سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / داتاشینی وشەو شێواندنی زمان لەپەراوێزی گەیاندنی مانادا

داتاشینی وشەو شێواندنی زمان لەپەراوێزی گەیاندنی مانادا

سەدیق سەعید ڕواندزی
بەھۆی نەبوونی زمانێکی ستانداری یەکگرتووی کوردی کەلەنووسیندا پەیڕەو بکرێت،شێوەکانی نووسین و ڕێنووس بەشێوازی جیا لەبڵاوکراوەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەونە بەرچاو.تائەو ڕادەیەی ڕێنووسی وشەیەک بەچەندین شێوەلەھەربڵاوکراوەیەک دەنووسرێت. لەکاتێکدا وشەکە ھەرھەمان وشەیە.کتێبێکم خوێندەوە،ڕێنووسی یەک وشە بەچوار جۆرنووسرابووکەئەویش:(حکومەت_ حکوومەت_ حوکوومەت_حوکمەت)بوو.لەھەموو دنیادا، زمان وەک زانستێک ڕێکخستن و یەکخستنی ئەرکی نێوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانە. کەچی لەھەرێمی کوردستاندا، بەھۆی ئەو بێ پلانیەی لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەداھەیە،دەبینین ھەر بڵاوکراوەیەک بەجۆرێک پەیڕەو لەشێوەیەکی نووسین و ڕێنووس دەکات. گرفتەکە ھەر تەنھا ئەمە نییە، واتەنەبوونی یەک زمانی نووسین و ستاندارد، بەڵکو ئەو زمانەی کەھەشە بەھەڵە دەنووسرێت. لەڕاگەیاندن و داڕشتنی ھەواڵ و بڵاوکردنەوەی ھەواڵدا، زمانی نووسین یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکان. واتە ھەواڵ بەرلەوەی ئاماژە بێت بۆ ڕووداوێک کەڕوویداوەو گوێبیستی دەبینین و دەیخوێنینەوە، ئەوا نووسینە. بێگومان نووسینیش بنەماو پێوەری خۆی ھەیەو ئەگەر زمانی کوردی لەئاستی دەربڕین و نووسینیشدا ستاندارو یەک زمان نەبێت، بەڵام چەندین ڕێسای زمانەوانی و ڕێنووسی ھەیە و ڕەنگە لەکاتی نووسینی پیتێک، یان دەنگێک، تەواوی مانای وشەکە لەئاستی دەربڕین و گەیاندندا، گۆڕانی بەسەردابێت. لەھەندێ کاتدا، نەنووسینی تەنھا وشەیەک سەرلەبەری مانای ڕستەکە دەگۆڕێت. بۆنموونە:_(بەڕەوانی قسەی نەکرد) لەم ڕستەیەدا، ڕەوانی بەمانای ڕوون و ڕەوان دێت. واتە قسەکردنێک بێ گڕێوگۆڵ وپێچ و پەنا کەدەشێ ھەمووان لەماناکەی بگەن. بەڵام لەم ڕستەیەدا(بەڕەوانی نەکرد) مانایەکی تەواوجیاوازی ھەیە لەڕستەی پێشووتر.لێرەدا بە(ڕەوانی) بەمانای ناوبژیکەر دێت. واتەکەسێک بکەوێتە نێوانی دووکەس لەکاتی دەمەقاڵێ و شەڕدا. یاخود کاتێ دەڵێین:_( ئەوکوڕەکێ بوو) لێرەدا کوڕ بەمانای کەسێک دێت کەناوێکی نادیارە، بەڵام کاتێ دەڵێین:_( ئەوکووڕە کێ بوو) دەبینین سەرتاپای مانای ڕستەکەی گۆڕیوە. چونکە کووڕ لێرەدا بەمانای کووڕبوونەوەدێت. دەیان و سەدان نموونەی دیکەی لەو شێوەیەش بوونیان ھەیە. لەڕاستیدا، ڕاگەیاندن بەگشتی بەکۆی ئامرازە گەیێنەرەکانییەوە، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەیەکخستنی زمانی نووسین و دەربڕین. چونکە ڕاگەیاندنەکان، نووسین لەشێوەی پەیامێک کە دەخوێنرێتەوەو گوێبیستی دەبین دەگەینن. بۆیە کاتێ پەیڕەو لەیەک شێوەی دەربڕین و نووسین دەکەن، ئەوا ئاسانکارییەکی زۆرلە پێناو دروستکردنی زمانی ستانداری کوردی دەکەن.بەڵام لەھەرێمی کوردستاندا، ڕاگەیاندنەکان نەک ئەو ڕۆڵە نابینن، بگرەھەندێکییان بەشێوەیەک لەشێوەکان، زمانی کوردی زیاتر پەرتەوازە دەکەن و دووری دەخەنەوە لەزمانی ستاندار.تاکوئێستاش دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، شێوەیەکی دیاریکراویان لەنووسینی وشەو ڕستەو داڕشتنی ھەواڵدا نییە و ھەریەکەیانن بە پێی تێگەیشتنی خۆیان ھەواڵ دادەڕێژن.ھەڵبەتە ئەمەبەھۆی نەبوونی زمانی ستاندەرەوەیە. بەڵام نابێ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەتایبەتیش کەناڵە ئاسمانییەکان کەپەخشیان بۆھەموو دنیایە، ئەوەندەی تر ئەو زمانەی ھەشمانە لەنووسین و دەربڕیندا، پەرتەوازەتر بکەن. بەپێچەوانەوە، دەبێ ئەوان ھاندەربن و ڕێسایەکی دیاریکراو بەمەبەستی داڕشتنی ھەواڵ و نووسینن پەیڕەو بکەن.کەچی کاتێ سەیری ھەواڵ لەو کەناڵانە دەکەین، شتێکی پێچەوانە دەبینین. ئەوان خۆیان زۆرجار ڕێنووسی وشەو داڕشتن و پێکھێنانی ڕستەبەھەڵە دەنووسن. چ جای ئەوەی ببنە ھۆکارێک بۆ دروستبوونی زمانێکی یەکگرتوو.لێرەدا ئاماژەبە چەند ھەواڵێک دەکەین کەلەکەناڵە ئاسمانییەکان کەوتنە بەرچاومان. لە ھەندێکییان بەمەبەستێک ھەواڵەکەیان نووسیوە، بەڵام کاتێ سەرنجی دەدەین، ئەوەی ئەوان نووسیویانە ئاسمان و ڕێسمان دوورەلە مەبەستی ناوەڕۆکی ھەواڵەکە.بۆنموونە:_
یەکەم:_کەناڵێکی ئاسمانی لەوێنە ھەواڵێکدا نووسیبووی:-(مەراسیمی ماڵئاوایی لە بۆشی باوک). دیارەمەبەستی ئەوکەناڵە لەوھەواڵەدا، دوا ماڵئاوایی بوو لەتەرمی بۆشی باوک. بەڵام ئەگەر سەرنج لەناوەڕۆکی ھەواڵەکە بدەین، دەبینین چۆن تەنھا نەنووسینی یەک وشە، تەواوی مانای ڕستەکەی گۆڕیوە.چونکە ئەگەربەپێی ناوەڕۆکی داڕێژراوی ھەواڵی ئەوکەناڵە بێت، ئەوا بۆش ھێشتا لەژیان ماوە! لەکاتێکدا دەبێ بنووسرێت:( مەراسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی بۆشی باوک).
دووەم:_ یەکێکی دیکە لە ڕاگەیاندنەکان، لەھەواڵێکدا نووسیبووی:_(بەھۆی شەڕی نێوان ھاندەرانی دوویانە ھەزارو چوار سەد کورسی لە ناوچوون).بێگومان ئەگەربەپێی ناوەڕۆکی ئەم ھەواڵە بێت، ئەوا کورسییەکان لە شتە زیندووەکانن!!.
سێیەم:_ کەناڵێکی دیکە کە خۆی بێ رکابەر دەبینێت لەھەواڵێکدا نووسیبووی:_(ئاوی کۆگا کراولە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە). ئایا ئاو گڵدەدرێتەوە یا لەکۆگاھەڵدەگیرێت؟ ئاوی کۆگاکراو چ مانایەکی ھەیە؟ ئایا ئاو کەلوپەلە تا لە کۆگا ھەڵبگیرێت؟.بۆنموونە: ئێمە دەڵێین:_ (خەزانی ئاو، بەڵام خۆناوترێت مەخزەنی ئاو!!)..
چوارەم:_کەناڵێکی دیکەی ئاسمانی لەبرگەی ئەمڕۆ لەمێژوودا نووسیبووی:_( لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا(لە ٢٤/١/١٩٨١) ھونەرمەند عەلی مەردان کۆچی دوایی کرد). بەڕاستی کارەساتە کەناڵێکی ئاسمانی بەسەدان فەرمانبەرەوە نەزانێت ھونەرمەندێکی دیارولەیاد نەچووی وەک مەردان کە قوتابخانەیەکی ھونەری کوردییە، لە چ ساڵێک مردووە.تۆ بڵێی عەلی مەردان ئەوەندە نەناسراو بێت خەڵک نەزانێت لە چ بەروارێک مردووە؟ بێگومان نەخێر، بەڵکو ئەوە بێ ئاگایە لە مێژوو، کەڕووداوەکانی ئەو بڕگەیە لەو کەناڵە ئاسمانییە ئامادە دەکات!!..
پێنجەم:_ کەناڵێکی دیکە نووسیبووی:_(تێکشکانی بەنداوێک). ئایا بەنداو فڕۆکەیە تا بەھۆی کەوتنە خوارەوەی تێکبشکێت؟ بەنداو دائەروخێت و دادەڕمێت، تێکناشکێت.
شەشەم:_ کەناڵێکی دیکەی ئاسمانی لەھەواڵێکدا نووسیبووی:_( لافاو مەرگی پردێکی دێرینی پێشخست). ئایا ھیچ ئستاتیکاو ھونەرکارییەک لە ڕووی زمانەوە لە داڕشتنی ئەم ھەواڵە دایە؟ ئایا پرددەمرێت؟ تالافاو مەرگی پێشبخات؟
بێگومان ڕەنگە چەندان نموونەی دیکەی لەو شێوەیەش ڕۆژانە لەکەناڵەکانەوە بکەونە بەرچاومان. کە تیایدا بەڕێنووس و دارشتنێکی سەقەتی زمانەوانی داڕێژراون کەئەوەندەی تر بنەماو ڕێساکانی زمان و نووسین دەشێوێنن. ھیوادارم دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، کەسانی شارەزا لە بواری زمان و دارشتندا،بکەنە بەرپرسی نووسینی ھەواڵەکان. چونکە مەرج نییە ئەوەی نووسەرو ڕۆژنامەنووسێکی بەتوانا بوو، زمانزانێکی باشیش بێت.

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی(ھەواڵ) ژمارەی ڕۆژی شەممە ٢-٣-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە…..

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

کتێبی ھەموو شەوێک وەرە بۆ لام

ڕانانی/ سەدیق سەعید ڕواندزی شیعری جیھانی بەبەراورد لەگەلڕ ژانرەکانی دیکەی ئەدەب وەک چیڕۆک وڕۆمان، کەمتروەرگێڕدراوەتە …