سەرەتا / چاند و هونەر / هونەری / ھونەرمەندێکی جوو، ڕەنگدانەوەی لە سێ ڕۆمانی کوردیدا

ھونەرمەندێکی جوو، ڕەنگدانەوەی لە سێ ڕۆمانی کوردیدا

یاسین برایم
لە دەسپێکی ئەم نووسینە، یەکسەر دەچینە ھەڵدانەوەی ژیانی ئەم ھونەرمەندە جووە. بە پێناسەیەکی کورت، قفلی بابەتەکە دەکەینەوە، دەڵێین، ئەم ھونەرمەندە، ڕۆحشیرینە، دەنگ ئەفسوناوییە، پاشای سەردەمی خۆی بووە لە گۆرانی و سەما و ئاھەنگە گەورەکان و یانەی شەوان. ھەوادارانی خۆی دێنا جۆش و خرۆش. سەلیمەی جوو، ئەستێرەیەکی دیاری ئاواز و گۆرانی.
سەلیمە موراد: لە ساڵی ١٩٠٥ لە بەغدا لەدایکبووە، ئەستێرەی ئەم ھونەرمەندە لە ساڵی ١٩٢٢ تا ڕۆژی مردنی دەگەشایەوە، لە ساڵی ١٩٥٣ دەبێتە ھاوسەری ھونەرمەندی گەورەی عێراقی (نازم غەزالی*)، لە ساڵی ١٩٧٤ کۆچی دوایکردووە. لە لایەن نووری سەعید، نازناوی پاشای پێبەخشراوە، بە سەلیمە پاشا ناسراوە. چەندین ئاھەنگ و فێستیڤاڵ و شەوە ئاھەنگی لە ناوەخۆ و دەرەوە ئەنجامداوە.

(١) سەلیمە، سەماکەر و گۆرانیبێژی ناسراوی عێراق، خاوەن دەنگێکی خۆش و ڕووخسار ناسک و جوان و ڕوحسووکبووە، لە بنەماڵەیەکی جوولەکەی بەغدا بووە. مامۆستای بالیە و وەرزش و گۆرانی کەشافەی قوتابخانەکان بووە. لە خێزانێکی زەنگین و دەستڕۆیشتوو و خانەدان بووە.

(٢) ئەمەش وای لە سەلیمە کردووە، ھەر لە تەمەنی زوو تێکەڵ بە بنەماڵەی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار و ھونەردۆستان و موزیکژەنان بێت. لە کۆڕ و بەزم و دیوەخان و ئاھەنگی شەوان، گۆرانی بڵێت و بەدەنگە خۆشەکەی ناوبانگی پەیدابکات. تا ئێستاش، گۆرانییەکان و ئاوازەکانی نەمری و ھونەرێکی جوان و ڕەسەن و بەھا و سەدای خۆی ھەیە. ئەم ھونەرمەندە جوولەکەیە، ئەستێرەیەکی گەشی گۆرانی بووە لە سەردەمی خۆیدا، ئەمەش وایکردووە لای تاکی کوردیش جێگای بایەخ بێت و ڕەنگدانەوەی لە خەیاڵ و بیر و ھونەردۆستان ھەبێت و یادگارییان لەگەڵ دەنگ و ڕەنگ و ڕووخساری جوانی ئەو ھونەرمەندە ھەبێت. لە نێو ئەدەبیش، ئەم ڕەنگدانەوەیە بەرچاو دەکەوێت، بۆ ئەم نووسینە، ئاوڕێک لەم بوارە دەدەینەوە، سێ ڕۆماننووسی دیاری کورد، بە گرنگی و بایەخی زۆرەوە، باسی ئەم ھونەرمەندەیان کردووە. بۆ چەندین جار وەک گۆرانیبێژ و سەماکەر و سۆزانی و خاوەنی گازینۆ و مەلھا و ئەستێرەی دیاری گۆرانی و مەقاماتی عێرقی ناوی دەبەن. بێجگە لەمەش بۆ چەندین جار ناوی ھاوسەرکەشی ھاتووە، کە ئەویش گۆرانیبێژی دیاری عێراق و جیھانی عەرەبی بووە. دواتر ھەردووکیان ھاوسەرگیریی دەکەن و پێکەوە چەندین گۆرانی دەڵێن و ئاھەنگی گەورەی جەماوەری لەناوەوە و دەرەوە سازدەکەن؛ ئەویش (نازم غەزالی). جا لەم نووسینە، سەلیمە پاشا، وەک سۆزانیی و سەماکەرێکی نێو دەق و لە دەرەوەی دەقیش، دەبینین وەکوو ئەستێرەیەکی دیاری گۆرانی و مەقاماتی عێراقی و عەرەبی لە سەدەی بیستەمدا، جێگەی بایەخ و ناوبانگییە. تەنانەت وەک جوویەکی عێراقی ئامادە نەبوو، بۆ ئیسرائیل کۆچ بکات و تا لە زێدی خۆی سەری نایەوە. لە ڕێی ئەم سێ ڕۆمانەش، تیشکی زیاتر دەخەینە سەر و بە چەند وردەکاری و زانیاریەکی تر ئاشنا دەبین.
با سەرەتای ئەم باسە، ڕۆمانەکەی فەرھاد پیرباڵ (٣) بەسەر بکەینەوە. ئەویش لە سەر زاری یەکێک لە کارەکتەرەکانی ئەو ڕۆمانەیە. ئەویش شەھابەی ھونەرمەندە، باسی ئەوە دەکات، کە چۆن چویتە بەغدا و گۆرانی گوتووە. دواتر عاشقی گۆرانیبێژێکی ناودار دەبێت، چەند جارێک بەو یادەوە ڕوو لە بەغدا دەکاتەوە.
” ڕوومان کردە (مەلھای جەواھیری) کە ئەوکات خاوەنەکەی (سەلیمە موراد)ی گۆرانیبێژ بوو کە پێیان دەگووت (سەلیمە پاشا).”  (٤) شەھابە کە عاشقی گۆرانیبێژ (ئوم کەلسووم) بووە. کە لەگەڵ چەند گۆرانبێژێکی ناوداری عێراق، بەشداریان لە ئاھەنگێکی گۆرانبێژی میسر (ئوم کەلسووم)، کردووە و گۆرانیان گووتوە. لەوێ عاشقی یەکدەبن و بەیەکەوە چەند پیاسەیەک دەکەن. دوای ئەوەی شەھابە دێتەوە ھەولێر. ” گازینۆ ھیلال، لە بەغدا، کە مەلھایەکی بریقەداربوو، لە یەکێک لە سووچەکانی گۆڕەپانی (مەیدان)؛ ئینگلیزەکان لە ساڵی ١٩١٨ دروستیان کردبوو. ئەم مەلھایە، کە من تەنھا جارێک لە دوورەوە بینیبووم، ھەوەڵجار ناوی (مایستیک) بوو، پاشان ناویان گۆڕی و کردیانە ھیلال. شەھابە دەیگێڕایەوە، دەیگوت: “سەماکەرێکی بەژن زراڤی تورک ناوی (لان) بوو لەوێ بەزمی سەمای گەرم دەکرد. ئنجا پاشان ژنێکی سەماکەری دیکە بەناوی (ماریکا دیمیتری) پەیدا بوو کە پۆلۆنی بوو.” شەھابە دەیگوت”سەلیمە مورادی گۆرانیبێژ لە ١٩٢٤_ ەوە لەوێ گۆرانیی گوتووە و قەوانی ھەبووە؛ جگە لەمە سەلیمە موراد ھەر ساخبێری گازینۆکەش بوو کە پاشان مێردی بە نازم غەزالی کرد…”(٥)
ئیسماعیل حەمەدەمینیش، لە ڕۆمانی (ئەودیوی سنوور. باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا.(٦) باس لە کارەکتەرێک دەکات بە ناوی ئەدۆنیس. دوای کوژرانی باوکی، لەگەڵ سوھای دایکی دێتە بەغدا. دایکی شەوانە لە یانەیەک سەما دەکات و کوڕەکەشی لە لای پیاو و ژنێکی کوردی فەیلی دادەنێت و دوور لە گرتن و کوشتن، ژیان دەگوزەرێنێت، دوای ماوەیەک لە لایەن زڕباوکییەوە، دایکی لە بەرچاوی لە مەلھایەکی شەوانە دەکوژرێت. ئەدۆنیس، لەو مەلھایە لەگەڵ ژنە سۆزانیەکان دەژێت و ئەوانیش چاویان لێدەبێت. ئەو مەلھایە ھی سەلیمە مورادە. لەم ڕۆمانە چەندین جار ناوی ئەو گۆرانیبێژە وەکوو سۆزانییەکی گەورە و خاوەن مەلھایەکی بەناوبانگ، ناوی دێ. “ئەدۆنیس لە یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکی کوردەکانی بەغدا گەورە دەبێت زۆربەیان فەیلین، ئەدۆنیس دیالەکتیکیی سۆرانی سلیمانی لە نێو دیالەکتیکیی فەیلیدا دەتوێنێتەوە. سوھاش زۆر زوو لە مەلھاکانی (سەلیمە موراد) کار دەدۆزێتەوە… (٧)” ئەم کارکردنە زۆر ناخاێنێت و ھەر لەو مەلھایەدا بە چەقۆ دەکوژرێت و ئەدۆنیس بێکەس دەبێت. بە ناچاری لەو شوێنە کاردەکات. ئەمجارە، وەک ھەرزەکارێک لە نێو گەواد و لەشفرۆش و سەماکەر و سینگ و ماچ و مەمک و لاق و جەستەی ڕووتی ژنان گەورە دەبێت. ھەرلەو شوێنەش لای سەلیمە دەژێت و پارەی ئارەق و سەرمێزەکان و ژنەکان لە مشتەریەکان وەردەگرێت و خەریکی دەفتەری حیساباتی سۆزانیەکانی (پاپوچی سپیدا)دەبێت. بەڕۆژ دەخوێنێت و بە شەویش لە مەلھایەکان و ژیانی ئەوان بە سەردەبات. ھەروەھا دەبێتە ھاوڕێی گۆرانیبێژ نازم غەزالی، ھاوسەری (سەلیمە).
“ئەو ئێوارەیە ئەدۆنیس لە ژوورەکانی پشت تەختەی سەماکردنی مەلھاکەوە لە باوەشی سەلیمە مورادی خانمدا یەکەم موچڕکەی سێکسوالی بەجەستەیدا ھات و چۆ دەکات. سەلیمە موراد ھەست بە موچڕکەکەی دەکات و زیاتر گەرمایی لەشی خۆی پێدەبەخشێت… (٨)”
دواتر ئەدۆنیس لە لایەن، کەسێکەوە بەناوی (ملازم جوانرۆ). پێیدەڵێت، کە ئیدی تۆ چیتر ئەدۆنیس نێو مەلھاکان نیت، لەمەودوا ئەدۆنیسی شۆڕشگێری. بەم شێوەیە لە کاری نێو مەلھایەکە دەچێتە نێو خانەی شۆڕش و کوشتن و لەناوبردنی ناحەزانی شۆڕش. تا دواتر لە لایەن ئەویش دەکوژرێت. ھەر لە ڕۆمانەکە، ئەدۆنیش پەیوەندی دەکات بە گرووپی (بازی سوور ل٥٨٢)، بازی سوور، ئاماژێکە بۆ ڕێکخراوی (ھەڵۆی سوور) کە لە بەغدا لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزرا و بەشی زۆریان کوردی فەیلی بوون. ناوھێنانی ملازم جوانرۆ لە چەند شوێنێک، ھەروەھا (ملازم جوامێر، ل٥٩) ناوی ھاتووە. ، ڕەنگە ئەو ملازم جوانڕۆیە، ھەر ئەو ملازم جوامێر (١٩٤٧ _ ١٩٧٨) بێت لە سێدارە دەدرێت!(٩)
” ملازم جوانڕۆ و ھەموو برادەرانی دیکەی بەغدا ڕێکخراوێکی بچوکیان دامەزراندبوو. لە لایەن بەعسییەکانەوە دەستگیر دەکران و بەماوەیەکی کورت لە سێدارە دەدران…(١٠)” لەم ڕۆمانە، کە باس لە مەلھایەکەی سەلیمە دەکرێت، سەلیمە پێش دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٧٤ کۆچی دوایی کردووە، ھیچ مەلھایەک بە سەرپەرشتی سەلیمەوە لەوکات نەبووە، ئەمە دەگەڕێتەوە پێش دامەزراندنی ڕێکخراوەکە. ھەرلەم ڕۆمانە ھاتووە ئەدۆنیس لە تەمەنی چواردە ساڵی دێتە نێو ئەو ڕێکخراوە، ئەگەر لە ١٩٧٦ پەیوەندی کرد بێت، ئەوا دووساڵ زیاتر سەلیمە مراد مردووە. بەڵام ناوھێنانی سەلیمە موراد پێش دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە کە ئەدۆنیس تێیدا کاری کردووە. وەک سەماکەر و خاوەن مەلھا، کە سەرپەرشتی چەندین سۆزانی کردووە و شەوان بە ئاھەنگ و سەما و گۆرانی و ڕابواردن کاتیان بەسەر بردووە.
لە ڕۆمانی سێیەمدا، شێرزاد ھەینی، لە یەکێک لە ڕۆمانەکانی شاری ھەولێر بە ناوی (ھەولێر. قەرەچوغ)، بەم شێوەیە باس لە ھونەرمەندێکی شاری ھەولێر دەکات، کە ناوی شەھابەیە، ئەو زانییارییە نزیک لە ھەمان زانیارییەکانی ڕۆمانی فەرھاد پیرباڵە. بە ئاشکرا کاریگەری ئەو ڕۆمانە لەسەر ئەوەی شێرزاد ھەبووە، ئەویش ھەر لە ڕێگەی ناوھێنانی شەھابەوە، سەرەداوێکی ئەو ھونەرمەندە جووەمان پێدەڵێت. ئەگەر ھاتبوایە مەلا فەندی ڕێگای دابایە شەھابە چووبایە میسر لەگەڵ ئوم کەلسوم. ڕەنگە شەھابە ناوی دەرکردبایە و ئەوھا بە بێنازی سەری نەدەنایەوە. “ئەو ھونەرمەندە ناوی شەھابە بوو، لە کوردستانەوە ھاتۆتە میسر لەسەر داوای ئوم کلسوم ھاتووە. ئەگەر ئەو ئەستێرەی خۆرھەڵات بوو، ئەوەش شەھابە خۆی ئەستێرەیە! لەبەر ئەوەی دەنگێکی تایبەتی ھەبوو، بۆیەش زۆر لە ئاوازدانەر و موزیکسازەکان بایەخی پێدەدەن. ئەگەر سەفەرەکەی دەکرد، شەھاب دەبووە ھاوسەری ھونەرمەندێکی ناسراوی میسری. دووریش نەبوو، لە قاھیرە، لە دیمانە ھونەرییەکانی، باسی ” سەلیمە موراد”ی بۆ “لەیلا موراد ” کردبوایە. کە چۆن عاشقی “نازم غەزاڵی” بووە. نەیویستووە وەک جوولەکەیەک لە بەغدا کۆچ بکات و شوو بە نازم دەکات. گۆرانی _ گلبک ێخر جلمود_ ی بۆ دەڵێت. ئەویش عاشقی لەیلاکەی میسر دەبێت. لەسەر دەستی ئەو، بۆ دەنگی ئەو، ژنەکە دەبێتە موسڵمان. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٢ ئوم کلسوم، ھاتۆتە بەغدا. چەند ئاھەنگێکی ساز کردووە. سەرەتا لە تیاترۆخانەی ئەلھلال، کە زووتر ناوی “ماجستیک” بووە، ئینگلیزەکان وەک دیارییەک بۆ بەغدایان ساز کردووە. لەوێ، بۆ سەرخۆشەکان گۆرانی گوتووە…(١١)” لەم ڕۆمانە ھەر گەورەیی ئەو ھونەرمەندە جووەمان بۆ بەدەر دەکەوێت، شانبەشانی ئوم کەلسوم بووە، دواتر عاشقی نازم دەبێت و ھەر لەبەر دەنگی ئەویش دەبێتە موسڵمان. سەردەمانیک وەک دوو ھاوسەر، دوو ئەستێرەی دیاری گۆرانی بوون و ناو و نابانگیان ھەبووە.
لە ئەنجامی خوێندنەوە و وردبوونەوە لە ڕەنگدانەوەی سەلیمە موراد لەو سێ ڕۆمانە، بۆمان دەردەکەوێت. گەورەیی و ناوبانگی ئەومان بەدیدەی فەرھاد پیرباڵ، ھونەرمەند و گۆرانبێژێکی گەورە و کەچی لای ئیسماعیل بە سۆزانیێکی گەورە و خاوەن مەلھایەکی گەورە باسکراوە. لای شێرزادیش، ناوبانگی و بویری ئەو ژنەمان بۆ دەردەکەوێت و کە شەوان گۆرانی بۆ خەڵک و کەسە سەرخۆشەکان وتووە، یانەی شەوانەی بە جۆش و خرۆش خستووە. ھەرسێکیان بۆ ئەو ڕاستییە ڕۆیشتوون، کە خاوەنی مەلھایەکی گەورە بوو، دواتر شووی بە نازم غەزالی کردووە. ئەنجامەکەش ھەروایە، ھەموو ئەو نووسراو و نووسینانە باس لە ناوبانگی ئەو ژنە جووە دەکەن، کە ڕۆلێکی گەورەی گێڕاوە لە سەدەی بیستەم. ئاھەنگ و فێستیڤاڵ و شەوبێری لە یانە و دیوەخانەکان و کۆڕی پیاوانی دەوڵەمەند و دەسھەڵاتدارانی وڵات، نەخاسمە دەنگی و ڕەنگی لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆکان و سازدانی چەندین ئاھەنگی سەرکەوتوو و پڕجەماوەر لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ ھاوسەرەکەی (نازم غەزالی). ڕەنگە ناو و ناتۆرە و بوختانی زۆریشی بۆ ھەڵبسترابێت لە بەر ئەوەی ھەم ژنێکی ناسک و جوان و دەنگخۆش بووە و ھەمیش جوولەکە. لەو سەردەمە خەڵک بە چاوێکی تر سەیری جووەکانیان دەکرد. جا ئەدەبیش، جارێکی تر نەمریی و ناو و دەنگ و ڕەنگی ئەو خاتوونە جووە، لە ڕێی دەنگ و ڕەنگ و لەش و سەما گۆرانی نا، بەڵکو لە ڕێگای ئەدەبەوە، لە ڕێگەی پەیڤ و ڕستەکانەوە، جارێکی تر سەلیمە موراد، بە دیدەی خوێنەر ئاشنا دەبێت، ئەم سێ ڕۆماننووسە، کۆمەڵی زانیاری ورد و سەرنجراکێشیان خستۆتە ڕوو، ھونەرمەندێکی جوویان پێناساندووین, دەکرێت ئەمە سەرە داوێکی ترمان بداتە دەست، لەدوای ئاشنابوون بەو ناوە، ئاوڕێکی لە ھونەری جووەکان بدەینەوە لە ڕووی گۆرانی و مۆسیقا و ئاوازدانان تا ساڵی پەنجایەکانی سەدەی بیستەم، ئەستێرەی دیاربوون و خزمەتی مۆسیقایان کردووە. بۆ ئێمەش ڕەنگە بە قەد سەلیمە موراد، (دایکی جەمال)، وەکو ھونەرمەندێکی جوو، خزمەتێکی گەورەی ھونەر و گۆرانی کوردی کردووە. ئیدی ئەوە دونیای ئەدەبە و جارێکی تر دەبێت، ئەم ھونەرمەندانە لە ڕێگای ئەدەبەوە پێمان ئاشنا بکەن.

سەرچاوە و پەڕاوێز:

١. ویکپیدیا (Wikipedia) سلیمە مراد موسیقیە عراقیە.
٢. سەلیمە موراد فریادڕەسی ھونەری نازم غەزالی، ئەدەب و ھونەری ماڵپەری (بۆ پێشەوە)، ٧ی شوباتی ٢٠٢٠.
* نازم غەزاڵی: لە بەغدا لەدایکبووە، بەھەژاری و ھەتیووی پەروەردەدەکرێ، دواتر پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدا بە پلەی بەرز تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٥٢، سەلیمە دەناسێت و دواتر وەکوو دوو عاشقی گەورە ساڵی ١٩٥٣ ھاوسەرگیری دەکەن. لە ساڵی ١٩٦٣ بە مردنێکی تەمومژوای کۆچی دوایدەکات، گوایە بەعسییەکان ھەوڵی لەناوبردنیان داوە. ئینتەرنێت.
٣. فەرھاد پیربالڕ، ڕۆمان (حیکایەتەکانی باوکم)، چاپی یەکەم، ٢٠٠٧، لە بڵاوکراوەکانی بەدرخان)
٤. سەرچاوەی پێشوو، ل٢١٣.
٥. سەرچاوەی پێشوو، ل ٣٨٥.
٦. ئیسماعیل حەمەئەمین، ڕۆمان (ئەودیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا)چاپی یەکەم، سلیمانی، ٢٠١٣.
٧. سەرچاوەی پێشوو، ل٥٨٧.
٨. سەرچاوەی پێشوو، ل٥٨٨.
٩. بڕوانە: ھەڵۆی سوور، مامۆستا جەعفەر، چاپی دووەم ، بەھاری٢٠٠٧.
١٠. سەرچاوەی پێشوو، ل ٦٠٣.
١١. ڕۆمانی (ھەولێر. قەرەچوغ)، شێرزاد ھەینی، بەرگی ھەشتەم، چاپخانەی ڕۆژھەڵات، ھەولێر،٢٠١٧، ل٤٠.

* لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارە (١٢٣٥)، لە ٢٣/ ٢/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.