سەرەتا / چاند و هونەر / هونەری / گەمە لەهونەری شانۆ و پرۆسەی پەروەردەدا

گەمە لەهونەری شانۆ و پرۆسەی پەروەردەدا

نووسینی / ڕزگار باهیر

بۆ ئەوەی بژیت ، نابێت شانۆ بمرێت .
ئەو قەیرانەی بەرۆکی بزوتنەوەی شانۆی کوردی گرتووە زەمەنێکە مشتومڕێکی گەورەی لەسەرە، ئێستا بەڕۆشنی دیارە خەریکە شانۆ لەقۆناغی ساردو سڕییەوە بەرەو کۆچ و مەرگی هەتای هەنگاو دەنێت .

مەرگیش چەمکێکی ترسناك وناجیزە بۆیە کەس نییە لە ئاست ئەم چەمکە ترسناک و تۆقێنەرە هەڵوێستە نەکاو پرسیار نەکا ، بۆ بزوتنەوەی شانۆ لەو گەرم و گورییەوە بەم ئاستەی ئێستا گەیشت ؟
گەڕانی بینەری جاران بەدوای چەمکە سیاسیەکان بوو ، شانۆکاران و بینەران تەواوکەری ڕستە سیاسی و شۆرشگێرییەکان بوون و ختوکەی هەست و سۆز وهەڵچونە نەتەوەییەکانیان دەدا. شانۆ تەنها پرۆسەی ڕەخنەیی بوو لە دەسەڵات و مینبەرێکی وروژاندن و کۆ کردنەوەی حەماسێکی گشتی خەفەکراو بوو… بەپێچەوانەی ئەمانەوە شانۆ پرۆسەیەکی مەعریفی وعەقڵی و ستاتیکی کارا نەبووە کەڕۆچێت بەنێو هەموو میتۆد وقوتابخانە و تیۆرە تازە و کلتوورە جیاوازەکان بۆ بەدەستهێنانی نوێ بوونەوە و داهێنان و دروست بوونی ناسنامەیەك بۆ بزوتنەوەی شانۆی کوردی ، بۆیە ئەو گەرم و گوری و سەردەمی زێرینەی کەناو دەبرێ بەم قەیرانەی ئێستا گەیشت و دوابەدوای راپەڕین ئەم بارگانە خاڵی بوونەوەو شانۆکارو بینەر بەیەکەوە ماڵئاواییان کرد …. هەروەها نابێت ئەوەش لەبەرچاو نەگرین گڵۆبالیزم بەشێوەیەکی خێراو بەرچاو لە ڕێگەی میدیاو کۆمپیتەرو ئینتەرنێت وسەتەلایت وئامێرە تازە و کەناڵە جیاجیا کانیانەوە سنورەکانیان هەموو بەزاند ،وەك (مارشاڵ)دەڵێت جیهانی کردە گوندێك و توانی گورزێکی بەهێزیش لە بزوتنەوەی شانۆکوردی بدات . دەبینین ئەو شێوازەی لە هونەردا و بەتایبەت لەشانۆدا ئێستا لە ئەوروپا و ولاتانی پێشکەوتوو بەڕێوە دەچێت پرۆسەیەکی مەعریفی وعەقڵی وستاتیکییە و لە رێگەی میتۆدی پیداگۆگی بەمانای تەکنیك و ستراتیژی بۆ وانە وتنەوەو لە ڕێگەی گفتووگۆ و جوڵەو یاری لەسیتەمی پەروەردەدا دەستیپێکردووە و پانتاییەکی گەورەی داگیر کردووە.
(سێرجی لیڤار) دەڵێت جوڵە گوزارشتێکی سەرەتایی ژیانە ،بەڵکو جوڵە خۆی لە خۆیدا ژیانە ئەمەش لە بوونێکی زیندوودا دەدۆزرێتەوە . لەژێر رووناکی ئەم بۆچوونەدا پێمان وایە ژیان بەجوڵە دەست پێدەکات ، بۆیە جوڵە پێویستییەکی بەڵگە هەڵنەگری مرۆڤە و مرۆڤیش لەڕێگەی جوڵەوە یاری دەکاو خۆی دەنوێنێ .هەروەها ئەبێت ئەوەشمان لەبەرچاوبێت کەمرۆڤ بەپێی پێویستییە ناوەکییەکان وحاڵەتە سایکۆلۆژییەکان (واتە پێویستی غەریزەکان)و کاریگەرییە دەرەکییەکان (واتە فیزیکییەتی جەستە ) دەکەوێتە جوڵە کردن . بۆیە مرۆڤی سەرەتایی بەجەستە وئیمائە و جوڵە گوزارشتی لە ئازارو برسێتی و سەرماو گەرما و رووداو و دیاردەکان و پێویستییەکانی کردووەو حیکایەتی رۆژانەی بۆ بەرامبەرەکانی گێراوەتەوە ،لێرەوە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کەجەستەو جوڵە ناکرێ لەیەك جیابکرێنەوە دووانەیەکی پێکەوە لەدایك بوون . هەر بۆیە لەو ساتانەوە جەستە باڵا دەستی خۆی نواندووەو بۆتە جێ بەجێکەرێکی دانەبڕاوی یاری .
یاریش ئەو نواندنەیە کە لەئەنجامی کۆمەڵێ جوڵە دێتە کردن ،کە لە مێشكەوە ئاراستە جەستە دەکرێ ژیان و بوون دێنێتە کایەوە هەر بۆیە مرۆڤ لە دەرئەنجامی بژێوی و قورسی ژیان هەوڵیداوە ڕۆژانەی خۆی رێکخاو لەچەند جوڵە و کاروپیشەو بۆنەی نەتەوەیی وکلتوری و دینی ، تاکوخۆی پێ دڵخۆش و بەتاڵ بکاتەوە ،ئەمەش مرۆڤی بەرەو لای کردەی یاری بردو گەمەی کردە کردەیەکی خۆشیبەخش بەجەستەو دەرونی بۆ ژیان وبەردەوام بوونی کە دواتر مرۆڤەکان لە رێگەی یارییەوە بتوانن لە چەند ڕویەکەوە سوودمەند و بەختەوەربن و ببێەت سەرچاوەی کۆمەڵێک داهێنان .
هیگڵ دەڵێت : جوانی بەتەنها لەسروشتدا نی یە ، بەڵکو لەوشتانایە کە مرۆڤ خۆی دروستی دەکات وفێر دەبێت و هەمیشە پێویستی بە دەربڕین و تەعبییر کردنە بۆ بەتاڵ بوونەوە .

مرۆڤ کەبینی ژیان پڕیەتی لە ململانێ و تراجیدیا و کارەسات بە ناچاری پەنای بۆ ئەو کەناڵانە برد کە دەرونی مرۆڤ بەرەو ئارامی و خۆ بەتاڵکردنەوە دەبەن هەر بۆیە پەنای بردە بەر یاری و قسەی خۆش، کەدواجار یاری ئەو فەزا داخراوە لۆکاڵییە خۆی زۆر بەخێرایی بڕی ، بووە بابەتێکی گرنگی تەندروست و پێویست بۆ مرۆڤەکان ، زۆربەی توانا و جوانی و وزەی بەرەو خۆی راکێشاو لەئامێزی خۆی گرتن و توانی یاری پێ ببوژێنێتەوەو دەوڵەمەندی بکات بە پێکەنین و لاسایی کردنەوە و بەسەربردنی کات و بەکارهێنانی جەستە بە پلەی یەکەم بۆ بەتاڵکردنەوەی لەوزە شاراوەکان و فێرکردن وپەروەردە و چێژو خۆشی و جوانی و پێکەوە ژیان و هەرەوەزی، ئەمانە هەموو بوونە بناغە و کۆڵەکەیەکی گەورەو بەهێز بۆ گەمەو بەرەو پێشچوونی و ژیاندۆستی و مرۆڤ دۆستی .
کەواتە دەکرێت بڵێین یاری سەرچاوەیەکی بەهێزە بۆ پەلهاویشتنە نێو هەموو بوارە هەمە جۆرەکانی ژیان هەرلە کۆنەوە تائێستا ، بۆتە خۆراکێکی رۆحی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە هەمووچین و توێژەکان بەبێ جیاوازی ڕەگەز و چینایەتی .
بەڵام هەر چۆن مرۆڤ هەموو بوارەکان و زیندەوەر و بەشێکی زۆری سروشتیشی خستۆتە ژێر دەسەلاتی خۆیەوە و زۆر جار کارەساتی ناخۆشی لێ بەرهەم هێناوە ، بەهەمان شێوە یاریشی بێبەش نەکردووە لەم نەهامەتییە . لە نێوەندی گەمە و خۆشی و چێژ وەرگرتن وفێر بوون وجوانیدا بازارێکی گەورەو کۆمەڵێك کۆمپانیا و بازرگانی چاو جنۆکیشی بەرهەم هێنا …….
جەستە ی مرۆڤ ڕۆڵی سەرەکی بەرچاو و کاریگەر دەبینێت لەو پرۆسەیەدا ، هەم لە جێبەجێکردنی یاری هەم لە چێژ وەرگرتن وفێرکردن، بە ئامادەی هەست و هۆشی و دەرونی مرۆڤ … جەستە دەبێتە خاڵی دەسپێك و خاڵی دەربڕین و خاڵیکردنەوەی تاك لەو وزە شاراوانەی کە دەبێت بەکاریی بێنێت ڕۆژانە .
بۆیە دەبینین لە زۆربەی یاریە وەرزشی و یارییەکانی نواندن لە بالیەو شانۆو ئۆپێرا و پانتۆمیم وهەموو جۆرەکانی سەما و لەفیلم و هیتر، جوانی لەش و بەکارهێنانی بەشەکانی بۆتە بەشێکی زۆر گرنگ وسەرنج راکێش ، هەر بۆیە بەردەوام بەرنامەی تایبەتی بۆ دادەنرێت و ڕاهێنانی پێدەکرێت بۆلە دەست نەچوون وبەهێزکردن و بەدەست هێنانی بەشە جوان وشاراوەکانی جەستەیەکی بێ وێنە … دواجاریش دەبێتە کلتور …………………….
زمانی بەشێك لە مرۆڤایەتی کە بەشێکی جەستەیان کار ناکاو نابیستێ بۆیە لە بەرامبەر ئەمەدا بەبەشەکانی تری جەستە زمانێکی جیهانی (زمانێکی هێماگەریان بەدەست هێناوە)
کە پیدەوترێ زمانی ئاماژە کەئەمەش دەمنباتەوە بۆسەرەتاکانی دروست بوونی مرۆڤایەتی کاتێك ویستویانە لەیەکتری بگەن بەزمانی ئاماژە لەیەکتری گەیشتوون و کاریان پێکردووە.کەواتە دەگەینە ئەوەی بڵێین جەستە یەکەم بەرکەوتەیە لەگەل سروشت و ئازارو چێژو بەتاڵبوونەوە .وەك دەبینین لە کتێبە دینی وئاسمانییەکانیشەوە واهاتووە جەستە پشکی شێری بەردەکەوێت لە شاردنەوەو نە بینین و حەرامکردنی زۆربەی بەشەکانی ، هەروەها دەبێتە بەشێکی سەرەکی بۆ ئازار چێژتن و تۆڵە لێکردنەوە لە ئێستاو داهاتوودا ، جەهەنەم دەبێتە جێگەیەکی خەیاڵی و ئازار بەخش و سووتێنەری جەستە ، لەبەرامبەر ئەمەشدا جەستە ڕۆڵکی سەرەکی دەبینێ لە خۆشی و چێژ لە ئێستاو داهاتوودا، بەهەشت دەبێتە کۆشکێکی خەیاڵی و یۆتۆبیایەکی گەورەی مرۆڤەکان کەجەستەیان بەتەوای شەرابی خۆش نوودی و ومژدەی رژانی شەهەوەتیان بەشێوەیەکی دڕاندانەو نا مرۆڤانە تاکو حەسرەتی ناخ و جەستەیان دادەمرکێنێتەوە .
بەدرێژای مێژوو جەستە باجی ئایدیای داوەو هەمیشە روبەروی سەرکوتکردن و ئافەرۆزکردن و وەلانان بۆتەوە ….. بەلام هەمیشە شۆرشگێرانە جەستە مەشخەلەکەی پرۆمیسیۆسی بەدەستەوە بوە و زیندوێتی ژیانی پاراستوە .
کەواتە جەستە بەرکەوتەیەکی ڕاستەخۆ و سەرەکییە لە وەرگرتنی چێژو ئازار و کاریگەرییە دەرەکی و ناوەکییەکان لەژیانا ،هەروەها جەستە نمایشکەری سەرەکی یارییە لە ڕێگەی جوڵەوە . دکتۆر : (عەونی کەرومی ) دەڵێت جوڵەو یاری بنەمای هونەری نواندنە،بەو شێوەیەی کەبنەمایە لەژیاندا ، کاتێك جوڵە دەگۆڕێت بۆ یاری نواندن پێویستی بە ڕیتم و چیرۆك وڕەنگ وکار هەیە ……
کەکاتێك بەمنداڵ دەلێن بخوێنە یان ئەوە دروستبکە یان گۆرانی بلێ یان نواندن بکە بەکارێکی زۆر قورس دێتە پێشچاوی … بەلام کەکاتێك پێی دەلێین با گەمە یان یاری بکەین یەکسەر دەکرێتەوەو بە کۆمەڵێك حەز و خۆزگە وئارەزوو چالاکییەکەوە دێتە ناوەوە … کەواتە پەنا بردنە بەر یاری لە خۆیەوە نەهاتۆتە نێو سیستەمی پەروەردەی پێداگۆگییەوە.

ئەوەی جێگەی تیشك خستنە سەر بێت لێرەدا ئەوەیە ،یاری لە دونیای پێشکەوتودا بۆتە داینەمۆیەکی بەهێزو فاکتەرێکی سەرەکی گەورە لە سیستەمی پەروەردە بۆ فێرکردن ودروستکردنی هەستێکی هونەری و پێگەیاندن و گەشە کردنی تاکی بەهرەمەندو بینەرێکی تەندروست بۆ جوانکردنی ژیان ، لەبەرامبەر ئەوەدا گرنگی پێدان و ڕێزلێنانی لە لایەن کۆمەڵگاوە .
بەڵام کام پەروەردە … ئەو پەروەردەیەی (پاولۆ فرێری) تیشکی دەخاتە سەری و ناوی دەبات بە میتۆدی پیداگۆگی.
١… قوتابی لە کەسێکی پاسیڤەوە دەگۆرێت بۆ کەسێکی ئەکتیڤ .
٢..هەموو ئەو چوار چێوانەی ناوەوە و دەرەوە کە ڕێگرن تێکی دەشکێنێ.
٣..بوار بەقوتابییەکان دەدات کەمەشقی خۆی لەبەردەم راستیدا بکات و خۆی بۆ سبەی واتە داهاتوو ئامادە بکات …. لەم سێ خالەوە بۆمان دەردەکەوێت خوێندکار چ ڕۆڵێکی سوبجەکتی دەبێت …( لای پاولۆ فرێری ) گفتوگۆو دیالۆگ و یەکتری قبوڵکردن و یەکسانی لەنێوان مامۆستاو خوێندکارانا بۆ دروستکردنی کەشێکی ئازاد و ئارامی بێ ترس بۆ یاری کردن و جوڵە و بەدواچونی زانیاری و لەدایك بوونی پرسیار و گومان لەسەر خۆیان و چواردەوریان . دەرئەنجام پەروەردەیەکی تەندروستی پڕ ئیرادە و بڕوا بەخۆ بوون دروست دەبێت ،،،بە پێچەوانەکەشییەوە وەك لای خۆمان لەکوردوستان دەیبینین .. فێرکردن لەسەر چەمکی چەوسانەوە و گەورە و بچوک و پیاو ژن و دین و بێدین و زاناو نەزان خوێندن بنیاتنراوە ، لەم جۆرە سیستەمانەدا قوتابیان ڕۆڵی ئۆبجەکتیف دەگێرن و تەنها گوێگر دەبن و فێری ئەوە دەبن تەنها زانیاری خەزن بکەن وەك ( پاۆلۆ فرێری )ناوی دەبات بە میتۆدی بانکی خەزنکردن..قوتابیان لەکاتی تاقی کردنەوە دەیگەرێننەوە ،،، وەك ئەو فەرمانبەرەی کە لە بانك کار دەکات،، تەنها ئیشی ئەوەیە پارەکە بخاتە ناو ژووری بانك و لەکاتی دواکردنیشی دەیداتەوە بەوەی دوای کردووە … مامۆستا دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێ بەسەر خوێنکارانا دور لە دروستکردنی کەشێکی دیمۆکراتی و ئازاد و یەکسان بۆ گەرانەوەی دەنگ بۆ ئەوانەی دەنگیان نیە ….. هەر بۆیە (ئۆگوستۆ بواڵی ) بەرازیلیش سوودێکی گەورە لە میتۆدی پیداگۆگی دەبینێ بۆ شانۆی سەکۆ ……. (ئۆگۆستۆ بواڵ) ئەم خاڵەی پاوڵۆ فرێری وەرگێرایە نێو شانۆوە .. کە دەلێت قوتابی لە کەسێکی پاسیڤەوە دەگۆرێت بۆ کەسێکی ئەکتیف … بواڵ دەڵێت دەبێت بینەران ئەو رۆڵە پاسیڤە فڕێ بدەن نەهێڵن ئەکتەرەکان لەبری ئەوان قسە بکەن و ڕۆڵ ببین بەڵکو خۆیان پەرچە کرداریان هەبێت و کار بکەن و ببنە بەشێکی ئەکتیڤی و کاریگەری نێو شانۆگەرییەکە .
(کارین بیروس) کەپێداگۆگێکی درامایە و لە فێرگە سەرەتایی و ناوەندیەکاندا گەشەی بەمیتۆدەکەی بواڵدا کە بگونجێت لەگەڵ منداڵان و لاوان و خوێندکاران وکارکردن لەگەل جیهانی خوێندن و فێرگەکاندا..
(کارین )ناوی شانۆی سەکۆ یان شانۆی دەمەتەقێی گۆری بە گەمەی سەکۆ یان گەمەی دەمەتەقێ …منداڵان لەم یاریەدا زۆر شاد و دڵخۆش دەبن و گاریگەریەکی زۆر پۆزەتیڤی دەبێت لەسەریان………..(شتەکان زۆر ئاسان دەکرێت هەموو تییدا بەشدار دەبن و شێوەی ئاهەنگ ئاسا لەخۆ دەگرێ )

هەر بۆیە پەروەردەی تەندروست ،، باخچەی ساوایان و فێرگە و قوتابخانە دەبێتە جێگەی دەستپێکردن و رێکخستنی جوڵەو یاری و فێر کردن و بەتاڵکردنەوەی ئەو هەموو وزە شاراوەیە و خۆشی و چێژ بەخشەی منداڵ تێیدا ئازاد و خۆشنوود و بەختەوەر دەبێت بە شێوەیەکی سیستیماتیك.
منداڵ لەو کاتەی دەچێتە فێرگە هەر لەیەکەم رۆژی دەستپێکردنیەوە دەکەوێتە نێو پرۆسەی فێر بوون و دیالۆگ لە رێگەی یارییەوە …. یاری دەبێتە وانەی یەکەم و دەستپێكی خۆشی بەخشین و ئاهەنگ ئاسا و کرانەوەو ناسینی منداڵ بەڕووی ئەو شوێن و جێگە ڕەنگاو ڕەنگە جوانەی بۆی ئامادەکراوە لەیەکەم بەرکەوتنی دەیبینێت و سەرنجی رادەکێشێ لەگەڵ ناسینی کۆمەڵێك منداڵی هاوتەمەنی خۆی لەهەردوو ڕەگەز….پێدانی ئەو هەست وسۆز و خۆشەویستی و دڵنیایی و هاوڕێیەتیەی لە لایەن مامۆستا و کارمەندانی بواری پەروەردەو فێر کردن بۆ بەتاڵکردنەوەی وزە شاراوەکانیان وگوێگرتن لێیان . دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکان بە عەشق و خۆشییەکەوە ڕو بکەنە فێرگە و مێشك و جەستەیان بدەن بەدەست ئەو پەروەردەیەی کە دەوڵەمەندە بە کایەی زانستی وهونەری وکەناڵە چێژ بەخشەکان و یەکسانی و پێکەوە ژیان و لە یەکتری فێر بوون و پێکەوە جوان بوون دەبێتە ناوەرۆکی پرۆسەی خوێندن دور لە ستەمکاری وترس و جیاوازی .
کەواتە گەمە یەکەم میتۆدی دەستکردن بەکاری پەروەردە وفێرکردنە، ، ، منداڵان بەو بووکەڵەو پارچانە یاری دەکەن کە لەناوپۆلەکەدا بۆیان ئامادەکردون لەگەل بیستنی موزیکی منداڵانە و یاری کردن بەڕەنگ لەڕێگەی بۆیەی قەڵەمی و باستیل و زەیت و قوری رەنگاو ڕەنگی دەستی و قوماش و کاغەز و بوکەڵەکانیان، پاشان ووتنی هەندێ پیت و ووشە و ژمارە بە شێوەیەکی ریتم ئامێز و کردنی بە یارییەکی سەما بەخش و پڕ جووڵە و زمانی ئاماژە و زمان و دەنگی ئاژەڵ و زیندەوەرەکانی تر و نواندنێکی ئیرتیجال و نزیك بوونەوەیەکی تەواو لە جیهانی باڵندەو ئاژەڵەکان و لاسایکردنەوەیان ، زۆرجار چوون بۆ لایان و بەشداریەکی تەواوی هەمووهەستەکانیان بەشێوەیەك منداڵەکان تێیدا ئەکتیفو بەختەوەر دەبن ، دەبێتە سەرچاوەی پرسیارکردن بۆیان سەبارەت بەو شتانەی دەیبینن و دەیکەن . ئەم جۆرە هەوڵدانە ڕۆژانە بەفێرکردنی پیداگۆگی زیاد و بینینی سەرنج ڕاکێشەوە زیاد دەکات چەند بارە دەبێتەوە ،هەموو مانگێك جارێك یان دوو جار ئەو بابەتانەی فێربوون لەسەر شانۆی قووتابخانە بەشێوەی رێکخراوی هونەریانەی ڤیستیڤاڵ ئاسا ، هۆڵەکە دەڕازێننەوە بەو وێنە ی هێڵکارییانەی دروستیان کردووە لەگەڵ نواندن و گۆرانی و سەما پێشکەش بە یەکتری دەکەن بەئامادەبوونی دایکان و باوکان، لەلایەن پسپۆرانی بواری پەروەردەو فێرکردنەوە و دایکان باوکان زۆر هاندەدرێن ، ئەم جۆرە یاری نواندنە هونەرییە بەردەوام لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا بوونی هەیە وهەر قۆناخە و بەشێوازێکی جیاواز و گونجاو و ئاست بەرزتر جێبەجێ دەکرێ . ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی هەستێکی هونەری هەر لەسەرەتاوە بەشێوەیەکی تەندروست .قۆناخ بەقۆناخ ئەو حەزو ئارەزووە بۆ هونەرلە دروست بوون و گەورەبوون وگەشەدا دەبێت … دواجار لە ئەنجامدا زۆرێك لەم قوتابیانە دەبنە هونەرمەند لە بواری هونەرەکاندا کار دەکەن ، وەئەگەر نەشبن بەهونەرمەند دەبنە بینەرێکی باش بەگشتی بۆ هونەرەکان … ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەبێت ئێمەش لە پەروەردەدا زۆر ئازایانە و بێ دوو دڵی دەستی بۆ بەرین و کار بۆ بکەین تاکو یاری وەک داینەمۆیەک بێ بۆ هەموو وانەکان و دواجاریش وانەی تایبەت بە هەموو بوارەکانی هونەرەکان هەبێت و ستەیجێکیش لەهەموو قوتابخانەکاندا هە بێت بۆ چالاکی و پێشکەش کردنی بابەتە هونەرییەکانیان کە بە بەردەوامی قوتابیەکان لە هەموو قۆناخەکان بابەتەکانیانی بۆ هاورێکانیان و باوکان و دایکان و ئارەوزومەندان پێشکەش بکەن … ئەم ئەرکە بەرۆکی هونەرمەندان و سەندیکاکەیان بە تایبەت دەگرێتەوە و لەگەل هەوڵی رۆشنبیرانی نیشتیمان و خەمخۆرانی پەروەردەو و کەسانی مرۆڤ دۆست . بۆئەوەی لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە بیکەنە بابەتێکی سەرەکی وفشار ئامێز ، بەسەر وەزارەتی پەروەردەدا بۆ جێبەجێکردنی و ئامادەکاری بۆی… . مەحاڵە بتوانین بەبێ ئەکتیڤ کردنی بواری پەروەردە لە ڕێگەی یاری و فێرکردنێکی پیداگۆگی و یەکسانی ، قەیرانی بینەر وشانۆکەی وبوارەکانی تری هونەر تێ پەڕێنین .

لە کۆتادا دەڵێم ،،، کەمندال لە رێگەی گەمەوە پەرە بە هزو خەیاڵی دەدات و گەشەی دەرونی و جەستەی و عەقلی دەکات …. هەروەها لە رێگەی گەمەوە خۆی دەناسێو ئاشنا دەبێت بەدەوروبەرو پەیوەندیە کۆمەلایەتییەکانی پەرەپێدەدات ..

سەرچاوەکان /
١.. هونەری پەروەردە و پێداگۆگی ستەملێکراو … نوسینی/ پاولۆ فرێری .
2.. شانۆی سەکۆ یان شانۆی دەمەتەقێ / ئۆگستۆباڵ.
٢..ڕۆشنبیری منداڵان ..دراسات وافکار .
٣..جوڵە لە شانۆدا / د ..عونی کەرومی .
٤.. پەیڤێك بۆ سەما / نووسینی .. سێرجی لیڤار .

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

به‌ره‌و هونه‌رێکی ڕه‌سه‌ن

کام جۆره‌ ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ک … ؟ له‌که‌یه‌وه‌ ده‌ستپێ بکه‌یین؟ پار……… دوێنێ…. سبه‌ینێ…. ؟ ئه‌ی که‌ی … …