سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / لەدایکبوونی دووەم وەھمێک بەناوی ڕۆمان

لەدایکبوونی دووەم وەھمێک بەناوی ڕۆمان

سەدیق سەعید ڕواندزی
لەم ساڵانەی دواییدا، نەریتێکی نامۆ لە دنیای ئەدەبی ئێمەدا دەرکەوتووە و بەداخەوە خەریکە دەبێتە دیاردەیەک، کە ئەویش نووسینی بە ناو ڕۆمانە لەلایەن کەسانێکەوە کە ھیچ ئەزموونێکی نووسینی ڕۆمان و ھیچ شارەزایەکییان لە ھونەری نووسینی ڕۆمان نییە.بگرە وادەزانن گێڕانەوەی ڕووداوێک، یانیش ئەندێشەسازیی و فەنتازیایێکی نێوخەیاڵییان، بەسە بۆ ئەوەی بیخەنە سەر کاغەزو بوێری ئەوەشیان ھەبێت ناوی بنێن ڕۆمان.تا ئەو ڕادەیەی لە ساڵێکدا، چەندین بەناو ڕۆمان دەکەونە بەردیدەی خوێنەر بە بێ ئەوەی ھیچ چێژوجوانییەکی پێ ببەخشن. ئەگەر بە مێژووی نووسین و قۆناغەکانی ئەدەبی کوردی دابچینەوە، دەبینین لە ھەریەک لەو قۆناغانەدا، تەنھا چەند ڕۆماننووسێک دەرکەوتوون و ڕۆمانیان نووسیوە، چونکە ھەموو کەس بوێری ئەوەی نەبووە ورێنەیەک چاپ بکات و ناوی بنێت ڕۆمان، وەک ئەوەی ئێستاو لەلایەن ئەو نەوەیەوە دەیبینین. کە ڕەنگە تیایاندا بێت، لە ھەموو ژیانیدا بیست ڕۆمانی نەخوێنبێتەوە. لە ڕاستیدا، ئەوەی زەمینەی برەودانی بۆ ئەو جۆرە بەناو ڕۆمانانە ڕەخساندووە و ڕەواجی پێداون، بە داخەوە ستاییشنامە و پیاھەڵدانی نابابەتییانەی بەشێک لەوانەیە کە گوایە لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و ئەکادیمی دەنووسن و ستاییشی ئەو بەناو ڕۆمانانە دەکەن لە پەراوێزی ھاوڕێیەتی و شارچییەتی و ئایدۆلۆژییەوە، کەچی دەیان دەقی جوانی دیکە فەرامۆش دەکەن. لە کاتێکدا بە بڕوای من وەک خوێنەرێک، ئەو جۆرە بەناو ڕۆمانانە نەک نابێت ستاییش بکرێن، بەڵکو دەبێ زۆر بە قووڵی ڕەخنە بکرێن، ھیچ نەبێت بۆ ئەوەی سنوورێک لە بەردەم کەسانی تر دابنرێت کە ئەوانیش نەکەونە ھەڵەی نووسینی ڕۆمانەوە کە یەکێکە لە جوانترین و پڕچێژترین ژانڕی ئەدەبی. بێگومان ئەگەر نووسین بە گشتی وەک پەیامێک بەدەر لە ھونەری نووسین و چێژ ببینین، ئەوا ئەو پەیامە لە ڕۆماندا تا سنوورێکی گەورە دەڕوات. چونکە دەشێ ڕۆمان ئەو ڕووبەرە کراوەیە بێت کە خوێنەر لێیەوە ئاشنای نەتەوەیەک بە ھەموو سیما نەتەوەییەکانییەوە بێت. خوێنەر کە ڕۆمانەکانی خالید حوسێنی دەخوێنێتەوە ئەفغانییەکان دەناسێت، کە قەدی بامبۆ دەخوێنێتەوە، ئازاری کارەکەرە فلیپینییەکانی بەدەستی عەرەبە دەوڵەمەندەکانی کەنداو دێتە بەرچاو، کە حەسارو سەگەکانی باوکم دەخوێنێتەوە، ستەمی پەتریاکی کۆمەلگای کوردی دێتە بەرچاو.چونکە لە بنەڕەتدا، ئەوانە لە ماھیەتی ڕاستەقینەی ڕۆماننووسین گەیشتوون. کەچی کاتێ سەرنج لە بەناو بەشێکی زۆری ڕۆمانی ئێستا دەدەین، بەتایبەتیش نەوەی ئێستا، دەبینین نەک ھەر ئەو نووسینانە ناچنە خانەی ڕۆمانەوە، بەڵکو وەھمسازییەکە کەلە زۆرکاتدا نووسەرەکەشی لە بەردرێژدادڕی و ناشارەزایی لە ھونەری نووسینی ڕۆمان، خۆشی نازانێت چی دەڵێت.زۆر لەو بنووسانە ڕۆمان بە ڕووداو تێگەیشتوون، یاخود بە ناونانی سەیرو سەمەرەی کارەکتەرەکان وەک پایان و گولناڤ (کەلاساییکردنەوەیەکی زەق و کۆپیکراوی ناوی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی)یە، وادەزانن ڕۆمانیان نووسیوە. کەچی بە پێچەوانەوە ھەر تەنھا ئەو کاتانە وەک ڕۆمان دەبینرێن کە چاپ دەکرێن، ئیدی دەچنە پەراوێزی مێژوو و فەرامۆش دەکرێن، لە کاتێکدا تا چەندین ڕۆمان ھەن، وێرای زەمەنێکی درێژ لە نووسینیان،کەچی ھێشتا بە زیندوویی لە ھزری خوێنەری کورد ماونەتەوە.چونکە ڕۆمانی نەمر، پێویستی بەناساندن نییە، بەڵکو خۆی خۆی بەسەرخوێنەر دەسەپێنێت. (لەدایکبوونی دووەم) ناوی کتێبێکە کە ناوی ڕۆمانی بە سەرەوەیە. کاتێ وەک خوێنەرێک لە خوێنەوەی ئەو بەناو ڕۆمانە بوومەوە، دیمەن و ڕووداوەکانیم، وەک فلمێکی کۆمێدی کە لۆکێشنەکانی ھیچ پەیوەندی مۆنتاژی و سینەمایان بەیەکە و نییە ھاتە بەرچاوە.چونکە بنووسی ئەو بەناو ڕۆمانەش، لە ڕۆمانەکەیدا باسی ھەموو شتێک دەکات و ھەر شتێک بە خەیاڵی داھاتبێت، وەک قووتووی عەتار ئاخنیویەتە ڕۆمانەکەی. ئەم کتێبە، بەرھەمی وەھمسازیی نووسەرەکەیەتی کە دواجار کە خوێنەر لە خوێنەوەی دەبێتەوە، نازانێت ئەوەی خوێندییەوە ڕۆمان بوو، یان ورێنەی نووسەرێک. چونکە ئەوەندە ڕووداوی نابابەتی، وەھمی و نائۆرگانیکی کە ھیچ پەیوەندییان بەیەکەوە نییە لە بەناو ڕۆمانەکەیدا ھەن.بۆنموونە:_(دەمێک باسی ڤیستیڤاڵی شیعرو چیڕۆک دەکات، دەمێک باسی فیرعەون و نوح و موسا دەکات، دەمێک باسی کاک ئەحمەدی شێخ و مارفی نۆدێی دەکات، دەمێک باسی تەلاقدانی ژن و بێ لانە کەوتنی منداڵ دەکات، دەمێک باسی دروستکردنی ئادەم و خوا دەکات، دەمێک نووسەران بە خوێری و سەرسەری دەناسێنێت، دەمێک باسی کەمپی پەنابەران و ژیانی ئینگلیزەکان دەکات، دەمێک باسی ئەندامانی ئەنجوومەنی دیوان دەکات) تا سەرەنجام ھیچ ناڵێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی نووسیویەتی وەھمە نەک ڕۆمان. من زۆرجار ئەو نووسەرانەم بە مەلەوانێکی نەزان لە دەریایێکی قووڵ دێنە بەرچاو کە بێگومان چارەنووسیان خنکانە. نووسەری ئەو جۆرە ڕۆمانانەش، خۆیان لە قەرەی ڕۆمان دەدەن بە بێ ئەوەی بزانن ڕۆمان چییە و ھونەرەکانی نووسینی ڕۆمان چین. لێرەدا ئێمە وەکو خوێنەرێک لە سەرکۆی ڕۆمانەکە ناوەستین، تەنھا ئاماژە بەو ھەڵە بابەتی و زمانەوانییانە دەکەین کە نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا تێی کەوتووە کە پێدەچێت ھیچ پێداچوونەوەیەکی بۆ نەکردبێت.چونکە لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەیدا، شتێکی نووسیوە، کەچی ھەر لەھەمان پەڕەگراف ڕەتی کردۆتەوە بەبێ ئەوەی ھەستی پێ بکات. لەخوارەوە ئاماژە بە بەشێک لەو ھەڵانە دەکەین:_
*ڵاپەڕە ٩ نووسیویەتی:_(سێ چوکلێتی زۆر سادەی ھێنایە دەرکە ھیچ خاسیەتێکی تایبەتییان نەبوو، دانە جیاوازەکەی دایە پاوان). پرسیاری من وەک خوێنەرێک ئەوەیە،ئەگەردانەیەکییان جیاواز بووبێت، مانای وانیە خاسیەتێکی تایبەتی ھەبووە؟.
*ڵاپەڕە ٢٤ نووسیویەتی:_(خەنجەری زۆر تیژ). زۆرتیژ چ مانای ھەیە جگە لە درێژکردنەوەی ڕستە و ڵاپەڕە نەبێت؟ مەگەر خەنجەرو شمشێرخۆیان ھێمانین بۆ تیژی؟.
*ڵاپەڕە ٣٦ نووسیویەتی:_(زگی قەڵەم). تا ئێستا، ھەزاران ڵاپەڕەی ڕۆمانم خوێندوونەتەوە، ھیچ دەربڕینێکم نەدیوە ھێندە ناھونەری و نائستاتیکی. ئەو دەربڕینانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە چۆن کەسانێک بە زمانێکی ھەژار لە ڕووی دەربڕینەوە دەیانەوێت ڕۆمان بنووسن!.
*ڵاپەڕە ٣٧نووسیویەتی:_( تەواو و کامل). ھەردووکییان یەک مانایان ھەیە.
*ڵاپەڕە ٤٠ نووسیویەتی:_(وەنەوزێک لە نێوان خەو و بێ ئاگایی دایگرتم). دیارە لای ئەو ، وەنەوز مانای لە نێوان خەو و بێ ئاگایی نییە !.
*ڵاپەڕە ٤٦نووسیویەتی:_(ڕێگاکە بە پێیان ھەشت دەقە بوو، نەدەکرا بەدرێژایی ئەو ڕێگەیە ھیچ نەڵێم). سەرنج لە درێژی ڕێگاکە و ماوەی خولەکی ڕێگاکە بدەن!!.
ڵاپەڕە ٧٤ نووسیویەتی:_(تکاو رجا).بێگومان ھەردووکییان یەکن.
ڵاپەڕە ٧٧ نووسیویەتی:_( ئەو ژنە کەرەی من چی نەکرد) ئەگەر ڕۆمانێک ژن بە کەر بچوێنێت، کە کەر ھێمای بێ ئەقڵی و گەمژەییە، ئاخۆ شایەنی ئەوەیە خوێنەران بیخوێننەوە و کاتی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن؟.
*ڵاپەرە ٧٨ نووسیویەتی:_(ئەو ژنە مالۆسەی من). دیارە بنووسی ڕۆمانەکە دڵی بەوەندە ئاوی نەخواردۆتەوە کە ژن بە کەر بچوێنێت، بۆیە ئەمجارەیان بە بەرازی دەچوێنێت!!.
*ڵاپەڕە ٧٩نووسیویەتی:_( نووسەرەکان لای من خوێڕی و سەرسەری موحتەڕەمن، بودەڵە و قونلێکەوتوون، وەک ئەفلام کارتۆنن). کۆمێدیاکە لەوە دایە خۆشی نووسەرە!!!..
ڵاپەڕ ٨٢:_( ئەمجارەیان نووسەر ڕێزێکی تر بۆ نووسەران لە نێو ڕۆمانەکەی دائەنێت، ئەویش ئەوەیە دەیانکات بە کەر!!).
*ڵاپەڕە ٨٢نووسیویەتی:_(کتێب ئەو ژەھرە پیسەیە کە مرۆڤ دەکاتە دەعباو قاڵۆنچە).ئەو بەڕێزە، بە ئاشکرا دەیەوێت خەڵک فێری نەخوێندەواری و جەھل بکات، لە ڕێی نابووتکردن وپیس نیشاندانی کتێب. کەچی گوایە ڕۆمانیش دەنووسێت!!.
ڵاپەڕە ٨٥ نووسیویەتی:_(کتێبی پڕ لە گوو). لە ڕاستیدا، کارەساتە ئەو گاڵتەجارییانە ناوبنرێن ڕۆمان، لەوە کارەساتریش ئەوەیە دەزگا ھەبێت بۆیان چاپ بکات!!..
*ڵاپەڕە ٩٤ نووسیویەتی:_(خوێڕیەتیش قانونی خۆی ھەیە، دەبێ بزانێت بەرامبەر بەکێ خوێڕی دەبیت). ڕۆمان جیھانێکی بچوککراوەیە، سەیرم پێ دێت لای کەسانێک ڕۆماننووسین ھێندە سادە و بێ بەھاو بێ مانا بێت، کە شوێنی ئەو جۆرە دەربڕینانەی تێدا ببێتەوە!!..
*ڵاپەڕە ١١٦ نووسیویەتی:_( وەقف و وەستان) ھەردووکییان ھەریەکن.
*ڵاپەڕە ١٢٦ نووسیویەتی:_(ئەوشێتانەی عەقڵێکییان نەبووخۆیان داپۆشن). جا ئەگەر ئەقڵیان ھەبوایە بۆ شێت دەبوون!.
*ڵاپەڕە ٢٤٥نووسیویەتی:_(مرۆڤ ئاوس بێت بەنھێنی) سەرنج لەو دەربڕینە ناھونەرییە بدەن.
*ڵاپەڕە ٢٤٦نووسیویەتی:_(خودا حیسابی بانکی بۆ عەبدەکانی دەکاتەوە). لەڕاستیدا، ئەو جۆرە گوزارشتکردنانە، نیشانەی ھەژاری نووسەرن لە نووسینی ڕۆمان!.
*ڵاپەڕە ٢٥٤نووسیویەتی:_(ئەو ڕێگەیە مەلەوانی تایبەتی گەرەکە). سەرنج لە ڕێگە و مەلەوانی بدەن!.
*ڵاپەڕە ٢٨٦نووسیویەتی:_( یەک مانگی تەواو قەلەق و ڕاڕابوو).مەگەر قەلەق و ڕاڕا ھەردووکییان ھەریەک نین؟.
*ڵاپەڕە ٣١٥نووسیویەتی:_( ھەروەک ئەو دایکەی کە مناڵی نابێت). جا کە مناڵی نەبووە چۆن دایک بووە؟!.
ھەر لە کتێبەکەدا دەیان ھەڵەی ڕێنووس و دەربڕین ھەن، کە بەھەڵە نووسراون و مانای وشەکانییان تێکداوە وەک:
*ڵاپەڕە ٥٦ نووسیویەتی:_(بانگێکی لەو کوڕە کرد) سەیری ئەو داڕشتنە زمانەوانییە بکەن.
*ڵاپەڕە ٥٧ نووسیویەتی:( ئەو غوربەتە بە ئاشکرا بەناوچاوانییەوە نووسرابوو).
*ڵاپەڕە ٥٨ نووسیویەتی:_( کە گەیشتینە ھۆڵی ناو فیستیڤاڵەکە). لە کتێبەکە مەبەست ئەو ھۆڵەیە کە فیستیڤاڵەکەی لێ دەکرێت، کەچی بەھۆی داڕشتنی ھەڵەوە چۆن مانای ڕستەکە گۆڕاوە.
*ڵاپەڕە ٧١ نووسیویەتی:_(مەکە) بێگومان ھەڵەیە دەبێ بنووسرێت(مەککە)چونکە مەبەست شاری(مەککە)یە.
ڵاپەڕە ٨٣نووسیویەتی:_( ئەو باوشە گەرمە). کە مەبەست باوەشە.
*ڵاپەڕە ٨٦نووسیویەتی:_(مللی ڕێی گرتە بەر). کە دەبوو بنوسێت(ملی ڕێی گرتە بەر).واتە بەیەک پیتی(ل)نەک دوو.
ڵاپەڕە ١٣٨ نووسیویەتی:_( خۆێن). کەمەبەست خوێنە!.
ڵاپەڕە ١٤٠ نووسیویەتی:_(گرنگرترین).
ئەمانە و زۆر ھەڵەی دیکەش. بێگومان ھیچ ژانرێکی ئەدەبی وەکو ڕۆمان،پێویستی بە ئاگایی و ڕۆشنبیرییەکی قووڵ نییە. ئەوانەی دەیانەوێت بە زمانێکی ھەژار لە ڕووی دەربڕینەوە و بە پاشخانێکی ڕۆشنبیری لاوازەوە ڕۆمان بنووسن،لە ھەنگاوی یەکەمدا سەرکەوتوو نابن. ئەوانە وەھمێک و ورێنەیەکی نێوخەیاڵی خۆیان دەخەنە سەر کاغەزو ناوی دەنێن ڕۆمان، بەداخەوە لەوەش دڵنیان کە زۆر کەمن ئەوخوێنەرانەی وەھم و ڕۆمان لە یەکتری جیابکەنەوە، بۆیە دەزانن کارەکەیان بە بێدەنگی تێدەپەڕێت. لەدایکبوونی دووەم، ھیچ بنەمایەکی ڕۆمانی تێدا نییە لە ڕوانگەی من وەک خوێنەرێک. ھەر ڕۆمانێک خوێنەر بەدوای خۆی کە مەندکێش نەکات، بڕوام وایە نووسینێکی سادە و ئاساییە بەناوی ڕۆمان کە ھەموو کەس دەتوانێت بینووسێت. ھیوادارم ڕۆمانیش بە دەردی شیعر نەچێت، کە دوایین ژانڕە لە ئێستادا دەزگاکانی چاپ و بڵاو کردنەوە بیر لەچاپکردنی بکەنەوە!!!…

*پەراوێز/ لە دایکبوونی دووەم/ نووسینی( پێشڕەو عەبدوڵا)/ ساڵی چاپ_ ٢٠١٩.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی وشە بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

کتێبی من ئەمەم و دیدێکی کورتبینانە بۆ پرسی ژن

سەدیق سەعید ڕواندزی نکۆڵی لەوە ناکرێت کەلە دنیای ڕۆژھەڵات بە گشتی و کوردستانیش وەک بەشێک …