سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / چواره‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” به‌ڕێوه‌ده‌چێت

چواره‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مه‌نسوور جیهانی ـ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” له‌ رۆژانی 9 تا 15ی ره‌زبه‌ری 1398ی هه‌تاوی له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رمێکی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌ پێی راپۆڕتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌”، چواره‌می خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” Slemani له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و به‌ نمایش کردنی فیلمه‌کانی ده‌رهێنه‌ره‌کانی 50 وڵاتی جیهان؛ پێکهاتوو له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ساڵانی 2018 و 2019ی زایینی له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێونه‌ته‌وه‌یی) که‌ بریتییه‌ له‌؛ به‌رهه‌مه‌کانی درێژی سینه‌مایی و کورته‌ فیلم، به‌ڵگه‌فیلم، ئه‌نیمه‌یشێن و ئه‌زموونی و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” (نه‌ته‌وه‌یی) که‌ بریتییه‌ له‌؛ به‌رهه‌مه‌کانی درێژی سینه‌مایی و کورته‌ فیلم، به‌ڵگه‌فیلم، ئه‌نیمه‌یشێن و ئه‌زموونی و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” له‌ رۆژانی 9 تا 15ی ره‌زبه‌ری 1398ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 1 تا 7ی ئوکتۆبه‌ری 2019ی زایینی له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 

به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی سینه‌ماکارانی ناوخۆیی و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌ڵه‌تیی سینه‌مایی

“مه‌لا به‌ختیار” سه‌رۆکی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” له‌ کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی

چواره‌مین خولی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ که‌ له‌ هۆتێل “رامادا”ی شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، گوتی: به‌خته‌وه‌رانه‌ شانمان وه‌ربه‌ردا و فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” گه‌یاندمان به‌ چواره‌مین خولی خۆی؛ هیوا ده‌خوازم به‌ راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م خوله‌ له‌ فیستیڤاڵ، به‌ چوار ساڵ په‌یمانی خۆمان هێنابێته‌ دی. له‌ یه‌که‌مین خولدا، گوتبووم که‌ تا شه‌شه‌مین خولی هاوڕێی دۆستانی فیستیڤاڵه‌که‌ ده‌بم، ئه‌و کاته‌ که‌ ئه‌و رسته‌یه‌م گوت، به‌شێک له‌ خه‌ڵکی ئه‌وه‌یان به‌ نامومکین ده‌زانی. به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌زموونی که‌م له‌ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌ک فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سینه‌مایی له‌م ئاسته‌دا؛ به‌ڵام کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” تا ئێستا ئه‌م ئه‌رکه‌ گرینگه‌ی به‌ باشی ئه‌نجام داوه‌ و به‌ هاوڕێیه‌تی یه‌کتری، ئه‌مه‌مان به‌ چواره‌مین خولی گه‌یاندووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: به‌ڵام فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ته‌مه‌نی که‌می خۆی، زۆر زوو، بووه‌ خۆشه‌ویستی لایه‌نگرانی سینه‌ما و متمانه‌ی سینه‌ماکارانی ناوخۆیی و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سینه‌مایی به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ هۆی هاندانی ئه‌ندامانی کارگێڕ و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ خوله‌کانی داهاتوویدا. له‌ به‌ڕێوه‌چوونی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵدا، ئه‌زموونی سێ خولمان هه‌یه‌؛ له‌ لایه‌نی ماڵییه‌وه‌‌ کێشه‌ و گرفتێکی که‌مترمان هه‌یه‌ و چه‌ندین مانگه‌ که‌ بوودجه‌ی ئه‌م خوله‌شمان دابین کردووه‌ و له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ فیستیڤاڵه‌کانی بیانی، سینه‌ماکاران و هه‌روه‌ها به‌شداریی کردنی به‌رهه‌م گه‌لی دیاری سینه‌مای جیهان له‌ ئاستێکی باش داین.

 

چواره‌مین خولی فیستیڤاڵ، له‌گه‌ڵ سێ خولی رابردووی جیاواز ده‌بێت

سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی خۆیدا رایگه‌یاند: هه‌ر به‌م هۆیه‌، چاوه‌ڕوان بن که‌ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ سێ خولی پێشووی خۆی جیاواز ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌، بیروبۆچوون و یان پێشنیارێک سه‌باره‌ت به‌ سێ خولی رابردووی فیستیڤاڵ هه‌بووبێت، بێ گومان له‌به‌ر چاو گیراوه‌.

 

فیستیڤاڵ یه‌کێکه‌ له‌ ناوه‌نده‌کانی هه‌ڵسه‌نگاندن و رکابه‌ری

“مه‌لا به‌ختیار” سه‌باره‌ت به‌ پێویستیی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” گوتی: کاتێک که‌ سینه‌ما له‌ دایک بوو، بێ گومان فه‌رهه‌نگ و کلتووری سینه‌ما له‌ سه‌ره‌تادا له‌ دونیا بوونی نه‌بووه‌، ورده‌ ورده‌ سینه‌ما خۆی سه‌قامگیر ده‌کات و وه‌کوو هونه‌ری حه‌وته‌م، توانی هونه‌ره‌کانی دیکه‌ش له‌گه‌ڵ خۆی بکاته‌ هاوڕێ و که‌شێکی نوێ له‌ دونیادا و به‌ تایبه‌ت له‌ رۆژئاوا بێنێته‌ دی. سینه‌ما له‌ دوای ئه‌وه‌‌ توانی که‌شوهه‌وایه‌کی تازه‌ له‌ دونیای هونه‌ر و هێژمۆنییه‌کی نوێ له‌ دونیای هونه‌ر بێنێته‌ دی. ئه‌م رابردووه‌ و ئه‌م هێژمۆنییه‌ له‌ دونیای سینه‌مادا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ فیستیڤاڵ، ببێته‌ یه‌کێک له‌ ناوه‌نده‌کانی هه‌ڵسه‌نگاندن و رکابه‌ری کردن. فیستیڤاڵه‌کان شوێنێکن بۆ ورووژاندن و هاندانی هونه‌رمه‌ندان و ته‌شه‌نه‌ کردنی هونه‌ری سینه‌ما وه‌کوو کلتوورێکی نوێ له‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی جیهان. به‌م پێیه‌ فیستیڤاڵه‌کان وێڕای به‌رهه‌مهێنان و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی سینه‌ما، له‌ ڕاهێنانی نه‌وه‌ی نوێی سینه‌ماکاران و ئاڵوگۆڕی ئه‌زموونه‌کان ده‌ستێکی باڵایان هه‌یه‌ و ئه‌م ئه‌رکه‌ گرینگه‌، رێگای فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” کردۆته‌وه‌.

 

به‌و هیوایه‌م سلێمانی پایته‌ختێک بێت که‌ هه‌موو خه‌ڵکی شانازی پێ بکه‌ن

“مه‌لا به‌ختیار” له‌ به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: به‌ هه‌موو هاوکارانی دڵسۆزم له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” ماندوونه‌بوونی ده‌ڵێم و ده‌ستخۆشییان لێ ده‌که‌م، هیوا ده‌خوازم شاری سلێمانی، نه‌ ته‌نیا له‌ سینه‌مادا به‌ڵکوو له‌ بواره‌کانی دیکه‌شدا، به‌ راستی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر بێت و پایته‌ختێک بێت که‌ هه‌موو خه‌ڵکی شانازی پێ بکه‌ن.

 

نمایش کردنی براوه‌ی فیستیڤاڵه‌کانی کان، به‌رڵیناله‌ و ڤێنیز

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆنگه‌ره‌ی رۆژانه‌مه‌وانییه‌دا “لینا ره‌زا” به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌داڕشتنی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ گوتی: ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵ، جیاوازتر له‌ ساڵانی رابردوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌ر به‌م هۆیه‌، گۆڕانکاریمان له‌ به‌رنامه‌ی فیستیڤاڵدا هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌مساڵ له‌سه‌ر ئه‌و کۆمانیا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی بڵاوکه‌ره‌وه‌ی فیلم که‌ به‌رهه‌مه‌ دیار و تایبه‌ته‌کانی سینه‌ما له‌ دونیادا په‌خش و بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌، وردبوونه‌وه‌یه‌کی زۆرمان کردووه‌. بۆ وێنه‌، ئه‌و فیلمانه‌ی که‌ له‌ فیستیڤاڵه‌کانی دیاری جیهانی له‌وانه‌؛ کان، به‌رڵیناله‌، ڤێنیز و هتد خه‌ڵاته‌ پڕبایخه‌کانیان به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌م رێگایه‌وه‌ بۆ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ بانگهێشتمان کردوون که‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه، به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ره‌کانیان له‌ فیستیڤاڵدا نمایش ده‌کرێن.

 

‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فیستیڤاڵه‌ پڕبایخه‌کانی جیهانی

“لینا ره‌زا” هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ساڵی رابردوو له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی نوێنه‌رانی فیستیڤاڵه‌کانی جیهانی له‌وانه‌؛ کراکۆف، تامپره‌، ئاتلانتا، زاگرێب، فه‌جر، ریۆدۆژانیرۆ و هتد سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زموونه‌کانی خۆیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی فیستیڤاڵ، چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌یان‌ له‌ سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی به‌ڕێوه‌برد و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وان‌ ئه‌مه‌ بوو که‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی ده‌بێت ببێته‌‌ یه‌کێک‌ له‌ فیستیڤاڵه‌کانی پله‌ یه‌کی جیهان به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وای له‌ ئێمه‌ کرد که‌ ئه‌م خوله‌ به‌ جه‌خت کردنه‌وه‌یه‌کی زۆرتر له‌سه‌ر لایه‌نی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و و په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ فیستیڤاڵه‌کانی پڕبایخی جیهانی به‌ڕێوه‌ببه‌ین.

 

“شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” دروشمی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌داڕشتنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ به‌ ئاماژه‌دان به‌ “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” دروشمی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌که‌ گوتی: له‌م بواره‌دا، به‌پێی بڕیاری به‌رپرسانی فیستیڤاڵ، وێڕای په‌یوه‌ندیی گرتن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی جیهانیی “سینه‌ما بۆ ئاشتی” Cinema for Peace وه‌کوو دامه‌زراوه‌ی ئاراسته‌کردنی به‌رهه‌م گه‌لی په‌یوه‌ندیدار به‌ بابه‌ته‌کانی پێکه‌وه‌ژیان، ژینگه‌ و بابه‌ته‌کانی جیهانی، بڕیار وایه‌ به‌رهه‌مه‌ هه‌ڵبژارده‌کانی ئه‌م ناوه‌نده‌ش له‌ فیستیڤاڵدا نمایش بکه‌ین.

 

هه‌ڵبژاردنی 150 فیلم له‌ 50 وڵاتی جیهان

“لینا ره‌زا” له‌ به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: له‌ دوای راگه‌یاندنی بانگه‌وازی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی مه‌ی زایینی و دیاری کردنی ماوه‌ی دوو مانگه‌، نزیکه‌ی 5 هه‌زار فیلم له‌ رێگای ماڵپه‌ڕی فیستیڤاڵ نێردراوه‌ که‌ له‌ دوای دووباره‌بینینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی له‌ لایه‌ن مامۆستایانی به‌ئه‌زموون و پسپۆڕ، به‌ رێژه‌ی 150 فیلم له‌ چوارچێوه‌ی فیلمه‌کانی درێژی سینه‌مایی، کورته‌ فیلمه‌کان، به‌ڵگه‌فیلم و ئه‌نیمه‌یشێن له‌ 50 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان بۆ نمایش کردن و کێبڕکێ هه‌ڵبژێردراون.

 

گرینگیدانی تایبه‌ت به‌ فیلمه‌ کوردییه‌کان

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌داڕشتنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: ئێمه‌ هه‌میشه‌ گرینگییه‌کی تایبه‌تمان به‌ فیلمه‌ کوردییه‌کان داوه‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌م رێگایه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت پێناسه‌ و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان به‌ دونیا بناسێنین. هه‌ر به‌م هۆیه‌، ئه‌مساڵ فیلمه‌ کوردییه‌کان له‌ ئاستێکی شیاو و باشدان و هه‌روه‌ها بڵاوکه‌ره‌وه‌کانی دیاری نێونه‌ته‌وه‌ییمان بانگهێشت کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ چیرۆکه‌ کوردییه‌کان ئاشنا بن و له‌ داهاتوودا بتوانن له‌ ئاستی جیهانی له‌م بواره‌دا، به‌رهه‌م گه‌لێک ئاماده‌ بکه‌ن.

 

له‌ ئه‌زموونی خوله‌کانی رابردوو که‌ڵک وه‌رده‌گرین

له‌ درێژه‌ی ئه‌م کۆنگره‌یه‌دا، “فوئاد جه‌لال” ده‌بیر و به‌رپرسی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ گوتی: سوپاسی هه‌موو‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌ت داڕشتن بۆ به‌ڕێوه‌چوونی سێ خولی رابردووی فیستیڤاڵ ده‌که‌م، بێ گومان له‌ ئه‌زموونی خوله‌کانی رابردوو که‌ڵک وه‌رده‌گرین. ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌که‌، به‌ نمایش کردنی فیلمه‌کانی‌ ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ رۆژانی 9 تا 15ی ره‌زبه‌ری 1398ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 1 تا 7ی ئوکتۆبه‌ری 2019ی زایینی له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ و کۆتایی فیستیڤاڵ له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 

دیدار له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ره‌کان و ئه‌کته‌ره‌ باشه‌کانی وڵاته‌ جۆراوجۆره‌کان

ده‌بیری ئه‌م فێستیڤاڵه‌ هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌مساڵ به‌ رێژه‌ی 25 له‌سه‌دی بوودجه‌ی فیستیڤاڵ سه‌باره‌ت به‌ ساڵی رابردوو، که‌متر بۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌ به‌رنامه‌داڕشتنێکی ورد و بنه‌ڕه‌تی به‌ هاوڕێیه‌تی هاوکارانم له‌م خوله‌دا، فیستیڤاڵێکی جیاوازتر به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین و بۆ ئه‌م ئه‌رکه‌ گرینگه‌، به‌ڕێوه‌به‌رانی فیستیڤاڵ، له‌ درێژه‌ی مانگه‌کانی رابردوودا بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر سه‌فه‌ریان کردووه‌ و فیستیڤاڵێکی زۆریان له‌ نزیکه‌وه‌ بینیوه‌ و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ره‌کان و ئه‌کته‌ره‌ باشه‌کان دیدار و چاوپێکه‌وتنمان کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ فیستیڤاڵدا ئاماده‌ بن. به‌و هیوایه‌م که‌ شاری سلێمانی یه‌ک جاری دیکه‌ هونه‌رمه‌ندانی وڵاتانی جۆراوجۆره‌ بگرێته‌ باوه‌ش. دڵنیام که‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ ده‌که‌ینه‌ یه‌کێک له‌ فیستیڤاڵه‌ هه‌ره‌ گرینگه‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌م رێگایه‌دا، هه‌وڵێکی زۆرمان داوه‌ هه‌تا ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ شێوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێوه‌ببه‌ین.

 

ئاماده‌بوونی به‌رهه‌مه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کانی 50 وڵاتی جیهان

“فوئاد جه‌لال” ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵ له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا رایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامی ئه‌م دیدارانه‌ نزیکه‌ی 50 وڵاتی جیهان، له‌وانه‌؛ ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئێران، لوبنان، تورکیا، عێراق، مه‌راکیش، وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌ورووپی به‌ به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی ئاماده‌ ده‌بن و چه‌ندین که‌سایه‌تی له‌م وڵاتانه‌وه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌که‌دا به‌شداری ده‌که‌ن. له‌ درێژه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی فیستیڤاڵه‌که‌دا و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی چۆنایه‌تی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندان و سینه‌ماکارانی ناودار بۆ به‌شداری کردن له‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا بانگهێشتنمان کردووه‌ و هیوا ده‌خوازم که‌ فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ له‌ ئاست و راده‌ و ئه‌ندازه‌ی فیستیڤاڵێکی جیهانیدا به‌ڕێوه‌بچێت.

 

به‌رهه‌مهێنانی پێنج فیلمی سینه‌مایی به‌ سه‌رمایه‌دانانی فیستیڤاڵ

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه‌ “دانه‌ر عومه‌ر فارس” به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی گوتی: سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراسته‌ی هه‌ر هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌م که‌ تا ئه‌م ساته‌ له‌ ته‌نیشت ئێمه‌دا بوونه. له‌ درێژه‌ی خوله‌کانی رابردووی فیستیڤاڵدا، هه‌وڵمان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بوار بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم بڕه‌خسێنین و له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی فیلم و به‌هێزترکردنی سینه‌مای کوردستان پێداگری ده‌که‌ین؛ له‌ ماوه‌ی سێ خولی رابردوودا، چاوه‌ر‌ی به‌رهه‌مهێنانی 5 فیلمی سینه‌مایی سه‌رکه‌وتوو به‌ سه‌رمایه‌دانانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی بووینه‌ که‌ ئه‌مه‌ خۆی ده‌توانێت دروستکه‌ری بواری بیچم گرتنی ته‌وژمێک له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌کانی هونه‌ری و سینه‌مایی بێت که‌ له‌ راستیدا، یه‌کێک له‌ خاڵه‌ تایبه‌ت و گرینگه‌کانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلم و به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییانه‌یه‌. ئه‌م فیلمانه‌ به‌ به‌رهه‌می خۆمان ده‌زانین؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ ئه‌م به‌ستێنه‌مان بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌وانه‌ پێکهێناوه‌.

 

له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ستێنی به‌رهه‌مهێنانی فیلممان پێکهێناوه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی هه‌روه‌ها گوتی: سه‌رنج بده‌ن که‌ له‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌دا چ فیلم گه‌لێک له‌ فیستیڤاڵدا ئاماده‌ بوونه‌ و ئه‌مه‌ نیشان ده‌دات که‌ به‌ ئامانج و مه‌به‌ستی خۆمان گه‌یشتووین، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌م به‌ستێنه‌مان پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌ فیلم بێته‌ ‌به‌رهه‌م. به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جۆره‌ رووداوه‌ هونه‌رییانه‌ ته‌نیا پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵات، کردنه‌وه‌ و سازدانی شۆ و نمایش کردنی فیلمه‌کان نیه‌. ئێستاکه‌ سینه‌ماکارانی پارێزگاکانی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستان هاتوون بۆ سلێمانی و لێره‌ خه‌ریکی وێنه‌گرتنی به‌رهه‌مه‌کانی خۆیانن. له‌ راستیدا، ئێمه‌ له‌ رێگای ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌، توانیومانه‌ سه‌رنجی میوانانی بیانی بۆ لای خۆمان رابکێشین بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ شاری سلێمانی فیلمه‌کانی خۆیان بێننه‌ به‌رهه‌م.

 

دیمه‌ن و لۆکه‌یشێنی سلێمانی بۆ وێنه‌گرتنی فیلم شیاوه‌

‌”دانه‌ر عومه‌ر فارس” له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: دیمه‌ن و ئه‌تمۆسفه‌ر و لۆکه‌یشێنی هه‌رێمی کوردستان و به‌ تایبه‌ت سلێمانی بۆ وێنه‌گرتنی فیلم و چێکردنی فیلم زۆر باش و شیاوه‌ و هه‌ر به‌م هۆیه‌، له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا ده‌سته‌یه‌ک له‌ وڵاتی به‌ریتانیا هاتن بۆ سلێمانی و بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌که‌یان دوو میلیۆن دۆلاریان لێره‌ خه‌رج کردووه‌. هه‌روه‌ها له‌ مانگی رابردوودا له‌ به‌رهه‌مهێنانی پڕۆژه‌یه‌کی سینه‌مایی که‌ له‌ شاری دهۆک خه‌ریکه‌ وێنه‌ی ده‌گیرێت؛ هاوبه‌شیمان کردووه‌ و هه‌روه‌ها له‌ دوای ته‌واوبوونی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی، ده‌ست به‌ وێنه‌گرتنی فیلمی نوێترین به‌رهه‌می سینه‌مایی “شه‌وکه‌ت ئه‌مین” ده‌که‌ین.

 

سینه‌ما زمانێکی جیهانییه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا رایگه‌یاند: نابێت به‌ ده‌مارگرژیی ره‌گه‌زی و چین و توێژه‌کان ده‌روازه‌کانی جیهانیی سینه‌ما له‌سه‌ر رووی خۆمان دابخه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ فیلم و سینه‌ما زیاتر له‌وه‌ی که‌ بابه‌تێکی خۆماڵی و ناو‌چه‌یی بن، خاوه‌نی زمانێکی جیهانین و ئێمه‌ به‌ بینین و په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ سینه‌مای دراوسێیه‌کان و به‌ تایبه‌ت ئێران، تورکیا و وڵاتانی دیکه‌ی دونیا به‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وتی جیهانیی به‌رهه‌مهێنان و نمایش کردنی فیلم، ده‌توانین به‌ پێوه‌ره‌ گرینگ و پڕبایخه‌کان بۆ گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندن و به‌رهه‌مهێنانی فیلم و به‌رهه‌م گه‌لی سینه‌مایی له‌ هه‌رێمی کوردستان بگه‌ین.

 

پێشکه‌ش کردنی ته‌ندیس به‌ کۆمپانیاکان و به‌شکۆی که‌رتی تایبه‌ت

له‌ درێژه‌ی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌دا، له‌به‌ر پێزانین و رێزگرتن و به‌ پێشکه‌ش کردنی چه‌ندین ته‌ندیسی تایبه‌ت، له‌ ژماره‌یه‌ک له‌ کۆمپانیاکان، که‌سایه‌تییه‌ به‌رجه‌سته‌کان و چه‌ندین به‌شکۆی که‌رتی تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ خوله‌کانی رابردووی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا، به‌ پشتگیری و هه‌وڵی خۆیان یارمه‌تیده‌ری به‌رپرسانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” له‌ به‌رێوه‌چوونی ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا بوونه‌؛ رێز گیرا.

 

رکابه‌ری بۆ به‌ده‌ستهێنانی 14 ته‌ندیسی زێڕینی “کاجی زێڕین”

له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” 14 خه‌ڵاتی ته‌ندیسی زێڕینی “کاجی زێڕین” و خه‌ڵاتی پاره‌ی نه‌غدی که‌ بریتییه‌ له‌ به‌شی رکابه‌ریی فیلمه‌ درێژه‌کانی “سینه‌مای جیهان” و “سینه‌مای کوردی”؛ به‌ باشترین فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی، باشترین ده‌رهێنان، باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلم، باشترین وێنه‌گرتنی فیلم، باشترین کورته‌ فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوان به‌ هه‌ڵبژێردراوان پێشکه‌ش ده‌کرێت و هه‌روه‌ها له‌ به‌شی رکابه‌ریی کورته‌ فیلمه‌کانی “سینه‌مای جیهان” و “سینه‌مای کوردی” خه‌ڵاته‌کانی باشترین فیلمی نه‌ته‌وه‌یی، باشترین ده‌رهێنان، باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلم، باشترین فیلمی به‌ڵگه‌یی، باشترین کورته‌ فیلمی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوان به‌ براوه‌کانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت و 4 خه‌ڵاتی تایبه‌ت له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” پێشکه‌ش ده‌کرێت.

 

پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاتی کۆچکردووی هه‌رده‌م له‌یاد “ته‌ها که‌ریمی”

هه‌روه‌ها له‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌که‌دا، خه‌ڵاتی “ته‌ها که‌ریمی” سینه‌ماکاری کۆچکردووی ئێرانی که‌ رۆژی 8ی جۆزه‌ردانی 1392ی هه‌تاوی به‌ هۆی رووداوی کاره‌ساتی پێکدادانی ترۆمبێل له‌ شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد؛ له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و خوالێخۆشبووه‌ به‌ باشترین سینه‌ماکار پێشکه‌ش ده‌کرێت.

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی.‌

دەربارەی Mansour Jahani

هەروەها ببینە

ئه‌ندامانی ناوبژیوانی به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی چواره‌مین فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ناسێندران

مەنسوور جیهانی ـ ناوه‌کانی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێونه‌ته‌وه‌یی) چواره‌مین خولی …