سەرەتا / ئەدەبی / زمانی پەشیمانی لە کۆمەڵە شیعری زمانی باڵندەم دەزانی

زمانی پەشیمانی لە کۆمەڵە شیعری زمانی باڵندەم دەزانی

سەدیق سەعید ڕواندزی
ھەموو دەقێکی ئەدەبی،زادەی زەمەن و شوێنێکی دیاریکراوە.ئەگەر دەق بەرھەمی بیرکردنەوە و دنیابینی نووسەربێت لە ھەڵومەرجێکی دیاریکراودا، ئەوا نووسەریش وەک مرۆڤێک لە زەمەن و شوێنێک دەژیت و لە بەریەککەوتندایە لەگەڵ واقیع و دەوروبەر.لەم ڕوانگەیەشەوە، دیاردەکانی دەوروبەری دەبنە جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوە کە دواجار ئەمەش لە دنیابینی نووسەردا ڕەنگدەداتەوە. لە بەشێکی زۆری دەقی ئەدەبیدا، دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و سروشتی ژینگەیی و پەروەردەیی کۆمەلگای کوردی، بە تایبەتیش لە ڕابردوودا دەبینرێت. کە تیایدا نووسەرانی ئێمە وەک پەیامێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دەقی ئەدەبییان بینیوە و لەوێوەش ڕەخنەی ھەموو ئەودیاردانەیان کردووە کە ئەو کات بوونیان ھەبووە. ناتوانین دەقێکی ئەدەبی لەچوارچێوەی ئەو زەمەن و شوێنە داببڕێنین کە تیایدا نووسراوە.چونکە ئەو دەقە بەرھەمی ئەو زەمەن و ژینگە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیەیە. کە نووسەر تیایدا دەژیت.بۆ نموونە:_ کە نالی نامەیەک بۆ سالم دەنێرێت و باسی غوربەتی خۆی و تاسەی نیشتمان دەکات، ئەمە دەرەنجامی ئەو دابڕانە ڕوحی و جوگرافیەیە کە تیایدا نالی ناچار کردووە لە شوێنێکی دیکە بژیت. لێرەوەش ئەو دەقە ڕەنگدانەوەی لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی مرۆڤێکە، کە دوور لە نیشتمانەکەی دەژیت. ئەوی پاڵنەری دروستبوونی ئەو ھەستە و گوزارشتکردنە بووە، بێگومان بەریەککەوتنی شاعیرە لە گەڵ ژینگەیەکی ترو دووری لە نیشتمان، کەواتە شیعر لێرەدا، زادەی زەمەنە مێژووییەکەیە و دەلالەت لە کاریگەریەتی واقیع بە سەر ناخ و بیر کردنەوەی شاعیر دەکات. بۆیە دواجار، ڕایەلەکانی ھەر دەقێک ھەرتەنھا پەیوەست نین بە دنیای ناوەوەی ناخی شاعیر، بەڵکو دەرەنجامی ئەو بەریەککەوتنەشن کە لە نێوان خود و بابەت، واقیع و خەیاڵ دێتە ئاراوە. کۆمەڵە شیعری(زمانی باڵندەم دەزانی) نوێترین و دواترین کۆمەڵە شیعری کەژاڵ ئەحمەدە.ئەگەر بە وردی سەرنج لەو شیعرانە بدەین،دەبینین تا ڕادەیەکی زۆر جۆرێک لە سادەبوونەوە و پاشەکشەی شیعریی، بە ئەزموونی ئەو خاتوونەوە دەبینین، بە تایبەتیش ئەوانەی لە ماوەی دەساڵی بە جێھێشتنی نیشتمان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٨ نووسیونی.وێرای ئەمەش لە بەشێکی دەقەکانیدا، پەشیمانییەکی گەورە وەک تیمەی شیعرەکان دەبینرێت. ئێمە لێرەدا ھۆکاری ئەو پەشیمانییەی شاعیر و دەرەنجامەکەشی باس ناکەین کەلای ھەمووان دیارە لە بەرچییە.بەڵام ھەستکردن بە پەشیمانی، لە دوای ئەنجامدانی ھەر کارێک، مانای وایە بژاردەکەمان دروست نەبووە و ئەوەی کردوومانە ھەڵەیەکی گەورە بووە. بەڵام پەشیمانی لە دوای ھەڵە، بە بڕوای من ھیچ حیکمەتێکی تێدا نییە،ئەوە گرنگە مرۆڤ ھەڵە نەکات.دەنا(ھەردی)شاعیر وتەنی کە ھەڵەمان کرد دەبێ بە دەستی خۆمان، جامە ژەھرەکە بخەینە سەرلێومان. لێرەدا وەک خوێنەرێک لە سەر بەشێک لەو شیعرانە دەوەستین کە وەک باسمان کرد جۆرێک لە چەمکی پەشیمانییان تێدایە. بۆ ئەم مەبەستەش تەنھا ئەو شیعرانە وەردەگرین، کە شاعیر دوور لە نیشتمان و لە وڵاتی ئوردن نووسیونی. چونکە بە بێ دیاریکردنی ئەو پێگە کۆمەڵایەتی و زەمەنە مێژوویی و جوگرافییە،ناتوانین لەو ڕەھەندە دەروونی و ڕوحیەی شاعیر بگەین لە زەمەنی ئەوێدا. گوتاری ئەو شیعرانە، بە ئەندازەیەک ڕوون و دیارن، کە ھەر خوێنەرێک بیخوێنێتەوە، بە ئاسانی درک بەو پەشیمانییە قووڵە دەکات و ئەمەش لە شیعرەکاندا ڕەنگیداوەتەوە. چونکە دەقی شیعریی، زادەی زەمەن و ڕوانینی شاعیرە، لە چوارچێوەی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی تیایدا دەژیت. ئەمەش دەبێتە گوتارێک. کەژاڵ ئەحمەد لە شیعرێکدا دەڵێت:_
تامەزرۆم..یەکێ بە کوردی پێمبڵێت چۆنی گیان!
یان من بە منداڵێک بڵێم بە قوربان..
لە سەر زەوی ھەم کە چی نابینرێم
من لە کوێم نازانم لە کوێ؟
ھەر باخەکانی خەیاڵم لەوێن..
بە داخەوە ھەنگم لە ناو ھەنگوینی خۆیدا دەخنکێت!
شاعیر ئەم شیعرەی لە غەریبی و لەوڵاتی ئوردن نووسیوە، تیمەی شیعرەکە، گوزارشت لە دابڕان لە نیشتمان و نامۆبوونی خود بە ژینگە و جوگرافیایەکی دیکە دەکات. شاعیر ناسنامەی خۆی، کە کوردبوونە، بە جیاوازتر لە ناسنامەی ئەوانی تر دەبینێت و بڕوای وایەبوونی ئەو لەوێ بوونێکی ناتێکەڵە. تەنانەت ئەو بوونەی بە ئەندازەیەک شاعیری نیگەرانکردووە و ئازارداوە، کە ژیان لە شوێنێکی دیکە، بەوەھم بزانێت و گومان لە بوونی خۆی بکات. بێگومان مرۆڤ کاتێ لە نیشتمان دائەبڕێت، ھەست بە غەریبیەکی قووڵ دەکات. کەژاڵیش لەوێ ھەست بە غەریبی دەکات، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە، کە غەریبی ئەو شاعیرە، بە ھیچ شێوەیەک پێوانە و بەراورد ناکرێت بە غەریبی شاعیرانی دیکەی وەک شاعیرانی تاراوگە. چونکە غەریبی کەژاڵ، غەریبییەک نییە بە سەریدا سەپا بێت، غەریبیەک نییە وەک نالی بەرمەبنای دوورکەوتنەوەی ناچاریانەی نیشتمان بێت، بەڵکو ئەو خۆی ئەو غەریبیەی ھەڵبژاردووە و واقیعێک بە سەریدا نەسەپاندوە.بۆیەشە ئەگەر سەرنج لە ناوەڕۆکی شیعرەکە بدەین، دەبینین شاعیر کەمتر باس لە نیشتمان دەکات و زۆرتر باس لە خۆی دەکات، پێچەوانەی نالی کە غەریبی شارەزوور دەکات. مەحوی لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت:_( بە ئاوی تێگەیشتین ئێمە دنیا ھەر سەرابێ بوو).واتە زۆرجار مرۆڤ ژیان بە بەھەشتێک دەبینێت، کەچی کاتێ لە واقیعدا پراکتیزەی دەکات، دەبینێت تەنھا سەرابێک بووە. پێدەچێت شاعیریش بەو شێوەیە ڕوانیبێتیە ژیانی خۆی کە ئیدی بە بەختەوەریەکی ھەمیشەیی دەگات،ھەروەک خۆشی دەڵێت:_(ھەنگم لە نێو ھەنگوینی خۆیدا دەخنکێت). واتە شاعیر خۆی وەک ھەنگ و ژیانیشی لە غەریبیدا وەک ھەنگوین نیشانداوە. لە کاتێکدا ھەنگ ھەموو تەمەنی خۆی لە نێو ھەنگویندا دەباتە سەر بە بێ ئەوەی بخنکێت. ئێمە لە پەراوێزی ئەو شیعرەوە، ئاگاداری باری دەروونی و کۆمەڵایەتی شاعیر دەبین و ڕوانینەکانی ئەومان بۆ ژیان بە ڕوونی بۆ دەردەکەوێت.ئەو وەک غەریبێک لەوێ کە لە بەریەککەوتندایە و چاوەڕوانی ئەوەیە ھاوشوناسێکی بە زمانی نەتەوەییانەی خۆی سڵاوی لێ بکات، دێتە بەرچاو.لە شیعرێکی دیکەدا،کە ئەویش ھەر لە عوممانی پایتەختی ئوردن نووسراوە، کەژاڵ دەڵێت:_

پیاو کە پەست بوو ھاواردەکات..
دەرو دراوسێش دەزانن..چی دەڵێت و چی ناڵێت..
بەڵام ژن کە پەستبوو. بە بێ دەنگی ھەموو دونیا
بەسەر پیاودا وێران دەکات..
باشە پیاو بۆ وادەکات؟
ئاستی شیعری لای ئەو خاتوونە ھێندە سادە بۆتەوە، تا ئەو ئەندازەیەی شەڕەکانی نێوان دوورەگەزەکەش وەک شیعر دەبینێت،ئەم چەند وێنانە، وێرای ئەوەی لە ڕووی وێنەی ھونەریی وفۆڕمی شیعرییەوە سادە و دەلالەتن لە پاشەکشەی شیعری ئەو شاعیرە، ھاوکات لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە ھەڵگری گوتارێکی میللییانەیە کە تیایدا ھێما بۆ پاشخانی کۆمەڵایەتی کۆمەلگای کوردی و ئامادەیی ئەو ڕەگەزە لە ژیانی خێزانی و پەروەردەییدا دەکات.شاعیر پیاو وەک ھێمای دەسەڵات و تووڕەیی و ھێز پیشان دەدات و ژنیش وەک بوونەوەرێکی لاواز. بۆ من وەک خوێنەرێک، جێگەی سەرنجە ژنە شاعیرێک، کە سەردەمانێک شیعری وەک ھێمای یاخیبوون و ھاتنەوە بە گژ ئەقڵی پیاو سالاریی دەبینی و خەباتی فێمینیزمی دەکردوو دژە باو بوو!! کەچی ھێندە لاوازو دەستەمۆ لە ئاست پیاودا خۆی دەربخات. لەوە کارەساتریش ئەوەیە، ھێشتا نەزانی پیاو بۆ وادەکات و تووڕە دەبێت.چیخۆف دەڵێت:_( ئەگەر لە ماڵێکدا تفنگێک ھەڵواسرابوو، بیرت نەچێت دەبێ ڕۆژێک گوللەیەکی تەقاندبێت).دەنا تفەنگەکە ھیچ ئاماژەیەک ناگەیەنێت، دەبێ شیعریش ھەڵگری گوتاری نوێبوونەوە و یاخیبوون و ھاتنەوە بە گژئەو ستەمە بێت، کە لە پەراوێزی نێرسالارییەوە ڕەگەزی نێر لە مێی دەکات، بەڵام ئاخۆ بە شیعرێک کە ھەڵگری کرووزانەوە و دەستەمۆی ژن بێت لە ئاست پیاودا دەتوانی چی بگۆڕێت؟شاعیری ھوشیارو داھێنەر، ناپرسێت کە پیاو بۆ وادەکات، بەڵکو بە پێش پرسیارو ڕووداوەکان دەکەوێت و دەگاتە یەقین. ئەگەر پرسیاری ژنە شاعیرێک لە تووڕەیی پیاودا، ھەمان پرسیاری ژنێکی ئاسایی و نەخوێنەدواربوو، کەواتە پرسیاری شیعری و داھێنانی شیعری لە کوێدایە؟ئەوەی شیعر لە زمانی ئاسایی دەکاتەوە، وێنەی ھونەرییە، ئاخۆ لەو شیعرەدا، ھیچ وێنەیەک ھەیە سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت و چێژی لێ وەربگرێت؟ ھەموومان دەزانین شەڕەکانی نێوان ژن و پیاو لە خێزانی کوردی و لە کۆمەڵگای کوردیدا ھێندە زۆرن، چ پێویست بەوە ناکات لە شیعردا باسی بکەین، چونکە خۆمان ڕۆژانە دەیبینین و بەریدەکەوین و ڕەنگە شاعیریش بەریکەوتبێت، بۆیە بە تێڕامانەوە دەپرسێت کە پیاو بۆ وادەکات.بێگومان ئێمە لە سەرەتای ئەم وتارەدا باسمان لەوە کرد، کە ئەوشیعرانەی لە دەرەوەی کوردستان و لە عوممان نووسیونی،بەبڕوای من ڕەنگدانەوەی ھەڵومەرجی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی ژیانی شاعیرن، بۆیە چەند بە قووڵایی شیعرەکاندا ڕۆبچین، ئەوەندە ھەستکردن بە پەشیمانی لە شیعرەکاندا ھەست پێ دەکەین.بۆیە لە شیعرێکی دیکەدا، کەژاڵ ئەحمەد دەڵێت:_
لەم وڵاتە بێ خوڵقەدا..
ھەر ھێلانە چێدەکەم بۆ نیگەرانی..
من کە ھاتم. دەمتوانی قسەی خۆش بکەم..
ئێستا کوانێ. کوا ماڵی ھەیە ژیانم
وەک چۆڵەکە. بە تەنھا فڕین دەزانم
ھەموو فڕینێک، گوزارشتە لە گەڕان بە دوای سەربەستیدا، کە فڕین ھەبوو،مرۆڤ کوێی ئارەزوو بێت دەتوانێت بۆی بچێت، شاعیر لە نێوئەو ژیانەی ئەوێدا، ھەست بە نیگەرانی و بێ ماڵی دەکات،بەرلەوەی بێت بۆ ئێرە کە مەبەست(عوممان)ە کە شاعیر ژیانێکی تازەی بە خەیاڵی خۆی دەست پێ دەکرد، دەیتوانی قسەی خۆش بکات،بەڵام دوای ئەوەی بە خواستی خۆی نیشتمان جێدێڵێت و دێتە ئێرە،ھەست دەکات نە ماڵی ھەیە نە ژیان، بەڵکو وەک چۆڵەکە ئارەزووی فڕین دەکات و فڕینیش وەک وتمان گوزارشتە لە ھەڵاتن وگەڕان بە دوای سەربەستیدا. فڕینێک کە ئارەزوو دەکات، ھێلانەی نیگەرانی جێبێڵێت. ھێلانە لێرەدا سیمبولێکە بۆ ماڵ، نیگەرانیش ئاماژەیە بۆ ژیانێک دوورلە بەختەوەری،بۆیە فریادرەسێک کە شاعیر لەوێدا بیبینێت ئەوەیە، کە باڵ بگرێت و ھاوشێوەی مەلێک بە ئازادی چۆنی بوێت بۆ ئەوێ بفڕێت.لەو کۆپڵە شیعرییەدا، بە ڕوونی باری سایکۆلۆژی و دوودڵی شاعیرمان بۆ دەردەکەوێت.گوزارشت لە ژیانێک دەکات کە ھیچ خوڵقێکی ژیانکردنی تێدانییە و بە پێچەوانەوە تەنھا ھێلانە بۆ نیگەرانی چێ دەکات. لەپەراوێزی ئەو شیعرانەوە،ئێمە درک بەو ھەڵومەرجە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەی کەژاڵ ئەحمەد دەکەین کە لە غەریبیدا تیادا ژیاوە. بۆیە ناوەڕۆکی شیعرەکان ھەڵگری زمان و دیدگای پەشیمانین لە ژیانی شاعیردا و ئەمەش بە ڕوونی دیارە. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە ئینگلیزەکان دەڵێن:_(مانەوە لە لووتکە سەختترە لەگەیشتن بە لووتکە). زۆرجار لە ھەموو ڕووەکانی ژیانەوە کەسانێک ھەن دەگەنە لووتکە، وەلێ چونکە ناتوانن لە ترۆپک بمێننەوە،غلۆردەبنەوە بۆ بنار،ئەوان ھەر ھەوڵێکی دیکە بدەن، سیزیف ئاسایە و مەحاڵە جارێکی تربگەنەوە بە لووتکە، وەک چۆن کە تیرلەکەوان دەرچوو،جارێکی تر ناگەڕێتەوە. ڕامبۆ کە زانی شیعرو بازرگانی دوو دنیای لە یەک جیاوازن،تا ھەتایە وازی لە شیعر نووسین ھێنا. ئەوەی لە بەشێکی ئەو شیعرانەدا وەک خوێنەرێکی شیعر تێبینیم کرد ئەوەبوو، کە گوتاری شیعرەکان لەڕووی زمانی دەربڕین و فۆڕم و ناوەڕۆکیشەوە، گوتاری سادە و ساکارن. زمان تیایاندا لە بە شێکی زۆریان لە ئاستێکدایە، کە ھەڵگری ھیچ وێنەیەکی ھونەری جوانی شیعر نییە، لەکاتێکدا وێنەی ھونەری بونیادێکی سەرەکی دەقی شیعرییە. بەشێکی زۆری شیعرەکانی نێو ئەو کۆمەڵە شیعرە، دەردە دڵ و کرووزانەوە و قسەی سادە و ساکارن، کە خوێنەوەیان ھیچ چێژوجوانییەک بە خوێنەر نابەخشن.ھەڵەیە پێمان وابێت دەتوانین شوێنی ھەموو دەربڕینێک لە شیعردا بکەینەوە، شیعر ھەڵگری وێنە و جوانی و چێژو شیعرییەتە. ئەگەر شیعرێک ھێندە سادە بووەوە کە باسی دەنگ و ھەرای پیاو و شەڕی نێوان ژن و مێرد بکات، ئیدی چ جیاوازییەکی ھەیە لەگەڵ قسەی ژنانی نێو کۆڵان، کە زۆر جاردەردە دڵەکانیان بۆ یەکتری ھەڵدەڕێژن!!!…

*پەراوێز:_ شیعرەکان لە کۆمەڵە شیعری(زمانی باڵندەم دەزانی) وەرگیراون کە دوایین کۆمەڵە شیعری بڵاوکراوەی ئەو خاتوونەیە وماوەیەکی کەم لە مەوبەر بڵاویکردۆتەوە..

*ئەم بابەتە لە ڵاپەڕەی ئەدەبی ڕۆژنامەی(خەبات) ژمارە(٥٨١٢)ی ڕۆژی ٢٢-٨-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

ھەروا بوە و ھەرواش دەبێ

-١- جێنزرگەی کەسانێکە ھەردەم بێ کێشە و خەفەتن گڵکۆ. -٢- ھەرچەندە سیسبێ یا بژاکێ ھەربۆنی …