سەرەتا / وتار و بیروڕا / وتار و بیروڕا / ھاوڕێی ڕەخنەگر مایەی ڕەخنەکردنە

ھاوڕێی ڕەخنەگر مایەی ڕەخنەکردنە

سەدیق سەعید ڕواندزی: یەکێک لە گرفتە دیارەکانی بواری پەروەردە لە نێو ئێمەدا ئەوەیە،کە زۆر بە دەگمەن بە دواداچوون بۆ ئەو سەرنج و ڕەخنە و پێشنیارانە دەکرێت، کە لە دەرەوەی سیستەمی خوێندن، ڕووبەڕووی پەروەردە وناوەندەکانی خوێندن دەکرێنەوە.گەلێک جار، ڕەخنە لە زمان، لایەنی بابەتی، ڕێنووس و زانیارییەکانی نێو کتێبێکی خوێندن دەگیرێت کە پێشترچاپکراوە،کەچی چەند ساڵێک دواتر،بێ بژاردن و پێداچوونەوە، بێ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان،کتێبەکان جارێکی دیکە چاپ دەکرێنەوە. بۆیە دەبینین بە دەگمەن ساڵێکی خوێندن ھەیە گرفتێک ڕووبەڕووی پرۆسەی پەروەردە نەبێتەوە. ئەمە وێرای ئەوەی گەلێک جار ڕێنمایی و چەند ڕاسپاردەیەکی پەروەردەیی دەردەکرێن، کە جێبەجێکردنیان نەک ھەرئەستەمە،بەڵکو بەجۆرێک لە جۆرەکان پرۆسەی پەروەردەش دەشێوێنن.لەو ڕوانگەیەوە،ئەم ساڵ لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی دەکرێن، شوناسی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، گۆڕدرا بۆ(ھاوڕێی ڕەخنەگر). ھەر ھاوڕێیەکیش، بە بێ ڕەچاوکردنی پسپۆڕایەتی کارگێڕییان، بۆ ماوەی دووساڵ لە گەڵ قوتابخانەیەک دەمێنێتەوە. لە ڕاستیدا،پێدانی ھەموو ئەرکێکی کارگێڕیی،پەروەردەیی، ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بە تاکە یەک سەرپەرشتیار،کارێکە نەک ھەر لە جێی خۆی نییە، بگرە ھەڵەیەکی گەورەشە. چونکە نابێت سەرپەرشتیارێک کە پسپۆڕییەکەی بە نموونە (کوردی)یە، ھەڵسەنگاندن بۆ کاری بەڕێوەبەری قوتابخانە و ھەموو وانە و پسپۆڕییەکانی دیکەش بکات.کە دڵنیام تیایدا سەرکەوتوو نابێت. پەیڕەوکردنی ئەو سیستەمە، بە بۆچوونی خۆم وەک مامۆستایەک، لە چەندین ڕووەوە جێگەی ڕەخنە لێگرتنە. چونکە چەند بڕیارو ڕاسپاردەیەک دەدرێتە قوتابخانەکان،کە گونجاو نین وجێبەجێکردنیان ئەستەمە.سەرپەرشتیار، ئەرکێکی تایبەتی و دیاریکراوی ھەیە( گەرچی وەک مامۆستایەک بڕوام وایە یەکەی سەرپەرشتیاریی ئۆرگانێکی زیادەوپێویست نییە)کەئەویش بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندنی ئاستی زانستی قوتابخانە و چاودێریکردنی جێبە جێکردنی ڕێنماییەکانە. وەلێ بە پێی ئەو ئەرکە نوێیە بێت کە ھاوڕێی ڕەخنەگر لە ئەستۆیدایە، ئەوا ئەرک و ڕۆڵی زۆر دەخاتە سەر ئەستۆی قوتابخانە و مامۆستاکان و بە بێ ئەوەی خۆشی ھیچ ڕۆڵێکی ھەبێت لە زەمینەکەدا.ئەمە لەلایەک، لە لایەکی دیکەوە، سەرقاڵکردنی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەو ھەموو ڕۆتینە کارگێڕییانەی قوتابخانە، وادەکات بەڕێوەبەر زۆرتر ڕۆڵێکی کارگێڕیی ونووسینەکی ھەبێت لە وەی پێشەنگی قوتابخانە و نێوەندی یەکەمی ئاراستە کردنی بڕیارو ڕاسپاردەکان بێت. لە کاتێکدا بەرپرسیاریەتی قوتابخانە بە پلەی یەکەم لە سەرشانی بەڕێوەبەرە و ئەو دەبێت ئاگاداری ھەمووگرفت و کێماسییەکانی قوتابخانە و قوتابییان و مامۆستایانیش بێت. لێرەدا بە کورتی چەند خەوشێکی ئەو شوناسە تازەیە دەخەمە ڕوو:_
یەکەم:_ ھاوڕێ و ڕەخنەگر:_
بێگومان، کۆکردنەوە و لێکدانی ھەردوو وشەی ھاوڕێ و ڕەخنە لە دوو توێی ڕستە و دەربڕینێکدا، پارادۆکسێکی واتایی و زمانەوانی زەقە. چونکە ھەر کەسێک سەروکاری لەگەڵ دنیای ڕەخنەگرتن ھەبێت و لە ماھیەتی ئەو چەمکە بگات، تێ دەگات کە دەبێ کەسی ڕەخنەگر، چەند کەسێکی بێ لایەن، پیشەیی، سەربەخۆ بێت و نەکەوێتە ژێر ھیچ فشارو کاریگەریەتییەک. ئەوەی ڕەخنە دەگرێت، دەبێ دوور بێت لە ھەموو جۆرە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی، ھاوڕێیەتی، شاریی و ئایدۆلۆژی. نازانم چۆن کەسێک لە یەک کاتدا دەتوانێت ھاوڕێت بێت و ڕەخنەگریشت بێت؟ ئاخۆ ھاوڕێیەتییەکە نابێتە ھۆی جۆرێک لە چاوپۆشین و سڵکردنەوە لە ھەندێک لادانی یاسایی و کارگێڕی و ھەڵەی دیار؟ من دەزانم لێرەدا مەبەست ڕەخنەی بونیادنەرانەیە، وەلێ ڕەخنە چەمکێکی سەربەخۆیە و نابێ ببەسترێتەوە بە ھیچ جۆرە پەیوەندییەک. گریمان ئەگەر پەیوەندییەکی توندووتۆڵ لە نێوان بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک و ئەو ھاوڕێ ڕەخنەگرە ھەبێت، دەتوانێت بە سەربەستی ڕەخنە بگرێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریەتی ئەو پەیوەندییە؟. بۆیە پێشنیار دەکەم ناوی ھاوڕێی ڕەخنەگر بکرێتە ھاوڕێی قوتابخانە..
دووەم:_ ھەڵسەنگاندنی مامۆستایان:_
یەکێکی دیکە لە ھەڵە زەقەکانی ھاوڕێی ڕەخنەگر ئەوەیە، کە داوا دەکات مامۆستایان خۆیان خۆیان ھەڵبسەنگێنن و ئاستی زانستی خۆیان پێوانە بکەن!. لە ڕاستیدا، یەکەمجارە گوێبیستی شتێکی نامۆی لەوشێوەیە دەبم.نازانم چۆن کەسێک بە خۆی کارەکانی خۆی ھەڵدەسەنگێنێ؟. کە کورد وتەنی کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە. ئاخۆ ئەمە نابێتە زەمینەیەک بۆ ئەوەی دوور لە ھەموو پێوەرێک مامۆستایان نمرەی ھەڵسەنگاندن بۆ خۆیان دابنێن؟.ئەمە وەک ئەوە وایە کەسێک شیعر بنووسێت و ھەر بەخۆشی شیعرەکەی ھەڵبسەنگێنێت و خەڵاتی یەکەمیشی پێ بدات. لەوە ھەڵەتریش ئەوەیە، کە داوا دەکرێت ئەو ھەڵسەنگاندنە ئێستا(مانگی دە) بکرێت. کە تازە لە سەرەتای خوێندنین و دەیان بەشی خوێندن ماوە تەواو بکرێن.نازانم شتێک نەخوێنرێت چۆن ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت؟!پێشنیار دەکەم ھەڵسەنگاندنی مامۆستایان بخرێتە کۆتایی ساڵ و لەلایەن خۆشییانەوە ئەوھەڵسەنگاندنە نەکرێت.

سێیەم:_ چارەسەرکردنی گرفتی قوتابخانەکان لەلایەن خەڵکەوە:_

ھەڵبەتە، قوتابخانە نێوەندێکی پیرۆزە و پەیوەندی بە ھەموو ئۆرگانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەلگاوە ھەیە.بۆیە چەند پاڵپشتی پرۆسەی پەروەردە بین و کەموکورتییەکان چارەسەربکەین، ئەوەندەی تر پرۆسەی پەروەردە پێش دەکەوێت. بۆیە بڕوا ناکەم کەسێک ھەبێت لاری لەوە بێت ھاوکاری و دەستی یارمەتی بۆ قوتابخانەیەک درێژ بکات. وەلێ بە داخەوە ئەمە تائێستا نەبۆتە کولتوور لەنێو ئێمە و زۆر بە دەگمەن کەسانێکی زەنگین ھەن، کە پاڵپشتی پرۆسەی پەروەردە بکەن و پێداویستییەکانی دابین بکەن.لە کاتێکدا بۆ نموونە: ئەگەر مزگەوتێک بینا بکرێت، ھەزاران کەس ئامادەن بەشداری لەو کارەدا بکەن،بەڵام بۆقوتابخانەیەک ونەخۆشخانەیەک بە پێچەوانەوە. کەواتە ئەمە کارکردنێکی گەورەی ھزری و پەروەردەیی دەوێت، تاکو ھەمووان دەگەنە ئەو دەرەنجامەی کە بیناکردنی قوتابخانەیەک، ھیچی کەمتر نییە لە بیناکردنی مزگەوتێک. یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ھاوڕێی ڕەخنەگر لە قوتابخانەکان ئەوەیە، کە داوای ھاوکاری لە خەڵکی گوند و سەرمایەداران و کەسانی خێرخوازبکەن، تاکو کەمو کورتییەکانی قوتابخانە پڕ بکەنەوە. بێگومان داوایەکی لەو شێوەیە، جێگەی خۆی ناگرێت.چونکە لەلایەکەوە وەک باسمان کرد ئەمە نەبووە بە کولتوور لە نێو ئێمەدا، لەلایەکی دیکەشەوە ھاووڵاتییان بۆچوونیان وایە ئەگەر ئەوان پێویستییەکانی قوتابخانەکان دابین بکەن، ئەی چی لەو بودجەیە دێت کە ساڵانە حکومەت بۆ کایەی پەروەردە تەرخانی دەکات؟.بۆچی پەروەردەکان خۆیان کێشەی قوتابخانەکان چارەسەرناکەن؟ چونکە زۆربەی خێزانی کورد، ئاستی بژێوییان نزمە و ئەگەر حکومەت بێ بەرامبەرخوێندنیان بۆدابین نەکات، دڵنیام زۆرینەیان ناتوانن خوێندن بە منداڵەکانیان تەواو بکەن.گریمان ئەم کارە وەک کارێکی مرۆیی، خێرخوازیی و پەروەردەیی، ئەنجامدرا، بەڵام ئاخۆ ئەمە دەتوانرێت ھەمیشەیی و بەردەوام بێت؟.بۆیە پێشنیار بۆ بەڕێز وەزیری پەروەردە دەکەم، کە ئەمە نەکرێتە ڕێسایەک و بەسەر قوتابخانەکاندا بسەپێنرێت، کە دڵنیام لە خەمی ڕیفۆرمکردنی پەروەردە دایە، وەک چۆن لە سەرەتای دەست بەکاربوونیشیدا چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.
چوارەم:_ دیدو پەیام و لۆگۆی قوتابخانەکان:_
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ھاوڕێی ڕەخنەگر لە کارگێڕی قوتابخانەکان ئەوەیە، کە دەبێ ھەموو قوتابخانەیەک دید و پەیام و لۆگۆی تایبەتی خۆی ھەبێت.لە ڕاستیدا، بوونی ئەو ھەموو دید و پەیامە جیاوازانە لە ئاستی دروشم و پرەنسیپدا، شێواندنی پرۆسەی پەروەردەیە بە بڕوای من وەک مامۆستایەک. چونکە پەروەردە خۆی لە خۆیدا گەورەترین و پیرۆزترین دید و پەیامە و پێویست بەوە ناکات پەیامی ترمان ھەبێت. ھەموو پێشکەوتن و بیناکردنێک، ھەموو ھوشیاریی و درک کردنێک لە پەروەردەوە دەست پێ دەکات. ئێمە ئەگەر توانیمان پەیامی وەزارەتی پەروەردە و سیستەمی پەروەردەی خۆمان بگەیەنین و پڕۆفیشناڵانە پراکتیزەی بکەین،ئەوا پێویستمان بە ھیچ شتێکی ترنابێت. ئێمە ئەگەر لە قوتابخانەکاندا و لە سەرەتای ھاتنی منداڵ بۆ قوتابخانە،ئەوانمان فێری گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی، خۆشەویستی خاک و نەتەوە و ئاڵا، ھزری ژینگە دۆستی، کولتووری خوێندنەوەی کتێب، لێبوردەیی و گیانی پێکەوە ژیان کرد، پێویست بەوە ناکات پەیامیان بۆ دابنێین و فێریان بکەین.ھەندێک بنەما ھەن، لە بنەڕەتەوە بەشێکن لە پەروەردە و دەبێ مامۆستا خۆی ھەستی پێ بکات و قوتابییان فێر بکات. ئیدی نازانم ئەو ھەموو دیدو پەیام و دروشمانەمان بۆ چییە؟. کە منداڵمان لە قوتابخانە فێری ھەموو شتێکی ڕاست و دروست و یاسایی کرد، پێویست بەوە ناکات دید و پەیام دابڕێژین کە ڕەنگە زۆرینەیان ھەر کاریشی پێ نەکەن.
ئەمە ئەرکی قوتابخانە و توێژی مامۆستایانە کە ئەگەر دید و پەیام لە قوتابخانەش نەبوو، بزانن پەیامی پەروەردەکردنی منداڵ چییە و ئەرکی مامۆستا بەرامبەر بە قوتابییان چییە؟ ئەگەر ھاوڕێی ڕەخنە گرتازە ڕێنمایی بە مامۆستایان بدات کە قوتابییان فێری ئەوە بکەن نیشتمانەکەیان خۆشبوێت،ئاڵاو خاکەکەیان بناسن،لە گرنگی پەروەردە و فێرکردن تێ بگەن، مانای وایە ئێمە بیست و ھەشت ساڵە ھیچمان نەکردووە و دەبێ لە سفرەوە دەست پێ بکەینەوە.ھەرچی سەبارەت بە لۆگۆی قوتابخانەکانیشە، ئەوا بوونی ھەر لۆگۆیەک بۆ ھەر قوتابخانەیەک، جۆرێک لە بێ یاسایی و بێ بەرنامەیی دەردەخات. لە ھەموو دنیادا، لۆگۆ و ئاڕم تایبەتە بە سەرۆکایەتی دەوڵەت، حکومەت و وەزارەتەکان، کەچی لای ئێمە قوتابخانە ھەیە ھەشت قوتابی ھەیە لۆگۆی تایبەتی خۆی ھەیە. ئەمە تەنھا لای ئێمە بوونی ھەیە لە ھیچ وڵاتێک بوونی نییە. بۆیە دەبێت پەروەردەکان و گشت قوتابخانەکان، تەنھا لۆگۆی وەزارەتی پەروەردە بکەنە ئاڕم و نیشانەی خۆیان و لە نووسراوەکانیاندا ھەبێت. ڕەنگە زۆر سەرنج و تێبینی دیکەشمان لە بارەی ئەرکی ھاوڕێی ڕەخنەگرەوە مابن،وەلێ بۆ ئێستا بە پێویستییان نەزانین و لە کاتێکی تردێینەوە سەریان.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی خەبات ژمارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی١٠/١١/٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

“هاوسێ هەموو وەک داڵن و ئەم کوردە وەک لاک”

هۆمەر نۆریاوی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی هەرە ڕوونی عەجەم جەماعەت ئەوەیە کە ئیش و کارێکی پێت …