سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / سێ شیعری محمود دەروێش و دوو وەرگێڕانی جیاواز

سێ شیعری محمود دەروێش و دوو وەرگێڕانی جیاواز

سەدیق سەعید ڕواندزی
لەم ساڵانەی دواییدا، بزاوتێکی گەورە لەوەرگێڕان لەنێوەندی ئەدەبی کوردیدا دەرکەوتووە. کەتیایدا سەدان بەرھەمی نووسەرانی دنیا بەزمانە جیاوازەکان وەرگێڕدراونەتە سەرزمانی کوردی. ئەوبزاوتە بە پێی پاشخانی ڕۆشنبیری وەرگێڕو ئاستی زانین و شارەزاییان لەزمان دەگۆڕێت. واتە ئەزموونەکان جیاوازن. دیارە ئەمەش بەھۆی نەبوونی نێوەندێکی تایبەت بەوەرگێڕانە کەتیایدا ستافێکی شارەزا، بڕیارلە سەرجۆرو ناوەڕۆکی ئەوبەرھەمانەبدات کەوەردەگێڕدرێن. بۆیە دەبینین ھاوشێوەی زۆر کایەی تر،وەرگێڕانیش لەنێوئێمەداچەندین کەموکورتی ھەیە.چونکە ھەردەزگاو ھەر وەرگێڕێک پەیرەو لە جۆرێک نووسین و ڕێنووس دەکات کەخۆی دەیەوێت. نەک بنەمایەکی دارێژراوی زانستییانە و زمانەوانی ھەبێت. ھەڵبەتە وەرگێڕان ھونەرە.لەوھونەرەشدا پێشمەرجی یەکەم شارەزایی و قوڵبوونەوەیە لەھەردوو زمان.تائاستی ھاوتاکردن و بەراوردکاریانەی زمان.بەڵام لە شارەزایی گرنگتر، زاڵبوونی وەرگێڕە بەسەر ھەردووزماندالەڕووی واتاسازی و چەمک و دەربڕینەکان. بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی دەق وەک ئەوەی کەھەیە بگەینرێتە خوێنەر. بێگومان مەرج نییە لەھەردووزماندا، ھاوواتاو مانای دروستی وشەیەک وەک یەک بوونیان ھەبێت. بەڵام مەرجە مانای ئەو چەمکە ھێندە لەزمانی بۆ وەرگێڕدراو نزیکبکرێتەوە تاڕادەی گەیاندنی مانای تەواو.لەوەرگێڕاندا ھەرگیز دەقێک وەکو خۆی بەھەمان وێنەو بونیادی زمانەوانی، بەھەمان ئاماژە و واتا،لەزمانێکی دیکەدا بەرجەستەناکرێت. بەڵکو ناوەڕۆک، پەیام و ئاماژەکان دەگەینرێن. زۆرجار دەڵێن وەرگێڕان خیانەتە. وەرگێڕانی شیعریش دووجار خیانەتە. چونکە ناتوانرێت دەقێکی شیعری بەھەمان وێنەی ھونەری و شیعریەتەوە، وەربگێردرێت. بەپێچەوانە دەقەکانی چیڕۆک و ڕۆمان کەڕەگەزی گێڕانەوەیان تێدایەو دەتوانرێت بەیەک ھێڵی ئاسۆیی، دەقەکە وەربگێڕدرێت. بەڵام تۆپۆگرافیای دەقی شیعری، بەتایبەتیش شیعری سەربەست وئازاد جیاوازە لەژانرە ئەدەبییەکانی تر. بۆیە زۆرجار کاتێ دەقێکی شیعری بەزمانی پێ نووسراو دەخوێنینەوە،ھەست بەو جیاوازییانە دەکەین کاتێ ھەمان ئەودەقە بەزمانی بۆ وەرگێڕدراوی زمانی دووەم دەخوێنیینەوە.بگرە لەزۆرکاتدا ڕەنگە چێژیشی لێ نەبینین. چونکە شیعر لەوێنەی ھونەری و شیعریەت و ڕیتمی ناوەکی وشەکان پێکھاتووە.بە پێچەوانەی چیڕۆک و ڕۆمان کەڕەگەزی گێڕانەوەیان تیادا بەرجەستەیە. گێڕانەوەش بەبەراورد لەگەڵ وێنەیەکی ھونەری لەدەقی شیعریدا، کردارێکی ئاسانترە بۆ وەرگێڕان. بەڵام لێرەدا لەبواری وەرگێڕان بەگشتی گرفتێکی دیکەش ھەیە، ئەویش جیاوازی وەرگێڕانەکانەلای وەرگێڕەکانی کورد لەئاستی وشەو پەیام و ناوەڕۆکی دەق. بەڕادەیەک کەخوێنەر زۆرجار بەردوو وەرگێڕانی جیاوازی دەقێک دەکەوێت. لەکاتێکدا دەقەکە ونووسەرەکەش ھەریەک کەسن. دەشێ ئەم جیاوازییە پەیوەندی بە تێگەیشتن و ئاستی زانینی زمان وشارەزایی وەرگێڕان ھەبێت. بەڵام ناکرێت یەک دەقی دیاریکراو بەچەندین دەستەواژەو دەربڕینی جیاواز وەربگێڕدرێن. چونکە ئەمە گیروگازی تێگەیشتن لای خوێنەر دروست دەکات.دەکەوێتە گومان و دوودڵی بەوەی کام وەرگێڕانیان ھونەریترە لە ئەوەی تریان. لەوڕوانگەیەوە، ئێمە ئاماژە بۆ سێ دەقی شیعری (مەحمود دەروێش) دەکەین کە بەدووشێوەی جیاواز وەرگێڕدراون لەکاتێکدا شیعرەکان ھەمان شیعرن. ئەوسێ دەقە لەکتێبێ(بیرت دەچیتەوە وەک ئەوەی ھەبووبیت) کە (ئازاد بەرزنجی) وەریگێڕاوەو تایبەتە بەژیان و شیعرەکانی دەروێش بڵاوکراونەتەوە. ھەمان ئەوسێ شیعرە (پشکۆ نەجەمەددین)یش وەریگێڕاون و لە ژمارە(١٠٣٥ی ڕۆژی ١٢-٤-٢٠١٨) ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ بڵاوکراونەتەوە. جیاوازی شیعرەکان لەو دوو وەرگێڕانەدا لەئاستێکە کەتەواو ھەست بەجیاوازی وشەو بونیادی زمانی دەقەکە دەکەین.بەو پێیەی وێنە شیعرییەکان، یاخود چەمک و دەستەواژەکان، لەھەردوو دەقدا گۆڕانیان بە سەرداھاتووە. ھەمووشمان دەزانین لەزانستی زمان بەگشتی و زمانی کوردی بەتایبەتی، ھەرگۆڕانکارییەک لەفۆنیمی وشەکان، یاخود بونیادی وشەکان، دەبێتە ھۆی گۆڕانکاریی لەمانای وشەکان. ڕەنگە نەتوانرێت ماناکانی دەقێکی شیعری بەھەموو وێنە و پێکھاتە ھونەرییەکانەوە، وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی. بەڵام نابێ ئەوەمان بیربچێت ھەرگۆڕانکاریی و جێگۆڕێیەک لەتۆپۆگرافیای وشەکان لە بونیادی دەقدا، دەبێتە ھۆێ ئاڵۆزی لەماناو ناوەڕۆکی دەق. لێرەدا ئێمە چەند کۆپڵەیەک لەھەرسێ شیعرەکانی دەروێش وەردەگرین، کە ھەردوو وەرگێڕ بەڕوانینی خۆیان وەریان گێڕاوەتەسەر زمانی کوردی. لەبەردرێژنەبوونەوەی بابەتەکەمان و ھەروەھا شیعرەکانیش، ناتوانین ھەموو شیعرەکان بنووسینەوە. تەنھا ئەو وێنە شیعریانە وەردەگرین، کەجیاوازییان ھەیە لەماناو ناوەڕۆک. ئەمیش لەڕێگەی جیاوازی ئەزموونی وەڕگێڕانی ھەردوو وەرگێڕەوە.لەخوارەوە ئاماژە بەکۆپڵە شیعرییەکان دەکەین:_
*(شیعری ھیوا)
نموونە لەوەرگێڕانی( ئازاد بەرزنجی):_
ھێشتا لەماڵەکانتانا حەسیرو دەرگایەک ماوە..
بەری ڕەشەبا لەو مناڵانە بگرن بەڵکو خەویان لێبکەوێ..
باوکە ئەو خوێنە مەڕێژن..لەھەناوتانا کۆرپەلە ھەیە..
ھەنگوینەکە بپارێزن..

ھەمان شیعر بەنموونەی وەرگێڕانی(پشکۆ نەجمەددین):_
ھێشتا لەماڵی ئێوەدا ڕاخەرێک و دەرگایەک ھەن..
ڕێ لەڕەشەبا بگرن تامنداڵەکان ڕابکشێن..
لە پشتانا تۆرمەی کۆرپەلە دەبزوێ..ئێوە ئەو خوێنە مەڕێژن..
ھەنگوینەکە پاشەکەوت بکەن..

ئەگەر بەراوردی نموونەی ھەردوو وەرگێڕانەکە بکەین، تێبینی چەند حیاوزییەک دەکەین لە ئاستی بونیادی زمانەوانی داڕشتنی وشە وڕستەکان و ھاوکات لەڕووی ماناشەوە. لەدێڕی یەکەمدا، ماڵەکانتان بەشێوەی کۆ و بەگشتی بەکارھاتووە، بەڵام لەنموونەی دووەم ماڵ، ماڵێکی دیاریکراوە کەئەویش ھی کەسی دووەمی کۆیە. لەھەمان کۆپڵەدا حەسیرھەیە کەئاماژەیە بۆ جۆرە ڕاخەرێکی دیاریکراوو تایبەتی، بەڵام لەوەی تریان ڕاخەر ھەیە کەھەموو جۆرێک دەگرێتەوە. لەنموونەی یەکەم منداڵان خەویان لێدەکەوێت، بەڵام لەنموونەی دووەم ڕادەکشێن. بێگومان خەوتن و ڕاکشان دوومانای جیاوازیان ھەیە. چونکە خەوتن کردارێکی دیاریکراوە. بەڵام ڕاکشان مەرج نییە ئامانج لێی خەوتن بێت. بەڵکو سرەوتن، ئارامی، ھەدادان، پاڵکەوتنیش دەگرێتەوە. لەنموونەی یەکەمدا، کۆرپەلە لەھەناودایە، بەڵام لەنموونەی دووەمدا، لەپشتدایە. ھەمووشمان دەزانین لەزمانی کوردیدا، پشت و ھەناو دوومانای جیاواز دەگەیەنن. وێرای ئەمەش لەنموونەی یەکەم وشەی (تۆرمە) نییە، بەڵام لەنموونەی دووەمدا ھەیە. لە ھەمان ئەوکۆپلە شیعریەدا، لەنموونەی یەکەم، ھەنگوینەکە دەپارێزرێت، بەڵام لەنموونەی دووەم پاشەکەوت دەکرێت.لەکاتێکدا ئەم دوو وشەیە جیاوازن لەیەکتری. ئەگەر ھەردوو دێڕە شیعریەکە، وەربگێڕینە سەرزمانی عەرەبی، ئایا مانایان دەگۆڕێت یاخود نا؟
*شیعری(شەمەندەفەری سەعات یەک)
نموونە لەوەرگێڕانی( ئازاد بەرزنجی):_
ژن و پیاوێ لەیەکدی جیادەبنەوە.. ئەشکێنەوە..
حەزئەکەن لەژێیەکانی گیتارەکەوە..
کۆمەڵێ کۆڵان و ھاوڕێ لەمەدرید بانگیان کردم…
ھیچی ئەو ژنەم لەیاد ناچێ..
دووپیاو و ژنێک پێک ئەگەین..

ھەمان وێنە شیعرییەکان بەنموونەی وەرگێڕانی(پشکۆ نەجمەددین):_
ژن و پیاوێک لێک دادەبڕێن…دڵیان دەشکێن..
ھاوئاھەنگن لەژێی تاردا..
لەمەدرید کۆڵانەکان بانگیان کردم..
لەژندا من ھیچ شتێکی لەبیرناکەم..
ئێمە ژن و پیاوێک دەبووین… پێک گەیشتبان..
لەھەردوو نموونەی وەرگێڕانی شیعرەکەدا، ھەست بەجیاوازییەکی تەواو لەڕووی وشەسازیی و بونیادی ڕستەیی زمان دەکەین.تەنانەت بەشێک لەوشەکان لەڕووی ماناشەوە، دوو واتای جیاواز دەگەیەنن. لەنموونەی یەکەمدا، ئامێرەکە گیتارە،بەڵام لەوەی دووەم بۆتە تار. بێگومان ئەو دوو ئامێرەش(ئەگەر ھەڵەنەبم) جیان لەیەکتری. لەنموونەی یەکەمدا، کۆَڵانەکان و ھاوڕێ دەبینرێن، بەڵام لەوەی تریان تەنھا کۆڵانەکانە. لەوەرگێڕانی یەکەمدا، شوناسی ژنەکە دیاریکراوە. واتە مەبەستی شاعیرژنێکە کە لەخەیاڵی ئەودایە و ھیچ شتێکی ئەوی لەیاد ناچێ. بەڵام لەوەڕگێرانی دووەمدا،شوناسی ژن شوناسێکی گشتییە. واتە ھیچی کۆی ژنەکانی لەبیرناچێت. نەک تەنھا تاقە ژنێکی دیاریکراو.لەوەرگێڕانی ئازاد بەرزنجیدا، دوو پیاو و ژنێک پێگ ئەگەن، بەڵام لەوەرگێڕانی پشکۆ نەجمەددیندا،تەنھا ژنێک و پیاوێکن. لەکۆتادێڕیشدا، لە وەرگێڕانی یەکەم وشەی(ئەشکێنەوە)یە.بەڵام لەوەرگێڕانەکەی تردا ھەمان وشە بۆتە(دڵیان دەشکێن).
شیعری(یەکشەممەی شین)..
نموونە لەوەرگێڕانی(ئازاد بەرزنجی):_
ھەنگاوی کەسێ ئەبینی سەفەردەکا..
موزارت ھەلئەبژێرێ…
ھەمان دێڕە شیعرییەکان بەنموونەی وەرگێڕانی(پشکۆ نەجمەددین)..
کەسێک دەبینیت لەسەفەردایە..
موزیکی مۆزارت لەبەردڵی دەنێ..
لەنموونەی یەکەم، وشەی سەفەر ڕانەبردووە، چونکە کردارەکە ھێشتا ئەنجام نەدراوە، بەڵام لەوەی تریان، لەسەفەردایە واتە ڕابردووی بەردەوامە. لەدێڕی دووەمدا مۆزارت ھەڵئەبژێرێ، بەڵام لەوەرگێڕانەکەی تردا، مۆزیکی مۆزارت ھەڵئەبژێرێ. واتەلەمەدا مەبەستەکە دیاریکراوە کەمۆزیکی مۆزارتە،بەڵام لەوەی یەکەمیان تەنھا مۆزارتە کەدەشێ گریمانەی ئەوە بکەین مۆزارت ناوێک بێت، ھەرناوێک نەک ناوی مۆسیقارێک. ئەمانە بەشێک بوونە لەو جیاوازیانەی کەوتنە بەرچاوم. دیارە من وەک خوێنەرێک ناتوانم دادوەری بکەم و لەنێوان ھەردوو وەرگێڕانەکەدا ڕای خۆم بڵێم. بەتایبەتیش کەمن زمانی عەرەبی نازانم. بەڵام ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بەئەزموون و پیشەی وەرگێڕانەوە ھەبێت، ئەوا بێگومان ئازاد بەرزنجی یەکێکە لەوەرگێڕە ھەرە سەرکەوتوو دیارەکانی ئێمە، کەبەپیشە وەرگێڕەو وەرگێڕانی کردۆتە کاری ھەمیشەیی خۆی و قوربانی بەدنیای چیڕۆک نووسینی خۆی داوە لەپێناو کاری وەرگێڕیدا.تائێستاش وەک خوێنەرێک دەیان کاری وەرگێڕانی ئەدەبی ئەوم خوێندوونەتەوەوچێژم لێوەگرتوون…

سەرنج/ خوێنەر دەتوانێ بۆ بەراوردکردنی شیعرەکان،بگەڕێتەوە سەر ئەو سەرچاوانەی لەسەرەتای ئەم نووسینەوە ئاماژەم پێکردوون.

*ئەم بابەتە لە(ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ) ژمارە(١٠٤٦)ی ڕۆژی ١٢-٧_٢٠١٨بڵاوکراوەتەوە……

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

نامەکانی ئیشق .. بۆ بۆنی ھەناسەی سروشتێ لە بەھار جوانتر باران

نازانم لە کوێی جوانی چەپکێ گوڵە نێرگزێکەوە بۆنی چریکەکانی ئەوین بە سەر باڵی پەروانەیەک بەر …

اترك تعليقاً