سەرەتا / ئەدەبی / نامەکانی ئیشق، ھەموو بەیانییەک

نامەکانی ئیشق، ھەموو بەیانییەک

سەردار جاف : ٣٣ – بەیانیت بە تریفەی ھەستەکانم جوان ، بەیانیەک خەمڕەوێنی دڵتەنگیت بێ، بەیانیەک ئیدی ئەم ژنکوشتنەی نیشتیمانی خۆمان نەبینین، ئیدی ئەوە باھۆزە و گێژەڵوکەی خەرەندی کەڵچەری من و تۆیە، نازدارەکەم دەزانم چەند خەم لە خۆ کوشتنی ژن یا لە ژنکوشتن دەخۆی ، باڵات بە بارتەقای ئەو لە پاشینەی بیر و ئاوەزی ھاوەڵانمان ڕۆنیشی خاک دەبن، دەزانم ئاسودەییەکانتان دەشێوێنێ، ئەدی لەم سپێدەوە بۆ بە کۆڵێ ھومێدەوە بەر دەرگات لێ دەگرم، ئەوە لە ھەگبە و فەرھەنگی منا نەک کاڵ بۆتەوە بگرە ھەر بوونی نەبووە، ئاسوودە و بێ خەم بە لە بری کوشتن ژیانی بەختەوەری و خۆشەویستی و ئیشق و ڕێزگرتنم بە دیارییەک بۆ ھەڵگرتووی تا ھەتایە لە ئامێزتا بخەمڵێ، ئەوە وشە گوڵەکانن دەبنە چەپکە دەستی تووڕە بوونم و لە بەرۆکت دەدرێن، ئەوە شایی و ڕەشبەڵەکی پێکەوەییمانە خەم لە دوێنێی رۆژھەڵاتیمان دەخوا، بەیانییە و گۆرانی و مۆمی ژیانێکی نوێ بۆ خۆمان ھەڵ دەکەین ، ئەوە بیرە نامۆیانەیش دەبێ ببنە تەرمی ئایندە و بیسڕینەوە لە شادەماری ئەو ئاوەزە پوچەڵانە، چونکە گوڵی تۆ بۆنبارانی نەک پاخچە و دیوانسەرا دەکا، نیشتیمانیک پڕ شانێل دەکا… ٢ / ٤
٣٤ – بەیانیت ڕەنگی ھەناری گرتووە و لێم بووی بە پەروانە و بە دەوری شەم دەخولێیتەوە، ، چ دەبێ تا ئێرە و ئیدی تەواو بێ شەم بە دەوری پەروانە بخولێتەوە، ھەتا خەم بوخچەی نەھامەتی خۆی بپێچێتەوە و چیدی بەر دەرگات نەگرێ، باڵەکانت ڕەنگین بکا، تا ڕەونەقتر و بە گوڕترین ھێزی فڕینی ھەبێ، با بە بەخشندەییەوە لە ڕوخساری گزنگ بچێ، ھەر لە ژوانی گەڵامان بنێ و بتکێین بە سەر چرای ڕۆژگار، دونیا تەژی بێ لە ئەوین لە ئیشق و لە سۆز و کەفوکوڵی پاکی و جوانی و بەرائەت، لە قوڵایی ئیشقمانەوە پێناسەی ژیان بۆ ئەوانی دی بکەین، مەموزین لە نیشتیمان نەبڕین، ئاوا مەیلی ڕەگ و بناغەی ئەو ھەستەمان ھەبێ، بەستە بۆ کیژی سەرچۆپی و کوڕی شوان بڵێینەوە، بەیانیت جواندار لە گوڵ گوڵتر……٤ / ٤
٣٥ – ئەم سپێدە ڕۆحم تەنافە و ژێی قژی خاوتی بە سەر خۆیدا داوە، لەو لایشەوە ھەردووکمان ھێدی ھێدی گوێڕادێری دەنگی ماملێین ئەو شەوانەمان وەبیر دێنێتەوە کەوەک زوڵفت سیاپۆشن و تەنھا مۆمی ڕووخسارت ژووری پێکەوەییمان ڕۆشن دەکاتەوە، ئەم بەیانییە لە شەرمی سووری کوڵمەکانت دەڕوانمە شقڵی سەر سینەت تا تەواو بۆنی ژنێتیت بە ھەناسەمەوە بلکێ، ئەم بەیانییە نیگایەکت بە دەم خەیاڵەوەئاشنای پەڕینەوەی دەریایەکم دەکا ڕووە و جەمسەری باکوور ھەڵمدەبڕێ، ھێند وڕ و کاسم حەوسەڵەم نەماوە ، سەرم وەک جاران بە خۆمەوە نییە، نە لەسەری مرۆڤ دەچێ نە لە بەردی باراش، سەرێک لە شەمبازیام وەرگرتووە، وەک مزراح دەخولێتەوە و واق وڕماوی نیگای پڕ تریفەیی و جوانی و ڕەونەقی ئەو ڕووخسار و قەد و قامەتەم، دەڵێی لە بەردەم فرۆشگای تەمەن ڕاماوم، زەنگی مۆبیلەکە ڕایچەنیم ھەستەکانی تۆی پێ ناسانمەوە، ئیدی خەیاڵدانم قووڵ قووڵ بوویەوە بە تاڵ تاڵی پرچتا خۆی شۆڕ کردۆتەوە خەندەی لێو و ڕتووشی گەردنتی تێکئاڵان ئیتر چاک حاڵی بووم کە لە گوڵ گوڵتر تۆی ئەزیزم …….. ٧ / ٤
٣٦ – بەیانیت جوان و خومار و مەستی تێکئاڵانی شەوێکی دوور و درێژی پاییزان، مەیلەکانم ئەم بەیانە سەر بە تونێلێک دەکەن تەمتومانی سپێدە دەسڕنەوە، تەمی ھەور سەر لە نوێ سەرەتاتکێی نیگاکانت دەکا تا تاریکی بنێژێ، بە سەر باڵی پێکە شەرابەوە سەما مەستمان دەکا و لەنجەکانت دەمفڕێنێ، بەیانییە و گەلاوێژ چاوی خۆر دەبەستێتەوە و ھەناسەت چاوشارکێم لە تەک دەکا، ھەموو گرێکوێرەکانی لوغزی ئیشقمانمان بۆ دەکەنەوە، تۆ ژنە میھرەبانەکەی قەڵا و منارەی ھەولێر و بن چیای سەفینی ، کەچی نھا لاپەڕەی یادەوەرییەکان بۆ یەک دەنوسینەوە لە پەنجەرەی دیداری خەندەکانمەوە قاوە تاڵەکانی یەکدی بە ماچە ھەنارییەک شیرین دەکەین ، ئەو ماچەی لە خەون و خەیاڵەوە بوونە لامیسەی جەستە و بەیانی پێ بەیان کردین، ئەو بەیانەیش بە جوانی جوانیت ڕاناگا لە دامێنی ناخی بێگەردت غلۆر دەبێتەوە ، دەبێتە سەرە ڕێی ئاشقان و ئەو گوڵەیش بچنەوە ھێشتا بە گوڵی تۆ ناگا ……٤ / ٤
٣٧ – کازیوەیەک نییە پیاسەکانی تەنیاییم لە سۆراغی ئەو ھەستە بە ئاگایەتەوە وێڵی شەقام و کوچەکانی نیشتیمانی غوربەت نەبێ، ئەم بەیانییە تەنیاییەکانم بە ئاودامانی ھەناسەتەوە ھەڵواسیوە، سۆراغی تێفکرینە وەنەوشەییەکانی ماچی ئەبەدییەتی گەڕەلاوژێیانەت دەکا، بە تەلیسمێکی قەتیساوی خۆرەوە لکاوە و ھەڵوەدای تروسکایی ھەنگاوە ڕەشەکانی دەم زویر بوونی ئاتەشگایە، کە تەنیا ناخی من دەبرژێنێ، لە قوفڵی کڵۆمدراوی بەزەیی دەگەڕێ کێلونەکەی بگۆڕێ و بە سانایی دەست بە باخچە ژاوەژاوەکانی گەڵاوە بگرین، من و تۆ وەکو گەڵا نەکەوینە سەر زەوی، لێ خولیاکانی بەیانیانمان تەمەنێکی بە کێرد سەربڕاوی بێھودەن، زیز بوون و ئاشتەوایی دوای ئەوە پەردە شەرمنییەکان ڕادەماڵی و ھاوژینی ژینمان جاڕ دەدەی، ئەم بەیانیەمان لە ھەموو گزنگێ روونتر دەکاتەوە، وەلێ ژوورەکەم گوڵێکی تێدا ڕواوە لە گوڵ گوڵترە …. ٩ / ٤
٣٨ – بەیانیت جوان… بەیانیت ئاوێتەی ڕۆحی من… بەیانیت ئەندێشەی شەو و ڕۆژانم …. جوانیت ئیلھامی شیعرم، ھەناسەت نوکی قەڵەم و ڕۆحت دەفتەری نوسینەکانم، سینگت کتێبخانەی کتێبم….
جوانیلەکەم… دوو ڕۆژە ئافاتی مەرگ تێمئاڵاوە، نازانم ئەو زویر بوونە لە کام یاخیبوون و ھەڵەوە ئیلھامی وەرگرتووە، لە کام ژیلەمۆی منەوە پێیەکانتی ئەزیەت داوە و لە دڵەوە داخورپاوی و ئەو ئازارەی بە دڵی میھرەبانت گەیاند….. پەنجەکانم ھەڵوەرێن کە بێ ڕێزیان نواند و خەمیان کردە دیاری ، لە بری نوقڵانەی خێر ئاتەشگای لە دڵم کردەوە، شیرینەکەم…….. گەر نیازت وایە لە دەرگای دڵتەوە سنوورداشی ئەو دیوی ئەوینم بکەی …… ئەوا من لە پەنجەرەی چاوەکانتەوە دەخزێم و ئاوێتەی ناخت دەبم و گڕی ئیشق خۆش دەکەمەوە و لە خەڵوەتی ئەوینی ئەبەدییەتتدا ھۆگر دەبمەوە…. تۆ ئەو جوانەی گوڵت پێ ناگا، دەڵێم داڕزێ و ھەڵوەرێ دەست و پەنجەکانم کە نمەک حەرامی بە بوون و باڵات بکەن.١٢/٤
٣٩ – لە تەک ئەم بەیانەدا…. لە چاوە نێرگزیەکانتەوە نمەی تۆخبوونەوەی ئیشق تۆو دەکەم و بەری ڕەنجی ماندوو بوونی دڵ دەسکەنە بکەین، لێوەکانمان سڕسڕ و بتەزێنین تا لە دوو ڕۆژی دابێ بە یەکدی گەرم گەرم ببنەوە و تینوێتی خۆیان بشکێنن، ئامێزم لە بەر سەرمای بەیانیان بڕچێنم باشەختەی نیشتیمان زەفەری پێببا لە ڕاموسانی باڵاتا خاو دەبنەوە، پێکڤە گەمە بە ئاونگەکانی سەر سینەی یەکدی بکەین، لە چیمەنە توکنیەکەی سەر سینەم ئەفسونەکانی خۆتی تیا بنوێنە، با ترپەی دەنگت پەلکێش و نغرۆ بوونی ئاوێزان بوونمان بکا ھەناسەمان لە باوەشا کۆتا بەگڕوگاڵی خۆیان بێنن و ئەشک ڕشتن تووڕ بدەن، ئەم بەیانە ھەردوو بەدەم ئاسۆوە سوور بچینەوە، وەک مەرقەدەکەی سەر دڵم سپی سپی کزە بای سەردی دەم سوبح بھۆنینەوە، لە لەرەی کازێوەوە نێوانی لێوەکانمان گەزۆی شیرین ھەنگوینی لە شەرمانا بتکێننە سەر زەوی، برین و زامی ئاشقان بە بۆن و ڕەنگی گوڵینت ساڕێژ بکە ، تۆی لە گوڵ گوڵتر. ١٥ / ٤
٤٠ – بەیانیت نەباتی وەک ئەو ڕۆژانەی دەتدواندم، ئەم سپێدە سینەم لە گەڵ ھاڵاوی ھەناسەم نامۆن بە یەک، دوا ترپەی دڵی غوربەتیم بە شەبەیخونی نێو شەبەنگ دەئاڵێنم، دەمێکە ھەستەکانم بە دووت ڕا دەکەن و وێڵ و عەوداڵ و لە سۆراغن ئەی غوربەتتر لە من نە دەتگرنەوە نە دەتبیننەوە، نازانم لە خێڵی خێوی یا نەبوونێکی ھەڵتۆقیوی، وا نووزەی چرا تۆڕم لێک دەنێم و تۆ ھەر دەرنەکەوتی سوعبەتەکانی دەسلەملانێی پێش نوێژی زویر بوون نۆژەنکەیتەوە، وا ھەزاران جار غەریبی تۆ دەکەم و مەیلەکانت نوستوون و نامدوێنن، پێم بڵێ ئەمە کامە ئەوین و ئیشقێکە ڕێی خۆی ناگرێتەوە، تۆ وەرە و بنۆڕە بەیانیانم چ بەستەڵەکێکی جەستە و روحێکی گڕ تێبەربووی کۆست و کۆتەڵ و ڕەشپۆشی دۆراندۆری گرتووم، ئێ تۆ لە ئازاری من ناگەی یا سزادانت بە باڵای ھەتیوی بێ تۆییم بە بەرا بڕیوە، ژن کە لە گوڵ ناسکتر بوو دەبێ بەزەییەکانی ناسک و ڕۆشن بێتەوە، خۆ من بێ تۆ و بێ بزە و خەندەکانت لە مرۆڤ بوونم کاڵ دەبمەوە ………

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

کەسیەتی پاڵەوان لەڕۆمانی دێوبەھمەن دا

سەدیق سەعید ڕواندزی کارەکتەر،بەیەکێک لەڕەگەزە سەرەکییەکانی بینای ھونەری دەقی ڕۆمان دادەنرێت. کەڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت لەوازیکردنی …