نــوێ
سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕووسیا بەڕێوەدەچێت

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕووسیا بەڕێوەدەچێت

مەنسوور جیهانی ـ بە نمایشی 15 فیلمی سینەمایی و 20 کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم، یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 15 فیلمی سینەمایی و 20 کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم لە سینەماکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان و وڵاتانی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی “کارۆ ئاڕت” KARO.Art لە ڕۆژانی 21 تا 25ی جوولای 2021 لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتۆبەر” لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow لە ڕیزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم دایە کە لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا و بە واژۆی “ئۆ. بی. لیۆبیمۆڤا” O.B. Lyubimova وەزیرەی کەلتووری ئەم وڵاتە گەیشتووە و بە نامەی فەرمی ژمارە 1692 ڕێکەوتی 24ی دیسەمبەری 2020 لە چوارچێوەی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا لە ساڵی 2021 بەڕێوەدەچێت.

بەرپرسانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: کوردەکان یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاوازیان هەیە. خەباتی ئەوان بۆ سەربەخۆیی، بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەمووی ئەم تایبەتمەندیانە لە سینەمای هاوچەرخی کوردیدا خۆی دەرخستووە. فیلمی “زارە” (زارا) Zare لە دەرهێنانی “هاموو بەیک نازاریان” Amo Beknazarov لەڕاستیدا یەکەمین فیلم سەبارەت بە کوردەکان لە مێژووی سینەمای جیهان دێتەئەژمار. ئەم فیلمە چیرۆکییە بێدەنگە کە لە ساڵی 1926 لە لایەن ستۆدیۆی فیلمسازی “ئەرمەن فیلم” Armenfilm وێنەگیراوە، باس لە ژیانی کوردانی ئیزەدی لە ئەوپەڕیی قەفقاز و خەباتی ئەوان لە دژی بەرپرسانی تێزاری دەکات.

ڕووداوە گرینگەکانی دوایی لە سینەمای کوردیدا، سەرهەڵدانی ئەکتەر و دەرهێنەری ئەفسانەیی “ئەڵماز گۆنای”یە Yilmaz Guney کە کوردەکان ئەو بە “باوکی وینەگریی کورد” دەناسن؛ فیلمی سینەمایی “ڕێگا” (یۆڵ) The Road لە دەرهێنانی ئەم سینەماکارە مەزنە کوردە سەبارەت بە خەبات و ژیانی کوردەکان لە باکووری کوردستانە، ئەم فیلمە، خەڵاتی بەنرخی چڵە خورمای لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی 1982 بەدەستهێنا و هەروەها کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی جیهانی “گۆڵدەن گڵووب” Golden Globe Awards لە ئەمەریکا بوو.

دوای پێکهێنانی ناوچەی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق، سینەمای کوردی بەرەوپێشچوونی بەرچاویی بەخۆیەوە بینی. لە ساڵی 2000 کۆمەڵێک فیلم لە دەرهێنانی فیلمسازانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان، هەرێمی کوردستان و هەروەها سینەماکارانی کوردیی دانیشتووی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان؛ لە فێستیڤاڵە جیهانییەکانی فیلمدا بەشداریان کرد و خەڵاتی گرینگیان بۆ سینەمای کوردستان بەدەستهێنا.

سینەمای کوردستان بە درەوشانەوەی بەرهەمە جوانەکانی سینەماکارانی ناوداری خۆی لەوانە: “بەهمەن قوبادی”، “هونەر سەلیم”، “شەوکەت ئەمین کورکی”، “جانۆ ڕۆژبەیانی”، “مانۆ خەلیل” و … لە جیهاندا دەناسرێت. سینەمای کوردی نە تەنیا لە نێوان دیاسپۆڕەکانی دنیادا بە خێرایی بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵکوو خۆشەویستییەکی تایبەتیشی هەیە. فێستیڤاڵەکانی فیلمی کوردی بە سەرکەوتوویی لە پێتەختەکانی ئەورووپا و وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بەڕێوەدەچن و فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”ش لەم بنەما ڕەسەنە و گرینگە بەدەر نییە.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” ڕووداوێکی فەرهەنگی مێژوویی بۆ هەموو کوردانی جیهان دێتەئەژمار. ئەمڕۆکە نزیکەی 70 هەزار کورد لە وڵاتی ڕووسیا ژیان بەسەردەبەن؛ ئەم فێستیڤاڵە، بە پاراستنی شووناسی نەتەوایەتی، گەشەپێدانی زمانی دایکی و فەرهەنگی نەتەوەیی و هەروەها بە هاوبەشی میراتی مێژوویی و کەلتووریی خۆیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ڕووسیا یارمەتی دەبەخشێت.

بینەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە دەتوانن سەیریی هەندێک لە باشترین فیلمە مۆدێڕنەکانی کوردیی بکەن کە لە فێستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە سەرتاسەری جیهان، خەڵاتیان بەدەستهێناوە و ناسێندراون و هەروەها لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ستافی ئەم فیلمانەدا بەشداریی بکەن و پرسیارەکانی خۆیان لەم سینەماکارە کوردانە بپرسن و گوێبیستی وڵامەکانیان بن.

بە گشتیی بەرنامەی فێستیڤاڵ، 35 فیلمی لە ژانڕە جۆراوجۆرە سینەماییەکان لە خۆ دەگرێت کە زۆربەیان بۆ یەکەمین جار لە ڕووسیا نمایش دەکرێن. 15 فیلمی سینەمایی لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتۆبەر” دەچنە سەر پەردەی سینەماکان و 20 کورتە فیلمیش بڕیاروایە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە سینەمایی، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش بکرێن.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بە شێوەی پێشبڕکێی بەڕێوەناچێت و دەنگی ئەندامانی لێژنەی دادوەران ناخرێتەڕوو، چونکە مەبەستی سەرەکی ئەم ڕووداوە سینەماییە ناساندنی سینەمایی کوردییە. لەم فێستیڤاڵەدا، بینەران ئەو فیلمانە دەبینن کە تیایدا کەلتووری کوردیی، مێژوو و تایبەتمەندییەکانی ئەم خەڵکە، ژیانی مۆدێڕن و مەسەلەکانی دیکەی پەیوەست بە کوردەکان ڕەنگی داوەتەوە کە دەتوانن ئەم بەرهەمە سینەماییە گرینگانە بە زمانی سەرەکی و بە ژێرنووسی زمانی ڕووسی ببیینن.

 

ئێمە بەتەمابووین کە فێستیڤاڵی فیلمی خۆمان لە مانگی مایی ساڵی 2020 و هاوکات لەگەڵ حەوفتاوپێنجەمین ساڵوەگەڕیی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دووهەم بەڕێوەبەرین، کە زۆر یەک لە کوردەکانیش تیایدا بەشداربوون؛ بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، باروودۆخ لە جیهاندا گۆڕانکاریی تایبەتی بەسەرداهات و ئێمە ناچاربووین فێستیڤاڵەکە بگوازینەوە بۆ ساڵی 2021.

 

هیوادارین کە ئەمساڵ، هەموو شتێک بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و ئەم فێستیڤاڵە، ببێتە یەکێکە لە ڕووداوە گرینگە فەرهەنگییەکان لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا.

 

ئیسپانسێڕەکانی بەڕێوەچوونی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بریتین لە: کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” Mîtosfilm لە ئەڵمانیا، تەلەڤیزیۆنی “ڕووداو” Rûdaw TV، “کارۆ ئاڕت” KARO.Art، “سینەپڕۆمۆ” CinePromo، تەلەڤیزیۆنی “کوردستان 24” Kurdistan24، “مووڤی ستاڕت” MovieStart، “کینۆ تئاتر” Kino-teatr ڕووسیا، هوتێل “بڕۆسکۆ” Brosko لە ڕووسیا، تەلەڤیزیۆنی “کوردستان تی.ڤی” KurdistanTV و تەلەڤیزیۆنی “زاگڕۆس” Zagros TV.

 

بۆ زانیاری زیاتر:

www.moscowkff.ru

دەربارەی Mansour Jahani