سەرەتا / ئەدەبی / نامەکانی ئیشق لە پەنای قایلبوونەوە

نامەکانی ئیشق لە پەنای قایلبوونەوە

سەردار جاف
لە تەک متبوونی ھەوری سپیدا، یا لە گەڵ سەمای نمەباران، بشێ بە ھاودەمی لەنجەی بەفر گەڵا ماچەکانت سپارد بێ ، وڕێنەکانم ساغکەوە ، با ئۆغری ئەملاولا نەبن و نەتارێن و کێواوکێو نەڕۆن، تا رووتبوونەوەم بە گەڵا سەوزەکانی لێوەتەڕەکانتەوە لە سەفەری یەکێکیاندا بێت، چما سبەی بە شەونمی شنەی روحت تەڕتەڕی ناکەی ، ئاوازی گریانەکانی پارساڵی وەک ئەورۆم بە بزە و خەندە سیحراوییەکانتەوە بلکێنم، چراتۆرێ بۆ ڕەشبەڵەکی جەژنی ئەوینمان ھەڵبکەین .
تۆ لە کام ئەستێرەی خواوەندەوە غلۆری نێو تەمەن بووی ، لە کام باڵە فرەی ئاسمانەوە لە سەر تەختی فڕگەخانەی سینەما نیشتیتەوە ، لە سەر باڵی کام باڵندەی نامۆوە ختوکەدانی ھەستەکانت پەی پێبرد، لە کام ئۆقیانووسی دوور دوورەوە بنەوبارگەت بۆ ناو پەڕەی دەفتەری سەفەری بێ ناونیشان پێچایەوە و تیای ڕاکشای ، لە کام رووباری تەنگەبەرەوە بەرەو دەریای چاوەنواڕی ملی رێت نا ، لە کام زنەوە ھەڵقوڵاوی و شانامەی فیردەوسی دەنوسیتەوە، لە کام دارستانەوە لق و پۆپەکانت رووت رووت کردەوە و پاییزت بە ئاودامانی رووح ئاشنا دەکەیت و بەھار بە چاوەکان.
وا سبەی حەرەفەکانی تەمەن دەنووسرێتەوە، تۆ ھێشتان جەللادەکانی روحت لا قێزەونترین گیانلەبەرن، مشتێ خۆڵی متبوونی ھەڵچووەکانی ڕۆژگارە تاڵەکانم بە سەردا کردی ، متبوونی شکۆفەیی و تریفەیی چاوەکانت لەو دیو برژانگەکانتەوە بە دەرکەوتن ، ئەشکەکانی دوێنێ لە بوخچە شڕاوییەکان دەنێی و بریسکەی گۆرانییەکانیش بۆ سبەی دەڕازێنیتەوە، ئەو ئەستێرە بچوک و پر تیشکە بووی لە گەڵ کەوتنی گەلاوێژ لە ئامێزا خۆت گرتەوە، سەرنجەکان نوقمی وشە ڕەنگاڵییە پەلکە زێرینەییە شاراوەکانی ناخت بوون، ھەر لە دوور ڕا ئیشق ئاوەزی ماچکرد تا کڕنووش لە بەر پێیەکانتا بەرێ، ناخی پڕ ھەسرەت و سەرکێش و گرینۆک بۆ باڵا و جوانی و بسکی شاراوی بن پاڵتۆ ئەستوورەکەی وڵاتی بەفر خرمژنێ بوون، ئارام و ھێمن و ئاسوودە دەبوو گوێ لە گریانەکانی ڕادێری، ناڵێن گریانی پیاو پڕ واتایە ، دەبێ ئیشقت چ گێژەڵوکەیەک بێ وا ھەراسانی کردووە، تا ئەو دەمەی بۆ ھیچ ژنێ فرمێسکی نەچۆڕاوە ، ئاشقی ھیچ ژنێکی سەرەرۆ و سەرشێت نەبووە، وا ناخ جێی ئەو ژنانەی گرتۆتەوە بە سەر پەنجە پێی رووحتا دادەچەمێ و غوباری رابردووی ڕادەماڵێ، بە تەنھا بەفر ناتوانێ نیشتیمان پاک بکاتەوە، خەندەکانی من و تۆ ، قریوەی من و تۆ ، تەنانەت ماچەکانیشمان گەرچی ژووریِ رۆشن دەکاتەوە وەلێ نیشتیمانێک لە بوغز و کینە پاک دەکاتەوە، نیشتیمانێک فێری راستگۆیی، نیشتیمانێک ئاشقی تەمەن و ئەوینداری کاروانێک دەکا …….
١٣ / ٢ / ٢٠١٩

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

داتاشینی وشەو شێواندنی زمان لەپەراوێزی گەیاندنی مانادا

سەدیق سەعید ڕواندزی بەھۆی نەبوونی زمانێکی ستانداری یەکگرتووی کوردی کەلەنووسیندا پەیڕەو بکرێت،شێوەکانی نووسین و ڕێنووس …