سەرەتا / چاند و هونەر / هونەری / رەھەندی ئیستێتیکا لە نمایشی (کەسێک.. ھەردێت)

رەھەندی ئیستێتیکا لە نمایشی (کەسێک.. ھەردێت)

ن/ کامەران حاجی ئەلیاس
لە چوارچێوەی پێنجەمین فیستڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ شانۆ، تیپی ھونەریی رۆژ شانۆگەری (کەسێک.. ھەردێت) لە نووسینی (یۆن فۆستە) دەرھێنانی (مەھدی حەسن) ،نمایش کرا.
ھەڵبژاردنی دەق بۆ ھەر دەرھێنەرێک کارێکی ئاسان نییە بگرە یەکێکە دەبێت لە فاکتەرەکانی سەرکەوتنی پرۆسەی نمایشەکە پاشان ھەڵبژردنی ئەکتەران بۆ رۆڵ بینین دێت.. ھونەرمەند (مەھدی حەسن) دەقێکی شانۆیی ھەڵبژاردبوو بەناوی (کەسێک ھەردێت) لە نووسینی نووسەری نەرویجی(یۆن فۆستە) ئەم نووسەر زۆربەی دەقەکانی لە پێناو مرۆڤایەتیین بۆنموونە لەم دەقە شانۆییەدا بیرۆکەکەی تایبەت نەبوو بە شوێنکی دیارکراو یان نەتەوەیەک یاخود بە زەمەن و کاتێکی دیارکراو دەقی (کەسێک.. ھەردێت) گوزراشت لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی ،سیاسی ، ئابووری.. ئێستای کوردستان دەکات.. گومان ، ترس ، دڵەراوکێ چەمکی سەرەکی ئەم شانۆگەرییەن لەنێوان ژن و مێردێک (ئەوی نێر و ئەوی مێ). ھەرلەسەرەتای نمایشەکە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ھەردووکیان بە گومانن بۆیە بەدوای شوێنێک یان ماڵێک دەگەرێن دووربێت لە ھەموو شتێک بەتایبەتی لە مرۆڤەکان دوور بن گومانەکە سەرەتا لای ئافرەتەکە دوایی بەھاتنی کەسی سێیەم (پیاوەکە) ئەو کەسەی خانووەکەی پێفرۆشتوون گومانەکەلەلای پیاوەکە زیاتر دەبێت تاکۆتایی شانۆگەرییەکەش گومان لەلای ھەردووکیان بەردەوامە لەوکاتەی ئەوان بەدوایی ماڵێک دەگەرێن بۆ ئەوەی بە ھێمنی و ئارامی تیابژین ھەر بۆیە ماڵێکی کۆن دەدۆزنەوە سەرەتا زۆر دڵخۆش دەبن بەڵام بەھاتنی کەسی سێیەم ژیانیان زۆر ناجێگیر و گوماناویتر دەبێت.
لێرەدا دەرھێنەر مەھدی حەسن لە ھەڵبژاردنی دەق زۆر سەرکەوتوو بوو بەجۆرێک توانی خوێندنەوەی تایبەتی خۆی بۆدەقی نووسەر بکات و دەقێکی نمایش ئامادە بکات کە دەست و پەنجەی خۆی و دیدگای وەکو دەرھێنەرێک لەسەر دەقەکە زۆر بەروونی بونیاد بنێت چونکە ئەگەر دەرھێنەر نەتوانێ مانا و ئاماژە شاراوەکانی دەقەکە بدۆزێتەوە تەنیا ھەمان وشەو دەقەکە وەکو خۆی ئەکتەرەکان بەرجەستە بکەن لەو کاتەدا ھیچ گومانی تێدانیە کە دەرھێنەر لە چەمکی دەقەکە نەگیشتووە،مەھدی حەسن دەقێکی نمایشی وای بۆ ئێمەمان ئامادەکردبوو کە بینەر بە چێژ وە تێرامانی بۆ روداو دیالۆگەکانی ئەکتەرەکان دەکرد،چونکە دەرھێنەر زۆر زیرکانە بەچاوی دەرھێنان نەک بە چاوی خوێندنەوەی ئاسایی کاری لەسەر دەقەکە کردبوو لەھەمووی گرنگتر بینەران چەندین خوێندنەوەیان بۆنمایشەکە کرد ئەوەش یەکێک بووە لە ئامانجەکانی دەرھێنەر ، بۆ ئەوەی بینەر و پسپۆرانی شانۆ لێکدانەوەی جیا جیای خۆیان ھەبێت لەسەر نمایشەکە ، ھەموو ئەو بۆچوون خوێندنەوانەش لەسەر نمایشەکە لەلای دەرھێنەر ماییەی قبوڵکردن بوو.
ئەگەر سەیری ئەو نمایشەو نمایشەکانی تری دەھێنەر مەھدی حەسن وەکو شانۆیی (ئەوەی رویدا ھەرچی بێت گرنگە) و (بەتوڕەیی ئاوەر لەرابردووە بدەوە) بکەین ھەست دەکەین نیمچە ستایل و شێوازی کارکردن تایبەت بە خۆی دیار دەکات بەتایبەتی لەرووی کار کردن لەسەر گۆرینی “شوێن” چونکە ئەو ھەردەم ھەوڵی ئەوەی داوە لە دەقی نووسەرەکان شوێنەکان تێکبشکێنێ،تا رادەیەکیش بە زەمەنی دەقی نووسەریش پابەند نەبووە بۆ ئەوەی لە کرداری دەرھێنان لە چوارچێوەیەکی داخراو نەبێت بەڵکو رەھاو ئازاد بێت لەم کارە و لە دوو کاری رابردووشی مەھدی حەسن شوێن دەکات بە دارستان یان بیابان وەکو گوزرشتێک کەمرۆڤ ھەردەم لە بیابان یان لە دارستان خۆی وون دەکات بۆنموونە لەم شانۆگەرییەدا لە دەقی نووسەر شوێن ماڵێکە بەڵام دەرھێنەر کردوویەتی بە دارستان و تەنیا دارێکی وشکی بێ گەڵا لە ناوەڕستی شانۆییە کەدەبێتە خەونی ئەو ژن ومێردە بۆ ئەوەی ماڵێک دروست بکەن کەدەکرێت دارەکە ببڕنەوە بکەنە ماڵێک بۆ خۆیان چونکە سەرەتای دروستکرنی خانوو لە دار بووە لەگەڵ بوونی کۆمەڵی گەڵای وەرین کە پانتای تەختەی داپۆشییەوە ئەگەرچی ھەرلەسەرەتاوە ھیچ ھیواییەک نییە بەڵام ئەوان (ژن ومێردە) بە ئۆمێدەوە بۆ گەڵا وەرینەکان دەچن لەھەمان کاتدا لەسەرەتای نمایشەکەپایسکلێک ھەیە لەژێر کۆنترڵی (ژن و مێردە)کەیە چەند جارێک ھەردووکیان بەیەکەوە بە پایسکلەکە دەخوولێنەوە کەھێمای بەردەوام بوونی ژیان و ھێمای زەمەن و رۆیشتنش دێت لە کۆتایی نمایشەکەشدا پایسکلەکە لەلایەن کەسی سێیەم لێدەخوڕێت کە کەسێکی گوماناوی و نەرێنیە ئامانجی ئەوەیە کە ژیانی ئەو دوو کەسە پڕ بکات لە گومان و دڵەوراوکێ بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی ھەر بۆیە لەگەڵ کۆتایی نماشیدا جڵەوی پایسکەلەکە وەردەگرێت کەھێمای ھێز و دەسەڵات و پارەیە، وە گومانەکانیش لەگەڵ ژیانی ئەوان ھەر بەردەوام دەبێت .
دەرھێنەر بنیادی نمایشەکەی لەسەر شوێن و لەسەر گومان بنیاد ناوە کە بریتنین لە گۆرینی ماڵ بۆ دارستان یاخود بیابان لەھەمان کاتیشدا ھەر ماڵە واتە سرووتێکی شانۆیی ناو ماڵ و دەرەوەی ماڵی بۆ بینەر فەراھەم کردبوو بەجۆرێک ھاوسەنگی لە نێوان ھەردوو سرووتەکە دا دروست کردبووە کە ئێمەمانان ھەستمان دەکرد ئەو شوێنەی نمایشی تیا دەکرێت ماڵێکە لە ھەمان کاتدا دراستانیشە گومانیش لەلای ھەردووکیان بوونی ھەیە بەڵام لەگەڵ ھاتنی کەسی سێیەم گومان زیاتر دەچێتەلای مێرەکە ھەربۆیە کاتێ گومان دەکەوێتەلای پیاو بێگومان وەکو زانراوە لە ھەڵسوکەوتدا توند تیژەکەی نێر ھەردەم بەھێزتر دەبێت وەک ئەوەی لەلای ئافرەت ئەم گومانەش زیاتر لە کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی بوونی ھەیە .
گومان لەنێو ھەموو تاکێک ولە نێو ھەموو کۆمەڵگایەک دا بوونی ھەیە و کارێکی قێزە ونە بێ لەم کارە شانۆییەدا دەرھێنەر بەشێوەیەکی ھونەری کە رەھەندی ئیستێتیکای لەرووی دیالۆگ و جوڵە و رووناکی وەرگرتبوو زۆر فەنتازیانە خستییە بەردەم بینەران واتە بەفۆرێکی ھونەری کاری لەسەر گومانەکە کردبوو کەبینەر چێژی لەو گوومانە وەرگرت ، ئەوەش کاری پرۆسەی دەرھێنانی دروستە، خاڵێکی تری ئەم نمایشە ریتمە کەلە لە ھەموو شانۆگەرییەک گرنگە بەواتایەکی تر ریتم رۆحی نمایشە بۆ ئەوەی بینەر توشی وەرس بوون نەبێت دەرھێنەر بەشێوەیەکی ھاوسەنگ کاری لەسەر ھەرسێ جۆر لە ریتم کردبوو(ریتمی بینین،ریتمی بیستن ،ریتمی جوڵە) کە ھەر خاوەن ریتمەکە تەواوکەری یەکتر بوون .
جوانی ئەم نمایشە بوونی چەند دیمەنێکی رۆمانسی شانۆیی بوو ھەرچەندە بوێری لە نواندنی (خۆشەویستی،ئەڤین ،عشق ،ماچ ،لە باوەش گرتن) داھێنان نیە بەڵام لە نێو کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی بەتایبەتیش لە نێوکۆمەڵگای کوردی دەتوانم بڵێم بوێری داھێنانە کارێکی ئاسان نیە کچێک لەسەر تەختەی شانۆ کورێک لە باوەش بگرێت و ماچی بکات دەرھێنەر دیمەنی لەباوەش کردن و ماچکردنەکەی ئەوەندە بە جوانی کاری لەسەر کرابوو کە ئامانج لەو دیمەنانە ورووژێنەر وسێکسی نەبوو بۆ بینەران ئەوەندەی دیمەنێکی ئەفسوناوی لە نێو شانۆی رۆمانسی بوو رەھەندێکی جوانناسی سەرنج راکێش بوو لەلای بینەرانیش ھەر بەو رەھەندە خوێندنەوەی بۆکرا، کاردانەوەی نەرێنی نەبوو.
ئەودارە ی کە لەناوەراستی شانۆ بوونی لەرووی جۆر و بگرە شێوەکەشی لە لە دارەکەی شانۆگەری (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ)ی بیکێت نزیک بوو یان دەکرێن خوێندنەوەی دار سێوەکەی (ئادەم و حەوا)شی بۆ بکرێت لێرە دەرھێنەر لە نێو دارەکەی سیمای ئافرەتێکی دروستکردبوو لەھەمان کاتدا ئەو سیمایە لەشێوەی ھێلانەش بوو دەشێ ئەو شوێنە یان ئەو ماڵە ھێمن وئارامە بێت کەئەو(ژن و مێردە) بەدوایی دەگەرێن زۆرجاریش ئەو سیمایە ئەوەی دەبخشی کە گوومان بەردەوام لەناوەی ھەموو تاکێک بوونی.
کاتێ نواندن و دەرھێنان ھاوتای یەک دەبن لەبەرجەستە کردندا نمایشێکی سەرکەتوو لە دایک دەبێت بەڵام ئەگەر یەکێک لە دوو توخمەدا ئاست نزم بێت کاریگەری نەرێنی تەواوی لەسەر پرۆسەی نمایشەکە دەبێت لەم نمایشەدا (یوسف عوسمان ، چاوان خەلیل ، دلشاد) ئەکتەری ئەو نمایشە بوون بەداخەوە تائێستاش لەلای ھەندێک لە بینەران وا باوە ئەگەر ئەکتەرێک زۆر لەسەر شانۆ دەرکەوت یان دیالۆگی زۆر بوو ئەوە ئەکتەرێکی باش و سەرکەوتووە کە بۆچوونێکی ھەڵەیە زۆر جار ئەکتەری وا ھەبووە بەیەک جوڵە یان چەند دیالۆگێکی کەم توانیویەتی بە جوانترین شێوە نواندنەکەی بکات و پەیامەکەی خۆی بە بینەران بگیینێت ئەوەی مەبەستە ئاماژەی پێبدەم نواندنەکەی (م.یوسف عوسمان) لە رۆڵی “پیاوەکە” لەم نمایشەدا راستە کەم دەرکەوت و دیالۆگەکانی کەم بوو بەڵام بەھۆی بوونی ئەزموونێکی زۆری نواندن توانی لەرێگەی جوڵە، ئاماژە ، ھێما و گوزراشتەکانی جوانترین کارەکتەری (دەسەڵاتدار ، نیاز ناپاکی، فێڵباز )پیشان بدات ئەکتەری خاوەن توانست (چاوان خەلیل) کەرۆڵی “ئەوی مێ”ی بەرجەستەکردبوو بە جۆرێک لەچەمکی کەسایەتییەکە گەیشتبوو خوێندنەوەی بۆ ھەموو ووردەکارییەکانی جوڵە و گوزارشتەکان کردبوو زۆریش بە بوێری ئەنجامی دا کەسایتییەکەی زۆر ئاڵۆزبوو زۆرجار لەلوتەکەی توڕەیی ،دڵەراوکێی نواندن بۆلوتەکەی نواندنی رۆمانسی جگە لە ماندووبوون و ھەڵ و کۆششی خۆی شیکردنەوەی وردەکاری رەھەندی کەسایتیەکە لەلایەن دەرھێنەر ھۆکاری سەرکەتووی چاوان بوون لە بەرجەستەکردنی رۆڵەکەی.
زۆر جار بوونی دەرفەت بۆ ئەکتەر دەتواندرێت بوونی خۆی و توانستەکانی دەربخات (دڵشاد شھاب) رۆڵی کەسایەتی “ئەوی نێر”ی بەرجەستە کردبوو بەھۆی ئەوەی تێگەیشتنێکی باشی لە چەمکی شانۆگەرییەکەو رۆڵەکەی خۆی ھەبوو ھاوتای نواندنی (چاوان) کە ھەردووکیان ھاوکاری یەکتر بوون توانی سەرنجی زۆرێک لە بینەران بۆخۆی رابکێشێت بەتایبەتی نواندنە رۆمانسییەکان .
لە کۆتاییدا دەست خۆشی لە ستاڤی ئەو شانۆگەرییە دەکەم بەھیوای کاری باشتر و بەردەوامی.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش”ی ئێران ده‌ستی پێکرد

مه‌نووچێهر جیهانی ـ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌تداڕشتنی نۆهه‌مین فێستیڤاڵی خولی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” له‌ رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی …