سەرەتا / ئەدەبی / (ڕۆمان یان ڕاپۆڕتی سیاسی؟) سەرنجێک لە بارەی ڕۆمانی خەون لەسەر زەمینی شێڕە پەڕۆکاندا

(ڕۆمان یان ڕاپۆڕتی سیاسی؟) سەرنجێک لە بارەی ڕۆمانی خەون لەسەر زەمینی شێڕە پەڕۆکاندا

سەدیق سەعید ڕواندزی

یەکێک لەوھۆکارانەی لەپشت بەدیاردەبوونی نووسینەوەیە،لە ئەمڕۆی دنیای نووسین و بڵاوکردنەوەی ئێمەدا،نەبوونی ڕەخنەو ھەڵسەنگاندنی نووسینەکانە بەتایبەتیش دەقی ئەدەبی. بێگومان ئەگەردیدگایەکی ڕەخنەیی نەبێت کەدەقی داھێنەرانەو جوان لە دەقی کرچ و کاڵ و ناھونەری جیابکاتەوە، ئەوا دەرفەت لەبەردەم لێشاوێک لەبنووسان دروست دەبێت کەبەئارەزووی خۆیان بنووسن و دواجاریش ھەرشوناسێک مەبەستییان بێت بیدە پاڵ نووسینەکانی.ئەگەر ڕەخنەیەک نەبێت ئەوتێکستانە ڕەتنەکاتەوە، ئەوا نووسین دەبێتە دیاردە.

ھەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نییە کەڕەخنەو دیدی ڕەخنەییانەی بابەتی نەبێت، بەڵام کاتێ ئەو ھەموو نووسینە بەراورد دەکەین بەھەبوونی ڕەخنە، ئەوا بێگومان ناتوانرێت ھەموویان بەسەر بکرێنەوە. لەوسۆنگەیەشەوە خەریکە ڕۆمان نووسین ودەستبردن بۆ نووسینی ڕۆمان، دەبێتە دیاردە.بێ ئاگالەوەی جیاوازلەھەموو ژانرەکانی تر، ڕۆمان پاشخانێکی ھزری گەورەو ڕۆشنبیرییەکی فراوانی دەوێت. ڕۆمان زاڵبوونە بەسەر زمانی نووسین. لەنووسینی ڕۆماندا نووسەرئاگایەکی گەورەی ھزری دەوێت تاکونەکەوێتە ئەو ھەڵانەی کە زۆرجارخۆشی درکی پێ ناکات. خوێنەر کەڕۆمان دەخوێنێتەوە، ھەر تەنھا بۆ چێژو جوانی نییە بگرە بۆئەوەشیەتی لەپەراوێزی ئەو ڕۆمانەوە، بەژیانی سیاسی و کلتووری کۆمەلگاکانیش ئاشنابێت . ڕۆمان ڕۆشنبیرییە، زانینی زمانە، بەرجەستەکردنی ھونەرێکی باڵایە لەگێڕانەوەو گوزارشتکردن.بەڵام کاتێ سەرنج لەبەشێکی زۆری بەناو ڕۆمانی کوردی دەدەین، دەبینین ئەوئستاتیکاو ھونەرکارییە نابینین کەدەبێ ڕۆمان ھەڵگریبێت. زۆرجارکەڕۆمانێک دەخوێنینەوە، واھەست دەکەین وتارێک دەخوێنینەوە.بەشێکی زۆری ئەم ناھونەریبوونە پەیوەستە بەنەبوونی ئەزموونی ڕۆمانەوە. واتەنووسەرلەبنەڕەتدا شاعیرە، بەڵام ڕۆمان دەنووسێت. دەروونناسە بەڵام ڕۆمان دەنووسێت. شانۆکارو دەرھێنەری شانۆییە بەڵام ڕۆمان دەنووسێت. ئەمانەوزۆر بواری دیکەش. کاتێ نووسەرێکیش ڕۆمان شوناسی سەرەکی و نووسەر بوونی نەبوو، یاخودھەربۆخۆدەرخستن ڕۆمانی نووسی، ئەوا ئەوەی دەینووسێت بەناوڕۆمانە. ڕۆمانی( خەون لەسەرزەمینی شێرە پەرۆکان) یەکێکە لەوجۆرە ڕۆمانانە. خوێنەر کاتێ ئەو ڕۆمانە دەخوێنێتەوە واھەست دەکات ڕاپۆرتێکی سیاسی دەخوێنێتەوە، کەکادیرێکی حزب لەسەرڕەوشی سیاسی و کارگێڕی وڵات، ئاراستەی سەرووی خۆی کردووە.زمان لەوڕۆمانەدا ھەمان ئەو زمانە گشتی و جەماوەریەیە کەتاکەکان پێی دەدوێن. ئەگەر زمانی نووسینی دەقێکیش ھەمان زمانی خەڵکە ئاساییەکەی نێو کۆمەلگە بوو، نازانم ڕۆمان نووسین ھونەرەکەی لەکوێدایە. زمانی ئەو ڕۆمانە زمانێکی ڕووت، واقیعی، سادەوسواو لەگێڕانەوە، نائستاتیکییە. زمان لەو ڕۆمانەدا، ھیچ ھونەرکارییەکی تێدانییە لەوەسفی جوان، لە شیعریەت، لەچێژ، لەوەسف و گوزارشتکردن. بگرە ھەمان ئەو زمانە یە کەڕۆژانە لەبازاڕوشوێنە گشتییەکان بەریدەکەوین. ئەوڕۆمانە لەسەردەمی پاڵەوانەکەیەوە، مەبەستیەتی وێنەیەکی گشتگیرو ھەمەلایەنە، ھاوکات قێزەوەن و ناشرین، بداتە پاڵ واقیعی کۆمەلگای کوردی ھەرلەسەردەمی شاخ وخەباتی چەکدارییەوە تاکو ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆو ڕووخانی بەعس و گەندەلّی و چەندین دیاردەی تریش. بێگومان من دەزانم ھەموو ئەو دیاردانەی بنووس لەڕۆمانەکەیدا باسی کردوون، ھەبوونەو ئێستاش بوونیان ھەیە. بەڵام پرسیاری من وەک خوێنەرێک و ھاووڵاتییەک ئەوەیە کەئایا شۆڕشی کورد تەنھا ئەمە بووە کەئەو باسی کردووە لە ڕۆمانەکەی؟ ئایا خەباتی چەکداری و ڕاپەڕینیش تەنھا ڕاووڕووت بوون؟ بەدەربڕینێکی تر، دەکرێ خەبات و قوربانییانی شۆڕشێک جا لەھەرسووچێکی دنیا بێت،کورت بکەینەوە بۆ گەندەڵی و بێ مۆڕاڵی بەرپرسێک؟ ئەی ئەو ھەموو خوێنەی کە ڕژاوەو ئێستاش دەڕژێ؟ئەی ئەوھەموو شەھیدەی قوربانیانداو تەنھا لەشەڕی داعش ھەزارن پێشمەرگەی مێرخاس شەھیدبوون؟ منیش وەک نووسەر دەزانم ھەموو ئەودیاردانە ھەن، بەڵام جیاوازییەکەم لەگەڵ ئەولەوەدایە کەشۆڕش لەڕقی بەرپرسێک کورتناکەمەوە بۆ ڕاووڕووت و شەڕی براکوژی بەتەنھا. لەڕاستیدا کاری ڕۆماننووس ئەوە نییە باسی گومرگی برایم خەلیل بکات، باسی سی ویەکی ئاب بکات، باسی کەپکی حەمەد ئاغاو شەڕی پەکەکەو زۆنی سەوزو زەرد بکات.باسی شەری یەکێتی و پارتی و شەڕی ئیسلامییەکان بکات. باسی گەندەڵی و شڕە خۆری بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک وبەرپرسێک بکات. ئەگەر ڕۆماننووسین باسکردنی ئەوانە بێت ئەوا ھەموو کورد ڕۆماننووسە. چونکە ھەموومان دەزانین چی گوزەراوە لەووڵاتە. بەرجەستەکردنی بابەتێکی لەوشێوەیە لەڕۆماندا، نەداھێنانە نە بنووسەکەشی دەکاتە ڕۆماننووس. ڕۆمان دەبێ ھونەری چێژوەرگرتن وسەرنج ڕاکێشانی خوێنەری تیابێت. دەبێ لەڕۆماندا، بەرھونەرو ئستاتیکا بکەوین. دەبێ بەردەربڕینی لۆژیکی و بابەتییانە بکەوین کە شایستەی ئەوەبن خوێنەر بیانخوێنێتەوە. نەک کاوێژکردنەوەی ڕووداوێک کەھەزاران جارگوێبیستی بووینەو ئێستا ھەرنامانەوێت بێتەوە بیرەوەریمان. کێ حەزدەکات بگەڕێتەوە بۆڕۆژەکانی شەڕی ناوخۆ؟ئەگەر نووسینی ڕۆمان گێڕانەوەی ڕووتی ڕووداوەکان بێت بێ ھیچ ھونەرکارییەک ئەوا ھەموو کەس ڕۆماننووسە. خوێنەرکاتێ خەون لەسەر زەمینی شێرە پەڕۆکاندا دەخوێنێتەوە، واھەست دەکات چیڕۆکێکی میللی بەرئاگردان دەخوێنێتەوە( ئەگەرچی چیڕۆکی میللی ئەدەبی سەر زارەکییەو لەو جۆرە ڕۆمانانە ھونەریتروبابەتیترن). واھەست دەکات ڕاپۆڕتی کادیرێکی حزب دەخوێنێتەوە.نووسەر چونکە ڕاپۆڕتی نووسیوە نەک ڕۆمان، ئیدی بەلایەوە ئاسایی بووە ھەرچ وشەو دەستەواژەیەک ھەیە بیخزێنێتە نێو زمانی ڕۆمانەکەی وەک:_( قۆندرە_خوێری _ سەخیف). ئەمە وێرای دەیان وشەی دیکەی عەرەبی.نووسەر مەبەستیەتی ئەودیدە لای خوێنەر دروست بکات کە شۆڕشی کورد جگە لەوەی ئەو لەڕۆمانەکەی وێنای کردووە، ھیچی تر نییە.لەکاتێکدا ھەموو شۆڕشێک دوودیوی ھەیە. شۆڕشی کوبا، گیڤارای دروست کردوو کاسترۆشی دروست کرد، بەڵام ئایا ئەوانە ھەردووکییان ھاوپایەوھاوپێگەو ھاوشوناسی نەمری یەکترین. نازانم کەی کاری ڕۆماننووس ئەوەیە باسی گومرگی برایم خەلیل وشەڕی ناوخۆ بکات کە ئایا لەسەر شتێکی بێ نرخ ھەلگیرساوە یان نا. ئەمانە بەشێکن لە مێژوو، لەڕابردوو، بەڵام ڕابردووێکی ناشرین. ھەزاران جاری دیکەش باسییان بکەین نەدەتوانیین لەماھیەتییان بگۆڕین، نەدەشتوانیین لەبیریان بکەین. بەپێچەوانەوە باسکردنیان لەدووتوێی ڕۆمانێکدا، بەکەم تەماشاکردنی نەتەوەکەی خۆمان و بێ بە ھاکردنی نەتەوەکەمانە بەڕووی دنیای دەرەوەدا. ئەگەربەیانی ئەوڕۆمانە وەربگێڕدرێتە سەرزمانێکی بێگانە، ئەوا خوێنەرێکی ئەڵمانی، یاخو ئیسپانی ڕەنگە وابزانێت شۆڕشی کورد تەنھا ئەمە بووە.خوێنەر لەو ڕۆمانەدا، بەرچەندان دەربڕینی نابابەتی ونالۆژیکی دەکەوێت. کە ڕەنگە تەنھا لەخەیاڵی نووسەرھەبن.دەربڕینێک کەنەک ھەرھیچ چێژو جوانییەکیان تێدا نییە، بگرە خوێنەر ئەوپرسیارە لەخۆی دەکات کەچۆن بنووس شتێکی وەھای نووسیوە.وەک:_ لەڵاپەڕەکانی(٢٧٦-٢٧٧-٢٧٨)ھەروەھاڵاپەڕەکانی(٣٠١-٣٠٢)دەبینرێن.ئەمەوێرای ئەوەی(زێدەگۆیی_ موبالەغەیەکی) زۆری لەباسکردنی ھەندێک ڕووداو کردووە، کەتەنێ بەمەبەستی درێژکردنەوەی ڕۆمانەکەی کەڤایرۆسێکەو بەشێکی زۆری ئەوانەی گرتۆتەوە کەخۆیان بەنووسینی ڕۆمانەوە سەرقاڵکردووە، ئەوانەی نووسیوە.بۆنموونە: لەڵاپەڕە(٣٢٤)باس لەوەدەکات کەکارەکتەری ڕۆمانەکە بەقاچاغ دەچێتە ھەندەران، لەگەڵ دوو کەسی تردەچنە سندوقی دواوەی ئوتومبێلەوەو بیست و شەش کاتژمێر بەبێ ئەوەی سندوقەکە بکرێتەوە دەڕۆن. یاخود دەڵێت ئەوەندەمان میزلە سندوقەکە کردبوو خەریک بوو لەمیزی خۆمان بخنکێین. بەدرێژایی ڕۆمانەکە بنووس وێنەیەکی داوەتە پاڵ پیاو کەجگە لەخەمی سێکس ھیچ خەمێکی تری نییە.ھەمان وێنەی داوەتە پاڵ ژنیش. تەنانەت وێنەیەک کەتیایدا ژنە ئامادەیە بنوشتێتەوەو ببێتە خزمەتکارو کۆیلەوقۆندرەی پیاوێک ماچ بکات، تەنھا بۆ ئەوەی لەئامێزی بگرێت(ڵا٣٢٥). ئایا ئەمە خەمی ژنی کوردە؟ گریمان ژنێکی لەو شێوەیەش ھەبێت، ئاخۆ ئەرکی ڕۆماننووس ئەوەیە وێنەکە زەق بکاتەوەو پەرە بەدیاردەکە بدات، یاخود دژی ئەو ئەقڵیەتە خۆبەکەمزانییە بوەستێتەوە کەلەژێر پەردەی بەناو خۆشەویستییەوە بۆڕەگەزی بەرامبەر، بوون و شوناسی خۆی دەدۆڕێنێ. نووسین چ بەھایەکی ھەیە ئەگەرلەپێناوجوانکردن و پیرۆزکردنی ژیان نەبێت؟لەچەندین شوێن باسی ڕابواردنی ژن و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ پیاو و ناپاکی لەخێزانەکەی دەکات.یاخود لەشوێنێکی دیکەی ڕۆمانەکەدا، بنووس ھانی گەنجی کورد دەدات وڵات جێبێڵێت. بۆیە دەنووسێت:_(ئەوەی منداڵی خۆی خۆشبووێ ناھێڵێ لەوخاکەدا بمێنێتەوە). لەکوێوەی ئەم دنیایەدا نووسەرێک ھەیە بەم شێوەیە بەرجەستەی نیشتمان بکات؟ کەس تا ئێستانووسەرێکی فەلەستینی بینیوە ھانی فەلەستینییەکان بدات نیشتمان جێبێڵن. کەھەموو ڕۆژێکیش لەژێر ستەمی دەستدرێژیی و ئەتککارییەکانی ئیسرائیلییەکان دان؟ گاڵتەجاری لەوشێوەیە بەناوی نووسین تەنھا لەوھەرێمەی ئێمە ھەیە.من ناڵێم نووسەر باڕەوایەتی بداتە گەندەڵی و ڕێگربێت لەوەی مرۆڤ لەکوێ دەژیت. بەڵام نابێ وێنەیەکی جەھەننەمی بداتە پاڵ نیشتمان کەتەنێ لەخەیاڵی ئەودان.خوێنەر کاتێ ئەو ڕۆمانە دەخوێنێتەوە، بیری بۆئەوەدەچێت کەنیشتمان ئەوەیە کەئەوبنووسە وەسفی کردووە. من لەوزیاتر درک بەوھەموو ناشرینیانە دەکەم ولەنێویشیاندا ژیاوم، بەڵام دەزانم ئەمە ھەموو جەوھەری نیشتمان نییە.بەرپرسی فەرمانگەکان ھەموویان گەندەڵ نین. ھەموویان شەیدای ڕابواردن وسەفەر نین.بەھەزارانیان تیایە گەردێک لادان و گەندەڵی نییە.ئەوەی بنووس لەوڕۆمانەدا باسی دەکات، ئەرکی نووسەرنییە، ئەمەکاری ئەندامێکی حزبە لەبارەی دۆخی سیاسی و کارگێڕی وڵات ڕاپۆڕت بنووسیت. بەڵام چی دەکەی کە سنعاتەکە کورد وتەنی ھێندە ڕەزیل بووە، کەھەرکەسێک ورێنەیەکی بەخەیاڵ داھات، دەیکاتە ڕۆمان و دەرخواردی خوێنەری دەدات. بەڵام ئاخۆ دەتوانن ئەمە لەگەڵ ھەموو خوێنەرێک بکەن. لەوڕۆمانەدا چەندان کارەکتەر ھەن، بەڵام چونکە کارەکتەرەکان لیبۆکێکن بەدەست بنووسی ڕۆمانەکەوە، ئیدی بەئارەزووی خۆی چارەنووسێکی بۆ ھەڵبژاردوون.ئەمە وێرای ئەوەی نووسەربەبێ ئەوەی درکی پێ بکات لەچەندین شوێنی ڕۆمانەکە کەوتۆتە ھەڵەوە کەئاماژە بەھەندێکییان دەدەین:_
*ڵاپەڕە(٥)نووسیویەتی:_(ھەرچیت دەبینی دەگریا). گریمان مرۆڤ قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەکی بینی ئایا ئەوانیش دەگرین؟.
*ڵاپەڕە(٢٠) نووسیویەتی:_(سەگەکە ئەیحەپاند).
*ڵاپەڕە(٣١)نووسیویەتی:_(ھەرگیزکەمترلەیەک کاتژمێر بێ یەک نەماندەکرا).
*ڵاپەڕە(٣٣)نووسیویەتی:_(ملم بەسەرکتێبدا شۆڕکردبوەوە). نووسەرچونکە جیاوازی لەنێوان(مل)و(سەر) ناکات.بۆیە وادەزانێت ئەوەی بەسەر کتێبدا شۆڕدەکرێتەوە ملە!!.
*ڵاپەڕە(٣٣)نووسیویەتی:_(موچرکێک سەرتاپای ڕادەوەشاندم).موچرک دەتەزێنێ.
*ڵاپەڕە(٧٠)نووسەر باسی ساتی کۆچڕەوەکە دەکات.بەڵام چونکە بەخەیاڵ و تێگەیشتنی ئێستا ڕووداوەکانی ئەوکات دەگێڕێتەوە، بۆیە کەوتۆتە ھەڵەی سەیرەوە بەبێ ئەوەی خۆشی ھەستی پێ بکات.بۆنموونە نووسیویەتی:_(باران لەپێنج ملیۆن مرۆڤی دەدا). ئایا ئەوکات ھەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن کەس بوو؟.
*ڵاپەڕە(٩٦)نووسیویەتی:_( تەزویڕو ساختەکاری).بێگومان ھەردووکییان ھەریەکن.
*ڵاپەڕە(١٢٦)نووسیویەتی:_( کەشەڕی ناوخۆ ھەڵگیرساکەس بێ لایەن نەبوو،سەرجەم کۆمەڵگا بوونەبەشێک لەشەڕەکە). ئایا ئەمە ڕاستە؟.ھیچ نووسەرێک ئەو مافەی ھەیە بەناوی ھەموو کۆمەڵگاوە قسە بکات؟.
*ڵاپەڕە(١٣٠)نووسیویەتی:_(سڵاوێکی بۆ من فڕێدا).سڵاو دەکرێت فڕێ نادرێت.
*ڵاپەڕە(٢٨٥)نووسیویەتی:_( پاش کوژرانی لالۆ سێ مانگ تێنەپەڕی ژنەکەی شووی کردەوە). ئەگەرچی نووسەر شتێک نییە لە ڕۆمانەکەیدا لەبارەی نەتەوەکەی باسی نەکردبێت و ڕەخنەی نەکردبێت وەک قوتووی عەتار. بەڵام بڕوام وایە ھیچ شارەزایی لە کۆمەلگاکەی نییە. چونکە دەبوو بزانێت لەکۆمەڵگەی کوردی کە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامییەو شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی یاسایە، ئەوا ھیچ ژنێک دوای لەدەستدانی مێردەکەی بۆی نییە شوو بکاتەوە تاکو سێ مانگ تێپەڕنەبێت بەسەرمەرگی ھاوسەرەکەی. کەنامەوێت ئاماژەی پێ بدەم ئەمەلەبەرچییە. پێچەوانەکەی لادانە لەئایینی ئیسلام.نووسەر چونکە لەزۆرشوێنی دیکەی ڕۆمانەکەی وێنەیەکی سێکسی داوەتەپاڵ ژن، ئیدی پێی وایە ژنەکەی لالۆزۆرزووئارەزووی لەشووکردنەوەبووە.
لەکۆتاییدا دەمەوێ شتێک بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەران و نووسەری ئەوبەناو ڕۆمانەش ڕوونبکەمەوە. ئەمیش ئەوەیە کەمن لەم وتارەدا بەرگری لەدەسەڵات ناکەم، کەدڵنیام خاوەنی ڕۆمانەکە بەوشێوەیە تێم دەگات و دەمبینێت. ڕەنگە بەکۆیلەو بەکرێگیراوی پارتی و یەکێتیشم بزانێت.من سەد ئەوەندەی ئەویش ڕەخنەو گازاندەم ھەیە. ھاووڵاتییەکی ئاساییم. مووچەکەم پاشەکەوت دەکرێت. بەقەد گەردێک سوودم لەودەسەڵاتە نەبینیوە. لەشەڕی ناوخۆدا ئازیزەکانم لەدەست داون.براکەم پێشمەرگەیەو لەکەلاوەیەک دەژیت.بەڵام دەزانم نیشتمان یەکسان نییە بەھەموو ئەم ناشرینیانە. ھێشتا لەنێو ئەوڵاپەڕە ڕەش و گەورەیەی لەڕۆمانەکەدا بەرجەستەکراوە، پنتێکی سپی ھەیە کەمن دەیبینم و ڕەنگە خاوەنی ڕۆمانەکە نەیبینێ. دواجار دەڵێم ھیچ چێژو جوانی و ڕەھەندێکی بابەتیم لەو ڕۆمانە نەبینی. ھیوادارم ئەگەر ئەمە یەکەم ڕۆمانی سەبا ئەحمەد بێت کەمن پێشتر ھیچ ڕۆمانێکی ئەوم نەخوێندۆتەوە، ئیترلەمەودوا ڕۆمان بنووسێت نەک ڕاپۆڕتی سیاسی!!!..

پەراوێز:_
*خەون لەسەر زەمینی شێرە پەڕۆکان/ ڕۆمان/ نووسینی/سەبا ئەحمەد/ ساڵی چاپ ٢٠١٨.
** نووسەر ناوی ڕۆمانەکەشی لەڕووی ڕێزمانییەوە بەھەڵە نووسیوە.(خەون لەسەرزەمینی شێرەپەڕۆکان). کەدەبێ پاشگری(دا) ھەبێت لەناونیشانەکە.
*** گەرچی ئەو ڕۆمانە ھەڵەچنی و پێداچوونەوەی بۆ کراوە. بەڵام ھەم نوسەرکەو ھەمیش ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ کردووە، ڕێنووسی چەند وشەیەکییان بەھەڵە نووسیوە. بۆنموونە وشەکانی( گولە_میلەت)دەبێ بەدووپیتی(ل) بنووسرێن.واتە(میللەت_گوللە).

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

بۆ شەهیدانی ژینگە و سروشت

سوهەیلا مەیهەمی زەردەخەنەت  مەتۆرێنە لە کاتژمێری گوڵەبەڕۆژە دەبێ بۆ غووربەتی ئەم دارستانە چرا بدوێی   …