نــوێ
سەرەتا / هەمەڕەنگ / ھێزی کرێ گرتە کێن ؟

ھێزی کرێ گرتە کێن ؟

بورھان شێخ ڕەئوف
لەدوای بەناو بەھاری عەرەبی و شەڕو ململانێکانی کە بە دوای خۆیدا ھێنا , دیاردەی پێکھێنانی میلیشیات و دروستکردنی تاقم و گروپی چەکداری سەری ھەڵدا , ئەویش لە ئاکامی بەرەڵایی و بێ سەروبەری و ئەو ئاژاوەی گەورەی کە ناوچەکەی گرتەوە , زەمینە سازا بۆ ئەو تاقم و گروپانە کە بە شێوازی جیا جیا خۆیان ڕێک بخەن و ببنە ھێزێکی تەحتە تەلەب بۆ ھەردەوڵەتێک کە پارەیان بداتێ یان لە ڕووی ئایدیۆلۆجیەوە ھاودید بن .
کرێ گرتەکان ئەو کەسانەن وەکو سەربازی سایەو سێبەری دەوڵەتان بەکاریان دەھێنن بۆ بەدیھێنانی ئامانج و ئاواتەکانیان , بۆ ئەوەی خۆیان بە دووربگرن لە لێپێچینەوەی یاسایی .
لە ساترەکانی پێشەوەی شەڕەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین لەم سەدەی بیستو یەکەدا جەنگاوەرانێکی بیانی دەرکەوتن کە شەڕ بە وەکالەت بۆ خەڵکی تر دەکەن , کە ئەمە دیاردەیەکە لە زۆرێک لە شەڕو ململانێکانی ناوچەکەدا بەدی دەکرێت و پێدەچێت بۆ قۆناغەکانی داھاتووش ئەم دیاردە قێزەونە بەردەوام بێت کە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەو جیھانیش بە گشتی .
ئەو چەکدار و جەنگاوەرە بیانیە بە کرێ گیراوانە دەکرێت بیانکەین بە دووبەشەوە :-
١. جیھادییەکان ئەوانەن کە ڕێکخراو تاقمە تیرۆریستیە مەزھەبی و ئاینیەکان سازو ئامادەیان کردوون و پەروەردەیان کردوون بۆ مەبەستی خۆیان و بەکاریان ھێنان و دەھێنن لە ئایندەشدا بە پاڵنەری ئایدیۆلۆجی و دەروونی , ئەمانە بەشێکی زۆری خاکی عێراق و سوریاو لیبیاو شوێنەکانی تری ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین یان داگیرکرد .
٢. جۆری دووەم ئەو چەکدارو جەنگاوەرە بیانیانەن کە بە بۆند و گرێبەست شەڕ دەکەن , کە ھەندێک وڵات بەکاریان دەھێنن لە بەرامبەر پارەو ئیغرائاتدا کە کردەوەی جەنگی و لۆجستی ئەنجام بدەن , نمونەی ئەمانە سەرکەوتن کە دەست بگرن بەسەر بیرە نەوتەکانی لیبیادا .
لە بەرامبەر جیھادیە توندڕەوەکاندا کە مەترسیەکی گەورەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش , ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکھێنرا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەیان وەکە ئەوەی لە عێراق و سوریا و لیبیا ڕوویدا و لەناوبران , بەڵام ئەوانی کە بە گرێبەست وەکو کرێ گرتە دەجووڵێنرێن لە ھەرکوێ پێویستیان پێیان بێت , ئەمانە ڕەخنەی زۆر لە ڕۆڵیان دەگیرێت لە بەرئەوەی دوورن لە لێپێچینەوەی یاسایی و لە لایەن وڵاتانەوە بەکاردەھێنرێن تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە ھەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەمیشەیش بەکاریان دەھێنن .
کاری ئەم کرێ گرتە گرێبەستانەش بە دوو شێوەیە : شێوەی یەکەم بەشداری شەڕی دەرەکی دەکەن لە ڕێگەی وڵاتان ودەڵاڵی کۆمپانیاکانەوە , شێوەی دووەمیش بە بەشداری ڕاستەوخۆ لە ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتان وەکو لە وڵاتانی کەنداو .
تورکیاو کرێ گرتەکان
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا ھەموو مان شاھید بووین لە ڕێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی میدیاوە کە چلۆن ئەو بەکرێگیراوانەی دەگواستەوە لە سوریاوە بۆ لیبیا بە تایبەتی بۆ پشتیوانی حکەمەتەکەی سیراج دژبە جەنراڵ خەلیفە حەفتەر , ئێستاش بە ھامان شێوە ئەو ھێزە بەکرێگیراوانە ی گواستۆتەوە بۆ ئازربایجان بۆ ئەوەی دژی ئەرمینیا لە ھەرێمی نەگۆرنۆ قەرەباخ بەکاریان بھێنێت .
لە بەرامبەر ئەمەشدا تورکیا نکووڵی لێ دەکات و دەڵێت ئەرمینیاش سوودی لە جەنگاوەرە کوردەکان بینیووە بۆ جەنگ و ڕاھێنان .
ئەگەر چاوێکی خێرا بە م دیاردە قێزەونەدا بگێڕین کە گەلان و وڵاتان خۆیان بەرگری لە خاک و زێدی خۆیان نەکەن و پەنا بۆ بەکرێگیراوو خەڵکانی تر ببەن , ئەوا دەبینین ئەوە ھەر تورکیا نیە بە تەنھا ئەم کارە بکات , بەڵکو لیستێکی درێژ ھەیە لە وڵاتان بە تایبەتی عەرەبەکانی کەنداو کە ھەموو متمانەیان بە ھێزی بەکرێگیراوی وڵاتانی ھەژارە بۆ پاراستنی وڵاتاەکانیان .
١.کۆمپانیای ( فاگنەر ) کە کۆمپانیایەکی ئاسایشی ڕوسی تایبەتی پەیوەستە بە کرملینەوە کرێگرتە کۆدەکاتەوە لە ھەموو جیھانەوە بە تایبەتی لە ئۆکرانیاو سوریاو لیبیا و ئەفریقیای ناوەندو تا ئۆگەندا .
٢. بەپارەی دەوڵەتی ئیمارات ھەزاران جەنگاوەری بەکرێگیراوی سودانی لە شەڕی یەمەن و لیبیا بەشداربوون .
٣. ئێران ھەزاران جەنگاوەری بەکرێگیراوی ئەفغانی نارد بۆ سوریا بۆ پشتیوانی بەشار ئەسەد .
٤. وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بە ھۆی کەمی ژمارەی دانیشتوانەوەپەنا بۆ وڵاتانی عەرەبی ترو ئاسیاوی ئەفریقی دەبەن بۆ ھێنانی خەڵکی و جەنگاوەر بۆ ئەوەی ڕیزەکانی سوپاکانیان و ھێزە ئەمنیەکاندا کار بکەن .

دەربارەی Burhan Shex Reuf