سەرەتا / وتار و بیروڕا / مەلاش هەڵە ئەکات

مەلاش هەڵە ئەکات

دانا هەڵەبجەیی
13.8.2018
هێشتا تازە هەژدە ساڵ بووم، سیمینارێکم سەبارەت بە هونەرمەندی میللی هەڵەبجە،بە ناوی مینەی لولک ژەن و ژیانی خۆی و هونەر لە ماڵی پاشا و کاریگەری لە سەر هۆشیاریی گەل، بە ناوی ( خاڵە مینە و سۆزی شمشاڵەکەی) لە ساڵی 1983 لە هۆڵی ڕۆشنبیریی جەماوەر لە هەڵەبجە سازدا، کە کاک ئازاد ساڵح کۆڕەکەی بۆ بەڕێوە ئەبردم.
لە پاش خوێندنەوەی بابەتەکەم، دەرگای پرسیار و مشتومڕ بۆ میوانەکان کرایەوە، برادەرێکی شیوعی ئەوەندەی ئەیویست ئەحمەد موختار جاف وەک کەپیتاڵستێکی فیوداڵ وێنا بکات و لە قاڵبی بیری سۆسیالیستی و هونەری بەرهەڵەستی بدات، لە تاوا ئاگای لە خۆی نەمابوو و زوو زوو ئەیووت: لولەی مینەک ژەن، لە بری ئەوەی بڵێت؛ مینەی لوک ژەن،،،خەڵکەکەش تەنیا بەو هەڵەیە سەرسام ببوون کە بەڵکو بێتە هۆشی خۆیی و ڕاستی بکاتەوە، بەڵام بێ سوود بوو هەر ئەیووت؛ لولەی مینک ژەن.
شەجەریان هەرچەند لە لوتکەی هونەری فارسیی و ئێرانییدایە، بەڵام شیعرێکی سەعدی بەهەڵە ئەخوێنێت، لە بری ئەوەی بڵێت:
برو ای گدای مسکین و دری دگر طلب کن
کە هزار بار کفتی و نیامدت جوابی
ئەڵێت: کە هزار بار (گفتی) و نیامدد جوابی، کە ماناکەی هەموو ئەگوڕێت، لەبری ئەوەی بڵێت:
بڕۆ ئەی سواڵکەری داماو لە دەرگایەکی دی بە
کە هەزران جار کوتات و وەڵامێکت بۆ نەهات
بە هەڵە لەباتی (کفتی)، وشەی (گفتی) بەکار ئەهێنێت، کە بە کوردییەکەی لە بری کوتان و لێدان، وشەی ووتن بەکار ئەهێنێت، کە کۆپلە شیعرەکەی سەعدی وا لێئەکات:
بڕۆ ئەی سواڵکەری داماو لە دەرگایەکی دی بە
کە هەزران جار ووتت و وەڵامێکت بۆ نەهات.
عەلی مەردان، ئەویش شیعرەکەی فایەق بێکەس بەهەڵە ئەڵێتەوە، لەبری ئەوەی بڵێت:
تۆ وێڵ و سەرگەرد بە ئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بە شارانەوە
ئەڵێت:
تۆ یۆڵ و سەرگەرد بە ئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بە شارانەوە.
یا عوسمان عەلی لەبری ئەوەی بڵێت:
تا نامەیەکی داوە پێی
ئەڵیت:
تەنەمەیەکی داوە پێی!.
یا شەوکەت ڕەشید لە گۆرانییەکدا ئەوەندە بە شێواوی وخێرا ئەیڵێت کە کاتی خۆی وەک نوکتە و مەتەڵی لێهاتبوو. لە بری ئەوەی بڵێت:
کێ ئەڵێت تۆبە بکە لە مەی
ئەڵێت: کێ ئەڵێت تۆ بەکەلەمەی
ئەوە لەوە گەڕێ کە ڕۆژانە ئەم وشانە بە هەڵە ئەبیستین:
ئیستەنبوڵ ئەکەنە ئیستەمبوڵ، یۆنان ئەکەنە وێنان، باڵانبۆ ئەکەنە باڵامبۆ، مەسج ئەکەنە مەساج، ئاسایش ئەکەنە ئاشایس، دێنهاخ ئەکەنە دانهاخ،هۆشیار ئەکەنە وشیار، عەلمانی(سیکۆلار) ئەکەنە عیلمانی، سۆشیالیست ئەکەنە شۆسیالیست، قەرە خەرمان ئەکەنە قەلە خەرمان،،،.
کەواتە ئاساییە کە وشەیەک ، گوزارشتێک، دەستەواژەیەک بە هەڵە لە زارمان دەرچێت، بەڵام ئاسایی نییە کە ناومان دیموکراسی بێت و قەد دیموکراسی نەبووین و نەبین، ناومان یەکێتی بێت و بەس یەکێتیمان تێدا نەبێت و دوو پارچەمان لێبێتەوە، ناومان سۆسیالیست بێت و خێڵەکەی بین، ناومان یەکگرتوو بێت و کەچی وەک گەڵای دار هەڵبوەرین، ناومان گۆڕان بێت و لە شوێنی خۆمان هەڵوڕە بکەین،،،،.
یا وەزیر و ئەندام پەرلەمان بیت و بە زمانی لاکۆلان و شەقام ئاخافتن بکەیت، ئەیا ئەگەر ئەمانە بە زمانی نووسین و فەرمی قسە نەکەن، ئەی کێ بیکات؟.
مەلا و ئەم بانگخوازە لادێیانە (زۆربەیان پاشگری کوێرە دێیەکیان پێوەیە)، ئەوەندە هەڵە ئەکەن، ئیتر ئەوانیش ئاسایی بووە کە هەڵەی گەورە بکەن.
کار هەر لە هەڵەدا نەماوە، بەڵکو نەک هەر قوڕیان بەسەر زمانی کوردیدا کردووە، هۆش و بیری مێردمنداڵان و گەنجانیشیان بە لیتەی جەهل و خورافیات، سواغ داوە.
لە کەنالەکان ڕۆژانە هەڵەی زمانەوانی بەرچاو ئەبینرێت، ئەوە هەڵەی دیکتە و گراماتیکیش ڕۆژانە فەیسبووک و سایتەکان، کەج بارانمان ئەکەن.
ئیتر کە دەزگای سانسۆر و بەدواچوونی فەرهەنگی و زمانەوانیمان نەبوو، حاڵمان لەوە باشتر نابێت کە ئێستا تێیدا داتەپیوین.

دەربارەی Dana Halabjeyi

هەروەها ببینە

بازاڕی لەنگەی هەولێر قەرەبو دەکرێتەوە!؟

فەرەیدون کونجرینی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٥ / ١٠ / ٢٠١٨ بازاڕی لەنگەی هەولێر سوتێندرا!؟ بەم زوانە …