سەرەتا / وتار و بیروڕا / دیمانە / جەزمین فرووزەندە: ده‌مه‌وێ به‌رده‌وام گۆرانی بۆ ژنان بڵێم

جەزمین فرووزەندە: ده‌مه‌وێ به‌رده‌وام گۆرانی بۆ ژنان بڵێم

هەژار مەموزینی :هونه‌رمه‌ند جەزمین فرووزەندە‌ یه‌ك له‌ خانمه‌‌ گۆرانیبێژ و شانۆكاره‌كانی ئێرانه‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 5 ساڵییه‌وه‌ وه‌ك خێزان چوونه‌ته‌ شاری لۆس ئه‌نجیلۆسی ئه‌مه‌ریكا و له‌وێ گیرساونه‌ته‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا ده‌ستی داوه‌ته‌ كاری هونه‌ری و تا ئێسته‌ خاوه‌نی 3 به‌رهه‌می گۆرانییه‌، بۆ ئه‌مساڵیش گۆرانییه‌كی كوردیی به‌ناوی (وی وی) بڵاو كرده‌وه‌، بڕیاره‌ بۆ داهاتوویه‌كی نزیك، به‌رهه‌می چواره‌می بڵاو بكاته‌وه‌. هه‌فته‌نامه‌ی (باس) و چه‌ند پرسیارێكی ڕووبه‌ڕوو كرده‌وه‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌ی لێ كه‌وته‌وه‌.

(باس) وه‌ك سه‌ره‌تا كاری هونه‌ریت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: كاری هونه‌ریی خه‌ونی منداڵیم بوو، به‌ڵام به‌فه‌رمی له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵی ده‌ستم پێ كرد.

(باس) زیاتر به‌ زمانی بیانی گۆرانی ده‌ڵێت، ئه‌ی گۆرانیی كوردی؟

جەزمین فرووزەندە‌: من هه‌میشه‌ حه‌ز به‌ گوتنی گۆرانیی كوردی ده‌كه‌م، چونكه‌ زۆر گۆرانی و ئاوازی كوردیم خۆش ده‌وێت و كاتێك به‌ئینگلیزی یان فارسی گۆرانی ده‌چڕم، له‌ زمانی كوردییه‌وه‌ ئیلهامم بۆ دێت، بۆیه‌ هۆكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین گۆرانیم به‌ زمانی كوردی بوو.

(باس) كه‌واته‌ كوردییه‌كه‌تان باشه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: به‌ڵێ باشه‌، به‌ڵام ڕۆژانه‌ قسه‌ی پێ ناكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بیریشم نه‌چێت، ڕۆژانه‌ سه‌یری كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌م.

(باس) زیاتر حه‌ز ده‌كه‌یت گۆرانی بۆ چ توێژێكی كۆمه‌ڵگه‌ بچڕیت؟

جەزمین فرووزەندە‌: هه‌میشه‌ من حه‌ز ده‌كه‌م گۆرانی به‌ زمانی كوردی بۆ ژنانی كورد بچڕم.

(باس) به‌نیازیت سه‌ردانی باشووری كوردستان بكه‌یت؟

جەزمین فرووزەندە‌: پێم خۆشه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی باشووری كوردستان بكه‌م و له‌نێو جه‌ماوه‌ره‌كه‌م له‌ شاری هه‌ولێر، گۆرانی به‌ زمانی شیرینی دایك بڵێم.

(باس) ناوه‌ڕۆكی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانت چیی له‌خۆ گرتووه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: ناوه‌ڕۆكی به‌رهه‌ هونه‌رییه‌كانم ئومێدبه‌خشی و خۆشه‌ویستیی له‌خۆ گرتووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێك جاریش ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر بابه‌تی‌ جه‌نگ گۆرانی بچڕم، چونكه‌ له‌ جه‌نگ بێزارم و ماڵوێرانی كردووین.

(باس) مه‌به‌ستت له‌ ماڵوێرانی جه‌نگ چییه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: به‌هۆی ڕووداوێكی ناخۆشه‌وه‌ خانه‌واده‌كه‌مان ئاواره‌ی سه‌قز و مه‌هاباد كرماشان بووین و له‌ ته‌مه‌نی 5 ساڵیدا دایك و باوكم كوژراون و خانوومان وێران كراوه‌، تا ته‌مه‌نی 10 ساڵیش هه‌ر چاوه‌ڕێ بووم و وام ده‌زانی دایك و باوكم ڕۆژێك دادێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، چونكه‌ دایك و باوكم مامۆستا بوون و پێیان ده‌گوتم ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

(باس) له‌نێو كاری هونه‌ریدا خه‌ون به‌ چییه‌وه‌ ده‌بینی؟

جەزمین فرووزەندە‌: خه‌ون به‌ ئه‌وه‌ ده‌بینم كه‌ ڕۆژێك له‌ هۆلیوود وه‌ك كچه‌ كوردێك كار بكه‌م، هه‌روه‌ها خه‌ون به‌ گه‌یشتن به‌ ئاستی هایده‌ و بیۆنسی ده‌بینم.

(باس) تا چ ئاستێك به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانت بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی داراییت؟

جەزمین فرووزەندە: ئێسته‌ 50%ی گۆرانییه‌كانم بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی.

(باس) جیا له‌ كاری هونه‌ری، حه‌ز به‌ چ بوارێكی دیكه‌ یان كاری تێدا ده‌كه‌یت؟

جەزمین فرووزەندە‌: بواری سینه‌ما.

(باس) ده‌توانی ڕۆڵ له‌ فیلمی سینه‌ماییدا ببینی؟

جەزمین فرووزەندە: به‌ڵێ ده‌توانم، چونكه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ پاڵ گۆرانی گوتن، له‌ به‌شی شانۆیشدا كارم كردووه‌.

(باس) به‌نیاز نیت كار بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌لبوومێك به‌ زمانی كوردی بكه‌یت؟

جەزمین فرووزەندە‌: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كۆمپانیاكانی موزیك پێشنیازم بۆ بكه‌ن و هاوكارم بن، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌لبوومێكی ته‌واو كوردی دروست بكه‌م.

(باس) به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كیی به‌رده‌مت چییه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: دژایه‌تیی هه‌ندێك له‌ گۆرانیبێژانی كۆن و ئیره‌یی بردنیان له‌ شوێنی هاوكاری.

(باس) هه‌ندێ گۆرانیبێژی فارسی به‌ زمانی كوردی گۆرانییان چڕیوه‌، تا چه‌ند ئه‌وه‌ت پێ باشه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: پێم وایه‌ ئه‌و گۆرانیبێژه‌ ئێرانییانه‌ی به‌ زمانی كوردی گۆرانییان گوتووه‌، به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی داهاتی زیاتر و په‌یداكردنی لایه‌نگری زۆرتر بوون، نه‌ك خزمه‌تی هونه‌ری كوردی.

(باس) كاره‌كانت چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تر هه‌یه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: كاره‌كانی من به‌تایبه‌ت ڤیدیۆكانم، جگه‌ له‌ قسه‌، په‌یامیان هه‌یه‌ و وێنه‌كانیش هاوكاریی قسه‌كانم ده‌كه‌ن.

(باس) به‌ چه‌ند زمان گۆرانیتان گوتووه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: چوار زمان ده‌زانم (كوردی، فارسی، ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی)، جگه‌ له‌ زمانی ئه‌ڵمانی، به‌ هه‌موو زمانه‌كانی تر گۆرانیم گوتووه‌.

(باس) چ پڕۆژه‌ی نوێت له‌ به‌رده‌ستدایه‌؟

جەزمین فرووزەندە‌: كاری ئه‌لبوومێكم خه‌ریكه‌ ته‌واو ده‌بێت و له‌ مانگی داهاتوودا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ كه‌ 10 تراكی له‌خۆ گرتووه‌.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

سزاو گەمارۆی ئابووری و ئێران

بورھان شێخ ڕەئوف سزا و گەمارۆی ئابووری لە پوختترین پێناسەیدا ئەوەیە کەوا دەوڵەتێک یان دەوڵەتگەلێک …

اترك تعليقاً