سەرەتا / ئەدەبی / ئستاتیکای وشە لەشیعری نەوەی دوێنێ و نەوەی ئەمڕۆدا

ئستاتیکای وشە لەشیعری نەوەی دوێنێ و نەوەی ئەمڕۆدا

سەدیق سەعید ڕواندزی
مالارمێی شاعیری فەڕەنسی وجیھانی دەڵێت: (شیعرتەنھازمانە)ئەم بۆچوونەلەلایەن زۆرلەنووسەرانء ئەدیبانی دنیا،جەختی لێکراوەتەوە.ئەوەش وەک ئاماژەیەک کەزمان توخمێکی سەرەکی دەقی ئەدەبی بەگشتیءدەقی شیعریشەبەتایبەتی. بەومانایەی ئەگەرلە ژانرەکانی دیکەی ئەدەبدا وەک چیڕۆکءڕۆمان،جگەلەزمان توخمەکانی دیکەش لەشێوەی کاتءڕووداووکارەکتەر،بینای ھونەری دەق پێکبھێنن، ئەوالەشیعردا بینای ھونەری دەق تەنھا زمانە وزمان لەدەقی شیعریدا لەیەک کاتدا ئستاتیکای دەربرینء شیعریەتءچێژء وێنەی ھونەری بەرجەستە دەکات. لەکاتێکدا لەچیڕۆکء ڕۆماندا، زمان پترڕۆڵی گێرانەوە ووەسف وگوزارشت لەڕووداوەکان دەبینێت. زمان لە شیعردا،بەدەرلەوەی لەفۆڕمێکی سادە، یا ئاڵۆزدایە، ناوەڕۆکێکی ساکار، یان بابەتێکی ئاڵۆزو تەمومژاوی ھەیە، ئەوەی گرنگە ئەو زمانە چەند دەتوانێت شیعریەت، چێژءمانا، دروست بکات. زۆرجارلەپشت زمانێکی سادەوە، مانای قووڵءدەربڕینی ھونەرییانەی جوان دەبینین. گەلێک جاریش لەپەنای زمانێکی ئاڵۆزوتێکچڕژاوەوە مانا وندەبێت. لەبە شێکی زۆری ئەزموونی شاعیرانی ئێمە وەک(شێرکۆ بێکەس_پەشێو_ھێمن موکریانی_ ڕەفیق سابیر)ء چەندان شاعیری تریش، زمان لەبەشێک لەدەقەکان لەفۆڕمێکی سادەدایە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ھەڵگری مانایەکی قووڵ، چێژءئستاتیکایەکی ھونەرییانەی ھێندەبەرزە، کەخوێنەر سەرسام دەبێت لەوەی چۆن لەپشت ئەو زمانە سادەوە، ئەوھەموومانابابەتیءفەلسەفییانەدەبینین. چڕکردنەوەی زمان وبیناکردنی ءێنەی ھونەرییانەی شیعری جوان، دەشێ لەڕێگەی زمانێکی سادە لەفۆڕمیشدا، بەرجەستە بکرێت. ئەوە تواناکانی شاعیرە کەچۆن و بەچ شێوەیەک زمان دەکاتە پانتاییەک بۆدروستکردنی شیعریەت وچێژلەدەقدا. بێگومان ئەمە بەومانایە نییە کەزمانی شیعر ھێندە سادەبکرێتەوە تائاستی زمانێکی نائەدەبی. بەڵکوبەومانایەی چۆن لەڕێی چەمک ودەستەواژە زمانییەسادەکان، جوانترین وێنەی شیعری درءست دەکەین. ھاوشێوەی ئەوقوڕەی کەلەکاتی پرۆسەی قوڕبووندا، جگەلەکەرەستەیەکی سادە ونائستاتیکی، سەرنجێکی ئەوتۆی ئێمەڕاناکێشێت.بەڵام لەھەمان ئەوقوڕەشێداراوەدەتوانرێت جوانترین گۆزەونەخشەی ھونەری پێ دروست بکرێت. لەوڕوانگەیەشەوە دەشێ شیعریەت وئستاتیکای وشە لەڕێگەی زمانێکی ساکارلەفۆڕم وسادەلەناوەڕۆک،بێتە بوون. بەڵام بێگومان زمان فابریکای دروستکردنی وشەیەوھیچ شاعیرێک ناتوانێت بەبێ بەردەوامی وقوڵبوونەوەو لەزمان وباکگراوەندی زمانی درێژە بە ئەزموونی شیعری خۆی بدات. چونکەلەوکاتەدا جگەلە کاوێژکردنەوەی چەند وشەیەک ناتوانێ بە وشەو دەستەواژەی شیعری تازە بگات. شێرکۆ بێکەس بۆیە توانی بۆماوەی چڵ ساڵ زیاتریش پێشەنگی ئەزموونی شیعری کوردی لەھەموو قۆناغەکانەوەبگرێت، چونکە ئەوھەرتەنھاشاعیرنەبوو، بەڵکو فەرھەنگێکی زمانەوانیش بوو. لەشیعرەکانی ئەودا، ھەرچی وشە ودەستەواژەی زمانی ھەیە، بەرچاو دەکەون.شاعیرکاتێ لەزماندا دەتوانێ نوێبوونەوە بکات، ئەوالە شیعریشدا دەتوانێ ھەمان نوێبوونە بکات. بێگومان بۆئەزموونی شیعری شاعیرانی تریش. لەوڕوانگەیەوە کاتێ بەراوردی وشەی(شیعری) لەدەقی ئَێستای شیعری نەوەی نوێ وشیعری ھەفتاکانی سەدەی ڕابردووی ئەزموونی شیعری کوردی دەکەین، دەبینین لەزۆرلایەنی ھونەری وئیستاتیکی، شیعری ئەوقۆناغە لە شیعری شاعیرەگەنجەکانی ئێستامان جوانترە. وشەکان لەودەقە شیعریانەدا، ئستاتیکی تر، مانادارتر، شیعریەتردەکەونە بەرچاو کە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن. گۆرانی شاعیر نیو سەدە زیاتر لەمەو بەر وشەی (ئاڵتونی داری) لەشیعردا بەرجەستە کردووە. ئەودەربڕینە زمانییە بۆئەوکات وئەزموونی شاعیرێک کەلەسەرەتای شیعر نووسیندا بووە، جۆرێک بووە لەداھێنان. چونکە وشەیەک دێتە نێوشیعرکەلە دەرەوەی زمانی باوی نووسینە. کەھەم مانادارە، ھەمیش سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت. کاتێ سەرنج لەئەزموونی شیعری شاعیرانی ھەفتاکانیش دەدەین، ھەمان ئەوئستاتیکایەی وشەی شیعری لە ئەزموونی شاعیران دەبینین. بێگومان لەلایەکەوە بە ھۆی بزووتنەوەی ڕوانگەو ڕەوتی نوێکردنەوەی شیعری کوردی، لەلایەکی دیکەشەوە بە ھۆی قۆناغی ئاشتی ودروستبوونی کەشێکی سیاسی ئازادء سەربەست، شاعیرانی ئەو قۆناغە توانییان ئەزموونێکی دیکەی جیاواز لەڕووی نووسینی شیعرەوە بێنەئاراوە. کەبەقۆناغی ڕوانگەدەناسرێت. لەوقۆناغەدا،چەندین وشەو دەربڕین و دەستەواژەی شیعری نوێ دەبینین، کەھەڵگری ماناو چێژوشیعریەتن. کاتێکیش ئەم وشانە بەراورددەکەین لەگەڵ بەشێک لەووشانەی لەشیعری نەوەی ئێستادا ھەن، دەبینین شیعری ھەفتاکان لەشیعری نەوەی ئێستا ئستاتیکیترە. زمان لەبەشێکی زۆری شیعری ئەونەوەیە، ھیچ ھونەرکاریی و جوانکارییەکی تێدانییە، کەببێتە جێگەی سەرنجی خوێنەر. لەھەندی کاتدا، ھێندە لاوازو سادەو نائستاتیکی دەبێتەوە، وەک زمانی باوی جەماوەری لێدێت. ئەمە بەبڕوای من وەک خوێنەرێک بەشێکی زۆری پەیوەندی بەنەبوونی ماناو ناوەڕۆک و پەیامی ئەو شیعرانەوە ھەیە، کەھەندێکییان دەرەدڵ و ھەندێکیشیان ورێنەی شیعرین، نەک شیعر بەماناڕاستەقینەکەی. لەکاتێکدالەشیعری ھەفتاکان و بەتایبەتیش دوای ھەرەس ھەم شیعر بەگشتی و ھەمیش وشەی شیعری بەتایبەتی، ئەرک وڕۆڵێکی ھەیەلەدەقدا. جاسیاسی، یاخودکۆمەڵایەتی و پەروەردەیی.لەشیعری ھەفتاکاندا، بەتایبەتیش قۆناغی دوای ھەرەس،وشە لەشیعردا زۆرتر لەمەدلولێکی شیعری ھەیە، شاعیرانی کورد لەو قۆناغەدا، کەدەچێتە خانەی شیعری سیاسی وسیمای بەرگری و ھەستانەوە و یاخیبوون، بینای ھونەری دەق پێکدەھێنن، گەرچی لە ئاستی زماندا زمانێکی واقیعی و سادە بەسەریاندا زاڵە، بەڵام زمانێکە ھەڵگری چەندان وێنەی ھونەری جوانن، کەلەکاتی خوێنەوەیاندا، ئستاتیکایەک بەدەقەکە دەبەخشن. لەشیعری ئەوقۆناغەدا، بەرچەندان دەربڕین ومانای شیعری قووڵ دەکەوین.کاتێ بەراوردی ئاستی بەرجەستەکردنی وشە لەشیعری نەوەی ھەفتاکان وشیعری نەوەی ئێستا دەکەین، دەگەینە ئەودەرەنجامەی لەبەشێکی زۆری پانتایی شیعری ئەو نەوەیە زمان ونە. ونبوونی زمان لێرەدا بەو مانایە نییە کەزمان لەشیعرەکاندا بوونی نییە، بەڵکو بەومانایەی زمانی دەربڕینی شیعریانە ونە. کەزمانی دەقێکی شیعریش ھەمان ئەوزمانە بوو کەکەسانی ئاسایی ڕۆژانەو لەکوچەو کۆڵانەکانی شارداقسەی پێدەکەن، ئیدی شیعریەت لەکوێدایە؟ ئەوکات چ جیاوازییەک ھەیە لەنێوان شاعیرێک و نانەواچییەک و کاسبکارێک؟ بۆیە دەڵێن شیعر زمانە، بەو مانایەی زمان کانگاو سەرچاوەی دروستکردنی وێنەی شیعری و ئستاتیکای وشەو چێژو شیعریەتە. دەکرێ بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، بەراورد لەنێوان چەنددەقێکی شیعری نەوەی ھەفتاکان ونەوەی ئێستاش بکەین. ئەوکات ڕوونتر جیاوازی ئستاتیکای وشە لەنێوان ھەردوونەوەدا لەئەزموونی شیعری دەردەکەوێت. بۆنموونە: (فەرھادشاکەلی) لەشیعرێکدا کەلەشوباتی ١٩٧٦ ولەدوای ھەرەس نووسیویەتی دەڵێت:*_
لەشەوێکی تاریکەدا..جوانووی ئەوین ھەڵمدەگرێ..
ڕووەو جێژوانی شین دەمبات..
ڕووەو کێلگەی ئەوین دەمبات..
دەڵێن کەرکووک پێناکەنێ..ساوای بچووک پێناکەنێ..
دەڵێن وڵات بێ ڕووبارە.. ھەتاو بریندارە..
کێ دەڵێ کوردستانی پەژارەو زام..بسکی ھەتاو داناھێنێ..
لەدوای شەوی تاریک و ڕەش..ڕۆژی زێڕین ھەڵدێتەوە..
بەھاری شین دێتەوە..ڕەوەتفەنگ بۆ ھێلانەی گەرمی سەنگەردێتەوە.

ئەم شیعرەی شاعیرکەئێمەچەندکۆپڵەیەکمان لێ نووسیوەتەوە، یەکێکە لەشیعری قۆناغەکانی ساڵی ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو.
ئەگەرلەئاستی ناوەڕۆکدا بڕوانینە ئەودەقەی شاکەلی،دەبینین ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی سیاسی دیاریکراوە کەتیایدا خامۆشی ھەموو شتێکی گرتۆتەوە. شاعیرلەنێوئەوھەمووشکست وھەرەس و نائومێدییەدا، موژدەی ھەڵھاتنی خۆرێکی تازەو قۆناغێکی تازەدەدات. شاعیربەئاشکرا بەگژئەوواقیعە دادەچێتەوەوبڕوای وایە ڕەوەتفەنگ سەنگەرچۆڵ ناکات.پەیامی ئەوشیعرەپەیامێکی سیاسی،شۆڕشگێڕیی ونەتەوەییە. وێرای ئەوەی پەیامی ھەڵسانەوەیەوئومێددەبەخشێتە مرۆڤەکان.شیعرلەوکاتدا،چەکێکی دیکەی دەستی پێشمەرگەبوو. شاعیران بەشیعرەکانییان، ھانی تۆخکردنەوەی بیروباوەڕی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی گیانی نەتەوەیی ونیشتمانی مرۆڤی کوردییان دەدا. ھاوکات چەندین وشەی شیعریش لەدەقەکەیدا دەبینین،کە ئستاتیکایەکییان بەدەقەکەداوە.شاعیرلەنێونائومێدییەکی گەورەدا، موژدەی ھاتنەوەی ڕەوە تفەنگ بۆسەنگەرەکان دەدات. کەدواتریش ھاتنەوە. ئەم شیعرەی شاکەلی، کەلەبنەڕەتدا تێکستێکی درێژە، ھەم لەڕووی ناوەڕۆک ھەمیش لەڕووی فۆڕمی شیعری،چێژومانابە خوێنەردەبەخشێ. سەرنج بدەن شاکەلی شاعیر،چل ودووساڵ لەمەو بەرچ دەستەواژەووشەیەکی شیعرییانەی ئستاتیکی لەشیعردا بەرجەستە کردووە وەک:_( جێژوانی شین_ کێڵگەی ئەوین_ بسکی ھەتاو_ بەھاری شین_ ڕەوە تفەنگ_ ڕۆژی زێڕین_پاپۆڕە وێنجەی پەرچەم_ پەلکە زێڕینەی ئەوین) وچەندان وشەی شیعری دیکەش کەبەسەریەکەوەلەڕووی فۆڕمەوەئستاتیکایەکییان بەدەقەکەداوە. کەلەکاتی خوێنەوەیدا، خوێنەرھەست بەجۆرێک لەچێژی شیعری دەکات. کاتێ بەراوردی ئەودەقەش بەنموونەبەدەقێکی شیعری نەوەی ئێستا دەکەین، یان شاعیرە گەنجەکانی ئێستا دەکەین، ئەوکات دەگەینە ئەوبڕوایەی کەشیعری دوێنێ لەڕووی وشەسازییەوە لەبەشێکی ھەرەزۆری دەقەکانی نەوەی ئێستائستاتیکی ترە.ئێمەلەبەرامبەرئەوچەندوێنە شیعرییەدا، نموونەیەک لەشیعرێکی (ڕەنج سەنگاوی) دێنینەوە. سەنگاوی لەبەناو شیعرەکەیدا دەڵێت:_**
کاتێ لەبەغدا بەدەستوورێکی عەرەبی..
عەگالێکی عەرەبییان لەسەر کردی..
بەبۆڕی بۆدورە وڵات بەڕێیان کردی..
ئەوڕۆژە شینم بۆکردی..
خوێنەرکەئەوبەناوشیعرەدەخوێنێتەوە، نازانێ ئەمەشیعرەیان فەرمانگەی ئاو وئاوەڕۆ(لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆکارمەندەکانی ئەو بوارەکەدەزانم چەندماندوون). چ جوانی و ڕەھەندێکی واتایی لەو شیعرەداھەیە؟ ئەودەستەواژەودەربڕینانەی لەدووتوێی ئەوچەند پەڕەگرافەدایە،چ پەیوەندییان بەدنیای جوان وڕۆمانسییانەی شیعرەوە ھەیە؟ ئەم دەربڕینانە جگە لەچەند چەمکێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی، ھیچ بەھاوجوانکارییەکی ھونەریانەیان نییە. ئستاتیکای ئەو وشانە، نەلەڕووی فۆڕم، نەلەڕووی گوتارومانا، نەلەڕووی ناوەڕۆک، بەھای ئەوەیان نییە سەرنجی خوێنەرڕابکێشن. ئەکرێ شاعیروەک مرۆڤ ھەڵوێستی سیاسی ھەبێت، بەڵام شاعیران موڵکی نەتەوەن. پەیامی شاعیرپەیامێکی مرۆییە، نەک سیاسی وئایدۆلۆژی و شۆفێنی. عەگالی عەرەبی،ھەرچییەکوھەرچۆنێک بێت ئاماژەیە بۆکلتووری نەتەوەیەکی جیاوازلەئێمە. ئەگەرئەوانە ھێندە پەرۆشی کوردایەتین، بۆبەشداری پەرلەمانی عێراق دەکەن و بۆیەکپارچەیی خاکی عێراق سوێند بەقورئانی پیرۆز دەخۆن؟ئەمە بابەتێکی دیکەیە. بەڵام گەر سەرنج لەوێنە شیعرییەکان بدەین کەوابزانم سەنگاویش لەشیعرەکەیدا مەبەستی شاری کەرکوکە، دەگەینە ئەوبڕوایەی کەشاعیرێک چل و دووساڵ لەمەوبەر،چەندلەشاعیرێکی نەوەی ئێستای شیعری کوردی داھێنەرتربووە. چ دنیابینییەکی شیعری ودەستەواژەی شیعری، لەدەقەکانیدا بەرجەستە کردووە. بێگومان ئەگەربڕوانینە ئەزموونی شاعیرانی دیکەش،ڕەنگە ھەمان،جیاکاری ببینین. (کۆڵۆمبس کیشوەرێکی دیکەدەدۆزێتەوە) ناونیشانی نامیلکە شیعرییەکی شاعیری کۆچکردوو(ئەبوبەکرخۆشناو)ە. شاعیرلەتەمەنی بیست ساڵی ولەژێرستەم وقامچی ڕژێمی شۆفێنی بەعس، ئەوشیعرانەی چاپکردووەو وەک مانفێستێکی یاخیبوون لەدژی ئەودەسەڵاتە، شیعری نووسیوە. شیعرەکان سیمای بەرگری وھەستانەوەو،ھاتنەوەبەگژ شکستییان پێوەدیارە. لەھەمووشی گرنگتر ئەوەی جێگەی ھەڵوەستەکردنی من بوو وەک خوێنەرێک، بەرگی نامیلکەکەبوو. شاعیرلەبەرگی پێشەوەی کۆمەڵە شیعرییەکەیدا، وێنەیەکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گۆی زەوی کێشاوەوبەتۆخی بەشێکی لەوێنەکە نیشانە کردووە،کەنەخشەی کوردستانی گەورەیە.من کەئەم نەخشەسازییەم بینی،سەرسام بووم کەچۆن شاعیرێک لەسەردەمی ژێردەستەیی و ستەمی سیاسی و نەتەوەیی، لەسەردەمی پەت و سێدارەو قامچیدا، لەسەردەمی بەعس وجەلادەکانیدا، لەسەردەمی خامۆشی دوای ھەرەس، ئەو دنیابینییە شیعریەی ھەبووە. ئەوھەموو بوێریەی ھەبووە،سەرکێشی بەژیانی خۆی بکات. ئەمە وێرای ئەوەی شیعرەکانی ھەموویان گوزارشتن لەخەبات و قوربانیدان وبەرزکردنەوەی گیانی نەتەوەیی ونیشتمانی. خۆشناو لەشیعرێکی کورتی چەنددێڕیدا، لەو کۆمەڵە شیعرەدا دەڵێت:_***
ئێرە ژوورێکی تاریکە…
دەگەڕێم بۆ پەنجەرەیەک…
تاکوتیایدا بخۆمەوە پشووی درێژی ھەناسەیەک..
ئێرە ژوورێکی تاریکە..
شاعیرئەوشیعرەی مانگێک دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلول و ڕێکەوتننامەی یانزەی ئازارنووسیوە. ئەوشیعرە،لەچەندوشەیەکی سادەپێکھاتووە. ئاستی واتایی وشەکان، لەڕووی ئاماژەی زمانیدا، بۆ ھەمووان ڕوونن. بەڵام لەپشت ئستاتیکای ئەو وشانەوە،شاعیر مانایەکی قووڵی بەرجەستەکردووە. پەیامی ئەوچەندوشەیە، پەیامێکی سیاسی ومرۆییە، کەئامانج لێی ئازادی و سەربەستی تاکەکانە. لەژێرسایەی دەسەڵاتێکی شۆفێنیدا. ئێرەژوورێکی تاریکە، ئاماژەیە بۆ ئەو ژینگەو جوگرافیایەی کەشاعیرلەوکاتەدا، واتەساڵی ١٩٧٦تیایدا ژیاوە. ئەوژوورە تاریکە، وڵاتێکی زیندان ئاسای داخراوبووە بەدەستی ڕژێمی بەعس و جەلادەکانییەوە.کەلەوکاتدا، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنەوەی شۆڕش، سەدان کەسیان لەسێدارەدران. شاعیربەدوای ھەناسەیەک دەگەڕێت، بەڵام ئەوھەناسەیە،ھەناسەی نێوسییەکانی ژیانی ئەونییە، کە ئەوکاتیش ھەناسەدەدات. بەڵکوھەناسەیەکە کەلەدۆخێکی ئازادی وسەربەستیدا بدرێت. ژیانی مرۆڤەکان لەوکاتەدا، لەژیانی نێو ژوورێکی تاریک دەچوو. چونکەھەمووسووچێکی ژیان، بەعس تەنیبووی. خۆشناوی شاعیرلەدووتوێی ئەوچەند وشانەدا، وێنەیەکی شیعری چەندجوانی بەرجەستەکردووە. پەیامێک لەڕێگەی شیعرەکەیەوە بەگوێی ھەمووان دەدات، کەژیانی بێ ئازادی و سەربەستی، لەژیانی بێ پەنجەرە دەچێت، کەھیچ ھەناسەوکڵاوە ڕۆژنەیەکی تێدا نەبێت. لەبەرامبەر ئەو چەنددێڕە شیعرەی شیعری ھەفتاکاندا، نموونە لەشیعری شاعیرێکی نەوەی ئێستای شیعری کوردی دێنینەوەکەئەویش(بەشدارسامی)یە. شاعیرلەوشیعرەیدا، لەکۆپڵەیەکدا دەڵێت:_****
خەریکم بۆ چێشتخانەیەک دەچم.
داوای پێنج جۆرخواردن دەکەم..
دواتریش دەچمە چایخانەیەک..
داوای شەش چا دەکەم..
ئەگەرلەئاستی فۆڕمی شیعریدابڕوانینە ئەوچەنددێڕانە، ئەوا بێگومان بەرھیچ ئستاتیکاوشیعریەتێک ناکەوین. وشەکان وشەی نامۆزیکی وناشیعرین. ئەو وشانەن کەڕەنگەھەموومان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی وڕۆژانە، بەکاریان بێنین. چونکەڕۆژانەملیۆنان کەس لەماڵەوەو لەچێشتخانەوچایخانەکاندا، نان دەخۆن ودواتریش چایەک نەک شەش چا دەخۆنەوە. وشە لەوچەند دێڕانەدا ھیچ جوانکاریەکییان نییە تاکو ببنە جێگەی سەرنجی خوێنەر.ئەمە لەلایەک،لەلایەکی دیکەوە ئەگەر لەئاستی ناوەڕۆکدا بڕوانینە ئەم چەندوێنانە، دەبینین شاعیر بانگەشەی زۆرخۆری دەکات. باس لەوەدەکات گەدەمان لە بڕی ھزرمان تێربکەین. ئەگەر خواردن و خواردنەوە وەک پێداویستییەکی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان ببینین، بێگومان کەس بێ خواردن ناژیت. ئەمە گرفت نییە، بەڵام ئایادروستە کەچووینە چێشتخانەیەک، داوای شەش جۆری خواردبکەین؟ ئاخۆخواردنی زۆرچەندحەزووئارەزوو بێت،ھەزارئەوەندەش مەترسی نییە بۆسەر ژیان وتەندروستیمان؟ کێشەی ئێمەلەوەدایە. لەنێوان چێشتخانەیەک و چێشتخانەیەکی تردا، یەکێکی دیکەیان ھەیە. بەڵام ھەمووشارێک کتێبخانەیەکی ھەیە. ئەگەر کۆمەلگایەک لە خەمی ئەوەدا بێت گەدەی تێر بکات، ناپرژێتە سەرەوەی ھزری تێربکات. شاعیردەبێ بەشیعرەکانی بەگژئەودیاردە نادروست وناپەروەردەییانە دابچێتەوە کەبەشێکن لەنەخۆشی کۆمەڵایەتی کۆمەلگە. دەبێ لەڕێی پەیامی شیعرەکانیەوە، مرۆڤ ھوشیار بکاتەوەو فێری ئەتەکێتی خواردن و ژیانیان بکات. نەک کە چوونە چێشتخانەیەک، لەبڕی خواردنێک داوای شەش جۆربکەن. خوێنەر کاتێ ئەو دەربڕینانە لەشیعری نەوەی ئێستا دەبینێت و بیری فڕێدانی پەچەی شەرمی شیعری بێکەسیش دەکات،کەھەفتا ساڵ زیاترلەمەوبەرباسی نەمانی جیاوازی نێرو مێ دەکات، ئەوکات باشتر لەماھیەتی شیعری ئەو نەوەیە دەکات.باشتر درک بەئاستی نووسینی شیعری ئێستاودوێنێ دەکات. ھەڵبەتە، ئەگەربەشیعری قۆناغی ھەفتاکان دابچینەوە، وەک قۆناغێکی شیعری کەشیعرەکان جۆرێک لە زمانی ئایدۆلۆژیاو ڕیالیزمیانەشیان ھەبووە، بەڵام وێنەی شیعری جوانیش دەبینین.واتە شاعیرانی ئەوقۆناغە بەگشتی ھەر تەنھا فۆڕمی شیعرو ئستاتیکای وشەیان بایەخ پێنەداوە، بەڵکو لەئاستی گوتارو ناوەڕۆکیشدا، ھەڵگری گومان و پرسیارو لێکدانەوەی دیاردەکانی ژیان بوونە. لەپەراوێزیشەوە ڕەخنەیان کردووە. ھاوکات ھانی مرۆڤی کوردییان داوە، ھەمیشە بە گشت ژیانی باوو دابچێتەوە یاخی ببێت لە ئاست ئەو کۆت و بەندانەی ئازادییەکانی مرۆڤ سنووردار دەکەن. بە پێچەوانەی بەشێکی زۆری شیعری نەوەی ئێستا کەنەناوەڕۆک، نە زمانی شیعریشیان لەو ئاستەدا نییە سەرنجی خوێنەر ڕابکێشن. بگرە ھەندێ جارزمانەکەیان ھێندە سادەو ناشیعری دەبێتەوە، کەخوێنەر لەخۆی بپرسێت کەئەمە شیعرە، یاخود ورێنەی کەسێکی نەخۆش کە لەتایەکی بەرزدایە.ھەتا بەشێکی زۆری شیعری ئەوەنەوەیەش بەراورد بکەین بەشیعری ھەفتاکان، باشتر ماھییەتی پووچگەرایی شیعری بێ ناوەڕۆک و ئەرزشمان لای ئەونەوەیە بۆدەردەکەوێت. لەشیعری ھەفتاکاندا(جەلالی میرزا کەریم) ناوێکی دیاروبەرچاوە.شیعرەکانی ھەڵگری پەیامێکی مرۆیی و شۆڕشگێرین کەھەمیشە خەون بە ژیانێکی شایستەتر دەبینێت. ئەم شاعیرە داھێنەرە لەشیعرێکیدا کە لە ساڵی ١٩٧١ بڵاویکردۆتەوە دەڵێت:*****_
دڵدارەکەم…دوای خوێندنەوەی ئامۆژگاریی..
سێبەری تەرمی مردووان بە خوێن بشۆن..
سەرھەڵگرن بڕۆن بڕۆن..
ڕێکخەری شار وتی بۆ کوێ سەرھەلگرم..
قورگی کام نەھەنگی تاری دەریای شەوگار.. بە سەوڵی پرچم ھەڵدرم..
سەرھەڵگرن بڕۆن.. جارێکی تر سەنگەر بە خوێن بەگڕبشۆن..

چل و ھەفت ساڵ لەمەوبەر، جەلالی شاعیرچەندین وشەی جوانی لە شیعرەکەیدابەرجەستەکردووە، کەکاتێ خوێنەردەیخوێنێتەوە، سەرنجیان ڕادەکێشێت.(سێبەری تەرم)(قوڕگی نەھەنگ) (سەوڵی پرچ)(سەنگەری گڕ). ئەم وشانەبەسەریەکەوە، لەپاڵ مانایەکی شیعری، ئستاتیکایەکیشیان بەدەقەکە داوە. بێگومان ئەگەرلەئاستی ھێزووتوانا بڕوانینە پرچی مرۆڤ، ئەوا ھەرگیز ناتوانێت ببێتە سەوڵ. بەڵام داھێنان و جیاوازی ئەم شاعیرە لەوە دایە کەپرچ دەکاتە سەوڵ. بەڵام وەزیفەی شیعرلێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکودەست پێدەکات. ئەم قژەھەرتەنھا بۆماتریالێکی مردوو نابێتە سەوڵ. بەڵکوکاروئامانجی خۆی ھەیە. ئەویش دەبێ قورگی نەھەنگی دەریای شەوی تاری پێ ببرێت تاکوئاسۆ دەربکەوێت. دەبێ سەنگەر بەخوێن بەگڕبشۆن، بۆ ئەوەی بگەینە خۆری ئازادی. بێگومان من دەزانم لەنێوان ئەرک و ڕۆڵی شیعرلەھەفتاکان وئێستادا، جیاوازییەکی چەندگەورەی مێژوویی و بابەتی و کۆمەڵایەتی ھەیە. بۆیەمەبەستی ئێمەئەوەنییە شاعیرێکی ئێستا، وەک ھەفتاکان بنووسێت.چونکە دەزانین ناوەڕۆک وپەیامی شیعرجیایەلەئێستادا بەڵام شیعربەگشتی ھەڵگری پەیامێکی ئینسانییە.ئەوڕەھەندەئیسنانییە پەیوەست نییەبەقۆناغێکی دیاریکراو. دەشێ لەھەمووکاتێکدا ڕەنگبداتەوە.چەند ژیان ئاڵۆزبێت، چەندمرۆڤ لەنێوخەمەکانی بوون وڕۆژگاردا نغرۆببێت، ئەوڕەھەندە ئینسانییە قوڵتردەبێتەوە. لەبەشێکی زۆری شیعری نەوەی ئێستادا، ئەو ڕەھەندە ونە.شیعربۆتەقسەی ڕێزکراوی بێ ماناو بێ فۆڕم و ناوەڕۆک. بۆتەنووسینەوەی دیاردەکانی ڕۆژ.ئەزموونەتایبەتی و کەسییە بێ ماناکانی خۆیان کەھیچ پەیوەندییەکییان بەخوێنەری شیعرەوەنییە.ئێمە لێرەداوەک خوێنەرێک لەبەرامبەرئەوشیعرەی(جەلالی میرزا کەریم)دا، نموونەلەشیعری شاعێرێکی نەوەی ئێستادێنینەوە.(غەمگین بۆڵی) لەشیعرێکدا دەڵێت:_******

بمخەنە قۆدییەک..
سەرم لەسەر دابخەن..
تاسەردەمێکی تر..
لەپەراوێزی ونبووندا بمشارنەوە..
شاعیر لەبڕی ئەوەی بە گژ ئەو اقیعەدا دابێتەوە کە تیایدا لەنامۆبوون و بەریەککەوتندایە، بەپێچەوانەوە خۆی لەقۆدییەکدا دەشارێتەوە. واتە بەکورتییەکەی ھەڵدێت. بۆخۆی دەژیت و ئیدی باکی بەوەنییەلە دەوروبەری چی دەگوزەرێ، چی ڕوودەدات. ئەوەگرنگە خۆی لەو سەردەمەدا ھەڵبێت و لەپەراوێزێکدا بیشارنەوە. بێگومان مرۆڤیش کەخۆی شاردەوە ئیدی ھیچ ڕۆڵێکی لەئاست گۆڕانکارییەکان نابێت. ناتوانێت ئەو واقیعەی تیایدادەژیت،بەواقیعێکی گونجاوتربگۆڕێت.شاعیران نابێ بچنەوە نێوخۆیان. دەبێ یاخی ببن. دەبێ ھەوڵی جوانترکردنی ژیان بدەن. دەبێ مرۆڤەکان فێربکەن بە گژواقیعی دۆگمادابچنەوە. دەبێ لەڕێی شیعرەوەئەوھەستەیان لا دروست بکەن کەژیان ھەرکاتێ وەستا بۆگەن وزەڵکاودەبێت. شاعیر دەبێ لەڕێی پەیامەشیعرییەکەیەوە ئەوھەستە لای ھەموومان دروست بکات کەژیان خۆشاردنەوەنییە.بەڵکونوێبوونەوەوگۆڕانکارییە. خوێنەر کاتێ ئەوبەناوشیعرەی بۆڵی دەبینێت وبەراوردی دەکات لەگەڵ شیعرەکەی جەلالی میرزاکەریم، دەگاتە ئەوڕاستییە کەشاعیرێک چل و ھەفت ساڵ لەمەوبەرکەنیوئەوەندەی ئێستاش ژیان ناشرین وبێ مانا نەبووە، چۆن لەشاعیرێکی نەوەی ئێستا زیاترونوێگەریانەتربیری کردۆتەوە.چۆن ڕوانیویەتییە ژیان چۆن ھانی مرۆڤەکان دەدات یاخی ببن وبڕۆن. بەڵام شاعیرێکی ئێستا،ئێستایەک کەبەھەمووپێوەرێک ژیانێکی ئاڵۆز، بێ مانا، بێ جوانی و بێ ناوەڕۆک، بێ پیرۆزی وبێ بەھا مرۆییەکانە، خۆی دەشارێتەوەلەپەراوێزێکی ونبوودا. ئەمەش دەلالەتە لەوەی کەشیعرئەو ڕۆڵەومانای جارانی نەماوە. لەکاتێکدا سەردەمانێک پێشمەرگە ھەبوو خۆزگەی دەخواست شەھید ببێت، تەنھا بۆ ئەوەی شێرکۆ بێکەش شیعرێکی بۆبنووسێت. کەچی نەوەی ئێستا باسی قۆدی وخۆشاردنەوەدەکات. کەنەچەمکی شیعرین، نەئستاتیکی و ڕەھەندێکی وشەسازیشیان ھەیە کەسەرنجی خوێنەرڕابکێشن. شیعر ھەرتەنھا ناوەڕۆک نییە، بەڵکولەیەک کاتدا فۆڕم وناوەڕۆکە. بۆیە ئاستی چێژبینینی دەقێک لەشیعردا پەیوەستەبەوشەی شیعری وئەو وێنەھونەریەشی لەڕێی زمانەوە بەرجەستەدەکرێت. ئەگەر ئستاتیکای وشەلەشیعردا لەئاستێک نەبێت کەسەرنجی خوێنەرڕابکێشێ ئیدی جیاوازی لەنێوان شیعرو قسە چییە. کەشیعر ماناو چێژو جوانی جارانی نەماوە لەبەرئەوە نییە سەردەمی شیعروخوێنەری شیعر نەماوە.بەڵکولەسۆنگەی ئەوەیەکەزۆرجارشیعر دەبێتەقسە ڕێزکردنێکی ئاسایی بێ ناوەڕۆک، کەناتوانێت بەقەدگێڕانەوەی چیرۆِکێکی میللی بەر ئاگردان سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێ..

پەراوێزەکان:_
*ڕەوە تفەنگ ھێلانەی سەنگەر چۆڵ ناکات/ شیعر/ فەرھاد شاکەلی/ ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە_١٠١٥)ڕۆژی پێنچشەممە ١٦-١١-٢٠١٧.
**شیعری ڕەنج سەنگاوی/ ڕۆژنامەی(ھەولێر) ژمارە(٢٧٣٢)لە ٢١_١١_٢٠١٧.
*** کۆلۆمبس کیشوەرێکی دیکەدەدۆزێتەوە/شیعر/ئەبوبەکر خۆشناو/١٩٧٦_ھەولێر.
**** شیعری بەشدارسامی(ڕەخنەی چاودێر)ژمارە(٥٧٦)لە ٢٠_١١_٢٠١٧.
***** شیعری (جەلالی میرزاکەریم) ڕوانینەکانی چاوی شەقام. کەبەسوپاسەوە سەباح ڕەنجدەری شاعیر، جارێکی دیکەو لەچاپێکی نوێدا ئەو کۆمەڵە شیعرەی چاپکردۆتەوە.
****** شیعری غەمگین بۆڵی لەڕووتبوونەوەی وشەکان..

*ئەم ڵێکۆڵینەوەیە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١٠٦٨)ی ڕۆژی ٢٠-١٢-٢٠١٨بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

نامەکانی ئیشق، ھەموو بەیانییەک

سەردار ڕەزا جاف ٤- بەیانییە و لە ژوورێکی سیغناخی نامۆیی نوێدا ژێی میلۆدی نیشتیمانم زەنگی …