سەرەتا / ئەدەبی / شوناسی ژن لەکۆمەڵە شیعری پاییزە یاد دا

شوناسی ژن لەکۆمەڵە شیعری پاییزە یاد دا

سەدیق سەعید ڕواندزی
پانتایەکی گەورە لەگوتاری شیعری کوردی و ئەزموونی زۆربەی شاعیرانی ئێمە، بەتایبەتیش ئەوانەی شیعری ئیرۆتیکی دەنووسن،تەرخانە بۆ وەسف وجوانییەکانی ژن و بەمەزەندەی خۆیان گوزارشتکردن لە عشق و خۆشەویستییەکی ڕوحی پاک و بێگەرد، بۆ ڕەگەزەکەی بەرامبەر. ئەمەش لەڕێکەی دەربڕین و ئستاتیکای وشە و ھێماکردن لەئاستی فۆڕمدا.وەلێ کاتێ بەوردی دەچینە نێوگوتاری ئەوشیعرانە و دیوەشاراوەکانیان دەردەخەین، ئیدی ماسکی ئەو خۆشەویستیە ساختەیە دەکەوێت، کەئامانج لێی بەپلەی یەکەم دەستخەرۆکردنی زۆرترین ژنە بەناوی خۆشەویستی کەدواجار بەتێرکردنی ڕەمەکێکی زایەندی و جەستەیی کۆتایی دێت.ئەم شێوە تێڕوانینە بۆئەوڕەگەزە، درێژبووەوەی ئەوئەقڵە ڕۆژھەڵاتی و پیاو سالاریەیەکەتاکی ڕۆژھەڵاتی بەگشتی و لەنێویشیاندا بەشێک لەپیاوی کوردی بەتایبەتی پێ دەناسرێنەوە.ئەقڵیەتێک کەلەزۆرکاتدا ھیچ پێشکەوتن و زەمەن و شوێن و کلتووری جیاواز و رءئیای جیاواز، ناتوانن بیگۆڕن.چونکە ئەوەندە ڕەگی بەناخی تاکەکانداچووە وبۆتە بەشێک لەشوناسی بوونیان لەئاستی ھزریی و جەستەیی.بۆیە سەیر نییە کاتێ دەبینین پیاوی کورد دوای ئەوەی بۆماوەیەکی زۆریش لە نێوکلتووری خۆرئاوا دەژیت، کەچی دیدی بۆ ژن لەوسنوورە تێنەپەڕیوە کەئامرازێکە بۆتێرکردنی پیاو. بێگومان نکۆڵی لەوەناکرێت ڕەمەکەکان بەشێکن لەوپێداویستییە فسیۆلۆژی و جەستەییانەی خوا بەمرۆڤی داوە.بەڵام دواجارھەموو شتێک نییە. مرۆڤ وێرای جەستە،ڕوح و بوونە. ئافرەت وێرای جوانییەکانی سنگ و مەمک و جەستە و لەش و لارکەبەردەوام لەڕووبەری ھونەری گۆرانی و تێکستی ئەدەبی گوێبیستی دەبین، ئەوا لەپێش ھەموو ئەوانەوە مرۆڤە. بۆیە بەرلەوەی سنگی ببینین، دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێت کەمرۆڤێک دەبینین. کەوەک مرۆڤیش بینیمان، ئیدی لێرەوە ئەو تێگەیشتنە یەکسانیخوازەمان بۆ دروست دەبێت.ئەو یەکسانخوازیەی کەدەبێ لە سەرھەموو ئاستەکانی ژیانمان لە نێویشیاندا ئەدەبیات وھونەر ئامادەیی ھەبێت.لەتێکستی بەشێک لەشاعیرە پیاوەکانی ئێمەدا، ئەوھزرە یەکسانیخوازییە نەک ھەرپێوازە بگرە بەشێوەیەک لەشێوەکان دەقی شیعرەکان گوزارشت لەنێرسالاری و ھەوڵدان بۆ داگیرکردنی ژن دەکەن. زمان لەودەقانەدا ھەڵگری ئەوزمانە نێر سالاریەیەیە کەلەڕێگەی گوزارشتکردنەکانییەوە زۆربەئاسانی،بێ ھیچ بیرکردنەوەو گرێ و گۆڵێک دەیناسینەوە.کەسەرەتاییترین ھێماکانی ناسینەوەشی لەفەرمان بەسەرکردنەوە خۆی دەردەخات.کۆمەڵە شیعری(پاییزە یادی) سەرکەوت رەسول، ھەڵگری ئەو زمان و تێڕوانینەیە، کەلەسەرەوەئاماژەمان پێکرد. لەوشیعرانەدا، کەشیعری ڕۆمانسی و لیریکینە و شاعیربەمەزندەی خۆی لەپێناو ژن و بۆ ژنی نووسیوە، ھەمان ئەوزمانە دەبینرێت کە ئەویش زمانی نێرێکە بەرامبەرمێ. لەوشیعرانەدا شاعیر وشەکانی وەک:(تۆ نازانی_دەمت داخە_ڕابمێنە_پێت دەڵێم-بافێرت کەم_کاوەرە)ئاراستەی ژن کردووە.ھەڵبەتە گەر ئەو وشانە لەچوارچێوەی ڕەھەندی زمانەوانی و وشەسازی خۆیان دەریانبێنین و لەڕوانگەی مانا، ناوەڕۆک و پەیامی وشەکان لێکییان بدەینەوە، دەزانین ئەو وشانە کەرستەی فێرکردن و فەرمانکردنن بەسەر بەرامبەرەکانمان. فەرمانکردنیش دەلالەت لە (دەسەڵاتخوازی- ھەژموون_ پاوانخوازی_ نەرجسیەت) دەکات. دەکرێ بپرسین شاعیر بۆچی دەڵێت(دەمت داخە_ڕابمێنە_ کاوەرە) کەھەموویان فەرمانی داخوزاین و دەچنەخانەی فەرمان بە سەرکردنەوە؟ یاخود نیشانەن بۆ گەورەیی و بچووکی. ئاخۆ ئەمە گوزارشت لە بێ توانایی ژن ولاوازی و گوێپێنەدانی ناکەن؟لەکاتێکدا شاعیرگوایە شیعری بۆژن و لە پێناو ژن نووسیوە.ئەمەلەلایەک، لەلایەکی ترەوە ھەرلەخودی دەقەکان ژن وەک نیشانەی(ھەڵخەڵەتاندن_بێ وەفایی_سەرچاوەی خەم_ مۆتیڤی کوشتن_)ءچەندین وێنەی تریش وێنا کراوە.شیعرەکان بەمەزندەی شاعیرلەپێناو ژن و جوانییەکانی ژن نووسراون. وەلێ کاتێ بەوردی سەرنجیان دەدەین دەبینین لەوشیعرانە ژن تەنھا ئامێرێکە لەخزمەت پیاودا. خەمی ژن تەنھا زایەند و خەیاڵی سێکسییە.لەوشیعرانەدا ژنێک دەبینین کەخاوەنی شوناسی خۆی نییە، بەڵکوھەڵگری ئەو شوناسەیە کەشاعیرلەوشیعرانەیدا داویەتە پاڵی. شوناسێک کەتیایدا جگە لە قوڵکردنەوەی جیاوازی ڕەگەزی و بەکەم تەماشاکردنی تواناکانی ژن، ھیچ دەلالەتێکی دیکەیان نییە. ڕەنگە شیعرەکان ھەڵگری گوتاری دەربڕینی خۆشەویستی بۆ ژن بن. بەڵام پرسەکە لێرەداکۆتایی نایەت. بەڵکو دەست پێ دەکات. کەئەویش لەو پەیوەندییە جەستەیە خۆی دەبینێتەوە کەنێربەمێ دەبەستێتەوە. شاعیردەڵێت:-
دەموت بێ من کەسێ ھەیە لە شەوانی بەستەلەکا..
گەرمی ببەخشێ بەلەشت..
دەکرێ بپرسین گەرمی بەخشین بەلەش چ مانایەک دەگەیەنێت؟ بەتایبەتیش لەشەواندا؟ شاعیربۆچی ئەوگەرمییەی لەڕۆژانی بەستەلەکدا پێ نابەخشێ؟دواتریش شاعیربۆچی ڕوحی ئەو گەرم ناکاتەوە بەخۆشەویستی و ڵاواندنەوەو بۆچی جەستەی گەرم دەکاتەوە؟ کەھەموومان دەزانین جەستە گەرمکردنەوە چ مانایەکی لە نێوفەرھەنگی کۆمەلگەی کوردی و بونیادی زمانەوانی زمانی کوردی ھەیە. ئاخۆئەمەخۆشویستنە، یان سەیرکردنی ژنە تەنھا لەیەک گۆشەنیگاوە کە ئەویش جەستە و لەش و لاریەتی.ئایاژن بەتایبەتیش ژنی کورد،تەنھا لەخەمی ئەوەدایە کەسێک ھەبێت لەشەواندا گەرمی بەجەستەی ببەخشێ. شاعیربەردەوام دەبێ لەوشێوە تێڕوانینەی بۆ ژن و ئەمجارەیان دەڵێت:
من باریبام..تۆکێلگە بووی…
من کات بامە تۆجێگە بووی…
من ڕێبوارء تۆ ڕێگە بووی…
نیشاندنی ژن وەک کێلگەیەک جگە لەوەی گوزارشتە بۆ عەقڵێکی فیوداڵی،ھاوکات دەلالەتی خاوەنداریەتیش دەگەیەنێت. کێلگە لێرە دەمانباتەوە سەرچەمکی خاوەنداریەتی.بەومانایەی ئەم پارچە ئەرزە ھی خۆمەوچۆنم بووێ بەوشێوەیە دەیکێڵم. ئەمەلەلایەک لەلایەکی ترەوە کێلگە ھێمایەکە بۆ بەرھەم ھێنان و کشتوکاڵکردن و وەبەرھێنان.بەڵام چ کاتێ کێلگە دەتوانێ ئەو بەرھەمانە بێنێتە بوون؟بێگومان کاتێ باران دەبارێت. تاباران کێلگە تەڕنەکات، سەوز نابێت و ھیچ شتێک ناڕوێت. شاعیریش کاتێ دەیەوێت پیاو ببێتە باران وئافرەتیش کێلگە، ئەوە مانای وایە منداڵ دروست دەبێت و وەچە زۆردەبێت کەبەشێکە لەبیرکردنەوەی مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی ومرۆڤی کوردیش. ئەمەش جگەلەسەیرکردنی ژن وەک ئامێرێک ھیچ مانایەکی تری نییە.شاعیرھەرسێ شوناسی(جێگە_ڕێگە_کێلگە)ی داوەتە پاڵ ژن، کەھەرسێکییان دواجار وەک بووێک دەچنە خزمەت پیاوەوە. تەنانەت شاعیرخۆی بەکات داناوە.بەومانایەی ھەرکاتێک مەبەستی بوو،دەتوانێ بەئارەزووی خۆی بچێتە سەر ئەوجێگەیە.ھەروەک خۆشی دەڵێت کە ئەوواتە ژن جێگەیە.بێگومان ئەو وێناکردنەی شاعیر ئەگەرتەنھا لەچەند شیعرێکەوە بوونی ھەبووایە، ڕەنگە بەلای خوێنەر ئاسایی بوایە.وەلێ ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کەئەوتێڕوانینە وەک گوتارێکی شیعری درێژبۆتەوە و لەزۆربەی شیعرەکانی نێوکۆمەڵە شیعری پاییزە یاددا،بوونی ھەیە. واتە ھەرتەنھا گوزارشتکردنێکی شیعریانە نییە. بەڵکوگوتار،تێڕوانین، باوەربوونە بەوپرسە وەک ئەوەی شاعیر دەیەوێت. ئەم حەقیقەتەشمان لەناوەڕۆکی شیعرەکان و پەیامی شیعرەکانەوە،بۆ دەردەکەوێت.چونکە شاعیر زۆرتر لەدەقێکی ئەو تێڕوانینەی خۆی دووپاتکردۆتەوە کەئەویش بینینی ژنە وەک ئامێرێک لەخزمەت ڕەمەکەکانی پیاودا.بێگومان مەرج نییە شاعیربەوشێوەیە بێت.وەلێ کاتێ لەدەقێکدا زۆرترلەجارێک پەیامێکی لەوشێوەیە دەردەبڕێت، ئەواخوێنەر مافی خۆیەتی گومان بکات. لەشیعرێکی دیکەیدا(سەرکەوت رەسول)دەڵێت:
من مێژووی دەبەنگی پیاوم بۆ گێڕاوە..
ئەویش ھێدی سینگ و بەرۆکی واڵاکرد…
باسی ھەرژنێکم بۆ کردچۆن بروسکە زەوقی خۆی بۆپیاو دەنارد.
ئەو ئاھێکی ھەڵدەکێشائاوێتە بەھەناسەی سارد.!!!
لەپەراوێزی ئەو مێژووەی شاعیر بۆژنی گێڕاوەتەوە، گەرچی ئاماژەی پێ نەکردووە، بەڵام زۆربە ئاسانی دەزانین ئەومێژووە باسی چ ڕووداوێک دەکات. ئاخۆمێژووێک ببێتە ھۆی(واڵاکردنی سینگ و بەرۆک)و(ھەڵکێشانی ئاخ و ئۆف )و(ناردنی بڕءسکە زەوق) دەبێ چ مێژووێک بێت؟ لەم پەڕاگرافە شیعریەدا، دەربڕینەکان، وێنە شیعرییەکان، لەوەلاوازترو بێ تواناترن خوێنەردرکییان پێ نەکات.ماسکی وشەکان بەئەندازەیەک کەوتوون کەھیچ شتێک کۆمەکی شاعیرناکات بۆشاردنەوەیان. ئەم جۆرە گوزارشت کردنە لە ژن،پێویستی بەھیچ شرۆڤەکردنێک نییە. چونکە وشەکان خۆیان دەدوێن و تەنھا دیوێکی مانایان ھەیە کەشاعیرباسی کردوون. پرسیار ئەوەیە شاعیر بۆچی مێژووی داھێنانەکان، جوانییەکان، ستەم و بێدادی، چەوسانەوەی ڕەگەزی و مرۆیی، نەتەوەیی و ئینسانی، بۆ ژن باس ناکات؟ بۆتەنھا ئەومێژووەی بۆدەگێڕێتەوە کەدەبێتە ھۆی والاکردن و ناردنی بڕوسکە زەوق؟ ئاخۆژن خەمی یەکەم و سەرەکی لەژیاندا تەنھا ئاخ و ئۆف ھەڵکێشانە بۆسێکس؟لەلایەکی ترەوە دەکرێ بپرسین مێژووێک تەژی بێت لەدەبەنگی، دەبێ بگێڕدرێتەوە، یان بچێتە زبڵدانی مێژوو؟ژن چ پێویستی بەوەیە مێژووێکی بۆ باس بکرێت کەڕووادەوکانی جگە لەناشرین و کەم نیشاندنی ئەو چ دەلالەتێکی تر ناگەیەنێت. شاعیرلەبڕی ئەوەی مێژووی ھەزاران داھێنان و جوانییەکانی ژیانی بۆ باس بکات، دێت بەشانازییەوە باس لەوەدەکات، کەباسی ھەرژنێکی بۆ دەکرد ئاخی ھەڵدەکێشا ئەمەش دیسانەوە گوزارشتە لەوەی کەشاعیر پێش ئەو چەندین ژنی تری ناسیوەو ڕەنگە ھەمان مێژووشی بۆ ئەوانیش باسکردبێت!!.لێرەدا قسە لەمێژوو نییە کەدەبێ باس بکرێت و بگێردرێتەوە،بەڵکوقسە لەناواخنی ئەومێژووەیە کەدەگێڕدرێتەوە. کاتێکیش سەرنجی ئەو کۆپلە شیعریە دەدەین، ئیدی تێدەگەین ئەومێژووە چ مێژووێکە شاعیرگێڕاویەتییەوە. لەشیعرێکی دیکەدا، شاعیردڵنیایی ئەوەدەداتە خۆشەویستەکەی کەبێگومان(ڕەگەزی مێیە!) کەتەنھا ئەوی خۆشدەوێت.بۆیە نیگای ناکەوێتە سەرھیچ کەسێکی تر. دڵی لە سینەیدا زیندانی دەکات، بۆئەوەی کەسی تری خۆشنەوێت.پەیمانی پێ ئەدات کەبەھیچ شێوەیەک دڵی نەگۆڕێ!ئامادەیە لە پێناوی ئەودا دەستبەرداری ھەموو جوانێک بێت. بەدڵ و گیان ئەوی خۆشدەوێت.بۆیە لەشیعرێکی دیکەدا دەڵێت:_

سی و پێنچ ساڵ ھەناسەم زیندانی دەکەم.
تاتێکەڵی ھەناسەی کچی ترنەبێ..
حوکم بە سەردڵم دەدەم نەگۆڕێ..
دیارەھیچ کەسێک ھێندەی ژنان، گوێبیستی ئەوقسە بریقەدارانە لە زۆربەی ھەرەزۆری پیاوەکان نەبوونە. کاتێ دەیانەوێت نماییشی خۆشەویستییەکی ساختەی بەناو ڕوحی بکەن. کاتێکیش بەیەک دەگەن، یان دەبنە ھاوسەر، یان ژنێکی دیکەی جوانترلەوەی خۆیان دەبینن، ئیدی بیریان دەچێتەوە چییان وتووە و پشت دەکەنەبەڵێنەکانیان. ئینگلیزەکان دەڵێن:_ (خۆشەویستی ڕاستەقینە کۆتایی نایەت، ئەگەر کۆتایی ھات مانای وایە ڕاستەقینە نەبووە)ئەمەگرنگ نییە چەنێ یەکێکمان خۆشدەوێت. ئەوەگرنگە تا چەنددەتوانین بەردەوام بین لەوخۆشەویستییە.کاتێ بەڵێن بەخۆشەویستەکەمان دەدەین کەنەگۆڕێین، ئیدی دەبێ خاوەنی ئەو بەڵێنەی خۆمان بین و ئەوپەیمانە بگەیەنینە سەر. نەک کەیەکێکی دیکەی جوانترمان دیت، خۆشەویستەکەی ترمان بیربچێتەوە.نەک بەئاسانی دڵمان بسپێرین بەکەسێکی دیکە. ئەوکات ئەو خۆشەویستییەمان جگە لەنماییشێک، جگە لە دەمامکێک،ھیچ مانایەکی تری نابێت.لەوکۆپلە شیعریەدا شاعیر وێرای ئەوەی دڵنیایی دەداتە خۆشەویستەکەی کە ھەناسەی تێکەڵی ھەناسەی ھیچ کچی تر ناکات،بەڵام ھێشتا چاوی لە پەیوەندییە لەگەڵ چەندانی تر.باسەرنج بدەین کەئاخۆشاعیر تاسەر دەتوانێک حوکم لە سەردڵی بدات کەنەگۆڕێ؟ ئەو دڵەی وابڕبار بوو لە سینەدا زیندانی بکرێت، دواتر چی لێھات؟شاعیر دوای ئەو بەڵێنەی چۆن کچانی تر دەبینێت؟ ئێمە ھیچ گومانێک دروست ناکەین تەنھابەشیعرێکی دیکەی شاعیروەڵامی شاعیر دەدەینەوە. ئەمجارەیان شاعیر دەڵێت:_
ھانێ ئەوە دڵم بۆچی ھەنجن بەھەنجنە؟
ئاسەواری میکیاژی چەند کچ گەلێکی پێوەدیارە؟
یاخود لە دێڕێکی تردا دەڵێت:
ئۆقڕەم نییە بۆ ھەر جوانێ کودەتایێ بەرپا دەکەم..
ئەو شاعیرەی ھەناسەی خۆی زیندانی دەکرد بۆئەوەی تێکەڵی ھەناسەی کچی ترنەبێت، ئەوشاعیرەی بڕیاربوو سی و پێنچ ساڵ چاوەڕێ بێت و حوکم بەسەردڵی بدات،ئامادەیە بۆھەرجوانێ کودەتایێ بەرپا بکا! واتە ھەموو شتێک وێراندەکات و لەنێودەبات لەپێناوچی؟لەپێناو ژن.لە ژنیشدا چی؟ جوانییەکەی.دڵی ئەو شاعیرەی کەبڕیاربوو حوکمی ئەوەی بەسەردا بدرێت کە لە ژێر فشاری ھیچ شتێک نەگۆڕێت، بەپێچەوانەوە ھەر جوانێک ببینێت ئامادەیە کودەتایێ بەرپا بکات. من کە ئەو دێڕە شیعرەی سەرکەوت رەسولم کەوتە بەرچاو، دێڕە شیعرێکی(ھێمن موکریانی)م ھاتەوە یاد کە دەڵێ:( ھەرجوانێ کەدەبینم سارێژدەبێ برینم) سەرنج لەھەردوو وێنە شیعریەکە بدەن کەجیاوازی نێوانیان چەندین ساڵە. کەچی شاعیری پاییزە یاد،بۆجوانەکان کودەتا بەرپادەکا.دیارەئێمە لەم وتارەماندا، تەنھا لەسەرچەند وێنەیەکی شیعری ھەڵوەستەمانکردووە. بۆیە ئەگەربەشێوەیەکی گشتی شیعرەکان ھەڵبسەنگێنین، ئەوا ڕەنگە وێنەی نێگەتیفی دیکەش لە سەر ژن لەو شیعرانە ببینین. نووسین بەگشتی و شیعریش وەک ژانرێکی نووسین دەبێ ھەڵگری پەیامێک بێت. شاعیرشیعربۆخوێنەران دەنووسێت نەک بۆخۆی. بۆیە دەبێ ھەڵگری ئەوپەیامەش بێت کەلەخزمەت پرسە ئینسانییەکان دابێت.چونکە ھیچ سەرمایەیەک لەژیاندا بەئەدەب و شیعریشەوە لەمرۆڤ بەبەھاتر نین!!..

پەراوێز/ پاییزە یاد/ کۆمەڵە شیعر/ نووسینی سەرکەوت رەسول/ بەشی دووەم ٢٠١٠….

*ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١٠٤٣)ی ڕۆژی ٢١-٦-٢٠١٨بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

حەجکردنێک بەخەیاڵ لەڕۆمانی مەککەدا

سەدیق سەعید ڕواندزی تیمەی بەشێکی زۆری ئەوڕۆمانانەی نووسەرانی فارس نووسیویانە، بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی من خوێندوومنەتەوە، …