سەرەتا / وتار و بیروڕا / ئۆغرت ئاسۆدە..بۆ ساڵیادی مەرگی کاکە حەمەئاوات

ئۆغرت ئاسۆدە..بۆ ساڵیادی مەرگی کاکە حەمەئاوات

ئەی کاکە خاکی و خەڵک و خاکپەرستەکەم، نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم، لە کوێوە بەڕێت بکەم،،،. بە کام زمان لەگەڵت بدوێم؟، بە زمانە ڕاستگۆ و ڕاشکاوەکەی خۆت، یا بە زمانی درۆ و دراوەکانی ئەوانی کە بە خوێنی هەزارانی وەک تۆ بونە سوڵتان؟. ئاخر گەنجێک هەموو ژیانی عەوداڵی بانگەوازی حەقیقەت بێت، ئیتر چۆن لەم کەش و هەوایەی ئێرەی لێوانڕێژ لە نادروستی و نابلوری، ئەتوانرێت لەگەڵیدا بدوێێن و بسەنگێنرێت و بنرخێنرێت،،.

کەی ڕەوایە گەوهەر بکەوێتە دەستی خوێناوی،

کەی وەفایە مەهتاب بکەوێتە دەشتی قوڕاوی

کە مێردمناڵ بووم، هەواڵی بریندارییەکەت، من و هاوڕێ ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی تاسان و تەزاند، ئاخ کۆمەڵە، ئاخ لەو ڕۆژانەی کە چەندە دڵمان بە شۆڕش و بە پێشمەرگە خۆش بوو.، کە نیوەی گیانت، نیوەی ژیانت و نیوەی جەستەت پێ بەخشی،،، هەر ئەوکاتەی ڕوداوی سەربانە نەفرەتییەکەی زامدارکردنت، سەرمانی سوڕاند، دەیان پرسیار و گومانی خوڵقاند،،،. قارەمانییەتی و جەسوری خۆت، دڵسۆزی هاوڕیکانی ڕێکخستنت، وەک داستانێک بە دزییەوە بۆ یەکمان ئەگێڕایەوە،،. بەڵام پرس و گومانی بۆنی و بەرامی خیانەت و کوردکوژی هەر لە ناخماندا دڵمانی ئەگوشی،،،.

کە گەورە بووین و پرسیار و گومانەکانیش گەورە بوون. ئاخر کەس وەکو تۆ دەروێشی ڕەوینەوەی گومانەکان و سۆفی خانەقای حەقیقەت نەبوو،

کە نیوە جەستەش بوویت، کەچی هەر نەپسایت و نەترسایت، هەر تێکۆشایت.

کە وەکو ئێمە تاراوگە نشین بوویت، هەر نەترسایت و نەشکایت، هەر تێکۆشایت.

مۆمێک بوویت لە جەنگی تاریکیدا، کە شەکەت و خەستە و ماندووی دەستی خیانەت و هاوڕێی ناهاوڕی و دۆخی نالەباری نیشتمان و ناڵەی هەژاران بویت،

خۆت کردە مۆمێک لەگەڵ مۆمەکانی تردا سوتایت و سوتایت، هەتا نەمایت هەر ئەسوتایت،،،،

کاکە حەمە ئاوات؛ تۆ بۆ سەردەمی ئێمە نەخوڵقابویت،

ئاخر کەس بە ڕاشکاوگۆیی و حەقیقەتخوازی تۆ دەستبەرداری خۆشییەکانی دنیا نەبوو،

ئاخر ئەو زمانە دوڕووی و درۆکارییە، بە تۆ نەئەکرا،

ئاخر ئەو هەڵپە هەڵپەی پارە و پول و پایە، بە تۆ نەئەکرا،

ئیتر با ئەوان مەستی پۆست و پەرێشانی پارە بن، تۆش پایەبەرزەکانی حەقیقەتی گەلێکی ستەمباری بێ غەل و غەش بیت.

بنو هاوڕی ئاسۆدانە بنو، ئارامانە ڕاکشێ، دەروێشانە ژیایت و سۆفیانە مردیت.

یار و نەیارانت ئیرەیی بە جەسوری و حەقیەقەتخوازییەکەت ئەبەن،،

ئەو گەنجینە نهێنییەی لە قەڵاکەی تۆدا هەبوو، قەڵای زۆی خستە لەرزە..

تۆ ڕاستیت نەبەستەوە بە کەسەوە، تۆ بە دۆزی گەلەکەتەوە بەستەوە،،

بنو هاوڕێ، لێرە باجی ڕاستگۆیی و ڕاشکاوگۆیی زۆر گرانە،

بنو هاوڕێ، لێرە بە مردویش حەقیقەت ووتن وەک نەمانە،

زامداربوونت هەر گومان بوو، کۆچەکەشت هەر گومان بوو.

ئاخر ئیتر حەقیقەتیش هەر گومانە، لەم نیشتمانە وێرانە.

ڕۆژێک دێت، سەری گۆزەی گەنجینەکەت هەڵئەدرێتەوە و ڕازی شاخ و نهێنی شار ئاشکار ئەبن.

بنو برا گیان، زۆرمان وەک تۆ خەستە و هیلاکین بە دەست ئەم دۆخەوە بێ باکین، وەک بابا تاهیرمان لێهاتووە کە ئەڵێت:

خودایە خەستە و بێزرام لەم دڵە

شەو و ڕۆژ من لەئازارم لەم دڵە

من لە دڵ ئەناڵم و دڵیش لە من

لێم بسێنە کە بێزارم لەم دڵە

ئۆغرت ئاسودە. ئۆغرت ئارام، ئۆغرت خێر بێت کاکە حەمە ئاوات،

ئەی سەرمەشقی ڕاستگۆیی و ڕاشکاوگۆیی،،

ماڵئاوا، کە بە تاسە و تەوسەوە ئاوابوویت.

دانا هەڵەبجەیی

دێنهاخ 11/9/2018

دەربارەی Dana Halabjeyi

هەروەها ببینە

بازاڕی لەنگەی هەولێر قەرەبو دەکرێتەوە!؟

فەرەیدون کونجرینی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٥ / ١٠ / ٢٠١٨ بازاڕی لەنگەی هەولێر سوتێندرا!؟ بەم زوانە …