سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / “کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان”ی به‌همه‌ن قوبادی فیلمێکی دره‌وشاوه‌ی فێستیڤاڵی منداڵانه‌

“کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان”ی به‌همه‌ن قوبادی فیلمێکی دره‌وشاوه‌ی فێستیڤاڵی منداڵانه‌

مه‌نووچێهر جیهانی ـ فیلمی سینه‌مایی “کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان” له‌ ده‌رهێنانی “به‌همه‌ن قوبادی” یه‌کێکه‌ له‌ فیلمه‌ هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌کانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران و خه‌ڵاتی په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلمی 15مین خولی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، هه‌موو ساڵێک فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، ده‌بێته‌ بیانوویه‌ک بۆ باسکردنی دووپاته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌بیر کراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ چاوه‌ری بڕه‌و په‌یدا کردنی سینه‌مای منداڵ بین. له‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ک بۆ 30 خولی رابردووی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، ده‌پرژێینه‌ سه‌ر خولی پازده‌هه‌می ئه‌م فێستیڤاڵه‌ که‌ له‌ رۆژانی 23 تا 29ی مانگی ره‌زبه‌ری ساڵی 1379ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 2000ی زایینی له‌ شاری ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌چوو.

 

له‌م فێستیڤاڵه‌دا ‌فیلمه‌کانی کورت، نیوه‌ درێژ و درێژی ئێرانی له‌ ته‌نیشت به‌رهه‌مه‌ وه‌رگیراوه‌کان له‌ به‌شی نێونه‌ته‌وه‌ییدا پێکه‌وه رکابه‌ریان کرد. له‌ نێو فیلمه‌ ئێرانییه‌کانی ئه‌م خوله‌دا ده‌کرێ به‌ فیلمه‌کانی “زمانی برای مستی اسبها” واته‌ “کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان” A Time for Drunken Horses به‌رهه‌می سینه‌ماکاری کورد “به‌همه‌ن قوبادی”، “ورده‌ په‌ڕیوه‌کانی ئاشتی” به‌رهه‌می “عه‌لی شاه حاته‌می”، “یه‌کێک بوو، یه‌کێک نه‌بوو” له‌ ده‌رهێنانی “ئیره‌ج ته‌هماسب” و فیلمی نیوه‌درێژی “دایک” له‌ ده‌رهێنانی “له‌یلا میرهادی” ئاماژه‌ بدرێت که‌ چین و توێژه‌ جۆراوجۆره‌کانی به‌رده‌نگی فێستیڤاڵه‌که‌یان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و هێنایه‌ به‌رده‌م په‌رده‌ی زێوینی هۆڵی سینه‌ماکان.

 

فیلمی سینه‌مایی “کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان” له‌ ده‌رهێنانی “به‌همه‌ن قوبادی” چیرۆکی کوڕێکی مێرمنداڵ به‌ ناوی “ئه‌یووب” که‌ له‌ ئاواییه‌کی کوردنشین له‌سه‌ر سنووری ئێران و عێراق ده‌ژی و له‌ دوای مه‌رگی باوکی، ئه‌رکی پێڕاگه‌یشتن و دابین کردنی بژیوی ژیانی سێ خوشک و برایه‌کی نه‌خۆشی “مادی” له‌ ئه‌ستۆی دایه‌. پزیشکی مادی پێی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و له‌ ماوه‌ی یه‌ک مانگدا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ نه‌کرێت، ده‌مرێت و له‌ ئه‌گه‌ری نه‌شته‌رگه‌ریشدا ته‌نیا حه‌وت یا هه‌شت مانگ ده‌ژی. ئه‌یووب باسه‌که‌ بۆ “رۆژین” خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ و خۆشی بۆ به‌ده‌ستهێنانی داهاتی زیاتر ده‌چێت بۆ لای قاچاخچی ناسراوی گونده‌که‌ بۆ کار کردن. ئه‌یووب کاتی به‌یانییان له‌ سنووری عێراقه‌وه‌ باری قاچاخ به‌ هێستر دێنێت، به‌ڵام پاره‌یه‌کی ئه‌وتۆی به‌ر ناکه‌وێت. هه‌ر له‌م کاته‌دا بۆ رۆژین خوازبێنی کار هاتووه‌ و ئه‌و بۆ دابین کردنی تێچووی نه‌شته‌رگه‌ری مادی وڵامی ئه‌رێنی ده‌داته‌وه‌، له‌ حاڵێکدا که‌ بنه‌ماڵه‌ی زاوا له‌ دوای سه‌رگرتنی هاوسه‌رگیری له‌ وه‌رگرتنی مادی خۆ ده‌بوێرن و هێسترێک وه‌کوو شیربایی به‌ ئه‌یووب ده‌دن.

 

“کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان” له‌و ده‌سته‌ فیلمانه‌یه‌ که‌ وردبوونه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکی ناوچه‌یه‌کی هه‌ژار داناوه‌ و له‌وه‌ وه‌کوو ئامرازێکی دراماتیک که‌ڵکی وه‌رگرتووه‌. له‌م نێوه‌نده‌دا، وێنه‌گرتنی فیلمه‌که‌ش له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی سارد و به‌فراویدا، کاریگه‌ریی دانانی فیلمه‌که‌ی دوو هێنده‌ کردووه‌ و هه‌تا قووڵایی ناخی بینه‌ر ده‌چێته‌ ژوورێ. له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌مانه‌، ئه‌م فیلمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی فیلمه‌کانی هاوشێوه‌ی، چیرۆکێکی پڕ و لێوڕێژی به‌ چه‌ندین خاڵی پۆزه‌تیڤی دره‌وشاوه‌ هه‌یه‌ که‌ بینه‌ری فیلمه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌یووب، مادی و خوشکه‌که‌یان هاوڕی ده‌کات. ئه‌یووب ئه‌حمه‌دی له‌ رۆڵی ئه‌یووب و رۆژین یوونسی له‌ رۆڵی رۆژین به‌رگه‌کانی براوه‌ی دیکه‌ی فیلمه‌که‌ن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بینه‌ران که‌ تاکه‌ ساته‌کانی سه‌رسووڕهێنه‌ر له‌ ده‌ورگێڕانه‌کانی ئه‌واندا به‌ر چاو ده‌که‌وێت. هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ش که‌وته‌ به‌ر سه‌رنجی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی فێستیڤاڵه‌که‌ و خه‌ڵاتی گرینگی په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلم پێشکه‌شی “به‌همه‌ن قوبادی” ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ سه‌رکه‌وتووه کرد‌.

 

دەربارەی Mansour Jahani

هەروەها ببینە

سەنتەرى رایەڵ پێنجەمین فێستیڤاڵى کەلتورە جیاوازەکان لە شارى رانیە ئەنجام دەدات

لە پێناو ئاشتى و پێکەوە ژیانى کەلتورە جیاوازەکان و لە ژێر دروشمى ( ئاشتى و …