سەرەتا / ئەدەبی / ڕۆمانی دوا وێستگەم باکوورەو چەند سەرنجێک

ڕۆمانی دوا وێستگەم باکوورەو چەند سەرنجێک

سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەوەی ڕۆمان لەگێڕانەوەی مێژوویی جیادەکاتەوە،بەرجەستەکردنی وێنەیەکی دیکەی نوێیەبەدەرلەوێنە مێژووییەکە. نوێ بەومانایەی ڕۆماننووس چەند لەکڵاوەڕۆژنەی ئەدەبەوە بۆڕووداوەکان دەچێت و گوزارشتیان لێدەکات.کێشەی بەشێک لەوانەی ڕۆمان دەنووسن بەتایبەتیش کەھیچ ئەزموونێکی نووسینی ئەوژانرەیان نییەلەوە دایە، کەدرک بەوجیاوازییە ناکەن کەڕۆمان لەبیۆگرافیاو یادەوەری، وەک مێژووجیادەکاتەوە. واتەبەھەمان زمانی واقیع ڕووداوەکان لەدەقی ڕۆماندا، بەرجەستەدەکەن. مێژووئەوەیەکەڕوویداوە. بەڵام ڕۆمان ئەوەیە کەدەیخوێنینەوە. ئەگەرخوێنەربەھەمان شێوازی گێڕانەوەیەکی مێژوویی ڕۆمانی خوێندەوە، ئیدی جیاوازی لەنێوان ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی باڵا، لەگەڵ ڕووداوو مێژوونامێنێت. بێگومان لەنێوان ھەردووژانرەکەدا، چەندین توخمی ھاوبەش ھەن، کە گێڕانەوە یەکێکە لەوڕەگەزەھاوبەشانە. بەڵام لەڕۆماندا، گێڕانەوە ڕەھەندێکی ھونەری ھەیەکەتیایدا، وەسف و گوزارشتکردن و شیعریەتی گێڕانەوەوچەندین لایەنی دیکەی زمانی، لەخۆدەگرێت. لە خوێنەوەی مێژوودا، خوێنەرتەنھا بەرمێژوو،بەرڕووداوەکان دەکەوێت. بەڵام لەڕۆماندا بەرشوێن و کارەکتەرو چەندین تەکنیکی دیکە دەکەوێت. گەلێک جار ڕۆمانێک دەخوێنینەوە، پترلەوەی ڕۆمان بێت، سەرگوزشتەی ژیانی تایبەتی وکەسی نووسەرەکەیە. کەئەمەش دەچێتە چوارچێوەی یاداشتنامە، نەک ڕۆمان. چونکەلەڕۆماندا، مەرج نییەکات و شوێن وکارەکتەرەکان، ھەمان ئەوانەی نێو واقیع بێت.بەڵام لەیاداشتنامەدا،نووسەرچەقی ڕووداوەکانە. چونکە ئەوباسی خۆی دەکات. لێرەوەش دەبینین گەلێک جارنووسەرانی ئێمەبەشێکیان یادەوەرییەکانی خۆیان لەژێر تایتڵی ڕۆمان نووسیوەتەوە، کەلەڕاستیدا ڕۆمان نییە.ئەگەرکتێبەکە ناونیشانی ڕۆمانی بەسەرەوە نەبێت، ڕەنگە خوێنەرکێشەیەکی ئەوتۆی نەبێت. بەڵام کاتێ لەژانڕی ڕۆماندا پۆڵین دەکرێت، ئەوکات دەبێ ھەڵگری ڕەگەزەکانی نووسینی ڕۆمان بێت. لەو ڕوانگەیەشەوە بڕوام وایەکتێبی(دواوێستگەم باکوورە) یاداشتنامەیە بەرلەوەی ڕۆمان بێت. چونکە نووسەرەکەی بەزمانێکی واقیعیانەی ڕووت،بەگێڕانەوەیەکی سادەی مێژوویانە، ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. لەو کتێبەداتەکنیکی گێڕانەوە لەھەندێ شوێندا ئەوەندەسادەونائستاتیکی دەبێتەوە، کەخوێنەرھەست بەوەدەکات ئەوەی دەیخوێنێتەوە ڕۆمان نییە،بەڵکوگێڕانەوەیەکی مێژووییە. کەمترین ھونەرکاری لەڕووی زمانی گوزارشتکردنەوە لەکتێبەکەداھەیە. ناوەڕۆکی ئەوکتێبە، کەبڕوام وایە خودی نووسەری کتێبەکە، کارەکتەری ڕووداوەکانە، باس لەکەسێک دەکات کەناوی(شکۆیە).شکۆ لەگوندێک لەدایک دەبێت، بەشێکی ژیانی لەوێ دەباتە سەر.تادواجاردێنەشارولەوێ ژیان دەگوزرێنێت و دوای ساڵانێکی زۆریش، بەھۆی ڕووداوەکانی دوای ڕاپەڕین وشەڕی ناوخۆی نێوان ھێزەسیاسییەکان،ئاوارەی کەنەدا دەبێت. لەوێش گەشتێک بۆجەمسەری باکووردەکات وھەوڵدەدات کتێبێک بنووسێت. لەپەراوێزی گێڕانەوەی ژیانی کارەکتەری ڕۆمانەکە، نووسەر ھەوڵیداوە دووقۆناغ لەژیانی تایبەتی شکۆ ئاوێتەی یەکتری بکات ودواتریش لەسەرئاستی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بەراوردی یەکتریان بکات.ئیدی نووسەرلەپەراوێزی گێڕانەوەی ژیانی شکۆ، باسی چەندین ڕووداوی دیکەی سیاسی وکۆمەڵایەتی دەکات. باسی شۆِرشی ئەیلول، ئەنفال،کیمیابارانی ھەڵەبجە، ژیانی دوێنێی مرۆڤی کوردلەگوند، دیاردە نوێیەکانی ئێستای ژیانی بەناومۆدێرنی مرۆڤی کورد،ژیانی پەناھەندەیی وچەندین ڕووداوی دیکەدەکات.تەنانەت باسی ترەمپ، ئوسامە بن لادن، شەڕی قاعیدە، ڕووداوی یانزەی سێپتەمبەر، فیدل کاسترۆ،نازییەکان و جەنگی یەکەم و دووەمی جیھانی وداعش و ئەبوبەکر بەغدادی ودەیان باسی دیکە دەکات. تەکنیکی گێڕانەوە لەوکتێبەدا، لەشێوەی گێڕانەوەی ئاسایی ژیاننامەی کەسێکە. زمانی دەربڕین وگوزارشتکردن، وەسف ودەربڕینەکان بەگشتی زمانێکی واقیعیان بەسەردازاڵە.بۆیەکەخوێنەرکتێبەکەدەخوێنێتەوەزۆرئاسایی درک بەوە دەکات کەژیاننامەی کەسێک بەناوی شکۆ دەخوێنێتەوە. ئەگەرچی نووسەرچەندلەسەرژیانی شکۆوەستاوە، ئەوەندەزیاتریش ئاماژەی بۆبابەت ورووداوی دیکەی لاوەکی کردووە. وەک ئەوەی نووسەرمێژوومان بۆبگێڕێتەوە، کەلەبنەڕەتیشداوایە. ئەگەر ڕووداوەکانی ڕۆمانێک ھێندەواقیعی بوونەوە،کەوەک مێژووێک باس بکرێت، ئیدی سیما ھونەرییەکانی ڕۆمان کاڵدەبنەوە. نووسەرچونکە مێژووی گێڕاوەتەوە، لەچەندین ڕوەوەھەڵەی زەقی کردووە. ئەگەرچی نووسەری ڕۆمانەکە یەکێکەلەشاعیرەدیارەکانی قۆناغی ھەفتای شیعری کوردی، وەلێ ئەوزمانە شیعرییەلەڕۆمانەکەدا ھەستی پێ ناکرێت. بەگشتی وەک خوێنەرێک لەبارەی ڕۆمانەکەوە، ئەو سەرنجانە دەخەمە ڕوو:_
یەکەم:_ھەڵەی مێژوویی_
نووسەر لەڕۆمانەکەیدا،چونکە بەشێکی گەورەی بۆ مێژوو تەرخانکردووە،بۆیە باسی چەندین ڕووداوی مێژوویی دەکات. ھەندێکییان تەنھا دووسێ ساڵێک بەسەریاندا ڕەتبووە، کەچی نووسەر بەھەڵە ئاماژەی بەکاتی ڕوودانیان داوە.بۆنموونە:_
*ڵاپەڕە٢٢ نووسیویەتی:_(لەساڵی ١٩٨٣لە شەڕی ئێران و عێراق کوژرا.سێ ساڵ دواترئەوشەڕە ڕاوەستا). ھەڵبەتە ئەگەر سێ ساڵ دواتر بخەینە سەرساڵەکە ئەوادەبێتە ١٩٨٦، لە کاتێکدا شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٨ کۆتایی ھات..
*ڵاپەڕە ٣٣نووسیویەتی:_( شکۆلەپۆلی نۆ بوو). گەرچی نووسەرباسی ژیاننامەی شکۆ دەکات لەشەستەکاندا،بەڵام دەبوو بزانێ ئەوکات پۆلی نۆنەبووە، بەڵکو پێیان دەگووت سێی ناوەندی. پۆلی ھەفت و ھەشت و نۆ، دوای کۆنفرانسی پەروەردەیی لەدووھەزاروھەفت، بووە شوناسی ئەوقۆناغە.
* ڵاپەڕە ٧٤ نووسیویەتی:_( داعش لە ٣٠ی ئاب پەلاماری شنگالیدا). بێگومان ھەڵەیەو ٣ی ئابە نەک سی ئاب.
*ڵاپەڕە ٩٣ نووسیویەتی:_(ساڵی ٢٠١٥ داعش پەلاماری عێراقیدا). بێگومان ئەمەشیان ھەڵەیە. داعش لە ١٠ حوزەیرانی ٢٠١٤ پەلاماری عێراقیدا.
*ڵاپەڕە ٢١١ نووسیویەتی:_(سعودیە دراوسێی عێراق و سوریایە). ھەڵبەتە سعودیە دراوسێی عێراقە، بەڵام سوریانا. ئوردن دراوسێی سعودیەیە. دەکرێ بۆزانیاری نووسەرسەیری نەخشەی نیشتمانی عەرەبی بکات.
*ڵاپەڕە ٢١٢ نووسیویەتی_( وەسی مامی فەیسەلی دووەم کارەکانی پاشای ڕایی دەکرد). وەسی مامی پاشا نەبوو، خاڵی پاشا بوو.
*ڵاپەڕە٢٦٤ نووسیویەتی:_( عێراق وئێران ھەشت ساڵ شەریان لەسەر کەنداوی عەرەبی کرد). ئایا شەڕی ئەودوو وڵاتەلەسەرکەنداوی عەرەبی بوو؟.
*ڵاپەڕە ٢٦٥ نووسیویەتی:_(یەک بلیۆن مرۆڤ لەسەرزەوی ھەن).نازانم مەبەستی نووسەرلەوبلیۆنە چییە؟ لەکاتێکدا ھەمووجیھان تەنھا ھەفت ملیار کەسە.
دووەم:_گێڕانەوە:_
ئەگەرچی ڕۆمان بەگشتی، دەبێ ھەڵگری زمانێک بێت کەمترین فۆڕمی گێڕانەوەی واقیعی تێدابێت.چونکە ئەگەرزمان ڕەھەندێکی ھونەری نەبێت، ئەوا جیاوازی لەنێوان گێڕانەوەی ڕووداوێک لەڕۆمان و گێڕانەوەی ڕووداوێکیش لەمێژوودا ناکرێت. بەڵام لەوڕۆمانەدا، خوێنەربەرچەندان دەربڕین و پەڕەگراف دەکەوێت کەواھەست دەکات ئەوەی دەیخوێنێتەوە ڕۆمان نییە، بەڵکوگێڕانەوەیەکی ئاساییە بێ ھیچ جوانکاریی وھونەرکارییەکی زمان. لێرەداچەند نموونەیەک دەھێنینەوە:_
* ڵاپەڕە ٨٦ ڕۆماننووس نووسیویەتی:_(سەرکانیەکانیان سەب دەکرد، خەڵکیشیان بەکۆمەڵ زیندەبەچاڵ دەکرد، ھاتووچۆیان قەدەغە دەکرد).
*ڵاپەڕە ٩٠ نووسیویەتی:_(لەڕێگابەتایبەتی ھاوینان لەنێوخۆیان لەڕێگا پارەیان کۆدەکردەوە).
*ڵاپەڕە ٩٦ نووسیویەتی:_(سەلیم چووە بازارتورشی کڕی، تاریک داھات، گەوھەرسفرەی ڕاخست، ھێلکەکانی سپی کرد).
ڵاپەڕە ١٥٤ نووسیویەتی:_(پیاوێک ناوی ئەنوەربوو،تەمەنی لەسەرووی چل بوو، مامۆستابوو، لەوکاتەی ھاوسەرگیری کردبوو، ھەمووساڵێک منداڵییان دەبوو، ئەوکات دەمنداڵی ھەبوو). سەیری ئەوھەموو(بوو)ە بکە، لە سێ ڕستەدا.
*ڵاپەڕە٢٧٢ نووسیویەتی:_( لەکاتی نوێژدەبێ پێلاِوەکان داکەنی و لەدەرەوەداکەنی).
بێگومان، زۆرپەڕەگرافی دیکەی لەوشێوەیە لەکتێبەکەدا ھەن، وەلێ ئێمە تەنھا ئەم چەند نموونەیەمان خستەڕوو.
سێیەم:ھەڵەی چاپ_
گەرچی ئەم کتێبە ھەڵەچنی بۆ کراوە، بەڵام وەک ئەوە وایەبەبێ پێداچوونەوە چاپ کرابێت. لەچەندین شوێن ھەڵەی فۆنت و پیت دەبینین. لەھەندێ شوێندا، پیتی(ک) کراوەبە(گ).گریمان نووسەری ڕۆمانەکە لەبەرباری تەندروستی یاخود تەمەن، یان ھەرھۆکارێکی دیکە،نەیتوانیبێت بژاری ئەوھەڵانە بکات، بەڵام نازانم ھەڵەچنی کتێبەکە ئەرکی چی بووە؟ تەنانەت لە ژیاننامەی نووسەردا،ھەڵەیەکی مێژووی زەق کراوە. کاتێ نووسیویانە یەک کۆمەڵە شیعری لە ساڵی(١٩٩٧) بڵاوکردۆتەوە. بەڵام ئەمە ھەڵەیەو ساڵی ١٩٧٧ وبەناوی سەمای بەفری ئێوارانە. دواجار دەڵێم خۆزگە بەرزنجی شاعیرو ماڵی وەفاییش، کتێبی پیاوێکی بێجامە شینیان لەبڕی ئەم کتێبە وەردەگێڕاو چاپ و بڵاویان دەکردەوە، کەزەمەنێکە حەزدەکەم ئەو کتێبەبەزمانی کوردی بخوێنمەوە..

*پەراوێز:_ دواوێستگەم باکوورە/ ڕۆمان/نووسینی جەلال بەرزنجی/بڵاوکراوەی ماڵی وەفایی ٢٠١٨..

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

حەجکردنێک بەخەیاڵ لەڕۆمانی مەککەدا

سەدیق سەعید ڕواندزی تیمەی بەشێکی زۆری ئەوڕۆمانانەی نووسەرانی فارس نووسیویانە، بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی من خوێندوومنەتەوە، …