سەرەتا / ئەدەبی / کتێبی _ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا

کتێبی _ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا

ڕانانی/سەدیق سەعید ڕواندزی
ناسیۆناڵیزمی کوردی، دەرەنجامی فۆرمۆڵەبوونێکی سیاسی و ھزری نەبووە کە تیایدا لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی سیاسی و ھزری بنەماکانی سەرھەڵبدەن. بەڵکو تا حزبی سیاسی وەک ئۆرگانێکی ڕێخراوەیی و ھزری دروست نەبوو، شتێک نەبوو بەناوی خەباتکردن بۆ ناسیۆنالیزم. ھەموو شۆڕشەکانی کوردیش بنەمای خەبات و تێکۆشانیان لە سەر ھزری نەتەوەیی و خەبات لە پێناو نەتەوەدا بە شێوەیەکی سادە بووە. ناسیۆنالیزم لە کۆمەلگای کوردیدا،پتر ھەستێکی میللییانەی خۆرسکی و جەماوەری بووە، لەوەی دەرەنجامی گۆڕانکارییەکی سیاسی وھزری بێت. بۆیەشە ئەگەر بمانەوێت بگەڕێینەوە سەر دەرکەوتە سەرەتاییەکانی ھزری ناسیۆنالیزم لە کۆمەلگەی کوردیدا،ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە سەر مێژووی فەرھەنگ و کولتوور نەک سیاسیەت و ھزر. چونکە ڕایەک لە کۆمەلگەی کوردیدا بەلایەنی کەمەوە لەو بەشەی کوردستاندا چەسپیوە، کە ڕەگەکانی ناسیۆنالیزم بە شێوەیەکی سەرەتایی لە داستانی مەم و زیندا دەبینێتەوەو ئەحمەدی خانێ بە یەکەم شاعیری کورد دەناسێنێ کە باسی بنەماکانی نەتەوە لە وداستانەدا دەکات. لەو ڕوانگەیەشەوە کتێبی (ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانی)دا، یەکێکە لەو کتێبە بە قەبارە بچووک و ناوەڕۆک دەوڵەمەندانەی کەدوای سی و شەش ساڵ لە نووسینی بەبڕوای من، ھێشتا بەھای فەرھەنگی و مەعریفی خۆی ھەر ماوە. ئەم کتێبە نووسەرو ئەکادیمی دیاری کورد( فەرھاد شاکەلی) بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی و سی شەش ساڵ لەمەو بەر، وەک پێداویستییەکی وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر پێشکەش بە بەشی زمانانی ڕۆژھەڵات لە زانکۆی ئۆپسالا لەوڵاتی سوێد کراوە و ئەمساڵ بەزمانی کوردی لەلایەن(سوداد ڕەسوڵ) وەرگێڕدراوە. ئەم کتێبە لە چەند بەشێکی جیاواز پێکھاتووە.لەدەسپێکدا، نووسەر ئاماژە بە و کتێبانە دەکات کە لە بارەی داستانی مەم و زینی خانییەوە نووسراون. ڕەخنەی بەشێکی ئەو نووسینانە دەکات کە تەنانەت ھەندێکییان بەبێ ئەوەی بە تەواوەتی لە بەیت و ناوەڕۆکی نووسینەکەی خانی گەیشتبن، بە ھەڵە لێکۆڵینەوەیان لەبارە کردوەوە لەم ڕووەوە نموونەی بەرجەستەشی ھێناوەتەوە. بەبڕوای نووسەر، مەم و زین نووسینێکی ئاڵۆزو ھەمەلایەنە و ھەر توێژەرو نووسەرێک لەبارەیەوە ھەوڵبدات ڵێکۆڵینەوە بکات، دەبێ پاشخانێکی ڕۆشنبیری گەورە و ھاوکات لە چەندین بوارەوە شارەزایی ھەبێت، دەنا بەدڵنیاییەوە دەکەوێتە ھەڵەوە.دواتر نووسەردێتە سەر ژیانی خانی و باس لەوە دەکات کە ھەمیشە لە ساغکردنەوەی مێژووی لە دایکبوونی شاعیرانی کورد بە تایبەتی لە قۆناغی کلاسیزمدا، نووسەران ڕووبەڕووی گرفتی گەورە دەبنەوە. چونکە ھیچ سەرچاوە و ئەرگۆمێنتێکی بەردەست نییە تاکو بە ڕوونی ساغیبکاتەوە کە شاعیرانی ئێمە لە چ ساڵێک لە دایکبوونە. ھەمان بۆچوون ژیاننامەی ئەحمەدی خانیش دەگرێتەوە.بۆیە دەبێ تەنھا لە پەراوێزی ناوەڕۆک و بە یتە شیعرەکانیانەوە،بەدوای ئەو مێژووەدا بچین.لەو سۆنگەیەشەوە شاکەلی بڕوای وایە کەباشترین سەلمێنەری ساڵی لە دایکبوونی خانی، دێڕە شیعرێکی خۆیەتی کاتێ دەڵێت:_
لەو را کو دەما ژ غەیب فەک بوو
تەئریخ ھەزارو شێست و یەک بوو
بەمەش نووسەر لە پەراوێزی ڕاڤەکردن و نیشاندانی بەرواری نێو ئەو دوو دێڕە شیعرە، دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کەخانی لە ساڵی ١٦٥١ی زایینی، واتا نزیکەی سێ سەدە و نیو لەمەو بەر لە دایک بووە و تەنھا پەنجاو ھەفت ساڵیش ژیاوە،بەپێی ئەم توێژینەوەیە. لە بەشی دووەمدا، نووسەر ئاماژە بە بەرھەمەکانی خانی دەدات کە ئەگەرچی لە ڕووی چەندایەتی و ژمارەوە کەمن، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتی و گوتارو ماناوە، بەرھەمی دیارن.کە ئەوانیش ھەریەک لە بەرھەمەکانی(نووبارابچووکان)و(عەقیدا ئیمان)و(مەم وزین)ن. دواتر نووسەرلە بارەی ھەرسێ بەرھەمەکەوە دەدوێت و بە وردی ڕەھەند و ناوەڕۆکی ئەو کتێبانە شڕۆڤەدەکات و بایەخی فەرھەنگی و مەعریفی کتێبەکان دەخاتە ڕوو. لە ڕوانگەی شاکەلی نووسەرو ئەکادیمی، ئەگەرچی ئەو سێ بەرھەمەی خانی لە ئاستی ناوەڕۆک و لە ڕووی ماناوە سێ بەرھەمی لە یەکتری جیاوازن،بەڵام دەکرێ لە میانەی خوێنەوەی ئەو بەرھەمانەدا، بە ئەنجامێک بگەین کە ئەویش ئەوەیە کە ناوەڕۆکی ئەوکتێبانە دەریدەخات کە خانی شاعیرێکی داھێنەرو پێشەنگ بووە و ھەوڵیداوە بۆچوونەکانی خۆی وەک ڕیفۆڕمێکی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەلگادا بەرجەستە بکات. لەلایەکی دیکەوە نووسەر باس لە ھزری نەتەوەییانە و کوردانەی خانی دەکات و دەنووسێت: ئەگەرچی خانی جگە لە زمانی کوردی،زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسیشی زانیوە، بەڵام کارە ئەدەبییەکانی خۆی تەنھا بە زمانی کوردی نووسیون. ئەمەش دەریدەخات کە خانی چەند شاعیرێکی نەتەوەیی بووە.چونکە نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە زمان،بنەمای سەرەکی ناسیۆنالیزمە. نەتەوەکان بە زمانی ڕەسەنی نەتەوەییانەی خۆیان دەناسرێنەوە. بێگومان کاتێ خانیش جیا لە زمانی نەتەوە سەردەستە داگیرکەرەکانی کورد بەزمانی کوردی دەنوسێت، لەلایەکەوە ھەم جەخت لە کوردیبوونی خۆی دەکاتەوە، ھەمیش پەیامێک دەداتە سەفەوی و عوسمانییەکان، کە کوردیش وەک ئەوان نەتەوەیەکە و مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت. لە بەشی سێیەمی ئەو توێژینەوەیەدا، شاکەلی دێتە سەر بنەماکانی ناسیۆنالیزم لە مەم و زیندا. بەبڕوای نووسەر، ئەگەرچی مەم و زین داستانێکی خۆشەویستییە کە بە چارەنووسێکی تراژیدی کۆتایی دێت، بەڵام مەبەستی خانی لە نووسینی ئەو بەیتانە، گەورەتر بووە لەو ڕەھەندە سۆزدارییە. خانی مەم و زین دەکاتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی لە بارەی کورد و دوژمنەکانی و سەردەمی داگیرکاری و میرنشینەکان بدوێت. مەم و زین دەکرێ وەک ئاوێنەیەک ببینرێت کە ھەڵومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرھەنگی نەتەوەی کورد لە سەدەی ھەڤدەی میلادییەوە دەردەخات.بەبڕوای نووسەر، خانی لە مەم و زیندان ھەموو نەھامەتییەکانی کورد دەبەستێتەوە بە نەبوونی دەوڵەت و نەبوونی دەوڵەتیش لە ھۆکاری نایەکگرتوویی کوردو ململانێی نێوانیان دەبینێتەوە. بە تایبەتیش کە سەفەوی و عوسمانییەکان، ھەریەکەیان دەیانەویست کورد بۆ مەرامەکانیان لە دژی ئەوی تر بەکار بێنن.بۆیە خانی دووبەرەکی و شەڕی خێڵایەتی نێوان کوردەکان، بەکۆسپی بەردەم دروستبوونی دەوڵەت زانیوە.ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە کاتێ خانی فەقێ بووە و دواتریش بۆتە مەلا، گەلێک شوێنی جۆراوجۆری کوردستان گەڕاوە و لە نزیکەوە بارودۆخیانی بینیوە کە لە ململانێ دابوونە. ھەربۆیەشە یەکگرتوویی بە زامنی سەرکەوتن و بونیادنانی دەوڵەت دەزانێت.ھەرلە باسی مەم و زیندا، شاکەلی ئاماژە بەوە ئەکات،کە بە نووسینی مەم و زین، خانی پایەیەکی بەرزتری بە زمانی کوردی بەخشی و ھێنایە ڕێزی زمانەکانی دیکەی عەرەبی و فارسی و تورکی،ھاوکات ئەوی سەلماند کە زمانی کوردی ھیچی لە زمانەکانی دیکە کەمتر نییە و کورد ئەگەر دەوڵەتی ھەبێت و دەرفەتی لە بەردەم بڕەخسێت، دەتوانێت داھێنان بکات و شاکاری گەورە بنووسێت.ھەرلە درێژەی ئەو باسەدا، نووسەر باس لەوە دەکات کە تاکو ئێستاش مەم و زین دیارترین و ناسراوترین دەقی کوردییە کە ھێندە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە ناسرابێت و سنوورەکانی تێپەڕاندبێت.نووسینی ئەو دەقە بەو ھەموو بەیتانەوە، تواناو ئاستی داھێنەرانەی خانی وھزری نەتەوەییخوازانەی ئەو دەردەخات.خاڵێکی دیکەی گرنگ کە نووسەر لەو توێژینەوەیەیدا تیشکی دەخاتە سەر ئەوەیە، کەخانی بەرلەگەلان و نەتەوەکانی دیکەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست باسی بیری نەتەوەیی دەکات،چونکە ئەو لە مەم و زیندا لە سەدەی ھەڤدەی میلادی،باسی گرنگی نەتەوە دەکات،بەڵام لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا،ئەوبیرە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم ھاتۆتە ئاراوە. بەمەش ئەحمەدی خانی بنەمای ناسیۆنالیزم دووسەدە پێشتر لەگەلانی تر لە نووسینەکانیدا بەرجەستە دەکات. خانی لەمەم و زیندا،باسی چەندین لایەن و ڕوخساری کۆمەلگەی کوردی دەکات وەک: جەژنی نەورۆزو شێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و جلو بەرگ وبابەتی پزیشکی و تەندروستی وبیناسازیی و مۆسیقا و زۆر لایەنی تریش،کە ئەمانە لە ڕوانگەی شاکەلی، دەرخستنی سیما نەتەوەییەکانی نەتەوەی کوردە، وێرای ئەمەش خانی لە سەردەمێکدا مەم و زینی بە زمانی کوردی نووسیوە، کە تەنھا زمانی فارسی و تورکی ھەبووە و ھەرگیز نووسین بە زمانی کوردی ئەو بایەخەی نەبووە، وەلێ کاتێ خانی دێت ئەو بەرھەمەی خۆی بەزمانی کوردی دەنووسێت کە بێگومان زمان بنەمایەکی سەرەکی نەتەوەییە، ئیدی ئەمە بە تەنھا بەسە بۆ ئەوەی لە گرنگی ھزری خانی بۆ ناسیۆنالیزم تێبگەین کە ئەگەر بەشێوەیەکی سادەش بووبێت ئەوا لەمەم و زیندا خانی بناغەکەی داڕشت. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە ئەگەرچی ئەم کتێبە بە قەبارە بچووکە، بەڵام ناوەڕۆکێکی ئەدەبی گەورەی ھەیە. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا سی و شەش ساڵ لەمەوبەر بە ئینگلیزی نووسراوە، وەلێ کاتێ خوێنەر دەیخوێنێتەوە،واھەست دەکات تازە ئەو توێژینەوەیە نووسراوە. چونکە بە زمانێکی کوردییانەی جوان، وەرگێڕ کتێبەکەی وەرگێڕاوە. دەست خۆشانە لە خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە دەکەم، کە زەمینەی بە کوردی خوێندنەوەی ئەو توێژینەوەیان لەبەردەم خوێنەری کورد لە ڕێگەی چاپکردنی کتێبەکەوە ڕەخساند….

پەراوێز:_ناوی کتێب/ناسیۆنالیزمی کوردی لەمەم و زینی ئەحمەدی خانیدا/ نووسینی فەرھاد شاکەلی/ وەرگێڕانی سوداد ڕەسول/ بڵاوکراوەی خانەی موکریانی بۆچاپ و بڵاوکردنەوە_ھەولێر ٢٠١٩….
*لە ڕۆژنامەی(ھەولێر)ژمارە(٣٠٩٠)ی ڕۆژی ٢٦-٥-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

دیدێکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی- لەبومەلێڵەوە بۆ زەردە پەڕ

سەدیق سەعید ڕواندزی بێگومان، لێکۆڵینەوە لە مێژووی سەدەیەکی ناوچەیەک لە ھەر بوارێکەوە بێت بە تایبەتیش …