سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / ناساندنی ناوبژیوانانی فیلمه‌کانی درێژ و کورته‌ ئه‌نیمه‌یشێنی فێستیڤاڵی منداڵان

ناساندنی ناوبژیوانانی فیلمه‌کانی درێژ و کورته‌ ئه‌نیمه‌یشێنی فێستیڤاڵی منداڵان

مه‌نووچێهر جیهانی ـ ناوبژیوانه‌کانی فیلمه‌ درێژه‌کان و کورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشێنی نێونه‌ته‌وه‌یی سی‌ویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ناسێندران.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی‌ویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، چوار 4 ناوبژیوانی بیانی و دوو 2 ناوبژیوانی ئێرانی کورته‌ فیلمه‌کان و فیلمه‌ درێژه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێنی نێونه‌ته‌وه‌یی سی‌ویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان ناوبژیوانی ده‌که‌ن.

 

“ئالێنا سیشوا” Alena Sycheva به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ و ره‌خنه‌گر، “جیلز لێمۆناد” به‌رهه‌مهێنه‌ر و ده‌رهێنه‌ری هونه‌ریی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “فێستیماژ” له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، “جولیا ئۆکێر” ده‌رهێنه‌ری دیزاینه‌ر و نووسه‌ری ئه‌نیمه‌یشێن له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، “جان لیدز کێتوان” له‌ وڵاتی گورجستان، “ئومێد خۆش نه‌زه‌ر” و “عه‌لی ئوسکوویی نووری” له‌ وڵاتی ئێران ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ن که‌ کورته‌ فیلمه‌کان و فیلمه‌ درێژه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێن له‌ به‌شی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.

 

“ئالێنا سیشوا” به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ و ره‌خنه‌گر له‌ وڵاتی رووسیا، ده‌رچووی به‌شی مێژوو، تیۆری سینه‌ما و ره‌خنه‌ی فیلم له‌ نووسینگه‌ی سینه‌ماناسی خوێندنه‌وه‌کانی فیلمی “ئاڵ راشین” All Russian له‌ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تیی سینه‌ماناسی S.A گراسیمۆف که‌ VGIK کورتکراوه‌یه‌تی. ئه‌و وه‌کوو رۆژنامه‌نووس، رێکخه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌ما کلۆپ و قوتابخانه‌ سینه‌ماییه‌که‌ی خۆی، قسه‌بێژ، وانه‌بێژ و راهێنه‌ر چالاکی ده‌کات. “ئالێنا سیشوا” نووسه‌ری زیاتر له‌ 400 وتار سه‌باره‌ت به‌ سینه‌ما به‌ تایبه‌ت به‌ ته‌وه‌ری ئه‌نیمه‌یشێن، کورته‌ فیلمه‌کان و فیلمی منداڵانه‌. ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی “سه‌رووی سیفر” له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی بنه‌ماڵه‌ و منداڵان له‌ رووسیا (تیۆمه‌ن) و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی “ئاسۆی نوێ” له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمه‌کان و ئه‌نیمه‌یشێنی لاوان له‌ (رووسیا ورونێژ)، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی “رۆژانی سینه‌ما” له‌ فێستیڤاڵی فیلمه‌ رووسییه‌‌کانی (لێتۆنی، ریگا و ریزیۆکه‌ن) بووه‌. ئه‌و ئه‌ندامی یه‌کێتیی سینه‌ماکاران و ره‌خنه‌گرانی پیشه‌ی فیلمی رووسیایه‌، ئه‌ندامی رێکخراوه‌ی فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێنی رووسیا و ئه‌ندامی ره‌خنه‌گرانی فیلمی فێدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی فیپێڕشی و ئه‌ندامه‌ له‌ ECFA.

 

“جیلز لێمۆناد” به‌رهه‌مهێنه‌ر، سینه‌ماکار، ده‌رهێنه‌ری هونه‌ریی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “فێستیماژ” له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا که‌ له‌ ساڵی 1955ی زایینی له‌ ساربێرگ، لۆرن له‌ دایک بووه‌. ئه‌و کاری خۆی له‌ پیشه‌ی بینراو و بیسراو له‌ ساڵی 1975ی زایینی ده‌ست پێکرد و له‌ ساڵی 1977ی زایینی وه‌کوو ته‌کنیسیه‌نی وه‌به‌رهێنان له‌ فه‌ڕه‌نسا گایانای 3 دامه‌زراوه‌. له‌ ساڵی 1992ی زایینی تا ئێستا کارگه‌کانی که‌رسته‌کان و جیهازه سینه‌ماییه‌کانی یه‌کجار زۆری وه‌کوو کارگه‌کانی بێ به‌رامبه‌ر له‌ قوتابخانه‌کان و وه‌زاره‌تی فێرکاری و په‌روه‌رده‌ وه‌ڕێخستووه‌.

 

ئه‌و هه‌روه‌ها تا ئێستا دامه‌زرێنه‌ر و ده‌رهێنه‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی قوتابخانه‌کانی فێستیماژ، فیلمه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌نگ و ره‌نگ له‌ هه‌موو دونیا بووه‌ و به‌ڵگه‌فیلمی له‌ ده‌ورووبه‌ری میراسی فه‌ڕه‌نسی، فیلمی چیرۆکی “جوغرافی زان” بۆ ماوه‌ی 20 خوله‌ک، فیلمی “سامێر لۆبۆمباشی”، فیلمی چیرۆکی “پاسه‌وانی بیابان” به‌ ماوه‌ی 15 خوله‌ک له‌ فێستیڤاڵی فیلمی “ته‌رانسی ساحاران زاگۆرا”، فیلمی “ماکی” به‌ ماوه‌ی 23 خوله‌ک له‌ زانستگای فیلمی “سامێر لۆبۆمباشی” دوایین به‌رنامه‌کان و فیلمه‌ چێکراوه‌کان که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌رهه‌م هاتووه‌.

 

“جولیا ئۆکێر” Julia Oker ده‌رهێنه‌ری دیزاینه‌ر و نووسه‌ری ئه‌نیمه‌یشێن دانیشتووی شتۆتگارت له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیایه‌. ئه‌و له‌ ساڵی 1982ی زایینی له‌ فۆرزهایمی ئه‌ڵمانیا هاته‌ دونیا. له‌ ساڵی 2003 تا 2005 له‌ فۆرزهایم و قاهیره‌ و له‌ ساڵی 2006 تا 2012ی زایینی له‌ ئه‌کادیمیای فیلمی “بادن وڤۆرتبێرگ” خه‌ریکی خوێندن له‌ به‌شی دیزاینی گرافیک بوو. به‌رهه‌مه‌کانی “جولیا ئۆکێر” پانتاییه‌کی به‌رینیان هه‌یه‌؛ له‌ درام گه‌لی ره‌ش و ترسێنه‌ری وه‌کوو “کۆلێرکایند” بگره‌ تا فیلمی به‌ ته‌واوی شاد و پێکه‌نینی کۆمیدیای وه‌کوو “زه‌ڕافه‌”. له‌ ساڵی 2017ی زایینی “جولیا ئۆکێر” زنجیره‌یه‌کی ئه‌نیمه‌شێنی له‌ژێر ناونیشانی “ئاژه‌ڵه‌کان” به‌رهه‌مهێنا که‌ بۆ خۆی زۆری پێ خۆشه‌.

 

“جان لیدز کێتوان” له‌ دایکبووی ساڵی 1975ی زایینی له‌ وڵاتی گورجستان و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دکتۆڕای مێژووی هونه‌ر، کارناسی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کان له‌ زانستگای ده‌وڵه‌تیی فیلم و شانۆی گورجستان، کارناسی ره‌خنه‌ی فیلم له‌ زانستگای ده‌وڵه‌تیی فیلم و شانۆی گورجستانه‌. ئه‌و تا ئێستا به‌رهه‌مهێنه‌ری ستۆدیۆ جی.ئێف،ئێم، کارناسی بوودجه‌کان، کارناسی فێرکاریی به‌رزکردنه‌وه‌ی چۆنایه‌تیی فێرکاری و په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی، یاریده‌ده‌ری مامۆستا له‌ زانکۆی قه‌فقاز، سه‌رۆکی زانکۆی په‌روه‌رده‌ی مامۆستای فه‌ڕه‌نسی ـ گورجی و به‌ڕێوه‌به‌ری پیشه‌کانی فیلمسازانی ئه‌نیمه‌یشێنی گورجستان بووه‌.

 

“ئومێد خۆش نه‌زه‌ر” له‌ دایکبووی ساڵی 1981ی زایینی، ده‌رچووی به‌شی ده‌رهێنانی ئه‌نیمه‌یشێن له‌ قوتابخانه‌ی باڵای هونه‌ری “لوستۆن” له‌ وڵاتی سویسڕایه‌. ئه‌و بڕوانامه‌ی کارناسیی خۆی هه‌ر له‌م به‌شه‌دا له‌ کۆلێژی ده‌نگ و ره‌نگ وه‌رگرت. دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی خوێندکاریی “ماڵی ئه‌نیمه‌یشێن” له‌ ساڵی 2004ی زایینی له‌ کۆلێژی ده‌نگ و ره‌نگ له‌ چالاکییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌و له‌ بواری ئه‌نیمه‌یشێن دایه‌. “ئومێد خۆش نه‌زه‌ر” له‌ ساڵی 2007 بڕوانامه‌ی پسپۆڕانه‌ی ئه‌نیمه‌یشێنی له‌ Cavendish College له‌نده‌ن لقی نه‌رمه‌ واڵه‌کانی سێ ره‌هه‌ندی وه‌رگرت. ئه‌و ئێستاکه‌ له‌ کۆلێژی ته‌له‌ڤیزیۆن و هونه‌رگه‌لی دیجیتاڵی زانکۆی ده‌نگ و ره‌نگی ئێران وه‌کوو وانه‌بێژ و هه‌روه‌ها له‌ پۆستی ده‌رهێنه‌ری باڵای هونه‌ری له‌ رایه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی Press TV خه‌ریکی چالاکییه‌. له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و ده‌توانرێ به‌ کورته‌فیلمه‌کانی سێ به‌شیی “پله‌ سیفر” 2005، “لابیرنێت” 2007، “پاڕازیت” 2009 و هه‌روه‌ها کورته‌ ئه‌نیمه‌یشێنی “هه‌موو ئه‌و زستانانه‌ی که‌ نه‌مانبینیوه‌” 2014، ناو ببرێت. فیلمه‌کانی ئه‌و له‌ دوای به‌شداریی له‌ زیاتر له‌ 200 فێستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا، خه‌ڵاتێکی زۆری به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

“عه‌لی ئوسکوویی نووری” له‌ دایکبووی ساڵی 1981ی زایینی له‌ تاران و ده‌رچووی ماسته‌ری سیناریۆنووسی و ده‌رهێنانی سینه‌ما. ئه‌و تا ئێستا به‌رهه‌مهێنان و ده‌رهێنانی هونه‌ریی 104 به‌ش له‌ زنجیره‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنی “منداڵانی هه‌تاو”، ده‌رهێنانی زنجیره‌ی ئه‌نیمه‌یشێنی “چیرۆکه‌کانی رێوی”، “سیمای خورشید” و ده‌رهێنانی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانی “ئه‌فسانه‌ی گوڵی نوور”، “رزگاری له‌ به‌هه‌شت”، “ئه‌فسانه‌ی یوکی یانگ”و کورته‌ فیلمه‌کانی “ته‌نیا”، “هه‌وڵ”، “دایره‌”، “ره‌نگی عیشق”، “عه‌لامه‌ت”، “قه‌ناری زه‌رد”، “په‌لاک”، “دوایین هه‌ناسه‌”

و هتد له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌.

 

سی‌ویه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

دەربارەی Mansour Jahani

هەروەها ببینە

کچانی شیناوێ میوانی تایبه‌تی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵانی ئیسفه‌هانن

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” ده‌بیر و به‌رپرسی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی …