سەرەتا / ئەدەب / گەڕان بە دوای سەربەستیدا لە ڕۆمانی ژنەکان وڵاتییان نییە

گەڕان بە دوای سەربەستیدا لە ڕۆمانی ژنەکان وڵاتییان نییە

سەدیق سەعید ڕواندزی

لە کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی،ھەمیشە ژن بوونەوەرێکە کە تەنھا لە خزمەت تێرکردکردنی زایەندەکانی پیاودایە.لە دیدگای بەشێکی زۆری پیاوی ڕۆژھەڵاتیدا،ژن تەنھا لە پێناو پیاودا بوونی ھەیە. ئەم ڕوانینە، بەرھەمی بیرکردنەوە و ڕوانینێکی تایبەتە،کە بۆتە بەشێک لە پاشخانی ھزری زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەکە لە زۆرکاتدا پەیوەندی بە نەتەوە و جواگرافیاو کولتووری دیاریکراوی نەتەوەیەکیشەوە نییە. بەڵکو لە زۆرجێگەدا بوونی ھەیە. دەستکاریکردنی ئەو ئەقڵیەتە و گۆڕینی ئەو ڕوانینە کەبڕوای بە سەربەستی و ئازادییە بێ سنوورەکانی مێ ھەبێت، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و ھزری گەورەی دەوێت. چونکە لە دیدی ئەواندا،سەربەستی و ئازادی ژن، دەبەسترێتەوە بە دەرچوون لە نەریت و سنوورەکانی کۆمەڵگە. بەڵام ئاخۆ سەربەستی ژن لە ڕۆژھەڵاتدا، ھەروا بە ئاسانی، بێ گرفت و شکانەوە ودەستدرێژی دەچێتە سەر؟.ڕۆمانی(ژنەکان وڵاتیان نییە)چیڕۆکی ژنێک بە ناوی(خەجێ خەیاڵاوی)دەگێڕێتەوە.کە کوردستان جێدێڵێت و دەچێتە نەرویج. دەسپێکی ڕۆمانەکە، بە گەیشتنی خەجێ بۆ ئەوروپا دەست پێ دەکات.بەڵام ئەمە دەسپێکی ڕووداوەکە نییە.لێرەدا ڕۆماننووس لە ڕێگەی مۆنتاژی سینەمایی و تەکنیکی فلاشباکەوە،ڕووداوەکان بەیەکتری دەبەستێتەوە، ئەو نەیویستووە کۆی ڕووداوەکان لەسەر یەک ھێڵی گێڕانەوە بگێڕێتەوە،لە سەرەتاوە تا کۆتایی. چونکە ئەوکات نە خوێنەر چێژی لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە وەردەگرت،نەدەبووەجێگەی پرسیارو ڕامانیش لای. بەڵکو دوای ئەوەی دەگاتە خۆرئاوا،ئەو کات لە ڕێگەی دیمەنی جیاوازەوە، دەگەڕێتە ژیانی منداڵیی خۆی و جەنگ و نەھامەتییەکانی برسییەتی و ژیانی سەختی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، تا بە ئەزموونە کەسی و خێزانییەکانی خۆی دەگات، پاشانیش جێھێشتنی نیشتمان. کارەکتەری ڕۆمانەکە، لە پێناو گەیشتن بە سەربەستیدا، لە پێناو شەڕی خود و داکۆکیکردن لە بەھای بوونی خۆی وەک مرۆڤێک نەک ژنێک،لە ململانێیەکی گەورەی ژیاندایە.خەجێ بۆ ئەوەی ژیانێک ھەڵبژێرێت کە خۆی دەیەوێت، نەک بۆی ھەڵبژێرن،سەرەتا دەبێ ھەموو ئەو تەوق و سندمانە بپچڕێنێت، کە ژیانی ئەویان لە ھەزار لاوە بەستۆتەوە. بە تایبەتیش کە ھەموومان دەزانین ژیانی ژن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ھەرگیز وەکو ژیانی ڕەگەزەکەی تر نییە. ژنبوون لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ھەر تەنھا ھێما نییە بۆ بوونی مرۆڤێک، بەڵکو شوناسێکی گەورەتری ھەیە،کە ئەویش خۆی لە شوناسی خێزان و بنەماڵە بەرجەستە دەکات. بەو مانایەی، مۆڕالی ژن،ھەر تەنھا مۆڕالی خۆی نییە،بەڵکو مۆڕالی ھەموو ئەوانەیە،کە لەڕووی خوێن و نەژادەوە دەچنەوە سەری.بۆیە پارێزگاریکردن لەو مۆڕاڵە، پارێزگاریکردنە لەو شوناسە. ئەم شوناسە چۆن دەپارێزرێت؟بێگومان بە سنووردارکردن و دیاریکردنی مەوداکانی ئازادی ژن لەو چوارچێوە ئەقڵی کۆمەڵایەتییەی کە بۆی دەکێشرێت.بۆئەوەی ژنیش بتوانێت سنووری ئەو سەربەستییە دەستکرد و نەخشێنراو و کۆنکریتییە ببڕێت، دەبێ یاخی بێت و بە گژ ھەموو شتێک دابێتەوە،کە بوونەتە نۆڕمی کۆمەڵگە. لێرەوەش خەجێی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، یاخی دەبێت و پشت لە ھەموو شتێک دەکات. سەرەتای ئەو یاخیبوونە، بە جێھێشتنی ماڵ دەست پێ دەکات. بێگومان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ماڵ بە مانای شوناسی ژن و ژیانی بچووک کراوەی ژن.تەنانەت زۆرجار دەگوترێت:_(ژنێک بینە باببیتە ماڵ). ئەم دەربڕینە، خۆی لە خۆیدا، بەرجەستە کردنی شوناسی ژنە لە ئاستی بووندا. ماڵ بۆ ژن، ھەر تەنھا ڕووبەرێکی بچووک کراوەی کۆمەڵایەتی و فیزیکی نییە، بەڵکو ھێمایەکیشە، بۆ سنووردارکردنی سەربەستی ئافرت.بۆیەشە دەبینین، ژن و ماڵ تەواو کەری یەکترین و بە داخەوە بەشێکی زۆری ژنانیش، وەھا بیردەکەنەوە.ماڵ پیرۆزییەکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ھەیە بۆڕەگەزی مێ، جێھێشتنی ماڵ، گەورەترین لادان وناپاکی و ھەڵەیە، کە ژنێک پێی ھەڵبستێت. دەرچوون لە ماڵ،واتا دەرچوون لە ھەموو ئەو بەھا خێزانی و مۆڕالی و کۆمەڵایەتییانەی، کە دواجار مانایەک و بەھایەک بە بوونی ئەو خێزانە دەدەن لە ئاست ئەوانیتر. لێرەوەش کاتێ دەبینین ژنێک بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ پیاوێک دەڕوات و ماڵ جێدێڵێت، ئیدی تەنھا سڕینەوە و کوشتنی ژنەکە، ئەو مانا و بەھایە بۆ خێزان دەگەڕێنێتەوە. بۆیە گەڕان بە دوای سەربەستی لە کۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتییەکاندا بۆ ژن، ھەر تەنھا داماڵینی فۆڕمێکی دیاریکراو و یاخیبوون نییە لە ئاست شتێک، بەڵکو ھاتنەوەیە بەگژ ھاوسەر، ماڵ، خێزان و کۆمەڵگە، کە ڕەنگە دواجار باجەکەی خوێنیش بێت. خەجێ دەزانێت سەرەتای ئەو ھەنگاوە، بە جێھێشتنی ماڵ دەبێت، بۆیە کاتێ لە نێوان ڕق و تووڕەیی دایک و خوشکەکانی و غەزەب و شەھامەتی پیاوانەی براکانی ماڵ جێدێڵێت، دەزانێت ئەمە کۆتایی ھەموو شتێک نییە،بەڵکو دەسپێکی گەڕانە بە دوای سەربەستییەک کە پێویست دەکات لەگەڵیدا کۆمەڵگە و نیشتمانیش جێبێڵێت.بۆیە لەدوای جێھێشتنی چوار دیواری ماڵ، سنوورێکی گەورەتر دەبڕێت، کە ئەویش سنووری کۆمەڵگە و جوگرافیایە.لەوێوەش دەڕواتە ئەوروپاو لە نەرویج دەگیرسێتەوە. بەڵام ئایا خەجێ خەیاڵاوی بە گەیشتنی بۆ نەرویج،ئیدی ھەموو خەونەکانی ھاتنە دی و گەیشتە ئەو خۆشبەختییەی خۆی دەیویست؟یەکێک لەو وێنانەی لەو ڕۆمانەدا، ئەژین بەزمانێکی سادە، بەڵام بە قووڵایەکی فیکرییەوە کاری لەسەر دەکات،ھەڵگێڕانەوەی ئەو وێنە ئەبستراکت و بەھەشتیەیە بۆ خۆرئاوا کە لە ھزری زۆرێک لە مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی و کوردیش وەک بەشێک لەو جوگرافیایە بوونی ھەیە.وێنەیەک کە خۆرئاوا یەکسان دەکات بە بەھەشت و نرخ و بەھایەکی ھێندە گەورە و ئایدیالی پێ دەدات، کە ھیچ ناشرینی و خەوشێک لەخۆناگرێت.خۆر ئاوا بە گشتی لە دنیابینی بەشێکی زۆری مرۆڤی کورددا،بەھەشتێکی بونیادنراوە لە سەر زەوی کە بوون و ژیان تیایدا بێ گرفت و کێشەن.ئەم وێنە جوان و خەیاڵییە تا ئەو شوێنە بردەکەن، کەنابنە بەشێک لە واقیع و ژیانی کردارییانە لە خۆرئاوادا.ھەر کاتێک ئەو وێنە روئیا کراوە،لەخەیاڵەوە بووە واقیع، ئیدی مرۆڤ ھەست دەکات، شتێکی جیاوازتر ھەیە لەوەی کە پێشبینی دەکرد. خەجێ خەیاڵاوی، ئەگەرچی تووڕەیە لە ماڵ، لە نیشتمان، لە ھەموو بوونێکی نێو ئەو جوگرافیایەی ناسنامەی ئەو پێکدێنن، بەڵام لە یەکەمین چرکەی گەیشتنی بە نەرویج، ھەست دەکات کە ئەویش بەر وێنەیەکی دیکەی جیاواز و پارادۆکس دەکەوێت لە وەی کە خەونی پێوە دەدیت.لە خۆرئاواشدا،لە نەرویجی سەھۆڵبەندانیشدا، خەجێ ھەمان ئەو کەسەیە کە لەنیشتمان بوونی ھەبوو،بەڵام بە بەریەککەوتنی جیاواز.لە میانەی ئەو بەریەککەوتنەدا،ڕۆماننووس گومان دەخاتە سەربەشێکی ئەوچەمکانەی، کەھەمیشە وەک سیمایەکی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و سەربەستی،دەدرێنە پاڵ خۆرئاوا. خەجێ بەشێک لەو بەھەشتە خەیاڵییە، پووچەَل دەکاتەوە کە ھەمووان خەونی پێوە دەبینن. ئەویش کاتێ خۆی وەک تارمایەک لە نێوان ئەو ھەموو مرۆڤانە دێتە بەرچاو.ئەو لە شەقامدا ھەزارەھا ئاژەڵدۆست وژینگە دۆست مرۆڤی جیاواز دەبینێت، بەڵام ھەمووان دواجار خەجێ وەک تارمایەک دەبینن و بەلایدا ڕەت دەبن، وەک ئەوەی ھەر مرۆڤیش نەبێت. ئەوەی لێرەدا بەھایەک بەبوونی ئەو دەدات ئیقامەیە.واتا نااسنامەیەکی بچووک، کە بە ھۆیە و پێگەیەک دەداتە ھەبوونی ئەو لەوێدا.خەجێ بڕوای وابوو بە جێھێشتنی نیشتمان، لە سەربەستییەکی سنووردارەوە دەپەڕێتەوە سەربەستییەکی بێ سنوور،بەڵام ئەم سەربەستییە تەنھا بۆ ئەوانە مانای ھەیە، کە بەشێکن لە بوونی ئەو نیشتمانە و ئەو ناسنامەیە.کە خەجێ نیشتمانی خۆی جێدێڵێت،لە پێناوی ئەوە نییە کە نەرویج دەکاتە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆی، یاخود ئەو جێھێشتنە، گۆڕینی سنوورێک نییە بە سنوورێکی دیکە، بەڵکو ھەوڵدانە بۆ تێکشکاندنی ھەموو ئەو بەربەستانەی ئازادی ئەو وەک مرۆڤێک ودواتریش وەک ژنێک سنووردار دەکەن.ئەو دژی ئەو سنووردارکردنە ئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزیی و نیشتمانیەیە،کە ھەیە. بەبڕوای خەجێ، نابێ ھیچ سنوورێک بۆ مرۆڤ لە ھەرکوێیەکی ئەم دنیایە بێت، بوونی ھەبێت. نەبوونی سنوور بۆ سەربەستی مرۆڤ، بەو مانایە نییە کە چیت دەوێ بیکەیت، وەک ئەوەی بوونی ژنێکی سەربەست لە ئەوروپا بە بەڕەلایی دەزانین و دایکی خەجێش بە تووڕەییەوە لە تەلەفۆن بەو دەڵێت:_(تۆبە تەنیا لە ئەوروپا چ دەکەیت).بەڵکوخەجێ نایەوێت دواجاربوونی ئەو وەک مرۆڤێک بچووک بکرێتەوە لە ناسنامە.لێرەوەش ئەو بۆچوونەی ڕۆسۆمان بیر دێتەوە کە جەخت لەسەر لە دایکبوونی مرۆڤ بە سەربەستی دەکاتەوە، بەڵام دواتر ژیان ئەوسەربەستییەی لە قاڵب دەدات. خەجێ کە دەگاتە نەرویج، وا ھەستدەکات ئیدی ئەو وەک مرۆڤێک سەربەستە،چونکە ھەمیشە ئەوروپا وەک ھێمای سەربەستی و ئازادی دەبینین،بەڵام لەوێش ناچارە بە ڕەشی بژیت و بە ڕەشی کار بکات و بە ڕەشیش بخەوێت.بوونی خەجێ لەوێ بەستراوەتەوە بە بوونی پارچە کاغەزێکی مردوو، کە تەنھا ڕێگەی پێ بدات وەک مرۆڤ بژیت.ئەم پارچە کاغەزە دەبێتە مایەی پرسیارێکی قوۆل بۆخەجێ،کە چۆن دەبێت لەو ئەوروپایەی بەلانکەی ھاووڵاتیبوون و ئازادی دەناسرێت، مرۆڤێک لە چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەم پارچە کاغەزە، کە مافی نیشتەجێبوونی پێ دەدات، لە چاوەڕوانیدا ڕۆژەکان بە یەکتری بسپێرێت.مەگەر لێرەش سنوورێک بۆسەربەستییەکانی مرۆڤ ھەیە؟ئەگەرھەیە دوورکەوتنەوەی خەجێ لە وڵات چ مانایەکی دەبێت؟لە بنەڕەتدا خەونی خەجێ گۆڕینەوەی شوێنەکان و سنوورەکان نییە بە یەکتری، بەڵکو گەڕانە بە دوای سەربەستیدا. سەربەستییەک کە مرۆڤ لە ژێر ھیچ پاساوێکەوە دیل نەکات.ئەگەر خەجێ لە کوردستاندا لە بەر ستەمی پیاوسالاریی ونەبوونی ئازادی بۆ ژیانی خۆی و توانجەکانی کۆمەڵگە، ھەستی بە سەربەستی نەکردبێت، ئەوا لە نەرویجیش لە بەر نەبوونی مافی مانەوە، ئەو سەربەستییەی نییە کە خۆی بە دوایدا وێڵە.بەڵکو لەوێش جۆرێکی دیکەی سنوور ھەیە، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە و بەپاساوێکی دیکە.کە ئەمەش بۆ ئەو جێی پرسیارو ڕامانە.ئەو دواجار دڵی بە وەرگرتنی ئیقامە خۆش دەبێت، بەڵام ھەست دەکات ھەمان خەجێی جارانە و ھیچ شتێک نەگۆڕاوە.بگرە بۆتە ڕۆبۆتێکیش.لێرەدا دەمەوێت وەک خوێنەرێک لە سەر بەریەککەوتنی خەجێ، وەک کارەکتەرێکی کورد و ڕۆژھەڵاتی، ھاوکات ژنێکی بوێرو سەربەست و ئازادیش،بە نەرویج و خۆرئاوا بەگشتی بوەستم.بێگومان بەریەککەوتنی خەجێ بە خۆرئاوا،بەریەککەوتنێکی جوگرافی و کولتووریی و ژینگەیی نییە، کە سەرەنجام بە غەریبییەکی گەورە و کوشندە کۆتایی دێت، وەک ئەوەی لە بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی و مرۆڤی کوردی ئاوارەبوو بەگشتی دەیبینین.ئەم بەرکەوتنە، بەرکەوتنێکی ڕوحی و مرۆڤانەیە.ئەژینی نووسەری ڕۆمانەکە،ھێندەی مەبەستیەتی وەک سۆسیۆلۆژستێک،لە سەر ڕەھەندی ڕوحی مرۆڤی خۆرئاوایی بوەستێت،ھێندە جوانی و داھێنان و ژیارییەکانی نەرویجی بەلاوە گرنگ نییە. گەرچی لە ھەندێ شوێنی ڕۆمانەکەشیدا، وەسفی ئەو جوانیانە دەکات.ڕۆماننووس مەبەستیەتی، لە سەرھزرو قووڵایی دەروونی مرۆڤەکان بوەستێت،جا چ مرۆڤی کورد بێت، یان خۆر ئاوایی.بۆنموونە:کاتێ وەسفی ماڵی خاڵ و خاڵۆژنی دەکات،دەڵێت:_(لە شوێنێکی بەرزو جوانی سەرشاخێک بوو). ئەم جوانییە دیکۆریی و ڕاگوزەرییە،بۆ خەجێ نە دەبێتە جێگەی پرسیار،نە سەرنجیشی ڕائەکێشیت،بە پێچەوانەوە ئەوەی بۆ ئەو دەبێتە جێگەی ھەڵوەستە کردن، پەیوەندی خاڵ و خاڵۆژنی وەک دوو مرۆڤی کورد و کەشی ڕۆژھەڵاتییانەی نێو ماڵەکەیە، دوای ژیانکردنیان بۆ ماوەی بیست ساڵ لەو وڵاتە. کە پڕە لە دەمەقاڵێ و نەبوونی سەربەستی و شکانەوەی یەکتری.ئەژین لێرەدا، دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت،کە چۆن بەشێک لە مرۆڤەکان،وێرای ئەوەی تێکەڵ بە ژیان و کولتووری خۆرئاوایانەش دەبن،بەڵام ھێشتا ناتوانن، ببنە مرۆڤی ئەوکۆمەڵگەیە. ئەو ناراستەوخۆ ڕەخنە لە ئەقڵی پیاو سالاریی بەشێک لە پیاوی کورد دەگرێت،کە پێی گۆشکراوە و زەمەن و شوێن و جوگرافیای جیاواز، ناتوانن بیگۆڕن و بیسڕنەوە, بۆیە کاتێ ھەست دەکات کەشی ئەو ماڵە ھەمان ئەو فەزایەیە کە ئەو لێی ھەڵاتووە، ئیدی ئەوێ جێدێڵێت و لەگەڵ ھەوری کوڕی دەچێتە ئاپارتمانێک و بە تەنھا دەژی. لەلایەکی دیکەوە خەجێ لەبەرکەوتنی بەو وڵاتە، مرۆڤی خۆر ئاوایی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، کە ھەمیشە ئەوێ وەک ھێمایەک بۆ مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی دەبینرێت، کەچی کاتێ ئەو ژیانە لەوێ ئەزموون دەکەی، ئەم واقیعە پێچەوانە دەبێتەوە.واتا ئەوێش نابێتە شوێنێک بۆ ژیانێک کە ئەژین لە ڕۆمانەکەیدا بە دوایدا دەگەڕێت.بۆنموونە: ئەوانەی بڕوانامەی بەرزی یاسایان ھەیە، چونکە بە ڕەگەز ھاووڵاتی ئەو وڵاتە نین،ئیدی دەبێ توالێتەکان پاک بکەنەوە.سەربەستی و بوونی مرۆڤیش دەبەسرێتەوە بەوەی کە تۆ زمانی دایکت نەرویجییە یان زمانی دووەمە.بەمەش ڕۆماننووس ئەو بەرواردکارییە کۆمەڵایەتی و ژیارییە دەکات و دواتریش دەپرسێت، مرۆڤ لە کوێوەی ئەوجیھانەوەیە؟ ئەگەر لە کوردستان خەجێ ئازادی نەبێت، ئەوا لە نەرویجیش بوونی لە پارچە کاغەزێک دەبینرێت،واتا بە جۆرێک لە جۆرەکان لەوێش ئازاد نییە،ئەگەرخەجێ لە کوردستاندا،لەبەریەککەوتن دابێت لەگەڵ نەبوونی سەربەستی و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان وئەقڵیەتی پەتریاکی، ئەوا لە نەرویجیش لە ڕووی ڕوحییەوە لە بەریەککەوتندایە لەگەڵ مرۆڤگەلێکی جیاواز. سەرەنجام خەجێ لە نێوان کوردستان و نەرویج دۆش دا ئەمێنێت،بەڵام نەگەیشتۆتە کۆتایی پرسیارەکانی.لێرەوەش ئەو خوێنەرەی پێی وایە کۆتایی ڕۆمانەکە کۆتاییەکی لاوازە، یاخود بۆ خوێنەر جێی سەرنج نییە، بە بڕوای من لە ناوەڕۆکی ئەو ڕۆمانە نەگەیشتووە.چونکە ھەر خوێنەرێک بە وردی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە، دەزانێت ئەوەی کۆتایی دێت،ڕۆمانەکەیە نەک ڕووداوەکان. ئەم ڕۆمانە کۆتاییەکی کراوەی ھەیە، کە ڕەنگە ڕۆماننووس مەبەستی بێت، درێژە بە ڕووداوەکان بدات، چونکە خودی ڕووداوەکان بەو پرسیارە کۆتایی پێ دێنێت کاتێ دەڵێت:_(ژنەکان وڵاتییان نییە، کێ وڵاتی ھەیە).بۆیە ڕۆماننووس مەبەستیەتی بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بچێت. پرسێکی دیکەی نێو ڕۆمانەکە کە دەمەوێت لە سەری بوەستم، پرسی خێزان و ھاوسەرگیرییە کە لە ڕۆمانەکەدا ئاماژەی پێ دەکرێت. بێگومان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا،ھاوسەرگیری ئەوپەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانیی و پەروەردەیەیە، کە تیایدا پیاو دەبێت بە سەنتەر. ئەم پەیوەندییە ھەمیشە بە جۆرێک دروست دەبێت، کە ھەر دووھاوژین،بە تایبەتیش پیاوان ئەوەندەی مەبەستییانەژن بوونێکی ھەبێت وەک ئەوەی خۆیان دەیانەوێت، ئەوەندە یەکتریان ناوێت وەک ئەوەی ھەنە. بە دەربڕینێکی تر، پیاو یاخود بەشێکی زۆر لە ژنان، وا بیردەکەنەوە ھاوسەرگیری یانی موڵکداریەتیکردنی یەکێکییان، کە ژن دەبێتە موڵکی پیاو، ئیدی ئەو بڕیار لە سەر چارەنووسی مرۆڤێکی دیکە دەدات کە ھاوتای خۆیەتی و لە پەیوەندییەکی خێزانیدایە لەگەڵی. ئەژین لە بنەڕەتدا، دژی ئەوەیە ھاوسەرگیریی ببێتە مایەی زەوتکردنی سەربەستی مرۆڤ، ئەگەر چی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ڕوانینێکی نێگەتیف ھەیە بۆ ئەو سەربەستییە. لە ڕوانگەی خەجێی کارەکتەری ڕۆمانەکە، سێکس ھەر تەنھا،بەریەککەوتن و ئاوێتە بوونی دوو جەستە نییە، جەستەی ژن کاڵانێک نییە، تەنھا بۆ شمشێری پیاو، بەڵکو لە بەرای ھەموو ئەمانەدا، ئاوێتە بوونی دوو ڕوحە. ھەر کاتێک ئەو دوو ڕوحە لە یەکتری ترازان، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی پەیوەندی ھاوسەرگیریی و خێزانی.خەجێ چونکە بەرلەوەی جەستەی لە ھاوسەری پێشووی جیابێتەوە، ڕوحی لێ جیابۆتەوە، ئیدی کاتێ کرداری سێکسی ئەنجام دەدەن، لە پڕمەی گریان دەدات، چونکە خۆی وەک داگیرکراوێک و ھاوسەرەکەشی وەک داکیرکەرێک دەبینێت. خەجێ دەیەوێت لە بەرای ھەموو شتێکدا،سەربەستی ھەبێت.ھەر پەیوەندییەک بە زەوتکردنی ئازادی و سەربەستی مرۆڤ کۆتایی بێت، دواجار زیندانیکردنێکی دیکەیە. بۆیە ئەو شەوەی خەجێ پەیوەندی لە گەڵ ھاوسەرەکەی لە ڕووی جەستەیی وغەریزەییەوە کۆتایی پێ دێنێت، خۆی دەڵێت:_((کە ئەو شەوە زۆر ئاسوودە بووە)). لێرەوەش دەبینین،کاتێ خەجێ پەیوەندی لە گەڵَ سبەستیانی ھاوماڵی دەبەستێت و ئەویش داوای لێ دەکات کەمنداڵییان ھەبێت، خەجی بە توندی ئەو داوایەی ئەویش ڕەت دەکاتەوە. چونکە لە ڕوانگەی ئەو،ژن ئەو فابریکایە نییە کە تەنھا ئەرکی منداڵ خستنەوە بێت، یاخود پەیوەندی ھاوسەریی و ھاوژینی، ببێتە ئەڵقەیەک بۆ بەستنەوە و زەوتکردنی سەربەستی مرۆڤ. بۆیە خواست و کێشەی خەجێ ئەوە نییە، کە لە ئەوروپا بە دوای حەزەکانی کەوتبێت، وەک ئەوەی دایکی وا تێگەیشتووە وپێی وایە کچەکەی بە تەنیا لە نەرویج چ کارێکی ھەیە،چونکە نابێ ئەوەمان بیربچێت، تەنانەت لە ئەوروپاش جەستەی ژن، پەیوەندی بە سەربەستی خۆیەوەی ھەیە و ھیچ پیاوێک ناتوانێت دوور لەخواستی ئەو،لە پەیوەندی سێکسی و ھاوماڵی دابێت لەگەڵ ژندا.مەبەستی خەحێ لێرەدا،جەخت کردنەوەیە لەوەی نابێ جەستەی ئافرەت وەک قەدەخەکراوێک ببینین و ھەمیشەوەک ھێمای مۆڕالی کۆمەڵایەتی و کەسی تەماشای بکەین.کاتێ سبەستیان، بە جەستەیەکی ڕووت و قووتەوە لە گەڵ خەجێ دادەنیشێت و ھیچ شەرمێکیش دایناگرێت، مانای وایە، جەستە لای ئەوان، ھیچ بە ھایەکی نییە.بۆیە خەجێ بەم دیمەنە شۆک دەبێت و جارێکی دیکە، پیاوبوونی وەک چەمکێک دێتەوە بەرچاو، کە زۆر جار لە ڕیش و سمیڵی زل دەبینرێت وکورت دەکرێتەوە.دواجار دەڵێم، لە نێوان نەرویج و کوردستاندا، خەجێی خەیاڵاوی دێت و دەچێت،دۆش دائەمێنێت و دەکەوێتە گومان و پرسیاری قووڵەوە،نەدەتوانێت بگەڕێتەوە کوردستان،نە لەوێش ھەڵدەکات، بەڵام ھەموو ئەمانە، ناتوانن کەسیەتی خەجێی بوێرو ئازاو سەربەست، وەک ژنێکی ڕۆژھەڵاتی و کورد بڕووخێنن. بەڵکو بە پێچەوانەوە مرۆڤ و ژیانی خۆرئاوایانە دەخاتە ژێر پرسیارو گومانکردنەوە. گومانکردنێک کە دواجار ئەو پرسیارە دروست دەکات کە ئایا تاکی خۆر ئاوایی و ئەوروپاش بەگشتی، برێفێکت و ئاسوودە و بێ کێشەن؟ ئایا ژیان لەوێ، مانای وایە مرۆڤ لە بەھەشت دەژی؟ یان ئەوێش بە جۆرێک لە جۆرەکان،مرۆڤ گیرۆدەی چەندین نۆڕم وکێشەی دیکەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دەکات.بە بڕوای خەجێ، ئەگەر ڕۆھەڵات لە دیدی ڕۆژھەڵاتییەکانەوە، ھێما بێت بۆ دۆزەخێک، ئەوا بە ھیچ شێوەیەک ڕۆژئاواش ئەو بەھەشتە نییە کە ئەوان بیری لێ دەکەنەوە.سەرەنجام گەڕانی خەجێ بەردەوام دەبێت بە دوای سەربەستیدا.سەربەستییەک کە سنوور و جوگرافییا و ناسنامە و نیشتمانەکان ناناسێت، بەڵکو سەربەستییەکی گەردوونییە. گەڕانی خەجێ، گەڕانە بە دوای ژیانێک کە خۆی دەیەوێت، نەک ژیانێک کە ژیان بە سەریدا ئەسەپێنێت. بۆیە نە لە کوردستان و نە لە خۆر ئاواش ھەست بە بوون و سەربەستی و ژیان ناکات. ڕۆمانی ژنەکان وڵاتییان نییە، چەند جوان و بە چێژو پڕئازارە، ئەوەندەش ھێمایە بۆ لێھاتوویی و بوێری ژنی کورد لە بواری نووسینی ڕۆماندا. ژنەکان وڵاتییان نییە،شایەنی ئەوەیە ھەمووان و بەتایبەتیش ژنان بیخوێننەوە.بۆئەوەی لێیەوە فێری بوێری و سەربەستی و ئەزموونەکانی ژیان بن، نەک تەنھا پێیان وابێت ژن کارەکتەری چێشتخانەیە و دەبێ لە تیڤییەکاندا، بۆ خەڵک خۆشترین خواردن ئامادە بکات. ئەم ئەقڵ و دنیابینییە، لەگەڵ ئەقڵ و دنیابینی ئەژین وەک ژنێک نەک ھەر بەراورد ناکرێت،بەڵکو جێی بەزەییشە. دواجار دەستخۆشانە لە نووسەری ڕۆمانەکە دەکەم و ھیوادارم ڕۆمانی دیکەی جوانتر بنووسێت…

*پەراوێز: ژنەکان وڵاتییان نییە، بابەت: ڕۆمان،نووسینی:ئەژین عەبدولخاڵق، بڵاوکراوەی: ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند_٢٠٢٠

دەربارەی Sadiq Rwandze