و باوکی ھەژێن، لە گەڕانەوەی چاڵاکییەکدا لەشار، لە بناری چیای باواجی بە بۆردومانی فڕۆکە شەھید دەبێت، ھەر ئەو ڕۆژەش ھەژێن لە دایک دەبێت.(ڵا٥٨ی ڕۆمانەکە). واتە ئێمە لێرەدا لە بەردەم زەمەنی بەرلە ڕاپەڕینین کە پێش ساڵی ١٩٩١دەکات. دووساڵ پێشتریش دوای ئەنفالەکانە، کە قۆناغی خامۆشی و نەبوونی ھیچ جموجۆڵێکە، کەواتە گریمان ڕووداوی شەھیدکردنی ئەو پێشمەرگەیە ساڵی(١٩٨٧) یان پێشووتربووبێت.کەچی نووسەردەنووسێت:_( ھێشتا ھەژێن تەمەنی پێنچ ساڵان بوو کە باپیرەی بردی بۆ قوتابخانە، ھەرچەندە تەمەنی گونجاو نەبوو، وەلێ چونکە زیرەک بوو وەریانگرت.ڵا٢٤ی ڕۆمانەکە).کەواتە چوونی ھەژێن بۆ قوتابخانە دەکەوێتە دوای ڕاپەڕین و ساڵی ١٩٩٢.شەش ساڵی قۆناغی سەرەتایی و سێ ساڵی قۆناغی ناوەندیش کە داپیرە و باپیرەی دەمرن، نزیکەی دەکاتە ساڵی ٢٠٠١. کەچی ڕۆماننووس لەو قۆناغەدا، باسی پۆلی نۆی بنەڕەتی و مۆبایل و زۆرشتی دیکەش دەکات!. کە بەرھەمی چەندین ساڵی دواترن. کە ھەژێن داپیرە و باپیرەی بەچەند مانگێکی کەم و بەدوای یەکتری دەمرن، ئەو پۆلی (سێی ناوەندییە) نەک(نۆی بنەڕەتی) وەک ئەوەی ڕۆماننووس نەیزانیوە،چونکە شوناسی قۆناغی نۆی بنەڕەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ داھات، کە تائێستا چەندین ڕۆماننووس و نووسەرم بینیون لە بەرھەمەکانیان، کەوتوونەتە ئەو ھەڵە و ڕەخنەشم لێگرتوون.کەواتە کاتێ داپیرە و باپیرەی شەھێن دەمرن، ساڵی ٢٠٠١ە. دوای مردنی ئەوانیش مامۆستا بەناز بۆ دڵنەوایی ھەژێن دەباتەوە ماڵی خۆیان لە شار. نووسەری ڕۆمانەکە لەڵاپەڕە ٦٢دا دەنووسێت:_(ھەژێنم بردە بازاری گەورە و مارکێت و مۆڵەکان،لەو ھەموو داھێنان و تەکنەلۆژیانوێیە سەری سوڕما.بردمە ئەو پارکە گەورەیەش کە کتێبخانەی لە نێو دروستکرابوو(مەبەست پارکی شەھید سامی عەبدولرەحمان و کتێبخانەی زەیتوونە لە نێو پارکەکە).چەندین پارکی دیکە و سەنتەری کولتووریم نیشاندان). واتە لە ساڵی ٢٠٠١. نووسەری ڕۆمانەکە بیری چۆتەوە ئەو باسی کچێک و ڕووداوێک دەکات لە سەرەتای دووھەزارەکان،کەچی باسی پێشکەوتن و مۆڵ و پارکەکانی ئێستا دەکات، کە چەند ساڵێکی کەمە بینا کراون. ئەمە بێ ئاگایەکی زەق و دیارە لە مێژوو.
* لەڵاپەڕە ١٤٢دا، دوای ئەوەی ھەژێن قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکات، دەچێتە زانکۆو لە قۆناغی دووەمی زانکۆدا، خاڵێکی بۆ سۆڕاغ و ھەواڵپرسینی دێتەوە لای دوای ئەوەی چەندین ساڵ بوو دایکی جێی ھێشتبوو. ئەو زەمەنە، ئەگەر بە پێی تەمەن و ژیانی ھەژێن بێت، ساڵی ٢٠٠٧ دەکات.چونکە لەڵاپەڕە ١٤٢دا دەنووسێت:_(دایکی بیست ساڵە جێی ھێشتووە. واتا ١٩٨٧-٢٠٠٧)، کەچی سەیر لەوە دایە نووسەرلە ڵاپەڕە ١٤٣ڕۆمانەکەی باسی(داعش و تونێڵەکانی داعش!)دەکات. لە کاتێکدا ھەفت ساڵ دواتر داعش سەریھەڵدا و پەلاماری کوردستانیدا.
*لەڵاپەڕە ٨٧دا نووسیویەتی:_(ھەر چوار چڕای ماڵەکەم کوژانەوە). واتا مەبەستی ئەوەیە دایک و باوک و داپیرە و باپیرەی ھەژێن مردن، لە کاتێکدا ئەو دایکی نەمردووە و ماوە و تەنھا شووی کردۆتەوە!.
*لەڵاپەڕە ١٣٤ی ڕۆمانەکەدا نووسەر نووسیویەتی:_( ھەژێن لە کۆڵیژی پزیشکییە، کەچی دواتر لە ڵاپەڕە ١٥٣دا دەنووسێت:_(ئەوەی ھەژێن لە تەمەنی چوار ساڵی زانکۆیدا بژاری کردبوو). واتە نووسەر لێرەدا،تەمەنی زانکۆی ھەژێنی بەچوار ساڵ داناوە. بێ ئاگابووە لەوەی کۆلیژی پزیشکی خوێندن تیایدا شەش ساڵە نەک چوار ساڵ، کە ئەمەش ھەڵەیەکی دیکەی زەقە.
دووەم:_ زمانی ڕۆماننووس یان زمانی کارەکتەرەکان:_
یەکێک لەو ھەڵانەی بەشێکی زۆری ئەوانەی ڕۆمان دەنووسن و شارەزایەکی ئەو تۆیان نییە ئەوەیە، کە خۆیان لە بری کارەکتەرو کەسایەتییەکان دەدوێن و ڕووداوەکان دەگێڕنەوە. واتا بیریان دەچێت کە دەبێ کەسایەتییەکان خۆیان بدوێن، سەرەنجامیش دەکەونە ھەڵەوە. بۆنموونە: کارەکتەر نەخوێندەوارە، کەچی وەک ڕووناکبیرێک دەدوێت!.بە درێژایی ئەو ڕۆمانەش، ھەستم بەوە نەکرد کە کارەکتەرەکان خۆیان دەدوێن، بەڵکو زۆر بە زەقی و تۆخی ئەوە دیارە کە نووسەری ڕۆمانەکەیە لە بری ئەوان دەدوێت. بۆنموونە:_( باپیرەی ھەژێن کە کەسێکی بە ساڵاچوو، میللی و گوندشینە، کەچی دەڵێت:_(سەربەرزم کوڕەکەم، ئەو ڕۆژەی تۆ بەرە و ئاسمان ھەڵکشایت، بازگرێکی تر لە دایک بوو، زنجیرەی بنەماڵەکەمان ناپچڕێ ڵا٥٨). ئەم قسانە، لە قسەی کەسانێک دەچن، کە خوێندەواریی و ڕەوانبێژییەکی باشیان ھەبێت، نەک قسەی پیرەمێردێک.ھەروەھا ھەژێن کە تەمەنی تەنھا چواردە ساڵە دەڵێت:_( دەبێ من بەرھەمی گوناھێک بووبم وبە نھێنی لە دایک ببم، کرابمە مەلۆتکەیەک و بەیانییەک بەرلە مەلا بانگدان لە بەردەم مزگەوتێک فڕێدرابم. ڵا٦٥). ئەمە لە قسەی کچێکی ھەرزەکارەی چواردە ساڵی ناچێت کە ھێشتا لەوانەیە مانای وشەی زۆڵ نەزانێت. لەدەیان شوێنی دیکەش، نووسەر خۆی لە بری کارەکتەرەکان دەدوێت و قسە دەکات. کە خوێنەران دەتوانن بۆ دڵنیایی ڕۆمانەکە بخوێننەوە.ھاوکات لە گەلێک شوێنی ڕۆمانەکەشی زمانێکی وەسفییانەی وا بەرجەستە دەکات، کە زمانی نووسینی ڕۆمان نییە. وەک ڵاپەڕە(١١٢).
سێیەم:_ ھەڵەی دەربڕین وگوزارشتکردن:_
لەو ڕۆمانە،چەندین دەربڕین و گوزارشتکردنی نابابەتییانەم کەوتنە بەرچاو، کە بۆ من وەک خوێنەرێک جێگەی ڕەخنەکردن و سەرنج بوون،کە چۆن نووسەری ڕۆمانەکە،کە خۆشی چیڕۆکنووسە و چەند بەرھەمێکی ئەدەبی ھەیە، ئەمە دید و تێڕوانینیەتی.لە خوارەوە ئاماژە بە بەشێکییان دەدەم:_
*ڵا٤نووسیویەتی:_(ئەندامەکانی بیستی من). ئەمە چ مانایەکی ھەیە؟ مەگەر بیستن خۆی ھەست و گوێچکەش ئەندامێکی لەش نییە!؟.
*ڵا١٤ نووسیویەتی:_(سواری ئەسپێکی سپی وەک ھێلکە ببوو). ھێڵکە لەو ڕستەیەدا، ھیچ جوانییەکی بەو دەربڕینە بەخشیوە؟.
*ڵا١٤نووسیویەتی:_(ڕەوە ئوتومبێلەکان). ڕەوە ئوتومبێل چییە؟!.
*ڵا١٧نووسیویەتی:_(چریکەی ھەڵۆ). بەڵام دەنگی ھەڵۆ(سیڕە)یە نەک چریکە.
*ڵا٢٤نووسیویەتی:_(گەرباپیرەی نادروست بووایە).لە ڕۆمانەکەدا مەبەست نەخۆشکەوتنی باپیرەیە، بەڵام نادروست نابێت چونکە ئەمە بە مانای نەگونجاو دێت.
*ڵا٥٥نووسیویەتی:_(لەھەموومزگەوتەکان بانگ دەدرا).لە ڕۆمانەکەدا، مەبەست ئەو بانگەوازەیە کەلە سەردەمی شاخدا پێشمەرگە کە دەھاتنە شارەکان لە مزگەوتەکان دەیانکرد.بۆیە بانگەوازە نەک بانگ، کە دوو وشەی تەواو جیاوازن لە یەکتری. چونکە ھەموو دەمێک بانگ نادرێت و کاتەکانی دیاریکراون.
*ڵا٥٦نووسیویەتی:_(کاغەزی ناسک!).
*ڵا١٠١نووسیویەتی:_( ئەدی خوا بۆ نێرو مێی دروستکردووە،بۆ ئەوە نییە جووت بن و وەچە بنێنەوە؟).بە ڕاستی کارەساتە ئەمە بیر کردنەوەی نووسەری ڕۆمان بێت!.ئەم تێڕوانینە،چ جیاوازییەکی ھەیە لەگەڵ تێڕوانینی ڕەشۆکی و میللی؟ ئەگەر پەیوەندی نێرو مێ ھەر بۆ وەچە خستنەوە بێت، ئاخۆ ھیچ جیاوازییەک دەمێنێتەوە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ؟!.سەیر لەوە دایە لەڵاپەڕە ١١١ی ڕۆمانەکە، نووسەر دژی ئەو بۆچوونەی خۆی دەوەستێتەوە.
*ڵا١٠٤نووسیویەتی:_(قەرەبۆی ھەموو ئەو تەمەنە دەکەمەوە کە نەمگوت باوکە).چونکە ئەو ڕۆژەی ھەژێن لە دایک دەبێت،ھەمان ڕۆژیش شێرزاد بازگری باوکی شەھید دەبێت.
*ڵا١٠٨نووسیویەتی:_(ھەژێن دەیگوت ئەگەر یەکێکم خۆشبووێت دەبێ لەباوکم بچێت). ئەم دەربڕینە، گوزارشت لەوە دەکات کە ھەژێن باوکی خۆی بینیبێت. نووسەری ڕۆمانەکە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات، کە وتۆتە پارادۆکسی واتاوە.
*ڵا١٢٢نووسیویەتی:_(تۆپەڵە تیشکێکی سپی ھێلکەیی).ئەم جۆرە دەربڕینانە، نیشانەی ئەوەن کە چۆن کەسانێک بە زمانێکی ھەژار لە ڕووی دەربڕینەوە ڕۆمان دەنووسن.دەنا تۆپەڵە تیشک چ مانایەکی تێدایە؟.
*ڵا١٢٤ نووسیویەتی:_(نەدەبوو ھەژێن ڕەبەن بمێنێتەوە).نووسەری ڕۆمانەکە، لێرەداجیاوازی لە نێوان دۆخی نێرو مێ نەکردووە.چونکە ڕەبەن بۆ نێر بەکار دێت، بۆ ڕەگەزی مێ قەیڕە دروستە.
*ڵا١٣٣نووسیویەتی:_(باشترین شوێن بۆھەڵبژاردنی ھاوسەر زانکۆیە.). ئەوە بۆیە زانکۆکانمان بێ داھێنان و مەعریفەن، چونکە بە شوێنی خۆشەویستی و کەپڵ و کەپڵداری دەزانین.
*ڵا ١٥٥نووسیویەتی:_( لە ناخەوە وەک مەنجەڵی ساوار دەکوڵا).بۆچی ساواربێت؟.
*ڵا١٥٦نووسیویەتی:_(لە نێو دەریایەکی سپی خوێنین).جاکە خوێنینە، چۆن سپییە؟!.
وێرای ئەو سەرنجانەمان وەک خوێنەرێکی ڕۆمان، ھاوکات تێبینیمان لەبارەی زمانی ڕۆمانەکەشەوەھەیە. چونکە زمانی ڕۆمانەکە، زمانێکی وەسفی ڕووت، واقیعی و سادەیە،کە ھیچ جوانکاری و ھونەرێکی تێدانییە. گەرچی نووسەری ڕۆمانەکە ھەوڵیداوە وەک زمانی نووسینی ڕۆمان بەرجەستەی بکات،وەلێ بە بڕوای من تیایدا سەرکەوتوو نەبووە.دواجاردەڵێم،مەرج نییە ئەوەی لە نووسینی چیڕۆکداسەرکەوتووبوو،لە نووسینی ڕۆمانیشدا سەرکەوتوو بێت.چونکە ڕۆمان و چیڕۆک، ڕاستە لە چەندین توخم وەک یەک و ھاوبەشن، وەلێ دوو ژانری ئەدەبی تەواو لە یەکتری جیاوازن.بەشێک لە چیڕۆکنووسەکانی ئێمە، ڕۆمان وەک چیرۆک دەبینن بۆیە دەکەونە ھەڵەوە. چونکە نووسینی ڕۆمان باگراوەندێکی گەورەی ڕۆشنبیری و مەعریفی دەوێت. بۆ ئەوەی کە باسی ڕووداوێکمان کرد نەکەوینە ھەڵەوە!!..

*پەراوێز:_من تامەزرۆی خۆشەویستیم/ ڕۆمان/ نووسینی ئاسۆحەسەن/ساڵی چاپ ٢٠١٩..

*ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١١١١)لە ٧/١١/٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

من و تۆ دوو خه‌یاڵی ته‌واو نه‌کراوین

#دڵی_ڕۆژهه‌ڵات تۆ، جوانترین ماچی به‌ سه‌ر لێوه‌مه‌وه‌ درێژتیرین قه‌سیده‌ی به‌ سه‌ر زمانمه‌وه‌ جوانترین نیگای له‌ …