سەرەتا / ئەدەبی / مەلەوانی نەزان لەدەریای قووڵدا!

مەلەوانی نەزان لەدەریای قووڵدا!

_سەرنجێک لە بارەی ڕۆمانی سیسەمی خوێناوی_
سەدیق سەعید ڕواندزی
ساڵانێکە وەک خوێنەرێک،بەتاسەوە ڕۆمان دەخوێنمەوە.بەتایبەتیش ئەوانەی نووسەرەکانیان دەسپێکی نووسینیانە لەوبوارە. خوێندنەوەی ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی بۆ من لەدووڕوانگەوەیە. یەکەمیان چێژو وەرگرتن و خوێندنەوەی تێکستێکی ئەدەبییە، ئەوەی تریان بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی زمانەکەم وئاشنابوونی زیاترە بەزمانی کوردی کەدەبێ ڕۆماننووس شارەزایەکی ووردو زۆری لێ ھەبێت. چونکە زانینی زمان و شێوەی داڕشتن و گوزارشتکرن، ئەلف و بێی نووسینی ڕۆمانە. ھەرکەسێک توانای بەسەرزماندا نەشکێت، باشتر وایە ڕۆمان نەنووسێت.ئەوەی جێگەی سەرنجە لام، لەمیانەی ئەزموونی خۆم وەک خوێنەرێک لەبواری خوێندنەوەی ڕۆماندا، تا ئەندازەیەکی زۆر گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کەبەشێکی زۆری ئەوانەی خۆیان بەنووسینی ڕۆمانەوە سەرقاڵکردووە(نەک ڕۆماننووسن) شارەزایەکی ئەوتۆیان لەزمانی کوردی نییە.نازانن چۆن چەمک ودەستەواژە و دەربڕین و گوزارشتە زمانەوانییەکان،لەبونیادی زماندا بەرجەستە بکەن.بۆیە دەکەونە ھەڵەی سەیرەوە کەجێگەی پێکەنینە.گەرچی ئەونووسەرانە ھەوڵدەدەن لەڕێگەی فەنتازیای نووسین و زمانێکی پەخشان ئامێز، جۆرێک لەئستاتیکا بەوشەکان بدەن تاکوسەرنجی خوێنەر ڕابکێشن. بەڵام کاتێ دەچینە قوڵایی وشە و ماناکان، ئیدی دەستەپاچەیی ئەوانمان بۆدەردەکەوێت. ئەم کارەم وەک ئەوە دێتە بەرچاو کەخانووێکی لەخشتی قوڕ(کە ڕواندزییەکان پێی دەڵێن لگبن)دروستکراو، بەچیمەنتۆ سواخ بدەیت. ئایا ئەو ڕازانەوەیە جێگەی خۆی دەگرێت و شێوەیەکی جوان بەخانووەکە دەدات؟ بێگومان نەخێر. خاڵێکی دیکەیان ئەوەیە کەبەشێکی زۆرلەوانەی بەخەیاڵی خۆیان ڕۆمان دەنووسن، وادەزانن ئەگەر کتێبێکی قەبارە گەورەو ئەستووری شەسەدڵاپەڕەییان نووسی، ئیدی ڕۆمانیان نووسیوە.بەمەش تووشی کاوێژکردنەوەی وشەو درێژدادڕیی و دووبارەبوونەوەی وێنەکان دەبن. بابەتی بەشێکی زۆرلەوجۆرە ڕۆمانانە، دەکرێ پوخت و چڕوکورت بکرێتەوەلەچەند ڵاپەڕەیەکی کەم. یاخود ئەوەی ڕۆماننووس بەوھەموو نووسینەوەیەوە گوتوویەتیی،دەتوانرێت کورت بکرێتەوە بۆچیڕۆکێکی زۆرکورت. نموونەی بەرجەستە لەم ڕووەوە زۆرن گەرخوێنەر مەبەستی بێت ئاماژەیان پێ بدات.لەو ڕوانگەیەوە یەکێک لەوڕۆمانانەی کەلەو ڕۆژانەدا خوێندمەوە ولەزۆرلایەنی زمانییەوە ھەڵەو کێماسی ھەبوو ڕۆمانی(سیسەمی خوێناوی بوو)*. وەک خوێنەرێک نامانەوێت لەو ڕۆمانە بدوێین کەدنیایەک سەرنج و تێبینیم لەڕووی بابەت و نووسینەوە لەسەرھەیە. تەنھا ئاماژە بەدەربڕینی چەند وێنەیەکی ھونەری و زمانەوانی دەکەین،کەئاستی زانیاریی نووسەرەکەی لەبواری زماندا دەردەخات.ئەم ڕۆمانە، باسی ڕووداوی خۆکوشتنی ژنێک دەکات بەناوی شەونم. شەونم قوتابی بەشی ڕاگەیاندن دەبێت لەپەیمانگادا. لەوێوەکەسێک دەناسێت بەناوی سورکێو. ئیدی دەبنە خۆشەویستی یەکتری. بەڵام شەونم لەژێرفشاری ماڵەوەیان ناچاردەبێت شوو بەکەسێکی دیکە بکات کەناوی سەرکەوتە. بەڵام لەگەڵ ئەودا بەختەوەرنابێت. تاڕۆژێکییان لەماڵی شەونم لەژوان و بینینێکدا، شەونم و سورکێو بەیەگ دەگەن و لەوکاتەوەش سەرکەوتی مێردی دەگەڕێتەوە.کە ئەودیمەنە دەبینێت شۆک دەیگرێت. بۆیە سورکێو دەکوژێت و شەونمیش پەنادەباتە بەربنکەیەکی پۆلیس بۆماوەیەک. دوای ئازادکردنیشی دەچێتە ماڵی دادە پەروین و لەگەل چەندین ژنی ترفێری کاری لەشفڕۆشی دەبێت. تادواجار ھەرچۆنێک بێت، بێ ئەوەی بنووسی ڕۆمانەکە بۆمانی باس بکات، شەونم دەگاتە وڵاتی سوێدو بەرلەوەرگرتنی مافی پەنابەرێتی،خۆی دەکوژێت. ئەمە پوختەی ناوەڕۆکی ئەوڕۆمانە چوارسەد ڵاپەڕەیەیە. وەلێ نووسەربۆ ئەوەی ڕۆمانەکەی درێژبکاتەوە، ھاتووەچیڕۆکی(نارین و نەھرۆ)و چیرۆِکی(لیۆن ومۆلی)شی تێکھەڵکێشی ڕووداوەکان کردووە. پرسی کوشتنی ژنان بەناوی شەڕەف ودیاردەی ژنکوشتن لەکۆمەڵگەی کوردی، ھێندە وەک بابەتێک لەنووسین دووبارە بۆتەوە، خەریکە لەماناو ناوەڕۆک وبەھای خۆی دەکەوێت.نەک ھەر ئەمە زۆرجار ئەم بابەتە لەلایەن ھەندێک بنووسەوە بۆ خۆ دەرخستن، وەک ھەوڵێک بۆ نیشاندان و سوککردنی نەتەوەی کورد لەدنیای دەرەوەدا پیشان دەدرێت.کەکورد چ گەلێکی بەربەری وتێنووی خوێنی ژنانە. تەنانەت لەوڕۆژانەدا ھونەرمەندێک پەیکەرێکی کردووەو شمشێری کردۆتە فیگەری سەرەکی پەیکەرەکەی. وەک ئەوەی قڕانی بابەتی ھونەری بێت لەم ھەرێمەدا. ئەوانە ھێندە بێ ئاگان نازانن لەبەشێک لەوڵاتانی کەنداو، تاچەندڕۆژێک لەمەوبەریش ژنان مافی ئەوەیان نەبوو ئوتومبێل لێبخوورن. ئەمەبەومانایە نییە کەئَێمە ڕەوایەتی بەوکارە بدەین. بەڵام من نازانم لەدوای(گرەوی بەختی ھەڵالە)ی (عەتای نەھایی) چ شتێک جوانتر دەنووسرێت لەبارەی نەریتی ژنکوشتن لە وڵاتانی خۆرئاوادا. بۆیەداھێنان ئەوەنییە ڕۆماننووسێک تیمەیەک بکاتە ڕووداوی ڕۆمانەکەی، کەپێشترچەندین جاری تروجوانتریش باسی لێوەکراوە.لەڕۆمانی سیسەمی خوێناویدا، خوێنەربەرچەندین ھەڵەی زەق لەڕووی زمان و دەربڕینەوە دەکەوێت کەلێرەدا ئاماژەیان پێدەکەم:_
*ڵاپەڕ-٧ -نووسیویەتی:_(بۆچوونی ئەو شارە). ئەوەی بۆچوونی ھەیە خەڵکی شارە نەک شار.
*ڵاپەڕە ٤٠_نووسیویەتی:(زۆرلەو ئێوارانەی باوکم لەنوێژی ھەینی دەگەڕایەوە). سەیرم پێدێت کەسێک ڕۆمان بنووسێت و خۆی پێ ڕۆماننووس بێت، بەڵام نەزانێت نوێژی ھەینی لەنیوەڕۆیانە نەک ئێواران. ھەمووڕۆژێکیش نییە، ھەفتەی تەنھا یەکجارە.
*ڵاپەڕە٤٦_نووسیویەتی:_(دەم و چاوی یەکتریان بەمشتەکۆڵە ھێنابوە خوارەوە).شکاندبوو، شیاوترە.
*ڵاپەڕە٦٥_نووسیویەتی:_( پرچەکانی ھێندەدرێژبوون تاکەمەری ھاتبوون) ئەرێ ئافرەتان تەنھا پرچێکییان ھەیە یان چەند پرچێک؟ئەگەر مەبەستیشی کەزی و تاڵە مووبێت، ئەوان جیاوزن.
*ڵاپەڕە٧٤-نووسیویەتی:_(چاوەکانی وەک دووھێلکە دەرپۆقیبوون). ھیچ ئستاتیکاو چێژێک لەودەربڕینە نامۆیە ھەیە؟
*ڵاپەڕە ٧٤-نووسیویەتی:_( نارین بەدەستە گۆشتنەکانی) کەچی سەیرلەوەدایە لەڵاپەڕە(٦٧) نووسیبووی( نارین بەدەستە باریکەکانی). سەدان جارکەوتۆتە بەرچاوم نووسەربیری چۆتەوە پێشترچی نووسیوە. لەبەردرێژکردنەوەی نووسینەکەی کەھەرمەبەستی بووەشتێک بنووسێت!.
*ڵاپەڕە ٩٩_نووسیویەتی:_(ھەردووکمان وەک چۆن سەگێکی برسی ئێسقانێک دەلێسیتەوە یەکتریمان دەلێستەوە)ئەگەردووکەس زۆر یەکتریان خۆشبووێت و تامەزرۆی یەکتری بن، ئایا وەک سەگ یەکتری دەلێسنەوە؟یان یەکتری ڕادەمووسن؟.
*ڵاپەڕە ١٣١-نووسیویەتی:_(ترسی عشق دڵی خنکاندبووم).
*ڵاپەڕە١٣٦-نووسیویەتی:_(قسەلەدەمم خلیسکا). خۆناودەمی مرۆڤ سەھۆڵبەندان نییە، تاقسەی لێ ھەڵخلیسکێ.قسە لەدەم دەردەچێ.
*ڵاپەڕە ١٤٠-نووسیویەتی:_( بەوڕاستە شەقامەدا شۆڕبوومەوە). کەڕاستە شەقامە، نازانم شۆڕبوونەوەکە لەکوێدایە؟.
*ڵاپەرە ١٤٧_ نووسیویەتی:_( تایەی لاستیکییان دەسووتاند). تایە خۆی لاستیکە، جگەلەمەش ئەوەی دەسووتێندرێت ھەرتایەی لاستیکە، خۆی تایەی ئاسن ناسووتێنرێت.
*ڵاپەڕە ١٤٨-نووسیویەتی:_(کەف و کوڵی ناخی بڕەوێنێتەوە).نووسەر جیاوازی نەکردووە لە نێوان دامڕکاندنەوەو ڕەوانەوە.
*ڵاپەڕە ١٧٨-نووسیویەتی:_(مووچرکێک ھەموو جەستەمی لەرزاند).نووسەر تەزاندن و لەرزاندنی لێ تێکەڵ بووە!.
*ڵاپەڕە ١٩٢-نووسیویەتی:_( دەم وچاوەکەی ئەوەندەی ترتاڵترببوو). دەم و چاو گرژ،مۆن، توڕە دەبێت نەک تاڵ.
*ڵاپەڕە ٢٠٥-نووسیویەتی:_( کچە ھەرزەکارەکەی لەگەڵ خۆی ھێنابوو کەزانکۆی تەواو کردبوو). کەسێک زانکۆ تەواو بکات تەمەنی ھێشتا ھەرلەھەرزەکاریدایە؟.
*ڵاپەڕە ٢١٨-نووسیویەتی:_(ھەموو جەستەم نغرۆی ئارەقەی جەستەی خۆم ببوو).دیارەکارەکتەرەی ڕۆمانەکەی ئەو بەڕێزە دووجەستەی ھەبووە!!.
ڵاپەڕە٢٢٠-نووسیویەتی:_( بەنازلەژنی دووەمی باوکی سەرکەوت بوو).کەچی بیری چۆتەوە پێشترچی وتووە ئەمجارەیان لەڵاپەڕە٢٢٨ نووسیویەتی:(بەنازوخوشکەکانی لەژنی یەکەمی بوون).
*ڵاپەڕە ٢٢٩-نووسیویەتی:_( ئاگرلەجەستەم دەچۆڕا).وەک ئەوەی ئاگر ئاو بێت چۆڕاوەی ھەبێت.
*ڵاپەڕە ٢٤٤-نووسیویەتی:_( شێرە ئازاکە _ڕێوی دارستان_ گورگی تێنوو).شێرھەیە ترسنۆک بێت؟.
*ڵاپەڕە٢٦٧-نووسیویەتی:_(مرۆڤەکان وەک ئەوەی تفیان لەزاری یەکتری نابێت وەک یەک بیردەکەنەوە). خوێنەری بەڕێزتفی ناودەم ھیچ پەیوەندی بەبیرکردنەوەھەیە؟.
*ڵاپەڕە٢٨٢-نووسیویەتی:_(بۆنی بوخورێکی گران بەھا لووتەکانمی پڕ کرد) سەرنج لەلووتەکانی بدەن کە بەکۆی نووسیوە.
*لاپەڕە٢٨٧-نووسیویەتی-:( وەک ژیلەمۆیەک ئەدرەوشایەوە).نووسەر جیاوازی لە نێوان درەوشانەوەو گەشانەوە نەکردووە. وادەزانێت ھەردووکییان ھەریەکن!!.
*ڵاپەڕە٣٠٣_نووسیویەتی:_(غەڵبە غەڵبێکی ناوازە!).
*ڵاپەڕە٣٣٥-نووسیویەتی:_( لووتەکانی پڕکردم). مرۆڤ تەنھا لووتێکی ھەیە.
*ڵاپەڕە ٣٣٨-نووسیویەتی:_( دەم وچاوێکی پانی پێوەبوو).تا ئێستا دەیان ڕۆمان و ھەزاران ڵاپەڕەی ڕۆمانەکانم خوێندوونەتەوە، ھەرگیز نەمبینیوە نووسەرێک ھێندە کۆلەوارو نەزان بێت لەزمان، بەم شێوەیە وەسفی دەم و چاوی مرۆڤ بکات. وەک ئەوەی دەم و چاوی مرۆڤ دەعامی ئوتومبێل بێت. کەی مەبەستی بوو بەیەکی جوانتری بگۆڕێت.چونکە دەم وچاوێکی پانی پێوەبووە. مادام پێوەبوونیشە، کەواتە دەتوانرێت ھەرکات مەبەست بێت لێی بکرێتەوەو یەکێکی تر بخرێتە شوێنی!.
ئەمانە بەشَک بوو لەوسەرنجانەی کەوتنە بەرچاوم. دڵنیام ئەگەرجارێکی تریش ڕۆمانەکە بخوێنمەوە، ھەڵەی زۆرتریش دەبینم. ناکرێت ھەرکەسێک بابەتێکی بیست، یاخود بیرۆکەیەک لەمێشکی دابوو،بیکاتە بەناوڕۆمان . ئەم جۆرە دەقانە زمانی کوردی وێران دەکەن. ھەرلەو ڕوانگەیەشەوەیە ئێستاو داھاتووش بەسەریان دەکەمەوە. نەک کەسانێک بێن بەھۆی نەزانیانەوە بێت لەڕۆمان، یاخود ھاوڕێیەتییان لەگەڵ بنووسی ئەوجۆرە دەقانە، پەسنی بکەن و بەشان و باڵی دەقەکەو نووسەرەکەشی ھەڵبدەن و ئەوانیش چەندین دەقی دیکەی لەو شێوەیە، چاپ و بڵاو بکەنەوە. ئەم جۆرە بنووسانە،لەڕاستیدا وەک مەلەوانێکی نەزان وان لەدەریایەکی قووڵدا. ئەگەرکەسێک مەلەوانی نەزانێت چی لێدێت؟ بێگومان دەخنکێ.زمانیش وایە، ئەگەرنووسەرشارەزای ھەمووسووچێکی نەبوو، دەسەڵاتی بەسەر گوزارشت ودەربڕیندا نەشکا و ڕۆمانیشی نووسی، ئەوا وەک مەلەوانە نەزانەکەی لێدێت.دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کەئەم ڕۆمانە گەرچی پێداچوونەوەی زمانەوانی و ڕێنووس و ھەڵەچنیشی بۆ کراوە،بەڵام لەچەندین شوێنی ڕۆمانەکە ھەڵەی ڕێنووس وچاپ دەبینرێن.ھەموو ئەمانەشم لای خۆم تۆمارکردوون. دواجار پێشنیارم بۆ ئەوجۆرە نووسەرانە ئەوەیە، تالەتوانایاندایە بخوێننەوە، تابزانن چۆن وشە دەخەنە ڕستەوەو لەچ شوێن و جێگەیەکی زماندا، وشەی شیاوو گونجاو بۆدەربڕین ھەڵدەبژێرن. چونکە نووسینی ڕۆمان قسە ڕێزکردن نییەو ھونەری دەربڕینە.دەربڕینێک کەسەرنجی خوێنەرڕابکێشێت و چێژی لێوەرگرێت.زمانەکەی بەبرشتتر بکات. نەک ئەوەشی کەدەیزانێت بەھۆکاری خوێنەوەی ئەوبەناو ڕۆمانانە لەبیری بچێتەوە…

*پەراوێز/ سیسەمی خوێناوی/ڕۆمان –نووسینی جەبار عوسمان/بڵاوکردنەوەی دەزگای جەمال عیرفان ٢٠١٧.

* ئەم بابەتە لەڵاپەڕەی ئەدەبی ڕۆژنامەی(ھەولێر) ژمارە(٢٩٢٤) ی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢- ٩-٢٠١٨بڵاوکراوەتەوە..

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

داتاشینی وشەو شێواندنی زمان لەپەراوێزی گەیاندنی مانادا

سەدیق سەعید ڕواندزی بەھۆی نەبوونی زمانێکی ستانداری یەکگرتووی کوردی کەلەنووسیندا پەیڕەو بکرێت،شێوەکانی نووسین و ڕێنووس …