سەرەتا / وتار و بیروڕا / زمانی داڕشتنی ھەواڵ لەکەناڵەئاسمانییەکاندا

زمانی داڕشتنی ھەواڵ لەکەناڵەئاسمانییەکاندا

سەدیق سەعید ڕواندزی
زمانی کوردی یەکێک بووە لەو ماکەنەتەوەییانەی بەدرێژایی مێژووی کورد ھەرلەسەردەمی گۆتییەکانەوە تاکوئێستا،شوناسێک بووە بۆناسینەوەی نەتەوەی کورد، جیا لەھەموو شوناسە سیاسیی و فەرھەنگییەکانی تر.بەومانایەی ئەگەرکورد لەمێژوودا ڕووبەڕووی چەندین ستەمی سیاسی و داگیرکاری و جینۆسایدکردن بووبێتەوە تاڕادەی لە نێوچوون، ئەوازمانی کوردی دواجار ئەوھێمایە بووە بۆ مانەوەی نەتەوەیەک.بۆیە گرنگیدان بەزمان و پێشخستنی، واتە ھێشتنەوەی نەتەوەیەک بەزیندووێتی.ڕەنگە نەتەوەیەک بەسڕینەوەو کاڵبوونەوەی بنەما کلتوورییەکانی دیکە، مەترسی لەنێو چوونی بۆ دروست نەبێت. وەلێ بەنەمانی زمان، بوونی نەتەوەیەک دەکەوێتە بەردەم مەترسییەوە کەئەمەش ئامانجی یەکەم و کۆتایی دوژمنانی کوردە.سیما کلتووری و ھونەرییەکان، زۆرجار تائەوئاستە فەرھەنگی نەتەوەیەک دەگرنەوە، کەپانتایەک بۆ فەرھەنگی نەتەوەییانە نەمێنێتەوە. بۆنموونە: وەک زاڵبوونی ھونەری گۆرانی عەرەبی و تورکی و فارسی بەسەرھونەری گۆرانی کوردی. یان گرنگینەدان بەجل و بەرگ و پۆشاکی نەتەوەییانە تەنھا لەبۆنەکاندا نەبێت. ئەمانەو زۆر نموونەی تر.بەڵام ئەمانە دواجار نابنە فاکتەری لەنێوچوونی نەتەوەیەک لەدووتوێی ڵاپەڕەکانی مێژوودا. بەڵام کەزمان نەما، بوونی نەتەوە دەکەوێتە مەترسییەوە.ھەنگاوی یەکەم کەدوژمنان پەنایان بردۆتە بەرئێستا لەو وڵاتانەی کوردییان بەزۆر پێ لکێنراوە، قەدەغەکردنی زمانی کوردییە لەڕێی داخستنی بڵاوکراوەکانەوە.چونکە دەزانن گەربیانەوێت کورد لە بۆتەی خۆیان بتوێننەوە، ئەوا دەبێ پێشتر زمانەکەیان قەدەغە بکرێت.بەداخەوە لەھەرێمی کوردستاندا، لەماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کوردی، ھیچ ھەوڵێک نەدراوە بۆیەکخستن و بەرجەستەکردنی زمانی فەرمی دەوڵەت. یاخود زمانێکی ستاندارد کە لەنووسین وداڕشتن، وەک زمانی ھاوبەش و یەکگرتووی کوردی بەلایەنی کەمەوە لەوبەشەی کوردستان پەیڕەو بکرێت. بێگومان لە نەبوونی زمانێکی ھاوبەشیشدا، ئەوا شێوەجیاوازەکانی ڕێنووس و نووسین دەبنە دیاردە. لەوڕوانگەیەوە دەبینین کەزمانی داڕشتن و نووسین لەدەزگا ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکانی ئێمەدا، زمانێکی یەک جۆرو یەک شێوە نییە. بەڵکو ھەریەکەو پەیڕەو لەشێوەیەکی ڕێنووس دەکات. تەنانەت زۆرجار ڕێنووسی یەک وشە بەجۆرەھا شێوەدەنووسن.لەڕاستیدا، یەکخستنی زمان بەپلەی یەکەم ئەرکی حکومەتە کەلەڕێگەی نێوەندە ئەکادیمییەکان ولەچوارچێوەی پلانی ڕۆشنبیری وەزارەتی ڕۆشنبیری کاری لەسەربکات. یاخود چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردە بەمەبەستی یەکخستنی زمانی نووسین و دەربڕین لەڕاگەیاندنەکاندا، دەربکات. بەڵام کاتێ گرنگیدان بەزمان لەپلانی حکومەت نابێت، ئەوا بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەزگا ڕاگەیاندنەکان کەکاربۆ بەستانداربونی زمان بکەن. مەرج نییە ڕێکخستنی زمان ھەرتەنھا بە بڕیاری سیاسی بێت. بەڵکودەتوانرێت لە ڕێگەی نووسینەوە زمانی ھاوبەش بێتە کایەوە. شکسپیری نووسەری گەورەی ئینگلیزو جیھان لەڕێی بەرھەمەکانییەوە ڕۆِڵێکی ھەرە گەورەی لە پێشخستنی زمانی ئینگلیزیدا بینیوە.بەڵام دەزگاکانی ئێمە و بگرە بەشێکی نووسەرانیش، بەھۆی نووسینەکانیانەوە ئەوەندەی تر زمانی کوردی پەرپووتترو وێرانتر دەکەن.بەو پێیەی کەمترین یاخود ھیچ شارەزایەکییان لەسەرزمان و بونیادی ڕێزمان و داڕشتنی ڕستە نییە. ئەمە وێرای نەبوونی زانیاری لەسەرئاماژە وماناکانی وشە. چونکەمەرج نییە ئەوەی نووسەربێت یاخود چەند کتێبێکی وەرگێڕابێت ئیدی شارەزایی لەھەموو کەلەبەرێکی زماندا ھەبێت. بەتایبەتیش کە زۆرجار تەنھا دەنگێک یاخود پیتێک دەبێتە ھۆی گۆڕینی تەواوی مانای وشەکە.بۆنموونە:_ (کوڕ_کووڕ_کوور)ھەرسێکییان لەنووسیندا ھاوشێوەی یەکترین، بەڵام لەڕووی مانەوە ئاسمان و ڕێسمان دوورن لەیەکتری.کەواتە نووسین یاخود ھەواڵ ھەرتەنھا داڕشتنی ڕستەو چەند دەربڕینێک نییە، بەڵکو گەیاندنی ماناو پەیامە.کاتێ بەوردی سەرنج لەزمانی ھەواڵ و داڕشتنی ھەواڵیش دەدەین لەمیدیاکاندا، ئەوکات درک بەوە دەکەین کەلەبەرامبەر چ وێرانکاریەکی زمانی کوردی داین. بەداخەوە بەشێک لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەبێ لەبەرچاوگرتنی ھیچ بنەمایەکی واتایی و زمانەوانی، ھەواڵ دادەڕێژن. کەناڵە ئاسمانییەکان ڕوویان لەدنیای دەرەوەیە، دەبێ نموونەیەک بن بۆجوان نیشاندنی زمانی کوردی. یاخودگەیاندنی واتا. کەچی کاتێ سەرنجییان دەدەین، دەبینین ئەوانیش شارەزایەکی ئەوتۆیان لەزمان نییە.بەتایبەتیش لەڕووی داڕشتنەوە. کەھەندێک جار دەبێتە ھۆی گۆڕینی تەواوی مانای ڕستەکە.یاخود بینەرنازانێت مەبەستییان چییە لەوھەواڵە. لێرەدا ئاماژە بەچەند نموونەیەک لەچۆنیەتی داڕشتنی ھەواڵ لەبەشێکی زۆرلەکەناڵە ئاسمانییەکان دەکەین کە دەردەکەوێت زانیارییان لە چ ئاستێکدایە لەڕووی ماناو زمانەوە.
یەکەم:_ کەناڵێکی ئاسمانی لەھەواڵێکدا نووسیبووی:_( دەلەو وڵاتانەی زۆرترین گەشتیار سەردانیان دەکەن ئەم وڵاتانەن: مۆسکۆ/ میونیخ/ بەرلین/ئەستەنبۆڵ/ شەنگەھای/دوبەی…تد). خوێنەری بەڕێز سەرنج بدەن ئەمانە ناوی وڵاتن یاخود شارو پایتەخت؟چۆن دەبێ کەناڵێکی ئاسمانی ھێندە دەستەپاچەبێ ناوی شارو وڵات لە یەکتری جیانەکاتەوە؟.
دووەم:_ کەناڵێکی دیکەی ئاسمانی بەدرێژایی ڕۆژانی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی جیھانی ٢٠١٨، لەشڕۆڤەی یارییەکاندا دەینووسی:_( شیکەرەوەی تۆپی پێ)(ھەواداری تۆپی پێ). دیارە مەبەستی ئەو کەناڵە شڕۆڤەکاری یارییەکانی مۆندیال بوو. یاخود ئەوانەی ھەواداری یارییەکانن. بەڵام ئایا( شیکەرەوەی تۆپی پێ) بەمانای شیکەرەوەی یارییەکانی تۆپی پێ دێت؟ سەرنج بدەن تەنھا بە نەنووسینی وشەی(یاری) چۆن سەراپای مانای ڕستەکە گۆڕانی بەسەرداھاتووە. ئاخر شیکەرەوەی تۆپی پێ واتا ئەوەی تۆپەکە ھەڵدەوەشێنێتەوە.یاخود ھەواداری تۆپی پێ واتە ھەواداری تۆپەکەیە. لەکاتێکدا ھەوادارەکان، ھەواداری یارییەکان و یاریزانانن نەک تۆپ.بەملیۆنان کەس ھەوادارو ھاندەری میسی و ڕۆناڵدۆن نەک تۆپەکە، چونکە ھەزارەھا تۆپی یاریکردن ھەیە.
سێیەم:_ چەندان جارکەناڵە ئاسمانییەکان دەنووسن:_( مێروولەیەک زیان بەجوتیاران دەگەیەنێت). دیارە ئەوانە بەتێگەیشتنی خۆیان مەبەستییان بەروبوومە کشتوکاڵیەکەیە.بەڵام ئاخۆ بەتێگەیشتنی ئەوانە؟ نەخێر بەڕیش نییە بەئیشە. کاتێ دەنووسن زیان بە جوتیاران دەگەیەنێت، واتە مێروولەکە ڕاستەوخۆ زیان لەجوتیارەکە دەدات کەمانای نەخۆشکەوتنی دەگەیەنێت. بۆیە ئەوەی مێروولەکە زیانی پێ دەگەیەنێت جوتیارەکە نییە، بەڵکوبەروبوومە کشتوکاڵیەکەیە کەدووشتی لەیەکتری جیان.
چوارەم:_ کەناڵێکی ئاسمانی لەمیانەی ئەنجامدانی ڕاپۆرتێکیدا کە ڕای ھاووڵاتییانی وەردەگرت، ئەو پرسیارەی ئاراستە دەکردن:_(چۆن مامەڵە لەگەڵ گەرما دەکەی؟). ئەوانە وادەزانن گەرماکاڵایە تا سەوداو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. لەڕاستیدا گەرما شتێکی بەرجەستەیی نییە تامامەڵەی لەگەڵ بکرێت.مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ گەرما ناکات بەڵکو خۆی لێ دەپارێزی. ئێمە بەشێوەیەکی نابەرجەستەیی بەرگەرما دەکەوین و ھەستی پێ دەکەین. بۆیە دەبوو ئەو کەناڵە بای ئەوە زانیاری ھەبووایە بنووسێت (چۆن خۆت لەگەرما دەپارێزی).
پێنجەم:_ کەناڵێکی دیکەی ئاسمانی کەشا بەسەپان نازانێ بە تێگەیشتنی خۆی! لەھەواڵێکدا دەڵێت:_(لەچین پاسی بێ شوفێر بەرھەم دەھێنرێت). دیارە ئەوان پاس بە کولەکەوکاڵەک تێگەیشتوونە.بۆیە وادەزانن ئوتومبێلیش بەرھەم دەھێنرێت وەک کشتوکاڵکردن. لەڕاستیدابۆ ئەو کەرستەو ئامرازانە، دروستکردن شیاوترە نەک بەرھەم ھێنان. بەداخەوە بەشێکی زۆرلە ڕاگەیاندنەکانی ئێمەو بگرە زۆرینەی نووسەرانیشمان دەنووسن، بەڵام زمانی نووسینیان نییە. وادەزانن زمانی ئەدەب و پیشەسازی و کشتوکاڵکردن وسیاسەت، ھەر یەک شتەو ھەربەھەمان زمان دەتوانین مانا بگەیەنین.
شەشەم:_کەناڵێکی دیکەی ئاسمانی لەھەواڵێکدا نووسیبووی:_( سەرۆکی حکومەت پێشوازی لەباڵیۆزی ژاپۆن و کونسوڵی ژاپۆن لە ھەرێمی کوردستان کرد). ڕەنگە داڕێژەرانی ئەو ھەواڵە، خۆشیان درکییان بەوە نەکردبێت ھەڵەی ئەم ھەواڵە لەکوێدایە. سەرنج بدەن چۆن تەنھا نەنووسینی یەک وشە تەواوی مانای ڕستەکەی گۆڕیوە.لەھەرێمی کوردستاندا، تەنھا کونسوڵی ژاپۆن ھەیە نەک باڵیۆز. باڵیۆز لەعێڕاقە. بەڵام ئەگەر بەپێی ناوەڕۆکی ئەم ھەواڵە بێت، ئەوا دەبێ ھەم باڵیۆز، ھەمیش کونسوڵ، لەھەرێمی کوردستان ھەبن کەوانییە.
ھەفتەم:_ تائێستاش زۆربەی ھەرە زۆری دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، شوناسی کۆمەڵایەتی و پیشەیی چین و توێژەکان لەیەکتری جیاناکەنەوە.بۆنموونە:_ دەنووسن( چینی قوتابی_ چینی مامۆستا_چینی ئافرەتان_ چینی پارێزەران و پزیشکان). لەکاتێکدا لە بنەڕەتەوە کۆمەڵگە دوو چینی ھەیە ئەوانیش(چینی پرۆلیتارو چینی سەرمایەدارن) ئەوانی تر ھەموویان توێژن. بۆیە دەبێ بگوترێ توێژی لاوان، قوتابییان، یان کرێکاران.
ھەشتەم:_ بەشێک لەوانەی ھەواڵ لەکەناڵەکان دادەرێژن، بەھەواڵەکانیان دیارە کەکەمترین زانیاریان لەھەندێک بابەت ھەیە.بۆنموونە دەنووسن:_(کانبێرا) پایتەختی ئوسترالیایە، لەکاتێکدا سدنی پایتەختی ئەو وڵاتەیە. یاخود چونکە زۆر ناوی(ژنیف)دێت و چەندین بارەگای ڕێکخراوەکانی لێیە، وادەزانن ھەر ئەویش پایتەختی سویسرایە.
نۆیەم:_ ئەوکەناڵانەی خۆیان بێ رکابەردەبینن دەنووسن:(١٠٠دۆلاربەرامبەرئەوەندە دینارە).بەرامبەر چ مانایەکی ھەیە لەو ڕستەیە. بێگومان دراوبەھای ھەیە، بۆیە دەبێ بنووسن:(بەھای سەدی دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بەسەدھەزاردیناری عێراقی).
دەیەم:_ کەناڵێکی دیکەی ئاسمانی نووسیبووی:_( ھێڕشەکەی سەربینای پارێزگای ھەولێرکۆنتڕۆڵ کرا). بەڕاست ھێڕش کۆنتڕۆل دەکرێت، یان بەرپەرچ دەدرێتەوە، یاخود تێکدەشکیندرێت؟.
یانزەم:_ گەرچی ئەو وتارەی ئێمەتایبەتە بەمیدیای بینراو، بەڵام لەسەروبەندی نووسینی ئەم وتارەدابووم، مانشێتی ھەفتەنامەیەک کەڕۆژانی یەکشەممە دەردەچێت، خستمیە پێکەنین. ئەوھەفتەنامەیە لەژمارە(٥١)داو لەمیانەی ڕاپۆرتە ھەواڵێکدا نووسیویەتی:_( نرخەکان لەپەنجا ھەزاردۆلارەوە دەست پێ دەکات تاکودووھەزار دۆلار!). خوێنەرانی بەڕێز من ھیچ ناڵێم خۆتان دیقەتی ناوەڕۆکی ھەواڵەکە بدە!.
دوانزەم:_بەشێک لەکەناڵە ئاسمانییەکان،تا ئێستاش پلەی سەربازی ئەفسەران لە یەکتری دەرناکەن. بۆنموونە: پلەی ئەفسەرەکە لیوایە، دەنووسن عەمید. عەمیدە دەنووسن عەقید. فەریقە دەنووسن فەریقی یەکەم.
سیانزەم:_ کەناڵێکی دیکەی ئاسمانی لەھەواڵێکدا نووسیبووی:_( ئەمڕۆدرێژترین دیاردەی مانگ گیران ڕوودەدات). ئەگەربەپێی ناوەڕۆکی ئەم ھەواڵە بێت، ئەوادەبێ مانگ لەڕۆژ بگیرێت نەک لە شەو.لەکاتێکدا دەبێ لەڕووی زەمەنییەوە کاتەکان لەیەکتری جیابکەینەوە. بۆنموونە: ئەگەر ئێمە بەڕۆژ سەردانی کەسێک بکەین پێ دەڵێین کاتژمێر دە دێم. بەڵام ئەگەر ھەمان سەردانەکەمان کەوتە شەو ئەوادەبێ بڵێین کات دەی شەودێمە لات.
بێگومان ئەگەر نموونەی تر بێنمەوە، ئەوەندەن ڕەنگە بەوتارێک تەواو نەبن. بەداخەوە کارکردن لەڕاگەیاندنەکان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی، بووە بەدیاردە. لەکاتێکدا دەبێ ڕۆژنامەنووس ئەنسکلۆپیدیا بێت. بۆئەوەی نەکەوێتە ئەو ھەڵانەی لەسەوەرە ئاماژەمان پێداون.دەبێ ئەوەندە پاشخانێکی ڕۆشنبیری گەورەی ھەبێت، کاتێ سەرنجی پلەی سەربازی ئەفسەرێک دەدات بزانێت پلەکەی چییە.دەبێ بزانێ ھێرش کۆنترۆل ناکرێ بەڵکو تێکدەشکێنرێت.تاکو ئەوانەی لەدەرەوە دەمانبینن بزانن زمانی کوردی ھێندە زمانێکی لاواز نییە وەک ئەوەی ئەو کەناڵانە وێنای دەکەن…

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ڕیگای کوردستان ئۆرگانی حزبی شیوعی ژمارە( ١١٣٧) ڕۆژی ١٤-٨_٢٠١٨بڵاوکراوەتەوە..

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

وه‌رزشوانانی جیهان و به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی كوردستان

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب زۆربه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكانی كوردستان له‌ پاش رۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی و هه‌ڵگیرسانی راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی …