سەرەتا / وتار و بیروڕا / دیمانە / ھێلی لۆڤ: داعش ناوی منی خستۆتە لیستی سزای مردن

ھێلی لۆڤ: داعش ناوی منی خستۆتە لیستی سزای مردن

چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
(کچی شێرەکە) یاخود (کچە ئەمەریکیەکە) ئەو دوو نازناوەن کە لەکوردستان بە ھێلی لەڤ دەگوترێ، ئەو کچە کوردەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەر کلیپێکیدا دەنگدانەوەی گەورە دروست دەکات. تەنیا حەوت رۆژە کلیپە تازەکەی بەناوی (Revolution) بڵاوکردۆتەوە، کە نیو میلۆن بینەری تێپەڕاندووە و چاوەڕوانی دەنگدانەوەی گەورەی لێدەکات. دووبارە ھێلی لەڤ یەکەم چاوپێکەوتنی خۆی لەمیدیای کوردیدا دوای بڵاوبوونەوەی کلیپە تازەکەی لەگەڵ (سڤیل) ئەنجامیدا، کە ساڵی ٢٠١٤یش یەکەم چاوپێکەوتنی لەکوردستان لەگەڵ (سڤیل) بوو.
سڤیل: تاچەند لە کلیپی گۆرانیە تازەکەت رازی؟
ھێلی لەڤ: زۆر زۆریش رازیم، لەیەک ھەفتە بینەری کلیپەکەم گەیشتە نیو ملیۆن، ئەم کلیپەم لەزۆر کەناڵ و ماڵپەری گەورەی جیھانی بڵاوکرایەوە، لەزۆر میدیای جیھانی باس دەکرێت.
دەستکەوتی ئەم کلیپەت چ بەرھەم و سوودێکی ھەبوو بۆ پێشمەرگە و کوردستان؟
ھێلی لەڤ: یەکەم شت پێمخۆشە باسی ئەوە بکەم، کە ئەم کلیپەم لەماڵپەری ڤیڤۆ بڵاوکرایەوە، کە ھەموو کلیپێک و ھەموو ھونەرمەنێک ناتوانێ بچێتە ناو ڤیڤۆ، بەڵکو ئەوە بۆ ھونەرمەندانی جیھانییە، ئەوان تایبەتمەندی و پێوەریان ھەیە کاتێک کلیپێک قبوڵ دەکەن، کاتێک ئەم ڤیدیۆ کلیپەی من لەوێ بڵاوکرایەوە لەسەر کوردستان و پێشمەرگە، ئەوە دەستکەوت و سەرکەوتنە بۆ پێشمەرگە، پەیامی من لەو کلیپە ئەوەیە، کە ھەموو دەوڵەتەکان لەکوردستان یەک بگرن و دژی داعش شەڕ بکەن لەپێناو ئازادی و نەھێشتنی تیرۆر، ئەوەش ئیشی منە کە ھونەرکارم و ئەوەی ئەرکی منە کردم، کە بەرێگایەکی گەورە و کارێکی گەورە ئەو پەیامە بگەیێنم.
سڤیل: دەگوترێ دوای بڵاوبوونەوەی کلیپەکەت تیرۆرستانی داعش ناوی تۆیان خستۆتە لیستی سزای مردن، ئەوە راستە؟
ھێلی لەڤ: بەڵێ ئەوە راستە، بەڵام ئەوە ئیشی منە وەکو ھونەرمەندێک، خۆم ئەم رێگایەم ھەڵبژاردووە بۆیە تەحامولی ھەموو سزایەک دەکەم، تەنانەت ئەگەر بزانم رووبەرووی مردن دەبمەوە و ئەوە ئاخیر کلیپی منە، ھەروەھا لێشی پەشیمان نیم، من وەکو ھونەرمەندێکی پێشمەرگە شەڕی داعش دەکەم، ئەگەر لەسەر ئەم کلیپە بکوژرێم شانازییە و ناترسێم، مادام لەپێناو کوردستان و مرۆڤایەتی و رووبەرووبوونەوەی تیرۆرە.
سڤیل: کلیپی یەکەمت لەسەر خەونی سەربەخۆیی بوو، دووەم کلیپت لەسەر شۆڕشە، تۆ دەتەوێت وەکو ھونەرمەندێکی شۆڕشگێر بناسرێیت؟ ئایا لەسەر ئەم جۆرە گۆرانیانە بەردەوام دەبیت یاخود وەکو ھەر ھونەرمەندێکی جیھانی گۆرانی لەسەر خۆشەویستی و بابەتەکانی دیکەش دەڵێی؟
ھێلی لەڤ: من ناتوانم بڵێم تەواو گۆرانی لەسەر کوردستان ناڵێم، بەڵام کە بارودۆخێک دێتەپێشەوە، نابێت وەکو ھونەرمەندێک بوەستی و بەس سەیر بکەیت و ھیچ نەکەیت، ئەوە ئەرکی ھونەرمەندە بە ھونەرەکەی بەشداری لەشۆڕش بکات. با من شتێکت بۆ باس بکەم، پێش ئەم شەڕەی کوردستان و داعش، من گۆرانیەکم لەسەر ئەڤین و خۆشەویستی ئامادەکردبوو، بەڵام بینیم داعش شەڕی لەگەڵ پێشمەرگە دەست پێکرد، من گۆرانییەکەم وەستاند، زانیم ئێستا کاتی ئەوە نییە گۆرانییەک بڵاوبکەمەوە لەسەر خۆشەویستی، ئێستا کاتی شۆڕشە، پێویستە گۆرانییەک بڵاوبکەمەوە لەسەر پێشمەرگە وەکو ھێزێک، ئەوە بوو من بەپەلە رۆیشتمەوە بۆ ئەمەریکا لەگەڵ ستافەکەی خۆم قسەم کرد، کە گۆرانییەک دروست بکەین بۆ شۆڕش و پێشمەرگە کە پەیامێک بەدنیا بگەیەنم، دواجار ئەم کلیپ و گۆرانییە بەرھەمھات، ئەگەرنا بەڵێ من ئەلبووم ئامادەیە لەحەوت گۆرانی پێکھاتووە، بەنیازم دوای ئەم کلیپە، گۆرانی و کلیپێکی زۆر جیھانی دروست بکەم. لەوانەیە ئەوکات ھەموو کارەکان و کلیپەکەش لەئەمەریکا بکەم، بەڵام ھەر کارێک کە دەیکەم شتێکی کوردی تێدەکەم.
سڤیل: کەی ئەلبوومەکەت بڵاودەکەیتەوە؟
ھێلی لەڤ: حەوت گۆرانیم ئامادەکردووە و بگەڕێمەوە ئەمەریکا کارەکانم تەواو دەکەم بەدڵنیاییەوە، بەڵام ناتوانم کاتەکەی دیاری بکەم بۆ بڵاوبوونەوەی، ئەوە ستافەکە دەزانن.
سڤیل: تۆ دوو کلیپت نیشانی ئێمە داوە، کە بەکلیپی جیھانی وەسفیان دەکەیت، ئایا توانا راستەقینەکەی تۆ لەناو ئەم دوو کلیپەدا ھەیە؟ مەبەستم ئەوەیە ئەوە ھەموو تواناکانی تۆیە نیشانەی ئێمەت داوە؟
ھێلی لەڤ: نەخێر، ئەوەی ئێوە بینیووتانە شتێکی زۆر بچووکە لەفکرە و تواناکانی من کە نیشانم داوە، بۆ نموونە من گۆرانی (Risk it all) زۆربەی فکرەکە ھی خۆم بوو، ھەتا لەدیزانین، لەکاتی وێنەگرتن وەکو یاریدەدەری دەرھێنەر ئیشم دەکرد، زۆر گرنگە ھونەرمەند فکرەی ھەبێت، پارە لێرەدا گرنگ نییە ئەگەر ھونەرمەند وەکو دەرھێنەر فکرەی بەھێز بێت، ھەروەھا بیرۆکەی ئەم کلیپە تازەیەم (Revolution) ھەر خۆم دامنا و خۆشم وەکو یاریدەدەری دەرھێنەر بووم.
سڤیل: ستافی ئەم کلیپەت ئەمەریکی بوون یاخود کورد بوون؟
ھێلی لەڤ: ستافەکەی گۆلدن سکرین بوون کوردن و لەسوید ھاتوون، بەڵام گۆرانییەکە ئەمەریکی بووە و لەئەمەریکا دروستم کرد، ئەوەی تێکستی نووسی (کایلۆ مێکی) بوو، کە بۆ (ریھانا) و پیتبۆل گۆرانی نوسیووە، ھەورەھا پرۆدیوسەرەکەی من کاری بۆ (ریھانا) و (جێنیڤەر لۆپێز) و (بیۆنسێ) کردووە، شانازی بەوە دەکەم کۆنتاکتاکتم لەگەڵ ئەوانە دروست کردووە و باوەڕم بەخۆم ھەیە لەداھاتوودا بگەم بەئاستی ئەو ھونەرمەندە جیھانیانە.
سڤیل: کاریگەری ریھانا زۆر بەکارەکانتەوە دیارە، لە ئێکسسوارات و جلوبەرگ و کلیپەکانیشت، بۆچی؟
ھێلی لەڤ: ستایلی گۆرانی من زۆر جیاوازە لەریھانا، لەوانەیە ستایلی من نزیک بێت لە ھی ئەو، ئەوەش لەبەرئەوەی ستایلی من ئەمەریکییە، ئەوانیش ئەمەریکین، من پۆپم و ئەوانیش پۆپ ئیش دەکەن، بەڵام جیاوازی ھەیە، ھەرکەس پێویستە زیرەک بێت و رێچکەی خۆی ھەبێت، نەک کۆپی ھونەرمەندێکی دیکە بکات، لەگەڵ ئەوەش شانازی دەکەم ئەگەر پێم بڵێن ستایلی تۆ وەکو ھی ریھانایە، چونکە ئەو ھونەرمەندێکی گەورەیە و پۆپە، خۆ منیش کلاسیک گۆرانی ناڵێم، منیش پۆپ گۆرانی دەڵێم، بەڵام ھەندێکجار دڵم دەشکێت کاتێک دەڵێن تۆ ریھانای کوردی! چونکە کورد بەم قسانە خۆی بەکەم دەزانێت و ھونەرمەندی خۆی بە گەورە نابینێت، بۆچی ئێمە زیرەک نەبین و کاری گەورە بکەین، بەڵکو سبەی لەئەمەریکا بە ھونەرمەندەکانی خۆیان بڵێن تۆ ھێلی لەڤی ئەمەریکی، تۆ لەفلان ھونەرمەندی کورد دەچی.
سڤیل: تۆ زۆر باسی ئەمەریکا دەکەیت، ھەروەھا لەزۆربەی دەرکەوتنەکانت لە کلیپ و وێنە ئاڵای ئەمەریکا و کوردستان پێکەوە دادەنێی، بۆچی ئەمەریکا؟
ھێلی لەڤ: لەبەرئەوەی ستافەکەی من ئەمەریکین و مامۆستاکانم ئەمەریکین، ئەوان منیان بەم سەرکەوتنە گەیاند، کارەکانم ئەمەریکی و کوردییە، ئاڵای کوردستان و ئەمەریکا پێکەوە نیشان دەدەم، خۆشم ١٠ ساڵە لەئەمەریکا لە لۆس ئەنجلۆس نیشتەجێم.
سڤیل: تۆ ئێستا ھاوڵاتییەکی ئەمەریکی، یاخود تەنیا دانیشتووی ئەمەریکای؟
ھێلی لەڤ: من رەگەزنامەی کوردستان و فیلەندام ھەیە، بەڵام ئیقامەی ئەمەریکام ھەیە.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

سزاو گەمارۆی ئابووری و ئێران

بورھان شێخ ڕەئوف سزا و گەمارۆی ئابووری لە پوختترین پێناسەیدا ئەوەیە کەوا دەوڵەتێک یان دەوڵەتگەلێک …

اترك تعليقاً