سەرەتا / وتار و بیروڕا / هەگبەی زانین

هەگبەی زانین

نوسینی: د. ساماڵ مانیی

دکتۆرا لە فەلسەفەدا، پرۆگرامی فەلسەفە بەزمانی ئینگلیزی، ئەورۆپا.
بەکالۆریۆس و ماجیستێر لە فەلسەفەدا، زانکۆی لەندەن.
دووساڵ مامۆستای فەلسەفە بووە لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستانی باشووردا.
ئەندامی هەمیشەیی کۆمەڵەی فەیلەسوفەکانە لە بەریتانیا.
ئەندامی لێکۆڵینەوەی باڵای فەلسەفەیە لە بەریتانیا.
ئەندامی کۆمەڵەی فەیلەسوفە ژنەکانە لە بەریتانیا.
تێکستە فەلسەفیەکانی بە زمانی ئینگلیزی لە ئەورۆپا بڵاودەکاتەوە.

ئەو ڕشتە فەلسەفیانەی کە لێکۆڵینەوەی تیادا کردوون و گرنگیان پێ دەدات ئەمانەن:
فەلسەفەی زانست و لۆجیک، فەلسەفەی زەین وئاگایی و مێشک، فەلسەفەی زمان و مانا، فەلسەفەی پیستیمۆلۆجی کلاسیک و سۆشیال پیستیمۆلۆجی، فەلسەفەی جێندەر و کۆمەڵایەتی.

گەرچی زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی زۆر باش دەزانێت بەڵام هەموو خوێندنی زانکۆیی و ئەکادیمی لە فەلسەفەدا بە زمانی ئینگلیزی بووە و تەنیا لە بەریتانیا و ئەورۆپا بووە. لە بەریتانیا پێشینەی فەلسەفیی لە پانتایی فەلسەفەی ئەنەلەتیکدا بووە، پاشان بەمەستی فروانکردنی زەمینەی فەلسەفی خۆی، ڕووی کردۆتە ووڵاتە جیاکانی ئەورۆپا بە گشتی و لەوێ فەلسەفەی کۆنتینانتاڵی خستە سەر زەمینەی فیکریی خۆی. هەر لەبەر ئەمەشە نوسینی ‘هەگبەی زانین’ لە هەردوو پێشینەی ئەنەلەتیک و کۆنتینانتاڵ ئاڕاستە دەکات سەبارەت بە پرسی زانین، هەروەهاش هەندێک تێۆری لە سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی دەهێنیتە سەرباس، هەموو ئەمانە پێکەوە لەسەر زانین ئاڕاستە دەکات و لە هەگبەی زانین دا تاووتوێ دەکرێن. هەر لە ١٩٩٣ وە هەتا ئێستا و بەردەوام -تەنانەت ئەو کاتانەش کە لە کوردستان مامۆستای فەلسەفە بووە- دانەبڕاوە لە بازنەی فەلسەفی و دیبەیتەکانی فەلسەفە لە ئەورۆپا بەگشتی، بەشێک بووە لە دیبەیت و باسە گرنگەکانی فەلسەفە لە کۆڕ و کۆنفرانسەکاندا لە بەریتانیا بە تایبەتی.

خۆی دەڵێت:
“لە دایکبوو و گەورەبووی کوردستانم، لە سلەیمانی لە گەڕەکی سەرشەقام لە دایک بووە و هەر لەو شارەش گەورە بووە و ژیاوم (بەڵام خەڵکی هەموو کوردستانم) هەتا ١٩٨٦ لە کوردستان ژیاوم. دایکم ‘خاتوو ڕابی’ ژنە سیاسیکاری شەستەکانی سەدەی ڕابووردوە لە شاری سلەیمانیدا ، باوکم مام عەلی یەکەم پیاوی مەزن بوو لە ژیانمدا، جگە لەوەی خۆی وەک پیاوێکی سەڵت بەخێویکردم، پاڵپشتم بوو لە هەنگاوەکانی ژیانمدا لە سیاسەت و پێشمەرگایەتیمدا.
پێش ئەوەی وەک ژنێکی تەنها پێشمەرگە بم، یان بەرەو هەندەران بێم، هەموو ئەو کاتەی کە لە کوردستان بووم، بەشێک بووم لە هەموو ئەو ژینگە ڕۆشنبیری و سیاسیەی کە هەبوون بۆ ئازادی تاک وئازادی ژن و یەکسانی چینەکان و سەربەخۆیی نەتەوەی کورد، بە تایبەتی لەناو شاری سلەیمانیدا.
پاشان هەر لە هەشتای سەدەی ڕابووردودا، بە شوێن پێی ژنێکی کورد کە کاریگەری لەسەر دانابووم (دایکم)، بەهەڵگرتنی نازناوی دایکمەوە ‘هاوڕێ ڕابی’، لەبەر کۆمەڵێک پرنسیپی گشتی و ڕۆشنبیری بە تەنیا خۆم ڕوومکردە ناو هەزران پیاوی سیاسی و پێشمەرگە کە هەموولە دەوری سیاسەتدا کۆبوبونەوە لە ناو چیاکانی کوردستانا. سێ جار چوومەتە شاخ و بەڵام تەنها لە سێهەم جاردا زیاتر دەرکەوتم لەبەر ئەوەی زۆرتر مامەوە و یەکەم ژن بووم بچمە ناو مەفرەزەکانی پێشمەرگەوە بەتەنها بەشداری شەڕەکانی پارتیزانی بکەم و بە تایبەتی لە تیپی ٢١ ی کەرکوک دا، پاش ئەوە دەستپێشخەریم کرد و یەکەم ژن بوم ببم بە کادێر و دەستم کرد بە کردنی سیمینار لە بواری سیاسەت و ئابووری و مێژوو، لەناو مقەڕەکانی پێشمەرگە دا و لەناو لادێکاندا، بەو جۆرە بەردەوام بووم لەگەڵ ناڕازی بوونمدا لەسەر زۆر مەسەلەی سیاسی و جێندەری، دەمزانی هەم تێگەیشتن لە مەسەلەی ژن و هەم پێگەی ژن زۆر سنوردارە لە خەباتی کوردانەی باشووری کوردستاندا لە شەستەکانەوە بۆ نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوو.

پاش چەندین ساڵ وەکو ژنێکی تەنها لە پێشمەرگایەتی دا، هەر لە شاخەوە بە بێ ئەوەی تەسلیم ببمەوە، بەرەو هەندەران هاتم بە تەنها و بە یارمەتی چەند هاوڕێیەکی پێشمەرگە و جوامێر، سوپاسگوزاری یەکێکیانم بە تایبەتی. وەکو ژنە سیاسیەکی تەنهای کوردی پەنابەر گیرسامەوە لە بەریتانیا و هەر لەماوەی دوو هەفتەدا پەنابەریم وەرگرت و لە بیرمە پێیان سەیر بوو ژنێکی تەنهای سیاسیکاری کوردی باشور داوای پەنابەری بکات لە بەریتانیا لەهەشتاکاندا، خۆیان پێیان ووتم.
من ئەمجارەیان بەناوی خۆمەوە بووم نەک بەناوی دایکمەوە، هەر لەوساوە لە بەریتانیا نیشتەجێ بووم وهەر ئەو ووڵاتەش بوو بە مەنزڵگە و ماڵ و لانکی رۆشنبیری و فەلسەفی بۆ من. لە هەندەران لە ١٩٨٦ وە بەردەوام بووم لە سیاسەتدا: هەم لە سیاسەتی کوردی و هەم لە سیاسەتی بەریتانیا، هەتا ١٩٩٣. لە ئەو ساڵە بڕیارمدا بەیەکجاری واز لە سیاسەت بهێنم وببم بە چاودێرێکی سیاسی نەک چالاکوانی سیاسی . هەر لە ١٩٩٣دا خۆم خستە ناو بازنەی فەلسەفەی ئەکادیمی لە بەریتانیا و هەر هەمان ساڵ بووم بە خوێندکاری فەلسەفە لە بەریتانیا و بەتایبەت لە زانکۆی لەندەن دا گیرسامەوە.
پاش تەواوکردنی بەکالۆرێۆس و ماستەر لە فەلسەفەدا لە زانکۆی لەندەن، یەکەم هەوڵم بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان و بەتایبەتی بۆ مامۆستایەتی فەلسەفە لە زانکۆی سلەیمانی بوو لە ٢٠٠٣ دا، هەر لە مناڵیەوە ئەم زانکۆیەم زۆرم خۆش دەویست، داوام کرد و فۆرمم پڕ کردەوە و قەبوڵ کرام، سەرۆکی زانکۆکەش بڕیاری دا دام بمەزرێنن وەک مامۆستای فەلسەفە، بەڵام هیچ هاوکاریەکیان نەکردم لە دابینکردنی شوێنی مانەوە گەرچی ژنێکی تەنیا بووم و خاوەنی یەک دینار و یەک بست زەوی و موڵک نەبووم لە کوردستانا تیای بژیم و پێی بژیم، لەبەر ئەو هۆیەش بۆ من نەگونجا و ناچار بووم گەڕامەوە بۆ لەندەن.
دووەم جار بەهەمان مەبەست گەرامەوە بۆ کوردستان کە بەشداری بە کوردی کردنی فەلسەفە بم لە کوردستاندا، ئەمجارەیان لەسەر داوای زانکۆیەکیتری هەرێم بوو، پێیان ووتم کە لە زانکۆی سلەیمانیدا بەشی فەلسەفە نیە- تا ئیستاش هەروایە ئەوەندەی من ئاگادار بم- ئەم جارەیان لە ٢٠١١ وە بۆ ٢٠١٣ مامۆستای فەلسەفە بووم لەو زانکۆیەدا. لە بەرەو کۆتایی ٢٠١٣ دا لەبەر ئەوەی لە کوردستان دا بە زمانی کوردی دکتۆرا لە فەلسەفەدا ناکرێت -هەتا ئێستاش هەروایە – جاریکیتر ناچاربووم بگەڕیمەوە بۆ هەندەران بۆ خوێندنی دکتۆراکەم. هەر لە ٢٠١٣ وە بێ فەوتاندنی یەک رۆژ، دەستم کرد بە لێکۆڵینەوەی دکتۆراکەم و لە ئێوارەی نەورۆزی ساڵی رابوردوو(٢٠١٧) دا بە سەرکەوتووی تەواو بوو.

ئەمانە ئەوسا بوون و بوون بە مێژوو، ئێستا پاش ئەو ئەزموونانەیە. لە ئێستادا یەک دوو پرۆژەی فەلسەفیم هەیە لە کوردستاندا ، ناردوومە بۆ یەکێک لە سەرکردە سیاسیەکان، و قسەشم لەگەڵ چەند سیاسیەکیتردا کردوە لەسەریان، نازانم ڕێگە دەدرێت پرۆژەکانم لە کوردستاندا بکەم لە بواری فەلسەفەدا یان ڕیدەگیرێت ە دەدرێن بەخەلکیتر بیانکات. نوسینی ‘هەگبەی زانین’ زەمینەی فەلسەفی دەڕەخسێنێت بۆ پرۆژەکانم لە کوردستان دا، وا بەرەو تەواو بوون و کۆتاییە.
ئەڵبەت وەک دیارە مەبەستی پرۆژە فەلسەفیەکانم کوردستانە و هەموو پرۆژەکانم لە فەلسەفەدا ئاراستەی زەمینەی ڕۆشنبیری و هزراندنی فەلسەفی کورد و کوردستان دەبن.”

زانیاری لەسەر ‘هەگبەی زانین’ بە گشتی ؛ هەرسێ کتێبەکەی:

هەر سێ کتێبەکەی ‘هەگبەی زانین’ ئاراستەی چەند جۆرێک لە خوێنەری کوردە :چ لە کوردستان بن یان لە هەندەران، چ لە زانکۆ بن یان سەربەخۆ لە ماڵەوە بخوێننەوە:

(یەکەم ) ئەو ڕۆشنبیرانەی گەر لە کوردستان بن یا لە هەندەران دەخوێننەوە و تینووی تێگەیشتنن لە فەلسەفە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنیان ناگونجێت بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان یا لەبەر ئەوەی کە ئیشدەکەن و کاتیان نیە بۆ ئەوەی لە زانکۆکاندا بخوێنن، یا بەهەر هۆیەکیتر دوورخراونەتەوە و دوورکەوتوونەتەوە لە خوێندنی فەلسەفەی ئەکادیمی. ‘هەگبەی زانین’ دەکرێت وەک کۆرسێکی ئەکادیمی فەلسەفە لە ماڵەوە بخوێنرێتەوە.
(دووەم) ئەو ڕۆشنبیرە ئەکادیمیانەی کە لە کوردستان و لە هەندەران لە زانکۆکاندا لە بواری فەلسەفەدا دەخوێنن، ‘هەگبەی زانین’ وەک سەرچاوەیەکی ئەکادیمی زۆر بەسوودە لە خوێندن وتێگەیشتنیاندا.
لەبەر ئەمانەیە کە ‘هەگبەی زانین’ لەگەڵ ئەوەدا کە ڕوون و کورت و پوخت نوسراوە ئاستی بەرزی ئەکادیمی خۆی پاراستووە.
هەموو باسەکان و ئارگیومەنتەکان و سەرنجەکان لە هەرسێ کتیبەکانی ‘هەگبەی زانین’دا؛ گەرچی کورت و پوخت و ڕوون نوسراون، بەڵام ئاستی بەرزی فەلسەفەی ئەکادیمیان پاراستووە و هاوتا و سەردەمن لەگەڵ ئاستی فەلسەفەی زانکۆکانی بەریتانیا و ئەمەریکا و ئەو ووڵاتانەی کە بە ئینگلیزی دەدوێن و دەخوێنن و دیبەیت دەکەن لەسەر ڕووی زەویدا. بۆیە هەر یەک لە سێ کتێبەکەی ‘هەگبەی زانین’ دەکرێت لە ماڵەوە وەک کۆرسێکی فەلسەفە بخوێنرێت. هەرئەمەشە کە مەبەستەکە بەتەواوی دەپێکێت؛ هێنانی دیبەتەکانی ناو زانکۆ بەریتانی وئەمەریکی و کیشوەرانی ئینگلیز زمان دەگەیەنێتە ناو ماڵەکانی کوردستان و زانکۆکانی کوردستانەوە؛ کە ڕووبەرێکی گەورەی سەرزەویە و لەگەڵیدا و گرنگتر لەمە ڕووبەرێکی گرنگی بواری فەلسەفەیە.

زانیاری تایبەت بە کتێبی یەکەم و کتێبی دووەمی ‘هەگبەی زانین’ کە ئەم یەک دوو هەفتەیە پێکەوە بڵاودەکرێنەوە.

کتێبی یەکەم، تایتڵەکەی ئەمەیە: هەگبەی زانین: کتێبی یەکەم ؛ خوێندنەوەی پیستیمۆلۆجی؛ پیستیمۆلۆجی کلاسیک.
لەم کتیبی یەکەمەی ‘ هەگبەی زانین’ دا؛ ئەو ئارگیومەنتانەی کە هێناومنەتە سەر باسکردن و هەڵسەنگاندن، هەڵبژاردەیەکن لە دیبەت و سەرنج و پرسیار و باسە فەلسەفیە کلاسیکیەکەی ناو سێ بەشی فەلسەفە: پیستیمۆلۆجی ، لۆجیک و مێتۆدۆلۆجی ، فەلسەفەی زانست. زۆربەی ئەو ئارگیومەنتە فەلسەفیانەی کە پەیوەندیان بە زانینەوە هەیە لە فەلسەفەدا لەم کتێبی یەکەمەی ‘هەگبەی زانین’ەدا هێنراونەتە سەر باس . کتێبی یەکەمی ‘هەگبەی زانین’ ە ، دەچێتە خانەی پیستیمۆلۆجی کلاسیکەوە ، تایتڵەکەی واتە ناونیشانەکەی بەم جۆرەیە:

مەبەست لە ‘پیستیمۆلۆجی کلاسیک’ لەبەر ئەوە نیە ئەم کتێبە خۆی قەتیس کردبێت بە سەردەمی فەلسەفەی یۆنانی دێرینەوە کە بە فەلسەفەی کلاسیک ناودەبرێت. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، زیاتر خۆی لەگەڵ فەلسەفەی ئێستا هاوشانکردوە. هەروەهاش خۆی قەتیس نەکردوە بە یەک بەشی فەلسەفەوە بەڵکوو زەمینەکەی لە سێ بەشی فەلسەفەدایە: فەلسەفەی زانست، لۆجیک و مێتۆدۆلۆجی، پیستیمۆلۆجی پێکەوە. لەبەر ئەمانە خویندنەوەیەکی بە چێژ و ڕوون دەبێت، مەبەستی دەرخستنی ئارگیومەنتە چڕ وپڕەکانی فەلسەفەیە و تاووتوێکردنیانە سەبارەت بە ‘زانین’ لە هەگبەیەکی کورت و پوخت دا.

کتێبی دووەمی هەگبەی زانین، تایتڵەکەی ئەمەیە: هەگبەی زانین: کتێبی دووەم؛ سۆشیال پیستیمۆلۆجی.

بابەتی ئەم کتێبەیان کە کتێبی دووەمی ‘هەگبەی زانین’ە، تێڕوانینێکی جیاوازە بە بەروارد بە کتێبی یەکەمی ئەم پرۆژە نووسینەم. ‘سۆشیال پیستیمۆلۆجی’ بابەتی تێڕوانینی ئەم کتێبەیە سەبارەت بە ‘زانین’، ڕەوتێکی نوێی فەلسەفەیە بە بەراورد بە ڕەوت و بەشەکانیتری فەلسەفە، لە ڕەخنەگرتنی پیستیمۆلۆجی کلاسیک زەمینەی خۆی دروستکردوە، زۆرجاریش وەکو جێگرەوەی پیستیمۆلۆجى کلاسیک دەکەوێتە بەرچاو. کاریگەريیەکان لەسەر دروستبوونی ئەم ڕەوتە گەورە و نوێیە زۆرن، تەنها لە چەند دەیەی ڕابووردودا زەمینەی ئەم ڕەوتە هاتەکایەوە و خۆی وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی سەبارەت بە زانین و تاکی بیرکەرەوە ناساند، تاکی بیرکەرەوەی خستە ناو ژینگەی بەکۆمەڵیبوون و کۆمەڵگەی بیرکەرەوەکان.
لەم کتێبەی دووەمی ‘هەگبەی زانین’دامەبەستمە: یەکەم هەندێک ئارگیومەنت لە دەرەوەی بواری فەلسەفە، لە ئارگیومەنتەکانی ناو بوارەکانی وەکو سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی، ئەوانەیان کە پەیوەندییان بە بابەتی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە هەیە بەڵام مەسەلەی پێرسەپشن و کۆگنەتیڤی دەجوڵێنن و لەبەرئەوەی هەردوو پرسی پێرسەپشن و کۆگنەتیڤ پرسی فەلسەفیشن، دەهێنمە ناو باسەکەوە. دووەم:هەندێک لە ئارگیومەنتەکانی فەلسەفەی کۆنتینەنتاڵ ئاڕاستەدەکەم لەسەر پرسی زانین، لەبەر پەیوەندییان بە بابەتی ئەم کتێبەوە؛ کە سۆشیال پیستیمۆلۆجیە. واتە ئەم کتیبە تا ڕادەیەک هەندیک بواریتری دەرەوەی فەلسەفە لەگەڵ دوو بەری فەلسەفەدا کۆدەکاتەوە: فەلسەفەی ئەنەلەتیک و فەلسەفەی کۆنتینەنتاڵ.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

سزاو گەمارۆی ئابووری و ئێران

بورھان شێخ ڕەئوف سزا و گەمارۆی ئابووری لە پوختترین پێناسەیدا ئەوەیە کەوا دەوڵەتێک یان دەوڵەتگەلێک …