سەرەتا / وتار و بیروڕا / وتار و بیروڕا / کاکە حەمە بە قەد عیلمی عەلی وەسفت بکەم ھێشتا کەمە نوربەخشی ( شێخی نەمر )

کاکە حەمە بە قەد عیلمی عەلی وەسفت بکەم ھێشتا کەمە نوربەخشی ( شێخی نەمر )

بورھان شێخ ڕەئوف
لەدوای ئەوەی نامیلکە جوانەکەی نووسەری بەڕێز(زانا قەرەداغی ) م خوێندەوە بە ناونیشانی مەلاکاکەحەمە ی حاجی سەیفوڵا زانایەکی گومناو و خاوەنی یەکەم پڕۆژەی قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواری لە کوردستان , زۆر بە پێویست و ئەرکی خۆمم زانای وێڕای دەستخۆشی و بەرز نرخاندنی ھەوڵ و ماندووبوونەکەی منیش ھەندێک زانیاری بۆ زیاد بکەم بەو پێ یەی مەلا کاکە حەمە لەناوچەی گەرمیان بە گشتی و بەتایبەتی تر بناری سەنگاو شوێنی زێدی خۆ م گۆڕەپانی چالاکی و ھەوڵ و خەبات و تێکۆشانی ئەو پیاوە مەردە بووە کە لە مێژووی کۆن و نوێ ی کوردا لەوێنەی ئەو زۆر کەمن .
بۆ ناوچەی سەنگاو ؟ بۆ گەرمیان ؟
ناوچەی سەنگاو ناوچەیەکی دوورە دەست و دوور لە سنوورەکان و نەبوونی ڕێگاوبان و وای کردبوو کە دەستی خوێندن و خوێنەواری پێ نەگات ھەر لە سەردەمی حوکمی عوسمانی و دواتر دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیش ھەرچەندە سەنگاو ناوەندی ناحیەکە کە جاران گوندێک بووگۆپتەپەیان پێ دەگووت یەکێک اە ناحیە کۆنەکانی پارێزگای کەرکوکیش بوو , باوکم ڕەوانشاد ( شێخ ڕەئوفی کێلەبەرزە ) دەی فەرموو ئەگەر نامەیەک بھاتایە بۆمان دەبوو چەندین دێ و شوێنی تر بگەڕێین تا خوێنەوارێک بدۆزینەوە بیخوێنێتەوە, دڵنیام ھەر ئەو ھۆکارەیە کە پاڵی بە ڕەوانشاد مەلاکاکە حەمەی نەمرەوە ناوە کە ئەم ناوچە پان و بەرینە ھەڵبژێرێت بۆ ئەوەی ٣٦ ساڵ تەمەنی خۆی بۆ تەرخان بکات بۆ ئەوەی ناوکی نەوەیەکی خوێنەوەراو بە سەواد دابنێت و دوایی دڕ بە شەوەزەنگی جەھل بدات .
شێخ مەحمودی مەلیک و مەلا کاکە حەمە
پێش ئەوەی بچمە ناو درێژەی بابەتەکەوە لە سەر ناونیشانی ئەم باسە کە دێڕە شیعرێکی شێخی مەحمودی نەمر مەلیکی کوردستانە کە بۆ مەلا کاکە حەمەی نووسیوە , ھەرچەندە من شیعرەکەم بە دەماودەم و لە زاری کەسوکاری خۆمەوە بیستووە کە ئەو سەروەختەیان لە بیرە ھاودەمی ئەو بوون ئیدی نازانم لە ھیچ کتێب و سەرچاوەیەکی مێژوویی تر ئاماژەی پێدراوە , وەکو بۆمیان گێڕایەوە کە شێخ مەحمود فەرمانی بە ئەحمەد شوکری کردووە کە نامەیەکی سوپاس و ستایش و ڕێزلێنان بۆ مەلا کاکە حەمەی سەیفوڵا بنووسێت بەڵام دواتر جەنابی شێخی نەمر وادیارە نامەکەی ئەحمەد شوکری بە دڵ نەبووە خۆی ئەم دێڕە شیعرەی بۆ نووسیوە ئێدی ئەوەندەی لە بیرەوەری خەڵکدا ماوەتەوە نازانم ئەگەر درێژتر بێت ئەمەش دێڕە شیعرەکەیە :
کاکە حەمە بە قەد عیلمی عەلی وەسفت بکەم ھێشتا کەمە
لێوت چڵاو پڵاو ئەحمەد شوکری ناتەواو
(( نوربەخشی نازناوی شیعری شێخ مەحمود بووە ))
لە لایەکی ترەوە مەلا کاکە حەمە ڕێزو خۆشەویستیەکی زۆری بۆ مەلیکی کوردستان ھەبووە ھەر لە گەڵ پێکھێنانی یەکەم حکومەتی کوردستان لەلایەن شێخی نەمرەوە مەلاکاکە حەمە وەکو قازی ناوچەی سەنگاو دیاری دەکرێت و ڕۆڵێکی بەرچاو کاریگەری ھەبووە لە خزمەت کردنی خەڵکی ئەو ناوچەدا ھەرچەندە ھەندێک جار لە بەر دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ شێخ و حکومەتەکە ی و شۆڕشەکەی گلەیی و گازندەو ڕەخنەشی ھەبووە تەنانەت جاروبار دڵیشی ڕەنجاوەو لە شێخیش دوورە پەرێز بووە ,تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە گوێ بیستی تانەوتەشەر و پیلانگێڕی لە شێخ و شۆڕشەکە دەبێت ئازاری پێدەگات و ناڕەحەت دەبێت ئەم نامەیەی بۆ دەنووسێت :
نامەیەکی مەلا کاکە حەمەی سەیفوڵا
کە بۆ شێخ محمودی مەلیکی ناردووە ھەرچەندە زۆر پەست و نیگەرانیش بووە لە جەنابی شێخ تەنانەت سلێمانیشی بە جێ ھێشتووە بەڵام کاتێک بۆنی ئەوە دەکات پیلان ھەیە دژی شێخ ئەم دێڕانە دەنووسێت و بە ڕێبوارێکدا بۆ شێخی دەنێرێت ، بەڵام سوێندیان دەدات کە نەڵێن ھی ئەوە:

بەعزێ لەسەگە خوێڕییەکانی قەوم بە شەوقی سەتوەتە خوا پێداوەکەت دەوەڕن بۆ ئەو وەڕینە ناسازە لازمە مەئموری سەگ کوژی دابنرێت.

تێبینی/ لەوەیە نامەکە درێژتر بێت من لە کاک حیسام ی شێخ علی بیستم ئەویش لە باوباپیری مەرحومیانەوە بیستوویەتی ئیدی نازانم لە شوێنی تر یان لەسەرچاوەی تر باسی کراوە یان نا بەڵام من وەکو ھەڵوێستیکی مەردانەی ڕەوانشاد مەلا کاکە حمەی سەیفوڵا پێم باشبوو بیری خەمخۆرانی مێژووی کوردی بخەمەوە وە حەزدەکەم ھەرکەس زانیاری زیاتری لایە بۆی زیاد بکات .
ھەموو ئەم ھەڵوێستە گەورانە چ لە مەلا کاکەحەمەی کوردەوە بۆ شێخی بەردەقارەمان و شیعرەکەی شێخی نەمرو مەلیکی کوردستان بۆ مەلا کاکەحەمە گەواھی دەری گەورەیی و کاریگەری مەلا کاکە حەمەن بۆ کوردو کوردستان و کە لەو سەردەمەدا چ ڕۆڵێکی دڵسۆزانەوە خەمخۆرانەی بۆ ھۆشیار کردنەوەو بە ئاگا ھێنانەوەی میللەتەکەی ھەبووە .
ھەر لێرەدا زۆر بە گونجاوی دەزانم ڕاوێژێک و پێشنیارێکی مەلاکاکە حەمە باس بکەم کە بۆ شێخ مەحمودی کردووە لەو کاتەدا مەلاکاکەحەمە لە گوندی کربچنە خزمەتی کردووە و مەدرەسەکەی لەوێندەر بووە کە دەبیسێت شێخ مەحمود بە تەمای شەڕو پەلاماردان و خۆسازدانە پێش شەڕی ئاوباریک کۆبوونەوەیەک دەکرێت لە گوندی بانی مۆرد لە بناری سەنگاو و لە ماڵی شێخ مستەفای شێخ عەبدولقادری گولە نەبڕ مەلا کاکە حەمە بە ڕوون و ئاشکرا بە شێخ دەڵێت قوربان لەم شەڕەدا سەرکەوتوو نابیت و نەکرێت باشترە چونکە ئینگلیزو عەرەب پێکھاتوون و ڕێککەوتوون کە نەوتەکە بدەن بە ئنگلیز و ھیچ بە کورد نادەن , بەڵام وەکو دەرکەوت دواتر شەڕەکەش کرا و ئاکامێکی ئەوتۆی نەبوو .
مەلاکاکە حەمە لە کتێبخانەی کوردی دا
١. ئەگەرچی ئەمە یەکەمجار نیە کتێب لە سەر گەورەیی مەلاکەحەمەی سەیفوڵا بنووسرێت بەڵکو پێشتر لە ساڵی ١٩٧٢ مامۆستای ڕەوانشاد و شەھیدی نیشتمان شاکر فەتاح یەکەم کتێبی لە ژێرناوی ( مەلا کاکە حەمە چیرۆکی ژیانی زاناو وێژەوان و نیشتمان پەروەرێکی ھەرە گەورەی کوردستان )نووسیوە .
٢. مامۆستا مستەفا نەریمانیش نامیلکەیەکی بە ناونیشانی ( مامۆستای نەمر ) لە سەر نووسیووە کە زیاتر مەیدانی بووە لە سەر کارو چالاکییە خۆبەخشییەکانی مەلاکاکە حەمەی جاویدان .
٣. مامۆستا ھێمن عومەر خۆشناویش لێکۆڵینەوەیەکی لە سەر ڕێزمانی کوردی لە سەر ئەلفو بێ یە کەی مەلاکاکە حەمە نووسیوە .
٤. جگە لە مانەش دەیان وتارو لێکۆڵینەوە لە سەر کارو چالاکی و خۆبەخشی یەکانی مەلاکاکە حەمەی سەیفوڵا لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
٥. ئەم کتێبەی مامۆستا زانا قەرەداغیش دوا کتێبە لە ژێر ناونیشانی ( مەلاکاکە حەمەی حاجی سەیفوڵا زانایەکی گومناو ) ٢٠١٩ .
با بێینەوە سەر کتێبەکەی زانا قەرەداغی
من وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا خەڵکی ناوچەی سەنگاوم و مەلا کاکە حەمەیش بەشێکی لەو سی و شەش ساڵەی کە خەریکی بڵاو کردنەوەی زانست و خوێنەواری بوو ە لە ناوچەی سەنگاو و گوندی داربەڕوو دواتریش ھەنجیرە بووەو کە خزم و کەسی نزیکمن و زۆرێک لە قوتابییەکانی لەکەسە نزیکەکانمن کە خۆم بە دیداریان شاد بوو م ھەرچەندە ئێستا زۆریان لە ژیاندا نەماون .
ئەو گوندانەی مەلا کاکە حەمە وانەی تێدا وتوەتەوەکە وانەکانی ھەر ئەلفو بێ نەبووە بەڵکو زۆر بواری دی گرتۆتەوە کە ٤٢ بابەت بوون گوندەکان ( کربچنە – فەقێ مستەفا – مەلا ھۆمەر – کۆییک – مەسۆیی – خان ئیبراھیم – خانچی – داربەڕوو – قەرەداغ – قزرەبات – تەپە سپی – سیا مەنسوور – چیا ڕەزا – یاقووبەرە ) کاک زانا ١٤ گوندی نووسیوە بەڵام لە بەدوادا چوونەکانی مندا بۆم دەرکەوت کە ماوەیەکیش دوای گوندی داربەڕوو لە گوندی ھەنجیرە ی سەربە ناحییەی سەنگاو بووە مەدرەسەی ھەبووە لە لایەن خوا لێخۆشبوو شێخ سەعیدی شێخ حسینەوە ھەموو پێداویستی و خەرجییەکانی مەدرەسەکەی بۆ دابین کراوە .
ھەربۆ زیاد کردنی زانییارییەکانی مامۆستا زانا قەرەداغی ژمارەی قوتابییەکانی قوتابخانەکەی داربەڕوو من تائێستا ناوی دە فەقێم دەست کەوتووە بەو ھیوایەیەی لە داھاتوودا ناوەکانی تریش بدۆزینەوە ئەگەر ھەبێت , ئەو تەنھا چوارییانی بەردەست کەوتووە ئەمەش ناوەکانە کە من بە دوادا چوونم بۆ کرد ئەمانەن :-
١.شێخ عەبدولعەزیز شێخ محمد
٢. شێخ بەھادین شێخ محیدین
٣. شێخ عمر شێخ فرج
٤. شێخ حسین شێخ سعید
٥. شێخ محمود شێخ عیسا درۆزنە (( تەنھا ئەم لە ژیاندا ماوە تائێستا ))
٦. شێخ حسین شێح احمد درۆزنە
٧. شێخ حسین شێخ محمد ( مامە حسین ) زەردەلیکاو
٨. شیخ واحید شیخ محمود زەردەلیک

٩. محمود مام فەرەج نەورۆڵی
١٠. ئەحمەد ڕەحیم ( حاجی ئەحمەد لە گوندی درۆزنە بوون دواتر چوونەتە گوندی سماق ).
لە کۆتاییدا وێڕای دەستخۆشی پیرۆزبایی گەرمم بۆ کاک زانا قەرەداغی بۆ ماندوو بوونی و ھەموو ئەوانەی یارمەتیان داوە بۆ ئەم ئەرک پیرۆزو گرنگە کە ڕێزلێنانە لە ھەوڵ و کۆششی زاناو پەیامبەرێکی مەزنی کوردایەتی زانستی و ڕاستەقینە کە مەلاکاکە حەمەیسەیفوڵایە کە ھیوا دارام ناوی تا ئەبەد بە درەوشاوەیی بمێنێتەوە لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەخوازم لە باڵاترین ئاستدا ناوی مەلاکاکەحەمە لەھەموو ناوێک گەورەترو پیرۆزترە لە زانکۆ و پەیمانگاو ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان بنرێت .
درود بۆ گیانی نەمری مەلاکاکە حەمە
ھیوادارم منیش توانیبێتم تروسکاییەک ڕۆشناییی بخەمە سەر ژیانی ئەو پیاوە مەردو خۆبەخش و گیانبەخشەی گەلەکەم .

دەربارەی Burhan Shex Reuf

هەروەها ببینە

بیرکۆڵەکانی نێو ڕووبەری رۆشنبیری

هۆمەر نۆریاوی بەرینانی مە وتوویانە”دار،پوازی لە خۆی نەبێ،ناقڵیشێ”*. تا هاتووە و بووە کورد بەدەست پوازی …