سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / ساتەکانی نێوان مەرگ و ژیان لە ڕۆمانی شورەییدا

ساتەکانی نێوان مەرگ و ژیان لە ڕۆمانی شورەییدا

سەدیق سەعید ڕواندزی
ڕۆمانی شورەیی، چیرۆِکی توندوتیژی ئیسلامییە توندڕۆکانی بەنگلادیش بەرامبەر ھیندۆسەکانی ئەو وڵاتە بەگشتی و خێزانێکی ھیندۆسیش کەلە شاری تیکاتۆلی دەژین بە تایبەتی دەگێڕێتەوە. چیڕۆکێک کە ھێمای دڵڕەقی و شکاندنی شکۆی مرۆڤ و بێ بەھا کردنیەتی، لە پەراوێزی ناسنامەی ئایینی.سەرەتای ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە بە ڕووخاندنی مزگەوتێک لە وڵاتی ھیندستانەوە لە نیوەی یەکەمی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوولەلایەن دەوڵەتەوە دەست پێ دەکات. مزگەوتەکە ناوی(بابری) یەو کەوتۆتە شوێنێکی ھیندۆس نشین. ئەم ڕووداوە، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا، کاردانەوەیەکی توندی لێدەکەوێتەوە و بەو پێیەی ئیسلامییەکان بە پیلانی ھیندۆسەکانی دەزانن و زۆربەی دانیشتووانی ھیندیش ھیندۆسین، ئیدی ھیندۆسەکانی وڵاتی بەنگلادیش، لە تۆڵەی ڕووخانی مزگەوتەکەوە دەکەونە بەر شاڵاوی دەستدرێژی ئیسلامییەکانی بەنگلادیش و ھەزاران شوێن و پەرستگەی ئایینی ھیندۆسەکان وێران و خاپوور دەکەن و ھاوکات ھەزاران گەنج و ژنی ھیندۆسیش دەڕفێنن و ئەتکیان دەکەن و دەیانکوژن. ڕۆمانەکە، چرکەساتی ڕووداوەکان لە سەردەمی خێزانێکی ھیندۆسی دەگێڕێتەوە. چرکەساتێک کە دەکەونێتە نێوان مەرگ و ژیان و ھەموو کاتێک مرۆڤ لە چاوەڕوانی ئەوە دایە بکوژرێت.ئەو خێزانە لە دایکێک و باوکێکی خانەنشین و کچێکی گەنج و برایەک پێکھاتووە. دوای ئەوەی ھیندۆسەکانی بەنگلادیش دەکەونە بەر توندووتیژی،ئیدی ئەو خێزانەش وەک ھەموو خێزانێکی دیکە، دەکەونە بەر دەستدرێژی وباجی ڕووخاندنی ئەو مزگەوتە دەدەن کە سەدان میل لەوانەوە دوورە.سودھاموی باوک پزیشکێکی خانەنشینە،پێشتر بۆ ساڵانێکی زۆر لە ڕێزی ئازادیخوازەکانی بەنگلادیش لە پێناو سەربەخۆیی وڵاتەکەی جەنگاوە، وەک تێکۆشەرێکی ڕێگای نیشتمان، باوەڕی بەوە ھەبووە، کە وڵات لە دەستی پاکستان ئازاد دەبێت و دەبنە خاوەنی خاک و ئاڵاو نیشتمانی خۆیان. ھەربۆیە بەنگلادیش بە وڵاتی ڕاستەقینەی خۆی دەزانێت و لە سەرەتادا ئامادەنییە وەک سەدان ھەزار ھیندۆسی تر، کۆچ بکات بۆ ھیندستان. سودھامو بڕوای وایە، بەنگلادیش ھەر تەنھا وڵاتی ئیسلامییەییەکان نییە، بەڵکو ھی ھندۆسەکانیشە،چونکە ھەموویان بێ جیاوازی بۆ ئازادبوونی تێکۆشاون، کە واتە بۆچی دەبێ مافی ئەوەی نەبێت لەوڵاتێک بژی کە خوێنی بۆ داوە و تێکۆشانی لە پێناودا کردووە؟بۆیە لە نێوان ئەودۆخە پڕ لە ترس و دڵڕاوکێییە دەمێنێتەوە. ڕۆژانە بلێسەی توندووتیژییەکان زیاتر دەبێت و ئیسلامییەکانی بەنگلادیش ڕووخانی مزگەوتی بابری دەکەنە پاساوێک بۆ ئەوەی ھیندۆسەکانی وڵاتەکەیان ئازار بدەن و بیانچەوسێننەوە.سورنجان کە کوڕی سودھامویە، گەنجێکی بێ کارە، بڕوای وایە بەنگلادیش کەوڵاتێکی ئیسلامییە، ھەرگیز نابێتە وڵاتی ھیندۆسەکان و ئەو خەباتەی باوکی کردوویەتی، ھەرگیز ناتوانێت ھاوشێوەی ئیسلامییەکانی لێ بکات. چونکە ئەوان ئایینێکی جیاوازیان ھەیە و شوێنی ئەوان ھندستانە. بەڵام خێزانەکەی ناتوانن بە ئاسانی پشت بکەنە نیشتمانێک کە بە ھی خۆیانی دەزانن، گەرچی دڵنیاشن لەوەی کە ھاوشێوەی ھەزاران ھیندۆسی دیکە، ئەوانیش دەکەونە بەر شاڵاوی ئەو توندووتیژییانە و باجی ھیندۆسیبوون دەدەن.سودھاموی باوکی بەردەوام ئەو پرسیارە دەکات کە بۆ دەبێ لە وڵاتی خۆی نامۆ بێت و بڕوات؟ لە کاتێکدا وەک ھەموو ئیسلامییەکان خەباتی لە پێناو سەربەخۆیی بەنگلادیش کردووە. وەلێ ھیندۆسەکان وەک تەنێکی نامۆ دەبینرێن و بە ھاووڵاتی کەمتر لەوانی ترتەماشا دەکرێن و بەنگلادیشییەکان پێیان وایە دەبێ ئەوان بچنەوە لای ھیندۆسەکانی ھیند. دوای ڕووخانی مزگەوتەکە، پرووشکی توندووتیژییەکان بەنگلادیشیش دەگرێتەوە و بەو ھۆیەوە ھەزاران شوێن و جێگە و پەرستگەی ھیندۆسەکان لە تۆڵەی مزگەوتەکە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە دەڕووخێنرێت. سەدان کچ دستدرێژییان دەکرێتە سەر، ھەزاران ماڵ دەسووتێنرێن و خاپوور دەکرێن. خێزانی سودھاموش، وەک ھەموو ھیندۆسەکانی دیکە لە نێو ئەو ترس و دڵە ڕاوکێیەدا دەمێننەوە و ڕۆژانە لە چاوەڕوانی ترسی ئیسلامییە توندرۆکان دانە ئاخۆ کەی پەلاماری ئەوانیش دەدەن.ژیانی ئەو خێزانە، ھاوشێوەی ھەموو ھیندۆسییەکانی ترە، کە لە تۆڵەی ڕووخاندنی مزگەوتی بابری، کەوتۆنەتە ترس و فۆبیاو لە چاوەڕوانی کوشتندان. مایای کچی ئەو خێزانە، لە ھەمووان زیاتر ھەست بە ترس دەکات، چونکە ئەو لەلایەکەوە کچە و لەلایەکی دیکەشەوە ھیندۆسیشە. بۆیە ھەموویان ترسیان ھەیە مایاش وەک کچەکانی دیکە بکەوێتە بەر ئەتککردن. لە نێو ئەو دۆخە ناھەموارەدا، سودھاموی سەرۆک خێزان، نۆرەی مێشک لێی دەدات و نیوەی جەستەی دەمرێت و لە نێوجێگەدا دەکەوێت. ڕۆژێکییان، کە سورنجانی کوڕ لە ماڵەوە نییە، چەند گەنجێک ھەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەیان و بە داخەوە مایای خوشکی دەڕفێنن. ئەم ڕووداوە بۆ خێزانەکە بەگشتی و سورنجانی برای مایاش بە تایبەتی، تراژیدیاو کارەساتێکی گەورەیە، مایا ئەگەرچی پێشترخۆی لە ترسی ئیسلامییە توندڕۆکان حەشاردابوو، ماڵی جێھێشتبوو،بەڵام دواتر دەگەڕێتەوە ماڵەوە. براکەی دەزانێت ڕفاندنی کچێکی گەنج یانی چی؟ دەزانێت تۆڵە کردنەوە لە کچی خێزانێکی ھیندۆس چۆن و بە چ شێوەیەک دەبێت. بۆیە نائومێدییەکی گەورە دەیگرێت و ھەموو کوچە و کۆڵانەکانی شار بە دوای مایادا تەی دەکات بەڵام نایدۆزێتەوە و دواجار چارەنووسی ئەویش وەک چارەنووسی ئەو کچانەیە کە بەدەستی ئیسلامە توندرۆکانی بەنگلادیش لە تۆڵەی ڕووخانی مزگەوتی بابری دەڕفێنرێن و ئەتک دەکرێن. خێزانی سودھامو، کە تا ئەو کات خۆیان لەبەردەم ھەموو ئەو سەختییانە ڕاگرتبوو، بەڵام بە ڕفاندنی مایا دەڕووخێن ودەزانن تازە بەھادارترین شتیان لە دەستداوە کە ئەویش کچەکەیانە. کە بەبێ ئەوەی ھیچ پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە ھەبێت باجی ھەڵەی کەسانێک دەدات کە لە شوێنێکی ترو لە جێگەیەکی تر ھەڵە یەکییان کردووە. دەزانن تازە گەڕانەوەی مایا مەحاڵە،بۆیە دوای ئەو کارەساتە، سودھامو دەگاتە ئەو باوەڕەی کە ئیدی بەنگلادیش وڵاتی ئەو و ھەموو ھندۆسەکانی تر نییە و دەبێ کۆچ بکەن بۆ ھیندستان، بۆیە لە بەیانییەکی زوودا، دوای ئەوەی بە تەواوەتی دڵنیا دەبن کە مایا ناگەڕێتەوە بۆ ھەتایەو دەبێ ھەر چاوەڕوان بن، بە نھێنی ئەو وڵاتە جێدێڵن و کۆچ دەکەن بۆ ھیندستان. بەمەش کۆتایی بە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دێت. ئەم ڕۆمانە، دیوێکی توندووتیژییەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە ھاوڕەگەزەکەی،پیشان دەدات. ڕۆمانێکە، جیاوازییە ئایینی و نەتەوەییەکانی گەلانێک دەخاتە ڕوو کە ناتوانن بەیەکەوە بژین و ھەریەکەیان ئایینی تایبەتی خۆیان ھەبێت، لە کاتێکدا دواجار ھەمووشیان ھەر مرۆڤن. ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت چۆن دەبێت مرۆڤ ھێندە بێ باک و دڕندە بێت، کە بەئاسانی ھاوڕەگەزەکەی بکوژێت و ئەتکی بکات.ڕۆمانێکە لە پەراوێزی خوێندنەوەیدا، مرۆڤ شەرم دادیدەگرێت کە ھەمیشە بێ بەھاترین شت لەو گەردوونە خوێنی مرۆڤ بووەو دەبێت!!!.دواجار دەستخۆشانە لە وەرگێڕی ڕۆمانەکە دەکەم، کە بەشێوەیەکی جوان و سەرکەوتووانە ڕۆمانەکەی وەرگێڕاوە و خوێنەر چێژ لە خوێنەوەی دەبینێت.

*پەراوێز:_شورەیی/ڕۆمان/ نووسینی(تەسلیمە نەسرین)/ وەرگێڕانی ئەردەلان ھەڵەبجەیی.

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

لەدایکبوونی دووەم وەھمێک بەناوی ڕۆمان

سەدیق سەعید ڕواندزی لەم ساڵانەی دواییدا، نەریتێکی نامۆ لە دنیای ئەدەبی ئێمەدا دەرکەوتووە و بەداخەوە …