سەرەتا / ئەدەبی / گوڵی ڕچیو

گوڵی ڕچیو

سەردار جاف
دەریای خەم و بێداریمە
کەچی ھەتاو
خوی لە منا رووت کردەوە
لە راستە رێی ژین دێمەوە
سەر بە کونی رووباری بایەکا دەکەم
لە کۆتەڵدانی غوربەتا ئۆقرە ناگرم
بە بەژن و باڵای شۆخێکا
ھەڵدەزنێم …….. نایەمەوە
تا تێر ئازاری ئەوین بم
کەف و کوڵێ ھەڵبڕێژم
رێگای تەمەنم ون بکەم
شەرابی مەستی ئەو ئیشقەم
نەنێم بە قووڵی بینمەوە
لێوەکانم لە بەر شەپۆلی ھاڵاوا خۆیان ناگرن
ناتوانن نا ، قورتار بن و ، شەوی تارم کون کون نەکەن
نازانم نا
ئیتر چۆن من بۆ مەنزلی
ژین بێمەوە ……………
ھۆ کیژە شۆخ و شەنگەکەم
لە دەرگای ئافاتی ناخا مەمھەژێنە
رووم لێ مەنێ ، بە باوەشی حەز و ویست و ئیشقاویما
داچەمێوە
پەڕەی دڵم
ھێندە بە سوێ و پڕ برینە
لەو دیو پەنجەرەی شلێریم
جەستە سوتاو
لە ھۆگریشما خەمڵیوە
دەی خودا فریادڕەسم بە
گڵکۆی دڵم
ناڵە ناڵی نزاکانی
گاشە بەردی بەرەو ئاوی ژین گۆڕیوە
دەسا پەری
ژێڕەخەری پڕ بارانم بۆ راخستووی
بگەڕێوە …….
***********
لەم تاریکستانەی تەمەن
کێ دەسگر و گۆچانی رێی ئەوینم بێ
با ھەموو دونیا رۆشن و
زێڕچێتەوە
فەرشی سووریش کاڵا بە باڵای رێگام بێ
کە من عەوداڵ و سۆراغ بم
چما ژین نوێ
دەچێتەوە
ئااای خودایە
بشێ بیری ئەو نازدارەم
گەرمی رێگای تەمەنم بێ و
بەرەو ناو جێگەم بێتەوە
تەنھایی وا بۆم خەمڵیوە
ھێندە پڕکاری خنکانمە
ئای لەو کاتەی کە چرپە و سرتەی خۆیم بۆ ھەڵدەڕێژێ
لە نیشتیمانی حەسرەتا
گیانەڵاییم پێ دەنێژێ
مەگەر دواسات
تەنھا و تەنھا دەست لە ملی مەرگم بنێ
بە بەر کێلی گۆڕەکەما
راببوورێ
چراتۆڕی ئاھەنگی دوا دوای ژیانم
وەک بوخچەی گوڵ
بە سەر جەستەی خۆڵاویما
ھەڵوەرێنێ
منیش خولیام
نازانم ئەو روحە شێتەم
کەنگێ تێکەڵ و ھۆگری
ئەو ئاھەنگەی مەرگم دەبێ
ئااای لەو موژدە جەرگبڕە
لە گەڵ ھەڵکردنی بایا
بە بەر ھەست و گوێم دەکەوێ
ئااای لەو خەراباتەی ھەیە و پێی دڵسازن
بە کەیفەوە دەمسوتێنێ
شادبارانی ئەو دەکەم و
بەرەو رووی ئەو ئاکامەم دێ
ئەم ئەوین و ئیشقەی ھەمە
نغرۆی خۆڵەمیشی تەزیو
ھەر ئافەرینێکی دەوێ
پەریم لە سۆنگەی سۆزەوە بۆ بگرێت و
ئۆقرەگری ئەو ئاھەنگ و بەزمەمان بێ
ھەی شێتەکەم
شین و رۆرۆت لە ناخما تۆو کردووە
بە باڵاما ھەڵدەگەڕێی
وا دەزانی دووریم بێ دەربەستیمە لێت
ئازاری ژین … ژانی برین
جەستەی دوا تەمەنی منی
بنکۆڵ و زێوار کردووە
ھەر چرکەیەک
لە دەرگای برینێ دەدەی
بە ئەندیشەما دەگەڕێی
بەڵگەی حاشاھەڵنەگرت بۆ بھێنم
ھەتا باوەڕبوونی تووڕەت
لە مەنگی دەریا و شەپۆل دەی
یا زەنگی مۆبایلێکم بۆ لێ نەدەی
تووخوا پەری
گەر لەگەڵ فەلەک و ڤینۆس
شەڕی جوانی بۆ من دەکەی
لە ھەناوی ئیشقاویما ئەسرینەکانم بسڕەوە
تۆ دەبێ ھەر بێیتەوە لام
دڵنەوایی شێتیم بکەی
ھەتا دڵم
لە بەر پێتا ببێتە کێڵگەی ئەوین و
خووڕەی خوێنی خۆی خەڵاتکا
دە تۆ وەرەو ڕێم لێ مەگرە
تینوی واینی لیوەکانم
بۆ ماچی کەردنێ نەکەم
تێر تێر لە ھەناسە نەبم
لە حەوزی تاوانی ئەوین
بۆ ئامێزم پڕ خەتاتکا

لیمبۆرگ _ ئەڵمانیا
٧ / ٨ / ٢٠١٨

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

بۆرژان

١.خۆر  گیرفانەکانی لەپاڵتۆی  ڕووناکی خاڵی دەبن   تارمایی ڕوانینەکان  لە برژانگەکانی ڕێگە دەشۆیتەوە، وەکو پرسی …