سەرەتا / ئەدەبی / کەژاوەی ژوان

کەژاوەی ژوان

سەردار جاف
لە شەختەبەندانی دڵم
چی لەو ئیشقە گڕە بکەم
سەما لە سەر نەکەرۆزکا
لە ئافاتخانەی دووریمان
چ لە ڕایەڵەی بێسیم کەم
نەتوانێ مەودا کورت بکا و
خانەی مۆزەخانەی قامەت
بە یەکەوە گرێ بدا
……………………..
لە پەرژینی نیشتیمانێ
ھەڵاتووم و
تاریکستان بینە قاقای لێ تەنیوم
ئەتۆیش دڵم
لە خەیاڵدانی ماڵێکا ، دەستەمۆ بووم
ڕێژنە فرمێسک
لە سێڵاوی خۆیم دەنێ
کەچی لە بەردەرگای پێتا، کڕنووش بەر و مشتێ گڵم
……………………………….
پەروانەکەم…
خۆت مەڵاسدە
لە نێو سپی بەفری وڵات
لە نێو کۆڵانە تاریکەکانی زستان
لە نێو میترۆ سەوزەکانی چراخانا
لە نێو پەرداخەشەرابی مەست نەبوونمان
خۆت مەڵاسدە ….
لە نێوانی ڕەنگی پرچە قەترانییەکانی درەختت
لە زەماوەند ، جەنگی ئەشقت
لە خەرابات ، نسرمی پڕ خۆشەویستت
لە نێو دەنگی جریوەی چۆلەکەیەکا
خەونەکانمان
دەنێو دەست و پەنجەتا نێ
چرۆ بکا بۆ ھەبوونمان
………………….
دێم و لە قریوەی تۆیا
ئاھەنگی بوونم دەگێڕم
تاڵە ڕەشی زوڵفت بکە
بە قەنارەی گەردنی من
بە قەد و قامەتی جوانتا ھەڵمواسە
لە داڵانی بەر سینەتا
جێ پەنجەی ڕچیوم کەوە
ھێشتا بە لەشی تەزیو و کڕێوەی تۆ
ڕانەھاتوون
گەرم گەرم ڕایانموسە
………………………….
پێکەنینم ….
بە قەد دیواری گاردیمۆین ھەڵواسیوە
ئەشکم لە توێشووی سەفەری ئەمجارەی بەفر کردەوە
ھەر لە ئەزەلەوە دەڵێی
لە تەک ئاوازی ئەوینی تۆ ڕایی بووم
لە سەر نەخشەی نیشتیمانی دڵی منا
پێکەنینت بوونە پایتەخت
لە دەرگا و پەنجەرەکانی کەمفۆرتەوە شۆڕبوونەوە
لە ھەنگاوی وڕکگرتووم
دیارە شێتێکی خۆرسکیم ، وا بە باڵای تۆیا ھەڵچووم
………………………
سەمای سەرما و شنەی باوەشتم بۆ راخە
بە جاجمی حەیرانەکانت دامپۆشە
باسەر خەوێ
لە تەک باوڵە ڕەوڕەوەکەوە بشکێنم
تۆ ئەمێستا
لە کەناری گریانی ھەنسکی منا ، پشووتداوە
یان ھێشتا بەدەم خەمەکوتکێی سەماوە
کۆتەڵ بۆ ژوانی دادێ دادەبەستی
منیش ھەر ڕێبوارێ بم و ھەرمێکانی بەر باخەڵت ، بتەکێنم
……………………………
بە باڵای گۆڕی دایکما بمشکێنە
ھەر کات کە شەو لە خەو ھەستا
با بەسەرما ڕاببوورێ
تا بەرەو خوار بۆ لای باوکم ھەنگاو دەنێ
ھەر عەوداڵی سۆراغم بێ کە لێی ون بووم
لە بەر پێیەکانی خۆتا
وەک چیمەنی باخچەی بەر ماڵان رامبخە
تا پێت بە چقڵی ساراکان زامار نەبێ
ھەر دوێنێ بوو
بە میوانی بۆ بیابانی لماوی و ئەبەدیەت و نەمانم چووم
………………………………
کوڵمەکانت بوونە ھەورە گرینۆکەی
تێکئاڵاوی ڕەش و سپی
بوون بە نۆڤێلت بوون بە ڕۆمان ، بە چیرۆکی ئەفسانەیی
لە تەنیشت لێوەکانتەوە خەیاڵدانی ماچم دەفڕێ
لە قایەغی نغرۆ بوونم کپبوویتەوە
لە میحرابی برۆکانت ، لە گومەتی مەمکەکانت
شەوی تاریک حەشارمدە
با شیعرەکانم پێ نەگرن ، یاخی نەبن ، چڕنووک بە گەردنتا نەکەن
باسی خەونی گێلاسیت کرد ، تەواو نەبووی
ھەر زۆر زوو بوو ، بۆ لای زارۆکان چوویتەوە
…………………………….
نمە نمی سپێدانێ
تارمایی ئاونگێ دێنێ
دەنگی ھەنگاو دەکرتێنێ
کاوڵاشێ بە ناخا دەکا
چرپەی ماچێکیش جاڕ دەدا
دۆزەخی باڵا واڵا کا
دە فێرم کە ئەمجارەیان چۆن بێمەوە
چۆن باڵبگرم بەرەو مەزار ھەڵفڕمەوە
کە ھاتمەوە چۆن سەما فێری باڵات کەم
کەی زڕبوونی خەو خەفە کەم
ئەمە شیوەنی تەمەنمە
لە گەڵم بە ، با باھۆزمان لە دیدار بێ
نازانم نا ، ئیتر چۆن مەی بەرم دەدا
………………………..
کەوتمە خەرەندی ژیان و
بە دووکەڵی قانگەکانی جگەرەتا
خەمی سووریم بۆ دەنێری
کە تۆ ئاگر لە جەستەی سڕکم بەر دەدەی
دەسوێمە نێو مەجمەرێک و دەبمە ژیلەمۆی ژیانێ
ھاواری ژان نەبڕایەوە
بە ئاوەزی سپیم ئاشنا
خەم دەبێتەوە سەر چۆپی و ئاوازی کۆتەڵ دەگێڕێ
جگە لە من و بەفر و ئاگر ……
ھیچ شک نابەی بۆ ھێورێ
تەنھا ساتێ گوێ قوڵاغ بە
سەدای نییە جگە لە شین و گریانێ

Limburg _ Deutschland
١١ _ ٠١ _ ٢٠١٩

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

زەنگیانەی ئاویی ڕستی دەهەم ( ماڵی من )

زەنگیانەی ئاویی ڕستی دەهەم ( ماڵی من ) ئەو شەوەی لەسەر سەفەر بم خەو، لەەوێ …