سەرەتا / وتار و بیروڕا / نەتەوەین یا قەرەچ؟

نەتەوەین یا قەرەچ؟

دانا هەڵەبجەیی

26.7.2018

ئەوەی ئەگوزەرێت، ئەوەی کە لەو پارچە زەوییە هەیە کە پێی ئەوترێت کوردستان، باری نەتەوەیەکە یا دۆخی قەرەچێک؟.

نزیکەی سێسەد ساڵە کتێبمان نووسیوە و مێژووی وێژەمان سەریهەڵداوە، مەم و زینێکی کاک ئەحمەدی خانییە، کە داستانی عیشق و ئەوینە، کەچی داوای یەکگرتنمان لێ ئەکات و شورەیی خیانەتمان فێر ئەکات. یەکەم نووسینمان بەڕێگەی داستان و عیشق و سێکسکەوە، ڕامان ئەکێشن و ئاگادارمان ئەکەنەوە کە پاک بین، یەکگروو بین، خیانەت نەکەین، نەتەوە بین،،،..

بابا تاهیر، مەحوی، مەولەوی لە لایەک و نالی، سالم و کوردی لە لایەک هەوڵی کورداندن و نەتەواندنی ئێمەیان دا، بەڵام بێ ئومێد بوون. گۆڕی نالی لە تورکیایە، کەس نەک سەردانی ناکات، بەڵکو هەندێک هەر نازانن لە کوێیە، کەچی گۆڕی مەولەوی لە کوردستانە، بەڵام تاریکبینان و پەیڕەوانی تاژیان تێکی ئەشکێنن و ئەیڕوخێن!.

نەمانتوانی وەک فارس کە لە دوای ئێمەوە بوون بە نەتەوە، مەحوی بکەینە حافظ وەک قورعانی نەتەوە سەیری بکەین. مەولەوییە هەورامییەکەی لە مەڕخۆمان بکەینە مەولاناکەی کە هەم تورک و هەم فارس بەهی خۆی ئەزانێت و بە شانازی نەتەوەیی خۆی شانی پێ بائەدات، کە لەکاتێکدا بەڵخییە.

زەنگینترین مۆزیک و کەلەپوری هونەری ستران و هەڵپەرکێمان هەیە، کەچی بە سوکی سەیری ئەکەین و گەنجەکانمان ئالودەی موزیکی ناکوردی کردووە. تایبەتمەندترین بۆنەی زەماوەندمان و بووک گواستنەوە و خەنەبەندانمان هەیە، کەچی ئاهەنگی زەماوەندی هۆڵە شۆخەکان، تەنراوە بە ڕێوڕەسمی تورکی و سەمای فارس و گۆرانی عەرەبی، بە ئاستبەرزی و ڕۆشنبیریی ئەزانین،،،.

جوانترین پۆشاک و ڕەنگاوڕەنگترین بەرگی ژنانەمان هەیە، کەچی وەک بڵێی لە وڵاتێکی بێ کەلەپوری وەک ئەمریکا ئەژین، تەنیا جەژن و نەورۆز مناڵەکانمان ئەیپۆشن.

من نە نەژادپەرستم و نە فاشیستی نەتەوەییم، تەنیا غەمی من لەناونەچوونی میراتێکی فەرهەنگی مرۆڤاییەتی و نەتەوەیەکی بێ دەسەڵاتە، کە هەوڵی نەمان و توانەوەی ئەدرێت.

ئێمە لە جیهاندا بە خۆمان بزانین یا نەزانین، بووین بە مۆزەخانەیەکی مرۆڤایەتی کە وەک توحفەیەکی دەگمەنمان لێهاتووە،کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتین؛ خاک، موزیک، مێژوو، زمان، کەلەپور و کولتوری تایبەت بە خۆمان هەیە، کەچی وەک هەتیوێک دەولەتانی درواسێمان لێبووەتە باوەپیارە و پەتپەتێنمان پی ئەکەن.

لە هاتنی سوپای دورگەی عەرەبییەوە بە ناوی ئیسلام، لە هاتنی ئەسپەکانی جەنگیزخانەوە، لە سەفەویی و عوسمانییەوە هەر چاڵدێرانێکی فلیقاوەی ژێرپێی داگیرکەران بووین.

لە دەرفەتی سایکس بیکۆ و شەڕی دوو بلۆک و ڕوخاندی سەددام و دەرفەتە نهینییەکانی دی کە خرایە دەست سەرانی کورد، بێ باکانە هیچمان بۆ کورد نەکرد، نە قەوارە و نە دەوڵەت و نە ستاتۆیەکی نەتەوەیی و یا بە لایەنی کەمەوە دەسەڵاتی هاولاتی.

ئەم دیدە خێرایەم بۆ مێژوو، ئەم قەرەچاندنەشم بۆ نەتەوەی کورد؛ پەیامێکە بۆ سەرانی حیزبی دەسەڵاتدار و ئەوانەی خۆبەخاوەن خواستەکانی هاوڵاتی و کوردستان ئەزانن، پەیامێکە بۆ ڕۆشنبیرانی خەیاڵپلاونێک کە وا ئەزانن هاوڵاتی کورد لە سویسرا ئەژی، بۆ ئەو کەسانەیە کە هەست بە مەترسی دۆخەکە و گۆڕانگارییە گەورەکە ئەکەن.

ئیتر کاتی ئامادەباشییە بۆ قۆناغێکی نوێ و بۆ دەرچون لە چاڵە تاریکەکانی سەدەی ڕابردوو.

من پێم وایە یا خۆمان بە خاوەندارییەتی ئەم میللەتە خێرلەخۆنەدیوە بزانین، یا ئەو شکۆ نەتەوەیی و مرۆییەی کە کوردستان بە تاکی کوردی بەخشییوە، بۆ دواجار لە شکاندنیدایەوە و لە وردوخاش بووندایە، ماڵئاوایی لێ بکەین،،.

ئەو نائومێدییەی کە دەسەڵاتدارانی حیزب و حکومەتی باشوور بە تاکی کوردیان بەخشیوە، بەسە بۆ ئەوەی کە چی دی نە شانازی بە ئێستا و ڕابردووی خۆیانەوە بکەن، وە نە جارێکی تر میللەت دەرفەتی ئەمانە بدات کە بێنەوە دەسەڵات،،،.

ئەو دۆخەی ئێستا بەرهەمی عەقڵ و کرداری ئەم دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن و نوخبەیە، ئیتر ئەگەر بە دەیان ساڵ نەیانکردبێت، خۆ بۆ چوار ساڵی ئایندە ئەوە هەر ئەبێت بێ شەو سەر بنێنەوە.

ئەم بابەتە هەڵسەنگێنە

0

هەڵسەنگاندن

تقييم المستخدمون: 4.58 ( 4 أصوات)

دەربارەی Dana Halabjeyi

هەروەها ببینە

چۆن هه‌ڵپژاردنێك وكام په‌رله‌مان پێویسته‌؟

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب هه‌ڵبژاردن ئه‌كرێ یان ناكرێ و، بكرێ یان نه‌كرێ به‌لای خه‌ڵكه‌وه‌ زۆر گرنگ نییه‌و، …

اترك تعليقاً