سەرەتا / وتار و بیروڕا / پاکیزەی شنگال…. دۆزەخی ھەمیشەی کچ و ژنانی ئێزدییەکان 

پاکیزەی شنگال…. دۆزەخی ھەمیشەی کچ و ژنانی ئێزدییەکان 

یاسین برایم _ ڕواندز
لە خوێندنەوەی ھەر ژانرێکی ئەدەبی ، پێویستی بە سەلیقەو تێڕامان و قووڵبوونەوە و دۆزینەوەی وێنە و کۆد ومانا و واتای نێو دێرەکانە ولە ھەمانکاتدا ، کردنەوەی دەرگایەکی ترە بە ئاشنابوون بە جوانی و دونیای نێو دەقەکان. بۆئەمەش خوێنەر ، دەبێت خاوەن دیدەیەکی ڕەخنەیی و ئەزموونی بێت و بەردەوام لە جیھانی ئەدەبدا نزیک بێت وخەریکی خوێندنەوە و خۆڕۆشنبییرکردن و توانەوە و ڕووچوون بێت بە نێو دونیا گەورەکەی ئەدەب . جا قسەکردن لە سەر ھەر ژانرێکی ئەم ئەدەبە ، دەیان تیۆر و ڕێبازو قوتابخانە و دید و بۆچوونی (کۆن و تازە) ، دەبنە کلیک و دەروازە بۆ کردنەوەی دەقەکان . ھەموو ئەمانە بەرھەمی مرۆڤن و بۆئەمەش دەکرێت ، لەگۆشەنیگایێکەوە و بە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان ، شتێک لەو جیھانە ھەڵێنجین و ڕاو بۆچوونی خۆمان بخەینە ڕوو ، ئێمەش بۆ بابەتێکی ئەوھا ، ئاوڕێک لە رووداو و نمونەی نێو ڕۆمانی (پاکیزەی شنگال)(١) دەدەینەوە . ئازارو خەمەکانی کچ و ژنانی ئێزدیی نێو ڕۆمانەکە ، بەدیدەیەکی مرۆڤدۆستانە وخەمخۆرانە ، ئاشنایان ببین و ھەڵگری خەم و ئازارەکانی ئەوان بین ، بۆئەوەی ئەم تاوانە قیزوەنە، لە بیر تاکەکانی کۆمەڵگە بە زیندووی بمینێتەوە و لە بەرچاوان بێت.
ڕۆمانێک ، تژی لە کارەسات و ھاوار و خەم و فڕمێسکڕشتن. خوێناوی لە خوێنی بێتاوانان و ڕەش لەلایەن ھێزی تاریکپەرست و شمشێر بەدەست. شەڕی ناشیرینکردنی ھەموو جوانییەکان و لەکەدارکردن وسوکایەتیکردن بە بەھایەکانی مرۆڤ. وێرانکردن وسڕینەوەی سومبلە ئایینییەکان و مزگەوت و پەرستگەو کەنیسەکان وگۆڕی پیاو چاکان و تەنانەت تەقاندنەوەی گۆڕی پێغەمبەران و ماڵی خواش! لە لایەن ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری خودا دەزانن. جا ھێزێک ئەمە کار و کردەوەی بێت ، دڕندەیی و بێبەزەیی ئەوانە دەردەخات ، کە چ ھێزێکی ترسناک و پیس و قین لە دڵن. دەبینین سەرجەم مافەکانی مرۆڤ ، پێچەوانە جێبەجێدەکرێت. مافی منداڵ و ژن و بەساڵاچوان و ئاژەڵان و دارو درەختیش لە ژێرخانەی سفر خۆی دەدۆزێتەوە. لە جێبەجێکردنی فەرمانێکی خودا (بەقسەی ئەوان) ، سەدان فەرمانی خودا پێشێل دەکرێت. ڕۆمانێک ، پڕە لە وشەی غەمناک ودێری خوێناوی و وێنە و چیڕۆکی ناخھەژێن. گێڕانەوەی مێژووێکی ناشیرینی ئەم سەدەیە ، کە تێدا نەتەوەی ژێردەست وئایین و مەزھەبەکان و دووچاری چەوسانەوەو ڕەگەزپەرستی وسڕینەوە ولە ناوبردن دەبنەوە. تاوانگەڵێک لە پێش چاوی ھەموو وڵاتان و گەلانی دونیا ئەنجامدەدرێت. تا نھۆش بە چەندین شێواز و رێگا و ئایدیا و دەستە و ھێزی دەمارگیرو نەتەوەپەرست و تەوژمی سیاسیی و ئایینی توندڕەو و بەرگی جۆراوجۆر، درێژە بەم مێژووە ڕەش و قیزەوەنە دەدەن. کارەساتی شنگال و ئێزدییەکان لەم ڕۆمانە رەنگیداوەتەوە . چەندین لایەن و ڕەھەندی ئاڵۆزو جیاواز لە خۆ دەگرێت. لە ھەر گۆشەنیگایێکەوە، بڕوانینە بنیات و داڕشتن وکاکڵ و کرۆکی بابەتەکانی ڕۆمانەکە. قسەو باس و وردبینی قووڵ وشڕۆڤەکردنێکی تێروتەسەڵی دەوێت.. ڕۆمانێکە ، مێژوو ، سیاسەت ، ئایین ، کۆمەڵایەتی ، دەرووناسی و ئایدیا و فکری توندرەو و نادادی وچەوسانەوەی مرۆڤ و ژێردەستی و زوڵم و ستەمی ناڕەواو دەیان رووداو و دیاردەی ناشیرین وتاوانی بەکۆمەڵ و سەیر ، لە نێو ڕۆمانەکە خۆیان نمایش دەکەن. ھەر ئەم تاوانانە بووە وای لە (سەلیم بەرەکات)(*)ی ڕۆماننوسی گەورە کردوە ، ئازارو چەوساندنەوەی ئێزدییەکان بکاتە ھەوێنی ڕۆمان و پێشانی جیھان بدات.
لە ڕۆمانی (پاکیزەی شنگال) ، ئاە وخەم و کۆژانی سەدان منداڵ و کچ و ژنی تێدایە. پاکی و فریشتەیی ئەوانەیە کە ھێزێکی پیس و دڕندە و لە بەھاو ڕەوشتی مرۆڤ بوون، دایان دەماڵن و دەیانکەن بە کویلە. دەنگی خۆڕاگری و بوێری و چاونەترسی ئەو کچ و ژنانەیە کە بە (نا)یەکانیان. ملکەچی حەزو داواکاری ئەو ھێزە نابنەوەو (مەرگ) بە شانازییەوە ھەڵدەبژێرن ، نەک دیلی و ژێردەستی. ئەم ڕۆمانە ، ژان و ئازاری ژنە دوو گیانەکانە. خەمی منداڵی بێ لانەو بێ سەرپەرشتیارە. دەنگ و ھەناسەی دایکە جەرگ سووتاوەکانە. فرمێسک و گریانی ژنە مێردکوژ وکچە بە زۆر فرۆشراوەکانە. ڕۆمانێک پڕە لە تاوان و چەوسانەوە و خوێن و فرمێسکی مرۆڤە بێتاوانەکانی دەڤەری شنگالە.
بڕیاردەرکردن
ھێزێک ، پیشەی خوێنڕشتن و سووتان و گرتن و کوشتن بێت. بۆ ئەمەش ھەمیشە بڕیار بەدەستن و ھەرچی بیانەوێت دەیکەن و شەرعییەت بەکارەکانیان دەدەن ، تا ھێزو ترس لە نێو خەڵک بڵاوبکاتەوە. بڕیار و یاسا و فەرمانە بە پەلە و توندەکانیان ، ژیانی خەڵک دەکەنە دۆزەخ. کاتێک دەڤەرێکی زۆر دەکەوێتە ژێردەستیان و ھەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی دەگرن و ئازاریان دەدەن. ئەمی رو گەورەکانیان ئەوھا فەرمان بە چەکدارەکانیان دەکەن. کە بەچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو مرۆڤانە بکەن ، کە لە ژیرَدەستی ئەوان دان. چۆن فەرمانی کوشتن وگرتن و فرۆشتنیان دەدەن .
” ھەر کافرێک لەمانە ، بووە مایەی زەڵەزەڵ و دەنگەدەنگ بیکوژن، ئەو منداڵەی دەگری و کپ نابێتەوە پەلی بگرن و بەدیوارەکەیدا بدەن… کچە وشەڕکەرەکان لە ولایەتی موسڵ بنێرن…. ئەو منداڵانەی نێرینەن بیانخەسێنن، تاکو لەسەر بێ جاھێڵەکان لە بەتەمەنەکانیان جیابکەنەوە و بۆ ماڵەکانی خەلیفە و موجاھید ئەمری خودا گەورە نەبن، ئەوانە کۆیلەی ئێوەن، بە پێی شەریعەتی ئیسلامی دەسکەوتەکانیان ، ژنە لە نێو خۆتاندا دابەش بکەن، ئەوانەی دەمێننەوە بۆ فرۆشتن بۆ بازاڕیان بنێرن….ل٢٦٢”
بە پێی ئەو لێکۆڵەر وشارەزایانەٍی لەسەر (داعش) ئەنجامیان داوە ، ئەو زانییاریانەیان پشت ڕاستکردۆتەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی داعش ، لە ناوبردن و سڕینەوەی یەکجارەکی ئێزدییەکان و ئایینەکەیان بووە ، بۆئەمەش ئەوەی لە دەستان ھات کردیان. بەڵام خەونەکانیان نەچووە سەر.
خەساندن

کرداری خەساندن بۆ ئاژەڵە نێرینەکانی وەکو (جوانەگا و گا و کەر و ئەسپ) بەکاردێت بە مەبەستی بەھێزبوونی جەستەو سوود وەرگرتن لە کاروباری جووتکردن و بارھەڵگرتن . ئەگەر ئەمە بۆ ئاژەڵ ئازاربەخش بێت. ئەی بۆمرۆڤ چ تاوانێکی گەورەیە ، نێرینەکان بخەسێندرێن و لە پیاوەتیی و شەھوەت و وەچەیان بکەن. دەسەڵاتدارو شارستانیەت و نەتەوە زلھێزەکان . مێژووێکی ڕەشیان لەم کارە تۆمار کردووە. پاشا و میرو سوڵتان و خەلیفە و والی و بازرگان و پارەبەدەست و شمشێربەدەستەکان . لە کۆشک و تەلار و حەرمسەراکانی(٢) خۆیان، سوپایەکی زۆریان لەم خەساوانە ھەبووە، بۆمەبەستی تایبەتی خۆیان. ئەگەر بۆ سەردەمی کۆیلایەتی ئەمە ڕەوا بێت ، ھەرچەندە ڕەواش نییە. کەچی لە سەردەمی ئێستادا ، ئەمە تاوانێکە لێخۆشبووونیان بۆ نییە ، بە بێ ھیچ ھۆکارێک کۆمەڵێک منداڵ ، بخەسەندرێن. لەم ڕۆمانە ، دیمەنی بەکۆمەڵخەساندنی تێدایە ، بۆ ئەوەی تا مردن ، دیل و رەزیلی دەستی ئەوان بن!
” … ئەو منداڵانەی نێرینەن بیانخەسێنن، تاکو لەسەر بێ ئەمری خودا گەورە نەبن، ئەوانە کۆیلەی ئێوەن… ل٢٦٢”
خەتەنەکردن
کارێکی سووک و قیزەوەن ، کە مرۆڤ لە باسکردندا شەرم دەکات، کەچی ئەوان پاکییەتی ئافرەت لەو سونەتکردنە دەبینەوە. دەستدرێژی بکەنە سەرکچان و ژنان و خەتەنەکردنیان بە کارێکی پیرۆز بزانن ، وەک جیھاد سەیربکەن. ئەوانەی لە سەربڕین رزگاریان بووە و نۆرەی بنبڕینیان دێتە سەر!. ئایا ئەمە کاری پیاو وکەسانی ئایینییە ، دەست و پەنجەی لێ ھەڵدەکەن و روو دەکەنە نێو گەڵیان. دەبێ ئەو چەقۆ بە دەستانە، پرسیاریان لە خۆیان کردووە، ئاخۆ دایک و خۆشک و کچی خۆیان خەتەنەکراوە وخۆیان خەتەنەی دەکەن؟ یا جورئەت و ئازایەتیان تێدایە ، دەرپێ لە خوشک و دایکی خۆیان بێنە خوارو خەتەنەیان بکەن؟! ئەی خەتەنەکردن و کوشتنی شەھوەت و حەزی ئەم ھەموو کچ و ژنانە لە پێناوچی!! خۆ ئەوان بەخێوکەرو ڕێپێدراوی ئەوان نین ، تا ئەم کارە بکەن. لێرەشدا باس و گێڕانەوەی ئەوانە دەخەینە روو ، کە ھەموو مرۆڤایەتی شەرمەزار دەکات.
” لە خەتەنەکردنی دوو مانگ لەمەوبەری ، ھەربەتەنیا ئەو خەتەنە نەکرا، گەلێ ژنی لادێی دیلی دیکەشیان لە گەڵ ئەو دا خەتەنەکرد…. ل٢٥٨”
” تۆ ئێزدییەکی قەحبەی کافری… بڕیار دراوە خەتەنەت بکەین، ئەو پنتکە زیادەیەت ببڕن. سوپاسی خودا بکە کە ناتسووتێنین و ھەڵتناواسین. ل٢٦٦”
” بەسەزمانە … باسی بۆکردم چۆن بە زۆر لاقە کراوە لە لایەن ئەمیرێکی شیشانییەوە… دواجار ھەلاتبوو، بەڵام گرتیان و بردیانەوە…. بەزۆر و بەشێوەیەکی سەرەتایی و دڕندانە خەتەنەیان کردبوو…. ل١٩٦”

لاقەکردن و سوکایەتیی پێکردن پیشەی ھەمیشەیان ، بڕوانە ئەو کیژو ژنانە ، لاقەدەکەیت وخەتەنەی دەکەیت و وەک قەحپە سەیری دەکەیت دواتر وشەی کافربوونی دەدەیە پاڵ . ئەوجا سوپاسی ئەوان بکەیت کە (نەیانسووتاندووە و ھەڵیاننەواسیووە). ئایا ئەم سوکایەتییە ، گەورەترین کوشتن نییە ، ڕۆح و کەسایەتی بۆ ھەتا ھەتایە پارچە پارچە دەکەیت! بە ڕۆژ سوکایەتیی و بەشەویش ، خۆیان بە قوربانی ناو گەڵیان دەکەن . بە کافرو قەحپە ناویان دەبەن ! لەلایەکی تریش پێشبرکێ دەکەن لە سەر کچ و ژنەکان لە خۆیان مارەدەکەن و کە تێردەبن و دەیفرۆشنەوە بە ھاوڕێیەکی خۆیان و ھەوڵ بۆ بەدەستھێنانی یەکێکی تردەدەن.. لەوانەیە جوانترین پێناسە بۆ ڕەوشت و کار و کردەوەی ئەو دەستەیە ، ھەر ئەوە بێت ئافرەتێک بەم شێوەیە باسی دەکات.
” لەم دونیایەدا لە کوشتن و گان وگوللە و پارە وسامان بەولاوە، ھیچی دیکە نازانێت…. ل١٨٦”
سووکایەتیی و مردنی ھەمیشەیی
کچ و ژنانی ئیزدیی بەوە ناسراون ، خاوەن ڕەوشتی بەرز و داوێنپاکی و بوێری و ڕاستگۆن. پابەندی ئایینی خۆیانن و لە یاساو ڕێسایەکانی خۆیان لانادەن و پێگەو بەھاو کەسایەتیی خۆیان ھەیە. ئەمانە بە ئاسانی ئایینی خۆیان ناگۆڕن ، تووشی کوشتن و ھەڵواسین دەبن ، یان بە زۆری ئایینەکەیان پێدەگۆڕن و سووکایەتییان پێدەکەن. لەوانەیە دیمەنی ئەو ھەرزەکارو کیژۆڵە ئیزدییانە ، ئەوەندە ئازارھێن و خەمھێنەر بێت ، ھەر لە ڕۆژیی دوایی بچێت ، کاتێ نایانەوێت ئایینەکەیان بگۆڕن ، لەبەرچاوی خەڵک (نێوبازاڕ) ، بە ڕووتی دارکاری دەکرێن و پرچیان دەتراشن و ھەتکیان دەکەن. بەڵام ئەوان سوورن لە سەر ئایینە پیرۆزەکەی خۆیان و بەرگەی ھەموو سووکایەتییکیش دەگرن.. ئەم رووداوە ، ھەر لە رووداوەکانی کۆمەڵکوژی جووەکان دەچێت کە زمان ناتوانێت بگێرێتەوە و چاو توانای بینیین نییە ، چونکە ئەوەندە قیزەوەنە.
“ئۆتۆمبێلەکە لە لە ناوەڕاستی بازاڕەکە ڕاوەستا و چوار چەکداری لێ دابەزین، لە پشتی پیکابەکە شەش کیژۆڵەی ڕووتو قووت ، تەمەنیان نزیکی یەکە ، ھەردەڵێی جمکن و لە یەک ڕەحمەوە دەرچوون. لە شەرم و ئابڕووی خۆیاندا ھەر ئەوە نییە بتوێنەوە…. ھەموو بە یەک زنجیر بەستراونەتەوە…. ل٣٥”
” روخسار ئاوەڵیینەکە چووە ناو پیکابەکەوە ، یەکە یەکە دەستی لە سمتیان دەدا، وەک گرانی ھەڵسەنگێنێ، بە شێوەیەکی شەرمەزارانە و بێئابڕوانە ئەوەی دەکرد، بزەی سەرکەوتنی دەخستە سەر لێوی، بەوەشەوە نەوەستا نووکی دارەکەی بە کۆمی یەکێ لە کچەکاندا کرد….. ل٤١”
” کە قامچییەکەیان بەرزدەکردەوە ، شوێنەکەی گورجێ خوێنی لێ دەچۆرا، کە قامچییەکەیان دادەھێنایەوە، پریشی خوێنی جەستەیان بەملاوبەولادا دەپرژا، سێیەم کچی ڕیزی یەکەم سەری لاربووەوە و لە ھاوارکردن کەوت، پێستی بووبووە نەخشەیەک لە خوێن ولە ناو گەڵیشیەوە میز بە ڕان وقاچیا ھاتە خوارەوە. ل٤٢”
بوێری کیژ و ژنان ھەمیشە سوورن لە سەر ئایینی خۆیان ، دەزانن لە لایەن ئایینێکی تر ئەم سوکایەتییەیان پێدەکرێت. ئەوان خۆڕاگرن ، لەبەردەم راسپاردەو بڕیارو یاساکانی ئەوان (نا) دەڵێن. بەڵام ئەوان بێتاوانن لە بەردەم ھێزێکی وا ، کە دیلی دەستی ئەوان و ئەوانیش دڕێخی ناکەن لە لێدان و ئازار و کوشتن و ملکەچکردنیان بە زۆرەمڵی .. کەچی ئەوان مردنیان پێخۆشترە ، بە سەربەرزی و شکۆیی دەزانن ، نەک مل بۆداواکارییە سەپێندراوەکانی ئەوان دابدەن.. بۆ ئەمەش نمونەی ئازایەتی و ھەڵوێستجوانی ئەوان دەبیندرێت. مەرگ ھەڵدەبژێرن، نەک ژینی ژێردەستی و چەوساندنەوە.
” لەشەرمی نامووسی خۆمدا خەریکە دەمرم، ھیچم ناوێت لە مردن بەولاوە….بەناوی دینەوە بە قەحبە بووم… ھەموو ڕۆژێک جاشێک بە ناوی دینەوە لاقەم دەکات… ھەرچی پاکی و خاوێنی لە جەستەمدا ھەبوو ھەموویان مژی و پڕیان کردووم لە ژار…. ل٣٠٩”
بوێری ئەو کیژیانە زۆرن ، نایەنەوێت بە زۆر وەک دەسکەوتی شەڕ و لەلایەن ئەو ھێزە دەستدرێژیان بکرێتە سەر ، یان لە رێگای مارەکردنێکی ناچاری و بچنە باوەشی دوژمنەکانیان ، نەخاسمە کەسانێک پیر و گەورەی وەک باوکیان بۆ تێرکردنی حەزو ئارەزوویان بەردەبنە گیانی ئەم کچ و ژنە دیل و داماوانە. نمونەی وەھا زۆرن ، لەم ڕۆمانە پەنجە بۆ ئەو کیژۆڵەیە دەبەین، کە گوندەکەیان تووشی سەربڕین و کۆشتارگەی مەزن ھاتووە،
“کچێکی تازە ھەڵچووی دانیشتووی گوندی (کوجو)خۆی کوشت، کە زانیی وەکو دەسکەوتی شەڕ بە ئەمیرێکیان بەخشیوە… ئازایانە خۆی خنکاند….ل٣٣٩”(**)
رووداوە سەیرەکان
رووداو و ھەواڵی سەیرلە سەر کار و کردەوەکانیان گوێمان لێ بووە ، یان لە گرتەی (ڤیدیۆ و ئینتەرنێت )، ھەواڵی پڕ شۆک و جەرگبڕمان پێش چاو ھاتووە. لەم ڕۆمانەش ، شتی وا زۆرە ، کاتێک کەسێک ، کارێک ئەنجامدەدات کە بەدڵی ئەوان نییە ، تووشی سزای توند دەبێتەوە ، کارێک پێش ھاتنی ئەوان ئاسایی بووە، ھیچ شەرم و تاوان و ناشیرین نەبووە. بەڵام ئەوان کاری وا نیشانی بکەری کارەکان دەدەن ، زۆر قیزەوەنترە.. مناڵێک لە سەر گۆرانی عەرەبی و پانتۆلڕ و جگەرە و مەی و نوێژنەکردن.. بە قامچی و دار وپەت ، دۆزەخی بۆدروست دەکەن…
“گەنجێ بە ھۆی تاوانی جگەرەکێشانەوە لە یەکێ لە چایخانەکان پێستی بەدەم قامچیەوە دادەماڵرێ ، دوو ڕیشداریش ھەریەکە و سەرێکی پەتەکەیان گرتووە ، دارەکەش بۆ شکاندنی قاچی گەنجێکی دیکەیە، چونکی تاوانێکی گەورەی کردووە و پانتۆڵی جینزی لە پێدا بووە… ھەینی ڕابردوو ژنێکیان ھەڵواسی، چونکی ملکەچی مێردە مجاھیدەکەی نەبووە. … ل٦٦”
لەسەر مەیخواردنەوەش ، بە نەعل و پێڵاو لە مەیخۆران دەدەن ، گوایە فەرموودەی پێغەمبەری لە سەر جێبەجێدەکەن.
” ئەمە مەیخۆرە ، نەفرەتی خودای لێ بێت و شەرمەزاری بکات… بە نەعل و لقی دارخورما لە مەیخۆران بدەین…. ل٦٩”
دەستدرێژیکردنە سەر ژنان
ھەر شوێنێک لە لایەن ئەو ھێزە داگیرکرابێت و دەستیان بەسەرداگرتبێت ، ئەگەر بۆ کاتژمێرێکیش بێت ، کارەسات و تاوانی خوێناویان ئەنجام داوە ، کوشتن و ڕەفاندن کاری سەرەکییان بووە، کچ و ئافرەتە بە شووەکان وبگرە پیرەکانیش، وەک دەسکەوت و خەڵات و پاداشتی سەرکەوتنیان ڕەپێش خۆیان داون . دەستدرێژیان کردونەتە سەریان و لاقەیان کردوون. تەنانەت بەزۆری و زۆرداری لە بەرچاوی خێزان و باوک و براکانیان یان دایکیان! دەستیان بۆ بردوون و جەستەی پاکیان پڕ ژەھر وپیسایی وشەھوەتی بۆگەنی خۆیان کردووە.. کچانیان بە دیاری بۆ گەورەکانیان بردوون و ئەوانیش وەک گورگی ھار، چڕنۆکیان لە جەستەی ناسکیان گیرکردووە . زۆریشیان لە بەرچاویان ھاوسەرەکانیان کوشتوون و سەریان بڕیوون. یان لەدایکیان جیاکردونەتەوە و بۆ کرین و فرۆشتن و بازرگانی پێکردن رەوانەی شوێنی تایبەت بە خۆیان کردوون. بۆئەمە کچ و ژنانی ئیزدیی و مەسیحی بە بیانووی ئایینی جیاواز و کافربوونیان ھەرچی خوا پێی ناخۆشە ، لە بەرامبەریان ئەنجامی دەدەن.. چیرۆَکی ئەو دەستدرێژیانە ئەوەندە زۆرن ، ھەموو کۆڵان و گەڕەک و گوند و شار و ئۆردوگایەک ، چیرۆکگەلی وا ، سەیرو قیزەوەن و سووک و ویژدانھەژێن و توقینیان تێدا ئەنجامدراوە.. مرۆڤ لە بیستن و بینین و گێڕانەوە ، شەرمەزار دەبێت.. مێژوێکی ڕەش و تاریک و خوێناویی و پڕکارەسات کە تێدا ژنان قوربانی گەورەن!لەسەر زاری ئەو ژنە دۆزەخدیوانە ، ئەوھا باسی تاوانەکان دەکەن…
“خەڵکێکی زۆریان کوشت ، بە بێ ھۆ، دەستدرێژیان کردە کچ و کچۆڵەکان و ژنە بەشووەکان. ل٢٥”
” لە پێش چاوی باوک و برایانەوە دەستدرێژییان کردۆتە سەر کچەکان، ئەمە لە سەرەتای داگیرکردنەکەدا ڕووی دا ، ئیسلامی درندە نازانین لە کام بیابانەوە پەیدا بوون…. ل٥٨”
” زۆر بە ئاسانی ھاوسەرەکەمیان کوشت، لەبەر ئەوەی دووگیان بووم و مانگی خۆم بوو، وازیان لێ ھێنام…. ل٧٤”
” ھاوسەرەکەمیان سەربڕی، بە بەرچاومەوە، وەکو بەرخ سەریان لە لەشی جیاکردەوە…. ل٧٦”
بازرگانی کردن بە کچ و ژنان
یەکێک لە ھەرە ناشیرینەکانی ئەو ھێزە تاریکپەرستە ، بازرگانیکردن بە کچ و ژنان و فرۆشتنیان بە دۆست و لایەنگر و کریارەکانی خۆیان. بۆئەمەش بازاڕێکی گەورەیان بۆخۆیان دروستکرد و کەوتنە مامەلەکردن بە جەستەی ژنان و فرۆشتنیان بە نرخێکی ھەرزان. ئەمەش جۆرێکە لە سوکایەتییکردن بە مرۆڤ . ئێمە ئەو کارە کرین و فرۆشتنی دیل و کەنیزەکان لە چیرۆکەکانی (ھەزارو یەک شەوە )(***) دەبینن کە چەندین سەدە ئەم بازرگانیکردنە روویداوە. بەڵام بۆ سەردەمی ئێستا و لەلایەن ئەو ھێزەوە ئەو پەری سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی مرۆڤ و ئایین ونەتەوەکان دەکرێت.. ھێشتاش ژمارەیەکی زۆری ئەو ژن و کیژۆڵانە بەم شێوەیە بێ سەرو شوێن کراون و چارەنووسیان نادیارە. ھەندێکی تریش ئەوەندە دەستاو دەستیان پێکراوە لەو شار بۆ شارێکی تر گواستراوەتەوە ، وەک دەسکەوتی شەڕ مامەڵەی پێوەکراوە.. ئەو ھێزەی لە پێناو خودا دەجەنگێت ، دیویکی تری بازرگانیکردن و پەیداکردنی پارەو سامان وماڵە. ھەرچی حەزیان کردووە و ویستوویانە بۆ دەستکەوتنی خەون و حەزو سامانەکانیان. بێ ماندوو بوون بە ناوی مجاھید و ئەمیر و خەلیفە بۆخۆیان دەستەبەر کردوووە. بۆئەمەش ھەمیشە بەدوای کچ و ژنانی جوان وناسک گەڕاون و لە دەوری خۆیان کۆکردونەتەوە. یان لە نێو خۆیان وەک دیاری و بەخشیش دەستاودەستیان پێوەکردوون. یان لە رێگای دەلالەکانیانەوە بە پارەیەکی کەم ھەرزانفرۆش کراوون.
“ھەموو ژنە ئێزدییەکان ، کەنیزەی دیلن . زۆربەیان لە موسلڕ و ڕەققە و حەلەب و فەلوجە فرۆشران…. ھەر داعشێک بەشی خۆی لە ژنە کەنیزە دیلەکاندا ھەیە، دەتوانێت بیانھێڵیتەوە لە گەڵ خۆیدا ، دەشتوانێ بیانفرۆشێتەوە بە ھەرکەسێک بیەوێت ، تا شتێ پارەی دەسکەوێت… ل٥٤”
” ژن و کچە دیلەکان دەفرۆشن، یان بەسەر موجاھیدەکاندا وەکو دیاری دابەشیان دەکەن، …. ل١٥٢”
خیانەت
کارەساتەکە ، ھەر ئەوە نییە دەڤەرێک ، دەکەوێتە دەستی ھێزێکی بێگانە ودڕندە. ئەوی لە خەیاڵی خەڵکەکە بە ئاسانی باوەڕناکرێت و ناچێتە مێشکیان ، چۆن ئەوھا بە ساناھی و بەو شێوە بەرفراوانە ھەموویان وەک مەڕێک بدرێنە دەستی ئەم گەلەگورگانە. پشت لە خاک و خەڵکەکە بکرێت و بەرگرییەکی ئەوھا نەکرێت کە شانازیی پێوە بکەن.. ئەمەش بە جۆرێک لە فرۆشتن و بازرگانیکردن بە پیرۆزیەکانیان دەزانن.. ھەمووان پشتی تێدەکەن . ئەم کۆمەڵکوژیە دووبارە دەبێتەوە، کە لە لایەن دەسەڵات و نەتەوە و ھێز و دەمارگیری ئایینی لە ڕابردوو بەرامبەر بە ئێزدییەکان ئەنجامدراوە. بۆیە ئەم ڕەخنەیە بە ئاشکرا لە دەمی کەسایەتییەکانی نێو رۆمانەکە دەبیسترێت ، کە ئەمە بە خیانەت و فرۆشتن بە ھێزێکی دڕندە لە قەڵەمی دەدەن.
” سەگەکانی حکومەت و دەسەڵات و حزبەکان بە تەنیا جێیانھێشتین… ل٥٧) “
تەنانەت پرسیارەکە ئاراستەی ھێزە کوردییەکان و پێشمەرگەش دەکرێتەوە کە بەو شێوەیە نەبووە شایەنی باسکردن بێت . چونکە دەڤەرێکی بەرفراوان ئەوەھا بدرێتە ئەو ھێزەیە کە بەرگریکردن و شەڕکردن وەک پێویست نەبووە.
“ھەموویان ئێمەیان خەڵەتاند…حکومەت فرۆشتینی ، پێشمەرگەش ئێمەی فرۆشت…من ھەموو کەسوکارەکەم لە دەست دا و کەسیان نەمان… ل٢٢٩”
جا خودی کارەساتەکە ئەوەندە مەزنە ، مێژووی مرۆڤایەتی شەرمەزار دەبێت . کە بۆچی ئەمە بە ئاسانی ڕوویدا. بۆئەمەش پرسیارگەلێک ، رووبەرووی ئەوانە دەبێتەوە . کە کەمتەرخەم بوون لەم کارەساتە گەورە و جیھانھەژێنە. کە تێدا مرۆڤ ھەست بە شەرمەزاری دەکات. چونکە ئێزدییەکان زەرەمەندی یەکەم بوون و خاک وئایین و بنەماڵەو خێزانەکانیان، بوونە قوربانی ئەو شەڕە نەگبەتییە، کە ئەوان بێتاوان وھەرچی تاوانی ناشیرینەو نەخوازراوە بەرامبەریان دەکرێت. برینێکە ساڕێژبوونی نییە لە مێژووی ئێزدییەکان.

” لە ھەرماڵیکی ئێزدیدا، کوژراوێک و دەربەدەرێک و ونبوویەک و دیلێک ھەیە…. ل٧٥”

لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە ، مرۆڤ ھەست بە گەورەترین کۆژان دەکات. چەوسانەوەو زوڵم و ستەمی و دەستدرێژی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەو ئایینی ومەزھەبی . بێبەھاکردنی مرۆڤ بە بێگوێدان بە تەمەن و ڕەگەز و شکاندنی شکۆ و پیرۆزیەکانیان. رووداو و کارەساتی جەرگبڕ و ترسناک ، کە تێدا کۆمەڵکوژیەک نیشانی جیھان دەدات ، دادگایەکان لە ئاستیدا شەرمەزاردەبن و مافەکانی مرۆڤیش لەم بارەیەوە تەنھا دەبنە قسەو برگە و رستەی سواوی نێو بەیاننامەو مانشێتی ڕۆژنامە و تیڤییەکان. ئەم ڕۆمانە کۆی بەڵگەو رووداو و مەرگ وئازاری بێکۆتایی دەڤەری ئێزدییەکانە ، ئاوێنەیەکی ڕاستی ئەو مێژووەیە ، کە کچ و ژنان ، لە دۆزەخی ھەمیشەیدا ، دەنگی ئازارو ھاواری بێتاوانیان دێت. برینێکی قووڵەو ساڕێژ نابێت وخوێنی لێ دەچۆڕێت . ئازارەکانی ئەم ڕۆمانەش ، نە ھەر بەنووسینێکی بچووک ، بەڵکو دەیان فیلم ناتوانرێت مشتێک لە خەروارێکی رووداوەکان بخەنە ڕوو.

سەرچاوە و پەڕاوێز :

١. پاکیزەی شنگال، وارید بەدر السالم، وەرگێڕانی : ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، ٢٠١٨ ، سلیمانی. چاپ و پەخشی سەردەم .
* ڕۆمانی( سەلیم بەرەکات) بە ناوی (سبایا شنگال)ە.
٢. ئافرەت لەودیو پەردەی حەرەمسەراکانەوە ، حەسەن ئازاد، و: وریا قانیع ، چاپی یەکەم ، ٢٠٠٧، ھەولێر.ٍ
**. کۆجۆ : گوندێکی ئیزیدی نشینە و (٢٣) کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شنگالە. (داعش) ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو گوندەی کۆمەڵکوژکرد و ژمارەیەکیش بە دیل گرتن و ماڵ و موڵکیشان بە تاڵان بردن. بۆ زانیاری زیاتر لە سەر گوندی (کۆجۆ) و رووداوەکە بڕوانە : کتێبی (جینۆسایدی ئێزدییەکان … کۆجۆ)، داود مراد خەتاری ، وەرگێڕان و ئامادەکردن : تەھا سلێمان ، چاپی یەکەم ، ٢٠١٥.
* * * ھەزار و یەک شەوە ، لە لایەن (جەوھەر مەحمود داراغا) وەڕگێراوە بۆ کوردی ولە ناوەندی ھونەری وڕۆشنبیری ئەندێشە، بە چواربەرگ، چاپ کراوە. چەندین سەدەیە ئەم چیڕۆکانە دەگێردرێنەوەو بەشی زۆری چیرۆکەکانیش باس لە بوونی کرین و فرۆشتنی ژمارەیەکی زۆری کەنیزەو خزمەتکاروکویلە کراون

تێبینی : لە ھەفتەنامەی (ریگای کوردستان) ، ژ (١١٤٣) بەشی یەکەم ، ژ (١١٤٤) بەشی دووەم ، بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

بازاڕی لەنگەی هەولێر قەرەبو دەکرێتەوە!؟

فەرەیدون کونجرینی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٥ / ١٠ / ٢٠١٨ بازاڕی لەنگەی هەولێر سوتێندرا!؟ بەم زوانە …