سەرەتا / وتار و بیروڕا / جەزائیر لە پاسەوانە کۆنەکانەوە بۆ نەوەیەکی نوێ

جەزائیر لە پاسەوانە کۆنەکانەوە بۆ نەوەیەکی نوێ

بورھان شێخ ڕەئوف
دواجار عەبدولعەزیز بو تەفلیقەی سەرۆکی جەزائیر بڕیاری دا پاشەکشە بکات لە خۆکاندیدکردن بۆ خوولی پێنجەمی سەرۆکایەتی وڵات لە دوای ناڕەزایەتی و نیگەرانی و خۆپیشاندانەکانی وڵات بۆ ماوەی سێ ھەفتەی لەسەریەک لە زۆربەی شارە گەورەکانی جەزائیر کە ئەمەش بە ھەنگاوێکی دروست لە قەڵەمدرا لەلایەن خەڵک و ھێزەسیاسیەکانی وڵاتەوە جگە لەوەی بەسەرکەوتنی گەل ھاتە ئەژماردن لەلایەن چالاکوانانی مەدەنی و ھێزە ئۆپۆزەسیۆنەکانەوە .
جەزائیر ئەو وڵاتەی کە لەدوای بەدەستھێنانی سەربەخۆیی لە فەرەنسالە ساڵی ١٩٦٢ تا ئێستا ئەو سەرکردەو سەرۆکانەی حوکمی ئەو وڵاتەیان کردووە لە ئەندامان و سەرکردەکانی حزبی بەرەی نیشتمانی ڕزگاری جەزائیر بوون کە سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانیان کردبوو دژ بە داگیرکەری فەرەنسا کە یەکەم سەرۆک کۆمار ئەحمەد بن بیلا بوو کە کەسێکی مەدەنی بوو سەربازی نەبوو دوای ئەویش ھەواری بومدین کە وەزیری بەرگری بوو توانی لە شێوەی کودەتایەکدا کۆتایی بە دەستەڵاتی ئەحمەد بن بیلا بھێنێت و خۆی لە شوێنی دابنیشێت .
لە ڕاستیدا ئەوەی ئەزموونی جەزائیر لە سودان و یەمەن جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە جەزائیر سەرکردە سەربازییەکان دەستەڵاتیان نەگرتۆتە دەست ژمارەیەکی کەم نەبێت بە پێچەوانەوە لە یەمەن و سودان سەرکردەو فەرماندە سەربازییەکان دەستەڵاتیان دەگرتە دەست و کودەتایان دژی یەکتر دەکرد , بەڵام جەزائیریش ھەرچەندە سەرکردە سەربازییەکان ڕاستەوخۆ نەدەھاتنە سەرشانۆی سیاسەت و حوکمڕانی بەڵام لە پشتی پەردەوە دەستوەردان و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان ھەبوو .
لە بەرئەوە چۆنیەتی ھەڵسووکەوتی سوپای جەزائیر لە گەڵ سەرۆک بوتەفلیقە جیاواز بوو لە ھەڵسووکەوت و ھەنگاوەکانی سوپای سودان دژ بە عومەر حەسەن ئەحمەد بەشیر , لە جەزائیر سەرۆکی ئەرکانی سوپا فەریق ئەحمەد قاید ساڵەح داوای لە سەرۆک عەبدولعەزیز بو تەفلیقەکرد دەست لە کار بکێشێتەوە لە بەرئەوەی توانای سەرۆکایەتی و بەڕێوەبردنی وڵاتی نەماوەو دەبێت لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتدا چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە بدۆزینەوەکە ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ یە بۆ وڵات , بەڵام لە سودان بە پێچەوانەوە سوپای ئەو وڵاتە چوونە سەر سەرۆک بەشیر و لەکار دووریان خستەوەو وتیان لە شوێنێکی پارێزراو دامان ناوە .
پاشەکشەی بوتەفلیقە
ھەرچەند عەبدولعەزیز بوتەفلیقە بڕیاری ئەوەی دا کە خۆی کاندید نەکاتەوە بۆ خوولێکی تازەو وولایەتێکی نوێ ی حوکمڕانی و بەڵێنی ئەوەی بەگەل دا کە ئیتر ئەو بەھۆی تەمەن و باری ناجێگیری تەندروستی ناتوانێت بەردەوام بێت بەڵام ھەوڵدەدات کۆمارێکی نوێ دروست بکات بۆ جەزائیر کە ئایندەیەکی جوان و بەرنامەیەکی کارا بۆگەشەکردن و پێشووەچوونی بەردەوامی وڵات دابنێت کە ئەویش خۆی لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی پیشەیی و بێلایەن بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لە وڵاتدا بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونەجوانەکانی جیھان , ھەموو ئەمانەش لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی گەورە بە بەشداری ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی وڵات بڕیاری لەسەر دەدرێت .
لە ھەمانکاتدا و لە ژێر فشاری زۆری ناڕەزایەتی خەڵکدا بوتەفلیقە بڕیاری دابە دەستنیشانکردنی نورەدین بەدوی بەسەرۆکی حکومەتی نوێ دوای ئەوەی ئەحمەد ئویەحیا سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەستی لەکارکێشایەوەو بەڵێنی دا کە گۆڕانکاری گرنگ ئەنجام بدات و ھەروەھا ئەم کابینە وەزارییە نوێ یە سەرپەرشتی کاروباری گشتی وڵات بکات و ئاسایش و ئارامی ھاوڵاتیان بپارێزێت کۆمەک و ھاریکاری و ئاسانکاری بۆ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بکات
.سەرکەوتنی خواست و داواکارییەکانی گەلی جەزائیر
ئەم بڕیارانەی سەرۆک بوتەفلیقەو حکومەتەکەی چ پاشگەزبوونەوە لە خۆکاندید کردن بۆ ولایەتی پێنجەم و ئەو ھەنگاوانەی کە بڕیارە بھاوێژرێن بۆ گۆڕانکاری و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵک کە چاکسازی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکە لە ھەموو ڕوویەکەوە ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ خواستی گەلی جەزائیر , سەرکەوتنی مەزنتر ئەوەیە کە ئەڵتەرنەتیفی گونجاو بۆ سیستمی کۆن دیاری بکرێت و گەل ھەنگاو بەھەنگاو چاودێری گۆڕانکاری و بڕیارەکان بکات بە ئاشتیانەو بەبێ توندوتیژی چۆن لە سەرەتاوە بە ھێمنی و مەدەنییانە دەستی پێکرد ھەربەھەمان ڕیتم و ھەناسە تا گەیشتنی بە مەنزڵ بەردەوام بێت .
ھەموو ئەو دەستکەوتە گرنگانە دوای چەندین ھەفتە لە خەباتی مەدەنی و ھێمنانەو شارستانییانە ھاتە بەرھەم .
بەڵێ ھەر لە درێژەی خەباتی شارستانی و ھێمنانەی گەلی جەزائیر بەو ھەنگاوە سەرەتایی و گۆڕانکارییانە قایل نەبوون و لە دواجاردا لە ژێر فشاری سوپاو گەلدا سەرۆک عەبدولعەزیز بو تەفلیقە ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرا لە ٢/ نیسان ٢٠١٩ کە تەمەنی ٨٢ ساڵەو نزیکەی ٢٠ ساڵ فەرمانڕەوایی جەزائیری کرد کە حەوت ساڵی دوایی دەستەڵاتەکەی نەخۆش و ناتەواو بوو لەبەرئەوەی تووشی جەڵتەی دەماغ بوو بوو .
جێ بەجێکردنی مادەی ١٠٢ ی دەستوور
لە دوای دەست لەکار کێشانەوەی بوتەفلیقە پۆستی سەرۆک کۆماری جەزائیر بەتاڵ بوو بۆیە لە لایەن پەرلەمانی جەزائیرەوە مادەی ١٠٢ ی دەستوور خرایە بواری جێ بەجێکردنەوە مادەی ١٠٢ دەڵێت لە دوای بەتاڵ بوونی پۆستی سەرۆک کۆمار سەرۆکی ئەنجوومەنی گەل بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەر کە ٩٠ ڕۆژە دەبێتە سەرۆکی دەوڵەت و لەو ماوەیەدا ھەڵبژاردن ڕێکدەخرێت و سەرۆک ھەڵدەبژێرێت بەڵام ئەو سەرۆکە واتە سەرۆکی ئەنجوومەنی گەل کە ٩٠ ڕۆژ سەرۆک دەبێت بۆی نی یە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی جەزائیر .
عەبدولقادر بن ساڵەح بووە سەرۆکی کاتی
لە دوای حەوت ڕۆژ لە دەست لەکارکێشانەوەی بوتەفلیقە واتە لە ٩/نیسان ٢٠١٩ ئەنجوومەنی گەلی جەزائیر عەبدولقادر بن ساڵحی بە سەرۆکی کاتی جەزائیر ھەڵبژاردبۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژبەدەنگی ٤٥٣ ئەندام لە کۆی ٤٥٥ ئەندامی ئامادەبوو .
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بەشێکی زۆری خەڵک و شەقامە ناڕازی ئەو وڵاتەدژی ھەڵبژاردنی بن ساڵەح بوون چونکە ئەوان بن ساڵەحیان بە یەکێک لە سەرە دیارەکانی ڕژێمی بوتەفلیقە دەزانی و ھەربۆیە حزبەکانی ئۆپۆزەسیۆن بایکۆتی کۆبوونەوەکەیئەنجوومەنی گەلیان کرد .
لەلایەکی تریشەوە جەماوەری بەرینی خەڵکی ناڕازی شەقامەکانی جەزائیر داریکردنی بن ساڵەحیان بە پێچەوانەی ئامانج و ئاواتەکانی شۆڕشە جەماوەرییەکەیان دەزانی کەلە ٢٢ شووباتی ئەمساڵەوە بەردەوامە داوای ڕۆیشتن و سزادانی ھەموو سەرکردەو سەرە زللەکانی ڕژێمی بوتەفلیقە دەکەن کە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیان بۆخۆیان بە تاڵان بردووەو گەلی جەزائیریشیان لێ بێبەش کردووە .
بن ساڵەح بەڵێنی ئەوەی دا کە دەستوور جێبەجێ بکات و وتی ئەرکێکی قورسم لە سەرشانەو ئێمە بەرەو قۆناغێکی نوێ ھەنگاو دەنێین و دەبێت زەمینەسازی بۆ بکەین و ئامانج و داخوازییەکانی گەل بەدی بھێنین لە کورتترین ماوەدا .
ئێستا جەزائیر لە قۆناغێکی ڕاگوزەردایە لە دوای دەست لەکار کێشانەوەی بوتەفلیقە لە سەرۆکایەتی وڵات , وادیارە ئیتر کۆتایی نەوەییەکەمی جەنگاوەرە دێریینەکانی شۆِشی جەزائیر دێت کە بە موجاھیدەکان دژ بە ئیستیعماری فەرەنساجەنگابوون لە ساڵانی ١٩٥٤ تا ١٩٦٢
کە بە پاسەوانانی کۆن ناسرابوون .
سیاسەتی دەرەوەی جەزائیر
ئێستا لە دوای ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی لەو وڵاتە ھاتۆتە ئاراوە پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە ئایا ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری دەبێت لە سەر سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی جەزائیر لە کۆڕوکۆمەڵی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لە ئێستا و داھاتووی نزیکیشدا ئەوەی شارەزایانی کاروباری جەزائیر پێشبینی دەکەن ئەوەیە کە پێناچێت گۆڕانکاری گەورەو جەوھەری لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا بە خێرایی بێتە ئاراوەلە ئێستادا بەڵکو بە ھێواش و پلە بە پلەڕوودەدات .
جەزائیر لە ساڵی ١٩٦٢ تاوەکو ساڵی ١٩٨٨ کە ڕاپەڕینێکی جەماوەری تێیدا ڕوویدا لەسەر سیستمی سۆسیالیستی بەڕێوە دەچوو بەڵام لە دوای ئەو ڕاپەرشینەی ٥ ئۆکتۆبەری ١٩٨٨ سیستەمەکەیان گۆڕا بۆ سەرمایەداری لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا بەڵام سیاسەتی دەرەوەیان ھیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەھات , بۆیە جەزائیر لەو کاتەوەتا ئێستا یەکێک لە کڕیارە کانی بەرھەمی پیشەسازی سەربازی ڕووسیە و خاوەن پەیوەندییەکە بەھێزە لەگەڵ مۆسکۆ دژی دەستوەردانە لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقیا بەڵام کورد نا دواتر دێمە سەرئەو باسە .
پشتیوانی بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی کردووە جگە لە کورد بەتایبەتی بەرەی پۆلیساریۆ کە دژ بە مەغریب لە جەنگدایە و خوازیاری سەربەخۆیی بیابانی ڕۆژئاوان لە مەغریب .
کورد و جەزائیر
بیرەوەری کورد زۆر تاڵە لە گەڵ جەزائیر باوەڕناکەم ھیچ کوردێک ھەبێت نەوەی کۆن و نوێ ڕێککەوتننامەی جەزائیری شوومی نەبیستبێت یان لە بیر نەبێت کە لە ٦ / ئازاری ١٩٧٥ شای گۆڕبەگۆڕی ئێران حەمەڕەزا پەھلەوی و سەدام حسین کە ئەوکات جێگری سەرۆکی عێراق بوو بە ناوبژی سەرۆکی ئەو کاتی جەزائیر ھەواری بومدێن ئەو ڕێککەوتننامە نەگریسەیان لە جەزائیر مۆر کرد کە عێراق نیوەی شەتولعەرەب بدات بە ئێران و ئێران ھەموو جۆرە کۆمەک و ھاریکارییەک لە شۆڕشی کوردستان ببڕێت کە ئەوکات شۆِڕشی ئەیلول دوای نۆ ساڵ خەبات و قوربانی پێشمەرگە بەیانی ١١ ئازاری ساڵی ١٩٧٠ دەرچووبوو کە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان جێبەجێ بکرێت لە ماوەی چوار ساڵدا کورد بەشدار بوو لە حکومەتی عێراقداو دواتر لە جەزائیر بە پیلانێکی نێودەوڵەتی کۆتایی بە شۆِڕشێکی مەزن ھات و حکومەتی عێراقیش لە ھەموو بەڵێن و ناوەڕۆکی بەیاننامەی ١١ ئازاری ساڵی ١٩٧٠ پاشگەزبووەوە .

دەربارەی Burhan Shex Reuf

هەروەها ببینە

با تێبكۆشین له‌ پێناو ده‌ركردنی توركیای داگیركه‌ر

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب چه‌ندان ساڵه هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا خاكی باشوری كوردستانیان داگیركردووه‌و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون و رۆژانه‌ …