سەرەتا / ئەدەبی / دیدێکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی- لەبومەلێڵەوە بۆ زەردە پەڕ

دیدێکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی- لەبومەلێڵەوە بۆ زەردە پەڕ

سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان، لێکۆڵینەوە لە مێژووی سەدەیەکی ناوچەیەک لە ھەر بوارێکەوە بێت بە تایبەتیش ئەدەبیات، کارێکی سەختە و وردەکاریی و لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوەی مێژوویی بە بەلگەوە دەوێت. چونکە سەدەیەک، سەد ساڵ دەکات و بەلایەنی کەمەوە لە ماوەی ئەو مێژووەدا ھەر دەقێکی ئەدەبی نووسرابێت، دەبێت ئاماژەی پێ بکرێت. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە ئەدەبیات چەمکێکی بەر فراوانەوە بە تەنھا ژانرێکی ئەدەبی ناگرێتەوە. بۆیە ناتوانین بە تەنھا ژانرێکی ئەدەبی بکەینە پێوەر بۆ کۆی بەرھەمە ئەدەبییەکانی ناوچەیەک. چونکە ئەدەبیات، شیعرو ڕۆمان و چیڕۆک و حیکایەتی میللی و فۆلکلۆری و ئەدەبیاتی سەر زارەکی و چەندین لایەنی دیکەش دەگرێتەوە.کە پێویست دەکات ھەر لایەنە و لە ژێرناونیشانێکدا، لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکرێت.چونکە دواجار ئەمە دەبێتە بەشێک لە ھەڵدانەوەی ڵاپەڕەکانی مێژوو لە ڕابردوودا، کە دەشێ لە ئێستاوە بگە ڕێینەوە سەری. کەچی دەبینین بەشێک لەو ھەوڵانەی لەو بوارەوە دەدرێن، چەندین کەم و کورتییان لە ڕووی مێژوویی و فەرھەنگییەوە ھەیە. چونکە نووسەرەکانیان نەیانتوانیوە وەکو پێویست ئەو بابەتانە شەن و کەو بکەن. کتێبی( لە بومەلێڵەوە بۆ زەردەپەڕ) کتێبێکە لە بارەی مێژووی ئەدەبیاتی سەد ساڵی ناوچەی باڵەکایەتی لە ساڵی ١٨٠٠تاکو ١٩٠٠زایینی. خوێنەر کاتێ ئەو ناونیشانە دەبینێت، بیری بۆ ئەوە دەچێت کە ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و پوخت و چڕی ئەدەبیاتی باڵەکایەتییە. کەچی کاتێ ناوەڕۆکی کتێبەکە دەخوێنێتەوە،بەر ڕایەکی جیاوازتردەکەوێت. چونکە ناوەڕۆکی کتێبەکە جگە لە چەند وتارێکی سادە کە لە ڕووی ئەرزشییەوە ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت، ھیچی ترلە خۆناگرێت.خەوشێکی دیاری ئەو کتێبە لە ناونیشانەکەیەتی، کە لێکۆڵینەوەیەکە لە ئەدەبیاتی مێژووی سەد ساڵەی ناوچەی باڵەکایەتی. کەچی ناوەڕۆکی کتێبەکە تەنھا باسی چەند کورتە شیعرێکی چوارشاعیردەکات. بەبێ ئەوەی باسی ژانرەکانی دیکە بکات. بۆیە دەبوو ناونیشانی ئەو کتێبە، لێکۆڵینەوەیەک لە شیعری ناوچەی باڵەکایەتی بوایە. ھاوکات کتێبەکە تەنھا لە چوار وتار پێکھاتووە. وتاری یەکەم لە بارەی ئیبن و ئادەمەوە نووسراوە کە بێگومان یەکێکە لە ناوداترین زاناکانی سەدەی پێشووتر، کە بنەماڵەکەشیان لە ئێستاشدا پێگەیەکی ئایینی دیارییان ھەیە. ئامادەکاری کتێبەکە لەم وتارەیدا، ھێندەی لە سەر بیۆگرافیا و ژیانی تایبەتی و ئایینی ئیبن و ئادەم دەوستێت، ئەوەندە باسی ئەدەبیاتی ئەو زانایە و دەقە شیعرییەکانی ناکات.بە ھیچ شێوەیەک بەڵگەیەکی مێژوویی ناخاتە ڕوو بۆ ئەوەی خوێنەری کورد لە تواناو ئاستی دنیابینی ئەو شاعیرە بە ئاگا بێت. بە پێچەوانەوە ئەوباسی خەسڵەتە دینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئیبن و ئادەم دەکات. بۆنموونە: دەنووسێت ئیبن و ئادەم دژە ستەمکار بووە. ئەمە چ پەیوەندی بە دنیابینی و پاشخانی ئەدەبی ئەو زانایەوە ھەیە؟ گریمان دژی ستەمکارانیش بووە، وەلێ کامانەن ئەو شیعرانەی لە دژی ستەمکاران نووسیویەتی؟ بۆچی ئامادەکاری کتێبەکە بە دەق نایانخاتە ڕوو؟ لە کاتێکدا لەو سەردەمەی ئیبن و ئادەم ژیاوە، چەندین ھەڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەبووە. تەنانەت میری سۆران میری محمەد، ستەمکاری دژی کەسە نزیکەکانی خۆشی دەکرد و چەندین کەسی لەناوبرد. بۆچی ئیبن و ئادەم لەو بارەیەوە شیعری نەنووسیوە؟.دەبوو نووسەری کتێبەکە لەو بارەیەوە بەڵگەی دیاربخاتە ڕوو. نووسەر ھەر لە درێژەی ئەو بابەتەیدا، لەبارەی پەیوەندی ئیبن و ئادەم بە زانایەکانی دیکەوە دەدوێت، کە ئەمانەش دەچنە خانەی ژیانی تایبەتی کەسەکانەوە نەک پاشخانی فیکری و ئەدەبییان. لە کۆتایی ئەو باسەشدا، ئامادەکاری کتێبەکە، چەند پەرەگرافێکی شیعری وەک نموونەی شیعرەکانی ئیبن و ئادەم دێنێتەوە کە بە بڕوای من وەک خوێنەرێک شیعری یەکجار بێ ناوەڕۆک و لاوازن. یەکێک لەو شیعرانە ئەوەیە کە دەڵێت:_
ھەوران کردە گۆلە گۆڵ..
میکایلا ئەتۆش دەی..
توتن و ماشان بڕشێنە..
ئەگەر سەرنج لەو چەند وێنە شیعرییە بدەین، بە ئاسانی درک بەوە دەکەین کە لە ڕووی کێش و سەروا و فۆڕمی شیعرییەوە، شیعرێکی چەند سادە و ناھونەرییە. ھاوکات وەک خوێنەرێک گومانم ھەیە ئیبن و ئادەم کە زانا و مەلایەکی یەکجار تێگەیشتووبووە، شیعری لەو شێوەیە بنووسێت. ئاخر تۆ بڵێی ئیبن و ئادەم ھوشیاریی شیعری ھێندە لاوازبێت، نەزانێت توتن (دەچێنرێت و ناڕشێنرێت)؟! ئەم دنیابیینییە لاوازە لە شیعر، بەرھەمی دیدگای شاعیرێک نییە کە دەیان نووسین و کتێبی ھەبووبێت و یەکێک بووە لە ناودارترین زاناکانی سەدەی خۆی. ئامادەکاری کتێبەکە، کە لێکۆڵینەوەی لە بارەی سەدەیەکی ئەدەبیاتی باڵەکایەتی کردووە، بۆچی نموونەی لەدەیان شیعری دیکەی ئیبن و ئادەم نەھێناوەتەوە، بۆ ئەوەی خوێنەران باشتر ئاشنای ئەدەبیاتی ئەو سەردەمە بن.وتارێکی دیکەی نێو ئەو کتێبە، باسی (مەلامحمەد)ناوێک دەکات. وەلێ ئامادەکاری کتێبەکە بە بڕوای من بیری چۆتەوە کە ناونیشانی کتێبەکەی ئەدەبیاتی باڵەکایەتییە، بۆیە ئەوەندەی باسی شێخ ڕەزا و نالی وحاجی قادری کۆیی دەکات، ئەوەندە باسی مەلا محمد و شاعیرانی دیکەی باڵەکایەتی ناکات.ئامادەکاری کتێبەکە دەبوو ئەوە بزانێت کە شێخ ڕەزا و حاجی قادر و نالی، ھیچ پەیوەندییەکییان بە ئەدەبیاتی ناوچەی باڵە کایەتییەوە نییە، بەڵکو لە شیعرەکانیاندا، ئەگەر ئاماژەیەکییان بەو ناوچەیە دابێت. کەچی ئامادەکاری کتێبەکە دەیان نموونەی لە شیعری ئەو شاعیرانە ھێناوەتەوە، بە بێ ئەوەی یەک نموونە لە شیعری مەلامحمەدی وەتمان ھێنابێتەوە.وێرای ئەم دوو وتارە کورتە، دوو وتاری دیکەش لەو کتێبەدا ھەن، کە ئەوانیش ھیچ بایەخێکی فەرھەنگی و مێژوویان نییە، چونکە پتربیۆگرافیان لەوەی لێکۆڵینەوە بێت لە ئەدەبیاتی باڵەکایەتی. بە بڕوای من وەک خوێنەرێک، ناکرێت لە ژێر ناونیشانێکی گەورە، کارێکی کرچ و کاڵ بکەین. لێکۆڵینەوە لە مێژووی سەدەیەکی ناوچەیەک، پێویستی بە ھێنانەوەی ئەرگۆمێنتی مێژوویی و دەیان بەڵگە و دەستنووس ھەیە. لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی باڵەکایەتی لە ماوەی سەد ساڵدا، بەوە ناکرێت ژیاننامەی تەنھا چوار کەس لە دوو توێی نامیلکەیەکی بچووکدا بنووسینەوە. بەڵکو دەبێ نموونە لە دەیان شیعری سیاسی و ئایینی و نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی ئەو ناوچەیە و شاعیرانی ئەو دەڤەرە ئەگەر ھەبن بێنینەوە. دەبێ ئاگاداری ھەموو ئەو نووسین و دەقە ئەدەبییانە بیت کە لە ماوەی سەدساڵ لەو مێژووەدا نووسراون. ئەوەی من وەک خوێنەرێک لەو کتێبەدا کەوتە بەرچاوم، شتێکی پێچەوانەی ناونیشانی کتێبەکە بوو. چونکە جگە لە چوار وتاری زۆر سادە و ساکار(کە خوێنەران خۆیان دەتوانن کتێبەکە بخوێننەوە) ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و مێژوویی لەو کتێبەدا ناکەوێتە بەرچاو. دواجار بڕوام وایە ئەم کتێبە، ناکرێ وەک سەرچاوەیەک بۆنووسینی دیکە لە بارەی ئەدەبیاتی باڵەکایەتییەوە پشتی پێ ببەسترێت. چونکە بابەت و زانیارییەکانی لە ڕووی مێژووییەوە ورد نین و ھێشتا پێویستییان بە ساغکردنەوە و بەدواداچوونی زیاتر ھەیە. بە تایبەتیش لە ڕووی دەقی ئەدەبییەوە. چونکە ئەدەبیات ھەر تەنھا شیعر نییە، ھاوکات مێژووی سەد ساڵی ناوچەیەکیش تەنھا لە چوار کەسایەتی و چەند وێنەیەکی شیعری لاواز کورت ناکرێتەوە، بەڵکو بەلایەنی کەمەوە لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا چی نووسراوە کە بچێتە خانەی ئەدەبیاتەوە، دەبێ باس بکرێت و لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکرێت.

*پەراوێز: ناوی کتێب(لە بومەلێڵەوە بۆ زەردەپەڕ)/ ئامادەکردنی ڕێبین مەلا ئەحمەد/ ساڵی چاپ ٢٠١٩……….

ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١١٠٩)ی ڕۆژی ٢٤/١٠/٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

ساتەکانی نێوان مەرگ و ژیان لە ڕۆمانی شورەییدا

سەدیق سەعید ڕواندزی ڕۆمانی شورەیی، چیرۆِکی توندوتیژی ئیسلامییە توندڕۆکانی بەنگلادیش بەرامبەر ھیندۆسەکانی ئەو وڵاتە بەگشتی …