سەرەتا / ئەدەبی / مجروم… شاعیر و فەرمانبەر و پیشەزان

مجروم… شاعیر و فەرمانبەر و پیشەزان

یاسین برایم
زۆر جار دەوترێت کورد شاعیری زۆرن، ڕەنگە دیوێکی ئەم قسەیە ڕاست بێت ، جێگای شانازییە ، کاروانی خوێندەواریی و زانست و رۆشنبیری و ئەدەب لە سەر دەستی شاعیران و زانا و مەلا و شێخەکان دەستی پێکردووە و مێژووی ئەدەبی کوردیان زەنگین و بەرھەمدار کردووە. زۆر شاعیریش بە شیعرەکانیان درێژەیان بەم کاروانە داوە ، ھەم لە سەردەمی خۆی و ھەم ئێستەش .لێرەو لەوێش شاعیری ناسراو وگەورە و بگرە چەندان شاعیری تر ناویان دەبیستین . یان لە نێو دیوان و کەشکۆَڵ و دەستنووس و حاشیەی کتێبەکان و نامە و نووسراوەکان ، ناوی جۆراوجۆر تۆمارکراون و ناویان ھەیە، بەڵام بەرھەمەکانیان بەردەست نیین. بەرھەمێکی زۆری ئەم ئەدەبەش ، بەھۆکاری جۆراوجۆر سووتاون و فەوتاون. بۆیە زۆر شاعیر وەک ناو ، بوونی ھەیە ، بەڵام بەرھەمەکانیان ونن. زۆرجاریش لێرەو لەوێ ، شیعرێ ، دووان ، وەک بەڵگەیەکی روون شاعیرێکمان پێ ئاشنا دەکات . ھێشتا ژمارەیەکی زۆریش، لای خوێنەری کورد نامۆن و ھیچ شتێکیان لەبەردەست نییە ، بۆیە ئاشناکردنیان و ناساندنیان ، ئەدەبی کوردیمان دەوڵەمەندتر دەکات.
لەم نووسینە ( مەجروم)ی شاعیر، دەکەینە نمونەیەکی زیندوو و لە دەرگایی ژیان وبەرھەمی ئەو شاعیرە دەدەینەوە .وەک شاعیرێک و کەسێکی شارەزا و خاوەن چەندین پیشەی جیاواز دەیناسێنیین.

مجروم کێیە؟

ناوی “عەبدولعەزیز کوڕی محمد لەخانەوادەی جاموس زادەی شاری (وان) ی یە، دایکیشی لە خانەوادەی بەرزو پیرۆزی بەدرخانیەکانە. مجرم لە وان لە دایک بووە لە قوتابخانە و مکتبی دا خوێندویەتی. سەرکردەی ڤابتی و مدیریتی پۆستەو تەلگرافی کردووە کە بە فەرمانی (وڤیفە) ھاتۆتە عێڕاق ولە سلیمانی ژنی ھێناوە و لە ساڵی ١٩٢٠ی ڕۆمی دا کە تەمەنی گەیشتبووە (١٢٠) سالڕ لە دیوانیە کۆچی دوایی کردووە. کە تا ئەو ساڵە لە وڤیفە دابووە .زمانی فارسی وعەرەبی و فەرەنسی و رووسی زانیووە، خاوەنی دیوانە.
شارەزایی ئەم پیشانەی خوارەوە بووە:
( دارتاشی ، مۆرچیەتی ، سەعاتسازی ، تەلگرافچیەتی ، ئاسنگەری ، باخەوانی و گوڵچینی …ھتد.) “(١)
مجروم : عەبدولعەزیز کوڕی محەمەد کوڕی عەبدوالئەمیرە ، لە ساڵی (١٨٣٠) لە دایکبووە ، بۆساڵی مردنەکەشی سەرەتایی بیستەکانە.(٢) لە ساڵی ١٩٢٠لە شاری (دیوانییە )کۆچی دوایی کردوە (٣) بەمشێوەیە بێت تەمەنێکی زۆر ژیاوە و خزمەتی کردووە (*)

نازناوی مجروم

دەربارەی نازناوەکشی گوایە ئەو لە سەردەستی شیخانی نەقشبەندی تەوبەی کردووە. کاتێکیش لە دوایی ئەو تەوبەیە ، وەزیفەی میری وەرگرتووە ، خۆی بە تاوانبار وشەرمەزار زانییوە ، ھەستی بەوە کردوە گوناھێکی گەورەی ئەنجامداوە. بۆیە نازناوی (مجرم)ی ھەڵبژاردووە.
” عەبدولعەزیز تەریقەتی نەقشبەندی لە سەردەستی شێخی بیارە وەرگرتووە. دەڵێن : کاتێ دەبێت بە بەڕێوەبەری تەلەگراف_ لە سلێمانی خۆی بە تاوانبار دەزانێت ، چونکە وازی لە موریدایەتی ھێناوە بۆ وەزیفە. بۆیە ناوی (مجروم) بۆخۆی ھەڵدەبژێرێت . دوای کۆچکردنی ئەو نازناوە بۆ شاکری کوڕی بەجێ دەمینێت….”(٤) لە زۆربەی نووسینەکان ھەربەو ناوە ناوی ھاتووە. ئەو نازناوەش بووە میرات بۆ بنەماڵەکەی. ئێستا خانەوادەی مجروم لە سلێمانی و ڕواندز نیشتەجێن و کەسانی ڕۆشنبیر و کوردپەروەرن و جێی پەنجەیان دیارە.
ئەگەر سەیری ئەو وێنەیەی بکەین کە مجرومی شاعیرلە گەڵ خێزانەکەی گرتووە(**). پیرێکی ڕیش سپی ودرێژە وسیدارەی لەسەرە . ھەمان شێوەو ڕوخساری شاکری کوڕی لە مجرومی باوکی دەچێت. ئەویش لە زۆر وێنەکان ھەر لە زەمانی شێخ محمود تا کۆچی دوایی کردووە. بەردەوام ریشی پێوە بووەو لە سۆفیەکی ماندوو و غەمبار دەچێت .
مجروم سێ کوڕی لە پاش بە جێماوون : (ئەحمەد ڕەمزی ، محمود فائیز ، شاکر مجروم).

“١. ئەحمەد رامیز: لەبەر ئەوەی لە سوپای عوسمانی ئەو فسەربووە لە ئەستەنبۆڵ ، لەوێ ژن دێنێت و دەمێنێتەوە ، بۆیە زانیاری لەسەر نازانیین.
٢. مەحمود فائیز : لە ساڵی ١٨٧٢ی زایینی لە دایکبووە و لە ناوەڕاستی پەنجایەکان کۆچی دوایی کردووە. کاتی خۆی لە بەغدا ئەفسەربوو لە سوپای عوسمانی ، پاشان ھەر لەو شارە بۆتە ئیمام و وتارخوێن.
٣. شاکر مجروم لە ساڵی ١٨٩٤ لە سلێمانی لە دایکبووەو لە ساڵی ١٩٣٧ ھاتۆتە ڕواندز و لە ١٤/٩/١٩٥٧ کۆچی دوایی دەکات.
لەئەرشیفی باوکم ھیچ شیعرێک نییە ، کە بڵێن ئەمە شیعری شاکر مجرومە. باوکم ھەموو جار دەیووت شاکر مجروم شیعری شاعیرانی زۆر لەبەر بوو لە دانیشتنەکان دەیووت. لەوانەیە لەبەر ئەمە بێت کە دەڵێن شاعیر بووە.”(٥)
شاکر مجروم ، دەبێتە کەسایەتیەکی گەورە لە شۆرش و حکومەتەکەی شێخی نەمرو ڕۆڵی دەبێت و لەم پێناوەش لە سلێمانی دەربەدەر دەکرێت، چونکە کەسێکی کوردپەروەر و حەقبێژبووە ، رەفیق حیلمی برادەرێکی ھەرە خۆشەویست و نزیکی شاکری کوڕی شاعیر بووە ، دەڵێت ” خواڵیخۆش بوو جەمال عیرفان لە حەلەب بوو و شاکر مجرمی ملازمی ئیتیاگ و محمود فایزی بێکباشی برای شاکر مجرم و چەند زابگیکی تری کورد لە حەلەب بوون. مەلا مارف ، عارفە سووری رەئیسی ئەوەل متقاعد ئەو ساکە لەوێ وەکو چابگ ئەیخوێند. تەنیا لە شاکر مجرم دا روحی کوردایەتیم بینی”(٦)

(جەمال بابان) لە کتێبەکەی خۆی ، لە بابەتی کارگێڕییەکانی ئەو سەردەمەی عوسمانییەکان دەڵێت : ” کۆنترین ناو کە لەم ڕووەوە دەستمان کەوتبێ ئەمانەن کە لە ساڵی ١٣٠٧ ک (١٨٨٩ز) سەرۆکی کارگێری بوون. ئەوسا سلێمانی (لیوا)یەک بووە سەر بە (ولایەتی مووسلڕ).
موتەسەڕیف و پێشەوا (قائد) میر لیوا راسم پاشا
قازی یوسف سنان ئەفەندی
(مدیر تحریر) ساڵح سالم ئەفەندی
محاسب ئیبراھیم ئەدھەم ئەفەندی
(مدیری برق) مجرم ئەفەندی
چەندان کەسایەتی تر ئاماژەیان پێدراوە (٧)
جارێکی تر لە کۆتایی بەرگی چوارەمی کتێبەکەی خۆیدا ، چەند ڕووداو و مێژووی بەنرخی سلێمانی تۆمارکردووە. دەڵێت ” ١٨٩٧ دەستگای تەلگراف لە سلێمانی دامەزرا . یەکەم کەس ئیشی لە سەر کرد (شاکر مجروم) خەڵکی ڕەواندزبوو”(٨) لێرەدا نووسەر کەوتۆتە ھەڵەوە ، چونکە بە پێی ئەو مێژووە بێت شاکر تەمەنی (٣) ساڵ بووە. بۆیە ھەر مجرومی شاعیربووە ئەم کارەی لە ئەستۆ بووە . بەڵام ئەو ڕاستەیش ھەیە، کاتێ حکومەتی شێخ مەحمود دادەمەزرێت ، ئەو پۆستەو گەیاندن وەردەگرێت ، چونکە لە باوکیەوە شارەزایەکی باش فێربووە . بۆیە زۆر جار ئەم زانیارییە تێکەل دەکرێت. مجروم بەردی بناغەی ئەم کارەی داڕێشتوە ، لە دوایش ھەمان ئەو پۆستە دەدرێتەوە کوڕەکەی مجروم ، کە کەسێکی نزیک و خۆشەویستی شێخ مەحمود بووە.
. رەنگە لە نێو بەڵگەنامەی عوسمانییەکان بگەرێین. ناوی ئەو شاعیرە بدۆزینەوە ، چونکە لە شوێنی جیاجیا کاری فەرمانبەرایەتی کردووە و ڕۆڵی لێپرسراویەتی بینیوە، ھەم لە بواری سەربازی و کاری میریی و شارەزاش بووە لە چەندین پیشەی تر. ڕەنگە ئێمە زیاتر باس لە بواری شیعر بکەین و ئەویش وەک شاعیرێک بناسێنین. لێرەدا ھەر بەو سێ شیعرە ناوەستین، کە لەبەر دەستمانە . دێین لە ڕوانگەی بەڵگەو نووسین و شرۆڤەکردنی ڕاو بۆچوونی شاعیر و شارەزایانی تر، ئاوڕێک لە ژیانی دەدەینەوە.
لە نووسینێکی (مستەفا نەریمان) لە سەر شاعیرێکی گەورەی وەکو (ھجری دەدە)(***) نووسیویەتی. ئەم شاعیرە لە ساڵی ١٩٣٤ دێتە سلێمانی لای پیرەمێرد، ئەویش لە شوێنە خۆش و دڵگیرەکانی ئەو شارەی دەگێرێت و سەیرانگا و شوێنی ئاینی و بنەماڵەو کەسایەتیەکانی پێ ئاشنا دەکات. بۆیە ئەو شاعیرە کە دەچێتەوە کەرکوک ، لە ساڵی ١٩٣٥ کتێبێک بە شیعر بە زمانی فارسی بە ناوی (تحفە سلیمانی)، ملف (ھجری ددە _ کرکوک) چاپخانەی سریانی لە شاری بەغدا چاپدەکات(٩). دیارە بەندە چەندین کتێبخانەی گشتیی شارەکان و کەسایەتییە ناسراوەکان پرسیارم کرد ئەم کتێبەم دەستم نەکەوت بۆ ئەوەی بە چاوی خۆم ببینم ، کە چۆن باسی ئەو شاعیرەی کردووە. تێدا کۆمەڵە شاعێرێکی ناسراوی ئەو سەردەمەی سلێمانی لە (مردووان و زیندووان) خستۆتە ڕوو. جارێکی تر ، جەمال بابان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەم نووسینەو زانیاری تری خستۆتە ڕوو . ئەویش دەڵێت “لە ساڵی ١٩٣٤ ھجری دەدە ھاتۆتە سڵێمانی و بووە بە مێوانی پیرەمێرد و ئەویش خزمەتی زۆری دەکا و لە سلێمانی و دەوروپشتیدا گەشت و گوزار دەکەن و دەچنە ناو خەڵکەوە ، دوای گەڕانەوە بۆ کەرکوک لە ساڵی ١٩٣٥ ئەو گەشتو گوزارەی سلێمانی دەکات بە چامەیەک و لە (٢٤٢) دێری شیعری بەناوی (توحفە سلێمانی) یەوە لە چاپخانەی (سریانی لە تویێ (٥٢) لاپەڕەدا بڵاوی کردۆتەوە….”(١٠)
رەنگە تا ئێرە پێناسەیەکی کورتی شیعرەکەی دەدە بێت، بەڵام ئەوەی بۆ ئەم نووسینە جێگای بایەخە ، لە ناو ھێنانی ئەو شاعیرانە ، مجرومیش وەک شاعیرێکی سلێمانی ناوی ھەیە . لە درێژەی نووسینەکە ھاتووە ” ھەریەکەیان بە یەک دوو دێر شیعر یان یەک دوو وشە ستایشی دەکەن ئەو شاعیرانەی ناوی ھێناون بریتین لە (مەولەوی ، نالی ، مەلا خدری رۆدواری ، بێسارانی ، خانای قوبادی ، ئەختەری کۆیی ، شوکری فەزڵی ، شێخ رەزا ، حەمدوون ، ئەحمەد بەگی ساحێبقڕان ، مەحوی ، ئەمین یمینی ، ئەمین زەکی ، مەستی تاھێر بەگی جاف ، ئەحمەد موختار جاف ، سالم ، بێخود ، گۆران ، موجرم ، زێَوەر ، تۆفیق وەھبی ، بێکەس ، پیرمێرد ، حوزنی”(١١) .
ئەم ناوھێنانە بەڵگەیەکی بەھێزە لە سەر گەورەی ئەو شاعیرە ، ئەگەر ناو و ناوبانگی نەبوایە ، باوەڕناکەم لە گەڵ شاعیرە گەورەکان ناوی ھات بایە. ڕەنگە نەناسراوی ئەو ، فەوتان و لەنێو چوونی دیوانەکەی بووبێت. یاخود بەر لە مردنی ئەو شاعیرە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان تازە سەرەتای دەرکەوتن و دەرچوونیان بوو. تەمەنی پیری ئەویش فریای ئەوە نەکەوت بێت شیعرەکان بڵاوبکاتەوە. یا وەک و سەدان شاعیری تر شیعرەکانی فەوتابن، زۆرجاریش شاعیر تا مردووە ، ھیچ شیعرێکی بڵاو نەکردۆتەوە ، یا خودی خۆی حەزی لێ نەکردووە . ئەگەر ئاوڕێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارە کوردیەکانی کۆن بدەینەوە ھەر لە ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی(١٩١٨_١٩١٩ )و ( پێشکەوتن١٩٢٠_١٩٢٢) و بڵاوکراوەکانی سەردەمی شێخ مەحمودی نەمر و (ژیانەوە ) و (ژیان) وئەوانەی لە سڵیمانی دەرچوون، گۆڤاری( دیاری کوردستان)و زاری کرمانجی (١٩٢٦_١٩٣٢)و گۆڤاری ڕووناکی (١٩٣٥_١٩٣٦)و گۆڤاری گەلاوێژ (١٩٣٩_١٩٤٩) و ڕۆژنامە و گۆڤاری (دەنگی گێتیی تازە)ساڵی چلەکان و چەندین بڵاوکراوەی تر، ھیچ شیعرێکی ئەم شاعیرەم بەرچاو نەکەوت. لە بنەماڵەکەی شاعیریش ئەو پرسیارەم کردوە لە نەوەکانی ، ئەوانیش ھیچ شیعرێکی ئەو شاعیرەیان نەبیستبوو. ھەر ئەو شیعرانەم بەرچاو کەوتووە، کە لە گۆڤاری ھەتاو بڵاوکراوەتەوە. ڕەنگە ھۆکارەکەی ئەوە بێت ، کوڕی شاعیر باورپێکراوی( گۆڤاری ھەتاو) بووە و ھاوڕێیەکی خۆشەویستی (گیوی موکریانی) بووە و ھەر خۆشی ئەو شیعرانەو ژیاننامەی بڵاوکردبێتەوە. بۆیە من وای بۆ دەچم تا ئەو کات شیعرەکانی ئەو شاعیرە ھەرمابن. یاخود لەلایەن شاکری کوڕی پاڕێزراوبن یان ئەزبەری کرد بن. چونکە ئەو مرۆڤە ڕۆشنبیرە ، کەسێکی ئەدیب دۆست بووەو شیعری زۆری لەبەر بووە.
بۆ بەڵگەیەی ئەم قسەیەم (ناھیدە خان) ، لەگەشتێکیان بۆ ڕواندز بۆماڵی دۆستێکی باوکی ئەوھا دەگێرێتەوە “چووین بۆ ڕواندز بۆماڵی ھاوڕێیەکی دێرینی باوک (شاکر مجرم)ە ، ئەمیش زەمانی خۆی مدیری پۆستەی دەوڵەتی کوردستان بوە، ئێستا ھەر لە حاجی تۆفیق (پیرەمێرد) دەچێت ، ڕیشێکی سپی درێژی ھێشتۆتەوە، بیست ساڵ لەمەوپێش وازی لە وەزیفە ھێناوە ، باخێکی میوەی بەقەد شاخێکەوە کڕیوە. بینای تێدا کردوە ، جۆرھا دارمیوە و گوڵی چاندووە، لەوبەر شاخەکەشەوە دەغل و دان و ئاژەڵی ھەیە ، ئەوشەوە لەوێ بوین. لەسەر شێوازێکی کۆن گیسکە مەرەزێکی بۆ سەربرین. بووکەکانی بۆیان لێناین لە گەڵ پڵاو ، ژنەکەی خەڵکی تورکیایە زۆرئێسک سووک و پاک و خاوێنە، بیھێنەرە بەرچاوت، بووکی لادێیی و خەسووی تورکیی و پیاوێکی پیری وەک شاکر مجرم ، کە باوکی شاعیر بووەو خۆی ھەموو شیعرەکانی لە بەر کردووە. بە دیشداشەیەکەوە بە چیچکانەوە لە بەردەممانا دائەنیشت . شیعری بۆ ئەخوێندینەوە. ژنەکەشی رسمی براکانی و ژنەکانیانی پیشان ئەداین ، ھەموویان نوژدار و دادوەر و پاشاواتن….”(١٢)
وەک لە پەڕاوێزەکەدا ھاتووە ئەو لە ساڵی ١٩٥٦ لەم نامەیەدا وردەکاری سەفەرەکەی بۆ باوکی نووسیوە. کەواتە ئەمە دەردەخات کە کوڕەکەی شیعری بۆ وتن و ئاماژەی بەوە داوە کە باوکی شاعیر بووە. شاکریش لە ئەیلولی ١٩٥٧ کۆچی دوایی دەکات(****). لەوکاتە کە ماڵی رەفیق حیلمی سەردانی کردوون ئەو لە کۆتایی تەمەنی بووە ، کەچی کەش و ھەوایەکی ئەدەبی و شیعری بۆ رەخساندوون. لەماوەی ئەو بیست ساڵەی لە ڕواندز ژیاوەو کاری میری کردووە ، کەسێکی رۆشنبیرو کوردپەروەر و قسەخۆش وبوێرو خاوەن ھەڵوێست بووە، پەیوەندیەکی پتەوەی لە گەڵ کەسایەتییە دیارەکانی سەردەمی خۆی ھەبوو. بۆیە ئەم کەسایەتییە کتێبێکی گەورەی دەوێت بۆ ئەوەی سەرجەم کارو خزمەتەکانی بخرێتە ڕوو.
شیعری مەجروم
شیعری یەکەم :
دڵ لەبەر سلسلەی زولف شکایاتی ھەیە
لە پەرێشانی وی نەختی حکایاتی ھەیە
زاھدا بگرە لە دەس اھلی محبت دووری
چونکوو ازاری عشق نوعی سرایاتی ھەیە
تۆ بە ماچێکی لە محبوبە دڵا قانع بە
دیارە اسودە ترە ھەرچی قەناعاتی ھەیە
تۆ کە کوردی ودلیری بە خودی ئەز دبێژم
خاکی بەرپێ ی تو لە سەراکسیر شرافاتی ھەیە
حقە مجرم کە فراری بی لە دەست تورکی لئیم
چونکوو خۆی کوردە لە وان ترسی بەھاناتی ھەیە
(داخەکەم ! ئەم شیعرە کەمەو سووتاوە!)

شیعری دووەم :

دیسان گەلۆ سوتام لە نوی بگرین لە بۆم ئەی دۆستان
زامی دە کەونم ھاتنە سوی رابو لە من اخر زەمان
رابوو لە من حشری عڤم زولف و شنک ابرو کە دیم
بانگ کەن ژ لوقمانی حکیم سوتام بە اگر بی دوخان
سوتام بەوی ناری عجیب دەرچوو ژدل ێبر و شکیب
رووی دا لە من سری غریب ئەز کەوتمە ناو بحری خەمان
ئەزچوومە چالی بی مفر خویش بیگانەم ھاتنە سەر
گریان لە بۆم شمس و قمر حەتا زەمین و اسمان
یاری کوو دی ئەم ماجری قوربانیک ایرو کرا
ابریقی مەی حاچر کرا نافع لە بۆ دەردی دڵان
جامیک ژ وی ابی ڤھور یاری بە دەستی پر ژ نوور
امری وە کرد بیخوم چرور عالم ژ وی حەیران دمان
یەکسەر ئەمن بومە کەباب بگرین لە بۆ من شیخ و شاب
واللە اعلم بالێواب داخۆ خەلاێبم لە غەمان
داخۆ دەبی وەێلم نێیب مڕیوس دەبی دیوی رەقیب
یاخۆ دمرم ئەمنی غەریب تەنھا لە یار و محرمان
(مجرم) ایدی بەیتان مەلی تا یار بەلفڤی خۆی نەلی
یا رەب ببینم رۆژ ھەلی دەرچی ژ دل وھم و گومان

شیعری سێیەم :

گوی بدیرن خاێ و عامە دا بخوینم داستانی
ئەی گەلی اھلی عمامە شارەزایی جادە کوانی
ئەو دەبی ێاحب کمال بی بی نشئەی عشقی ژ بال بی
نی بە قال بەلکی بە حال بی ھەم دەوای دەردان بزانی
اھلی وان دائم لە کارن دەس بە کار و دل بە یارن
سەرخۆش و مەست و خومارن رەنگ لە شبھا زەعفەرانی
شبھتا بدری منیرن گالبی احسان و خیرن
مەست و حەیران و دلبرن حالی وان عارف دزانی
محرفت دەرعین حالە بی مجاز بونی محالە
ھەر کەسی سریک ژ بالە تی نەگا ھەرگیز عیانی
ھەرکەس گالب بە یارە تەن چعیف و لیو بەبارە
دائما مەست و خومارە زۆر دەکا شین و فغانی
زۆر دەکیشم از جفایی ھون ببین ماجرایی
یار لە بۆم نایتە رایی بۆم بکەن داد و دوانی
داد لەبەر ئەو ساقیە مەستە خەنجەری موژگان بە دەستە
چەند لە کوشتنی من بە قەستە ئەو امیر زادەی جیھانی
خۆت مپالی قولە میرکە یان وەکوو شاھو و زیرکە
بەندیان جاریک لە بیرکە بینە دەر ئەو لە زیندانی
معدنی تەن پر جفادە جان لە بۆ جانان ێفادە
دل بە یادی بادە فادە ئەو بە حالی تۆ دەزانی
مجرمی بۆ چ وا لە کاری دائما مەست و خوماری
بیرە مەیدان گەر سواری تاق وە بە بۆ امتحانی.( ١٣)

لە نێو شیعرەکانی وشەی کرمانجی و سۆرانی بەدێ دەکرێت و لە گەڵ زمانی عەرەبی، بەڵام شێوەی نووسینی شیعرەکان زۆر بە ئاسانی مانا دەدەن بە دەستەوەو ھەموو کەس بە ئاسانی لێی تێدەگات. شیعرەکان پێک ھاتوون(٥ دێر، ٩دێر و ١١دێر) ..ڕەنگە سێ شیعر کەم بێت کە باس لە ئەزموون و گەورەیی و ھەڵوێست و ژیان و دونیای شیعری ئەو شاعیرە بکەین، بەڵام سەرە داوێکیشمان لەبەردەستە ، ھەر ھیچ نەبێت ، ئاوڕێکی بچووک لە خەرمانی ئەو شاعیرە بدەینەوە . بڕوانە ھەر لە ڕێگەی وردبوونەوە و تێگەیشتن ، زوڵم و ستەمی عوسمانیەکان لە نێو کاکڵی دێرە شیعرەکان بدۆزینەوە ، ئاھو ھەناسەی کوردبوون و ئاوارەی زێدی شیرین وھەڵاتووی دەستی دەسھەڵاتدارانی تورک ، نمونەیەکی بەرچاوە لە سەرگەردان و دەربەدەری و خەم وئازاری زەمانە ، ریشی پێ سپیی کردووە :

تۆ کە کوردی ودلیری بە خودی ئەز دبێژم
خاکی بەرپێ ی تو لە سەراکسیر شرافاتی ھەیە
حقە مجرم کە فراری بی لە دەست تورکی لئیم
چونکوو خۆی کوردە لە وان ترسی بەھاناتی ھەیە

مجرومی شاعیر و تۆبەکاری تەریقەت و بەرماڵی خۆشەویستی بۆ عەشق وجوانی و یار و مەی و ئاخ و حەسرەتی ڕۆژگار ڕادێخیت و نزای تاوان و گوناھەکانی دەسپێرێت بە خوای خۆی و دەنگی زکر و تەھلیل ، لە نێو دێرە شیعرەکان ، بە پاکی و چاکی دەبیسترێت.
لە ئەنجامی ئەم ئاوڕدانەوەیە لەسەر ئەو شاعیرە ، گەورەیی و ناوبانگی وخزمەتی بەرچاوی شاعیرمان بۆدەردەکەوێت. ئەویش ئەوەندە دێنێت ، لێکۆڵەران و شارەزایانی ئەدەب ، گەڕان و پشکنین بکەن وشتی تازە بدۆزنەوە. یاخود بنەماڵەی شاعیر ، کە خۆیان کەسانی رۆشنبیرن ودیارن، بتوانن لە ئایندە زانیاری زیاتر بخەنەڕوو بۆخزمەتکردنی ئەدەبی کوردی.

سەرچاوە و پەراوێز:

١. گۆڤاری ھەتاو ، ژمارە (٤٧) ، ٢٠تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٥ ، ل ٨.
٢. ئومێد شێرکۆ شاکر مجروم ، مامۆستا و نووسەر، ١٩٦٢ لەدایکبووی ڕواندز، نامە ، ھەولێر ، ٢٨ /١/ ٢٠١٩.
٣. گۆڤاری ھەتاو ، ل٨.
* بە پێی ساڵی لەدایکبوون و مردنی شاعیر بێت (٩٠) ساڵ دەکات ودەربارەی ١٢٠ ساڵ تەمەنی ولە وەزیفەش دابێت ، ڕەنگە لە ڕاستی دوور بێت!!
٤. کتێبی( ڕواندز شارەکەی پاشای گەورە )، مەولود بێخاڵی ، تارق جامباز، ل٧١.
** وێنەی مەجروم و خێزانەکەی(ئینتەرنێت.لە پەیجی وێنە کۆنەکانی سلێمانی ) وەرگیراوە.
٥. ئومێد شێرکۆ. نامەی پێشوو.
٦. کتێبی( بەسەرھاتی رەفیق حیلمی) ، ئا: ناھیدە رەفیق حیلمی ، سلێمانی ، ٢٠٠٥ ، ل١١٣.
٧. مێژووی شارە گەشاوەکەم ، جەمال بابان ، بەرگی دووەم ، چاپی دووەم ، ھەولێر ، ٢٠١٢ ، ل١٨٧.
*** ھجری دەدە(١٨٧٧) لە دایک بووە لە ١١/١٢/١٩٥٢کۆچی دوایی کردوە. ھەر ئەم شاعیرە شیعریکی فارسی بۆ کەسایەتیی و پەرلەمانتاری شاری ڕواندز (ئیسماعیل بەگی ڕواندزی) نووسیوە کەبەناحەق شەھیدکراوەو دۆستێکی خۆشەویستی ئەو بووە. بڕوانە گۆڤاری روناکی ، ژمارە (٨) ١٩٣٦، ل٥_٦.
٨. جەمال بابان ، بەرگی چوارەم ، ل٤٦٦.
٩. گۆڤاری رۆشنبیری نوێ ، ئەیلولی( ١٩٨٥)، ژمارە (١٠٧).
١٠. سلیمانی شارە گەشاوەکەم ،جەمال بابان ، بەرگی (٤)، ل ٣٢٩.
١١. سەرچاوەی پێشوو، ل ٣٣٣.
١٢. کتێبی (بەسەرھاتی رەفیق حیلمی) ، ل٢٥٢.
**** شاکر مجروم ، دوو ژنی ھێناوە و کوڕەکانی بریتین لە (عەبدولعەزیز(١٩٢٦_١٩٩٩)،( شێرکۆ(٦/٢/١٩٣٤ _ ٩/٧/ ٢٠٠٨) ، (فەرھاد١٩٣٧- ….) .
١٣. ھەتاو ، ل٨_١١.
R_xarand@yahoo.com
* لە گۆڤاری (نما) ، ژمارە( ٤٨)، ھاوینی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

زمانی پەشیمانی لە کۆمەڵە شیعری زمانی باڵندەم دەزانی

سەدیق سەعید ڕواندزی ھەموو دەقێکی ئەدەبی،زادەی زەمەن و شوێنێکی دیاریکراوە.ئەگەر دەق بەرھەمی بیرکردنەوە و دنیابینی …