سەرەتا / ئەدەبی / کتێبی من ئەمەم و دیدێکی کورتبینانە بۆ پرسی ژن

کتێبی من ئەمەم و دیدێکی کورتبینانە بۆ پرسی ژن

سەدیق سەعید ڕواندزی
نکۆڵی لەوە ناکرێت کەلە دنیای ڕۆژھەڵات بە گشتی و کوردستانیش وەک بەشێک لەو جوگرافیایە،ھەمیشە ڕەگەزی مێ، وەک بوونەوەرێکی لاوازو کاڵایەک لە خزمەت پیاودا لە دیدگای بە شێکی زۆری تاکەکانەوە دەبینرێت.بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە بخرێتە ڕوو ئەوەیە، کە نابێ ئەو دیدگایە وەک ڕوانێنێکی گشتی کۆمەلگا لەلایەن ژنانەوە تەماشا بکرێت. بەو مانایەی نابێ ژنان بڕوایان وابێت، ئەمە بە شێوەیەکی ڕەھا وەھایە و مادام شوناسی ھەموویان پیاوە، ئیدی جیاوازیان نییە.ئەمە ڕوانینێکی کورتبینانەیە و ئەوەندەی تریش جیاوازی ژێندەری و ڕەگەزی ئەو دوو ڕەگەزە قوڵتردەکاتەوە. بە شێکی زۆر لە ژنان لە پەراوێزی ئەو ڕوانینەوە خەبات دەکەن و بە دەستھێنانی مافەکانیان لە سەندنەوەی مافی پیاو دەبینن. ھەربۆیەشە کاتێ دەکەونە داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانیان،ئەوەندەی ڕوانینێکی ژنسالاریانەیان ھەیە، ئەوەندە دیدگایەکی یەکسانخوازی و دادپەروەریان نییە. بەو مانایەی دواجار ئەو دوو ڕەگەزە ھەردووکییان ھەر مرۆڤن و وەک یەک ئازادی و مافیان ھەیە و نابێ مافەکانی ھیچ کامێکییان ببێتە ھۆی سەندنەوەی مافی ئەوی تر. ئێمە پێویستیمان بە یەکسانی و ھاومافییە. وەک چۆن دژی ئەوەین کە پیاوسالاری شکۆی ژن بشکێنێت، بە ھەمان شێوەش دژەبێ دژی ئەوەبین ژنان، پیاوان وەک ئەژدیھاو گورگ و جەلاد ببینن. بەڵکو تەواوکەرو زامنی بەردەوامی و مانەوەی ھەمیشەیی ژیانێکی تەندروستن. ناکرێ ئەو درزەی زۆرجار دەکەوێتە نێوان ئەو دوو ڕەگەزە، ئەوەندەی تر قووڵتر بکەینەوە بە پاساوی داکۆکیکردن لە ژنبوون و ڕێگری لە باڵادەستی نێرینە. چونکە ئەگەر ڕوانینی سێنتریالانەی پیاومان کۆتایی پێھێناو لە جێگەیدا ڕوانینی سێنتریالانەی مێمان بونیاد نا، مانای وایە ھیچمان نەکردووە. بەڵکو دەبێ بەرلە ھەموو شتێک ھاووڵاتییانە و مرۆڤانە بیربکەینەوە، ئەو کات دەتوانینن کولتوورو ھزری یەکسانیخوازانە لە کۆمەلگە بینا بکەین. کتێبی(من ئەمەم)یەکێکە لەو کتێبانەی کەلە بارەی پرس و خەم و خەونەکانی ژن دەدوێت و لە شوناسێکدا کۆیان دەکاتەوە بەناوی من ئەمەم واتە ئەمەیە ژن.بەڵام ئاخۆ کۆی خەمەکانی ژن تەنھا لەو ڕوانینە ڕۆمانسییانە کورت دەکرێتەوە کەلە و کتێبەدا ھەن؟ بە بڕوای من یەکێک لە گەورەترین کێماسییەکانی ئەو کتێبە ئەوەیە، کە بە دیدگایەکی گشتگیرنووسراوە کە بوارێکی بۆ جیاوزاکەوتنەوەو بینینێکی دیکە نەھێشتۆتەوە. نووسەری کتێبەکە، کە خۆشی خاتوونێکی نووسەرو وەرگێڕە، بە شێوەیەک بۆ چوونەکانی خستۆتە ڕوو، وەک ئەوەی پیاوی کورد ھەموویان وەک یەک بن و ھەمووشیان ھەمان ئەو تێڕوانینەیان بۆ ژن ھەیە کە ئەو لە کتێبەکەیدا ڕەخنەی کردوون. بە داخەوە ئەمە گرفتی بە شێکی زۆری ژنانی ئێمەیە، کە توندووتیژی و نێرسالارییەکانی پیاوێک بە تەنھا، دەکەنە پێوەرو ھەموو پیاوانی پێ دەبینن. ئەو وێنا کردنە جەھەننەمیەی پیاو، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ جێگیرکردنی لە ھزری ژندا،ئەوەندەی تر ئەو دوو ڕەگەزە بە یەکتری نامۆ دەکات و کەلێنی نێوانیان فراوانتردەکات. لە بەرامبەر ئەمەدا، ئێمە دەبێ ھەوڵی بونیادنانی ڕوانینێک بدەین، کە ھەردووکییان وەک مرۆڤ یەکتری ببینن و باوەڕیان بە مافی یەکتری ھەبێت. لە دەسپێکی کتێبەکەدا، نووسەرئاماژە بەوە دەدات کە(مرۆڤبوونی لە پێشەوەی ڕەگەزەکەیەتی) واتە بیرکردنەوەی ئەو بەرلەوەی ژنانە بێت، مرۆڤانەیە. خوێنەر کە ئەم دەربڕینە دەبینێت، سەرسام دەبێت کە لە بەردەم ھزری ژنێکداین، کەبەرلەوەی ژنانە بڕوانێتە پیاو، مرۆڤانە سەیری دەکات.بێگومان چی لەوە پیرۆزترە کە مرۆڤبوونمان لە پێشەوەی ژنبوون و پیاوبوونمان بێت. کەچی کاتێ دەچینە نێو بابەتەکانی کتێبەکە، ئەواشتێکی پێچەوانەی ئەم بۆچوونە دەبینین. خوێنەرناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە ببوێرێت کە ڕوانینەکانی خاتوو لۆناش بۆپیاو، ھەمان ڕوانینی ژنەکانی دیکەیە و نەک مرۆڤبوونی بگڕە زۆر ژنانە و ڕەگەزیانەش بیردەکاتەوە و پیاو دەبینێت.ئەمەش زۆر بە ڕاشکاوی بەو نووسینانەوەی دیارە، کە لە پەراوێزی خەمەکانی ژن نووسیونی. نووسەری کتێبەکە لە دووتوێی وتارەکانیدا، پیاو بەم شێوەیە دەبینێت:_
*ڵاپەڕە ٣٥( وەک دڕندەیەک ددانم لێ گیردەکات).
*ڵاپەڕە ٤٩(پیاوێکی نەفس نزم).
*ڵاپەڕە ٦٢(بە دڵی خۆی درۆت بۆ دەکات).
*ڵاپەڕە ٦٢(پیاسەیەک بەنێو شوێنە شەعبییەکانی شاردا، بۆ ئەو ژنە خوێنی ھەموو مرۆڤایەتی دێنێت!)ئاخۆ دیدێک ھەیە لەمە ڕەگەزپەرستترو خۆپەرستتر؟ نووسەر دەیەوێت ژنان وەھا پەروەردە بکات، کە تەنھا ھاوسەریان ھەبێت بەسە کەسانی تر ھیچ!.
*ڵاپەڕە ٦٣( ئەوان لە جەستەت زیاتر نابینن). واتا ھەموویان وەک یەکن.
*ڵاپەڕە ٨٨ (چاوەڕێی ھیچ مەبە لە پیاو).واتە ھەموو شتێکی بڕاندۆتەوە..
*ڵاپەڕە ٩٤(بۆ دەبێ ئەوەندە گەمژە بیت).
*ڵاپەڕە ١٢٧(ئەوەتانی لە ژوورەکەمدایە گورگێکی ڕەش).
ڵاپەڕە ١٣٣(باوکە بێ شەڕەفەکەی).
*ڵاپەڕە ١٣٣(شوکری خوابە کوڕ نەبوویت)
*ڵاپەڕە ١٤٥(ژن مرۆڤێکی ئاقڵترو باڵاترە لە پیاو).
ئەگەر ئەمە تێڕوانینی ژنێک بێت بۆ پیاو، ئاخۆ دەتوانێ لافی ئەوە لێ بدات کە مرۆڤانە نەک ڕەگەزانە بیردەکاتەوە؟ئەم ڕوانینە بۆ پیاو، چی کەمترە لەو دیدە نێر سالاریەی بەشێکی پیاوان باوەڕیان پێیە؟. ئەگەر لە پێناو گێڕانەوەی شکۆ بۆ ژن وبەرزکردنەوەی، شکۆی مرۆڤێکی دیکەمان(نەک پیاو)شکاند، دەکرێ بڵێین چیمان کرد؟. ڕوانینی مرۆڤانە لە دروشم دانییە، بەڵکو دەبێ لە قوڵایی ھزرو بیر کردنەوەمان دابێت. ئەم ڕەنگڕێژکردنە بۆ پیاو، دواجار وێناکردنی لە ھزری ژن، نەک ھەر بیرکردنەوەیەکی مرۆڤانە نییە، بگرە جۆشدانی ئاگری دوژمنایەتی و توڕەیی نێوان ئەو دوو ڕەگەزەشە. لە ڕاستیدا،زۆربەی وتارەکانی نێو ئەو کتێبە، وتاری سادە و لە دەردەڵ و کرووزانەوە بترازێت ھیچی ترنین.ئەم وتارانە لە ناوەڕۆکدا وێرای ئەوەی ژن بە ڕەگەزێکی لاواز دەبینێت و نماییش دەکات، ھاوکات ھەڵگری خەونی بچووک و بیرکردنەوەی سادەن کە خەمی ژن تەنھا لە چەند شتێکی بێ بەھا دەبینن. نازانم بۆ دەبێ خەونی ژنی کورد ھێندە بچووک بێت؟ لەو ڕۆژانەدا دیوانی ژنە شاعیرێکم دەخوێندەوە لە شیعرێکدا دەڵێت:_( دنیای خەونەکانم بە قەد گوارەکانی گوێمە). بۆ دەبێ ژن بیری ھەر لای بۆیەی نینۆک وئێکسوارات و گوارە و دوا مۆدێلی ژووری چێشتخانە بێت؟وەک ئەوەی لەو کتێبەدا دەیبینین.بەڵام ژنێک لەو بناری قەندیلەدا، کە ڕۆژانە تورکیای فاشی بە نوێترین چەک و ئامرازی سەربازی پێشکەوتوویی سەردەم بۆردومانی دەکات، بیر لە دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی بکاتەوە. مەگەر ئەویش وەک مێیینەیەک حەزی لە بۆیەی نینۆک و مکیاژ نییە؟ئارەزووی بازاڕکردن و چوونە مۆڵێک ناکات؟ بێگومان، بەڵام ئەو دەزانێت دۆزێکی گەورەتر لە شوناسی ئەو ھەیە کە دەبێ خەباتی لە پێناودا بکات.کەچی لەکۆی ئەو وتارانەدا،نووسەر ھێندەی جەستەی ژن دەلاوێنێتەوە، ھێندەی باسی بۆیەی نینۆک وپۆشاک ونماییشی قژو سنگی ژن دەکات، ئەوەندە ڕوحی ژن نادوێنێت.ھێندە باسی کێشە بنە ڕەتییەکانی ژنان ناکات. نووسەری ئەو کتێبە دەبێ باش ئەو ڕاستییە بزانێت کە لە کۆمەلگای کوردیدا، ھاوسەرگیری لەو خەونە ڕۆمانسییانە کورت ناکرێتەوە کە ئەو وەک ژنێک دەیبینێت. ژیانی ھاوسەرگیری، ھەر تەنھا دانیشتنی نێو پارکێک وسەردانی مۆڵێک وگەشت و ھەڵبژاردنی پۆشاکێکی جوان نییە، ژیانی ھاوسەرگیری ھەر تەنھا گۆڕینەوەی ماچی نێوان ھاوسەران نییە، وەک ئەوەی ئەوەی تێی گەیشتوەو دەیبینێت.بە لایەنی کەمەوە لە کۆمەلگەی ئێمەدا ھاوسەرگیری یانی گەشتێکی ئەبەدی پڕ لە کێشە و گرفت و نەبوونی سادەترین پێداویستی ژیان. یانی ھاوبەشیبوون لە خۆشی و نەھامەتییەکانی ژیاندا. دەبوو نووسەر ئەو دیدگایە لای ژن کورد دروست بکات، کە خەونی گەورەیان ھەبێت وخۆڕاگرو بەھێز بن، نەک ئەگەر پیاوەکانیان ڕووێکی خۆشیان پێ نەدان وەک گورگی ڕەش بیانبینن. دەبوو نووسەر زۆر بە قووڵی لە ژیانی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی پیاوی کورد و کۆمەلگەی کوردی بگات, ھاوسەرگیری، ھەرگیز بچووکناکرێتەوە لەوخەونە سادە و ڕۆمانسییانەی خاتوو لۆنا لە کتێبەکەی باسی دەکات. ڕەنگە کێشەی ئەو لەوەدا بێت، کە ژیانی خۆی بکاتە پێوەر بۆ ئەوانی تر کە ھەموو پێداویستییەکی ژیانیان ھەیە و دوای ئەمە پێویستییان بە خۆشەویستی و گۆڕینەوەی سۆزێکی قووڵی نێوانیان ھەیە. لە کۆمەلگەی ئێمەدا، زۆر بەدەگمەن خێزانێک ھەیە کە ئاریشە و گرفتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و خێزانی نەبێت. بە تەنھا دنیای سۆزو ڕۆمانسییەت، ژیانی مرۆڤ بەردەوامی پێ نادات. کەم نین ئەو کچ و کوڕانەی تاسەر ئێسقان یەکترییان خۆشدەویست، کەچی ھەمان ئەوانە کاتێ بوونە ھاوسەری یەکتری،دوای چەند مانگێکی کەم، وەک دوژمن یەکتری دەبینن و سەرەنجام لە یەکتری جیا دەبنەوە.ژیان لە کۆمەلگەی ئێمەدا، بە مانای بێبەشبوون لە سادەترین مافی ژیان، بەمانای نائومێدی و سەختییەکانی ڕۆژگار. ھەرگیز بە تەنھا مانای ئەو ژیانە نییە کە نووسەری ئەو کتێبە لە چەند شتێکی ڕۆمانسیدا بچووک و پوختی دەکاتەوە. لە بری ئەوە، دەبوو نووسەر ژنی کورد فێری یاخیبوون، خۆڕاگری، ئیرادە و ھێزبکات. نەک ئەگەر ھاوسەرەکەی لەگەڵی نەچووە مۆڵێک، ئیدی وابزانێت دنیا بە سەریدا ڕووخاوە. ئەم دیدە کورتبینییە بۆ ژن، ئەوەندەی تر ھانی ژن دەدات بیر لە مکیاژوقژو بۆیەی نینۆک و ڕازانەوەی سیمای بکات، بە بێ ئەوەی بایەخ بە بیرکردنەوە و ھزری بدات. من بە درێژایی نووسینەکانی نێو ئەو کتێبە،وتارێکم نەبینی کە ژن فێری ئەوە بکات کە کتێب بە پیرۆزترو بەھادارترو گەورەتر لە مکیاژ ببینێت.کە باش دەزانم زۆربەی ھەرە زۆریان چەند ڕقیان لە کتێبە. وتارێکم نەبینی ھانی ژن بدات ئەگەر لەنێوان بۆیەی نینۆک و قەڵەم سەرپشک بکرێن، ئەوا بێ دوودڵی دەبێ قەڵەم ھەڵبژێرن. چونکە ئەگەر ئەوان ھوشیارببنەوە، نەوەیەک ھوشیاردەبێتەوە، دواتریش کۆمەڵگە.بۆ دەبێ بە گشتی ئێمە ھەر تەنھا جەستەی ژن ببینین و بدوێنین و ھزری نەبینین؟ بۆ دەبێ ھەر باسی چێشتخانە و زێڕوچوونە مۆڵی بۆ بکەین؟ بۆ فێری ئەوەی نەکەین کە ھاوسەرگیری بە تەنھا دنیای ڕۆمانسییەت و دەستگرتنی دووھاوسەر نییە، بەڵکو بەمانای نەبوونی، ھەژاری، سەخت و بەردەوامیییە.ژیان بەتەنھا وێنەیەک و دنیایەک نییە لە خۆشی، ھەمان ئەو ژیانە سەختی و ناھەمواری زۆریشی تیایە.بڕواناکەم لە ئێستادا، ھیچ ژنێک ئازادی پۆشینی جل و چوونە دەرەوەی نەبێت لە کۆمەلگەی ئێمەدا. خوێنەر کاتێ بە شێکی زۆری ئەو وتارانە دەبینێت، واھەست دەکات پرسی ژن ھێشتا دەیان قۆناغ لە دواوەیە و ژنان ھیچ مافێکی سادە و ساکاریان نییە. ئەمڕۆ کەم تا زۆر پەراوێزێک بۆ ئازادییەکانی ژن و مافەکانی ھەیە، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە، ھێشتا ژنان پێویستییان بە تێکۆشانی زیاترە. تێکۆشانێک کە یەکسانی و دادپەروەری نێوان ھەردوو ڕەگەز، بنەمای گوتارو کار کردنی بێت. دەبێ لە بەرای ھەموو شتێکدا، ژن فێری یاخیبوون، ئیڕادە و خۆڕاگری بکەین، نەک باسی مکیاژوجوانی قژو سیمای بۆ بکەین، بۆئەوەی ئەگەر چووە بازارو مۆڵەکان چۆن جوانتر خۆی بنوێنێ و سەرنجی ئەوانی تر ڕابکێشێ. سەردەمی باسکردنی ئەو شتە سادە و ساکارانە بۆ ژن ساڵانێکە کۆتایی ھاتووە، ئێستا زۆربەی ھەرە زۆریان، لە نێو دنیای تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ونبوون و ئاگاداری نوێترین گۆڕانکاریی و مۆدێل و داھێنانەکانی سەردەمن.ئێمە پێویستیمان بەوەیە ژنان ھوشیار بکەینەوە، دیدی یەکسانحوازی لە نێوان ھەردوو ڕەگەزدا بێنینە ئاراوە.کتێب و خوێنەوەیان لا خوشەویست بکەین. نابێ ھەرتەنھا باسی ڕوخسارو مۆڵ و پارک و ژیانی ئاسایی ڕۆژانەیان بۆ بکەین، ئەگەرچی ئەمە مافی خۆشیانە، بەڵام ھەڵەیە پێمان وابێت ئیدی ئەوە ھەموو مافەکەیانە،کەبەداخەوە زۆربەی ژنان وابیردەکەنەوە. کەنابێ وابێت.

*پەراوێز/ناوی کتێب/ من ئەمەم/ نووسینی/لۆنا دلشاد مەریوانی/ بڵاوکراوەی ئەندێشە-٢٠١٨.

• ئەم وتارە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١٠٩٧) ڕۆژی ٢٥-٧-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە……….

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

ھەروا بوە و ھەرواش دەبێ

-١- جێنزرگەی کەسانێکە ھەردەم بێ کێشە و خەفەتن گڵکۆ. -٢- ھەرچەندە سیسبێ یا بژاکێ ھەربۆنی …